دكتۆر ئەحمەد سەفار ئابووریناس و پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: پێویستە دوای رێككەوتنە سەركەوتووەكە لەبارەی بودجەوە كار لەسەر دروستكردنی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراقدا بك

دكتۆر ئەحمەد سەفار  ئابووریناس و پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  پێویستە دوای رێككەوتنە سەركەوتووەكە لەبارەی بودجەوە كار لەسەر دروستكردنی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراقدا بك
پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا لە دواكۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حكومەتی عێراق بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی باشی بەخۆوە بینیوە، ئێستاكە چاوەڕوان دەكرێت رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان بنێردرێت، تاوەكو دوای گفتوگۆكردن لەسەر ماددەو بڕگەكان پەسەند بكرێت، ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ دكتۆر ئەحمەد سەفار شارەزای ئابووری و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لێرەدا دەقی دیمانەكە بڵاو دەكەینەوە.
* دوای ئەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و حكومەتی عێراق رێككەوتن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەییدا شاندی هەرێم رێككەوتنەكەی بە ئیجابی و باش دانا، وەك ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چۆن لەو رێككەوتنە دەڕوانیت؟
- ئەوەی راگەیەندرا ئەوە بوو كە لە دواكۆبوونەوەی نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و حكومەتی فیدڕاڵی هەردوولا لەسەر پرسی بودجە رێككەوتن، بەپێی ئەم رێككەوتنەش لە 1/1/2020 ـەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە رادەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات و لە بەرامبەریشدا حكومەتی فیدڕاڵی تەواوی بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات، واتا بە هەردوو بودجەی (بەكارخستن و وەبەرهێنان)ـەوە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگە و بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان و خەرجی حاكیمەشەوە، خاڵێكی دیكەی گرنگ كە گوێبیستی بووین ئەوەیە كە ئەم رێككەوتنە مەسەلەی لابردنی هەندێك بڕگەی خەرجی سیادی بوو كە ساڵانێكە لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان هەژمار دەكرێت، بێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەكی بە هەرێمەوە هەبێت، هەرچەندە نەتوانرا هەموو ئەو بڕگە و خاڵانە لاببرێت لە خەرجییەكانی سیادی كە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، بەڵام ئەمەش خاڵێكی ئیجابی بوو، چونكە بەلابردنی ئەو خەرجییانە پشكی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت. بە شێوەیەكی گشتی رێككەوتنەكەی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و كوردستان بۆ هەردوو حكومەت گرنگ بوو. ئەوەی دەمێنێتەوە –كە خاڵە قورسەكەیە- چۆنیەتی تێپەڕاندنی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەكەیە لەناو لێژنەی دارایی پەرلەمان و لە كۆبوونەوەی دەنگدان لەسەر پەسەندكردنی بودجەكە.
* جگە لە مەسەلەی بودجە پێویستە مەسەلەی شایستە داراییەكانی هەرێمیش یەكلا بكرێتەوە كە لە دەستوور جێگیر كراوە، ئایا گرنگترینی ئەو شایستە داراییانە چین كە پێویستە حكومەتی ناوەندی یەكلای بكاتەوە؟
- لە 2004ـەوە تا ئێستا لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كۆمەڵێك كێشەی هەڵپەسێردراو هەیە، لەوانە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لای حكومەتی ناوەندی كە پێش ئەم رووداوانەی دوایی و دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان حكومەتی هەرێم لە رێگەی شاندێكی تایبەتمەندەوە لەگەڵ بەغدا دەستی بەم دانوستان و گفتوگۆیانە كردبوو و كاری كرد بۆ دیاریكردنی گرنگترین شایستە داراییەكانی هەرێم لەلای حكومەتی ناوەندی كە بریتییە لەو بودجانەی كە بە هۆی ململانێ سیاسییەكان و بڕینی بودجەوە بۆ هەرێم نەنێردراوە، ئەمە وێڕای مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و قەرزە دەرەكییەكان و خەرجی حاكیمە و چەندین بواری دیكە. یەكلاكردنەوەی هەموو ئەم كێشانە بەهۆی كەوتنەوەی ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنییەوە وای لە حكومەتی عێراق كرد، گەڕانەوەی سەقامگیری و ئارامی و ئاسایش لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكانی دابنێت و بەو پێیە ئەم گفتوگۆیانە راگیران. لەبەر ئەوە پرسی ئەم شایستەییانە دوا خرا بۆ دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ و سەقامگیربوونەوەی بارودۆخە ئەمنییەكە. كە دەكرێت دواتر ئەم كێشانە لە نێوان هەردوو حكومەتدا چارەسەر بكرێن، تەنانەت ئەگەر تەواوی شایستە داراییەكانیش نەدرێن، واتە ئەو شایستە داراییانەی هەرێمی كوردستان كە كەوتوونەتە لای بەغدا و هەروەها ئەو پابەندبوونە داراییانەی هەرێمیش كە نەیتوانی جێبەجێیان بكات بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری و دارایییەوە. بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە شایستەییەكان لە بودجەی 2020دا، ئەوا ئەوەی گوێبیستی بووین، ئەوەیە كە رێككەوتنێكی مەبدەئی كراوە و هەوڵەكان بەرەو ئەوە دەچن لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی لێژنەی دارایی پەرلەمان بكرێت و ئەندامانی لێژنەكە دەست بە گفتوگۆ و دانیشتنەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی بودجەكە لە رووی یاسایی و داراییەوە رێكبخەن لە رێگەی گواستنەوەی هەندێك خەرجی و پێویستی لەنێوان خاڵ و بڕگەكانی بودجەكە، لەكۆتاییشدا ئەو بڕیارەی لە لێژنەی دارایی دەدرێت، ئەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی. لێرەدا من جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە نابێت هەوڵەكانی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەم هەنگاوە سەركەوتووەدا- رێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی- كۆتایی پێ بهێنێت، بەڵكو دەبێت هەوڵی تەواوكاری بدات لە هەماهەنگیكردن لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان لە بەغدا لە پێناوی هەماهەنگی لەگەڵ ئەندامانی لێژنەی دارایی و سەرۆك كوتلەكان لە نێو پەرلەماندا.
* لەكاتی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە لەپەرلەمان ئایا حكومەتی مەركەزی بەغدا پابەندی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت؟
- بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی هەر دواكەوتنێك لە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە ئەوا پەنا دەبردرێتەبەر خەرجكردنی یەك لەسەر 12ی بودجەی ساڵی رابردوو، واتە ئەو پابەندبوونە جێبەجێ دەكرێت كە لە بودجەی ساڵی 2019دا رێككەوتنی لەسەر كرا تا ئەو كاتەی یاسای بودجەی ساڵی 2020 پەسەند دەكرێت، واتە بۆ مانگەكانی كانوونی دووەم و شوبات و مانگەكانی دیكە وەزارەتی دارایی عێراق هەمان ئەو بڕە پارەیە دەنێرێت كە لە ساڵانی 2019دا دەینارد. بەڵام كاتێك بودجە پەسەند دەكرێت، ئەو كاتە دەست بە تەسویە دەكرێت لە نێوان ئەو بڕەی نێردراوە و ئەو بڕەی دەبوو بنێردرێت.
* ئایا هەردوو بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەكەدا جێگیر كراوە؟
- من ئاماژەم بەوە كرد كە كاتێك رێككەوتنەكەی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەكە جێگیر دەكرێت و حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەغدا و لە بەرامبەریشدا حكومەتی عێراق تەواوی بودجەكە بە هەر دوو بودجەی بەكارخستن و وەبەرهێنانەوە دەنێرێتە هەرێمی كوردستان، ئەو كاتە حكومەتی هەرێم لە داهاتی گشتی خۆی پارە تەرخان دەكات بۆ پلانی وەبەرهێنان. ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە پەرەپێدانی هەرێمەكانەوە ئەوا بڕە پارەیەك پێشنیار كراوە لە پرۆژە یاسای بودجەدا، هەروەها لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكاندا پشكێك هەیە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها لە خەرجی حاكیمە و مووچەی پێشمەرگە و لە پترۆدۆلار و مەسەلە گشتییەكان كە پەیوەندیدارن بە سەرجەم پارێزگاكانی عێراقەوە.
