ئاشتی حەمید بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر بۆ گوڵان: قەرەباڵغیی شەقامەكان بە سیستمی گواستنەوەی گشتی و دروستكردنی ئۆڤەر پاس و ئەندەر پاس چارەسەر دەكرێت
November 20, 2019
دیمانەی تایبەت
جەنجاڵی و قەرەباڵغی و خنكاندنی ترافیك لەكاتی دەوامی بەیانیان و ئێواراندا بۆتە دیاردەیەكی بیزاركەر لە سەر شەقامەكانی هەولێر و بە جۆرێكە كە هاووڵاتی ماوەیەكی زۆری دەوێت تا دەچێتە سەر كارەكەی، یان بە پێچەوانەوە كاتێك بۆ ماڵەكەی دەگەڕێتەوە. بۆ چارەسەركردنی بەهەدەر چوونی كات و ئەم كێشەیە، ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی كە ئەندامن لە لێژنەكانی پارێزگای هەولێر، پێشنیاریان كردووە، چوار ریانەكان دابخرێت، ئەم هەنگاوە لەگەڵ ئەوەی لە هەندێك شوێن تا راددەیەك قەرەباڵغییەكەی كەم كردۆتەوە، بەڵام لە هەندێك شوێنی دیكە بۆتە هۆكاری ئەوەی قەرەباڵغییەكە زیاتر بێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەو كێشە و گرفتانە ئەم دیدارەمان لەگەڵ ئەندازیاری راوێژكار ئاشتی حەمید بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر ئەنجام داو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* لە ماوەی یەك دوو مانگی رابردوو ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر كۆمەڵێك گۆڕانكاریی زۆر باشی كردووە و گەلێك لە ترافیك لایتەكانی نەهێشتووە، بەو حیسابەی كە قەرەباڵغی و جامبوونی شەقامەكان چارەسەر بكات، ئایا لە سەر چ بنەمایەك ئەو گۆڕانكارییەتان كردووە و تا چەند لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا ئاكامی باشی بەدەستەوە داوە؟
- بڕیاردان لەسەر داخستنی چوارڕییانەكان لەلایەن لێژنەیەكەوە دەكرێت كە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە ئاراستە دەكرێت و ئێمەش وەك ئەندازەی هاتوچۆ ئەندامی ئەو لێژنەیەن، ئەم لێژنەیە گەلێك جار بابەتەكانی تایبەت دەبێت بە پەرەپێدان و رێكخستنی هاتوچۆی ناو شار، بۆیە پێشنیار دەكرێت كە بە شێوەیەكی ئەزموونكاری بەشێك لەو چوارڕییانە دابخرێن، بۆ ئەوەی بزانرێت سەركەوتن بەدەست دەهێنێت، یان نە، بۆ ئەم مەبەستە ئێستا (9) چوارڕێیانمان لە هەولێر داخستووە، بەشێكیان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە، وەك چوارڕێیانی عەنكاوە، بەڵام بەشێكی دیكەیان وەك چوارڕێیانی لای بەنزیخانەی ئاكار تا ئێستا دوودڵین لەسەری و هەر بە شێوازی ئەزموونكاری ماوەتەوە و بە تەواوەتی نەبۆتە بڕیار كە ئەو چوارڕییانە دابخرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو چوارڕییانە دوو سووڕانەوەی تێدایە كە یەكێكیان لای قوتابخانەی (ئەحمەدی خانی)ـە و ئەوی دیكەشیان لای (هۆتیل كریستاڵ)ـە، ئەو دوو سووڕانەوەیە جەنجاڵی و قەرەباڵغیی زۆر دروست دەكەن، بۆ نەتوانراوە دوابڕیار لە داخستنی چوارڕێیانی ئاكار بدرێت، سەبارەت بە داخستنی چوارڕێیانی فولكەی زەراعەش، ئەویش تا راددەیەك سەركەوتوو نەبووە، لەبەر ئەوەی ئەو چوارڕییانە لەسەر شەقامی 40 مەتریە و خۆشتان دەزانن شەقامی 40 مەتری بازنەییە، بۆیە بە داخستنی ئەو چوارڕییانە بازنەی شەقامی 40 مەتری لێك جیا كردووەتەوە، واتە ئەویش سەركەوتوو نەبووە. بۆیە پەنابردن بۆ داخستنی چوارڕییانەكان چارەسەری ریشەیی نییە بۆ جەنجاڵی و قەرەباڵغیی شەقامەكان، بەڵام لەبەر ئەوەی كارێكی ئاسان و بێ خەرجییە، بە ناچاری پەنای بۆ دەبرێت، هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی شەقامەكان بدۆزینەوە، ئەوا دەبێت پەنا بۆ دروستكردنی ئەندەر پاس و ئۆڤەر پاس و تونێڵ و پردی پەڕینەوە ببەین، ئەمەش بودجەیەكی زۆری دەوێت و لەوانەیە لە توانای ئێستای حكومەت گەورەتر بێت.
