محەمەد سەعید عەلی وەزیری رۆشنبیری و لاوان بۆ گوڵان: هەموو ئەو موڵكانەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كە بە ناوی هەندێك دەزگای حكوومی و حزبی بەكاردێت، وەردەگیرێنەوە
November 12, 2019
دیمانەی تایبەت
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان جگە لەوەی ئەركی پێشخستنی بوارەكانی رۆشنبیری و هونەری و وەرزش و لاوانی لە ئەستۆدایە، هاوكات ئاماژەیەكیشە بۆ دەربڕینی سیاسەت و ئاراستەی كارەكانی حكومەت، هەر بۆیە هەمووان بە گرنگییەوە دەڕواننە دەستپێكردنەوەی كارەكانی ئەم وەزارەتە دوای ئەوەی قەیرانی دارایی زۆربەی كاروچالاكییەكانی راگرتبوو، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی پەیوەندیدار بە ئەرك و كارەكانی وەزارەت ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ محەمەد سەعید عەلی وەزیری رۆشنبیری و لاوان ئەنجام دا، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.بۆ چوار ساڵی داهاتوو بەرنامەیەكی تێر و تەسەلمان پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كردووە و ئومێدمان ئەوەیە بتوانین جێبەجێی بكەین
نابێت میدیاكان تەشهیر بكەن و هانی توندڕەوی و توندوتیژی بدەن و ئاشتیی كۆمەڵایەتی تێك بدەن
* لە ساڵانی رابردوو، یەكێك لەو وەزارەتانەی بە پلەی یەكەم كاریگەریی قەیرانی دارایی لەسەر بوو؛ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بوو، ئەم وەزارەتە بەشی زۆری چالاكییە هونەری و كولتوورییەكانی خۆی راگرت، بەڵام ئەوەی گوێبیستی بووین لە كابینەی تازەدا جووڵەیەكی باش دەستی پێكردۆتەوە، ئایا رەهەندە گشتییەكانی بەرنامەی چوارساڵی داهاتووتان لە بواری پەرەپێدانی رۆشنبیری و لاوان چییە؟
- راستە قەیرانی دارایی كاریگەریی لەسەر چالاكییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كارو چالاكیەكانی وەزارەتی رۆشنبیری لە بوارەكانی رۆشنبیری و هونەری و وەرزش و لاوان نەوەستابوون، بە پشتیوانیی وەزارەتی دارایی و ئابووری و سپۆنسەریی كەرتی تایبەت و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان چەندین چالاكی لە سەرانسەریی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دی ئەنجام دراون. هێڵە گشتییەكانی كارنامەی چوار ساڵی ئایندەمان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، كە بەرنامەیەكی تێرو تەسەلە و سەرجەم رشتەكانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی لەخۆگرتووە. ئومێد دەكەین بە هۆی باشتربوونی رەوشی ئابووری بتوانین بەرنامەی كارمان بۆ چوارساڵی داهاتوو جێبەجێ بكەین، كە خزمەتێكی زۆر بە كایەكانی رۆشنبیری و هونەری و وەرزشی و لاوان و بوارەكانی دیكەی كولتووری و میدیایی لە كوردستاندا دەكات.
* دیارە وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیبووی پردێكی پتەو لەنێوان رۆشنبیران و هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی كوردستان دروست بكات، تێكەڵیەكی دروست كردبوو كە هەست بە جیاوازی نەدەكرا، ئایا تاچەند بەنیازن ئەم چالاكییانە دووبارە دەست پێبكەنەوە؟
- بڕگەی سێیەمی مادەی دووەمی یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بەوە كردووە كە دەبێت پەرە بە پەیوەندیی كولتووری و وەرزشی و لاوان لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و وڵاتانی دراوسێ و گەلانی ناوچەكە و جیهان بدرێ، وەزارەت ئەم بوارە بە گرنگ دەزانێ و كاری جددی لەسەر دەكات. لەو سۆنگەیەوە وەزارەتمان پەیوەندیی بەهێزی كولتووری لەگەڵ كوردستانییان و وڵاتانی دراوسێ هەبووە، چەندین چالاكی لێرە و لەوێ ئەنجام دراوە و كاروانی ئەو پەیوەندییە كولتوورییە بەردەوامە و ئومێدەوارین زیاتر پەرە بەو پەیوەندییە كولتوورییانە بدەین كە خزمەت بە بواری كولتووری كوردستان دەكات و رەنگدانەوەی لە سەر پتەوكردنی گیانی نەتەوەیی دەبێ .
