گرێگۆری ئەفتاندیلیان تایبەتمەندی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: پوتین لە هەوڵێكی چڕدایە بۆ برەودان بە دەستڕۆیشتوویی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
November 20, 2019
دیمانەی تایبەت
گرێگۆری ئەفتاندیلیان راوێژكار و توێژەر و وانەبێژە لە هەردوو زانكۆی بۆستن و زانكۆی ئەمریكی، هەروەها توێژەرە لە سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ماساشوسێتس-لوێڵ و توێژەری باڵایە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری سیاسەتی نەتەوەیی لە واشینگتۆن دی سی. خاوەنی 23 ساڵ كاركردنە لە نێو حكومەتی ئەمریكا وەك راوێژكاری سیاسەتی دەرەوە و شرۆڤەكاری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست ئەم ناوچەیەدا، لێرەدا پوختەی دیمانەكە دەخەینەڕوو.* هەروەك ئاشكرایە كە بە هۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا و دەستێوەردانی چەندین هێزی جیهانی و ئیقلمییەوە لەو شەڕەدا، دۆخی سووریا بە راددەیەكی زۆر ئاڵۆزە، بەم دواییەش سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بڕیارێكی مشتومڕهەڵگری لەبارەی سووریاوە دەركرد و بواری دا توركیا دەستێوەردان لەو وڵاتەدا بكات، ئێوە چۆن لەم بڕیارە دەڕوانن؟
- لە راستیدا ئەوە بڕیارێكی زۆر خراپ بوو كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەستبەرداری كوردی سووریا بوو و پشتی تێ كردن، بە تایبەتی كە ئەوان كاراترین هێز بوون كە بەرەنگاری داعش بوونەوە و شەڕیان لەگەڵدا كردن، هەروەها رێگەپێدان و هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان تاوەكو توركیا دەستێوەردان لە باكووری سووریا بكات، نیشانە و ئاماژە بوو بە لاوازیی ئەمریكا. هەرچەندە ئەوە راستە كە سەرەڕای كشانەوەی زۆربەی هێزەكانی ئەمریكا، بەڵام هێزێكی دیاریكراو لە نزیك كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەی دێرەزۆر نیشتەجێ دەكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت كە ئەمریكا دەستبەرداری كورد بوو لەو وڵاتەدا، لە كاتێكدا كورد زۆرترین قوربانی داوە لە شەڕی دژ بە داعشدا.
* پاڵنەر و هۆكارەكانی پشت دەركردنی ئەم بڕیارە چی بوون؟ ئایا ئەمە ئاماژەیە بە خواستێكی بەرفراوانتری ئەمریكا بۆ ئەوەی چیتر خۆی لە كاروبارەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نەگلێنێت؟
- ئاشكرایە ئەم بڕیارە ئەو راستییەی خستەڕوو كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ئاسانی دەستەبەرداری هاوپەیمانەكانی دەبێت، ئەمەش لە ئایندەدا دەرئەنجامی خراپی دەبێت لەسەر ئەگەری هاوپەیمانێتی ئەمریكا لەگەڵ هێزە خۆجێییەكاندا. دواتر دەبێت ئێمە بزانین كە ژمارەیەكی زۆر تیرۆریست هەن لە جیهاندا و ئەمریكاش ناتوانێت لە هەموو شوێنێكی ئەم جیهانە هێز بڵاو بكاتەوە، لەم رووەوە هیچ رێگاچارەیەك نییە جگە لە هاوكاریكردن لەگەڵ هێزە مەحەلییەكاندا.
* كەواتە دروستە ئەگەر بڵێین ئەم بڕیارە لەسەر نێوبانگی ئەمریكا وەك هاوپەیمانێكی متمانەپێكراو لەم ناوچەیەدا كاریگەریی زیانبەخش و خراپی هەبوو؟
- من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەگەر بێت و هێزە مەحەلییەكان پێشوەختە بزانن كە ئەمریكا دەستبەرداریان دەبێت، ئەوا كەمتر هاوكاری لەگەڵدا دەكەن، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین كە پابەندبوونەكانی ئەمریكا جێی متمانە نین، چونكە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئەوەی پیشانداوە كە بە شێوەیەكی كتوپڕ بڕیاری دەستەبەرداربوون و جێهێشتن دەدات و ئەو كاتە خەڵكی لەسەر ئاستە مەحەلییەكە ناچار دەبن، خۆیان رووبەڕووی چارەنووسی خۆیان ببنەوە. ئەمەش پێشبینییەكی خراپ دەهێنێتەئاراوە، هەر لەبەر ئەمەشە كە كۆنگرێسی ئەمریكا زۆر ناڕەحەت بوو لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست سووریادا.
* بەڵام ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەست نەكەوت كە پەیوەستە بە هۆكار و پاڵنەری پشت ئەم بڕیارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە، دەكرێت لەم بارەیەوە بدوێن؟
- سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016دا ئاماژەی بەوەدا كە دەیەوێت هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكێشێتەوە و لە هەمان كاتدا باسی لەوە دەكرد كە شەڕی عێراق لە ساڵی 2003دا مایەی كارەسات بوو بۆ ئەمریكا، ئەمەش هاوكاری بوو بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكاندا. لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆك ترەمپ لە وردەكاری و ئاڵۆزییەكانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێ ناگات، چونكە راستە بۆچوونی ترەمپ لە بارەی شەڕی عێراقەوە لە زۆر رووەوە راست بوو، چونكە ژیانی ئەمریكییەكانی تێدا بووە قوربانی، بە هەمان شێوە ژیانی زۆرێك لە هاووڵاتیانی عێراقیش، دەستكەوتێكی زۆریشی بەدوادا نەهات، بەڵام شەڕی دژ بە داعش مشتومڕێكی زۆری لێ نەكەوتەوە لە نێو رای گشتیی ئەمریكا، چونكە ژمارەیەكی زۆر كەمی سەربازی ئەمریكا بوونە قوربانی، واتە راستە رای گشتیی ئەمریكا پێی وابوو كە داعش رێكخراوێكی تیرۆریستیی توند و تیژە، بەڵام فشارێكی زۆری لەسەر ئیدارەی ئەمریكا دروست نەكرد بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو ناوچەیە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە ئەوا من پێم وایە پاڵنەری سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە كە دەیەوێت لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2020دا بە خەڵكی ئەمریكا رابگەیەنێت كە ئەو سەركەوتوو بووە لە كشاندنەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
* لە ئێستادا زۆر باس لەوە دەكرێت كە چیتر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەندازەی رابردوو گرنگ نییە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا و لەم روانگەیەوە ئەمریكا دەتوانێت دەستەبەرداری ئەم ناوچەیە بێت و لێی بكشێتەوە، بۆچوونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- پێم وایە ئەوە دەرئەنجامێكی نەخوازراو دەبێت بۆ ئەمریكا، چونكە بەرژەوەندییەكانی ئەو هێزانەی دیكە كە دەیانەوێت بێنە گۆڕەپانەكەوە و بۆشاییەكە پڕ بكەنەوە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا یەك ناگرنەوە، بە دەربڕینێكی دیكە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ گۆڕەپانی سووریا چۆڵ دەكات بۆ رووسیا و توركیا و ئێران و، بەرژەوەندییەكانی ئەم وڵاتانەش لەگەڵ ئامانجی هێنانەئارای دۆخێكی سەقامگیر و پڕ لە ئاشتی لە وڵاتی سووریا یەك ناگرنەوە. لەلایەكی دیكەوە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە كارێكی ئاسایی دەزانێت ئەگەر بێت و رووسیا رۆڵی گرنگ ببینێت لە سووریا، ئەمە لە كاتدا بەرژەوەندییەكانی رووسیا هەمان بەرژەوەندیی ئەمریكا نین لەو وڵاتەدا. كەواتە ئەگەر بێت و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكشێتەوە، ئەوا ئەمە نەك هەر بە زیان بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە دەشكێتەوە، بەڵكو خودی گەلانی ئەم ناوچەیە زیانمەند دەبن.
* ئاماژە بەوە دەكەن كە یەكێك لە دەرئەنجامەكانی ئەم بڕیارە بریتییە لە چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە بۆ هەندێ هێزی دیكە، بە تایبەتی رووسیا، بۆ ئەوەی بێن و بۆشاییەكە پڕ بكەنەوە، ئێوە چۆن لە رۆڵی رووسیا دەڕوانن، ئایا پێتان وایە بۆتە هێزێك كە هیچ لایەنێك ناتوانێت دەستبەرداری بێت؟
- كاتێك رووسیا دەستێوەردانی لە سووریادا كرد، ئەوا كاردانەوەیەكی نەرێنیی گەورە بەدی كرا لە نێو جیهانی عەرەبیدا دژ بەم دەستێوەردانە، چونكە لەو كاتەدا تێڕوانینەكە لە نێو جیهانی عەرەبیدا ئەوە بوو كە دەبێت ئەسەد لە دەسەڵات دوور بكەوێتەوە، لەبەر ئەوەی پێیان وابوو شەرعییەتی حوكمڕانیكردنی سووریای لەدەست داوە. بەڵام لە ئێستادا و لەبەر ئەوەی بەشار ئەسەد براوەی شەڕی ناوخۆیی بووە، ئەوا پێگەی رووسیا لەم ناوچەیەدا زیادی كردووە، چونكە ئەمە دەریخست كە رووسیا دەتوانێت بەرگری لە هاوپەیمانەكانی بكات، لە ئێستاشدا كار لەسەر ئەوە دەكرێت كە دووبارە سووریا بگەڕێندرێتەوە بۆ نێو جیهانی عەرەبی. كەواتە لە ئێستادا رۆڵی رووسیا لە بەرەوپێشچووندایە، ئەگەرچی دەستێوەردانەكەی لە سەرەتادا مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. لەلایەكی دیكەوە رووسیا رۆڵێكی ناكۆكی هەڵگر دەبینیێت لە لیبیادا بە پشتیوانیكردنی ژەنەڕاڵ حەفتەر لە دژی حكومەتەكەی تەرابلوس. بە هەمان شێوە رووسیا دەیەوێت رۆڵێكی زیاتر لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی كەنداو ببینێت، بینیمان سەرۆك ڤلادمیر پوتین سەردانی عەرەبستانی سعودیە و ئەبو زەبی كرد و لەگەڵ سەركردەكانی كەنداو كۆبووەوە.
* دەكرێت لە دەرئەنجامی وەڵامەكەی پێشوەوە بڵێین كە لە ئێستادا رووسیا دەیەوێت هەمان رۆڵی یەكێتی سۆڤێت ببینێت لە سەروەختی شەڕی سارددا؟
- بە تێڕوانینی من رووسیا دەیەوێت هەمان رۆڵی سەروەختی جەنگی سارد دووبارە بكاتەوە، ئەگەرچی بە دڵنیاییەوە لە ئێستادا ئەو دابەشبوونە ئایدیۆلۆژییە لە ئارادا نییە كە لە سەروەختی جەنگی سارددا هەبوو، چونكە لە ئێستاشدا ئەمریكا و رووسیا لە ململانێدان لەم ناوچەیە و پێدەچێت سەرۆك پوتین لە هەوڵی چڕدا بێت بۆ برەودان بە دەستڕۆیشتویی رووسیا لەم ناوچەیەدا.