* دیارە جەنجاڵی و قەرەباڵغی و خنكاندنی شەقامەكان لە كاتی دەستپێكردنی دەوام و پاش نیوەڕۆش لە دوای كۆتاییهاتنی دەوامەوە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە خەڵكی بە تەواوی بێزار كردووە، ئایا تا چەند ئەم حاڵەتە هەڵوەستەی لەسەر كراوە و بیر لەوە كراوەتەوە بەرنامەی بۆ دابنرێت و چارەسەر بكرێت؟
- وەك لە پرسیاری پێشوو ئاماژەم پێكرد، چارەسەری ریشەیی بۆ ئەم پرسە، دروستكردنی ئۆڤەر پاس و ئەندار پاس و هەروەها تونێل و پردی پەڕینەوەیە، ئەمەش ئەركێكە دەكەوێتە سەر شانی وەزارەتی شارەوانی، ئەوەی دەكەوێتە سەر شانی ئێمە، رێكخستنی هاتوچۆیە و ئەویش دانانی هێماكانی هاتوچۆیە، بێگومان كێشەی جەنجاڵی و قەرەباڵغیی ترافیك، بە تەنیا كێشەی وڵاتی ئێمە نییە، هەر بۆ نموونە لە شارێكی وەك دوبەی كە بە جوانترین شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، من خۆم لەوێش بینیومە، بەڵام سەبارەت بە جەنجاڵی و جامبوونی ترافیك لە شەقامەكانی هەولێر، چەند هۆكارێك هەن، كە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەكەم:
1. لەكاتی دەوامی بەیانیاندا هەموو خەڵك لە یەك كاتدا دێنە دەرەوە و لە یەك كاتیشدا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.
2. لەبەر ئەوەی سیستمێكی گواستنەوەی گشتیی باشیشمان نییە، ئەوا بەشی هەرە زۆری خەڵكەكە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆی دێتە دەرەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە ئەو جەنجاڵی و جامبوونە لە شەقامەكاندا رووبدات.
سەبارەت بەم لایەنە ئەگەر تەنیا بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی هاتوچۆ بە نموونە وەربگرین، كە تەنیا 100 كارمەندمان هەیە، پێش چەند ساڵێك هەر 100 كارمەندەكە بە پێنج پاس دەهاتن بۆ دەوام، بەڵام ئێستا كەسیان بە پاس نایەن و بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان دێن، ئەمەش مانای ئەوەیە لە بری پێنج پاس، ئێستا 100 سەیارە دێتە دەرەوە.
* كێشەیەكی زۆر مەترسیدار كە بێ چارەسەر ماوەتەوە، كێشەی ماتۆڕسكیل و ئەو عەرەبانانەن كە بە ماتۆڕسكیل دەڕۆن، دیارە ماتۆڕسایكل لە هەموو وڵاتێك هۆكارێكی گرنگن بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان و كەس داوای ئەوە ناكات، قەدەغە بكرێن، بەڵام نەبوونی بەرنامەش بۆ رێكخستنی هاتوچۆیان و پابەندنەبوونیان بە یاساكانی هاتوچۆ، ئەویش مەترسییەكی گەورەیە، ئایا دەكرێت هۆكارێكی گواستنەوە بەو رێژە زۆرە لەسەر شەقامەكان بوونیان هەبێت و هیچ یاسایەك نەبێت سنووریان بۆ دابنێت؟
- ئەم پرسە ناكەوێتە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتیی ئێمە، بەڵام هەفتەی رابردوو بەشداری كۆبوونەوەیەكی پارێزگا بووم، بەڕێزان پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەولێریش تێیدا بەشدار بوون، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەم گرفتە كرا و بەتایبەتی كە ماتۆڕسكیل و ئەو عەرەبانانەی پێیان دەگوترێت (توك توك) بوونە هۆكاری چەندین رووداوی هاتوچۆ، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیەش بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دەستی بەسەر نزیكەی چوار هەزار ماتۆڕسكیلی بێ مەنافێست و بێ تابلۆدا گرتووە كە پابەندی یاساكانی هاتوچۆ نەبوون، پاشان ئەو ماتۆڕسكیلانە تێكشكێندراون و پارچەكانی دراونەتە كارگەی شیش دروستكردن، بۆیە پشنیارێك هەبوو كە هەڵمەتێك بكرێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەموو ئەو ماتۆڕسایكلانەی كە مانیفێست و تابلۆیان نییە و پابەندی یاساكانی هاتوچۆ نابن، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا لە كاتێكدا هاتنی ماتۆڕسكیل لە خاڵە سنوورییەكان و دەروازەكان قەدەغە كرا، چۆن رێگە لەم دیاردە ترسناكە دەگیرێت؟ واتە گریمان هاتنی ماتۆڕسكیل لە خاڵە سنوورییەكان قەدەغە كرا، ئەی ئەو ژمارە زۆرەی لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە دێن، بەتایبەتی عەرەبانەكان كە پێی دەڵێن (توك توك) ئەوە چۆن كۆنتڕۆڵ بكرێت؟ بۆیە لێرەدا پێشنیاری من ئەوەیە كە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ، هەڵمەتێك بكات بۆ ئەوەی ماتۆڕسایكل و ئەو عەرەبانانەش كە ماتۆڕسایكلن، هەموویان مانیفیست دەربهێنن و تابلۆیان بۆ دابنرێت، هەروەها دەبێت ئەو كەسەی ماتۆڕسكیل لێدەخوڕێت، موڵەتی لێخوڕینی هەبێت و كڵاوی تایبەتی لەسەر بكەن و بەپێی یاساكانی هاتوچۆ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
* لە زۆر وڵات كێشەی جەنجاڵی بە سیستمی گواستنەوەی گشتی چارەسەر كراوە، ئایا ناكرێت ئێمەش ئەم كێشەیە بەو سیستمە چارەسەر بكەین؟
- سیستمی گواستنەوەی گشتی، ئەركی وەزارەتی گواستنەوەیە، لەو كۆبوونەوانەش كە ئێمە تێیدا بەشدار دەبین، باس لە سیستمی گواستنەوەی گشتی كراوە، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی هاتوچۆ ئامادەباشیمان پیشان داوە بۆ ئەوەی هاوكاریی تەواویان بكەین، هەر بۆ نموونە ئێمە پێمان باشە كار لەسەر پڕۆژەی ترام بۆ هەولێر بكرێت، ئەم پرۆژەیە وەك پڕۆژەیەكی گواستنەوەی گشتی كاریگەری گەورەی لەسەر كەمكردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵغیی شەقامەكان دەبێت، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە سەركەوتوو بێت، ئەوا ئێمە ئامادەین بۆ رێكخستنی ترافیك هێمای هاتوچۆ دابنین و هاوكاریی تەواوی بكەین.
