فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق بۆ گوڵان: ئەو بەشە بودجەیەی بۆ كوردستان دیاری كراوە بەشی مووچە و جێبەجێكردنی هەندێ پڕۆژەی گرنگ دەكات

فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق بۆ گوڵان:  ئەو بەشە بودجەیەی بۆ كوردستان دیاری كراوە بەشی مووچە و جێبەجێكردنی هەندێ پڕۆژەی گرنگ دەكات
هەولێر و بەغدا وێڕای ئەوەی لێكتێگەیشتنی هاوبەشیان لەسەر كۆمەڵێك پرس هەیە، هاوكات لەسەر پرسی بودجەش رێككەوتنێكی سەرەتایی كراوە، هەرێمی كوردستانیش ئامادەیی دەربڕیوە لەسەر تەسلیمكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بۆ گرنگیی ئەم رێككەوتنە سەرەتاییە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق كرد، كە جگە لەوەی شارەزایە لە ئامادەكردنی بودجە، لە پێش ساڵانی 2013 رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە ئامادەكردنی بودجەی گشتیی عێراق، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* لەكاتێكدا هەمووان باس لە پرسی بودجە دەكەن و عێراق بەبارودۆخێكی ئابووری خراپدا تێپەڕ دەبێت، دەنگۆی نزیكبوونەوەو رێكەوتنی سەرەتایی نێوان هەرێم و بەغدا لەمەڕ پرسی بودجە هەواڵێكی ئومێد بەخش بوو، راوبۆچوونی بەڕێزت لەمبارەیەوە چۆنە؟
- ئەو گەشبینییەی هەیە، هەواڵێكی دڵخۆشكەرە و ئومێد دەكەین هەواڵی خۆشتری بەدوادا بێت. بەتایبەتی كە بینیمان كەسانی تایبەتمەند لە دۆخی دارایی كوردستان لە نێو شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا هەبوون، ئەمە كارێكی باش و ئیجابییە. گرنگە ئێستا بزانین كە پشكی هەرێمی كوردستان چەند دەبێت لە دوای ئامادەكردنی بودجەكە، چونكە گرنگە بزانین دوای رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیلەكە پشكی هەرێمی كوردستان چەند دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین بەراوردی بكەین لەگەڵ ئەم دۆخەی لە ئێستادا هەیە و ئەو دۆخەی دواتر دێتەئاراوە. ئێستاش بە پێی لێدوانی بەرپرسان رێككەوتنێكی بەرایی هاتۆتەئاراوە لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل رادەست بكات و حكومەتی بەغداش نزیكەی لە سەتا 14 بۆ 15ی بودجەی عێراق بە كوردستان بدات، بەڵام دواتر باسی ئەوە كرا كە ئەو بڕە پارەیە تەنیا 10 تا 11 ترلیۆن دینارە- وەك پشكی هەرێم-كە بە دڵی من نەبوو. هیوادارم لەم رووەوە شاندی هەرێمی كوردستان كە دەچنەوە بەغدا وردتر لەسەر ئەم پرسە هەڵوێستە بكەن، چونكە رەوا نییە بودجەی عێراق 150 ترلیۆن دینار بێت و پشكی هەرێمی كوردستان تەنیا 10 بۆ 11 ترلیۆن دینار بێت. بەشێوەیەكی گشتی پڕۆژە یاسای بودجە خاڵی زۆر گرنگی تێدایە كە دەتوانیت لە رێگەی ئەو خاڵانەوە زۆر شت بكەیت و مافێكی زۆری هەرێم و شایستە داراییەكانی كوردستان دەستەبەر بكەیت و بیگەڕێنینەوە، بۆیە ئومێدەوارم ئەمجارەش لە كاتی ئەنجامدانی گفتوگۆكاندا لە بەغدا شاندی هەرێمی كوردستان ئەو شارەزایانەی دارایی لەگەڵ خۆیان ببەنەوە و دەرئەنجامێكی باش بەدەست بهێنن. راستە لە ئێستادا بودجەكە لە وەزارەتی دارایی عێراق دانراوە و نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام وەكو رەشنووسێكە و وردەكاری تێدا رەچاو نەكراوە و ئەو رەشنووسەی پڕۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیران بەپێی دوا رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دووبارە هەموار دەكرێتەوە.
* باس لەوە دەكرێت خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی عێراق كاریگەریی زۆری لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەكە هەبووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆری هێزی چەكدارەوە هەیە، ئایا تاچەند دامەزراندنی هێزەكانی سەربازی و حەشدی شەعبی كاریگەریی لەسەر بودجەكە دەبێت؟
- بە هۆی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی عێراق حكومەت پلەی وەزیفیی زۆری داوەتە هەر دوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و هەروەها هێزەكانی حەشدی شەعبی، رەنگە دەرەجە وەزیفییەكانی ناو وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئێمە زۆر كاریگەر نەبێت، چونكە ئەم وەزارەتە لە دەرەوەی بودجەی سیادییە، بەڵام هەرچی وەزارەتی بەرگریی و حەشدی شەعبی هەیە كە دامەزراندن و خەرجییەكانیان لەناو بودجەی سیادی جێگای كراوەتەوە، لەمەدا بۆ ئێمە خراپە، چونكە بەپێی ئەو زانیارییانەی من لەبەردەستمدایە لە وەزارەتی بەرگری و حەشدی شەعبی زیاتر لە 200 هەزار دەرەجەی وەزیفی گەڕێندراونەتەوە، یان دادەمەزرێن، ئا لێرەدا پێویستە شاندی دانوستانكار لەگەڵ بەغدا قسەیەكی جددیی لەسەر پشكی وەزارەتی پێشمەرگە لە بودجە بكات، نەك تەنیا لەسەر مووچە بەڵكو لەسەر پڕچەككردن و دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكانیش. چەندین خاڵی دیكە هەیە كە لەبەر ئەوەی تا ئێستا وردەكاریی بودجەكە روون نییە، بۆیە ناتوانم قسەی لەسەر بكەم .
* مەسەلەی نەوت لەنێوان هەرێم و عێراقدا بە یەكێك لەو دۆسێ هەستیارانە دادەنرێت كە قسەو باسێكی زۆری لەسەر دەكرێت، بەپێی رێككەوتنە بەراییەكانیش بێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ تەسلیمكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئایا تا چەند زانیارییەكان لەسەر ئەم مەلەفە روونە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان و خەرجی ئەو كۆمپانییانەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە هەیە؟
- یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆكان دۆسێی نەوت و مەسەلەی تەسلیمكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت بووە، پێ دەچێت بەغدا زۆر رەزامەندی نەدابێت لەسەر ئەم داواكارییەی هەرێم، بەڵام دەبێت لە دانوستان و گفتوگۆكاندا مرونەتمان هەبێت و وا بە ئاسانی دەستبەرداری داواكارییەكانمان نەبین، خۆ ئەگەر بەغدا رەزامەندی لەسەر زۆربەی داواكارییەكانیشمان نەكردبێت، خۆ دەبێت لەسەر خەرجییەكانی ئەو كۆمپانییانە رازی بێت كە 250 هەزار بەرمیل نەوتەكە بەرهەم دەهێنن، ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان لەنێوان 550-600 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرهەم دەهێنرێت و بەشێكی لە ناوخۆدا بەكار دەهێنرێت و بەشەكەی دیكە دەنێردرێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەگەر لەسەر تەسلیمكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت رێككەوتبین، خۆ دەبێت بەغدا لانیكەم هێندەی ئەو بەرهەمە خەرجی كۆمپانیاكان و پترۆ دۆلار بۆ كوردستان خەرج بكات.
* ئەگەر لەسەر ناردنی 10-11 تریلیۆن دینار رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت و لە پڕۆژە یاساكە جێگیر بكرێت، تاچەند هەرێمی كوردستان لەتوانایدا هەیە بەو بڕە پارەیە لەگەڵ هەندێك لە داهاتەكانی ناوخۆدا جگە لە مووچەی فەرمانبەران خەرجی پڕۆژەكانیش دابین بكات؟
- هەرچەندە ئەم رێككەوتنە بەو شێوەیە ئومێدبەخش نییە كە ئێمە تا كۆتاییەكانی ساڵانی 2013 پشكی بودجەمان هەبوو، بەڵام رەشبینیش نیم، چونكە بەو بڕە پارەیە دەتوانین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان زامن بكەین و هەندێك پڕۆژەی پێویست و بەردەوامیش جێبەجێ بكەین. لێرەدا با بە ژمارە قسە بكەین:
لەساڵی 2012 بودجەی عێراق 120 تریلیۆن دینار و پشكی كوردستان 13 تریلیۆن دینار بووە.
لەساڵی 2013بودجەی عێراق 130 تریلیۆن و پشكی كوردستان 15 تریلیۆن دینار بووە.
بۆ ساڵی 2020 بودجەی عێراق 150 تریلیۆن و پشكی كوردستان ناگاتە 11 تریلیۆن دینار.
ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو كات هەرێم تەنیا 100 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغدا دەكرد و ئێستا 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی دەكات. كەواتە راستە ئێمە بەو بودجەیە ناتوانین ئابووریی هەرێم وەك پێویست ببووژێنینەوە، بەڵام دەتوانین مووچەی فەرمانبەران و هەندێك پڕۆژەی گرنگ و پێویست جێبەجێ بكەین.
* ئایا كورتهێنانی بودجە و پێشبینیی خراپ بۆ ئابووریی عێراق لەسەر ئەو بنەمایەش نییە كە سەرەڕای كێشە ئاڵۆز و گەورەكانی ئابووری و دارایی عێراق كەچی حكومەت و پەرلەمان لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا بەڵێنی گەورەیان داوە و جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەش قورسایی زیاتر دەخاتە سەر حكومەت؟
- گەورەبوون و زیادبوونی كورتهێنانی بودجە فشاری شەقامە لەسەر حكومەت كە ناچاری كردووە كۆمەڵێك بەڵێن و پڕۆژە بخاتە ناو بودجەی 2020 كە پێشتر تێیدا نەبووە، ئەو بڕگانەی لە بودجەكەشدا هەبووە، زیادی كردووە، بۆ نموونە بودجەی ساڵی رابردوو لە سنووری 131 تریلیۆن بوو، ئەمساڵ بووە 150 تریلیۆن دینار واتا نزیكەی 20 تریلیۆن دیناری هاتەسەر، پێشبینی دەكرێت زۆر لەو زیادكردنانە زیادكردنی وەهمی بێت و تەنیا بۆ دامركاندنەوەی شەقام بێت، چونكە مومكین نییە بەو ماوە كەمە حكومەت بتوانێت هەموو بەڵێنەكان جێبەجێی بكات، بە واتایەكی دیكە ئەگەر كورتهێنان زۆر گەورە بوو، حكومەت ناتوانێت پڕی بكاتەوە و لە كۆتاجاردا زۆربەی بەڵێنەكان ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت. بەداخەوە حكومەتی عێراق دەبوایە لەمەدا زۆر وردتر بوایە و تەنیا ئەو بڕگانەی بخستایەتە ناو بودجەكە كە دەیتوانی جێبەجێیان بكات.
* وا دیارە پرۆسەی ئامادەكردن و رێككەوتن لە سەر بودجە بە باشی بەڕێوەبچێت و واچاوەڕوانیش دەكرێت لە پەرلەمان دوای گفتوگۆ بودجەكە پەسەند بكرێت، لەم حاڵەتەدا تاچەند گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە پرۆسەی چاكسازی لێرەش كار بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم بكرێت؟
- ئامادەكردنی بودجە نەك تەنیا پێویستە، بەڵكو پشتگوێخستنی یان دانەنانی بودجەكە سەرپێچییە و پێچەوانەی لایەنی یاسایی دارایی دەوڵەتە، پڕۆژەی بودجە زۆر لایەنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی تێدایە، بەڵام لەمەش گرنگتر لایەنی یاسایییە كە تۆ لە رێگەی بودجە دەسەڵات دەدەیتە حكومەت داهاتی میللەت خەرج بكات، ئەمەش لە رێگەی نوێنەرانی خۆی لە پەرلەمان ئەو دەسەڵاتە دەدەیتە حكومەت بۆ ئەوەی داهاتەكەی بۆ خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی وڵات خەرج بكات، من پێشبینی دەكەم لەگەڵ ئاشكرابوونی ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغدا بۆ بودجەی هەرێم دادەنرێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت لەماوەی چەند هەفتەیەكدا بڕیاری بودجەكە بدات و دایبنێت و لە رێگەی حكومەتەوە بنێردرێتە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی. هەر لەم رووەوە داواكارم لەو شاندەی كە دەچێتە عێراق لە گفتوگۆكانیان زۆر وردبین بن، چونكە جار هەیە خاڵێكی بچووك زیانێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان و حكومەت دەبێت، وەكو ئەوەی لە 2018 و 2019 كرابوو، ئومێدەوارم بتوانن بڕە پارەیەكی باش لە رێگەی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكەن بۆ دابینكردنی مووچە و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان كە لە ساڵی 2014وە كاركردن لە پڕۆژەكان راوەستاوە، تاوەكو هەرێمی كوردستانیش وەكو وڵاتانی جیهان بە لانیكەم وەكو وڵاتانی دەوروبەرمان گەشە بكات.
Top