عەبدولڕەحمان مستەفا سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانیی كوردستانی بۆ گوڵان : هەموو لایەنەكان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە دۆخی كەركووك پێویستی بە ئاساییبوونەوە هەیە
October 23, 2019
دیمانەی تایبەت
بۆ یەكەم جارە 26 لایەنی سیاسیی كوردستانی لە هاوپەیمانێتییەكدا كۆبوونەتەوە و بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی(كەركووك و نەینەوا و دیالە) دەكەن، خەڵكی كوردستان بەگشتی و ئەو پارێزگایانە بەتایبەتی بە دڵخۆشییەوە دەڕواننە ئەو یەكڕیزییە و ئومێدێكی زۆریان لەسەر هەڵچنیوە، بەتایبەتی كە بۆ ماوەی دوو ساڵە هاووڵاتیانی كەركووك و ئەو ناوچانە بە دەست دۆخێكی نائاسایی و نایاساییەوە گیرۆدە بوون، لایەنە كوردستانییەكانیش بۆ هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكان بە دروشمی (پێكەوەژیان و جێبەجێكردنی دەستوور) خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان ئامادە دەكەن، بۆ قسە كردن لەسەر ئەم قەوارەیە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ عەبدولڕەحمان مستەفا سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانیی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان سازكرد.پشتگیریی هاووڵاتیانی كەركووك و پاڵپشتیی لایەنە سیاسییەكان بۆ سەركەوتنی هاوپەیمانێتییەكە گرنگە
* خەڵكی كوردستان زۆر دڵخۆش بوون بە دامەزراندنی یەك لیست بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان بۆ كەركووك، ئایا تاچەند بوونی ئەم یەك لیستییە كاریگەریی لەسەر كەركووك دەبێت؟ ئایا بێجگە لە پێكهاتەی كورد پێكهاتەكانی دیكەش لەم لیستەدا هەن؟
- هەموو لایەنە سیاسییەكانی ئەم قەوارەیە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی یەكڕیزی و دابەزینی لایەنەكان بە یەك لیست بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی (كەركووك و نەینەوا و دیالە) هۆكارێكە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر و بەدیهاتنی دەستكەوتی گەورە بۆ گەلەكەمان، بە پێچەوانەوە لە ناخۆشی و پەرتەوازەیی و ناكۆكیدا گەلەكەمان بەردەوام دەستكەوتی گەورەی لەدەست داوە، هەموو لایەنە سیاسییەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە یەك لیستی رۆڵی گەورەی لە بەهێزبوونی خودی خۆشیان دەبێت، هەر بۆیە دامەزراندنی قەوارەی هاوپەیمانیی كوردستانی بە بەشداریی 26 لایەنی سیاسیی كوردستانی كە پێكهاتەی توركمانیشی تێدایە، بووەتە جێگای دڵخۆشی بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و هاووڵاتیانی كەركووك بەتایبەتی و، لایەنێكی ئەرێنیی هاوپەیمانێتییەكەشە، ئەم قەوارەیەش بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانی هەموو پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایانەیە بە كورد و عەرەب و توركمان و كلد و ئاشورەوە، هەموو لایەنە سیاسییەكانی ئەو پارێزگا و ناوچانە دەتوانن بێنە ناو ئەم لیستەوە، تا پێكەوە دەست بخەینە ناو دەستی یەكتر بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان و خزمەتكردنی خەڵكی ئەم ناوچەیە، بەبێ جیاوازی.
* باسی چارەسەركردنی كێشەكانی هاووڵاتیانی ئەو پارێزگایانەت كرد، بەتایبەتی هاووڵاتیانی پارێزگای كەركووك، هەڵبەتە گرفت و كێشەكان زۆر و ئاڵۆزن، ئایا ئێوە چ بەرنامەیەكتان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە داناوە؟
- كەركووك كێشە و گرفتی زۆرە، چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشە و گرفتانەش لە ڕێگەی دەستوورەوە دەكرێت، بەتایبەتی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری، بۆیە دروشمی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان (پێكەوەژیان و جێبەجێكردنی دەستوور)ـە، دیارترین ئەو كێشانەش كە دەبێت چارەسەر بكرێن، ئاسایی نەبوونەوەی دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە و بەردەوامیی تەعریب و ئاوارەبوونە.
* لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێنەوە، یەك هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كراوە، لەو ئەنجومەنەشدا لیستی برایەتی زۆرینەیە، ئایا تاچەند مەزەندە دەكەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا جارێكی دیكە زۆرینە بەدەست بێننەوە؟
- لیستی هاوپەیمانی كوردستانی زۆرینەن و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە ساڵی2005 و دواتر هەڵبژادنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمە سەلمێندرا، لەم هەڵبژاردنەشدا ئومێدێكی زۆر هەیە كە هاوپەیمانیی كوردستانی هەر زۆرینەی كورسییەكان مسۆگەر بكات.
* لەسەرەتای ئەم مانگەدا باس لەوە دەكرا ئەنجومەنی پاریزگاكان سڕ بكرێن و چاوەڕێی هەڵبژاردن و ئەنجومەنی تازە بن، ئایا ئەم سڕ كردنە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش دەگرێتەوە؟
- بابەتی سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تا ئێستا هەواڵە و هیچ بڕیارێك لەم بارەیەوە نەدراوە، تەنیا دۆسێكە دراوە بە لێژنەی یاسایی لە پەڕلەمانی عێراق و دەبێت چاوەڕوانی بڕیاری ئەوان بین، مەسەلەی سڕكردنی ئەنجومەنەكان بەپێی زانیارییەكانی من بە شێوەیەكی نافەرمی ئەنجومەنەكان تا یەكی ئاداری ساڵی داهاتوو كاردەكەن، ئەو كات بڕیاریان لێ دەدرێت، ئەم حاڵەتە بە نیسبەت كەركووكەوە جیاوازە، چونكە بەپێی یاسای 21ی ساڵی 2008 كاری پێ ناكرێت، لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن لەم شارەدا نەكراوە، هەربۆیە لەو یاسایەدا ئیستیسنا كراوە و هەر بڕیارەكەی برێمەر كاری پێ دەكرێت.
* هاوكات لەگەڵ خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان، بارودۆخی كەركووك پێویستی بە ئاسایی كردنەوە دەبێت، بەتایبەتی كە ئێستا لایەنێكی سیاسی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی بارەگای لەوێ نییە، ئەگەر ئاگادار بن، ئایا رەوتی ئاساییكردنەوەی پارێزگای كەركووك بەردەوامە؟
- بارودۆخی كەركووك نائاساییە و ناشكرێت لە دۆخێكی وادا هەڵبژاردن بە رەوشێكی ئاسایی خۆیدا تێپەڕ بێت، بەڵام هێشتا شەش مانگ ماوە بۆ وادەی دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان، خۆشبەختانە ئێستا گفتوگۆی جددی لەنێوان هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی عێراقدا هەیە، هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆی جددی هەیە، ئومێدەوارم تا ئەو كاتە هەموو كێشە و گرفتەكان بەرەو چارەسەركردن بچن و دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە. بەشێوەیەكی گشتی هەموو لایەنەكان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی لە ئاساییبوونەوەی بارودۆخی كەركووكدا سوودمەند دەبن، بەتایبەتی سوودی بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكەش دەبێت. ئێمەش لە قەوارەی هاوپەیمانێتیی كوردستان بەردەوام سەرقاڵی كۆبوونەوە و گفتوگۆین، تاوەكو پێش وادەی دیاریكراو لە رووی لیست و بەرنامەی كار و وردەكارییەكانەوە خۆمان ئامادە كردبێت و بینێرینە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ئەمەش هەمووی لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی و دەستكەوتین بۆ كەركووك و دانیشتووانی پارێزگاكە و ناوچەكانی دیكە .
* زۆربەی ئەو بڕیارانەی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەردەچن، مۆركێكی سیاسییان پێوەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دۆخی كەركووك و دەرهاویشتەكانیەوە هەیە، ئایا داواكاریی ئێوە لە پەرلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا چییە؟
- لە یەكەم كۆبوونەوەماندا لە قەوارەی هاوپەیمانیی كوردستانی بڕیاری ئەوەمان دا، كە داوا لە پەرلەمانتارانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەین، بۆ بەدواداچوونی دۆسێیەكانی كورد بەتایبەتی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە، هاوكات بەدواداچوونی ئەو تانەیەش بكەن كە لە دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەو یاسایە دراوە.
* لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر خەڵكێكی زۆری كورد لە پارێزگای كەركووك ئاوارەی شارەكانی دیكەی كوردستان بوون، ئایا مەترسیی ئەوە نییە ئەم خەڵكە نەتوانن لە رۆژی هەڵبژاردندا بگەڕێنەوە بۆ كەركووك، ئایا ئەمە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژمارەی دەنگەكان و كورسییەكان نابێت؟
- وەكو ئاماژەم پێكرد، ئاوارەبوونی كورد و تەعریب كێشەیەكی گەورەیە، بەڵام بە جێبەجێكردنی دەستوور دەتوانین هەموو ئەو بڕیارە هەڵانە چاك بكەینەوە كە هەر لە رژێمی بەعسەوە تا ئێستا دراوە، بەتایبەتی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور كە بەپێی دەستوور و یاسا ماددەیەكی زیندووە و بودجەی بۆ دانراوە و ئۆفیسەكانی لێژنەی باڵای ماددەكەش ماون، بگرە بە بڕیارێكی دادگای باڵای فیدڕاڵی ماددەكە بە زیندوویی دانراوە، قەناعەتیشمان هەیە هاووڵاتیانی كەركووك لە رۆژی دەنگداندا بۆ سەرخستنی لیستەكەیان بەشدارییەكی باشیان دەبێت.
* لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن بوویتە كاندیدی تەوافقی سەرجەم لایەنەكان و بوویتە پارێزگاری كەركووك، ئەمجارەش دیسان بوویتەوە بە كاندیدی تەوافقی لایەنە كوردستانییەكان و بوویتە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانێتیی كوردستانی، ئایا ئەو تەوافقە هۆكارەكەی چییە؟
- من وەكو كەسێكی بێلایەن كارم كردووە و پەیوەندیی باشم لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كەركووك هەیە، لەماوەی كاركردنیشمدا پێكەوە پرۆژە و دەستكەوتی گەورەمان بۆ كەركووك هەبووە، هەر لە هێنانی پێترۆدۆلار و دروستكردنی بەنداوی خاسە، كە خەونێك بوو بۆ كەركووكییەكان، تا دروستكردنی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی و دەیان پرۆژەی دیكەی وەك دروستكردنی قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و راكێشانی رێگا و دروستكردنی بەرزەپرد، هەروەها هەردوو بەنداوی (شیرین و باڵكانە)ش تەواو بوون و ئێستا ئاویان تێدا ئەمبار دەكرێت، تەنانەت پرۆژەیەكی گەورەشمان بۆ خاسە هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2011 دەستم لەكار كێشایەوە، من كە پارێزگاری كەركووك بووم بەبێ جیاوازی لەنێوان نەتەوەو ئاین و ئاینزاكان و بۆ هەموو پێكهاتەی شارەكە كارم كردووە، ئەمانەش هەموو پاڵنەر و هۆكاربوون بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر كاندیدكردنم كۆك بن .
* لەبەرنامەی هاوپەیمانیی كوردستانیدایە سەردانی لایەنەكان بكەن و لە نزیكەوە گفتوگۆ لەسەر دۆسێیەكی گرنگی وەكو كەركووك بكەن؟
- لە بەرنامەی هاوپەیمانێتی كوردستانیدایە سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكان بكەین و شەرەفێكی زۆر گەورەشە لە نزیكەوە جەنابی كاك مسعود بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت ببینین و سەردانی سەركردەی حزبەكان بكەین، جەنابی كاك مسعود بارزانی بەردەوام پاڵپشتمان بووە و ستایشی كردووین و هانیان داوین خزمەتی كەركووك و كەركووكییەكان بە بێ جیاوازی بكەین، ئەم یەكڕیزی و یەكدەنگییە بە پاڵپشتی ئەوان هاتۆتە بەرهەم، هەربۆیە یارمەتیدان و پاڵپشتی لایەنە سیاسییەكان دەبێتە سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی و جێگای دڵخۆشیی هەموو هاووڵاتیانی كوردستانیشە، بەتایبەتی هاووڵاتیانی كەركووك، داوا لەلایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم ئەم یەكڕیزییە بپارێزن و پاڵپشتیی بكەن، چونكە دەستكەوتی گەورەی بەدوادا دێت و هاووڵاتیانیش بەم یەكڕیزییە زیاتر بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن و هەموو دەنگەكانمان دەپارێزین و بەفیڕۆ ناڕۆن و ژمارەی كورسییەكانمان زیاد دەكەن.