* هاتنە ناوەوەی بارهەڵگرەكان لە شەقامی 120 مەترییەوە بەرەو شەقامی 100 مەتری لە شەقامی سەرەكیی هەولێر – كەركووك تا دەگاتە بەردەم بینایەی ئاسایشی گشتی، ئەویش بەیانیان جەنجاڵییەكی زۆر و خنكاندن لەو شەقامە سەرەكییە دروست دەكات، لە ئێستادا كە جوانترین پرد لەسەر شەقامی 120 مەتری هەیە، بۆ رێگە دەدرێت ئەو بارهەڵگرانە بەرەو شەقامی 100 مەتری بێن؟
- لەسەر جەنجاڵی و قەرەباڵغیی ئەو شەقامە سەرەكییە ئێمە رۆژانە بەدواداچوون دەكەین، هۆكاری سەرەكیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سووڕانەوەیەی لە نزیك بینایەی ئاسایشی گشتی هەیە، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم شەقامە رێگەیەكی سەرەكیی هاووڵاتیانە و قەرەباڵغییەكی زۆری زانكۆی سەلاحەدینی لەسەرە، ئەوا بەیانیان خنكاندن لەناو شەقامەكە دروست دەبێت، بۆیە ئێستا رێگە نادرێت بارهەڵگری گەورە بێنە سەر شەقامی 60 مەتری، ئەگەر رێگە نەدرێت بەرەو 100 مەتریش بێن، كێشەكە چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەم خاڵە پەیوەستە بە تەواوبوونی دوابەشی شەقامی 120 مەتری، ئەگەر لەسەرەتای ساڵی داهاتوو بازنەی شەقامی 120 مەتری بە تەواوەتی تەواو بێت، رێگە نادرێت ئەو بارهەڵگرانە بەرەو شەقامی 100 مەتری بێن و دەبێت تەنیا بە شەقامی 120 مەتری تێپەڕن.
* ئەگەر پرد و تونێلی پەڕینەوە زیاتر بكرێت بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتیان لە شەقامەكان، ئایا نابێتە فاكتەرێك بۆ كەمبوونەوەی جەنجاڵی، چونكە زۆر جاران بەتایبەتی لەكاتی دەوامی بەیانیان پەڕینەوەی هاووڵاتیانیش هۆكارێكە بۆ دروستبوونی ئەو جەنجاڵییە؟
- بۆ رێكخستنی پەڕێنەوەی هاتوچۆی هاووڵاتیان لە شەقامە گشتییەكان، بە تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 30 هەزار مەتر دووجا، هێڵی سوور و سپیمان لە 158 شوێن بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتیان دروست كردووە، بەڵام دروستكردنی پرد و تونێل بۆ پەڕینەوە، ئەمەیان دەبێت وەزارەتی شارەوانی بیكات بە پڕۆژە، هەر بۆ نموونە ئێستا چەندین پرد لەسەر شەقامی 60 مەتری و شەقامی شۆڕش دروست كراون و هاووڵاتیان سوودی لێ دەبینن، بەڵام هەندێك تونێلیش دروست كراون، بەداخەوە هاووڵاتی ناتوانێت بۆ پەڕینەوە بەكاری بهێنێت، لەبەر ئەوەی زۆر پیس بوون و پاك نەكراونەتەوە. هەروەها گرنگە دروستكردنی پردی پەڕینەوە ببێتە یەكێك لە ئەركەكانی ئەو مۆڵە گەورانەی كە لەسەر شەقامە گشتییەكانن، بۆ نموونە فاملی مۆڵ پردێكی كارەبایی زۆر جوانی دروست كردووە، بۆیە ئەگەر بزنێسمان و خاوەن مۆڵەكان ئەم هاوكارییە بكەن، ئەوا هەم پەڕینەوەی هاووڵاتیان ئاسان دەبێت و هەم رووداوی هاتوچۆش كەم دەبێتەوە.
* لە رێگاكانی دەرەوەی شار و نێوان شار و شارۆچكەكانی هەولێر هێما و نیشانەكانی هاتوچۆ زۆر كەمە، ئایا لە بەرنامەتاندا هەیە لەم كابینە تازەی حكومەتی هەرێم دەست بكەن بە دانانی ئەو هێمایانەی هاتوچۆ كە پێویستن؟
- بەرنامەمان داناوە بۆ ئەوەی لە هەموو رێگاكانی دەرەوەی هەولێر كە ژمارەیان 52 رێگایە هێماكانی هاتوچۆ دابنێن، ئەم ریگایانەش هەمووی پێكەوە زیاتر لە 800 كیلۆمەترە و لە هەموویان هێمای هاتوچۆ دادەنێین، لەناو شاری هەولێریش زیاتر لە 21 هەزار هێما و نیشانەكانی هاتوچۆ لەسەر شەقامەكان دانراون، هەروەها دوای ئەوەی چەند رووداوێكی هاتوچۆی ناخۆش لە شەواندا لە شەقامی 120 مەتری روویاندا، ئێستا هێماكانی سەر ئەو شەقامەشمان زیاتر كردووە.