دڵشاد میران سیاسەتمەدار و دیبلۆماتكار بۆ گوڵان: هەموو لایەنەكان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی دۆخەكە وادەخوازێت یەكگرتووییەك لەنێو ماڵی كورددا هەبێت
December 10, 2019
دیمانەی تایبەت
عێراق بە بارودۆخێكی ئاڵۆز و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، كە رەنگدانەوەی لەسەر سەرجەم پڕۆسەی سیاسی و ئایندەی ئەم وڵاتە هەیە، بەتایبەتی ئەگەر خۆپیشاندانەكان و ئاڵۆزییەكان درێژە بكێشێن. لەم بارودۆخەدا رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی لە ناوخۆی كوردستان دەستپێكردووە، بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد تاوەكو لەم گۆڕانكارییانەدا كورد مافە دەستووری و یاساییەكانی لەدەست نەدات، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دڵشاد میران سیاسەتمەدار و دیبلۆماتكار كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.دۆخی عێراق بە چەشنێكە لەو باوەڕەدا نیم كە حكومەتێك بێت و بیەوێت كێشەیەكی گەورەتر لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست بكات
* دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دۆخەكە ئاڵۆزتر بووە و ناڕوونییەكی زیاتری پێوەدیارە، وەكو سیاسەتمەدار و دیبلۆماتكارێك كە شارەزاییت لەسەر دۆخی عێراق هەیە، چۆن لەم بارودۆخە نوێیە دەڕوانیت؟
- منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام، بارودۆخی عێراق ئاڵۆزبووە، كە ئاشكرایە چەند مانگێكی خایاند تاوەكو عادل عەبدولمەهەدی وەك كاندیدێكی تەوافوقی هەڵبژێردرا، چونكە نەتوانرا كوتلەی گەورە دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەو كوتلەیە كاندیدی خۆی بۆ سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكات، ئەوەبوو دواتر خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكرد، كە هۆكارەكانیش بریتی بوون لە نەبوون، یان كەمیی خزمەتگوزاری و دابەزینی ئاستی ژیان و گوزەران و دەستێوەردانی ئیقلیمی، بەڵام ئێستا بە چەشنێكە وەك ئەوەی هێزێك هەبێت بە شاراوەیی ئەم خۆپیشاندانانە ئاراستە بكات. هەرچۆنێك بێت لە ئێستادا روون نییە كە ئاراستەی ئەم خۆپیشاندانە بەرەو كوێ دەچێت، ئەو داواكارییانەشی دەكرێن نالۆژیكییان پێوە دیارە، وەك رەتكردنەوەی هەموو لایەنێكی سیاسی، یان داخوازیی پێكهێنانی حكومەتێك كە سەر بە هیچ لایەنێك نەبێت، چونكە دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە و ناكرێت كەسێك ئەم وڵاتە بەڕێوە ببات كە دووربێت لە سیاسەت و لایەنە سیاسییەكان كە بنكەی جەماوەریی خۆیان هەیە. كەواتە سەخت و ئەستەمە كەسێكی دوور لە سیاسەت كە هیچ ئەزموون و قووڵاییەكی سیاسییەكە و لایەنە سیاسیەكان نەبێت، بتوانێت مامەڵە لەگەڵ دۆخە ئاڵۆزەكە و دەوڵەتانی دیكەدا بكات.
* بەپێی قسەكانی ئێوە زەحمەتە لایەنە سیاسییەكان بتوانن لە ماوەی 15 رۆژی داهاتوودا سەرۆك وەزیرانێكی نوێ دەستنیشان بكەن؟
- من زۆر گومانم لەوە هەیە بەم نزیكانە كەسێك بۆ سەرۆك وەزیران بدۆزرێتەوە، كە حزب و لایەنە سیاسییەكان لەسەری رازی بن و لەهەمان كاتیشدا جێگای رەزامەندی خۆپیشاندەرانیش بێت، تەنانەت لەناو خودی خۆپیشاندەرانیشدا راوبۆچوونێكی هاوبەش نییە، چونكە خۆپیشاندەرانی شارێك لەگەڵ شارێكی دیكە و تەنانەت گۆڕەپانێك لەگەڵ گۆڕەپانێكی دیكە جیاوازن و بیروبۆچوون و داواكارییەكانیشیان جیاوازییان تێدایە، هەربۆیە خودی خۆپیشاندەرانیش زەحمەتە لەسەر كەسێك یەك دەنگ بن، بەتایبەتی كە تا ئەمڕۆش هیچ كەسێك نییە كە بتوانێت بڵێت من نوێنەرایەتیی خۆپیشاندەران دەكەم. لەلایەكی دیكەەوە خۆ خۆپیشاندەران نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق ناكەن، چونكە عێراق كورد و عەرەبی سوننە و پێكهاتەی دیكەشی تێدایە و دەبێت هەموو ئەم لایەنانە لەسەری رێكبكەون.
* وەكو ئاماژەت پێكرد خۆپیشاندەران زیاتر لە پێكهاتەی عەرەبی شیعەن، واتا دوو لایەنی گەورەی دیكە كە كورد و عەرەبی سوننەن لەخۆپیشاندانەكاندا بەشدار نین، كەچی خۆپیشاندەران و حزبە شیعەكانیش هەر باسی سەرۆك وەزیرانێك لە پێكهاتەی شیعە دەكەن، وەكو ئەوەی ئەوان نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتەكان بكەن ؛ پرسیار ئەوەیە، ئایا عێراق بەتەواوەتی بەرەو دەوڵەتێكی تائیفی و مەزهەبگەرایی دەچێت؟
- مەترسییەكە لەوەدایە كە ئەوانەی تا ئێستا خۆپیشاندان دەكەن، خۆیان بە نوێنەری هەموو گەلانی عێراق دەزانن، لەهەمان كاتیشدا خۆپیشاندەرەكان باس لەوە دەكەن كە مەزهەبگەرایی نەمێنێت، بەڵام لە درووشم و داواكارییەكانیاندا باس لە سەرۆك وەزیرانێكی شیعە دەكەن و ئێستا مەسەلەی مەرجەعیەتیشیان هێناوەتە پێشەوە و وەكو سەرووی دوو دەسەڵاتەكەی تەشریعی و جێبەجێكار و بگرە دەسەڵاتی قەزائیش سەیری دەكەن، كەواتە ئەم خۆپیشاندانە گوزارشت لە هەموو عێراق ناكات، چونكە عێراق وڵاتێكی فرە ئایین و فرە نەتەوەییە.
* باكەمێك لەسەر ئایندەی عێراق رابوەستین، ئەگەر حكومەتی عێراق دابمەزرێت، ئایا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا چۆن دەبێت، بەتایبەتی ئەم پەیوەندییانەی ئێستا هەنگاوی باشی بڕیوە بە دروستكردنی حكومەتێكی كاربەڕێكەر، یان حكومەتێكی نوێ چی بەسەر دێت؟
- هەرچەندە لێرە و لەوێ گوێبستی ئەوە دەبین كە لێدوان دەدرێت لە دژی هەرێمی كوردستان و دژی گەیشتن بە تێگەیشتنێك لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، بەڵام پێم وانییە گۆڕانكارییەكی گەورە رووبدات لەم رووەوە، چونكە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوورییە و باوەڕ ناكەم هیچ لایەنێك بتوانێت ئەم مەسەلەیە پشتگوێ بخات، هەرچەندە مەسەلەكەش پەیوەستە بەوەی كە كابینەی داهاتوو و سەرۆك وەزیرانی داهاتوو كێ دەبێت، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت تاوەكو هەڵبژاردنی نوێ دەكرێت، كە ئەگەری ئەوە هەیە پێداچوونەوە بكات بە هەندێ لەو بڕگانەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام دۆخی عێراق بە چەشنێكە كە لەو باوەڕەدانیم حكومەتێك بێت و بیەوێت كێشەیەكی گەورەتر دروست بكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كەواتە دووپاتی دەكەمەوە لەو باوەڕەدانیم كە گۆڕانكارییەكی گەورە رووبدات، بەڵام رەنگە پێویست بە هەندێ گفتوگۆی زیاتر و روونكردنەوەی ئەو خاڵانە بكرێت كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا رێككەوتنی لەبارەوە كراوە.
* بەڵام لە حاڵەتی دووبارە نووسینەوەی دەستوور و گۆڕینی شێواز و سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەم بابەتە و چەندین بابەتی دیكە كە پەیوەندی بە ئایندەی كوردستانیشەوە هەیە، دەبێت كورد بۆ ئەو ئەگەر و مەسەلانە چۆن مامەڵە بكات و چۆن خۆی ئامادە بكات؟
- من هەرگیز باوەڕ ناكەم مەسەلەی گۆڕینی دەستوور و شێوازی سیستەمی حوكم لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی هەروا كارێكی ئاسان بێت، ئەم مەسەلەیە درێژە دەكێشێت و دوورمەودایە و رەنگە چەندین ساڵی پێویست بێت تا ئەنجام دەدرێت، لەم حاڵەتەشدا مەسەلەكە پێویستی بە ریفراندۆم و رەچاوكردنی ئەو بڕگانە هەیە كە لەئێستادا لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون، ئەمە نەك تەنیا بۆ لایەن و هێزە ناوخۆییەكان كارێكی قورس و ئاسان نابێت، بەڵكو هیچ لایەنێكی نێودەوڵەتیش پشتگیری ئەم جۆرە داواكارییانە ناكات كە عێراق بگەڕێنێتەوە پێش ساڵی 2003 و پێش فیدڕاڵییەت.
* بەڵام خۆ دەبێت كورد هەڵوێستی خۆی لەسەر هەموو ئەم بابەت و مەسەلانە هەبێت و هەر چاوەڕوانی ئەگەرەكان نەكات؟
-بەڵێ، كورد دەبێت هەڵوێستی تایبەتی خۆی هەبێت و بەیەكگرتوویی و یەك دەنگی و یەك هەڵوێستی گفتوگۆ لەناو پەرلەمان و حكومەت بكات، ئەم بارودۆخە بۆ عێراقییەكان و بەتایبەتی بۆ كورد زۆر هەستیارە و نابێت تەنیا پشت بەوە ببەستین كە ئەمجۆرە گۆڕانكارییانە نابێت، یان ئاستەمە، بۆیە هەڵوێستی یەكگرتوویی كورد لە ئێستادا لەهەموو كات زیاتر پێویست و گرنگە.
* رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی بەگەڕخستووە بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد، ئایا سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاچەند لەم هەوڵانەی سەركەوتوو دەبێت؟
- ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە ئەمڕۆ هەموو لایەنەكان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی بارودۆخی عێراق و ناوچەكە وادەخوازێت كە جۆرە لێكتێگەیشتن و یەكگرتووییەك لەنێوماڵی كورد هەبێت، بۆیە هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد زۆر گرنگە و دەبێت هەموو لایەنەكان بەشداریی تێدا بكەن، خۆ ئەگەر لەسەر هەموو شتێك ئەم كۆدەنگی و یەكگرتووییە نەبێت، هەرهیچ نەبێت لەسەر بوارە هەستیار و چارەنووسسازەكانی پەیوەندار بە ئایندەی میللەتی كوردەوە پێویستە ئەم یەك دەنگییە هەبێت، هەربۆیە ئەو هەوڵانەی ئێستای سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان زۆر زۆر پێویستن، چونكە پێویستە هەڵوێستێك نیشان بدرێت لە بەرامبەر بیركردنەوەی كەسانێك كە دەیانەوێت هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری بوونی نەمێنێت، نەك هەر ناكرێت رووبدات، بەڵكو دەبێتەهۆی ئەوەی پشێوییەكی سەرتاسەری باڵ بەسەر عێراقدا بكێشێت.
* مەسەلەیەكی دیكە كە هەر پەیوەندی بەم بارودۆخەوە هەیە دووبارە دەستپێكردنەوەی كارە تیرۆریستییەكانی داعشە، بەتایبەتی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئایا چۆن دەڕوانیتە سوود وەرگرتنی داعش لەم دۆخە ئاڵۆزەی عێراق و دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران؟
- ئەگەر بارودۆخی عێراق بەمشێوەیە بڕوات و ناسەقامگیری درێژە بكێشێت، ئەوا نەك هەر رێكخراوی تیرۆرستیی داعش، بەڵكو رەنگە لایەنی دیكەش دروست ببن كە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دروست بكەن، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هەموو بارودۆخی عێراق و كوردستانیش دەبێت، دووبارە دەركەوتنەوەی جموجوڵ و كارە تیرۆرستییەكانی داعش رەنگە دەستی دەرەكییشی تێدا بێت، واتە پرسیارەكە ئەوەیە كە بۆ داعش لەم بارودۆخەدا دەستی بەجموجوڵی تیرۆرستی كردۆتەوە؟، ئەمە ئەو پرسیارەیە كە دەبێت هەموو سیاسەتمەدار و حزب و لایەنێكی سیاسیی عێراق بیكەن، چونكە ئەگەر بارودۆخەكە بەمشێوەیەی ئێستا بڕوات و درێژە بكێشێت دەرئەنجامەكەی باش نابێت و دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، هەروەها ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا خودی شیعەكان بە جەماوەر و هێزەكانیانەوە ناكۆكی و ململانێ دەكەوێتە نێوانیانەوە، ئەمەش كاریگەرییەكی زیاتری لەسەر دۆخەكە دەبێت.