* وەزارەتی رۆشنبیری هەموو كات ئاماژەیە بۆ دەربرینی سیاسەت و ئاراستەی كارەكانی حكومەت، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی رۆشنبیری بە هۆی ئەوەی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی نییە، یانیش رۆژنامەیەكی رۆژانەی نییە، خەڵك كەمتر بە سیاسەتی فەرمیی حكومەت ئاشنایە، ئایا بەنیازن نین بەرنامەیەك بۆ ئەم لایەنە گرنگە دابنێن؟
- راستە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە هۆی قەیرانی داراییەوە لە دەركردنی رۆژنامە و گۆڤار وەستاوە، ئێستا تەنیا رادیۆی نەورۆزی لە هەولێر هەیە، بەڵام بەرنامەمان هەیە ئەو رادیۆیە پەرە پێ بدەین و لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بەرنامەكانی پەخش بكات، هەرچی لەو بوارانەدا پێمان بكرێ، درێغی ناكەین. كەناڵێكی تەلەفزیۆنی منداڵانیشمان هەبوو، كە ئێستا كارناكات، بەرنامەمان هەیە بودجە بۆ ئەو تەلەفزیۆنە دابین بكەین و وەك تەلەفزیۆنێكی كولتووری بەرنامەكانی پەخش بكات.
* بە حوكمی ئەوەی وەزارەتی رۆشنبیری هیچ سانسۆرێكی لەسەر پەخش و بڵاوكردنەوە نییە، هەست دەكرێت كە جۆرێك لە پاشاگەردانی لە كاری میدیا و تەلەفزیۆنی كوردیدا هەیە، كە رەنگە هەندێك جار ئەم فەوزایە زیان بە گوتاری نیشتمانیمان بگەیەنێت، ئایا كارێكی باش نابێت ئەگەر هەوڵبدرێت بە یاسا ئەم فەوزایە رێكبخرێت؟
- یاسای چاپەمەنی ژمارە (١٠)ی ساڵی (١٩٩٢)، ئاماژەی بەوە كردووە كە چاودێری لەسەر چاپەمەنی و میدیا نییە، ئەوەش گوزارشتێكە لە ئازادیی بیروڕا دەربڕین لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەر ئەو یاسایە ئاماژەی بەوە كردووە كە نابێ میدیاكان تەشهیر بكەن و هانی توندڕەوی و توندوتیژی بدەن و ئاشتیی كۆمەڵایەتی تێك بدەن، ئەگەر وا بكەن، لە رێی داواكاری گشتی و دادگاوە دەتوانرێ ساكاڵایان لە سەر تۆمار بكرێ و لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكرێت. بەگشتی یاسای چاپەمەنی پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئەم قۆناغە بگونجێت و نەك كاری چاپەمەنی، بەڵكو كاری میدیاكان بە گشتی رێك بخات.
* ئایا هەنگاو هەیە بۆ ئەوەی رێكلام و دراماكان بە فلتەرێكدا تێپەڕ بێت؟
- رێكخستنی رێكلام پێویستی بە یاسایەكی تایبەتە كە پەرلەمانی كوردستان دەری بكات و سەرجەم بوارەكانی ئەو پرسە بە یاسا بەرجەستە بكات، ئەوەی سەبارەت بە رێكلام ئیشی لەسەر دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، رێنمایی رێكخستنی فرێكوانس سپەیسە لە هەرێم، كە هێڵە گشتییەكانی رێكلام و بانگەشەكردنی دیاری كردووە، بەڵام ئەم رێنماییە پێویستی بە پەرەپێدان هەیە و دەبێت بكرێت بە یاسایەكی تایبەت و لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت. سەبارەت بە درامەكانیش ئێمە بە پێویستی دەزانین بە فلتەری تایبەتدا بڕوات، بەڵام ئەوەش پێوستی بە ستافێكی پڕۆفیشناڵ و زمانزان و ئامێری پێشكەتوو هەیە، لە هەوڵی ئەوەین ئەو پێداویستییانە دابین بكەین بۆ فلتەركردنی دراماكان .
* پێشتر كۆمەڵێك كەناڵی دیجیتاڵیی لۆكاڵ هەبوون، خەڵك زۆر پێی دڵخۆش بوو، بەڵام ئێستا چەند كۆمپانیایەك هەموو كەناڵەكانی كردۆتە مشەفەر و ناكرێنەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی بەشی هەرە زۆری ماڵان ئامێری (ئای ستار)یان بە نرخی نزیكەی 50 دۆلار كڕیوە، بەڵام ئێستا كەناڵەكان ناكرێنەوە، ئەم كێشەیە چۆن چارەسەر دەكەن و ئایا قسەتان لەگەڵ ئەو كۆمپانییانە كردووە؟
- هەردوو كۆمپانیای ئای ستار و میكس میدیا مۆڵەتی یاساییان لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گەیاندن وەرگرتووە بۆ رێكخستنەوە و پەخشكردنی كەناڵە ناوخۆییەكان و لە بەرامبەر ئەو كارە بڕێك پارە بۆ فرۆشتنی ئامێرەكە و بەشداری ساڵانە وەردەگرن، هەموو ئەوانە لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكخراوە.
* پێشتر وەزارەتی رۆشنبیری بایەخێكی زۆری بە ئەدەبیات و چیرۆكی منداڵان دەدا و چەندین جۆر بڵاوكراوەی تایبەت بە منداڵان چاپ دەكرا، هەروەها هەر بە پشتگیریی وەزارەت چەندین ئۆپەرێت و گۆرانی و چالاكیی منداڵان بەرهەم دەهێندرا، بەڵام ئێستا ئەمانە نەماون، ئایا پێویست نییە بەرنامەیەك بۆ ئەم لایەنە هەبێت، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ژینگەیەكی نیشتمانی منداڵان ئاراستە بكرێن؟
- پێشتر بەڕێوبەرێتی منداڵانمان لە پارێزگاكانی هەرێم هەبوو، بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە كران بە بەش و بودجەی پێوست نەما بۆ ئەنجامدانی كارو چالاكییەكان و چاپكردنی كتێب و نامیلكە لەسەر منداڵان. بەڵام سەرباری قەیرانی دارایی هاوكاریی بەشی منداڵان كراوە كە ساڵانە چەندین چالاكی بۆ منداڵان ئەنجام بدەن و ئومێدەوارین لە كابینەی نۆیەم قەیرانی دارایی بە تەواوی نەمێنێ و بتوانین بودجەی پێویست بۆ ئەو بوارە دابین بكەین و بایەخی زیاتر بە جگەرگۆشەكانمان بدەین.
* سەبارەت بە كردنەوەی پێشانگاكانی كتێب كە ساڵانە لە كوردستان دەكرێنەوە، دیارە هەموو ساڵێك گلەییەكی زۆر لە لیژنەی سەرپەرشتیی ئەو پێشانگایانە دەكرێت، لەبەر ئەوەی خانەی بڵاوكراوەكان بەتایبەتی (عەرەبییەكان) كۆمەڵێك كتێب دەهێێن كە توندوتیژی و دەمارگیری بڵاودەكاتەوە، ئایا بەرنامەتان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی هزری دەمارگیری و توندڕەوی چۆنە؟
- سەبارەت بەو پێشانگایەی كتێب كە ساڵانە لە هەولێر پایتەخت دەكرێتەوە، ئێمە لیژنەیەكمان هەیە كە ساڵانە پێش كردنەوەی پێشانگا سەیری ناونیشانی كتێبەكان دەكات، لە ساڵانی رابردووش دەیان ناونیشانی كـتێبیان قەدەغە كردووە و رێیان لێ گرتوون كە نمایش بكرێن، ئەو كتێبانەش پەیوەندییان بە هاندانی توندوتیژی و توندڕەوی هەبووە.
* فلیمی سینەمایی و هاوكاریكردنی سینەماكاران تاچەند لە بەرنامە و كارەكانی ئەم كابینەیەدایە، بەتایبەتی ئەو فلیمە سینەماییانەی مۆركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییان هەیە، تا چەند جێگای بۆ كراوەتەوە؟
- لە كارنامەی چوارساڵی داهاتوو كە پێشكەش بە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، ئاماژە بە بوارە هونەرییەكان دراوە، لە ناویاندا باسی بایەخدان بە بواری سینەما و بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی و فیستیڤاڵی سینەما كراوە، بێگومان ئەو فیلمانەی رەهەندی نیشتمانی و نەتەوەییان هەیە لە پێشەنگدا دەبن و بایەخی زیاتریان پێ دەدرێ.
* لە كوردستان ساڵانە فیستیڤاڵێكی زۆری رۆشنبیری و كولتووری گەلان بەڕێوەدەچوو، ئایا هیچ ئومێدێك هەیە، یان بودجەیەك هەیە دووبارە گرنگی بەو فیستیڤاڵانە بدرێتەوە بە تێچوونێكی كەمتر؟
- لە بەرنامەی كاری وەزارەتدا بایەخ بە فیستڤاڵەكان دراوە، هەر بە مەبەستی رێكخستنەوەی فیستیڤاڵەكان لیژنەیەكی باڵا لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان پێكهاتووە، ئەم لیژنەیە گەڵاڵەنامەیەكی وەك رێنمایی ئامادە كردووە بۆ ئەو مەبەستە و هەموو لایەنەكانی ئەم بابەتەی لەبەرچاو گرتووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا پەسەند دەكرێ و دەخرێتە بواری جێبەجێكردن. ئومێدمان زۆرە لە سایەی ئەم كابینەیەدا فیستیڤاڵەكان بە شێوەیەكی رێكوپێك و جوانتر بەڕێوەبچن كە مۆركێكی كوردستانی و سرووشتێكی نێودەوڵەتییان هەبێت.
* وەزارەتی رۆشنبیری موڵكی هەیە، دەستی بەسەرداگیرابێت و وەرنەگیرابێتەوە، ئایا بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو موڵكانە چ هەنگاوێك دەنرێت؟
- چەند موڵكێكی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان هەن كە لە پێش راپەرینی ئازاری ١٩٩١ نەكرابوون بە ناوی ئەمیندارێتیی رۆشنبیری و لاوان، ئەو موڵكانە لەكاتی ئێستادا لە لایەن هەندێك دامودەزگای حكوومی و حزبی بەكاردێن، بۆ گەڕانەوەی ئەو موڵكانە نووسراومان بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بەڵام بۆ هەندێك موڵكیان كێشەی یاساییمان هەیە، كە زەوی و باڵاخانەكان بە ناوی وەزارەتی رۆشنبری و لاوان تۆمار نەكراون. لە سایەی ئەم كابینەیەش هەوڵەكانمان بەردەوام دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئەوموڵكانە.