شیروان میرزا ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر كێشە دراییەكان دروست بووە

شیروان میرزا ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:  لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر كێشە دراییەكان دروست بووە
عێراق بە بارودۆخێكی هەستیار و ناسەقامگیردا تێپەڕ دەبێت، ئەمە سەرەڕای كەڵەكەبوونی چەندین كێشە و گرفتی دارایی و ئابووری و لاوازیی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، بە راددەیەك هاووڵاتیانی عێراق متمانەیان بەو گۆڕانكارییانە نەماوە كە ئێستا لە حكومەت و پەرلەمان ئەنجام دەدرێن، هەموو ئەم بارودۆخەی خۆپیشاندانەكان و ئاڵۆزبوونی دۆخە سیاسی و ئابوورییەكە، لە كاتێكدایە كە حكومەتی عێراق لە سەروبەندی ئامادەكردن و بەرزكردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020 دایە و وا چاوەڕوان دەكرێت، لەناو هۆڵی پەرلەماندا گفتوگۆ و مشتومڕێكی زۆری لەسەر بكرێت، بەتایبەتی كە خۆی لەخۆیدا بودجەكە زیاتر بودجەیەكی بەكارهێنەرە، نەك بودجەی وەبەرهێنان، ئەمە وێڕای ئەوەی بودجەكە بە كورتهێنانێكی گەورەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، بۆ قسەكردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندیدار چەند پرسیارێكمان ئاراستەی شیروان میرزا ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
داواكاریی خۆپیشاندەران گۆڕانكاریی ریشەیی
لە بودجەی 2020ی عێراقدا دروست دەكات


* عێراق بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆز و خراپدا تێپەڕ دەبێت، كە بەشێكی زۆری بە هۆی كەڵەكەبوونی كێشە دارایی و ئابوورییەكانەوەیە، كە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق وەكو میرات بۆ حكومەتەكەی دكتۆر عادڵ عەبدولمەهدی بەجێیان هێشتووە، ئایا تاچەند ئەم پشێوی و ناسەقامگیرییە و بەتایبەتی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران كاریگەرییان لەسەر گۆڕانكاری لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 دەبێت؟
- پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە و ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە دواكەوتووە، لەكاتێكدا دەبوایە ئەو پڕۆژەیاسایەی بودجەی 2020 پێش 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بگەیشتایەتە پەرلەمانی عێراق، ئێستا چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا، یان لە 10 رۆژی داهاتوودا پڕۆژە یاساكە بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی وتووێژی لەسەر بكرێت و دواجار پەسەند بكرێت. هەموو بۆچوون و پێشبینییەكان بەرەو ئەوە دەچن كە زۆر زەحمەتە ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجەی ساڵی 2020هەمان پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019 بێت، چونكە پێویستی بەوە هەیە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لە پەرلەمانیش بەڵێنی زۆر بە خۆپیشاندەران دراوە، هەموو ئەو بەڵێنانەش پێویستی بە شایستەی دارایی و تەرخانكردنی بڕە پارە هەیە، كە دەبێت لە رووی داراییەوە لە ناو پڕۆژە یاساكەدا جێگای بكرێتەوە، دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای خانەنشینی هەر لە چوارچێوەی ئەو بەڵێن و هەنگاوانەدا دێت، بەتایبەتی دوای بڕیاری خانەنشینی، نزیكەی 202 هەزار كەس خانەنشین دەكرێن و لەبری ئەم فەرمانبەرانەش دەبێت خەڵكی دیكە دابمەزرێن و لە بودجەكەشدا جێگای بۆ بكرێتەوە. بەشێوەیەكی گشتی هەموو ئەم گۆڕانكارییانەی دوایی و بارودۆخەكە و بەڵێنەكانی حكومەت و پەرلەمانیش، ئەوە دەخوازێت كە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 لەچاو پڕۆژە یاسای ساڵی 2019 زۆر جیاواز بێت. لەلایەكی دیكەوە خۆپیشاندانەكان و ئەو بارودۆخە نوێیەی كە هاتۆتە پێشەوە گۆڕانكاریی زۆریان لەسەر رەشنووسی ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجە كردووە، كە نوێنەرانی ئێمەش لە لێژنەی دارایی تێیدا ئامادە بوون، ئێستا بارودۆخەكە روون نییە و چاوەڕوان دەكەین شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و بزانین لەسەر چی گفتوگۆیان كردووە، یان لەسەر چی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی رێككەوتوون، ئەو كاتە دەكرێت گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو بوارانە بكەین.
* عێراق خۆی لەخۆیدا لە بارودۆخێكی ئابووریی باشدا نییە و هەمووان باس لە كێشەی كورتهێنانی بودجە دەكەن، ئایا تاچەند حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لە توانایدا هەیە هەموو ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات، ئەمە لە كاتێكدا پارەی عێراق بەهەدەردانێكی زۆری تێدا كراوە؟
- سەرەتا من لەو باوەڕەدا نیم ئەم كورتهێنانەی بودجە كە باسی لێوە دەكرێت، كورتهێنانێكی راستەقینە بێت، هەر خۆی لەخۆیدا ئەمە كورتهێنانێكی پێشبینی كراوە، بەڵام ئەم هەموو داواكارییانەی خۆپیشاندەران كە بەڵێنی جێبەجێكردنی بەشێكی زۆری دراوە، جگە لەوەی كاتێكی زۆری دەوێت و پێویستی بە پارەیەكی زۆر هەیە، بارگرانییەكی زیاتریش دەخاتە سەر بودجەی 2020ی عێراق، سەبارەت بە گەندەڵییش بەداخەوە دۆسێی گەندەڵی لە عێراق بەشێوەیەكی زۆر بەربڵاو بووە و رۆچۆتە ناو هەموو دامەزراوەكانی وڵاتەوە و بەشێكی زۆری ئەم گەندەڵییەش پاساوی یاسایی بۆ دۆزراوەتەوە، هەربۆیە چارەسەركردنی گەندەڵی ئاسان نییە و پێویستی بە حكومەت و دەسەڵاتێكی حوكمڕانیی بەهێز و دادگایەكی بەهێز هەیە، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەستكراوەیی ئەنجومەنی دادوەری دەبێت، وردە وردەش بەرپرسە باڵاكانی پێشووی عێراق بە هۆكاری گەندەڵی دەدرێنە دادگا و دەستگیر دەكرێن، هەربۆیە جگە لەم هەنگاوانە بۆ چاكسازی و راگرتنی گەندەڵی، ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی عێراق هاوكاریی عادل عەبدولمەهدی بكەن، پێم وایە هەنگاوی باش دەنرێت، چونكە تا ئێستا لە عێراقدا گرفتی بەڕێوەبردنی وڵات هەیە، بەڕێوەبردنی وڵاتیش بەمشێوە عەقڵییەتەوە ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر لە كارنامەكەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دیدگایەكی ئابووریش هەبێت، لەوانەیە لە واقیعدا نەتواندرێت جبێبەجێ بكرێت.
* وەك ئاشكرایە ئەگەر لایەنە سیاسییەكان لە نێو خۆیاندا رێك بكەون، گرفت و كێشەكانی ناو پەرلەمانیش كەمتر دەبنەوە و گفتوگۆكان بە ئاقارێكی باشتردا دەڕۆن، ئایا دانیشتن و كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی بەغدا لەنێوان حزبە سیاسییەكاندا تاچەند كاریگەریی لەسەر چارەسەركردنی كێشە دارایی و ئابوورییەكان و داڕشتنەوەی بودجە هەیە؟
- بە شێوەیەكی گشتی لە ئێستادا كورد بەشێكن لە هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق و كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی ئەم دواییەی حزبە سیاسییەكانیش لە بەغدا كاریگەریی باشیان دەبێت لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، كورد لەگەڵ چاكسازیدایە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا پشتگیری و پاڵپشتیی كورد نەك تەنیا لە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، بەڵكو لە هەر حكومەتێك لە بەغدا، لەپێناو ئەوەدایە بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان و زامنكردنی شایستە داراییەكان و پاراستنی كیانی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت.
* ئایا رۆڵی پەرلەمانتارانی كوردستان لە ئاشكراكردن و بەدواداچوونی دۆسێیەكانی گەندەڵی تاچەند گرنگە و لەمبارەیەوە چ هەنگاوێك نراوە؟
- بەپێی ئەوەی پەرلەمانتارانی كوردستان ئەندامن لە لێژنە جیاوازەكانی پەرلەمان، بۆیە هەر دۆسێیەك بێتە پەرلەمان، پەیوەندیی بە كام لێژنەوە هەبێت، پەرلەمانتارانی كورد لەو لێژنەیەدا كاری لەسەر دەكەن، خۆشبەختانە ئەوەی لە ئێستادا هەیە بەشێكی هەرە زۆری پەرلەمانتارانی كوردستان دەستیان نەچۆتە ناو سەفەقاتی گەندەڵی و نەبوونەتە هۆكاری ئەو پشێوییەی كە ئێستا لە بەشێكی زۆری شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق روودەدەن، بۆیە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا بێ منەتانە و بە دەنگێكی بوێرەوە رووبەڕووی گەندەڵكاران دەبنەوە و كەسانێكن دەتوانن بەرگری لە بەرژەوەندیی گشتی بكەن.
* ئێوەی پەرلەمانتارانی كوردستان بەتایبەتی لە لێژنە پەیوەندیدارەكانی دارایی و نەوت، تاچەند لە مەلەفی نەوت و گەندەڵییەكانی ئەم بوارە ئاگادارن؟
- مەلەفی نەوت وەكو هەموو مەلەفێكی دیكە گەندەڵیی گەورەی تێدایە، هەرچەندە شەفافییەت لەم مەلەفەدا نییە، بەڵام حكومەتی عێراق مانگانە ئامارەكان رادەگەیەنێت.
* پێش خۆپیشاندانەكان گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەنگاوی باشیان بڕیبوو، لە ئێستاشدا دووبارە ئەو گفتوگۆ و دانوستانانە دەستیان پێكردۆتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە كوێ گەیشتوون؟
- چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستی بە زیاتر لێكنزیكبوونەوە و دانیشتن و گفتوگۆی بەردەوام هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەستی پێ دەكرێت، ئەوەیە كە هەردوو حكومەت پێویستیان بە پشتیوانیكردنی یەكتر هەیە، بەغدا پێویستی بە پشتیوانیی كورد هەیە، هەولێریش پێویستی بەوە هەیە لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێت و شایستە داراییەكانی خۆی و چۆنیەتی ئیدارەدانی مەلەفی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و مەلەفی دەستووری لەگەڵ بەغدا یەكلا بكاتەوە، لانیكەم بۆ ئەوەی جۆرێك لە سەقامگیریی ئابووری لە هەرێمی كوردستان دروست ببێت و هەرێمی كوردستان بتوانێت دەست بكات بە پڕۆژەی گەورە و بونیاتنانی ئابووریی وڵات، دەبێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا بەهێز بكات.
* لەناو پەرلەماندا تاچەند تێبینی ئەوە كراوە كە ئەگەر خۆپیشاندانەكان بەردەوام بن و دۆخی عێراق سەقامگیر نەبێتەوە و پەسەندكردنی بودجە دوابكەوێت، ئەوا دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت و حكومەتیش بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی دەستكراوە نابێت؟
- بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان خۆی لە خۆیدا كاریگەریی خراپی لە سەر حكومەت و پڕۆژەكانی كردووە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا بەئاگاهێنانەوەی حكومەتە، بەوەی جۆرێكە لە پەیامێكی توند كە لەناو خەڵكدا چی دەگوزەرێت و بارودۆخی وڵات چیی بەسەر هاتووە و خەڵكی لە چ باروگوزەرانێكدایە، چونكە نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، لە سەرەتادا خۆپیشاندانەكان ناڕەزایەتی بوون لە بەرامبەر خزمەتگوزاری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەستەبەركردنی هەلی كار و باشتركردنی باروگوزەرانی خەڵك و جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بوو، دواجار هەندێك داواكاریی سیاسی تێكەوت، بە شێوەیەكی گشتی ئەمە پەیامێكی باش بوو حاڵەتێكی دووسەرەی لێ كەوتۆتەوە، واتا لە سەرێكەوە راستە كاریگەری لەسەر حكومەت كردووە و بەشێك لە پڕۆژەكانی حكومەتی ئیفلیج كردووە، بەڵام دواجاریش بەئاگاهێنانەوەی حكومەتە، ئەمڕۆ خەڵكی لەسەر شەقامە و داواكاریی زۆری هەیە، راستە بەشێك لەو بڕیارانەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی داویەتی، بڕیاری باشن، بەڵام ستراتیژی نین و لە داهاتوودا كاریگەریی دورمەودایان لەسەر دەوڵەت دەبێت، هەرچۆنێك بێت عادل عەبدولمەهدی خۆی كەسێكی ئابوورییە و هەنگاوی باشی ناوە، وەكو ئەوەی بڕیاری كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەی داوە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا رەنگە نەتوانێت جێبەجێیان بكات.
* ئێستا زۆر لە لایەنە سیاسییەكان دەیانەوێت هەموو داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بەلاڕێدا بەرن و لە هەمواركردنەوەی دەستوور و گۆڕینی سیستەمی حكومڕانیدا بچووكی بكەنەوە، ئایا دۆسێی هەمواركردنەوەی دەستوور بە كوێ گەیشتووە؟
- لێژنە بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور دامەزراوە و شەش ئەندامی كورد لە لێژنەكەدایە و لێژنەیەكی فراوانە و كار لەسەر دیاریكردنی ئەو ماددانە دەكەن كە پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە، بەپێی ئەو قۆناغەی كە ئێستا عێراقی تێدایە، دیارە هەمواركردنەوەی دەستوور كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەتی كە نووسینەوەی دەستوور هەر لە سەرەتادا بە شێوەیەك بووە كە بەرژەوەندیی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی تێدا تۆماركراوە، دەستبردن بۆ مافە دەستوورییەكانی ئەم نەتەوە و ئایین و ئایینزایانە وادەكات ئەمانە دژی رابوەستنەوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا جۆرێك لە زەمانەتی داوەتێ كە دەستكاریكردنی دەستوور كارێكی هێندە ئاسان نییە، كورد لە بەرامبەر دەستكاریكردنی دەستوور بە هەستیارییەوە مامەڵە دەكات و پێی باشە هەندێك ماددە و بڕگە دەستكاری بكرێت، كە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی تێدایە، بەڵام دەست نەبرێت بۆ بەرژەوەندیی گشتی و فیدڕاڵی و مافی گەلی كوردستان و دیموكراتییەت، واتە دەستكارییەكە بە شێوەیەك نەبێت بمانگەڕێنێتەوە بۆ زەمەنی دیكتاتۆریەت و مەركەزییەت و تاكڕەوی.
* هەر سەبارەت بە رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئایا پێشبینیی ئەوە دەكرێت كە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجە پارێزراو بێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی ساڵی 2020 جێگیر بكرێت؟
- لەوە دەچێت زۆر ئاسان نەبێت هەمان بەرژەوەندییەكانی كورد لە بودجەی ساڵی 2020 وەكو بودجەی ساڵی 2019 جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئەوەی دڵخۆشكەرە ئەوەیە كە لێكنزیكبوونەوە و گفتوگۆ هەیە و هەرێمیش لە بەرامبەر شایستە داراییەكان و داواكارییەكانی ئامادەیە نەوت رادەستی بەغدا بكات، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە لە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكانی داهاتووی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی مەركەزی عێراق بە كوێ دەگات. هەر خۆی لە خۆیدا لە ساڵی 2018ـەوە بڕێك پارە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە لە بەرامبەر ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان و نەوتی كەركووكیش لە عێراق لە رێگەی بۆرییەكانی هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی توركیا دەكرێت، ئەمە جۆرێكە لە رێككەوتنێكی سەرەتایی، بەوەی هەرێم و بەغدا پێویستە هەماهەنگی و هاوكاریی یەكتر بكەن لە ستراتیژەكردنی ئابووریی وڵاتدا، خۆ ئەگەر بتواندرێت ئەمە بەرەوپێشەوە ببردرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا زیاتر لێكتێگەیشتنیان هەبێت و باشتر هاوكاریی یەكتر بكەن، بێگومان بە شێوەیەكی گشتی هەموو وڵات قازانج دەكات و تەكامولێكی ئابووری لەنێوان هەردوو لادا دروست دەبێت.
Top