موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گوڵان: سەردانی مسرور بارزانی بۆ كەمپی بەردەڕەش ئاوارەكانی ئاسوودە كرد و كاریگەری گەورەی هەبوو
November 17, 2019
دیمانەی تایبەت
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی بە هانای لێقەوماوان و ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە هات، ئەمەش حاڵەتێكی چاوەڕوانكراو بوو لە دەزگایەك كە كاری خێرخوازی كردۆتە ناو و ناونیشانی خۆی و لەم رووەوە درێخی نەكردووە بۆ خزمەتی خەڵكی ئاوارە و پەناهەندەكان، بەتایبەتی خزمەتێكی بەرچاوی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستانی كردووە. بۆ قسەكردن لەسەر پڕۆژە و كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ كوردانی رۆژئاوا ئەم دیدارەمان لەگەڵ موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجام دا .خزمەتكردنی ئاوارەكان بە ئەرك و
بەرپرسیارێتیی خۆمان دەزانین
تا ئێستا 400 تۆن هاوكاری لەلایەن رێكخراوەكەمانەوە گەیەندراوەتە رۆژئاوای كوردستان
* لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بۆ جارێكی دی كوردانی رۆژئاوا ئاوارە و دەربەدەر بوون و ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیل دووچاری نەهامەتی و دەربەدەری بوون، ئایا ئێوە وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی تا چەند یارمەتیدەری كوردانی رۆژئاوا بوون و تا چەند بە دەنگ داواكاری و خواستەكانیانەوە هاتن؟
- هەر لە سەرەتای دروستبوونی رووداوەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە جەنابی سەرۆك بارزانی رایسپاردین كە رێكخراوی خێرخوازیی بارزانی هەموو هەوڵ و تواناكانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ خزمەتكردنی كوردانی رۆژئاوا و لە ناو خودی رۆژئاوادا. چونكە بەداخەوە بینیمان بەشێكی زۆری رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دوای روودانی ئەو كارەساتە كارەكانیان سڕكرد و بەشێكی زۆریشیان ئەوێیان جێهێشت، ئەمەش ئەركی ئێمەی قورستر كرد، بۆ ئەوەی هەم هاوكاری بگەیەنین و هەم پەیامێكیش بگەیەنین كە ئەو خەڵكە ئاوارە نەبێت، چونكە پەنابەربوونی ئەوان جارێكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان كارەساتە مرۆییەكە گەورەتر دەكات. لە راستیدا ئێمە پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی رۆژئاوای كوردستان و لەگەڵ خودی خەڵكەكەش پەیوەندیمان هەیە، هەمیشە لە حاڵەتی لەم شێوەیەشدا خەڵكی چاوەڕوانی ئەوەی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەبووە كە بە هانایانەوە بچێت، كە لە راستیدا ئێمە بە هاوكاری نازانین، بەڵكو بە ئەركی دەزانین لەسەر رێكخراوی خێرخوازیی بارزانی، چونكە چۆن ئەم رێكخراوە بۆ هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجەیە، بە هەمان شێوە بۆ قامیشلۆ و گرێ سپی و حەسەكە و بۆ ماردین و دیاربەكر و بۆ مەهاباد و سنە و هەموو شوێنێكی كوردستانە. ئێمەش پێشتر بینیومانە كە خەڵكی كاتێك كارەساتێكی لەم شێوەیەی لێ دەقەومێت، هەمیشە پەنا بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەبات، ئەمە مایەی سەربەرزییە بۆ ئێمە و كارمەندەكانمان كە توانیومانە گوزارشت لەم ناوە گەورەیە بكەین كە ناوی (بارزانی)یە كە چۆن خەڵكی بە فریادڕەسیان زانیوە، ئێستاش ئەم رێكخراوە ببێتە چەترێك بۆ ئەو كەسانەی بەداخەوە دوچاری كارەسات دەبن. بۆ وەڵامی پرسیارەكەشتان ئێمە لە ماوەیەكی كەمدا بڕێكی باشی هاوكاریمان گەیاندە رۆژئاوای كوردستان و راستەوخۆ تیمەكانمان لە حەسەكە و عامودا و دەوروبەری قامیشلۆ دەستیان بە دابەشكردنی هاوكارییەكان كرد، لەگەڵ ئەو شوێنانەی دیكە كە ئاوارەكان روویان تێ كردبوو، بەتایبەتی لە سەرێ كانی و گرێ سپی، ئەمەش كاریگەری باشی هەبوو، چونكە دوای ئێمە رێكخراوی دیكە هاتن و خەڵكی خۆشمان هاوكار بوون بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری. لەم روەوە ئێمە سێ كاروانی هاوكاریمان گەیاندووە و لە ئێستادا سەرقاڵی رەوانەكردن و گەیاندنی كاروانی چوارەمیشین. بەو پێیە تا ئێستا زیاتر لە 700 تۆن هاوكاری گەیەندراوەتە رۆژئاوای كوردستان كە لە سەتا 65ی ئەو هاوكارییانە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەو هاوكارییانەی دابین كردووە. كە وەجبەی یەكەمی هاوكارییەكانی ئێمە بریتی بوو لە دابینكردنی پێداویستی بۆ (5000) خێزان كە نزیكەی 25 هەزار كەسن، لەگەڵ دابینكردنی چەندین تۆن دەرمان كە لەسەر داخوازیی خۆیان دابین كرابوو. بە هەمان شێوە دەستەبەركردنی 20 هەزار بەتانی ئەویش لەسەر داخوازیی خۆیان بوو. ئەو خۆراكەی بۆ خێزانەكانیش دابین كرابوو، 11 ماددەی خۆراكی تێدا بوو، لە هەمان كاتدا بە كواڵیتییەكی زۆر باش 145 تۆن خۆراكمان لەگەڵ خۆمان بردبوو. لەگەڵ دابینكردنی شیر و حەفازەی منداڵان، هەروەها دوو باری چوار تەنی دەرمانمان لەگەڵ خۆمان بردبوو. لە هەمان كاتدا ئاویشمان لەگەڵ خۆمان بردبوو، كە ئەویش لەسەر داوای خۆیان بوو. كەواتە دەتوانین بڵێین تا ئێستا 400 تۆن هاوكاری لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیەندراوەتە رۆژئاوای كوردستان.
* جگە لە گەیاندنی هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان ژمارەیەكیش لە ئاوارەكانی رۆژئاوا گەیشتنە هەرێمی كوردستان، ئایا تاچەند توانیتان پێشوازی لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە بكەن؟
- لە راستیدا هەر لە یەكەم رۆژی هاتنی ئاوارەكان ئێمە لە سحێلا لە دوو شوێنی جیاواز پێشوازیمان لێ كردن، كە ئەو خەڵكانەش بە درەنگانی شەو دەگەیشتن، چونكە لەو دیو سنوورەوە رێگرییان لێ دەكرا و هیچ یەكێك لەو ئاوارانە بە شێوەیەكی رەسمی نەهاتوونەتە ئێرە و تەنیا كۆڵەپشتییەكیان پێ بوو. ئەوە بوو لە سحێلا كەمپی پێشوازیكردن هەبوو و خواردنی گەرمیان بۆ دابین دەكرا. ئێمە هەر زوو داوای هاوكاریمان لە هاوبەشەكانمان لە LDS و CBN كرد ئەوە بوو پڕۆژەیەكی گەورەمان لەگەڵ LDS واژوو كرد و پێكەوە 200 هەزار ژەمی خواردنی گەرممان بەسەر ئاوارەكاندا دابەش كرد، كە هەندێیكان چوار ژەم خواردنیان پێ دەدرا، ئەمە لە كاتێكدا سێ ژەمەكە مسۆگەر بوو بۆیان، تاوەكو لە كەمپەكانی بەرەدەڕەش و گەویلان جێگیر دەكران.
* با كەمێك باسی كەمپی بەردەڕەش بكەین كە لە هەفتەی رابردوودا مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كەمپەی بەسەر كردەوە، بەپێی زانیارییەكانی ئێمەش كەمپەكە نوێیە و هەموو پێداویستیەكانی تێدا نییە؟
- لەو 15 هەزار كەسەی رۆژئاوای كوردستان كە لەم دواییەدا ئاوارە بوون، زۆربەیان لە كەمپی بەردەرەش نیشتەجێ كراون و تەنیا 450 خێزانیان لە كەمپی گەویلانن و بەشێكیشیان لەلایەن خزمەكانیانەوە لە كوردستان داواكرابوون بۆ ئەوەی لای خۆیان نیشتەجێیان بكەن. سەبارەت بە سەردانەكەی جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمپی بەردەڕەش ئەوا ئەمە سەردانێكی مێژوویی بوو، چونكە ماوەیەكی كەم بوو ئەو ئاوارانە هاتبوون و سەردانەكەشی لەسەر خواستی خۆی بوو و بەڕێزیشیان جگە لە پرسینەوە لە بارودۆخی ئاوارەكان- كە راستەوخۆ سەردانی خێمەكانی كرد- لە هەمان كاتدا كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەن و پیاوماقووڵانی كەمپەكە كرد، هەروەها لەگەڵ سەرجەم ئەو رێكخراوانەی پڕۆژەیان هەیە لە ناو كەمپی بەردەڕەش، ئەویش بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری دهۆك، هەروەها دامەزراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەتایبەتی (UNHCR)، لەوێدا بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە بە هەموو لایەك هاوكارییەكی زیاتر پێشكەش بكرێت، بەتایبەتی كە ئەوە كەمپێكی نوێیە و ئێمەش لە وەرزی زستان نزیك دەبینەوە. ئەوە بوو ئێمە لەگەڵ هاوبەشەكانماندا توانیمان وەجبەیەك نەوت بەسەر ئەو پەنابەرانەدا دابەش بكەین، لەگەڵ سێتێزی مەتبەخ و ئێستاش ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی موكێت بەسەر ئەو كەمپەدا دابەش بكرێت، كە بەداخەوە ئەو هاوكارییانەی لە سەرەتاوە (UNHCR) دابەشی كردن، موكێتی تێدا نەبوو. ئێستاش بەشێكی زۆری پێداویستی دابەش كراون لە دۆشەك و بەتانی و سۆپا و چۆلە – كە تەباخێكی بچوكی نەوتییە - دەزگای ئێمەش بە هاوكاری مانگی سووری ئیماراتی ژەمە خواردنێكی بەسەردا دابەش كردوون، هەروەها ژەمێكی خۆراك لەلایەن WFP دابین دەكرێت. ئێمە بەردەوام بووین و بەردەوامیش دەبین و جەنابی سەرۆكی حكومەتیش دووپاتی كردەوە كە ئەوەی پێمان دەكرێت درێخی ناكەین. دواتر جگە لە پێداویستییە بەپەلەكان ئەم خەڵكانە لە رووی دەروونییشەوە پێویستیان بەو جۆرە سەردانانە هەیە و خەڵكەكە بەو سەردانە ئاسوودە بوون و ئەمەش كاریگەری زۆری هەبوو، بە حوكمی ئیشەكەمان ئێمە بۆمان دەركەوتووە هاوكاریی دەروونی هیچی كەمتر نییە لە هاوكاری ماددی و دابینكردنی پێداویستییە بە پەلەكان. ئەوە بوو هەستێكی ناوازە لای جەنابی سەرۆكی حكومەت و ئەو منداڵانەش دروست بوو كە بە گوڵەوە بۆ پێشوازیلێكردنی راوەستابوون و لە ئامێزیان گرت، جەنابی سەرۆكی حكومەتیش دیاری خۆی هەبوو كە لە فڵچە و مەعجونی ددانەوە تاوەكو قەمسەڵە و پێڵاو و دیاری لەخۆگرتبوو بۆ یەكە بە یەكەی منداڵەكانی نێو كەمپەكە. بە كۆی گشتی ئێمە بە هەموو لایەك هەوڵمان داوە كە ئەو خەڵكانە هەست بكەن لە نێو ماڵی خۆیاندان و ئەمەش زۆر جار جەنابی سەرۆك دووپاتی دەكاتەوە كە دەبێت ئەو خەڵكە پەنابەرانە هەست بكەن لە ماڵی خۆیاندان و خەڵكی كوردستانیش نەك هەر دەرگای ماڵەكانیان، بگرە دەرگای دڵیشیان بۆ ئەو خەڵكانە كردۆتەوە، ئەوانیش پێویستیان بەم گیانە مرۆییە و ئاوڕدانەوە و رێزگرتنە هەیە، بەتایبەتی كە دەبینن سەرۆكی حكومەت و دامەزراوەكانی دیكە خۆیان بە بەرپرس دەزانن بۆ خزمەتكردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەوان. راستە ژیانی ناو كەمپ و خێمە ئاسان نییە، بەڵام ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بووە، پێشكەشیان دەكەین و كردوومانە.
* تا چ راددەیەك دوای سەردانەكەی سەرۆكی حكومەت لایەنە پەیوەندیدارەكانیش بە گوڕ و تینێكی زیاترەوە كاریان بۆ خزمەتكردنی ئاوارەكان كردووە؟
- لە راستیدا هەموو لایەكیان لەسەر خەت بوون، وەك وەزارەتی تەندروستی و بەتایبەتی بەڕێوبەرابەیەتی گشتی تەندروستیی دهۆك لە یەكەم رۆژەوە بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوەكان و بە شێوەیەكی راستەوخۆ پشكنینیان بۆ ئەو خەڵكانە كردووە و ئەوان لە هەوڵەكانیان بەردەوامن و ئەوەی بكرێت، بۆیان كراوە. هەروەها لە بەردەڕەشەوە كارەبایان بۆ دابین كراوە و ئەو كۆمپانیایەی پاكوخاوێنیی بەردەڕەش ئەم خزمەتگوزارییەش بۆ كەمپەكە دابین دەكات. ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی پەروەردە و قوتابخانەوە هەبێت، ئەوا ئێمە لەگەڵ رێكخراوەكان لەسەر خەتین و ئەگەر كێشەی تەكنیكی دروست نەبێت، ئەوا رەنگە بە هاوكاریی كونسوڵگەریی فەڕەنسی لە ناو بەردەڕەشدا قوتابخانە بكەینەوە.
