مایكڵ بارنێت پسپۆڕی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ قابیلی پێشبینیكردن نییە
November 28, 2019
دیمانەی تایبەت
هەروەك ئاشكرایە قەیران و تەنگژەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژەیان هەیە و ناسەقامگیری و نائارامییەكان بوونەتە سیما و خەسڵەتی ئەم ناوچەیە و دەرهاویشتەكانی پەرەسەندن و رووداوەكانی ئەم ناوچەیە و رەهەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان بوونەتە هۆی ئەوەی چەندین هێزی ناوچەیی و جیهانی دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا بكەن. تا ئێستا گرنگترین و دەستڕۆیشتووترین هێزی جیهانیش لەم ناوچەیەدا ئەمریكایە، لەم روانگەیەوە پرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا بووەتە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ مایكڵ بارنێت كە پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن. بوارەكانی تایبەتمەندی و شارەزاییەكانی بریتین لە كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، حوكمڕانیی جیهانی، كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێشتریش لە زانكۆی مینێسۆتا، ویستكانسۆن وانەبێژ بووە.* لە ئاست ناوچەیەكی پڕ لە كێشە و قەیرانی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت؟
- من پێم وانییە سیاسەتێكی پەیوەندیدار بەم پرسەوە لە ئارادا بێت لەلایەن ئیدارەی سەرۆك ترەمپەوە، هەرچەندە خۆزگەم دەخواست ئەم سیاسەتە هەبووایە، بەڵكو ئەوەی هەیە و بەدی دەكرێت، بریتییە لە كاردانەوە و هەڵوێست گۆڕینی ترەمپ لە ئاست پرسەكاندا.
* ئایا دەرئەنجامە خراپ و زیانبەخشەكانی نەبوونی سیاسەتێكی دیاریكراو، یان نەبوونی سیاسەتێكی جێگیر لەلایەن ئەمریكاوە لە ئاست ئەم ناوچەیەدا چییە؟
- سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەم حاڵەتە تەنیا پەیوەست نییە بە ئیدارەكەی سەرۆك ترەمپەوە، بەڵكو لە سەروەختی ئیدارەی باراك ئۆباماشدا تەمومژی و ناڕوونییەكی زۆر هەبوو لەبارەی ئەوەی پێویستە سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا چۆن بێت، دەرئەنجامەكەش ئەوە بووە كە بۆ ساڵانێكی زۆر سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریكا دەیانزانی نایانەوێت چی بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەرچاوڕوونییەكی كەمیان هەبووە لە بارەی ئەوەی كە دەتوانن چی بكەن. هۆكارەكەش ئەوە بووە كە ترسی ئەوەیان هەبوو هەر كارێك ئەنجام بدەن، ئەوا دەرهاویشتەی خراپی لێ دەكەوێتەوە. ئەوەی ئێستاش بە تێڕوانین لە ئەدای ئەم ئیدارەیە لەئارادایە، ئەوەیە كە سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ قابیلی پێشبینیكردن نییە.
* پرسێكی دیكەی پەیوەست بە مەیلی خودی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە بۆ خوبەدوورگرتن لە پرسی بەكارهێنانی هێزە لەم ناوچەیەدا و بگرە ئاراستەی ئەم ئیدارە ئەوەیە كە هێندەی دەكرێت خۆی بەدوور بگرێت لە تێوەگلانی سەربازییەوە، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- ئەوە راستە كە خاڵێكی دیكەی جێی سەرنج لە ئەدای ئەم ئیدارەیە بریتییە لە خۆبەدوورگرتن لە بەكارهێنانی هێز، وەك ئامادەنەبوون بۆ بەكارهێنانی هێز كاتێك ئێران هێرشی كردە سەر كێڵگە نەوتییەكانی سعودیە، هەروەها بە دوورگرتنی سەربازە ئەمریكییەكان لە تێوەگلان لە هەر بارودۆخێك لە سووریادا، واتە ئەمە رێچكەیەكی جێگیری سیاسەتی سەرۆك ترەمپ بووە، كە هەموو هێزەكانی ناوچەكەش ئەم پرسەیان لەبەرچاو گرتووە، واتە ئەوانەی پێشتر پێیان وابوو دەتوانن پشت بە ئەمریكا ببەستن، وەك ئیسڕائیل و عەرەبستانی سعودیە لە ئێستادا بیركردنەوەیەكی جیاوازیان هەیە، دەرئەنجامەكەش ئەوە بووە كە هەندێكیان رووگەیان بەرەو هێزێكی دیكە گۆڕیوە و هەندێكیان لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان دەستەبەری ئاسایشی خۆیان بكەن.
* ئاماژەتان بەوە كرد كە هێزەكانی ناوچەكە بەتایبەتی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا، دەركیان بەوە كردووە كە چیتر ناتوانن وەك پێویست پشت بە ئەمریكا ببەستن، ئایا پێت وایە بڕیاری ئەم دواییەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە باكووری سووریا هێندەی دیكە ئەو باوەڕەی سەلماند، كە چیتر ناكرێت وەك هاوپەیمانێكی متمانەپێكراو لە ئەمریكا بڕواندرێت؟
- لە راستیدا من پێم وایە ئەمریكا هێندە متمانەپێكراو بووە، وەك ئەوەی خەڵكی باوەڕیان وابوو، هەروەها ئەوە روونە كاتێك دۆخەكە سەخت دەبێت و پێویست دەكات پەیوەست بێت بە پابەندبوونەكانی خۆیەوە، ئەوا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بیر لە بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكاتەوە و ئەو بەرژەوەندییانە لەبەرچاو دەگرێت، ئەوەی مایەی دڵتەنگییە لە تێڕوانینی كورد و هێزەكانی دیكەی ناوچەكەوە ئەوا ئەمە نەك هەر خۆویستییە لەلایەن ئەمریكاوە، بەڵكو بە چەشنێكی ئازاربەخش كارێكی نائیتیكییە، دەرئەنجامەكەش ئەوەیە كە هێزەكانی ناوچەكە، بەتایبەت هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بەو شێوەیە لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەڕوانن كە ئایا ئامادەیە هەنگاوی كرداری هەڵبگرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو زەمانەتەی بە هاوپەیمانەكانی دەدات، یان ئەوەیە كە لە هەر بارودۆخێك و لەگەڵ هەر وڵاتێكدا تەنیا و تەنیا بەرژەوەندییەكانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت.
* ئێوە ئاماژە بە نەبوونی سیاسەتێكی روون، یان جێگیر دەكەن لەلایەن ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە، لە ئاست ئەم ناوچەیەدا، بەڵام ئەگەر ئێمە حاڵەتی ئێران لەبەرچاو بگرین، ئەوا دەبینین ئەم ئیدارەیە سیاسەتی ئەوپەڕی فشار پیادە دەكات لە ئاست ئەو وڵاتەدا بۆ ناچاركردنی بۆ گۆڕینی سیاسەت و هەڵوێستەكانی، ئێوە چۆن لەم ستراتیژەی ترەمپ لە ئاست ئێران دەڕوانن؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەم ئیدارەیە دژی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییە بوو كە پەیوەست بوو بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، ئەوە بوو بڕیاری كشانەوەی لەم رێككەوتنەش دەركرد، بەڵام بەدەر لەمە روون نییە ئایا ئەمریكا چی پێشنیار دەكات، هەرچەندە هەندێ جار لە نێو ئیدارەی ئەمریكا لە واشنتۆن ئاماژە بەوە دەكرێت، كە بۆی هەیە ئەگەری ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئێراندا بێتەئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ كەس نازانێت چی دەگوزەرێت و چی روودەدات.
* كەواتە بە تێڕوانینی ئێوە باشترین رێگاچارە چییە بۆ ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بیگرێتەبەر بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی باش و بنیادنەر لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا دروست بكات؟
- ئەگەر من وەڵامی ئەم پرسیارەم بزانیایە، ئەوا دەمكردە توێژینەوەیەك و لە گۆڤارێكی بە ناوبانگدا بڵاوم دەكردەوە، هەرچۆنێك بێت، من وەڵامێكی خێرام بۆ ئەم پرسیارە نییە، لەم رووەوە مشتومڕێكی زۆر لە نێو شارەزایانی ئەمریكا دەكرێت لەبارەی ئەوەی ئایا بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە چین و چۆن دەكرێت بەرگری لەو بەرژەوەندییانە بكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی 2003 ئێمە بیرۆكەیەمان نییە لەبارەی ئەوەی كە ئایا باشترین سیاسەت چییە بۆ ئەوەی لە ئاست ئەم ناوچەیەدا بگیرێتەبەر. لەبەر ئەوە ئەمریكا وەك ناوچەیەكی پڕ لە ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانێت و نازانێت بۆ راستكردنەوەی بارودۆخەكە لە كوێدا هەنگاو هەڵبگرێت. لەم روانگەشەیەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵیدا سیاسەتێك بگرێتەبەر كە ببێتە هۆی پاراستنی هاوپەیمانەكانی و ئەوەی بە دیاریكراوی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئەمریكا گەڕاوەتەوە بۆ سیاسەتی سەروەختی شەڕی سارد، كە پەیوەندیی باشی لەگەڵ رژێمە خۆسەپێنەكاندا هەبێت.
* ئایا پێت وایە لە ئێستادا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەكی كەمتری هەیە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەمریكا بتوانێت تا راددەیەك خۆی لە كێشە و ململانێكانی ئەم ناوچەیە بەدوور بگرێت؟
- لە راستیدا چەند دەیەیەكە ئەم پرسیارە لە واشنتۆن ورووژێندراوە و قسەی لەبارەوە دەكرێت، ئەوەی پەیوەست بێت بە بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە لە ئاست ئەم ناوچەیەدا، ئەوا دەتوانین بڵێین لە سەروەختی شەڕی ساردەوە یەكێك لەو بەرژەوەندییانە بریتی بووە لە پاراستنی ئیسڕائیل، كە مشتومڕێكی گەورە لە واشنتۆن دەكرێت لەبارەی پشتیوانیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئیسڕائیل، كەواتە ئەم مەسەلەیە بەردەوامیی هەیە. بەرژەوەندی، یان پرسێكی دیكە پەیوەستە بە نەوتەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵیداوە سەقامگیرییەك لە بازاڕی نەوتدا بوونی هەبێت، كە لەم رووەوە ئەمریكا پەیوەندییەكی نزیكتری لەگەڵ وڵاتی عەرەبستانی سعودیە گرێ داوە كە رەنگە تا راددەیەك ئەمە وڵاتانی دیكەی ناوچەی كەنداوی ناڕەحەت كردبێت، بەرژەوەندییەكی دیكە پەیوەستە بە هەوڵەكانی ئەمریكاوە بۆ سنوورداركردنی كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی وڵاتی رووسیا لەم ناوچەیەدا، كە لەم رووەوە دەبێت سنوورداركردن و كەمكردنەوەی فراوانخوازیی ئێرانیش لە ناوچەكەدا بە یەكێكی دیكە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دابنرێت. كە هەموو ئەمانەش ئەو پرسیارەیان لێ دەكەوێتەوە، ئایا ئەم بەرژەوەندییانە تا چ راددەیەك گرنگن بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆ نموونە: ئایا ئەمریكا چاوپۆشی دەكات لەوەی ئێران ببێتە هێزێكی ناوكی، یان ئێران بنكەی لە سووریا و دواتر لە لوبناندا هەبێت؟ ئایا ئەمریكا تەنیا هەوڵی ئەوە دەدات، جۆرێك لە ئاشتی لەم ناوچەیەدا لە ئارادا بێت؟ دەرئەنجامەكەش ئەوەیە كە وڵاتانی ناوچەكە پێیان وانییە كە بەرژەوەندییەكان هێندە گرنگ بن بۆ ئەمریكا، كە ببنە هۆی ئەوەی دەستێوەردان بكات و لە هەمان كاتدا متمانەی ئەوەشی پێی ناكەن كە بیەوێت بەرگرییان لێ بكات.