* لەسەرەتای قسەكانتدا باسی گرنگیی قۆناغی داهاتوو كرد بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەكە، ئایا رێككەوتن و كۆدەنگی و هەماهەنگی لەنێوان پەرلەمانتارە كوردەكان لەناو پەرلەمان هەیە بۆ بەهێزكردنی هەڵوێستی كورد لە قۆناغی داهاتوودا؟
- بەداخەوە تا ئێستا لەنێوان لایەنە كوردستانییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق یەكهەڵوێستی نییە، ئەمە لە كاتێكدا پێش مانگێك لە میواندارێتی سەرۆك كۆمار سەرجەم كوتلە سیاسییەكان و وەزیر و بەڕێوەبەرە جێبەجێكارەكانی كورد كۆبوونەوە و قسەو گفتوگۆ لەسەر یەكخستنی هەڵوێستەكان و دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی كوردستانی كرا، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا ئەمە بەدی ناكرێت، هەندێ لە پەرلەمانتارەكان بە ئاراستەیەكی دیكەدا كار دەكەن و تەنانەت هەندێكیان كوتلەیان دروست كردووە بە دەر لە حزبەكانیان كە ئەوانیش ئەجێندا و شێوازی كاركردنی خۆیان هەیە. هەر چۆنێك بێت، ئێمە كار دەكەین بۆ ئەوەی یەكهەڵوێستی هەبێت لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم كە پێویستە سەرجەم پەرلەمانتارەكانمان كار بكەن بۆ بەدەستهێنانی شایستەییەكانی خەڵكی كوردستان، هەر كەسێكیش ئەم كارە نەكات، ئەوا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ زیان بە كوردستان دەگەیەنێت. ئێمە هەوڵدەدەین ئەمە بێنینەدی، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا ئەمە نەهاتۆتەدی بە پێچەوانەی ساڵی رابردوو كە بە یەكدەست و یەك ئاراستەیی كارمان كرد و سەركەوتوو بووین لە تێپەڕاندنی بودجە و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بە دوور لە كێشە سیاسی و داراییەكان. هیوادارین ئەم یەكدەنگییە بهێنینەدی لەبەر ئەوەی پێویستمان بەم یەكهەڵوێستییە هەیە، بەتایبەتی كە پرۆژە یاسای بودجە دێتە پەرلەمان.
* هەرچەندە تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجە نەگەیشتۆتە لێژنەی دارایی پەرلەمان، بەڵام چ زانیارییەكتان دەست كەوتووە بەوەی بودجەكەی 2020ی عێراق چەندە و كورتهێنانەكەی بە وردی چەند دەبێت؟
- بەپێی زانیارییەكان كە لە رێگەی برادەرانی ئامادەكردنی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق بەدەستمان گەیشتووە، تێكڕای خەرجی گشتی لە بودجەی 2020ی عێراق 162 تریلیۆن دیناری عێراقی دەبێت و داهاتەكانیش بە 114 تریلیۆن دینار مەزەندە كراوە- بە داهاتی نەوت و غەیرە نەوتییەوە-، واتا كورتهێنانەكە 48 تریلۆن دینارە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو تەنیا 27 تریلیۆن دینار بوو. كاتێكیش ئەم بودجەیە دەنێردرێت، ئەوا لیژنەی داراییش بۆچوونی خۆی دەبێت و گۆڕانكاری بەسەر ئەم بودجەیەدا دێت، ئیدی بە كەمكردنەوە بێت، یان جێگۆڕكێ، لەم بودجەیەش وا چاوەڕوان دەكرێت پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەكەدا نزیكەی 10.5 تریلیۆن دیناری عێراقی بێت كە بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و جێبەجێكردنی پرۆژەی وەبەرهێنانیش دەكات.
Top