دانا عەبدولكەریم حەمە ساڵح وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: پلانمان بەو جۆرەیە كە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا 12 هەزار یەكەی نیشتەجێ بۆ خەڵكی كەمدەرامەت
November 19, 2019
دیمانەی تایبەت
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو وەزارەتە گرنگانەی كە بەشێكی گرنگی كارەكەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێیە و ئەوەش پەیوەندیدارە بە هاووڵاتیانی كەمدەرامەت و كرێنشینەوە، بەشە گرنگەكەی دیكەی كاری ئەم وەزارەتە پەیوەندیدارە بە ئاسانكاری بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان و ئەنجامدانی ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەیە كە بوارەكانی رێگەوبانەكان و هێڵی شەمەندەفەڕ و تەلار و باڵاخانەی گشتی دەگرێتەوە، لەمەش زیاتر دەكرێت بڵێین یەكێك لە هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی گشتی لەم وەزارتەوە دەستی پێ كرد، كە ئەویش نۆژەنكردنەوەی تەواوی رێگاكانی نێوان شار و شارۆچكەكانی كوردستانە، ئێستا كار بۆ ئەوە دەكەن كە لە ئایندەیەكی نزیكدا تونێلی مەسیف – شەقڵاوە تەواو بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی ئەم وەزارەتە گرنگە، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ ئەندازیار دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ئەنجام دا، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.هەموو رێگە سەرەكییەكانی نێوان شارەكانی كوردستان و دەروازە سنوورییەكان دەكەینە دووساید
بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی وەزارەت لەسەر رەهەندە گشتییەكانی بەرنامەی كابینەی نۆیەم داڕێژدراوە
* بەشێكی گرنگی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دەستی پێ كرد، كە ئەویش تەرخانكردنی بڕێك پارە بوو بۆ چاككردنەوەی رێگاوبانەكانی كوردستان پێش وەرزی باران بارین، هەروەها تەرخانكردنی برێك پارە بوو بۆ تەواوكردنی تونێڵی مەسیف – شەقڵاوە، ئایا ئەم پرۆژانە گەیشتوونەتە كوێ و تاچەند رێگاوبانەكان چاك كراونەتەوە و ئایا لەكاتی خۆیدا تەواو دەكرێن؟
- دوای یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی راویژكاریمان لەسەر ئاستی وەزارەت گرێ دا و لەو كۆبوونەوەیەدا بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەكانمان راسپارد بەپەلە دەرخستەیەك ئامادە بكەن بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگا سەرەكییەكانی هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، دوای تەواوبوونی دەرخستەكان، پێشكەشی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانم كرد و جەختم لەسەر ئەوە كردەوە ئەگەر پەلە نەكرێت لە چاككردنەوەی رێگاوبانەكان، ئەوا لە وەرزی بەفر و باران بارین لەوانەیە بەشێك لەو رێگایانە نەتوانرێت هاتۆچۆی پێدا بكرێت، بێگومان سەرۆكی حكومەتیش بە سوپاسەوە رەزامەندی پیشان دا لەسەر تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ ئەو پرۆژانە و بڕی 40 ملیار دیناری بۆ تەرخان كرد، دوای ئەمەش دەستمان كرد بە دانانی پلانێك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، ئەوە بوو پارێزگای دهۆكمان كردە 8 زۆن و پارێزگای هەولێر 6 زۆن و پارێزگای سلێمانیش 6 زۆن و ئەمانە درانە بەڵێندەرەكان و هەر بەڵێندەرێك لە زۆنەكانی خۆیان بەپێی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان ئەنجامدرابوو و بەپێ ئەو دەرخستانەش كە بۆ پڕۆژەكان ئامادە كرابوو، دەستیان بە كارەكانی خۆیان كرد كە سەرجەمی ئەو پڕۆژانە لە سەرووی 70 پڕۆژەن و هەموو پڕۆژەكان رێژەیەكی باش كاریان تێدا ئەنجام دراوە بەپێی ئەو راپۆرتانەی كە لەسەر پڕۆژەكان بەدەستمان دەگات و بەپێی ئەو سەردانە مەیدانییانەش كە خۆم بۆ سەر پڕۆژەكان دەیكەم، بە ئومێدین زۆربەی زۆری پرۆژەكان كە لە 70 رۆژی یەكەمی بۆ تەرخان كراوە، تەواو دەبن و ئەو رێگایانەی دەرەوەی شارەكان بە تەواوی نۆژەن دەكرێنەوە. سەبارەت بە تونێلی مەسیف – شەقڵاوەش كە پێشتر بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاری تێدا راوەستابوو، بۆ ئەمەشیان سەرۆكی حكومەت رەزامەندی دا بۆ تەرخانكردنی پارەی پێویست بۆ دەستبەكاركردنەوە لە تونێلەكە بۆ ئەوەی لە نزیكترین كات هەموو كارەكانی ئەو تونێلە تەواو بكرێت تاوەكو بتوانین لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بیخەینە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
* دیارە لەماوەی یەك دوو مانگی یەكەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان، داوا لە هەموو وەزارەتەكان كرابوو كە بەرنامەیەك بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئامادە بكەن، بە حوكمی ئەوەی كارەكانی ئەم وەزارەتە راستەوخۆ پەیوەندی بە هاووڵاتیانی كوردستانەوە هەیە، ئایا دەكرێت رەهەندە گشتییەكانی ئەم بەرنامەیە بۆ هاووڵاتیان باس بكەیت؟
- بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە لە پەرلەمان خوێندرایەوە، بە شێوەیەكی زۆر تایبەت ئەم بەرنامەیە بەو شێوەیە داڕێژدراوە كە چاكسازییەكان بچنە بواری جێبەجێكردن و ئەو بوارانەش كە پێویستە چاكسازی تێدا بكرێت، بە راشكاوی دیاری كراون، هەر لەم چوارچێوەیەشدا هێڵە گشتییەكانی بەرنامەكە گرنگێگی زۆری بەو پرسە داوە كە ئێمە هەموومان وەك یەك تیم پێكەوە كار بكەین، بۆ ئەوەی ئەو هێڵە گشتییانەی بەڕێز سەرۆكی حكومەت لە بەردەمی پەرلەمانی كوردستان خوێندیەوە تا تەواوبوونی ماوەی كابینەكە، بەشێكی هەرە زۆری ئەو كارنامەیە جێبەجێ بكرێت، ئێمەش وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە هەر لەسەر بنەمای ئەو هێڵە گشتییانەی بەرنامەی نوێ بەرنامەی خۆمان بۆ چوار ساڵی داهاتوو داڕشتووە و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانمان كردووە و ئێستا چاوەڕێی ئەوەین لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكرێت، بەرنامەكەشمان بۆ چوار ساڵی داهاتوو جەختی كردووەتە سەر:
1. سەرجەم رێگا دوو سایدەكانی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان تەواو بكرێن.
2. سەبارەت بەبواری نیشتەجێكردن، بەرنامەمان داناوە كە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوو هەموو ئەو پڕۆژانەی نیشتەجیكردن كە لەساڵانی رابردوو كە دەستیان پێ كراوە، بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایی وەستاون، بیانخەینەوە كار و جێبەجێ بكرێن كە ئەمانەش نزیكەی 9 هەزار یەكی نیشتەجێبوونە.
3. هەر لەبواری نیشتەجێكردن، سەرەڕای ئەو 9 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونە لە پلانمان هەیە بۆ دروستكردنی 3 هەزار یەكەی دیكەی نیشتەجێبوون، ئەمەش واتە تا كۆتایی كابینەی نۆیەم 12 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون ئامادەبێت و پێشكەش بە خەڵكی كەمدەرامەت بكرێت لە هەرێمی كوردستانە .
4. خالێكی دیكە كارنامەی وەزارەت بریتییە لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمەش بەرنامەمان داناوە لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند گوندێكی هاوچەرخ لەسەر ئاستی پارێزگاكانی كوردستان دروست بكەین، ئەمەش واتە هەر چەند گوندێكی نزیك لەیەك، شوێنێكیان بۆ دیاری بكرێت و گوندەكی هاوچەرخی تیا دروست بكرێت كە سەرجەم خزمەتگوزراییەكانی لە قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و باخچەی ساویان و پێداویستییە خزمەتگوزارییەكانی دیكەی تێدا بێت، ئەمە سەرەڕای مانەوەی خانووەكانیان لە گوندەكانی پێشووی خۆیان كە لە كاتی كشتوكاڵكردن بتوانن سوودی لێ وەربگرن.
* ئایا جیاوازیی نێوان ئەو یەكە نیشتەجێینانە چین كە كەرتی تایبەت دروستیان دەكات و ئەوەی ئێوە وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دروستیان دەكەن؟
- ئەو یەكەی نیشتەجێیانەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دروستی دەكات بۆ هاووڵاتیانی كەمدەرامەتە و بەپێی یاسایەكی تایبەت دروست دەكرین كە بۆ چارەسەری ئەو پرسە دەرچووە، بەڵام هاوكات لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو بە هەزاران یەكەی نیشتەجێبوونیش لە رێگەی دەستەی وەربەرهێنانەوە دروست كراون، بەڵام ئەو یەكانە نرخەكانیان زۆر لەو یەكەی نیشتەجێیانە گرانترە كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دروستیان دەكات. بۆیە ئێمە وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لە داڕشتنی ئەوەین كە داوا لە ئەنجومەنی وەزیران بكەین، یاسای وەزارەتی ئاوەدانكردنە و نیشتەجێكردن هەموار بكرێتەوە، بە شێوەیەك كە لەمەودوا كۆنتڕۆڵی نیشتەجێكردن لەلای وەزارەتی ئاوەدانكردنەو نیشتەجێكردن بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت هەم كۆنتڕۆڵی چۆنیەتی و چەندایەتی یەكەكانی نیشتەجێكردن بكات، هەم بەپێی سیاسەتێكی دروست ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون دروست بكرێت، كە دواجاریش سوودی ناپێویست بۆ هەندی كەس نەڕوات و بەرژەوەندیی گشتی تێدا زەرەرمەند بێت، ئەمەش پەیوەندی بە هەمواركردنەوەی یاسای وەزارەت هەیە، بەمەش ئێمە هاوكارێكی باش دەبین بۆ ئەوەی سیاسەتێكی دروست دابنین بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی كرێنشینان.
* پێشتر ئەم وەزارەتە دوو وەزارەت بوو بە ناوەكانی (ئاوەدانكردنەوە و ئیشغال و نیشتەجێكردن) بەڵام لە كابینەی پێنجەم بووە یەك وەزارەت، ئەو كاتەی كە دوو وەزارەت بوو، پڕۆژەكان راستەوخۆ لەلایەن كارمەندان و ئەندازیارانی هەردوو وەزارەتەكە جێبەجێ دەكران، بەڵام لە دوای تێكەڵبوونەوەیان، جێبەجێكردنی راستەوخۆ كەم بووەوە و درانە دەستی كەرتی تایبەت، ئایا لە بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووتان هەیە، جێبەجێكردنی راستەوخۆ فراوان بكەنەوە؟
- لە ساڵانی رابردوو سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوجۆرە بووە كە كەرتی تایبەت هاوكاریی كەرتی گشتی بكات و بە رێگەی بەڵێندەرەكان پڕۆژەكان جێبەجێ بكرێن، بەڵام وێڕای ئەمەش ئێستاش هەندی پڕۆژەمان هەیە كە بە شێوەی راستەوخۆ جێبەجێ دەكرێن، ئەمەش بەو مانایەی هەر پڕۆژەیەك بودجەكەی تا یەك ملیار دینار بێت، بە شێوەی راستەوخۆ جێبەجێیان دەكەین، لەمەشدا وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئەزموونی باشی هەیە، بەڵام پڕۆژە گەورەكان هەمووی لە رێگەی بەڵێندەرانی كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرین، هەروەها پلانێكیشمان هەیە ئەگەر بتوانین لە ساڵانی داهاتوو كۆمپانیای هاوبەشی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دروست بكەین، بۆ ئەوەی لە رێگای ئەو كۆمپانییانەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی زیاتر بەشداربێت لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی كە گرنگ و ستراتیژین لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی ئەم پلانە، ئاشكرایە هەندێك یاسا هەیە كە پێویستی بە هەمواركردن هەیە، بۆ ئەوەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دەسەڵاتی هەبێت تاوەكو بتوانین لەسەر ئەو سیستەمە كار بكەین.
* بەشی زۆری پڕۆژە ستراتیژییەكان دەكەونە چوارچێوەی كاری ئەم وەزارەتە، ئایا ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی كاریان تێدا وەستاوە، دەكەونەوە جێبەجێكردن؟ هەروەها پرۆژە ستراتیژیەكانتان بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان چین؟
- پڕۆژە ستراتیژییەكان سەبارەت بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بریتییە لە تەواوكردنی هەموو رێگا دوو سایدەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو رێگایانە شارە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان بە یەكەوە دەبەستێتەوە و هەرێمی كوردستانیش لە رێگای دەروازە نێودەوڵەتییەكانەوە بە دەرەوە دەبەستێتەوە. لەكابینە نۆیەمدا ئەنجومەنی وەزیران لێژنەیەكی دروست كردوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەو پڕۆژانەدا بكرێت كە پێویستە بخرێنەوەگەڕ، لەم چوارچێوەیەدا ژمارەیەكی باش لە پڕۆژە ستراتیژییەكان بودجەیان بۆ تەرخان كراوەتەوە كە لە ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوودا كاریان تێدا دەكرێت و بەپێی بەرنامەی خۆی تەواو دەبێت، لەم چوارچێوەیەدا ئێمە لە سیاسەتی ستراتیژیماندا پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانمان بریتییە لە تەواوكردنی رێگا دوو سایدەكانی هەرێمی كوردستان.
* رێگای هەولێر – كۆیە كە شادەماری هاتوچۆی نێوان هەولێر و سلێمانییە ئایا ئەو پڕۆژەیە بە كوێ گەیشتووە؟
- لەم رێگایەدا بە دوو ئاراستە كاردەكەین كە ئاراستەیەكیان نۆژەنكردنەوەی رێگا كۆنەكەیە لە نێوان هەولێر – كۆیە و كۆیە – دوكان، خۆشبەختانە قۆناغی یەكەمی هەولێر – كۆیە تەواو بووە، ئێستاش كار لە رێگای نێوان كۆیە – دوكان دەكەین ئەم قۆناغەش لە 15/12/2019 تەواو دەبێت. ئەمەش واتە رێگە كۆنەكەی نێوان هەولێر- سلێمانی كە بە كۆیەدا تێدەپەڕێت، بە تەواوەتی نۆژەن كراوەتەوە، بێجگە لە چەند كیلۆمەترێكی نێوان كەسنەزان هەتا چوارڕێیانی گۆمەسپان، بۆ ئەمەش داوامان كردووە ئەنجومەنی وەزیران بودجەی بۆ تەرخان بكات، بەمە رێگە كۆنەكەی هەولێر – كۆیە - سلێمانی نۆژەنكردنەوەكەی تەواو دەبێت، بەڵام پڕۆژەیەكی دیكەشمان هەیە كە ئاراستەی دووەمی رێگەی هەولێر – كۆیە - سلێمانییە، ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە بە دوو ساید كردنی رێگای نێوان هەولێر – كۆیە و دروستكردنی تونێلی هەیبەت سولتان كە ئەم ئاراستەی پرۆژەیەش لە پێنج قۆناغ پێكدێت، ساڵانی پشتر كاری تێدا كراوە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیدا راوەستاوە و ئێستا لە سێ قۆناغی ئەو پڕۆژەیەوە دەستمان بە كاركردن كردۆتەوە و بە ئومێدین لە ساڵی داهاتوو بودجەی بۆ دابین بكرێت، تاوەكو بە شێوەیەكی خێرا دەست بكەینەوە بە كارەكە، كە دواجار ئەم پڕۆژەیە دوو سایدی هەولێر – كۆیە دەبەستێتەوە بە دووسایدی نێوان سلێمانی – رانیە.
* رێگای دوو سایدی هەولێر - كۆپال و كۆپال – رۆڤیا بڕیار بوو كاری تێدا بكرێت، ئێستا لە چ قۆناغیكدایە و ئایا كاركردن تێیدا بەردەوامە؟
- ئەو پڕۆژەیە قۆناغێكی باشی بڕیوە و كاركردن تێیدا بەردەوامە، بەشی یەكەمی پڕۆژەكە كە دەكاتە نێوان گۆپال – روڤیا تەواو بووە، كە كۆمپانیای گرووپی كاڤین جێبەجێی دەكات، نێوان هەولێر – كۆپالیش كاركردن تێیدا بەردەوامە و كۆمپانیای هێمن گرووپ ئەو كارە دەكات و لە هەوڵی بەردەوامدان لە كاتی دیاریكراوی خۆی تەواو بێت، تەنانەت حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی بۆ تەواوكردنی ئەو پردەش تەرخان كردووە كە هەر دوو بەری رێگا دوو سایدەكە بە یەكەوە دەبەستێتەوە.
* بەرنامەیەك هەبوو بۆ دروستكردنی رێگەی شەمەندەفەڕ و بەستنەوەی كوردستان بە یەكەوە بەهۆی رێگای ئاسنەوە، ئایا ئەم پڕۆژەیە هەر قسەیە، یان هەوڵی بۆ دراوە؟
- لە بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی وەزەراتدا پڕۆژەی دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەڕمان دیاری كردووە، ئومێد دەكەین لەماوەی چوار ساڵی داهاتووی كابینەی نۆیەمدا دەست بەو پڕۆژەیە بكەین، هەتا ئێستا ماستەرپلانەكەی لەسەر نەخشەی هەرێمی كوردستان تەواو بووە و دیاریكراوە بە چ ئاراستەیەكە دەڕوات، بۆ ئەمەش دامانناوە بە سێ قۆناغ پڕۆژەكە تەواو بكەین، لە قۆناغی یەكەمدا لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی راوێژكاری قسە دەكەین بۆ ئەوەی بە وردی دیراسەتی پڕۆژەكە بكەین و جەدوەی ئابووریی پڕۆژەكە بزانین، هەروەها رێگە نیشاندەرمان بن بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین و ئاسانترین رێگە جیبەجێی بكەین و هەڵەی تێدا نەكەین، دوای ئەمە دەست بە قۆناخی دووەم دەكەین كە بریتییە لەوەی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی گەورە قسە بكەین سەبارەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، بۆ ئەمەش دامانناوە ئەم پرۆژەیە بە هاوبەشی حكومەت و ئەو كۆمپانیا گەورانە بكرێت، پڕۆژەكەش بودجەیەكی زۆری پێویستە و لە ئێستادا لە توانای حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە، بۆیە بیرمان لەوە كردەوە بە هاوبەشیی حكومەت و كۆمپانیا گەورەكان جێبەجێ بكرێت. ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە ئەو هێڵی شەمەندەفەڕە تەنیا بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان نییە، بەڵكو بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و كاڵای بازرگانی و كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتیاری و بەروبوومی سووتەمەنی بەكاردێت و دەتوانێت هەرێمی كوردستان بە ئاسانی بە وڵاتانی دراوسێ ببەستێتەوە و پڕۆژەیەكی قازانج بەخشە و هەر كۆمپانیایەك ئەنجامی بدات، لە داهاتوودا سوودی زۆری لێ دەبینێت. دەمانەوێت پلانەكەمان بە شێوەیەك دابڕێژین بە سەركەوتوویی كۆتایی پێ بێت و هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە ئەو پڕۆژەیە دەچێتە بواری جێبەجێكردن و لە خەونەوە دەبێت بە راستی.