فیلیپ ئۆلاسوپۆ ئەلێجی پڕۆفیسۆری ئابووری لە زانكۆی كەڤێنانتی نەیجیریا بۆ گوڵان: سیستمی سیاسیی نەیجیریا بەرهەمهێنەری گەندەڵییە
October 23, 2019
دیمانەی تایبەت
رەنگە هیچ وڵاتێك لە جیهاندا نەبێت كە خاڵی بێت لە گەندەڵی، بەڵام ئاست و مەودای ئەم كێشەیە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە جیاوازە، ئەگەر گەندەڵی لە وڵاتێكدا بووبێتە پەتایەكی سەرەكی و سەرتاپای كۆمەڵگەكەی تەنی بێت، ئەوا دەبێت هەڵوێستی جددی لەسەر بكرێت و هەڵسەنگاندنی قووڵی بۆ بكرێت، نەیجیریا وڵاتێكە نەك هەر تەنیا بە دەست گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، بەڵكو گەندەڵی بۆتە كێشەیەكی هێندە گەورە و ئاڵۆز، كە زۆرجار رەنگە وا دەربكەوێت كە نەتوانرێت چیتر كۆنتڕۆڵ بكرێت و دەرهاویشتە و دەرئەنجامە زیانبەخشەكانی كەم بكرێنەوە. تێگەیشتن لەم دۆخەش پێویستی بە دەستنیشانكردنی هۆكارە ریشەییەكانی هەیە، لەگەڵ چۆنیەتیی پەرەسەندن و تەشەنەكردنی گەندەڵی لەم وڵاتەدا، كە دەبێت دواتر كار لەسەر ئەوە بكرێت كە چۆن دەتوانرێت كاراترین شێواز دابڕێژدرێت و پیادە بكرێت، بۆ ئەوەی مەودای گەندەڵییەكە كەم بكرێتەوە. ئەم پرسانە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ فیلیپ ئۆلاسوپۆ ئەلێجی، كە پڕۆفیسۆری ئابوورییە لە بەشی دیراساتی ئابووری و گەشەپێدان لە زانكۆی كەڤێنانت لە وڵاتی نەیجیریا، پێشتریش لە چەندین زانكۆی ئەو وڵاتە وانەبێژ بووە و خاوەنی چەندین توێژینەوەیە سەبارەت بە دۆخی ئابووری و دارایی وڵاتی نەیجیریا و كێشەی گەندەڵی و كاریگەرییەكەی لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە.* زۆر باس لەوە دەكرێت كە كێشەی گەندەڵی لە وڵاتی نەیجیریا بە جۆرێك تەشەنەی كردووە، كە رەنگە رەوا بێت بگوترێت ئەم كێشەیە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە، دەمانەوێت پرسیاری ئەوە بكەین بۆچی دۆخەكە بەم ئاستە گەیشتووە و هۆكارەكانی بەربڵاوی و تەشەنەكردنی گەندەڵی لەم وڵاتەدا بۆچی دەگەڕێنەوە؟
- دەتوانین بڵێین ئەمە كێشەیەكی درێژخایەن، یان چیرۆكێكی درێژخایەنە، كە لە ئێستادا بۆتە نیگەرانییەك لە ئاستی نیشتمانیدا، دەبێت سەرەتا ئێمە لە هۆكارە ریشەییەكانی ئەم دۆخە تێبگەین، مەبەستم لە سەرهەڵدان و تەشەنەكردنی گەندەڵییە لەم وڵاتەدا. كەواتە دەتوانین بڵێین گەندەڵی زادە و دەرهاویشتەی هەلومەرجی ئێستا نییە، بەڵكو ریشەی ئەم كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری پێش سەربەخۆیی، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانیش هەوڵ و كۆششیان كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوە و چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، بەڵام سەرجەم ئەم حكومەتانەش رووبەڕووی دژواری بوونەتەوە بۆ چارەسەركردنی و یەكلاكردنەوەی ئەم هۆكارە ریشەییانە. لەلایەكەوە، چەندین هۆكاری ئابووری بونیادی هەن، لەلایەكی دیكەوە دەبێت بارودۆخ و سیاقە سیاسییەكە لەبەرچاو بگرین، بە هەمان شێوە دەبێت رەوشە ئایینییەكەش رەچاو بكەین، كەواتە دەبێت هەموو ئەم فاكتەرانەمان لەبەرچاو بێت و وەك هۆكاری هاتنەئارای ئەم دۆخەی ئێستا لێكیان بدەینەوە. لەوەش زیاتر، ئێمە دەبینین هەر گرووپێك بە تەنیا هەوڵی بەرەوپێشبردنی ئەجێندای سیاسیی خۆی دەدات، كە مەرج نییە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەكاندا یەك بگرنەوە.
* لە نێو هەموو ئەو فاكتەر و هەلومەرجانەدا كە ئاماژەت پێكردن، ئایا دەتوانین دەستنیشانی هۆكاری یەكلاكەرەوە بكەین، واتە ئەو هۆكارەی زۆرترین كاریگەریی لە هاتنەئارای گەندەڵیدا هەبووە، بۆ نموونە: ئایا دەكرێت بڵێین هۆكاری سەرەكی و هەرە كاریگەر بریتی بووە لە سرووشتی سیستمە سیاسییەكە لە وڵاتەكەدا، كە بۆتە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخە نەخوازراوە؟
- ئەمە ئەو حاڵەتەیە كە من ئاماژەی پێ دەكەم، بۆ نموونە: ئەگەر ئێمە لە پارتە سیاسییەكانی ئەم وڵاتە بڕوانین، دەبینین لە هەوڵی بەرفراوانكردنی دەرفەتەكانیاندان لە نێو حكومەتدا، ئەمەش بەو مانایە دێت كە ئەم پارتانە هەوڵی ئەوە دەدەن بە هەر شێوەیەك بێت لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتن بەدەست بهێنن، كاتێكیش جڵەوی دەسەڵات دەگرنەدەست، ئەوا هەموو هەوڵێك دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، ئەویش لە رێی بەخشینەوەی پارە و ئیمتیازات و دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە لە رێی پەنابردن بۆ گەندەڵی. دواتر ئەگەر بە دیاریكراوی وەڵامی پرسیارەكە بدەینەوە، ئەوا دەكرێت بڵێین كە سرووشتی سیستمە سیاسییەكە لە وڵاتی ئێمەدا بە چەشنێكە كە دەستەبەری بەردەوامیی حوكمڕانی ناكات. مەبەستم ئەوەیە كاتێك پارتێكی سیاسی دەسەڵات دەگرێتەدەست، ئەوا خەمی سەرەكییان ئەوەیە كە برەو بە ئەجێندای تایبەتیی خۆیان بدەن، كە مەرج نییە ئەمەش بە مانای بەردەوامبوونی حوكمڕانییەكە بێت. كەواتە لە دەرئەنجامدا رەوایە بڵێین كە سیستمە سیاسەكە بە چەشنێكە كە گەندەڵی بەرهەم دەهێنێت.
* ئێوە لەگەڵ چەند نووسەرێكی دیكەدا توێژینەوەیەكتان نووسیوە بە ناوی كاریگەرییەكانی گەندەڵی لەسەر پەرەپێدانی ئابووری لە وڵاتی نەیجیریا، كەواتە لە تێڕوانینی ئێوەدا چۆن دەكرێت لە پەیوەندی بە خاوكردنەوەی گەشەی ئابووری لە وڵاتی نەیجیریا كاریگەرییە خراپ و زیانبەخشەكانی گەندەڵی كەم بكرێنەوە؟
- ئەوەی لەم بارەیەوە دەتوانم ئاماژەی پێ بكەم ئەوەیە كە ئێمە پێویستمان بە سیاسەتەكانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و دابەشكردن هەیە، مەبەستم بەرهەمهێنان و دابەشكردنی سەروەت و سامان و داهاتە، هەروەها ئەو كێشەیەی كە وڵاتی ئێمە بە دەستیەوە دەناڵێنێت بریتییە لە كەموكووڕیی بونیادی، كە بۆتە بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم بەدیهێنانی گەشەكردنێكی راستەقینەدا، ئەمە سەرەڕای رێژەی بەرزی گەشەی ئابووری كە لەم ساڵانەی دواییدا تۆمار كران.
* وەك دەزانن گەندەڵی چەندین كاریگەری و دەرهاویشتەی تێكشكێنەر و وێرانكاری لێ دەكەوێتەوە، لەم روانگەیەوە دەمانەوێت ئەوە بپرسین، ئایا ئەو رێكار و رێوشوێنانە چین كە حكومەتی نەیجیریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم كێشە جددییە دەیانگرێتەبەر؟
- ئەوە ئاشكرایە كە حكومەتی نەیجیریا چەندین رێكاری گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی وڵاتەكە لە كێشەی گەندەڵی پاك بكاتەوە. هەرچۆنێك بێت، ئەوەی لەم رووەوە بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە گەندەڵی بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ ناكرێت، چونكە ئەو كەسانەی كە لە بوونی گەندەڵییەكی سیستماتیكی سوودمەند بوون، هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی كە بارودۆخەكە وەك ئەوەی هەیە بەردەوام بێت و درێژە بكێشێت. لەم رووەوە من پێم وایە ئەوەی پێوستە ئەنجام بدرێت، بریتییە لە بەهێزكردن و تواناداركردنی كۆمیسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئابووری و داراییەكان، بە چەشنێك كە ئەم كۆمیسیۆنە بتوانێت بەرەنگاری ئەو گەندەڵكارییە ببێتەوە كە سەرتاپای وڵاتەكەی تەنیوە.
* بەڵام ئەگەر ئێوە لە پێگەیەكدا بن و راسپاردەتان بۆ حكومەتی وڵاتەكەتان هەبێت، ئایا باشترین و كاراترین ستراتیژیەت و رێگاچارە چین كە پێویستە پیادە بكرێن، بۆ ئەوەی بتوانرێت وڵاتەكە لە گەندەڵی پاك بكرێتەوە؟
- من پێم وایە دەبێت خۆسازدان و خۆئامادەكردنێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەبێت. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە كە دەبێت سەرنج و تەركیزی زیاتر بخەینەسەر ئەوەی كە چ كار و كردەوەیەك بە گەندەڵی دادەنرێت. چونكە دەبێت ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو بێت، كە گەندەڵی تەنیا پارە بردن نییە. لەلایەكی دیكەوە ئێمە دەبێت لە نێو خودی كۆمەڵگەكەوە دەست پێ بكەین و هەوڵ بدەین لە ناو كۆمەڵگەوە دید و تێڕوانینەكان بگۆڕین، بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا بتوانین كۆمەڵگەیەك بنیات بنێین كە لەوە تێبگات گەندەڵی كارێكی قبووڵ نەكراوە. لەم روانگەیەوە دەبێت ئێمە كار بكەین بۆ هێنانەئارا و دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی یەكسانخواز، بە واتای ئەوەی هەر تاكێك بتوانێت بە پێی لێهاتوویی و كارامەییەكانی دەستكەوت و داهات بەدەست بهێنێت. بەڵام لە ئێستادا كێشەكە ئەوەیە كە ئێمە لە وڵاتی خۆماندا بازاڕێكی رەشمان دروست كردووە.
* ئەمەی ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن، خاڵێكی زۆر گرنگە، واتە ئێوە مەبەستتان ئەوەیە كە دەبێت تەركیز لەسەر گۆڕینی عەقڵییەت و هزری خەڵكەكە بكرێتەوە، ئەمەش بە باشترین و كاراترین شێوازی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دادەنرێت، ئایا وایە؟
- ئەمە راستە، ئێمە نابێت تەنیا لە رواڵەتی پرسەكە بڕوانین، مەبەستم ئەوەیە نابێت تەنیا تەركیزمان لەسەر كار و كردەوە گەندەڵكارەكان چڕ بكەینەوە، واتە دەبێت تێكڕای دۆخی كۆمەڵگەكە لەبەرچاو بگرین، بۆ نموونە، ئەگەر تۆ كەسێكی بێكار بیت و كەسێك هەلی كارت بۆ بڕەخسێنێت، بەڵام بۆ پێدانی ئەو كارە داوای بەرامبەرت لێ بكات، ئەوا تۆ ناچار دەبیت ئەو بەرامبەرە بدەیت، ئەویش لەبەر ئەوەی رێژەی بێكاری لە نێو كۆمەڵگەدا زۆر بەرزە. ئەمەش كارێكی خراپە و قابیلی ئەوەیە سەرزەنشت بكرێت. دواتر ئێمە دەزانین لە وڵاتە دیموكراسییەكاندا كە سەروەریی یاسا تێیاندا باڵادەستە، ئەوا پێویستە ئەگەری ئەوە هەبێت سەركۆنەی سەرجەم دەرهاویشتە و دەرئەنجامەكانی گەندەڵی بكرێت.