* بەرنامەی داهاتووی رێكخراوی خێرخوازیی بارزانی بۆ هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوا چییە؟
- ئێمە تەمەننای ئەوە دەكەین كە چیتر خەڵكی ئاوارە نەبن، هەروەها ئێمە لە هەوڵ و كۆششەكانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكارییەكان بگەیەنینە نێو رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەوەی خەڵكەكە هەست بكات كە هەمان ئەو هاوكارییانەیان بەدەست دەگات كە ئەگەر بهاتایە لە هەرێمی كوردستان بوونایە. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر ناچار بوون و روویان لێرە كرد، ئەوا ئێمە پێشوازییان لێ دەكەین، وەك ئەوەی كردوومانە و ئێمە وەك رێكخراوەكان بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆمانی دەزانین كە خزمەتی ئەو خەڵكە بكەین. دواتر دەبێت سوپاسی خەڵكی خۆمان بكەین بەگشتی و كوردانی ئێمە لە وڵاتانی دیكە بەتایبەتی جالیەی كوردی لە وڵاتانی ئەوروپا كە هاوكار بوون بۆ رێكخراوی خێرخوازیی بارزانی. ئەم رێكخراوە هەموو لایەنێكی لوجیستی لە ئەستۆ دەگرێت، بەتایبەتی ئەو هاوكارییانەی لە رێی ئێمەوە كۆدەكرێنەوە بۆ ئەوەی هەم بیانگەیەنینە رۆژئاوای كوردستان و هەم لێرەش پێشكەشی ئاوارەكانی بكەین. هەروها بەداخەوە دۆخی هەرێمی كوردستانی وەك ساڵانی 2010 و 2011 و 2012 نییە كە هەلی كار زۆر بێت و ئەو ئاوارانە بتوانن بۆ خۆیان كار بكەن، بۆیە گرنگە درێژە بەو هاوكارییانە بدەین بەتایبەتی لە بواری خۆراك و جلوبەرگ و شیری منداڵان، ئەمانە زۆر گرنگن، چونكە ئەم بابەتانە لە نێو هاوكارییەكانی رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا نین.
* وا دیارە كە ژمارەی ئاوارەكان زۆرن و ئێوەش ئەركێكی گەورەتان لە ئەستۆیە، چۆن كارەكانی خۆتان دابەش كردووە؟
- لە راستیشدا هێشتا ملیۆنێك و 100 هەزار ئاوارە لە كوردستاندا هەن و زیاتر لە 39 كەمپی ئاوارە لە هەرێمدا هەن و ئێمە ئیدارەی سەرجەم كەمپەكانی هەولێر و كەمپی بەردەڕەشیش ئیدارە دەكەین. هەروەها ژمارەیەكی دیكەی ئاوارەكان لە دەرەوەی كەمپەكانن. دواتر ئێمە پڕۆژەی ئازیزانمان هەیە بۆ منداڵانی بێ باوك كە هەوڵ دەدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكانی خۆمان و مانگی سووری ئیماراتی هاوكارییان بكەین. سەبارەت بە هاوكارییەكانمان بۆ كوردانی رۆژئاوا جگە لە كەمپی بەردەڕەش نۆ كەمپی دیكە هەن چواریان لە هەولێر و چواریان لە دهۆك و یەكێكیان لە پارێزگای سێلمانییە و كێشەی دابینكردنی خۆراكیان هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی WFP رایگەیاند چیتر ئەوان ناتوانن وەك جاران بەردەوام بن لە دابینكردنی خۆراك بۆ ئەو كەمپانە، بۆیە لەگەڵ دەستەی خێرخوازیی ئیسلامیی جیهانی كوێت پڕۆژەیەكمان هەیە كە تا كۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی 2020 بەردەوام دەبێت و پاكێجێكی خواردنە و زیاتر لە 17 هەزار خێزان سوودمەند دەبن كە بە سەر كەمپی دارەشەكران و قوشتەپە دابەش كراوە و دواتر دەچینە كەمپەكانی دیكە لە دومیز و ئاكرێ و گەویلان و باسرمە و كەمپی باریكە لە سلێمانی و زیاتر لە 86 هەزار كەس سوودمەندە لەم پرۆژەیە و پاكێجی خۆراكەكە لە 11 ماددە پێكهاتووە و نزیكەی 30 كیلۆگرامە.
* باس لەوە دەكرێت كەمپێك لەسەر سنوور دروست بكرێت، ئێوە تا چەند لەم رووەوە هاوكار دەبن؟
- ئێمە لەگەڵ هەیڤا سورا كوردی و لەگەڵ ئیدارەكانی ئەوێ و لەگەڵ خەڵكەكە كارمان لەسەر ئەم پرسە كردووە و بەشێك لە هاوكارییەكانی رێكخراوەكەی ئێمە لە كاروانی چوارەم بەشێك لە پێداویستییەكان دروستكردنی كەمپ لەخۆدەگرن.