كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: كار بۆ ئەوە دەكەین كارمەندانی كەرتی تایبەت هەمان مافی فەرمانبەرانی كەرتی گشتییان هەبێت
October 22, 2019
دیمانەی تایبەت
وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی وەزارەتێكی گرنگە و دەتوانێت رۆڵێكی گەورە و بەرچاو لە هێنانەئارای ئارامی و ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا ببینێت، لە هەمان كاتدا دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی دەستەبەركردنی داهاتیش بۆ حكومەت، ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی ئەم وەزارەتە فرەلایەنن و كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی تاك و كۆمەڵگە بەگشتی هەیە. بۆ تاوتوێكردنی كارنامە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكانی ئەم وەزارەتە و ئەو كێشە و ئاستەنگانەی رووبەڕووی بوونەتەوە، تەوەری سەرەكیی ئەم دیدارەی گوڵان لەگەڵ كوێستان محەمەد وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی پێكدەهێنن.داوامان كردووە بەكاربەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر وەك یەك مامەڵەیان لەگەڵدا نەكرێت
* وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی یەكێكە لەو وەزارەتانەی كە دەتوانین بڵێین، ئەركی سەرەكیی دابینكردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتییە، بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی داعشەوە، ئەم وەزارەتە بەشێك لە كارەكانی سڕ بوون، یان نەیتوانی پرۆژەكانی خۆی جێبەجێ بكات، پرسیاری ئێمە ئەوەیە، ئایا چۆن پێناسەی ئەم وەزارەتە دەكەیت و تاچەند بوونی ئەم وەزارەتە بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی و دۆزینەوەی كار و هاوكاریی خەڵكانی خاوەن پێداویستیی تایبەت گرنگە؟
- وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لە زۆر وڵاتدا دوو وەزارەتە، (وەزارەتی كار، وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی) لە زۆر وڵاتی دنیا ئەم وەزارەتە سیادییە و لە هەندێ وڵاتدا پێی دەڵێن دڵی حكومەت، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان لە هەموو كابینەكاندا ئەم وەزارەتە پەراوێز خراوە و گرنگیی تەواوی پێ نەدراوە، بۆیە نەیتوانیوە وەكو وەزارەتێكی سیادی كار بكات. ئەم وەزارەتە ئەگەر گرنگیی پێ بدرێت، دەتوانێت نەك تەنیا پێویستی بە بودجەی حكومەت نەبێت، بەڵكو دەتوانێت تەمویلی حكومەتیش بكات و بودجەی چەند وەزارەتێكیش دابین بكات، لە رێگای ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەی كە پێی دەڵێن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارو دەستەبەری كۆمەڵایەتی، چونكە لەلایەن سندوقی زەمانەوە دەتوانێت پڕۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام بدات و كار و پڕۆژەی گەورە جێبەجێ بكات. جگە لەوەی گرنگیی پێ نەدراوە، قەیرانی داراییش زیاتر وایكردووە ئەو وەزارەتە بكەوێتە دواوە، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پەیوەندیی بە كۆمەڵێك چین و توێژەوە هەیە، هەموویان پێویستیان بە هاوكاری و یارمەتییە، كە خەڵكە لێقەوماو و هەژار و پەككەوتەكانن، لەوانە كەمئەندامان و ئەو خێزانانەی لە خوار هێڵی هەژاریدان و نەوجەوانان و بەساڵاچووان و داینگەكانی حكوومی و ئەهلی كە منداڵی خوار تەمەن چوار ساڵی وەردەگرن. هەموو ئەوانەی ئاماژەمان پێدان، پێویستیان بە هاوكاری و دەستگیرۆیی هەیە.
* دەكرێت تیشك بخەنەسەر كارنامەی وەزارەتەكەتان؟
- ئێستا بۆ هەردوو بەشی وەزارەتەكە كارنامەمان ئامادەكردوە و داومانە بە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. هاوكات ئێستا یاسای كار ئامادە دەكەین، بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت. لەگەڵ یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و چەندین یاسایی دیكە كە پەیوەندییان بە كرێكاران و ئەو كەسانە هەیە كە لە كەرتی تایبەت كاردەكەن، تاوەكو هەمان ئیمتیاز و مافی كەرتی گشتییان هەبێت، بۆیە بە بڕوای من ئەگەر حكومەت و ئەو وەزارەتەی ئێمە گرنگی بە كەرتی تایبەت بدەن و گرنگی بە ئەوانە بدەن كە لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، بەوەی هەمان ماف و ئێمتیازی كەرتی گشتییان هەبێت، ئەوا دڵنیام ئەو فشارەی بۆ دامەزراندن لەسەر كەرتی گشتی هەیە، پێچەوانە دەبێتەوە، بەڵام ئەمەش گرێدراوە بە هەبوونی هەلی كارەوە، چونكە بە هۆی قەیرانی داراییەوە بەشێكی زۆر لە پڕۆژەكان وەستاون و زۆرێك لە كۆمپانیاكان مایەپووچ بوون و ئوتێل و رێستۆرانت و خواردنگە و سوپەرماركێتەكان كارەكانیان روو لە كزی و كەمبوونەوەیە، بۆیە بە چەشنێك نەك نەیانتوانیوە كار بۆ خەڵك پەیدا بكەن، بەڵكو بەشێك لە كرێكار و كارمەندەكانی خۆیان لە كار دوورخسۆتەوە و بێكار بوون، هەروەها سەبارەت بە كاروباری كۆمەڵایەتی، ئێمە پێویستمان بەوە هەیە هەموو سەنتەر و داینگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانمان رێكبخەینەوە كە پەیوەندیی بە تۆڕی پاراستنی خێزان و كەمئەندامان و نەوجەوانان و چاكسازییەكانەوە هەیە، ئێمە ئێستا لەو قۆناغەین كە ئەمانە رێكبخەینەوە و داوامان لە حكومەت كردووە كە بودجە و پارەی بەردەست و پێداویستییەكانیمان زیاتر بۆ دابین بكات، هاوكات سەبارەت بە كەمئەندامان پێشتر 13هەزار كەمئەندام لە لیژنەی پشكنین دەرنەچووبوون و تانەیان لە بڕیارەكە دابوو، پاشان دووبارە پشكنینیان بۆ ئەنجام درایەوە و لە ئەنجامی پشكنینەكەدا دەرچوون، ئەگەرچی مووچەكانیان راگیرابوو، بەڵام ئێستا بە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی توانیمان مووچەی ئەو كەمئەندامانە دابین بكەینەوە، لەلایەكی دیكەوە ئێستا لە ئامادەكردنی راپۆرتێكی چڕوپڕی زانیاری و هەمەلایەنین بۆ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، تاوەكو رەزامەندی وەربگرین بۆ تۆماركردنی كەمئەندامانی تازە، كە لەساڵی 2012وە لەبەر قەیرانی دارایی راگیراوە، هاوكات لیژنەیەكمان دروست كردووە بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەنسور راوێژكاری وەزارەت بە هاوكاریی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی و undp و راوێژكارێكی فەرەنسی، تا رێنمایی تازەمان بۆ ئامادە بكەن بۆ تۆماركردنی ئەو خێزانانەی كە لە خوار هێڵی هەژاریدان، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە رێنمایی تازە ئامادەبكەین و لە ئەنجومەنی وەزیرانیش پەسند بكرێت، پاشان ناوەكان تۆمار بكرێن، لیژنەكانیشمان سەردانی ئەو خێزانانە بكەن بۆ راستی و دروستیی زانیاریەكانیان و پاشان رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران وەربگیرێت بۆ دەستەبەری هاوكارییەكان، هەروەها سەردان و بەدواداچوونمان دەستپێكردووە بۆ چاكسازییەكان، تاوەكو كەموكووڕی و پێداویستییەكانیان دەستنیشان بكەین و كێشە و گرفتەكانیان بۆ چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی ئەو چاكسازییانە ببنە شوێنی چاكسازی و كە زیندانییەكان ئازاد بوون وەك كەسێكی ئاسایی بێنەوە ناو كۆمەڵگە و ببن بە كەسنێكی بەرهەمهێن و جارێكی دیكە تاوان ئەنجام نەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر جەختمان لەسەر ئەو كەسانەیە كە لەسەر بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیراون، لەناو كارنامەكەشماندا داوامان كردووە كە ئەوانەی بەكاربەری مادەی هۆشبەرن وەك بازرگانەكانی مادەی هۆشبەر مامەڵەیان لەگەڵ نەكرێت، چونكە ئەوانە تاوانبار نین، بەڵكو نەخۆشن و پێویستە لە ناو چاكسازییەكاندا شوێنیان جیا بێت و سەنتەریان هەبێت و پزیشك و توێژەری دەروونیی تایبەت و توێژەری كۆمەڵایەتی رێنمایی و هاوكارییان بكات، تاوەكو لەم دۆخە رزگاریان ببێت و بگەڕێنەوە ناو خێزان و كۆمەڵگە، هەموو ئەوانەی ئاماژەمان پێدان، ئەركی وەزارەتمانە لە كارنامەكەدا داومانە بە حكومەت و لە چاوەڕوانیی پەسندكردنیانداین و پەسندكردنی ئەوانەش پەیوەندیی بە بودجە و داهات و بارودۆخی هەرێمەوە هەیە، چونكە ئەگەر بوددجە و پارەی تەواو و پێویست لە بەردەست نەبێت، ناتوانین كار و پڕۆژەكان جێبەجی بكەین و ئەو كار و پڕۆژە و بەرنامانەش كە لەگەڵ بودجەی هەرێم یەك بگرێتەوە، لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدەین.
* یەكێك لە خاڵەكانی بەرنامەی ئەم حكومەتە بایەخدانە بە كۆمەڵێك پرس كە بەشی زۆری ئەركەكانی لەلای ئێوەیە، بۆ نموونە: هاوكاری بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت و دۆزینەوەی هەلی كار، خانە كۆمەڵایەتییەكان و شێڵتەرەكان و...هتد، ئایا لەبەر رۆشنایی بەرنامەی حكومەت، رەهەندە گشتییەكانی پلانی وەزارەتتان بۆ چوار ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت؟
- ئێمە پلانەكەمان گشتگیرە و هەموو ئەو بابەتانە لەخۆ دەگرێت كە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێداوە. هەر یەكێك لە بابەتەكان خاڵ و بڕگەی خۆیان هەیە، تاوەكو بتوانین خزمەت بە كۆمەڵگەكەمان بكەین و كێشە و ئێش و ئازارەكانی خەڵك و چین و توێژەكان كەم بكەینەوە و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەین، یەكێك لەو لایەنانە كەمئەندامانن، كە نامانەوێت خەڵك بە چاوی بەزەییەوە سەیریان بكات، وەك ئەوەی كەسانێك بن، تەنیا پێویستیان بە كەمێك هاوكاریی دارایی هەبێت، بەڵكو دەمانەوێت كەمئەندامان وەك خەڵكی ئاسایی بەشداربن لە بەڕێوەبردن و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان و تێڕوانینی كۆمەڵگەش بگۆڕین لەوەی كە كەمئەندام پەراوێز بخرێت، بەڵكو كەمئەندام كەسێكە دەبێت كاربكات و بەشداربێت لە بەرەوپێشەوەبردنی وڵات و داهێنان ئەنجام بدات و بخوێنێت، هەروەها لەسەر شێڵتەرەكان ئیشمان كردووە، چونكە ئەو كەسانەی لە شێڵتەرەكانن، هەڕەشەیان لەسەرە و دەبێت بەو ئاراستە و شێوەیە كاریان بۆ بكەین، كە بۆ ناو كۆمەڵگە و خێزانەكانیان بیانگەڕێنینەوە، بۆ ئەوەش دەبێت تێڕوانینی خەڵك لەسەر شێڵتەرەكان بگۆڕین، چونكە تا ئێستاكەش خەڵك تێڕوانینی زۆر خراپ و هەڵەیان لەسەر شێڵتەرەكان هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەو كەسانەی دێنە شێڵتەرەكان كار و شیاندنیان بۆ دەكرێت، تاوەكو كێشەكانیان چارەسەر بكرێت و بگەڕێندرێنەوە ناو خێزانەكانیان و بە شێوەیەكی ئاسایی ژیان بەسەر ببەن، بۆ ئەو كارانەش بەردەوام لەگەڵ دادەورە بەڕێزەكان و توێژەرەكانی دەروونی و كۆمەڵایەتی لە هەوڵی چارەسەری كێشەكانیانین، هەر چەندە لە شێڵتەرەكاندا هەر وەكو هەموو شوێنەكانی دیكەمان كێشەی باڵەخانە و نەبوونی ئۆتۆمبێل و پاسەوان و كارمەند و بودجەمان هەیە، بۆیە زۆربەی ئەم شوێنانەمان كەوتوونەتە سەر رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
* وێڕای گرنگی و بایەخی ئەم وەزارەتە، بەڵام ئەم وەزارەتەش لە كەموكورتی و بەهەدەردانی پارە و گەندەڵی بە دوور نییە، پێشتر چوویتە هەڵەبجە و گەندەڵییەكی گەورەت ئاشكرا كرد، ئایا ئەو لایەنانەی لەم وەزارەتە گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات دەستیان هەبووە، بەرنامەتان بۆ رووبەڕووبوونەوەیان چییە؟
- یەكێك لە خالەكانی كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵییە، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە ژیانی شایستە بۆ خەڵك دابین بكەین و خۆشگوزەرانی بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵگە فەراهەم بكەین و كار لەسەر دەستەبەری كۆمەڵایەتی بكەین، هەموو ئەمانەش بەچاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی دەكرێت، من لێرەم بۆ ئەوەی كە نەهێڵم یەك دینار لە وەزارەتەكەمان بەهەدەر بچێت و نەهێڵم كەس گەندەڵی بكات و یەكسانی و دادپەروەری لە نێوان فەرمانبەراندا دروست ببێت و، بەشێوازێك رێكبخرێت كە بتوانین خزمەت بە هاووڵاتی بكەین و رۆتین نەهێڵین، تا بەمانەش بتوانین بە سەر كێشە و گرفتەكاندا زاڵ بین، ئەوە سێ مانگە دەستمان بە كاركردن لەسەر چاكسازی كردووە و لیژنەی پشكنینمان بۆ زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەكان داناوە و لە سنووری وەزارەتەكەمان لە هەر شوێنێك كەموكوڕی هەبێت، لێژنەی لێكۆڵینەوەمان بۆ دروست كردووە، وەك ئەوەی لە هەڵەبجە و چەندین شوێنی دیكەش ئیجرائاتی ئیداریمان لەگەڵ گەندەڵكاران ئەنجامداون، بەم كارانەش تەنیا لە هەڵەبجە زیاتر لە یەك ملیار دینارمان بۆ بانكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گێڕاوەتەوە و لێژنەكان هەر بەردەوامن لە پشكنین و لێكۆڵینەوە، دڵنیاین پارەی دیكەش بۆ حكومەت دەگێڕینەوە و لەسەر بنەمای زانیاریی تەواو و ورد لێژنە بۆ شوێن و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكەمان دەنێرین و هەموو كاتێك لێژنەی لێكۆڵینەوەكانمان ئەندامێكی داواكاریی گشتیی لەگەڵدایە، پاشان لیژنەكان راسپاردە و پێشنیارەكانیان دەهێننەوە دوای دیراسەكردن ئێنجا ئیجرائاتیان لەبارەوە دەكەین.
* یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی ئەم وەزارەتە هەماهەنگی و رێكخستنی پەیوەندی نێوان كەرتی تایبەت و دەستی كارە، پێشتر لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشووی عێراقدا (مەكتەبی تەشغیل)ی هەبوو بۆ دۆزینەوەی كار، ئایا ئێستا نووسینگەی دۆزینەوەی كارتان هەیە؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ كێشەی گەنج و دۆزینەوەی هەلی كار دەكەن؟
- بەڕێوەبەرایەتیی كارمان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەیە، ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە لێژنەیان هەیە و دەچن بەدوای دۆزینەوەی هەلی كار، بۆ ئەوە مەبەستەش سەردانی ئوتێل و رێستۆرانت و مۆڵ و خواردنگەكان دەكەن، تاوەكو بزانن ئەو شوێنانە چەند هەلی كاریان هەیە و پێویستیان بە چەند كرێكار و كارمەند و فەرمانبەر و پسپۆڕییەكان هەیە، لەلای خۆیان هەلی كار تۆمار دەكەن و رۆژانەش ئەوانەی بێكارن سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە دەكەن و ناوی خۆیان بۆ كاركردن تۆمار دەكەن. لەلایەكی دیكە ماوەی چەند ساڵە لەبەر كەمی و نەبوونی بودجە لە هەرێمی كوردستان پڕۆژەی وەبەرهێنان وەستاوە، كە ئەو جۆرە پڕۆژانە دەتوانن زۆرترین هەلی كار پەیدا بكەن، سەرەڕای ئەوەش زۆر لە كۆمپانیا و خاوەن پڕۆژەكان مایەپووچ بوون، بەڵام لە كاتێكدا كە بارودۆخی دارایی هەرێم باش بێت و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەست پێ بكەنەوە و حكومەتیش پڕۆژەی ستراتیژی لە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزارو...هتد ئەنجام بدات، ئەوا بە هۆی هەموو ئەمانەوە هەلی كار دەڕەخسێت. و ئێمە هەوڵمانداوە لە یاسای كاردا كە ئامادەمان كردووە هەموو ماف و ئیمتیازێكی ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن هاوتا بێت لەگەڵ ئەوانەی لە كەرتی گشتین، بۆ نموونە یەكێك لە كاركردن لە كەرتی تایبەت تووشی رووداو دەبێت، ئەوە دەبێت گوزەران و چارەسەركردنی زامن بكرێت و هەموو ئەمانەمان لە پڕۆژە یاساكەدا جێگایان بۆ كراۆەتەوە، ئەمەش وادەكات كە خەڵك لە كاتی هەبوونی هەلی كار روو لە كەرتی تایبەت بكەن. لەلایەكی دیكەوە كێشەی ئەو لێژنانەمان هەیە كە سەردانی شوێنی دۆزینەوەی هەلی كار دەكەن، چونكە ناتوانین لێژنەی زۆر بنێرێن لەبەر كەمی و نەبوونی فەرمانبەر كە چەند ساڵە هیچ كەسێك دانەمەزراوە و لیژنەكان پێویستیان بە كاركردنی زیادە هەیە، لە كاتێكدا پارەیان بۆ خەرج نەكرێت، ئەوە ناتوانن كاری زیاد بكەن و كێشەی دەرماڵە و هاندان و پاڵپشتیی فەرمانبەر و كێشەی نەبوونی ئۆتۆمبێل و شوفێرمان هەیە، بەم هۆیانەشەوە لیژنەكان ناتوانن بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی هەلی كار بچنە شوێنەكان. هەروەها هەفتەی رابردوو لەسەر كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە ئەنجومەنی وەزیران دوو كۆبوونەوەمان ئەنجامدا و بەڵێنیان پێ داوین هەموو داواكارییەكانمان بەپێی ئیمكانات لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی جێبەجێ بكەن، هەروەها لە پاشان لە17/10/2019 لە دیوانی وەزارەت كۆبوونەوەیەكمان هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدا و بەم دواییە راپۆرتێكی هەمەلایەنمان پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرد، لەسەر كارو دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە 17 خاڵ لەخۆی دەگرێت، سەرۆكی حكومەت خاڵی یەكەمی پەسەند كرد لە داواكارییەكانمان كە بریتی بوو لە دروستكردنی داتابەیسێك بۆ بەستنەوەی دەستەبەری كۆمەڵایەتیی هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بۆ سەرژمێری و دووبارە نەبوونەوەی داواكاریی كرێكاران و ئەم خاڵ و پڕۆژەیە رووبەڕووی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كردەوە، بۆ داواكارییەكانی دیكەشمان لیژنەیەكی پێكهێنا لە وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران.