ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكانی هەرێم بۆ گوڵان: پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان مافەكانیان پارێزراوە، بەڵام دواكاری زیاتریشمان هەیە

ئایدن مەعروف  وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكانی هەرێم بۆ گوڵان:  پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان مافەكانیان پارێزراوە، بەڵام دواكاری زیاتریشمان هەیە
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزێرێكی هەرێم دانراوە بۆ كاروباری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەكان لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئەم هەنگاوەش كە لەسەر ئاستی عێراق بۆ یەكەمجارە وەزیرێك لەناو حكومەتدا تایبەت بە كاروباری پێكهاتەكان بوونی هەبێت، هەنگاوێكی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ زیاتر چەسپاندنی مافی هەموو هاووڵاتیان و پتەوكردنی گیانی فرەیی و پێكەوە ژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە ئەم دیدارەمان لەگەڵ ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزیرێك دانراوە بۆ كاروباری پێكهاتەكانی كوردستان، ئایا ئەركی ئەم وەزیرە چییە و ئێوە لە ناو ئەنجومەنی وەزیران چۆن نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان دەكەن؟
- دانانی وەزێرێك بۆ كاروباری پێكهاتەكانی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، جیا لەوەی هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، لە هەمانكاتدا ئەمە یەكەمین جارە لەسەر ئاستی عێراق بۆ كاروباری پێكهاتەكان دیاری بكرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی هێجگار گرنگ بە تەواوی پێكهاتەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان دەدات، ئەوجا لەم روانگەوە كاری وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە ئەركی تەنیا وەزیرێك گەورەترە و هاوشێوەی وەزارەتێكە و لە داهاتووشدا دەبێتە وەزارەتی كاروباری پێكهاتەكان و بۆ گەیاندنی داواكاری و پێشنیارەكانیان لەسەر مافەكانیان و جێبەجێكردنی هەموو كاروبارەكانیان، هەروەها لە رێگای ئێمەوە هەموو راپۆرت و داواكاری و پێشنیارەكانی پێكهاتەكان دەگەیەندرێتە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم. لێرەدا ناكرێت رۆڵی رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ پێداگری لە دانانی وەزیری هەرێم رەچاو نەكەین، چونكە بە راستی پێداگری كرد لەسەر ئەم وەزارەتە و سوور بوو لەسەر ئەوەی كە دەبێت وەزێرێك بۆ كاروباری پێكهاتەكان هەبێت و داكۆكی لە ماف و خواستی پێكهاتە جیاوازەكان بكات. منیش كە ئێستا ئەو پۆستەم پێ سپێردراوە، نوێنەراتیی هەموو پێكهاتەكان (توركمان، كلدو ئاشووری و ئایین و ئایینزاكان)ی دیكەی كوردستان دەكەم. كۆبوونەوەشمان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان و نوێنەری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان ئەنجام داوە، تاوەكو لە نزیكەوە راوێژیان پێ بكەین.
* بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، پێكهاتەكان وەزارەتیان بەر نەدەكەوت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشكی خۆی ئەم وەزارەتەی بۆ تەرخان كردن، ئایا لە میانەی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چۆن گەیشتنە ئەو قەناعەتەی ئەم وەزیرە بۆ ئەم ئەركە دیاری بكرێت؟
- بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەسایەتییەكی پایەدار و بەرز و میانڕۆیە و بە شێوەیەكی بەردەوام لە كۆبوونەوەكان و میدیاكان بە بێ جیاوازی بەرگری لە ماف و دواكاریی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمەش پاڵپشتییەكی گرنگە بۆ بەدیهێنانی مافی تەواوی هەموو پێكهاتەكان، پێویستیشە هەموو لایەن و پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان بە یەكەوە بەرگری و پارێزگاری لە پێكەوەژیان و هاتنەدی مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بكەن و ئامانجەكەش ئەوەیە كە دەبێت هەموومان پشتیوان و هاوكاری و هەماهەنگی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بین. تاوەكو ئەو حكومەتە سەركەوتوو بیت، هەروەها جوانی و رێكوپێكیی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوەدایە كە بەشداریی پێكهاتەی نەتەوەیی توركمان و كلد و ئاشوور و ئایین و ئایینزاكان لەناو حكومەتدا دیارە و رەنگی داوەتەوە.
* ئێوە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو ئەركێكی هەستیار و كاریگەرتان بۆ رۆڵی پێكهاتەكان دەبێت، بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووتان چۆن داناوە و ئایا لەگەڵ پێكهاتەكان كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بەشداریتان لەماوەی چوار ساڵی داهاتوو فراوانتر بێت؟
- وەك لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ دا، وەزارەتەكە یان ئەو پۆستە تایبەتمەندە بۆ كاروباری پێكهاتەكان، یەكێك لە بڕگەكانی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش باس لە پاراستنی مافی پێكهاتەكان دەكات، كە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ دەستەبەركردنی مافی پێكهاتەكان، هەروەها بوونی ئەم بڕگانە لەناو بەرنامەی حكومەتدا وا دەكات لە داهاتوودا كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر و چڕتر بێت بۆ گەڵاڵەكردنی پێشنیار و داواكارییەكانیان، بۆیە پێویستە هەوڵەكان لە ناو حكومەت و پەرلەمان چڕتر و زیاتر بێت بۆ پاراستن و داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، ئێمە وەك وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەرنامە و پڕۆژەمان دەبێت و یەكێك لەو داواكاری و پڕۆژانە ئەوەیە كە زۆربەی پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان داواكارن بە كۆتا لە پەرلەمانی كوردستاندا بەشدار بن، هاوكات گرنگترین داواكاری و كار لەلای ئێمە ئەوەیە كە پارێزگاری لەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان بكەین كە هەیە، چونكە بۆتە جێگای سەرنج لەسەر ئاستی هەموو دنیادا كە نموونەیەكی زۆر جوان و سەركەوتووە و ئەو پارێزگاری و پاڵپشتییەش لەسەر یەك لایەن پێویست نییە، بەڵكو پێویستە هەموو لایەن و پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان بە یەكەوە پارێزگاری لێ بكەن، هەروەها پێویستە ئاماژە بەوەش بكرێت كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان وەك یەك تیم كار دەكات و هەر لەسەرەتاوە كارەكانی ئەو كابینەیە یەكڕیزی پێوە دیارە هەر بۆیە ئێمە گەشبینین بەوەی لە داهاتوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو سێكتەرەكاندا سەركەوتوو دەبێت و ئایندەی هەرێمی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانیش بەگشتی لەم كابینەیەدا بە ئیجابی دەبینین.
* یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستانە، دیارە دیاریكردنی مافی پێكهاتەكان لەو دەستوورە دەبێتە ئەركێكی گرنگی ئێوە، ئایا چۆن سەیری پڕۆژەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەكەن و بەنیازن چۆن مافی پێكهاتەكان لەو دەستوورە دیاری بكەن؟
- دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ و پێویستە كە تا ئێستا نیمانە، چونكە دەستوور مەرجەعی یاساكانە، لەخولی پێنجەمی پەرلەمان لەلایەن هەموو فراكسێۆنەكان و سەرۆكایەتیی پەرلەمان ماوەیەكە دەست كراوە بە كاركردن لەسەر نووسینەوەی پڕۆژەی دەستوور، هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەكان و هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر نووسینی دەستوورەكە رێك بكەون و گرنگیشە داواكاریی پێكهاتەكان لە ناو دەستوور جێگیر بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی رابردوو لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكاندا كۆبوونەوەمان ئەنجام دا و هەر هەموویان داواكارییان ئەوە بوو كە مافەكانیان لە دەستووری هەرێمی كوردستاندا جێگیر بكرێت، ئەمە لە پێناوی ئەوەیە دەستوورەكەمان ببێتە دەستوورێكی سەركەوتوو و مۆدێرن، بۆ ئەمەش كارو رۆڵی ئێمە وەك وەزیری كاروباری پێكهاتەكان لە پەرلەمان و لە ناو حكومەت و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر دەستوور و دیاریكردن و جێگیركردنی مافی پێكهاتەكان دیارو كاریگەر دەبێت. ئێمە وەك پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر نووسینەوەی دەستوور و زامنی مافی پێكهاتەكان كۆبوونەوە و پڕۆژەی تایبەتمان دەبێت و بێگومان پێكهاتەكانیش پاڵپشتی و پشتیوانی لە نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەكەن.
* خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی بە گەشبینییەوە سەیری ماوەی چوار ساڵی داهاتووی ئەم كابینەیە دەكات، وەك ئەندامێكی ئەم كابینە نوێیە، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەم چوار مانگەی ئەدای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- ئەدا و كاری ئەو چوار مانگەی رابردووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان زۆر رێكوپێك و باشە، لەبەر ئەوەی وەك یەك تیم و بە یەكڕیزی كار دەكرێت و هەڵویستی سەرۆكی حكومەتی كوردستان زۆر جوان و گرنگ و جێگیرە و بەبێ جیاوازی مامەڵە لەگەڵ وەزیرەكان دەكات، ئەمەش هاوسەنگی لە كارەكاندا دروست كردووە لە نێوان سەرۆكایەتیی وەزیران و وەزیرە بەڕێزەكان و لەنێوان خودی وەزیرەكانیش، هەر لە دەستپێكی ئەم كابینەیەوە زۆر بە جددی و كردەیی كار لەسەر چاكسازی دەكرێت و رێگریی تەواو لە گەندەڵی كراوە، بۆ ئەمەش كار و بەرنامەی زۆری بۆ گیراوەتەبەر لە پێناوی بەرەوپێشەوەبردنی كارو مامەڵەی هاووڵاتیان لە ناو دامودەزگاكانی حكومەتدا، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی ناو حكومەت و وەك حزبیش پشتیوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاكسازی و بنبڕكردن و نەهێشتنی گەندەڵی، هەر ئەو كارانەشە وایكردووە لەم چوار مانگەی تەمەنی سەرەتای كابینەی نۆیەمدا بەرەوپێشچوونێكی زۆر لە گەشەكردنی هەرێمی كوردستان و ئەدای حكومەت دەبینرێت.
* ئەوەی هەرێمی كوردستان شانازی پێوە دەكات، ئەو تەبایی و پێكەوە ژیانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستانە، ئایا ئێوە وەك پێكهاتەی كوردستان تا چەند لە هەرێمی كوردستان مافەكانتان پارێزراوە و تاچەند هەست بە ئاسوودەیی دەكەن؟ هەروەها ئایا دەتانەوێت حكومەتی كوردستان چیترتان بۆ بكات؟
- بەراورد لەگەڵ بەغدا، مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان پارێزراوە و رەوشی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان زۆر باشترە لە پێكهاتەكانی عێراق و حكومەتی بەغدا، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە كە ئێستا وەزیرێك یان وەزارەتێكی تایبەت بە كاروباری پێكهاتەی نەتەوەی توركمان و كلدو ئاشوور و ئایین و ئایینزاكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراوە، بۆیە لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە ئێمە وەك پێكهاتەكان بەم هەق و مافەی پێمان دراوە و لە پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بەشدارین، زۆر ئاسوودەین، سەرەڕای ئەوانەش ئەو داواكارییەی زیاتر پێكهاتەكان لەسەری كۆكین، ئەوەیە كە مافەكانمان لە دەستووری هەرێمی كوردستاندا دیار و جێگیر بكرێت، چونكە دەستوور زامنی مافەكانمانە.
* لە دوو خولی پەرلەماندا نوێنەری توركمان بووی و ئێستا نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانی و بەردەوام كارت بۆ دەستەبەری مافەكانتان كردووە، ئایا ئێستا وەك وەزیر و نوێنەری پێكهاتەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا داواكاریەكانتان چییە؟
- ئەم پۆستەی كاروباری پێكهاتەكان لە داهاتوودا بە دڵنیاوە دەبێت بە وەزارەتێكی گرنگ و تایبەت بە كاروباری پێكهاتەی نەتەوەی توركمان و كلد و ئاشوور و ئایین و ئایینزاكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەڵگەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت زیاتر هەموو پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان بە بێ جیاوازی لە سیستەمی حوكمڕانی بەشدار بن و هەق و مافەكانیان پارێزراو بێت، هەروەها لێرەدا داواكارین لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی كوردستان زیاتر گرنگی بە لایەنی پەروەردەیی و رۆشنبیری و بەها پیرۆزەكان و كولتووری هەموو پێكهاتە ئایین و ئایینزاكان بدرێت بۆ ئەوەی پێكهاتەكان لەم بوارانەدا زیاتر بەرەوپێشەوە بچن لە چوارچیوەی ئەو كیانەی ئێستا كە لە هەرێمی كوردستان هەیە. لەلایەكی دیكە من وەك وەزیر بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە كابینەی نۆیەمدا بەبێ جیاوازی نوێنەرایەتیی جددی و بەردەوامی هەموو پێكهاتەكان دەكەم بۆ زامنی هەموو مافەكانیان، هەروەها پاراستن و زامنی مافی پێكهاتەكان شتێكە لە سەرەتای دروستبوونی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دیار بووە و رەنگی داوەتەوە، بەڵگەش ئەوەیە نوێنەری هەموو پێكهاتەكان لە ناو پەرلەمان و حكومەت و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشدارن، واتە هەموو ئەو كارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵگەن بۆ پارێزگاریكردن و بەرەوپێشەوەبردنی پێكەوەژیان لە هەرێمدا، هەر ئەمەشە بۆتە بەڵگەی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان لە پێدانی ماف و پاراستنی پێكهاتەكان، زۆر لە پێشترە لە بەغدا و نەبوونی نوێنەری پێكهاتەكان لە حكومەتی عێراقدا كەموكوڕی و عەیبەیەكە لە پرۆسەی سیستەمی دیموكراسیدا، هەر بۆیە لێرەدا داواكارین لە حكومەتی عێراق پێكهاتەكان لە بەغداش هەر وەك هەولێر نوێنەر و وەزیریان هەبێت، تاوەكو كاروبارەكانیان بە باشی بەڕێوە بچێت.
* ئایا ئەو هۆكارانە چین كە وایانكردووە هەرێمی كوردستان سەقامگیر و دوور لە كێشە و ململانێی ناوچەكە بێت؟
- هۆكاری سەرەكیی ئەو هێمنی و سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ، یەكەم: یەكڕیزیی هاووڵاتیان لەناو هەرێمدا. دووەم: یەكڕیزیی لایەنەكان كە زۆر گرنگە و كاریگەرییان لەسەر بارودۆخەكە دەبێت. سێیەم: رۆڵ و ماندووبوون و شەونخوونیی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس كە كاریگەرییەكی زۆر و گرنگ و راستەوخۆیان هەیە لەسەر ئەو هێمنی و سەقامگیرییەی لە كوردستان هەیە. چوارەم جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گەورەو گرنگ و بەرچاوی هەیە لە دابینكردنی هێمنی و ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا كە ئەو هێمنی و ئاسایش و سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستان كاریگەریی زۆری هەیە لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە و پێشبینی دەكەین و چاوەڕوانین لە داهاتوودا ئەو سەقامگیری و ئاسایشە لە هەرێمدا زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت كە بۆ خەڵكی هەرێم زۆر پێویستە.
Top