دكتۆر عەرەفات كەرەم ستونی بەرپرسی كاروباری عێراق ) پەرلەمان و حكومەت و پەیوەندییەكان) ، لە بارەگای بارزانی بۆ گوڵان: پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانی لە بەغدا یەكهەڵوێستی و یەكدەنگیی كورد بەهێ

دكتۆر عەرەفات كەرەم ستونی بەرپرسی كاروباری عێراق ) پەرلەمان و حكومەت و پەیوەندییەكان) ، لە بارەگای بارزانی بۆ گوڵان: پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانی لە بەغدا یەكهەڵوێستی و یەكدەنگیی كورد بەهێ
ئەو خۆپیشاندانانەی كە بەغداو پارێزگاكانی باشووری عێراقیان گرتۆتەوە، رۆژ بە رۆژ دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكەن و تا ئێستاش حكومەتی عێراق لەئاست داخوازییەكانی خۆپیشاندەران هەنگاوی جددی نەهاویشتووە، بۆ زیاتر قسەكردن لەسەر ئەم بارودۆخە و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و رۆڵی كورد لەم هاوكێشەیەدا، ئەم چاوپێكەوتنەمان لەگەڵ دكتۆر عەرەفات كەرەم ستونی بەرپرسی كاروباری عێراق ( پەرلەمان و حكومەت و پەیوەندییەكان) لە بارەگای بارزانی ئەنجام دا و راشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لەم بارودۆخە ناسكەدا هاووڵاتیانی عێراق لە بەغدا و پارێزگاكانی باشوور رژاونەتە شەقام و گۆڕەپانەكان و داواكارییان هەیە،رەوشەكەش تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، پێتوایە حكومەت تاكەی دەتوانێت بەرامبەر ئەم دۆخە خۆڕاگر بێت؟
- لە ئێستادا عێراق بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، بۆیە زۆر هەڵەیە كە ئەم شكستە ئیدارییە بخەینە ئەستۆی د. عادل عەبدولمەهدی (سەرۆك وەزیران)، واتا لێكەوتەكانی ئەو شازدە ساڵە بخەینە ئەستۆی ئەو پیاوە جێگەی حەیف و ستەمە، د. عادل عەبدولمەهدی پاوێكی تەوافوقییە و زۆر بە روونی لە رەوشی كوردستان و پەرەسەندنەكانی عێراق دەگات، هەروەها پەیوەندیی باشی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە هەیە، بەڵام كێشە كەڵەكەبووەكان لەسەردەمی ئەو تەقینەوە و هاتنەئاراوە، ئەو خۆپیشاندانانە میللییە و مافی خۆیانە، لە راستیدا هیچ خزمەتگوزارییەك پێشكەش خەڵكی عێراق نەكراوە و بێكاری و پاشاگەردانی و گەندەڵی هەموو كایەكانی كارگێڕی تەنیوە.
* كەواتە لەم گۆڕانكارییانەدا تێڕوانین و بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن دەبینیت؟
- ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان كاتێك سەردانی بەغدامان كرد، بۆ ئەوە بوو قەناعەتی چەسپاوی لای خەڵك بگۆڕین، بەوەی كاتێ بێ سەروبەری و پاشاگەردانی لە بەغدا روودەدات، گوایە سەركردەكان و خەڵكی كوردستان پێی دڵخۆش دەبن، ئەو قەناعەتەمان لایان گۆڕی كە ئەوەی لە بەغدا روودەدات بە شێوەی نەرێنی كاریگەریی بۆ سەر كوردستان دەبێت، پێشنیارمان كرد كە هاوپەیمانییەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دروست بكەین، ئەو هاوپەیمانییە حكومەت دەپارێزێت، ئێمە لەگەڵ لەكارخستنی حكومەتدا نین، چونكە لە بۆشاییەك دەترسین و حكومەتیش تا ئێستا تەواو نەبووە، چۆن دەتوانین ئەلتەرناتیڤێكی بۆ بدۆزینەوە، بەدیلەكە دەبێ توافوقی بێت، پاشان خودی سەرۆك وەزیران بە تەوافوق دانراوە.
* پێیتان وایە مانەوەی د. عادل عەبدولمەهدی لەم ئان و ساتە ناسكەدا لەبارترە و چارەسەرێكی كاتییە؟
- بەڕێز د. عادل عەبدولمەهدی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و تایفەگەریش نییە، بەڵكو رۆشنبیر و بەڕێزە، كێشەكە لەوەدایە ئەو پیاوە لاوازە، نەك لە خودی خۆیدا، بەڵكو هیچ فراكسیۆنێكی لە پەرلەماندا نییە، هیچ پەرلەمانتارێك داكۆكی لێ ناكات، بۆیە پێشنیارمان كرد، بۆ عەمار حەكیم و مالیكی و هادی عامری و حەلبوسی كە قسەمان لەگەڵ كردن كە هاوپەیمانییەك پێكبهێنین بۆ ئەوەی نەهێڵین لابچێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام دوای گەڕانەوەمان سەرنجمان دا، هەندێك دەیانەوێت لەكار بخرێت، بەتایبەتیش عەبادی كە دەتوانم بڵێم زۆر خولیای دەسەڵاتە، تەنانەت هاوڕێكانیشی لە مالیكی و عامری رەخنەیان لێ گرت كە ئەو هۆكاری ئەو بێ سەروبەری و ئاژاوەیە، لەسەردەمی ئەودا ئابووریی عێراقی وێران بووە. لە بەغدا بەڵێننامەی شەرەف ئیمزا كرا، دوای گەڕانەوەمان بەڕێز حەكیم رازی بوو لەسەر پێشنیارەكەمان و كۆبوونەوەیەك لە ماڵیان ئەنجام درا، كە (12)حزب و لەوانەش پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەشدار بوو، بەڵێننامەیەكی زۆر گرنگ بوو، بەڵام درەنگ كەوت و لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دڕێندرا و سووتێندرا، بۆیە هەندێ سەركردەی سیاسی كە ئەمەیان بینی لێی پاشگەز بوونەوە.
* لەكارلابردن و لێپێچینەوە لە سەرۆك وەزیران و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت داوای سەرەكیی خۆپیشاندەران و هەندێ لە پەرلەمانتارانی عێراقە، ئایا لەو دۆخە هەستیارەدا تا چەند ئەم گۆڕینە رەوایە و ئایا پێتوایە سەربگرێت؟
- لەم رۆژانە (119) پەرلەمانتار واژۆیان كردووە كە لێپێچینەوە لە د. عادل عەبدولمەهدی بكرێت واتا لاببرێت، بەڵام ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان پێمان وایە لەكارخستنی لەم قۆناغەدا هەرەسهێنانی پرۆسەی سیاسییە، چونكە رێسایەك هەیە كە گۆڕین لە كاتی قەیراندا ئاژاوە دەنێتەوە، هەمیشە گۆڕین لە كاتی ئاشتی و هێمنیدا روودەدات، هاوكات پێموایە خۆپیشاندەران كۆڵنادەن و حكومەتیش بەرامبەریان خۆی راناگرێت، بۆیە ئەگەر سوننە بەشداریی ئەو خۆپیشاندانانەی عێراقی بكردایە، ئەوە بە واتای بەداعشكردنی و ئەگەر كوردیش بەشدار بێت، بە واتای بە ئیسڕائیلیكردنی خۆپیشاندانەكانە لە قەڵەمیان دەدا، بەڵام خۆپیشاندەران دەیانەوێت گۆڕانكاری بكرێت و بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە، ناكرێ ئەوەش نادیدەبگرین كە هەندێ لایەن و دەوڵەت هەن پشتیوانیی لێ دەكەن.
* لیژنەیەك لە سەرۆكایەتیی كۆمار پێكهێنرا بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور، هاوشێوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش لیژنەیەكی دیكە پێكهێنرا، تا چەند لە رووی یاساییەوە دەكرێت ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت و ئایا ئەگەر دەستوور هەموار كرایەوە، لێكەوت و كاریگەرییەكانی بۆ كورد چی دەبێت؟
- هەمواركردنەوەی دەستوور لە سەرەتادا یەكێك نەبووە لە داواكاریی خۆپیشاندەران، بەرهەم ساڵح ئەو بیرۆكەیەی خستەڕوو، ئەوەش كارەساتە، چونكە ئەو دەستوورە بە خوێنی خەڵك و بە هێمنی و وردبینی نووسراوەتەوە و سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ماوەی پەنجا رۆژ لە بەغدا مایەوە. ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان پێمانوایە هەمواركردنی دەستوور شتێكی ئاساییە، لە زۆر وڵاتان بۆ پەرەپێدانی هەمواركراوەتەوە، بە شێوەیەك لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت، ئەگەر بۆ خزمەتكردن بێت، ئەوا شتێكی باشە، بەڵام ئەگەر مەبەست كەمكردنەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان و قەبارەی رۆڵی بێت، ئەوا پێویستە بە تەواوی رەتبكرێتەوە. بە راشكاوی دەیڵێم: لیژنەیەك لە سەرۆكایەتیی كۆمار دروست كرا كە (25) ئەندام لەخۆدەگرێت، هەروەها لیژنەیەكی دیكە لە ئەنجومەنی نوێنەران دروست كرا كە (30) ئەندامن، ئەو لیژنەیەی لە سەرۆكایەتیی كۆمار پێكهات، پشتی بە ماددەی(126) بەستووە، لیژنەكەی پەرلەمانی عێراقیش پشتی بە ماددەی (142)بەستووە، جیاوازییەكەی ئەوەیە كە بڕیارێك لە دادگا هەیە، ئەمە دەقەكەیەتی: (بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (54/ اتحادیة/2017لە رێكەوتی 21/5/2017) ئەم پرسەی یەكلا كردۆتەوە كە نابێت ماددەی (126) جێبەجێ بكرێت بۆ هەمواركردنی دەستوور، تاوەكو بڕیار لەسەر ئەو هەمواركردنانە نەدرێت كە لەلایەن لێژنەیەك پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت بەپێی ماددەی (142). ئەو لیژنەیەی كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پێكهێنراوە بۆ هەمواركردن دەستوورییە. ماددەی (142) دەڵێت: لە سەرەتای هەر خولێكدا ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەك پێكدەهێنێت بۆ هەمواركردنی دەستوور، ئەم لیژنەیە لە ماوەی چوار مانگدا پێشنیارەكانی پێشكەش بە پەرلەمان دەكات، سەرۆك كۆمار دەستووری پێشێل كرد، كە داوای هەمواركردنی كرد، ئەو زانی كە تووڕەیی جەماوەر هەیە و ویستی دەستكەوتێك بۆ خۆی مسۆگەر بكات، بۆیە ئەم لیژنەیەی پێكهێنا، جێبەجێكردنی دەستووری عێراق ئینتیقائییە، كاتێ دادگا لێكدانەوەی سیاسی بۆ ماددەكانی دەستوور بكات، ئەوا دەستووەركەش ئینتیقائی دەبێت، ئێمە لە سەر ئەوە كۆكین كە پێویستە پارێزگاری لەم دەستوورە بكرێت، بۆیە ئەگەر بینیمان كە هەوڵی جددی هەیە بۆ هەمواركردنی دەستوور بەپێی ئارەزووی خۆیان و بێ رەچاوكردنی هەرێمی كوردستان، ئەوا كارێكی مەترسیدارە، بۆیە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و لە بارەگای بارزانی وەك بەرپرسی ئەم فایلە و هەماهەنگیكردن لەگەڵ نووسینگەی جێگر و مەكتەبی سیاسی رێككەوتین كە سەركەوتووترین چارەسەر بۆ ئەم قۆناغە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی كوردستانییە كە بەرەوڕووی ئەو تەوژمە ببێتەوە، هەوڵیش دەدەین ئەم هاوپەیمانیەتییە پێكبهێنین بۆ ئەوەی بە ناوی هاوپەیمانیی كوردستانییەك پاكێج پێشكەش بكەین، ئەگەر توانیمان ئەوا بەغدا ناتوانێت بەرمان لێ بگرێت، بەڵام كێشەكە لەوەدایە كە ئەم هاوپەیمانییە نەكەوتۆتە واری جێبەجێكردنەوە، بۆ پتەوكردنی ئەم هاوپەیمانییە جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی حزبەكانی كرد لە سلێمانی.
* حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و بەتایبەتیش حزبە شیعەكان، تا چەند گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت چارەسەرێكی خێرا بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە؟
- ئەم حكومەتە باشترین حكومەتە، بەڵام هاتە سەر ئابوورییەكی وێران كە كەڵەكەبووی حكومەتەكانی پێشووە، لەو كاتەدا هات كە هەندێ حزبی سیاسی نەیانتوانی پشكی خۆیان بەدەست بێنن و بوونە ئۆپۆزسیۆنێكی سەرسەخت، ئەو حزبانە شكستیان هێنا لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا و كاتێكیش د. عادل عەبدولمەهدی-یان هێنا، پێیان وابوو تەواو لە ئیسلامی سیاسی و حزبی دەعوە رزگاریان دەبێت و دەرفەت بە شیعەیەكی دیكە دەدەن، بەڵام كەموكورتییەكە لە كەسایەتیی د. عادل عەبدولمەهدی نییە، بەڵكو حزبگەلێكی سیاسی هەن دەست لە هەموو شتێك وەردەدەن، پێیانوایە كە ناكرێ نموونەی ئێران لە عێراق پیادە بكەین، لە ویلایەتی فەقیهی ئێران، خامنەیی و پێش ئەویش خومەینی وای لێك دەدەنەوە كە دەبێ ویلایەتەكە دەستوەربداتە گەورەو بچووكی دەوڵەت.
* هاوشێوەی عێراق ئێستا لە ئێرانیش خۆپیشاندانەكان زۆربەی شارەكانیان گرتۆتەوە، ئایا هیچ پەیوەندییەك هەیە لە نێوان خۆپیشاندانەكانی عێراق و ئێران لە رووی فیكر و بەرنامەی مەزهەبییەوە؟
- لە عێراق هەندێ حزبی سیاسیی سەر بە ئێران ویستیان عێراق بە ئێرانی بكەن، واتا بەرنامەی ئێران لێرە پیادە بكەن، بۆ ئەمانەت ئێمە رێز لە مەرجەعییەت دەگرین، بەڵام پیرۆزی ناكەین، چونكە مەرجەعییەتی ئێمە نییە، مەترسیدارترین كارەساتیش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی نێوان خودی شیعەیە، ئەوان لە شەڕی تایفەگەریی ناوخۆی نەگریس دەترسن، بەڵام چونكە رۆڵەی خۆیانن بۆیە رووی نەداوە، نموونەیەك دێنمەوە لە ئێران خۆپیشاندانە، پاسداران سووكایەتی بە خۆپیشاندەران دەكەن، لە شیراز كاتێ خۆپیشاندانی فراوان رووی دا، كەس نەكوژرا، چونكە سەرباز و پۆلیس هەموویان كوڕانی خۆیانن، ئێستا ئێران فاتیمی و زەینەبی و پاكستانی و ئەفغانییەكان دێنێت تاكو خۆپیشاندان دابمركێنێتەوە.
* پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانی گرنگە بۆ یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی لەم گۆڕانكارییانەدا بەڵام رۆڵ و پێگەی كوردستان لەم هاوكێشەیەدا چۆن دەبینن؟
- سەردانی پێنس بۆ كوردستان چاكترین پەیام بوو بۆ بەغدا، دەپرسن بۆچی هاتە كوردستان و نەچووە بەغدا؟ پەیامێكی بەهێز بوو، بەوەیكە دێمە كوردستان، چونكە پێشكەوتووە، دیموكراسییە و خاوەن بڕیاری سیاسییە و رێز لە خۆی و خەڵكی دیكە دەگرێت، بەڵام ئێوە دەوڵەتتان نییە و لایەنی دیكە دەستوەردەداتە كاروبارتان، یەكەم لێدوانی ئاراستە بوو بۆ سەرۆك وەزیران كە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بوو، گەورەترین سووكایەتی بوو كە بێتە كوردستان و پەیوەندی بە سەرۆك وەزیرانەوە بكات، ئەوان خاوەن بڕیار نین، بۆیە چارەسەر ئەوەیە هاوپەیمانییەكی كوردستانی پێكبهێندرێت، گرنگترین ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم كۆكردنەوەی حزبەكانە و دەستبەرداری هەندێ پۆست دەبین لەپێناو پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە، تا بتوانین پێش لەو تەوژمە مەترسیدارە بگرن، لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور لە سەرۆكایەتیی كۆمار بەشداربووانی لە خۆپیشاندەران تێدایە، بۆیە ئەوان بێدەنگن، بۆیە ئەگەر حكومەت لەكار خرا، پێویستە پێش ئەوە لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین، بودجەش پێش هەڵوەشاندنەوەی حكومەت بگات، چونكە دەچینە نێو قەیرانێكی قووڵی ئابوورییەوە، كێ ئەوە زامن دەكات كە سەرۆك وەزیرانی تازە وەك عەبادی نابێت، كەواتە هەموو ئاراستەكان لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نین، هەموو دروشم و لافیتە و هاتوهاوارەكان دژی هەرێمی كوردستانن، كەواتە هاوپەیمانییەكەمان زەمانەتی مافەكانمانە، ئەگەر حكومەت لادرا، ئێمە پێشنیار دەكەین كە دەبێ كەسێك بێت رەچاوی هەرێمی كوردستان بكات و بەپێی ژمارەی كورسی مامەڵەی لەگەڵدا نەكات، كە 58 كورسییە.
Top