ستیفن سیمباڵا پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی بۆ گوڵان: هیچ رۆماننووسێك ناتوانێت بە خەیاڵیش دۆخی ئاڵۆزی سووریا وێنا بكات
November 13, 2019
دیمانەی تایبەت
ستیفن سیمباڵا پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی پەنسلڤانیا ستەیت و وانەبێژ و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی بەراوردكاری، سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی و فیكری سیاسی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەتایبەتی هەلومەرجی سووریا دوای بڕیاری ئیدارەی ترەمپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە سووریا و پرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیە بە گشتی، دەقی دیمانەكە لێرەدا بڵاودەكەینەوە.* هەروەك ئاشكرایە كە شڵەژان و پشێوییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن و ئەم ناوچەیە بۆ رۆژگارێكی دوورودرێژە گرفتارە بە دەست قەیران و ئاڵۆزییەكانەوە، بەڵام هەندێ وڵاتی دەرەكی هەن كە دەستڕۆیشتووییەكی زۆریان هەیە لەم ناوچەیەدا وەك ئەمریكا، پرسیارەكە ئەوەیە ئێوە چۆن لە سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا دەڕوانن؟
- شتێكی ناكۆكیهەڵنەگرە كە بارودۆخەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بارێكی جێگیردا نییە، ئەوەتا پێشهات و دووبارە رێكخستنەوە و هەڵوێستەكان بەدی دەكەین لە پەیوەندی بە دۆخی سووریاوە، ئەوەشی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە رەوتی رووداو و پێشهاتەكان لەو وڵاتەدا بە ئاراستەیەكن كە ئاماژەن بۆ ئەوەی رووسیا رۆڵێكی گەورەتر و باڵاتر ببینێت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە رۆڵ و هەوڵەكانی رووسیاش پێكهاتوون لە دیپلۆماسیەتێكی باش رێكخراو لەگەڵ دەستەبەركردنی هاوكارییەكی سەربازیی سنووردار لە سووریا. بەڵام ئێمە ناتوانین بە دیاریكراوی ئەوە دەستنیشان بكەین كە ئەو پەرەسەندنانە بۆ چ دەرئەنجامێك سەردەكێشن.
* ئەی بە دیاریكراوی خوێندنەوە و شرۆڤەكاری ئێوە بۆ بڕیاری ئەم دواییە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا چییە؟
- ئەوەی پەیوەندی هەبێت بەم بڕیارە و بە دەرئەنجامەكانیەوە، ئەوا بە پێچەوانەی زۆرێك لەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانە كە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڵاودەبنەوە، من پێم وانییە ئەمریكا دەستی كردبێت بە پرۆسەیەكی گەورە و بەرفراوانی پاشەكشەكردن و كشانەوە لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵكو ئەوەی ئەمریكا كردوویەتی بریتییە لە پرۆسەیەكی تاكتیكی كە ئەم پرۆسەیەش دووبارە رێكخستنەوە و دابەشكردنەوەی هێزەكانی لە سووریا و عێراق لە خۆگرت.
* بەڵام هەروەك ئێوە دەزانن كێشەكانی ئەم ناوچەیە زۆرن، بەتایبەتی كێشەی گرووپە تیرۆریستییەكان و بە دیاریكراوی مەترسی و هەڕەشەی داعش، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- نكۆڵی لەوە ناكرێت كە هێشتا مەترسیی داعش لە ناوچەكەدا كۆتایی نەهاتووە و هێشتا ئەمریكاش چەندین پابەندبوون و ئەركی دیكەی هەیە لە ناوچەكەدا، لەم روانگەیەوە من بە ئەندازەی هەندێ كەس رەشبین نیم لە ئاست بارودۆخەكەدا، مەبەستم ئەوەیە من رەشبین نیم لە ئاست بڕیاری ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ كشانەوە لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان توركیا و سووریا و هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ توركیا بۆ ئەوەی زۆنێكی ئەمنی لە ناوچە كوردییەكانی نێو سووریا دروست بكات، واتە من پێم وانییە ئەمە ئاماژە بێت بە كشانەوەیەكی گەورەی ئەمریكا لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
* كەواتە ئێوە چۆن وەسفی ئەو بڕیارە دەكەن؟
- پێم وایە ئەمە بڕیارێكی تاكتیكی و كورتخایەنە، لەبەر ئەوەی هێشتا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ژمارەیەكی زۆری هێز و بنكەی سەربازی هەیە لە ناوچەكەدا، لەوەش زیاتر سیستمی هەڵدانی مووشەكی دوورمەودای هەیە لە ناوچەكەدا كە دەتوانێت بەكاری بهێنێت، ئەگەر ناچار بوو.
* بەڵام ئەم بڕیارەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كاردانەوە و پەرچەكرداری ناوخۆیی بە دوای خۆیدا هێنا، ئێوە چۆن لەم دابەشبوون و هەڵوێستە جیاوازانەی نێو ئەمریكا دەڕوانن؟
- ئەوە راستە كە ئەوە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا- لە راگەیاندن و نێوەندە سیاسییەكان بە دیموكراتی و كۆمارییەكانەوە- بەدی دەكرێت و كاردانەوەیان هەبووە لە ئاست بڕیاری ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بۆ كێشانەوەی هێزەكان لە هەندێ ناوچەی ناپارێزراودا لە سووریا. چونكە دوایین كارێك كە هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا بیانەوێت دوچاری بن، گیرخواردنیانە لە نێوان شەڕی كورد و توركیادا، بۆیە بە تێڕوانینی من بڕیارێكی تاكتیكی درا لە پێناو دەستەبەركردنی ئاسایش و سەلامەتی هێزەكانمان بۆ ئەوەی لە ئاگری ئەو شەڕە دوور بخرێنەوە.
* باشە لەنێو هەموو ئەم ئاڵۆزی و پشێوییانەدا پێت وایە لە ئێستادا دۆخەكە لە چ بارێكدایە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە وڵاتی سووریاوە؟ ئایا پێت وایە كێشەكان بەرەو خاوبوونەوە دەچن، یان ئەگەری ئەوە هەیە جارێكی دیكە دۆخەكە بتەقێتەوە و شەڕ و ناسەقامگیری لەو وڵاتەدا درێژە بكێشێت؟
- من پێم وایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تا چەند دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینی نەكراوە و بە رەوچاوكردنی ئەو ركابەری و ململانێ ئیقلیمییەی لە ئارادایە لەم ناوچەیەدا- بۆ نموونە لەنێوان ئێران و سعودیە- و لەگەڵ نادیدەنەگرتنی ئەو هەموو دەستێوەردانەی لە دۆخی سووریادا دەكرێت، بوونی رژێمی ئەسەد و دەستێوەردانی توركیا و بوونی وەكیلەكانی ئێران لەو وڵاتەدا، هەروەها هەندێ لە هێزەكانی ئەمریكا كە هێشتا لەو وڵاتەدان، لەگەڵ بوونی گرووپە ئیسلامییە یاخیگەرەكان- گرووپەكانی هاوشێوەی ئەلقاعیدە- كە دژی رژێمەكەی ئەسەد شەڕ دەكەن، ئەوا دەتوانین بڵێین هەلومەرجی سووریا بە راددەیەكی گەورە ئاڵۆز و ناڕوونە، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت ئاماژە بەوە بكرێت كە پێدەچێت رەوتی رووداوەكان لە بەرژەوەندیی ئەسەددا بێت، چونكە سەرقاڵی پرۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی نزیكەی تەواوی خاكی وڵاتەكەیەتی.
* باس لەوە دەكرێت ئەم بڕیارەی ئەمریكا لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی لە سووریا گومان لەسەر ئەمریكا دروست دەكات وەك هاوپەیمانێكی باوەڕپێكراو؟
- نەخێر من پێم وانییە ئەمە بە هیچ شێوەیەكی كاریگەری هەبێت لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەك هاوپەیمانێكی متمانەپێكراو و باوەڕپێكراو، دواتر ئەمە دۆخێكی دەگمەنە و ئێمەش دەزانین واشنتۆن بێزار بووە لەوەی ئیدارەی ورد و درشتی دەرئەنجامە سیاسییەكە بكات لە ناوچەكانی دیكەی جیهاندا- بە دڵنیاییەوە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە-، چونكە ئەمە بەدەرە لە توانای ئەمریكا. دواتر دەبێت ئەمریكا هاوپەیمانەكانی وەك ئامرازێكی دەستڕۆیشتووی كاریگەر بەكار بهێنێت و ناكرێت هێزە سەربازییەكانی بڵاو بكاتەوە و بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی جیهان بەكاریان بهێنێت.
* بە تێڕوانینی ئێوە باشترین رێگاچارە بۆ چارەسەركردنی دۆخی پڕ لە كێشە و ئاڵۆزی سووریا چییە؟
- ئێمە دەزانین كێشەی سووریا لە بنەڕەتدا كێشەیەكی سیاسییە و دەبێت چارەسەرێك بدۆزرێتەوە كە لە یەك كاتدا سەرجەم نیگەرانیی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەبەرچاو بگرێت، وەك رژێمی ئەسەد و ئەو موعارەزەیەی لە وڵاتەكەدا ماوە، هەروەها ئێمە دەزانین كە پرۆسەی ئەستانە بەو ئاراستەیە كاری كرد، رووسیا و ئێران توركیا هەوڵیاندا بگەنە رێككەوتنی سەرەتایی لەبارەی ئەو چارەسەرەوە. بە دڵنیاییەوە یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە ئایا هەر چارەسەرێكی سیاسی خۆی لە خۆیدا مەرجی دەستەبەرداربوونی دەسەڵات لەلایەن بەشار ئەسەدەوە لەخۆدەگرێت، یان نا؟ ئەوەتا ئەمە دەبێتە بابەتی گفتوگۆكردن، ئەمە پرسێكە دەبێت یەكلا بكرێتەوە ئەگەر بێتو هەنگاو بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی هەڵبگیرێت.
* بەڵام ئێمە دەزانین دەستێوەردانێكی زۆری دەرەكی لە سووریادا كراوە، ئایا پێت وایە ئەم دەستێوەردانانە گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی لەو وڵاتەدا ئاسان دەكات، یان ئاڵۆز و دژواری دەكات؟
- ئەوە راستە دەستێوەردانێكی زۆری دەرەكی لە سووریادا كراوە، یەكێك لە مەسەلەكان یان كێشەكانی دیكەش ئەوەیە كە ئایا ئەو هێزە دەرەكییانەی دەستێوەردانیان كردووە لە سووریا (رووسیا، ئەمریكا، ئێران و توركیا) دەیانەوێت رەوتی رووداوەكان بە چ ئاراستەیەكدا بڕوات و دەیانەوێت چ دەرئەنجامێك لەو وڵاتەدا بێتەدی؟ ئایا دەیانەوێت بە جۆرێك لە جۆرەكان كۆنتڕۆڵیان بەسەر خاكی وڵاتەكەدا هەبێت، یان خوازیاری ئەوەن ناسەقامگیری و كێشە لەو وڵاتەدا هەبێت بۆ ئەوەی حكومەتەكەی ئەسەد نەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت؟ راستە رووسیا هەڵوێست و دیدگایەكی روونی هەیە لە بارەی ئەوەی چی دەوێت، رووسیا رایگەیاندووە خوازیاری پاراستن و پێشێلنەكردنی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی سووریایە و لەم چوارچێوەیەشدا ئامادەیە بچێتە نێو پرۆسەی گفتوگۆوە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لەو وڵاتەدا. ئەمە لە كاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سایەی ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆبامادا رایگەیاند كە دەبێت سەرۆك ئەسەد لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە، بەڵام پێ ناچێت، ئێستا ئەمە ئامانجی ئەمریكا بێت، لەبەر ئەوەی دەستێوەردانی سەربازیی رووسیا لە سووریادا واقیعی سەر ئەرزی گۆڕیوە. كەواتە پێدەچێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئامادە بێت جۆرێك لە چارەسەری سیاسی بێتەئاراوە كە بە گوێرەی ئەو رێككەوتنە ئەسەد دەسەڵاتی بە سەر زۆربەی- ئەگەر نەڵێین تێكڕای- خاكی وڵاتەكەیدا هەبێت.
* بەڵام پێت وانییە هەر چارەسەرێكی سیاسی دروست بێت، دەبێت كۆمەڵێك كێشەی بنەڕەتی لە بەرچاو بگرن، وەك كێشەی داعش و لە هەمان كاتدا رۆڵی كورد لەو وڵاتەدا؟
- ئەمە راستە، چۆن دەبێت ئەوە یەكلا بكەینەوە كە چ دەكەین لە بەرامبەر داعشدا و ئایا چارەنووسی هێزەكانی سووریای دیموكرات چی دەبێت؟ ئایا چی بكرێت لەبەرامبەر كورددا كە بەشێك بوون لە هێزەكانی سووریای دیموكرات. كەواتە دۆخەكە بە چەشنێك ئاڵۆزە كە زەحمەتە رۆماننووسێك بتوانێت خەیاڵی هەلومەرجێكی ئاڵۆزی لەم چەشنە بكات. هەروەها ئێمە نابینین ئەمریكا چارەسەرێكی دیپلۆماسی بەدەستەوە بێت كە هەمووان پێی قایل بن. لەلایەكی دیكەوە من نازانم بوونی ژمارەیەكی زۆری سەربازی ئەمریكا لە سووریادا دەتوانێت چ ئامانجێك بەدی بهێنێت. كەواتە ئەمریكا دەسەڵات و كۆنتڕۆڵێكی زۆری نییە بەسەر ئەو دەرئەنجامەی لە دۆخی سووریاوە دەكەوێتەوە.