ماجید شنگالی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەم كاتە هەستیارەدا جەختكردنەوە بوو لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان

ماجید شنگالی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:  سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەم كاتە هەستیارەدا جەختكردنەوە بوو لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان
سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و حزب و لایەنە عێراقییەكان و كوتلە سیاسییەكان، لە بارودۆخێكی هەستیاردا هات كە عێراق تووشی ناسەقامگیری و خۆپیشاندانی بەرفراوان بووەتەوە، هەر بۆیە سەرۆكی هەرێم جەختی لەسەر پشتگیریی هەرێم بۆ سەقامگیریی عێراق و پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوەو، پاڵپشتیی داوا رەواكانی خۆپیشاندەرانیشی كرد، بۆ قسەكردن لەسەر گرنگیی سەردانەكە و دۆخی ئاڵۆزی عێراق، دیدارێكمان لەگەڵ ماجید شنگالی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە بارودۆخێكی هەستیاردا هات، كە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، هەنگاوێكی گرنگیش بوو بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئایا گرنگیی ئەم سەردانە لەم بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی عێراقدا چۆن دەخوێننەوە؟
- سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەم بارودۆخە هەستیارەدا زۆر گرنگ بوو، بەتایبەتی كە لەمیانەی ئەم سەردانەدا لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانییە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و، گفتوگۆی لە بارەی قەیرانی سیاسیی عێراق و خۆپیشاندانەكانەوە كرد، ئەمە جیا لەوەی لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە هاوپەیمانین لە حكومەتی عێراقدا، باس لە مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان كرا، دیارە سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر بە راشكاوی لەم سەردانەدا جەختی لەسەر دوو پرسی سەرەكی كردەوە، یەكەمیان پشتگیری هەرێمی كوردستان بۆ سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا، دووەمیشیان پشتگیریكردن بوو لە سەرجەم داواكارییەكانی خۆپیشاندەران، بێگومان ئاشكراشە كە داوا رەواكانی خۆپیشاندەران، دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویستە كە هەر لە دوای ساڵی 2003وە تا ئێستا نەتوانراوە بۆیان جێبەجێ بكرێت، ئەمەش دۆخ و گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراقی سەخت كردووە، وێڕای ئەمانەش ئێستا لە عێراقدا هەندێك پرسی نوێ هاتوونەتە پێش، وەك هەمواركردنەوەی دەستوور، پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و گۆڕینی سیستمی حكومڕانی لە عێراقدا، هەموو ئەمانە لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەكان قسە و باسی لەسەر كراوە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەمواركردنەوەی دەستوور و دەستكاریكردنی زۆر لە بڕگەو ماددەكان پێویست بەوە دەكات كە لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆ و رێكەوتنی لەسەر ئەنجام بدەن، هەروەها هەمواركردنەوەی ئەم پرسە هەستیارە پێویستە لە كەشوهەوایەكی ئارام و سەقامگیردا بەڕێوەبچێت، نەك لەم دۆخە ناهەموار و ناسەقامگیرەدا كە ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەمە جگە لەوەی هەمواركردنەوەی دەستوور و دەستكاریكردنی ئەو بڕگانەی تایبەتن بە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستانەوە، پێویستیان بەوە هەیە بە گفتوگۆ و دانوستان و رێككەوتن ئەنجام بدرێن، چونكە هەندێك مەسەلە هەیە كورد ناتوانێت قبووڵی بكات، وەكو گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانیی عێراق لە شێوازی فیدڕاڵی و پەڕلەمانییەوە بۆ شێوازێكی دیكەی حوكمڕانی، یان دەستێوەردانی مافەكانی هەرێم بە ماددەی 140ی تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكانیشەوە.
* ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە پرسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020 گفتوگۆیەكی زۆری لەسەر دەكرێت و بڕیارە بەم نزیكانە بنێردرێتە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی، ئایا تاچەند ئەم سەردانە كاریگەریی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیەدا دەبێت؟
- هەموو كات وابووە، لە سەروبەندی گفتۆگۆكانی تایبەت بە بودجەی عێراق مشتومڕ و كێشەوگرفت لەنێوان هەرێم و بەغدا روودەدات، چونكە لە عێراقدا بەهیچ شێوەیەك كار بە دەستوور و یاساكان ناكرێت، هەر بۆیە لەگەڵ ئامادەكردنی بودجەكە تاكو پەسەندكردنی، ئەو كێشەو گرفتانە روودەدەن، دەرئەنجام هەرێم و بەغدا پێویستە كاربكەن بۆ واژۆكردنی رێككەوتنێكی گرنگ، كە هەمووان مافەكانیان وەربگرن، دیارە ئێمە مافمان لەبەغدا هەیە و، نابێت جیاوازی لە نێوان فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق بكرێت، هەروەها هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە بەپێی دەستوور بەشێكە لە سیستمی بەرگریی عێراق، كەچی لە ماف و ژمارەدا كەمتر حیسابی بۆ دەكرێت، ئەمە لەكاتیكدا حەشدی شەعبی تەنیا یەك دوو ساڵە دامەزراوە، بەڵام ماف و ئیمتیازەكانی زۆر بە باشی دابین كراوە، بۆیە پێویستە بەغدا كێشەكانی خۆی لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆی چارەسەر بكات و هەموو ئەو كێشانە نەخاتە سەر شانی كێشەكانی دارایی و نەوت، كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروستی كردووە.
* خۆپیشاندانەكان دۆخێكی ناسەقامگیریان بۆ عێراق دروست كردووە، تەنانەت كاریگەریان لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەیە، ئایا خوێندنەوەت بۆ ئەم خۆپیشاندانانە چییە؟
- خۆپیشاندانەكانی عێراق بەهۆی كێشە كەڵەكەبووەكانی رابردووە بووە و بە پلەی یەكەم مەسەلەی تەشەنەكردنی گەندەڵی لەناو دەستەبژێری دەسەڵاتداری عێراقدا، هەروەها هەموو ئەو بەڵێنانەی بۆ چاكسازی لە ماوەی 15-16 ساڵی رابردوو لەلایەن ئەم دەستەبژێرەوە دراون، هەموویان وەك پەرچەكردای داواكاریی هاووڵاتیان بوون، نەك هەوڵیاندابێت كێشەكە چارەسەر بكەن، راشكاوانەتر ئەم دەستەبژیرەی حوكمڕانیی عێراق لە ئێستادا كار لەسەر دروستبوونی دەوڵەتێك ناكەن كە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دامەزرابێت، بەڵكو كار بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی حزبی دەكەن، كە كار لەسەر بەرژەوەندیی كوتلە سیاسییەكان بكات و چارەسەركردنی ئەو هەموو كێشە و گرفتانەی خەڵكی پەراوێز خراون، هەر بۆیە بە تەئكید خەڵك مافی رەوای خۆیەتی داوای چارەسەركردنی ئەم گەندەڵییە و گۆڕینی نیزامی حوكمڕانی بكات، لەهەمان كاتیشدا خۆپیشاندانەكان دەستی لایەنی ئیقلیمی و دەرەكیشی تێدایە، بەتایبەتی لایەنی ئێرانی و ئەمریكی، هەمووان دەزانن ململانێیەكی توندی ئەم دوو هێزە لە عێراقدا بوونی هەیە و ئەمریكا دركی بە فراوانبوونی نفووزی ئێران لە عێراقدا كردووە، بەتایبەتی دوای سەركەوتنی لیستەكانی فەتح و حەشدی شەعبی و دەوڵەتی یاسا و كوتلە سیاسییەكانی دیكە لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018، ئەمەش وایكردووە لە ناو پەرلەمانیشدا زۆرینەیەكی بەرچاو لایەنگریی ئێران بكەن. ئەمە لایەكیان، بەڵام لایەكەی دیكە بەشێكی زۆر لەو هێز و لایەنە سیاسییانەی عێراق كە هەوڵیانداوە داواكاری راستەقینەی هاووڵاتیان بەلاڕێدا بەرن و گۆڕیویانە بۆ گۆرینی شێوازی حوكمڕانیی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی و هەمواركردنەوەی دەستوور، ئەمە فێڵێكە لە خۆپیشاندەران دەكرێت، لەبەر ئەوەی نەهامەتییەكانی خەڵكی عێراق لەو سەدان ملیار دۆلارە گەندەڵییەوە سەرچاوە دەگرێت كە خودی ئەو حزب و هێزە سیاسییانە لە میانەی بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە ئەنجامیان داوە و بەرپرسن لە بەهەدەردانی نزیكەی یەك ترلیۆن دۆلار.
