د. محەمەد بازیانی توێژەر و سیاسەتمەدار بۆ گوڵان: راستە ئەمریكا لە رۆژئاوا پشتی لە كورد كرد، بەڵام توركیاشی خستە داوێكەوە زەحمەتە لێی رزگار بێت
November 5, 2019
دیمانەی تایبەت
لە ناو ئەو ئاڵۆزی و هەستیارییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەواوی ناوچەكە لە بەردەم گۆڕانكارییەكی گەورەدایە و ئاراستەی جووڵە سیاسییەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەوجۆرەن كە هاوكێشەیەكی تازە لە ناوچەكەدا بێتە ئاراوە و گەمەكاری سەرەكییش لەناو هاوكێشە تازەكەدا گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بۆ هەڵسەنگاندن و قسەكردن لەسەر ئەم پرسە هەستیارە، ئەم دیدارەمان لەگەڵ د.محەمەد بازیانی وەزیری پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی سەنتەری هودا بۆ توێژینەوەی ستراتیژی سازكرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.* تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وەرچەرخانێكی گەورەدا تێدەپەڕێت و شەڕ و خۆپیشاندان تەواوی ناوچەكەی گرتۆتەوە، ئایا لە روانگەی ئێوەوە خوێندنەوەیەكی گشتگیر چۆن بۆ ئەم بارودۆخە دەكرێت؟
- سەرەتا بە ناوی خوا، لە راستیدا ئەو پرسیارە لە شوێنی خۆیەتی، بەتایبەت لەم رۆژەدا وا چاوەڕوان دەكرێت كە رۆژهەڵاتی ناوین بە ئاقارێكی دیكەدا بڕوات، وەك چۆن لە سەردەمی سایكس پیكۆ زۆربەی نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوین مافی خۆیان وەرگرت و دەوڵەتی نەتەوەییان بۆ دروست بوو، بەڵام چەند نەتەوەیەك دەوڵەتیان بۆ دروست نەبوو، لەوانە: جوو، كریسیتانەكانی باشووری سودان، كورد لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئەمازیغییەكان لە رۆژئاوای وڵاتانی عەرەبی، بەڵام دوای شەڕی دووەمی جیهانی دەوڵەتێكی ئایینییان بۆ جوو دروست كرد، بە ناوی ئیسڕائیل لە سەر خاكی فەلەستین، لەم دواییانەشدا كریستیانەكانی باشووری سوودان دەوڵەتیان بۆ دروست بوو، ئەوەی ماوەتەوە كوردە لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئەمازیغییەكانە لە باكووری ئەفریقیا.
بە خوێندنەوەی من وەك كەسێكی ستراتیژوان، وا چاوەڕوان دەكەم ئەم دوو میللەتەش (كورد و ئەمازیغییەكان) لەم سەدەیەدا دەوڵەتیان بۆ دروست ببێت، بەڵام نازانم ئێمە پێش ئەمازیغییەكان دەوڵەتمان بۆ دروست دەبێت، یان ئەوان، ئەوەی لە پێشهاتەكان دەخوێندرێتەوە، ئەوەیە كە ئێستا تیشكەكە لە ناوەندی نێودەوڵەتی لەسەر ئێمەیە. كورد كاریگەریی لەسەر چوار دەوڵەتی میحوەری هەیە، كە بریتین لە (ئێران، توركیا، سووریا و عێراق) ئەوەی ئێستا دەبیندرێت لە سووریا و عێراق، لەم دوو دەوڵەتەدا خەڵكانی شۆڤێنیی زۆر گەورەی تێدایە، بەڵام لە هەر دوو دەوڵەتەكەشدا كورد بۆتە سەنتەر، لەبەر ئەوەی تا دوێنی تەنیا تیشكەكە لەسەر كوردستانی باشوور بوو، بەڵام ئەمڕۆ تیشك كەوتۆتە سەر ئەوێش، هەرچەندە لە باشوور دەوڵەتی سەربەخۆمان نییە، بەڵام مامەڵەی شێوەیەك لە دەوڵەتداری لەناو خودی خۆمان دەكەین، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش تا راددەیەكی زۆر بایەخدان بە باشووری كوردستان هەیە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئێستا بایەخدان بۆ رۆژئاواش هەیە، تەنانەت ئەو ترسە لای هەندێك دەوڵەت هەبوو كە رۆژئاوای كوردستان بگاتە دەریا، هەرچەندە پێدەچێت لە ئێستا بەرژەوەندیی زلهێزەكان لەگەڵ ئەمە یەك نەگرێتەوە، بەڵام سیناریۆكە هێشتا ماویەتی .
* لەناو ئەم گێژاوە گەورەیەی ناوچەكەدا، هەرێمی كوردستان ئارامە و كابینەی نوێ دەستبەكار بووە، ئایا هەرێمی كوردستان لە ناو ئەم گێژاوەدا چۆن دەتوانێت باڵانسی خۆی رابگرێت، بەتایبەتی كە ئێستا پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا كەوتۆتە حاڵەتی ناسەقامگیریی تەواو و خۆپیشاندانەكان بەغدا و بەشێكی زۆری پارێزگاكانی دیكەی عێراقی گرتۆتەوە؟
- لەبەر ئەوەی ئێمە تا ئەم ساتە بەشێكین لە عێراق و سەركردایەتیی كوردیش لۆژیكانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیە كردووە، ئەوا توانیویانە ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بپارێزن، بەڵام سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ئێستای عێراق، خۆپیشاندەران زیاتر ئەو عەرەبە شیعانەن كە نەوەی تازەن و ستەمی سەدام حوسێنیان نەبینیوە، بەڵكو ستەمی ئەو دەسەڵاتە تازەیەیان بینیوە كە لە دوای سەدامەوە هاتۆتە سەر دەسەڵات و هیچ خزمەتگوزارییەكیان پێشكەش نەكردووە، هەر بۆیە ئەوەی ئێستا روودات بە ئەرێنی و نەرێنییەوە، كاریگەریی لەسەر كوردستان هەیە و دەبێت، بەتایبەتی ئێستا باس لە گۆڕێنی حكومەت و هەمواركردنەوەی دەستوور دەكرێت، بۆیە دەبێت بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بكەین، ئەوەی تائێستا دەیبنین ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر لۆژیكانە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخەكە كردووە و، نەچۆتە هاوكێشەیەكەوە كە لایەنگری لایەك بێت و دژی لایەكی دیكە بێت، ئەمەش بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان هەڵوێستێكی زۆر باشە، نە خۆی كردووە بە دژی خۆپیشاندەران، نە خۆشی كردووە بە دژی حكومەت، لەلایەكی دیكەوە پێویستە حكومەت وانەیەك لەو خۆپیشاندانە فێربێت و پەلە بكات لە دابینكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاووڵاتیانی كوردستان، چونكە بەشێك لەو كێشانەی خەڵكی عێراق هەمان كێشەی خەڵكی كوردستانیشن، بۆیە سەرەنجام لەبەر ئەوەی ئێمە تا ئێستا خاوەنی دەوڵەتی خۆمان نین و بەشێكین لە عێراق، بارودۆخەكە هەر چۆنێك بێت، بە ئەرێنی و نەرێنی كاریگەری لەسەر كوردستانیش دەبێت، بەتایبەتی كە باس لە هەمواركردنەوە و گۆڕینی دەستووری عێراق دەكرێت، من ترسی ئەوەم هەیە لە كاتیكدا دەستوور هەموار بكرێتەوە، سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراقدا نەمێنێت، ئەمە بۆ ئێمە كارەساتێكی گەورە دەبێت.
* وەك بینیمان توركیا هێرشی كردە سەر رۆژئاوای كوردستان، بەمەش كۆمەڵكوژییەكی زۆر لە رۆژئاوا دروست بوو، هەندێك لەسەر ئەم پرسە دەڵێن هۆكاری سەرەكیی ئەو كۆمەڵكوژییە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بوو لەو ناوچەیە، ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا لەوێ بوونایە، توركیا نەیدەتوانی هێرش بكات، پرسیاری ئێمە ئەوەیە بۆ ئەمریكا هەم لە ریفراندۆم و هەم لە رۆژئاوا پشتی لە كورد كرد، لە كاتیكدا ئەگەر كورد نەبوایە، تێكشكانی تیرۆریستانی داعش ئاسان نەبوو؟
- ئێمەی كورد بەتایبەتی لە باشووری كوردستان ئەزموونێكی زۆرمان لەگەڵ حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و پێشتریش لەگەڵ ئینگلیز و عوسمانییەكان هەبووە، بەڵام كێشەیەكیشمان هەیە، كە لە ناوخۆی خۆماندا یەكگرتوو نەبووین، ئەمەش خاڵی سەرەكیی لاوازبوونی كورد بووە، هەر بۆیە ئەگەر لە رووی سیاسیشەوە لە یەكتری جیاواز بین، گرنگە لە ستراتیژدا یەك دەنگ و یەكڕیز بین، تەنیا بەمەش بەهێز و سەركەتوو دەبین، لەلایەكی دیكە كێشەیەكی دیكەمان ئەوەیە كە ئێمە خۆشباوەڕین و پشتمان بەوە بەستووە، كە دەوڵەتە زلهێزەكان هاوكار و یارمەتیدەرمان دەبن، بەڵام ئەوان هەموو كات لە رووی بەرژەوەندییانەوە مامەڵەیان لەگەڵ كردووین، هەروەها ئێمە هیچ نووسراوێكی پڕۆتۆكۆڵیمان لە گەڵ وڵاتە زلهێزەكان نەبووە، هەر بۆ نموونە: ترامپ لە تویتێكدا دەڵێت: «ئامادە نین بۆ ماوەی (400) ساڵ پارێزگاری لە كورد بكەین»، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە ئەمریكا بۆ بەرژەوەندیی خۆی كوردی لە رۆژئاوا لە دژی داعش بەكارهێنا، بۆیە دەتوانم بڵێم ئێمە تا ئەم ساتە وەختە سوودمان لە مێژوو وەرنەگرتووە، بۆ نموونە لە ساڵی 1975 گەلەكۆمەكییەك بە پشتگیریی ئەمریكا لە كورد و شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستان كرا، كە ئەو كات سەدام حوسێن دەیگوت چەند گوللە تۆپێك لە جبەخانەكانمادا بوو، ئەمەش مانای ئەوەیە شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستان لەسەر لێواری سەركەوتن بووە، بەڵام ئەمریكا و شای ئێران بۆ هەندێ بەرژەوەندیی خۆیان پشتیان لە كورد كرد، ئەمجارەش رۆژئاوای كوردستان سوودیان لەو ئەزموونە مێژووییە وەرنەگرت و لە ساتەوەختێكی زۆر ناخۆشدا ئەمریكییەكان پشتیان لە كوردی رۆژئاوا كرد، بۆیە ئەوەی لە رۆژئاوا روویدا گەلەكۆمەكی بوو بە هاوكاری ئەمریكا، هەروەها بۆی هەیە داوێكیش بێت بۆ توركیا، من جەخت لەسەر ئەم بۆچوونەم دەكەمەوە، لەبەر ئەوەی ئەمە تەڵە و داوێكە بۆ توركیا كە چووە ناویەوە و زۆر زەحمەتە لێی بێتە دەرەوە، یان خۆی لێ رزگار بكات، هەر بۆیە ئێستا ئەوەی توركیا دەیەوێت جێبەجی دەكات و بە ئاشكرا دەستی بۆ رادەكێشێت و دەڵێ من شەڕ دەكەم بە حوكمی ئەوەی رێككەوتنی نێوان توركیا و ئەمریكا تەواو بووە و ئەوەی ماوە لە نێوان توركیا و رووسیایە، لە كاتێكدا چەكدارەكانی یەپەگە و هەسەدە لەو ناوچانە نەكشێنەوە و تا ئەو ساتەوەختەی بۆ گوڵان قسە دەكەم، هەندێ لە دێهات و ناوچەكان شەڕوشۆڕ و پەلاماردانی توركیای لەسەرە و تەنانەت شەڕوشۆڕەكە نەك تەنیا لەنێوان توركیا و چەكدارانی سەر بە توركیا لەگەڵ هەسەدەیە، بەڵكو شەڕەكە لەگەڵ سوپای سووریاشە، بۆیە بۆچوونی من ئەوەیە توركیا رادەكێشرێتە ناو هاوكێشەیەك وەك چۆن سەدامیان راكێشا بۆ ناو كوێت، بە هەمان شێوە توركیاش بۆ ناو سووریا رادەكێشن، كە زۆر بە ئاسانی ناتوانێت لێی دەربچێت، تاوەكو ئەو ستراتیژیەتەی بۆ ساڵی 2023هەیە كە لەكاتی سایكس پیكۆ كۆماری تازە دروست بوو و كۆمەڵێك قیودیان خستەسەر توركیا، ئەوە لە ساڵی 2023 ئەو قیودانە نامێنن، ئەمەش بۆ توركیا زەرەرە و رۆژئاوی كوردستانیش لەم حاڵەتەدا زەرەری كرد كە لە شێوازێكی سەربەخۆدا دەگۆڕێت بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەمریكا، یان رووسیا، یان سووریا بێت، كە رژێمی ئەسەد بە ئاگرو ئاسن لە كوردی داوە.
* توركیا بەم هێرشەی ویستی نەوایەكی ئارام لە رۆژئاوا دابمەزرێنت و نزیكەی 3.6 ملێون ئاوارەی عەرەبی سووری لەو ناوچانە جێگیر بكات، بەمەش دیموگرافیای ناوچەكە بگۆڕێت، ئایا گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچەیە پرۆسەیەكی دیكە بۆ بە عەرەبكردنی ئەو ناوچانە نییە، وەك ئەوەی پێشتر لە لە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی باشووری كوردستان ئەنجام دراوە؟
- توركیا بە ئاشكرا ئاماژە بەوە دەكات كە دیمۆگرافیای ناوچەكە ناگۆڕێت و ئەردۆگان خۆیشی ئاماژەی بەمە كردووە، پاشان لەو 3.5 ملیۆن ئاوارەیە تەنیا 300 هەزاری كوردە و لە قۆناخی یەكەم باس لەوە دەكەن 1.5 ملیۆنیان بگێڕنەوە بۆئەو ناوچانە، ئەوانی دی دەبەنەوە ئەو شوێنانەی كە توركیا پڕوپاگەندەی بۆ دەكات و دەڵێت ناوچەی عەرەبین، هەروەها توركیا دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت ئەو ناوچەیە جارێكی دیكە ببووژێنینەوە و ئەو ئاوارانەی سووریا تێیدا بحەوێنەوە، هەروەها بەمەش ئەم ناوچەیە نابێتە كیانێكی سیاسی بۆ كورد كە تا سەر دەریا بچێت و لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژەی بۆ سەد ساڵی داهاتوو هەیە، رۆژئاوا لەگەڵ باشوور یەك بگرێتەوە، واتە رێگە لەمەش دەگرێت، ئەمانەی ئاماژەمان پێدا هەر هەمووی هەیە، بەڵام چەند دیمۆگرافیەت دەگۆڕێت؟ بۆی هەیە و بە دووری نازانم كە دیمۆگرافیای ئەم ناوچەیە بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ژمارەی ئاوارەكان كە 3.5 ملیۆنە تەنیا 300 هەزاریان كوردن.
* هەر ئەم هەفتەیە سەرۆكی ئەمریكا كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشی راگەیاند، خوێندنەوەت بۆ ئەم سیناریۆیە چۆن بوو؟ ئایا بە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی تیرۆر كۆتایی دێت؟
- بە كوشتنی بەغدادی تیرۆر كۆتایی نایەت، ئەبوبەكر بەغدادی بە هەموو هاوكێشە سیاسییەكانەوە لە زووەوە تەواو بوو، بەتایبەتی لەو كاتەی لە عێراق دەرپەڕێندرا و چووە سووریا و دەتوانم بڵێم كوشتنی بەغدادی سناریۆیەكی دیكەی ئەمریكایە، هەروەك چۆن دوای كوشتنی بن لادن، كۆمەڵە خەڵكێكی دیكەیان بە ناوی ئیسلامی لە هەموو جیهان كۆكردەوە و ئەمریكا گەمەیان پێ دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەمریكا بە ئاشكرا دەڵێت: لە 100% لە داعش رزگارمان بوو، باشە پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەی دوای داعش ئایا تیرۆر نامێنێت؟ بۆیە بۆی هەیە، سیناریۆیەكی دیكە دروست بكرێت و كۆمەڵێك خەڵكی دیكەی نەزان و نەفام كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی ناوچەكە سەقامگیری و هێمنی تێدا نەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر ناوچەكە سەقامگیر بێت، ئەمریكا لە ناوچەكە بوونی نابێت، لەلایەكی دیكەوە خەڵكی ئەمریكاش ناڕازین كە ئەمریكا هاتۆتە ئەم ناوچەیە، ترەمپ خۆی دەڵێت: ئێمە هەڵەمان كرد چووینە ناو سووریا و عێراق، ئەمە شەڕی خۆیانە، با بۆ خۆیان بیكەن، بۆیە تیرۆر هەر دەبێت و هەر دەمێنێت تا دنیا هەیە.
* ئێستا رووسیا رۆڵێكی گەورەی بەگشتی لە ناوچەكە هەیە و بەتایبەتیش لە سووریا، ئایا لەم بارودۆخە هەستیارەدا رووسیا تاچەند دەتوانێت كوردی سووریا لەگەڵ دیمەشق بگەیەنێتە رێككەوتن؟
- خۆی ئەوە حاڵەتێكە، بەڵام كوردی رۆژئاوا لە نێوان چەند هەڵبژاردە و ئەگەرێكدایە، یەكێك لەو هەڵبژاردانە ئەوەیە لەگەڵ حكومەتی بەشار ئەسەد رێك بكەوێت. بە بۆچوونی من ئەم بژاردەیە لە هەموویان ئاسانترە، لەبەر ئەوەی بەشێك لە سەركردە كوردەكانی رۆژئاوا پێشتریش پەیوەندییان لەگەڵ ئەسەد هەبووە و رێككەوتنیشیان هەبووە لەسەر پاراستنی ئەو ناوچانە و، سوپای سووریا بە رێككەوتن لەو ناوچانە كشاوەتەوە، لەلایەكی دیكەش بە حوكمی ئەوەی كوردانی رۆژئاوا پەیوەندییان لەگەڵ رووسیا هەبووە، پێش ئەوەی لەگەڵ ئەمریكا پەیوەندییان هەبێت، لەمەشدا رووسیا خۆی ئاماژەی پێ دەكات، بەڵام ئەمەش دەكەوێتە سەر هەڵوێستی ئەمریكا بەوەی ئایا دەكشێتەوە بەتەواوەتی یان نە، لەبەر ئەوەی ئێستا 500 سەربازی ناردۆتەوە بۆ رۆژئاوا و ئاماژەی بەوەش كردووە ئەو جارە ناكشێتەوە، لێرەدا دەتوانین بڵێین كشانەوەی ئەمریكا لە رۆژئاوا تاكتیك بوو، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە كورد لەنێوان ئەم سێ هەڵبژادەیە (ئەمریكا و رووسیا و سووریا) كامیان هەڵدەبژێرێت بۆ هەڵبژاردنی یەكێك لەوانەش ئەوە تەنیا رۆژئاوای كوردستان خۆیان باشتر دەزانن و خۆیان خاوەن بڕیارن كە كامەیان بۆیان باشترە، چونكە ئەمریكایان تاقی كردەوە كە ئەمریكا ستراتیژیەتی لەگەڵ توركیای دووەم دەوڵەتی ناتۆیە و نایگۆڕێتەوە بە كورد، رووسیاش پەیوەندی لەگەڵ بەشار ئەسەد هەیە و نایگۆڕێتەوە بە كورد، هەروەها پەیوەندی رووسیا و توركیاش دیارە بەهێزترە لەوەی لەگەڵ كورد هەیەتی، وەك پێشتریش بینیمان هەتا رووسیا لە عفرین نەكشایەوە، توركیا نەیتوانی پەلاماری بدات و داگیری بكات، ئەوەی دەمێنێتەوە كورد كام بژارە هەڵدەبژرێت، من مەزندەی ئەوە دەكەم لە كۆتاییدا لەگەڵ حكومەتی بەشار ئەسەد رێكبكەون، لەبەر ئەوەی ئەمەیان لە دوو بژارەكەی دیكە بۆیان ئاسانترە.