سالیسۆ ئۆجۆنێمی پاوڵ پسپۆڕی بواری كارگێڕیی گشتی بۆ گوڵان: بێ دەستەبەركردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادەوەری هەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كاریگەریی خوازراویان لێ ناكەوێتەوە
October 23, 2019
دیمانەی تایبەت
پرسی هێنانەئارا و پەرەپێدانی حوكمڕانیی باش پرۆسەیەكی ئاسان نییە، لە هەمان كاتدا تەنیا یەك رێگاچارە و نەخشەڕێگا نییە كە وەك پلانێكی ئامادەكراو سەرجەم كۆمەڵگە و وڵاتەكان بتوانن پەیڕەوی بكەن و كاروبارەكانی كۆمەڵگە بە باشترین و كاراترین شێوە پێ رێك بخەنەوە، هەندێ وڵات لەم رووەوە توانیویانە هەنگاوی باش هەڵبگرن و بەرهەمەكەشی سەقامگیربوونی و بووژانەوەی وڵاتەكە بووە و هەندێ وڵاتیش كە لەم پرۆسەیەدا شكستیان هێناوە و، باجی قورس و گرانیان داوە، سەرنجام وڵاتەكەشیان دووچاری چەندین كێشە و تەحەددیی دژواری دیكە كردۆتەوە. یەكێك لەو وڵاتانەی كە وەك ئەزموونێكی شكستخواردوو ئاماژەی پێ دەكرێت، بریتییە لە وڵاتی نەیجیریا، ئەم وڵاتە سەرەڕای ئەوەی كە بە چەندین سەرچاوەی سرووشتی بەهرەمەندە و دەكرێت باری ناهەمواری وڵاتەكەی پێ راست بكرێتەوە و بگرە وڵاتەكەش بخرێتەسەر رێڕەو و رێچكەی گەشەكردن و سەقامگیری، بەڵام لە بری ئەوە، وڵاتەكە رووبەڕووی كێشەی ئەمنی و ئابووریی جددی بۆتەوە و ئەو سەروەت و سامانە گەورەیەشی بەفیڕۆ داوە. پرسی حوكمڕانیی باش و چەندین پرسی پەیوەندیدار بە هۆكارەكانی شكستی ئەم وڵاتە لە هێنانەئاری ئەم جۆرە حوكمڕانییە و شرۆڤەكردن و لێكدانەوەی هۆكارەكانی، بوونە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ سالیسۆ ئۆجۆنێمی پاوڵ كە پسپۆڕ و وانەبێژی كارگێڕیی گشتییە لە زانكۆی نەیجیریا و، خاوەنی چەندین توێژینەوەی پەیوەستە بە بواری حوكمڕانی لە وڵاتی نەیجیریا و هۆكار و دەرئەنجامەكانی نەبوونی حوكمڕانیی باش لەو وڵاتەدا.* هەروەك ئاشكرایە وڵاتی نەیجیریا خاوەن سەرچاوە و سامانێكی سرووشتیی هێندە گەورەیە كە ئەگەر بە باشی بەكار بهێنرێت، ئەوا دەبێتەهۆی گەشەكردن و بووژانەوەیەكی گەورەی وڵاتەكە و خەڵكیش لەو بارە ناهەموار و نەهامەتییە رزگار دەكرێن، پرسیارەكە ئەوەیە چی رێگر بووە لە دروستبوونی حوكمڕانییەكی باش و بەكارهێنانی ئەم سەرچاوانە بۆ خێر و خۆشیی خەڵكەكە؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە هەر كاتێك ئێمە توانیمان كێشە دەستنیشان بكەین و توانیمان ئەوە یەكلا بكەینەوە كە هۆكاری راستەقینەی كێشەكە چییە، ئەو كاتە ئەگەری ئەوە دروست دەبێت كە بتوانرێت هەوڵ بخرێتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی. دواتر پێم وایە ئێمە دەبێت لە پرسی چاكسازییەوە دەست پێ بكەین، هەروەها كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو سیاسەت و بڕیارانە بكەین كە لەم پێناوەدا و بە ئامانجی هێنانەئارای چاكسازی دراون، بەتایبەتی چاكسازی لە بواری دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكاندا، كە ئێستا دەبینین لە وڵاتی ئێمە نووسینگەی چاكسازیی خزمەتگوزاریی گشتی بۆ ئەم مەبەستە دامەزرێنراوە، كەواتە من دووپاتی دەكەمەوە دەبێت جددییەتێك هەبێت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، ئەگەر ئەمە كرا، ئەوا دەبێتە بەشێك لە چارەسەرەكە.
* پێت وایە دەبێت جددییەتەكە لە چیدا بێت؟ ئایا بە تێڕوانینی ئێوە ئیرادەیەكی سیاسیی راستەقینە لەلایەن سەركردایەتیی سیاسیی وڵاتەكەوە نییە، یان دەكرێت لەم رووەوە ئاماژە بە هۆكار و ئاستەنگی دیكە بكرێت؟
- من پێم وایە ئیرادە سیاسییەكە بوونی هەیە و باوەڕیشم وایە توانای زاڵبوونمان بەسەر ئەو كێشانەدا هەیە كە رووبەڕووی بووینەتەوە، بەڵام ئەوەی دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە كە ئێمە پێویستمان بە ئایدیا و بیرۆكە و پێشنیاری پەیوەست بە چۆنیەتیی ئەنجامدانی چاكسازی هەیە. من لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا باسی هەندێ هەنگاوم كرد، وەك دامەزراندنی نووسینگەی پەیوەست بە چاكسازی لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی، كە بە باوەڕی من ئەمانە هەنگاوێكن بە ئاراستەی راست و دروستدا و ئەمانە دەستپێشخەرییەكی پێشوازی لێكراون. لەم روانگەیەوە من گەشبینم و پێم وایە دەكرێت كار بكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە رووبەڕووی بووینەتەوە، بەتایبەتی كە دەبینین ئیرادەی سیاسی بوونی هەیە و هەوڵی ئەنجامدانی چاكسازی دەدرێت و لە هەمووشی گرنگتر كار دەكرێت بۆ ئەوەی هێنانەئاری بەرژەوەندیی گشتی بكرێتە ئەولەوییەت و بایەخی پێ بدرێت. لە دەرئەنجامدا من باوەڕم وایە كە ئەگەر بتوانین لەسەر هەڵگرتنی ئەم هەنگاوانە بە ئاراستەی راست و دروست بەردەوام بین و هەوڵە جددییەكانمان درێژە پێ بدەین، ئەوا دەتوانین چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزینەوە و دەتوانین لە كۆتاییدا حوكمڕانیی باش دابمەزرێنین و بیهێنینە ئاراوە.
* كێشەیەكی جددی و مەترسیدار كە وڵاتی نەیجیریا بە دەستیەوە دەناڵێنێت و پێوەی گرفتارە، بریتییە لە كێشەی گەندەڵی، ئایا تا چ راددەیەك ئەم كێشەیە بۆتە هۆی نەهێشتنی متمانە لای هاووڵاتیان لە ئاست حكومەتدا و تا چەند بۆتە هۆی لەباربردنی گەشەی ئابووری لەم وڵاتەدا و بۆ بەرەنگاربوونەوەی چ رێكارێك گیراوەتەبەر؟
- ئەوەی لێرەدا دەتوانین بیڵێین ئەوەیە كە تاوەكو ساڵی 1999 لە وڵاتی نەیجیریا گەندەڵی زۆر بەربڵاو بووە و بە تەواوەتی تەشەنەی كردبوو، تەنانەت ئەو كاتە بە گەورەترین كێشە دانرا كە رووبەڕووی وڵاتی نەیجیریا بۆتەوە، بەڵام دواتر هەوڵدرا كە كارێك بكرێت لە پێناوی بەرەنگاربوونەوەیدا، ئەوە بوو سەرەتا ئەوە لەبەرچاو گیرا كە بەڵێ گەندەڵی بوونی هەیە و دواتر پرسی ئەوە تاوتوێ كرا كە چۆن ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە كار بۆ تێپەڕاندنی یاسایەك كرا لە پەرلەمانی وڵاتەكەدا، لە پێناو دامەزراندنی دەستەیەكی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لە كۆتاییشدا ئەو یاسایە تێپەڕێندرا و پەسەند كرا. هەموو ئەمانەش رەنگدانەوەی بوونی ئیرادەیەكی سیاسییە بۆ ئیشكردن لەسەر ئەم پرسە و ئێستاش كار دەكرێت بۆ دەستنیشانكردنی كار و كردەوە گەندەڵكارییەكانی نێو كایە و كەرتەكانی حكومەت.
* ئایا پێتان وانییە ئەم پرسە گرێ درابێتەوە بە پرسی سەروەریی یاساوە، واتە كاتێك دەستنیشانی حاڵەت و كردارە گەندەڵكارییەكان دەكەن، ئەوا پێویستە ئەم مەسەلەیە لەلایەن یاساییەوە یەكلا بكرێتەوە، لەبەر ئەوە پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا لە وڵاتی ئێوەدا تا چ راددەیەك كار لەسەر باشتركردن و پەرەپێدانی سەروەریی یاسا كراوە؟
- لە راستیدا ئەو هەنگاوانەی ئاماژەمان پێكردن كاریگەریی خوازراو و چاوەڕوانكراویان لێ ناكەوێتەوە، ئەگەر بێتو نەتوانرێت دەستەبەری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بكرێت، واتە دەسەڵاتی دادوەری پاشكۆی دەسەڵاتی یاسادان و جێبەجێكردن نەبێت، كە ئێستا ئێمە دەبینین هەوڵێك هەیە بەم ئاراستەیە لە وڵاتی نەیجیریا، بە چەشنێك كە دەبینین ئەم دەسەڵاتە كەوتۆتەسەر رێچكەی ئەوەی ئەركەكانی خۆی ئەدا بكات. دواتر مەسەلەكە هەر تەنیا پێدانی سەربەخۆیی نەبوو بە دەسەڵاتی دادوەری، بەڵكو دەسەڵاتی یاسادانانیش كێشەی سەربەخۆیی هەبوو، ئەمەش وەك لایەنێكی كێشەكان دەستنیشان كرا و لە ئەنجامدا هەوڵدرا كە ئەو سەربەخۆییە بۆ دەسەڵاتی یاسادانانیش دەستەبەر بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرك و رۆڵی چاوەڕوانكراو و دەستنیشانكراوی خۆی جێبەجێ بكات، لە ئەنجامدا دەبینین ئێستا ئەم دەسەڵاتە ئاستێك لە سەربەخۆیی بەدەست هێناوە و باشتر گفتوگۆ و تاوتوێی پرس و بابەتە پەیوەندیدارەكان دەكات. كەواتە ئەگەر هەوڵ و هەنگاوەكان بەم ئاراستەیەدا چڕ بكەینەوە، ئەوا دەكرێت بەم شێوەیەیە گوزارشتی لێ بكرێت: سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانان دوو توخمی سەرەكی و بنەڕەتین بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە ئێستا لە وڵاتی ئێمەدا كاركراوە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە ئەو سەربەخۆییەیان هەبێت. چونكە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە ئازاد نەبن و پاشكۆ بن، ئەوا ناكرێت چاوەڕوانی ئەوەیان لێ بكرێت كە ئەرك و بەپرسیارێتییەكانیان ئەدا بكەن. كەواتە دەكرێت بڵێین هەموو ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازی لە وڵاتی نەیجیریادا خراونەتەگەڕ. تەنانەت لە ئێستادا چەندین كاربەدەست و بەرپرسی پێشووتر لەم وڵاتەدا دەستگیر و زیندانی كراون، ئەمەش بەرجەستەكاری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییە، دووپاتی دەكەمەوە كە ئەم كارانە هەموویان هەنگاون بە ئاراستەی راست و دروستدا. خاڵێكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە كە رێكارێكی دیكە گیراوەتەبەر بۆ بەرگرتن لە روودانی حاڵەتی گەندەڵی و كۆكردنەوەی پارە، ئەویش ئەوەیە كە رێگە نادرێت حیسابی جیاواز لە بانكەكاندا بكرێنەوە كە نەتوانرێت چاودێری بكرێت، خۆ ئەگەر بێت و كەسێك بیەوێت لە یەك كاتدا لە چەند بانكێكی جیاواز حیساب بكاتەوە، ئەوا ژمارەیەكی دیاریكراوی پێ دەدرێت كە ئەو حیساباتانە پێكەوە گرێ دەداتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە دەستەی تایبەتی سەر بە حكومەت بە ئاسانی چاودێری بكەن. كەواتە بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین، چاودێریكردنێك لەسەر جووڵە و گواستنەوەی پارە هەیە و لەم رووەشەوە هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد چەند بەرپرسێك دەستگیر كراون، هەموو ئەمانەش دەرئەنجامی ئەم رێكارانەن كە گیراونەتەبەر وەك چاودێریی جووڵەی پارە و پێدانی سەربەخۆیی بە دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی یاسادانان، كە هەموویان خزمەت بە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاكسازی و پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكەن.