ستیڤن جەی تایبەتمەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: پەیامەكانی ئیدارەی ئەمریكا تێكەڵن و دۆست و ركابەرەكانیش نازانن ئامانجەكانی چین

ستیڤن جەی تایبەتمەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان:  پەیامەكانی ئیدارەی ئەمریكا تێكەڵن و دۆست و ركابەرەكانیش نازانن ئامانجەكانی چین
ستیڤن جەی پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە و خاوەنی چەندین كتێب و توێژینەوەیە لەبارەی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سیاسەتی بەرگری و چەكی ناوكی و كۆنتڕۆڵكردنی چەك و بواری هەواڵگری. پڕۆفیسۆی ستێڤن بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری زانستی سیاسی لە زانكۆی ویسكۆنسین بەدەست هێناوە. هەروەها كاری راوێژكاری بۆ چەندین دامەزراوەی حكومەتی ئەمریكا ئەنجامداوە. لە ئێستادا وانەبێژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی بەراوردكاری، سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی و فیكری سیاسییە لە زانكۆی پێن ستەیت. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەتایبەتی هەلومەرجی پڕ لە پشێویی وڵاتی سووریا، لەگەڵ تاوتوێكردنی پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم دواییە لەو وڵاتەدا هەر لە بڕیاری ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە بۆ رێگەدان بە توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و رۆڵی رووسیا بۆ هێنانەئارای چارەسەرێكی سیاسی كە زۆرینەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم وڵاتە لەبارەیەوە هاوهەڵوێست بن.
* لە دوای بڕیارەكەی ئەم دواییەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە دۆخی سووریا پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ و پەرەسەندن و پێشهاتی نوێ لەو وڵاتەدا هاتوونەتەئاراوە، ئێوە چۆن وەسفی بارودۆخەكە لە ئێستادا دەكەن؟
- زۆر جار لە دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەكانەوە گوێبیستی ئەوە دەبین كە رووسیا براوەی سەرەكیی ئەم پێشهاتە و پەرەسەندنە نوێیانەیە و لە هەمان كاتدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لایەنی دۆڕاوی سەرەكییە، بەڵام من پێم وایە ئەمە سادەكردنەوەیەكی زیاد لە پێویستی دۆخێكی یەكجار ئاڵۆزە. چونكە ئێمە دەبێت بپرسین ئایا رووسیا براوەی چییە و چی بردۆتەوە، چونكە لە ئێستادا بەرپرسیارێتی و ئەركی گەیشتن یان هێنانەدی رێككەوتنی ئاشتی كەوتۆتە ئەستۆی رووسیا كە ببێتە مایەی رەزامەندیی سەرجەم لایەنە ناكۆك بە یەكەكانی نێو سووریا.
* ئێوە ئاماژە بەوە دەكەن لە ئێستادا بە شێوەیەكی سەرەكی بەرپرسیارێتی هێنانەئارای، یان گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ دۆخی ئاڵۆزی سووریا لە ئەستۆی رووسیایە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا رووسیا كە هاوكار بوو لە یەكلاكردنەوەی دۆخەكە لە رووی سەربازییەوە دەتوانێت هەمان كار لە رووی سیاسییەوە بكات؟
- لە راستیدا ئەمە پرسیارەكەیە كە ئایا رووسیا دەتوانێت ئەم دەرئەنجامە بەدی بهێنێت؟ چونكە ئەوەی تا ئێستا بەدی كراوە، ئەوەیە كە رووسیا هەوڵ و كۆششێكی دیپلۆماتیی بەهێز و ژیرانەی خستۆتەگەڕ هاوشان بە دەستێوەردانێكی سەربازیی سنووردار، واتە رووسیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی ناوچەكەو بەتایبەتی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە سووریاوە. لە كاتێكدا ئەمریكا كەمتر دڵنیایە لەبارەی ئامانجە دیپلۆماتییەكانیەوە، كە رەنگە ئەمە رەنگدانەوەی ئەو نادڵنیاییە بێت كە لە كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەیە.
* پرسیارێكی دیكەی پەیوەندیدار بە وەڵامی پرسیاری یەكەمەوە ئەوەیە كە ئێوە ئاماژە بە چارەسەرێك دەكەن كە هەمووان پێی رازی بن، بەڵام ئایا دۆخی سووریا بە ئاست و ئەندازەیەكی گەورە ئاڵۆز نەبووە؟ ئایا پێتان وایە هیچ هیوایەك لە ئاسۆدا بەدی دەكرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك كە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پێی رازی بن؟
- ئاشكرایە كە ئەمە رێگایەكی دوور و درێژە، مەبەستم لە گەیشتن بە چارەسەر و رێگاچارەیەكی هەمەلایەن و سەقامگیرە بۆ ئەم دۆخە، بەڵام من پێم وایە پێویستە رووسیا و توركیا و ئێران، رەنگە هێزە ئیقلمییەكانی دیكەش لە خۆبگرێت، هەروەها دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش بەشدار بێت لە هەوڵێكی دیپلۆماتیی جددییەوە. كە ئەمەش تەرخانكردنی كۆمەڵێك دیپلۆماتكاری پێویستە كە شارەزایی و تایبەتمەندییان هەبێت لە كاروبارەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەدا و متمانە بەخۆبوونێكی پێویست بەدی ناكەین لەم رووەوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە مایك پۆمپیۆ سەركردایەتی دەكات و تەنانەت ئەمە بۆ سەروەختی رێك تێلێرسۆن-یش راست بوو.
* ئەی پێتان وایە لە ئێستادا ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد چ سیاسەتێك لە ئاست سووریادا پیادە دەكات؟
- ئەوەی لەم رووەوە بەدی دەكرێت ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیامی تێكەڵ دەنێرێت بۆ هاوپەیمانەكان و هەروەها بۆ ركابەرەكانیشی لە بارەی ئامانجەكانیەوە، راستكردنەوەی ئەم حاڵەتەش پێویستی بەوە دەبێت لەسەر ئاستی سەرەوە، واتە لەسەر ئاستی كۆشكی سپی، روونكردنەوە بدرێت كە ئایا ئامانجەكانی ئەمریكا چین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆن دەیەوێت بەدییان بهێنێت.
* لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و توركیا هەڵكشان و داكشانی بەخۆوە بینی، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئەمریكا ناتوانێت بە تەواوەتی دەستەبەرداری توركیا بێت، پێت وایە لە ئێستادا ئەم پەیوەندییانە بە چ ئاقارێكدا دەڕۆن، بەتایبەتی دوای كڕینی سیستمی ئێس 300 لەلایەن توركیاوە لە رووسیا؟
- لە راستیدا دەكرێت و پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و توركیا باشتر بكرێن و بەرەوپێش ببردرێن، پێمان خۆش بێت، یان نا، توركیا ئەندامی رێكخراوی ناتۆیە و ئەڵقەی گرێدانەوەی نێوان ئەوروپا و ئاسیایە و دوپاتی دەكەمەوە توركیا ئەندامێكی ناتۆیە كە ناتوانین دەستبەرداری بین و دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیوەندییەكی دیپلۆماتییانەی بنیاتنەری لەگەڵ توركیادا هەبێت، بە چاوپۆشین لەوەی چ لایەنێك لەو وڵاتەدا حوكمڕانە.
* ئەی پێت وانییە رووسیا زۆر بە باشی كەڵكی وەرگرتووە لە هەڵكشانی هەندێك جاری گرژییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و توركیا و ئایا پێت وانییە لەم رووەوە رووسیا هەوڵیدابێت ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە كە ئەمریكا جێی هێشتووە؟
- بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە نابێت ئێمە لەم رووەوە هەوڵە دپیلۆماسییە چڕەكانی رووسیا نادیدە بگرین كە دەیەوێت توركیا لە هەندێ لە پابەندبوونەكانی بە رێكخراوی ناتۆوە دووربخاتەوە، لە هەمووشیان زەقتر فرۆشتنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسی بوو بە توركیا، هەروەها لە رێی گرێدانەوەی كۆمەڵێك رێككەوتنی ئابوورییەوە و گرتنەبەری هەڵوێستی هاوبەش لەگەڵ توركیا لەبارەی سووریاوە. كەواتە دەبێت لەم رووەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وریا بێت لەوەی رووسیا گرەوی لێ نەباتەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمریكا و ناتۆ پێویستیان بە شەراكەتێكی بەهێز هەیە لەگەڵ توركیا. كەواتە تاوەكو ئەمریكا پەیوەندییەكانی پەرە پێ بدات لەگەڵ توركیادا ئەوا پێگەی لەسەر ئاستی جیۆستراتیژی باشتر دەبێت.
* ئەی چۆن لە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت لە ئاست ئێراندا، بەتایبەتی ئەوەی پێی دەوترێت هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار لە ئاست ئەو وڵاتە و گرتنەبەری سیاسەتی سزای ئابووری بۆ ناچاركردنی بە گوڕینی سیاسەتەكانی؟
- سەرەتا دەبێت من ئەوە بڵێم كە من پێم وایە ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما ئاراستەیەكی راستی گرتەبەر كاتێك هەوڵیدا پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێراندا بەرەو پێش ببات و كاتێك رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا واژوو كرد. لەم روانگەیەوە باوەڕم وایە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هەڵەی كرد كاتێك لەم رێككەوتنە كشایەوە و پێم وایە بارودۆخەكەی نالەبارتر كرد.
* كەواتە ئێوە پێتان وایە ئەو ستراتیژیەتەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ گرتوویەتیەبەر لە ئاست ئێراندا و ناوی لێناوە «هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار» ناكارا بووە و بگرە دەرئەنجامی پێچەوانەی لێكەوتۆتەوە ؟
- ئەمە دەقاودەق راستە.
* بە شێوەیەكی گشتی دەبێت ئەمریكا چ سیاسەتێك لە ئاست ئەم ناوچەیە و بەتایبەتی بەرامبەر بە ئێران بگرێتەبەر؟
- بە تێڕوانینی من ئەمریكا دەبێت هاوسەنگڕاگرێكی ستراتیژی بێت لەم ناوچەیەدا، واتە دەبێت كارێك بكات كە دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەمریكا بدەن نەك ئەمریكا پێشوەختە لایەنگیری لایەنێكی دیاریكراو بكات. كەواتە بە دیدی من پێویستە ئەمریكا كار لەسەر خاوكردنەوەی ناكۆكییەكان بكات لەگەڵ ئێران، ئەگەرچی ئەمە ئەرك و كارێكی دژوار و پڕ لە تەحەددیشە. لەم گۆشەنیگایەوە من هاوڕا نیم لەگەڵ ئەو رێگاچارەیەی بەرامبەر ئێران گیراوەتەبەر، چونكە ئەمە بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ شەڕێكی نەخوازراو و دوایین كارێك كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێویستی پێی بێت، بریتییە لە هەڵگیرسانی شەڕێكی دیكە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. كەواتە ئەگەر پوختی بكەمەوە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئیدارەیەكی باشی دۆخەكەی نەكردووە.
* باشە پێت وانییە هەڵەی ئەمریكا لەوەدایە كە دەیەوێت گۆڕانكاری لە ئێراندا بكات، لە بری ئەوەی كە بیەوێت رێككەوتنی لەگەڵدا بكات؟
- لە راستیدا ئێمە نازانین دەقاودەق ئەمریكا چی دەوێت لەگەڵ ئێراندا، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە كە حەمماسێكی زۆر نییە لە نێو پەنتاگۆندا بۆ چونە نێو شەڕێكەوە لە دژی ئێران، من پێم وایە دەبێت ئەمریكا سزا و پاداشت تێكەڵ بكات، واتە دەبێت ئەمریكا لەلایەك هەوڵی دیپلۆماسی بدات و شتێك بە ئێران ببەخشێت كە دەیەوێت و لە هەمان كاتدا سوپای ئەمریكاش ئامادە بێت بۆ كاردانەوە ئەگەر هاتوو ئێران یان وەكیلەكانی كارێكیان كرد كە ئێمە پەسەندی ناكەین.
Top