* زۆر باس لە بەهەدەردانی ئەو بڕە پارە گەورەیە دەكرێت، ئایا هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو بوارانە هەیە كە گەندەڵی تێیدا تەشەنەی كردووە؟
- لە باسكردنی گەندەڵیدا پێویستە واقیعی بین. بەوەی گەندەڵی تەنیا لە بودجەدا نییە، بەڵكو لە زۆر بواری دیكەدا هەیە، هەموومان دەزانین بودجەی عێراق بودجەیەكی بەكارخستنە و نیوەی بودجەكە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی عێراق دەچێت، نیوەكەی دیكەشی بۆ بەگەڕخستنی دامودەزگاكانی حكومەت و هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و هەندێك بواری كەمی خزمەتگوزارییەكان دەچێت، زۆربەی بەهەدەردانی دارایی گشتیی عێراق لە نیوەی دووەمی بودجەكەدایە، كەچی ئەم لایەنە زۆر باسی لێوە ناكرێت، بۆ نموونە: بانكی ناوەندیی عێراق بە شێوەی زیادكردنی ئاشكرا (مەزاد) رۆژانە 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێتە كۆمپانیا و بانك و دامەزراوەكانی سەر بە حزب و كوتلە سیاسییەكان و كەسایەتییەكانی ناو ئەو حزبانە، لە80%ی ئەو پارەیەش بۆ هێنانی كاڵاو كەلوپەل و پێداویستیەكانی عێراقییەكان دەڕواتە دەرەوەی وڵات، بەڵام پارەی گومرك و رسومات و باجی ئەو شمەك و كاڵایانە دیار نییە، ئەمە وێڕای بەهەدەردانی سەدان دۆنم زەوی كە بە هەرزان وەكو موساتەحەی 40 بۆ 50 ساڵە دراوەتە كۆمپانیاكانی ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی عێراق، كە دەستیان لە ئاودیوكردنی نەوت و سووتەمەنی و چەندین گەندەڵیی دیكەدا هەیە.
* لەگەڵ بوونی ئەم گەندەڵییە فراوانە و بەهەدەردانی دارایی گشتی، بەتایبەتی لە بواری نەوت و غازدا، ئایا رۆڵی پەرلەمانتارەكانی هەرێمی كوردستان لە بەدواداچوونی ئەم دۆسێ گرنگەدا چییە؟
- بە دڵنیاییەوە كورد لە لێژنەكانی دارایی و نەوت و وزە 4-5 ئەندامی هەیە، ئەم پەرلەمانتارانەش هەموو مافێكیان هەیە بۆ بەدواداچوون و پرسیاركردن لەسەر داهاتی ئەو نەوتەی لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت، یان ئەو نەوتەی لە ناوخۆدا لە رێگەی كۆمپانیاكانەوە بەكار دەهێنرێت و، وەكو بەرهەمهێنانی ناوخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. كێشەكە لەوەدایە تا ئێستا هیچ داتاو زانیارییەكی راستەقینە لەسەر دۆسێی نەوت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق نییە و هیچیش پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق نەكراوە، تەنانەت فرۆشتنی غاز لە بودجەدا ئاماژەی پێ نەكراوە، هەروەها باسی ئەو كێڵگە هاوبەشانەی نەوتی نێوان عێراق و ئێرانیش ناكرێت، ئەمە جگە لەو 750 ملیۆن بەرمیلەی نەوتیش كە لە ناوخۆدا بەكار دەهێنرێت قسەی لەسەر ناكرێت، هەموو ئەمانە پێویستە نوێنەرانی كورد قسەی جددی لەسەر بكەن و تەنیا رۆڵی بەرگریكردن نەگێڕن لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی كورد دەكرێت، بەوەی گوایە تەنیا پارە وەردەگرین و نەوت و داهاتەكەی تەسلیم ناكەین، ئەوان دەڵێن هەرێمی كوردستان بودجەی لە 17%ی خۆی وەردەگرێت، لەكاتێكدا ئێستا ئەم برە كەم كراوەتەوە بۆ 12.6% و دوای بڕینی خەرجییە سیادییەكان پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا لە باشترین حاڵەتیدا زۆر كەمتر دەبێتەوە لە 9.5 بۆ 10.%
* ئەمڕۆ پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەیە، بەتایبەتی دوای ئەو لێكتێگەیشتنەی لە نێوان هەردوو لا دروست بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لەم پێناوەشدا لێژنەی هاوبەش دروست كراوە، ئایا تاچەند بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەم كێشانە ئومێدێك هەیە؟
- خۆپیشاندانەكانی عێراق زیانیان بە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا گەیاندبوو، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەمڕۆ پەیوەندییەكی باش لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەیە، ناكرێت هەرچی شكستی سیاسی و گەندەڵی و كێشەی كەڵەكەبووی چەند ساڵی رابردوو هەیە، بخرێتە سەرشانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، ناكرێت هەرچی كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق هەیە لە مەسەلەی نەوت و هەندێك كێشەی بودجە و داراییدا بچووك بكرێتەوە، ئێمە ئەمڕۆ كێشەی جێبەجێنەكردن و پابەندنەبوون بە دەستوورەوەمان هەیە، كەچی ئەوان داوای هەمواركردنەوەی دەكەن، لە عێراقدا تا ئێستا ئەنجومەنی فیدڕاڵی دانەمەزراوە، كە بنەمای سەرەكیی هەموو دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە.
* ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە یەكێك لەو دۆسێ و مەسەلە گرنگانە دادەنرێت كە لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئایا یەكلا نەكردنەوەی ئەو كێشەیە و دواكەوتنی چارەسەرەكان تاچەند مەترسیی لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتووانی ئەو ناوچانە هەیە، بەتایبەتی لە شنگال و دەشتی نەینەوا؟
- من زیاتر دەمەوێت باسی هەردوو ناوچەی شنگال و دەشتی نەینەوا بكەم، لە شنگال پەكەكە و حەشدی ئێزیدی و حەشدی عەشائیری و حەشدی شەعبی و چەندین گرووپ و میلیشیای دیكە بە ناوی جۆراوجۆرەوە هەن، خەڵكیش متمانەیان بەهیچ یەكێك لەو هێزانە نییە و بێ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە كە خاوەنی خاك و خەڵكی رەسەنی ناوچەكەیە، هەرگیز خەڵكی ئەو ناوچانە ناگەڕێنەوە، سەبارەت بە دەشتی نەینەواش حەشدی عەشائیری بە ناو حەشدی شەبەك و حەشدی شەعبی چەندین كاری خراپ و ئازاردانی خەڵكیان ئەنجام داوە، تەنانەت دەرهەق بە پێكهاتەی شەبەكیش كاری خراپیان ئەنجام داوە، ئەوان سەرقاڵی داگیركردن و كڕینی ماڵ و موڵكی پێكهاتەكانی مەسیحی و ئێزیدییەكانن تاوەكو ئەو هێڵە كۆنتڕۆڵ بكەن كە لە بەعشیقەوە بەرەو بەرتڵە و تەواوی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا دەڕوات، بەڵام هەموو ئەم داگیركاری و تاڵانییانە بە گەڕانەوەی خەڵكە رەسەنەكە و هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە كۆتایی دێت .
Top