لیوا هێرش ئەحمەد محەمەد بۆ گوڵان: ئێستا هاووڵاتی لە ماوەی 7 تا10 رۆژ پاسپۆرتەكەی وەردەگرێتەوە
October 16, 2019
دیمانەی تایبەت
قەرەباڵغی سەر شەقامەكان و رێگاوبانەكانی دەرەوەی شارەكان، سەرچاوەی چەندین كارەساتی هاتوچۆن و كێشەیەكی گەورەی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆ چەندین هەنگاوی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە هەڵگرتووە، لەوانە زیادكردنی ئامادەبوونی پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر شەقامەكانی ناوشار و زیادكردنی مەفرەزەكانی هاتوچۆ لە رێگاوبانەكانی دەرەوە، هەروەها كۆمەڵێك ئاسانكاری بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ (هاتوچۆ، رەگەزنامە، پاسپۆرت و نشینگە) كراوە. بۆ قسەكردن لەسەر كێشەی ئەم فەرمانگایانە و خێرا تەواوكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ لیوا هێرش ئەحمەد محەمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی هاوتۆچۆی هەولێر و بەڕێوەبەری گشیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و بەڕێوەبەری نشینگەی هەرێم بەوەكالەت ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.لەماوەی 90 خولەكدا مامەڵەی ساڵنامە و
تابلۆی ئۆتۆمبێل كۆتایی پێدێت
* هاوكات لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەریمی كوردستان، هەست دەكرێت بەرنامەیەكی تازە بۆ رێكخستنی هاتۆچۆ لە جێبەجێكردندایە، ژمارەیەكی زۆر لە پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر شەقامەكان دەبیندرێن، ئایا ئەم بەرنامە تازەیە چۆنە و ئامانجتان لە زیادكردنی پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر شەقامەكان چییە؟
- بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە چەند بەشێك پێكهاتووە كە لە ناو شار بڵاوەیان پێ كراوە، لەوانە دوو بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە، ئەوانە كاریان رێكخستنی هاتوچۆ و تۆماركردنی سەرپێچییەكانە و بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی هاتوچۆمان هەیە، كاری دانانی نیشانەكانی هاتوچۆ و دروستكردنی هێڵكاری سەر شەقام و دانانی گادرێلە لەلایەكانی شەقامەكانە و بەڕێوەبەرایەتی كامێرای چاودێری هەیە، هەڵدەستێت بە دانانی كامێرا لەو شوێنانەی تێیاندا زیاتر رووداوی لێ روودەدات كە هەماهەنگیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ناو شار و قەزا هەیە و ئەوان تەماشا دەكەن لەهەر شوێن و شەقامێك رووداو زۆر بێت، لەو جێگایانە كامێرای چاودێری دادەنێن و ئێستا لەناو شاری هەولێر زیاتر لە (26) كامێرای چاودێریی جێگیر هەیە و زیاتر لە (40) كامێرای ناجێگیریش هەن كە رۆژانە شوێنی دانانی كامێراكانیان دەگۆڕدرێت، هاوكات بەڕێوەبەرایەتییەكی دیكەمان هەیە كە ئەویش بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی قەزاو ناحیەكانە كە هەموو قەزاو ناحیەكانی هەولێر سەر بەم بەڕێوەبەرایەتییەن و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەرەوەی شاریشمان هەیە. لەپاش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر راسپاردە و بڕیارەكانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەدانیشتنێكدا بڕیاردرا كە زیاتر گرنگی بەو كارمەندو پۆلیسانەی هاتوچۆ بدرێت كە لەسەر شەقام و چوارڕێیەكاندا ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن، لەچوارچیوەی ئەو بڕیارو ڕێنماییانەدا توانیمان ئەو شوێنانەی كە كارمەندەكانمان لەسەر شەقام و چوارڕێیەكان ئەركیان تێدا دەبینن، گرنگیی باشیان پێ بدەین و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەین و شێوازی دەوامكردنیان رێكبخەینەوە، ئەمانە وایكرد كە بەپێی ئەو رێنماییانەی كە رۆژانە لە وەزارەتی ناوخۆ بۆمان دێت، كارمەند و پۆلیسی هاتوچۆ ئەركەكانی خۆیان زۆر بە باشی و بە بێ كەموكووڕی جێبەجێ بكەن، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە پۆلیسی هاتۆچۆ زیاتر لەسەر شەقامەكان دەربكەون. لەلایەكی دیكە دەوامی كارمەند و پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیس بەگشتی و دەزگا ئەمنییەكان تا درەنگانی شەوە و دەتوانم بلێم دەوامی ئێمە شەو و رۆژە و كات و ساتی بۆ نییە، چونكە ئێمە و لایەنە ئەمنییەكان لە دوای دەوامی فەرمی فەرمانگە و دامودەزگاكانی حكومەت كاتژمێر سێ بە دواوە مەفرەزە و ئێشكگر و دەوامی ئێوارانمان هەیە، بەتایبەتی بۆ رێكخستنی هاتوچۆ و چاودێری و تۆماركردنی سەرپێچییەكانی شوفێران، دەبێت ئەوەش بزانین پۆلیسی هاتوچۆ تا كاتژمێر 10 كاری رێكخستنە و لەپاشان مەفرەزە دادەنرێت بۆ تۆماركردن و لێپێچینەوە لەهەموو ئەو سەرپێچییانەی كە لە شەقامەكان روودەدات و لە دەرەوەی رێنماییەكانی هاتوچۆدایە.
* لە ریگاوبانەكانی دەرەوەش سەرنجمانداوە كە مەفرەزەكانتان بەردەوام بوونیان هەیە، كە پێشتر تەنیا پشت بە كامێرای چاودیری دەبەسترا، ئێستاش كامێرای چاودێری هەیە، مەبەستتان لە زیادكردنی مەفرەزەكانی هاتوچۆ لە رێگاوبانەكانی دەرەوە چییە؟
- لە دواكۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رێنمایی و تەوجیهاتمان بۆ هات كە مەفرەزەی ئۆتۆمبێل لە رێگاكانی دەرەوە زیاتر بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت رووداوەكان كەم بكرێتەوە، یان ئەگەر رووداویش روویدا، ئەوە ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ و مەفرەزەكان بە زووترین كات بگەنە سەر رووداوەكە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە زیاتر گرنگیمان داوە بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی قەزاو ناحیەكان كە مەفرەزی گەڕۆكمان لە رێگاوبانەكانی دەرەوە زیاتر كردووە بە مەبەستی كەمكردنەوەی رووداوەكان و رێگەگرتن لە خێرایی.
* باس لەوە دەكرێت بەڕێوەبەرایەتی هاوتوچۆی هەولێر، ئێستا حكومەتێكی ئەلیكتڕۆنیی بچكۆلەیە و كارەكان بە خێرایی جێبەجێ دەكرێن، ئایا دەتوانین بڵێین سیاسەتی یەك پەنجەرە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر جێبەجێ دەكرێت، مەبەستمان ئەوەیە هەموو كاروبارەكان لە یەك قاعە و چەند بەشێك بە خێرایی تەواو دەبن؟
- پاش ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە بینایەی كۆن بۆ تازەكە گواسترایەوە، زیاتر سیستەمی كراوە (open) لە بری ژوور بەكار هێنرا، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كارمەندانی ئێمە لەناو فەرمانگەدا راستەوخۆ لە بەرامبەر خەڵك و خاوەن مامەڵەكان كارەكان ئەنجام دەدەن، لەم سیستەمەدا هاووڵاتی كە سەردانی ئێمە دەكات، لە سەرەتادا داواكارییەك بە ئەلیكتڕۆنی پێشكەش دەكات و هەمان كات داواكارییەكە لە رێگای سیستەمەكە دەگاتە بەڕێوەبەری هاتوچۆ و كارمەندەكان و لە پەنجەرەیەك هاووڵاتی بلێتی كات و نۆرەگرتن وەردەگرێت، تەواوی مامەڵەكەی لە ماوەی یەك كاتژمێر و نیو كۆتایی دێت، ئەوجا مامەڵەكە وەرگرتنی تابلۆ و ژمارەی ئۆتۆمبێل و ساڵنامەی بێت، یان نوێكردنەوەی ساڵنامە، یان وەرگرتنی ئەستۆپاكی بەرامبەر ئەو غرامە و سزایانەی لەسەریەتی و...تاد. هەروەها بۆ ئاسانكاری لە راییكردنی كاری هاووڵاتی هەر لەتەنیشت بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر كارگەی ژمارە و تابلۆی ئۆتۆمبێلمان كردۆتەوە، لێرەدا بە پێویستی دەزانم بڵێم ئێمە وەكو فەرمانگەو دامودەزگاكانی حكومەتی كوردستان یەكەمین فەرمانگەین كە سیستەمی حكومەتی ئەلیكتڕۆنی و یەك پەنجەرەمان لە راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان جێبەجێ كردووە، هەر بەو هۆكارەشەوە زیاتر زاڵ بووین بە سەر كارەكان كە بۆتە هۆكاری شەفافییەت لە مامەڵەكاندا و ئیش و كارەكان زۆر بەرەوپێشەوەچووە، هەر چەندە هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە وەكو بەغدا گەورەو قەرەباڵغە، بەڵام ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رۆژانە زیاتر لە (3000) ساڵنامە چاپ دەكەین و بە خەڵكەكەی دەدەینەوە و دەتوانم بڵێم ئێستا ئێمە مامەڵەی بەشێكی زۆری خەڵكی عێراقیش رایی دەكەین، چونكە خەڵكێكی زۆری عەرەبی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە هەولێرن كە بە بێ هیچ جیاوازییەك كارو مامەڵەكانیان بۆ رایی دەكەین و بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی كە هەمانە رۆژانە (5000) تا (5500) هاووڵاتی سەردانی بەڕێوەبەراتیەكەمان دەكەن، هەروەها هەر لەناو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر سێ بەشی دیكەش هەیە كە بەشەكانی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلەكانی تاكسی و تایبەت و پیكاب و بارهەڵگرە كە رۆژانە مامەڵە و كارەكانیان زۆر بە ئاسانی و جوانی بەڕێوەدەچیت، چونكە لە سیستەمی كراوە و یەك پەنجەرە كەس ناتوانێت هەقی یەكێكی دیكە بخوات.
* دیارە خەڵكانێكی زۆر قەرزارێكی زۆری سزای چاودێری كامێرا و نوێكردنەوەی ساڵنامەن، هەروەها رسوماتی هەزە و ژینگەش وەردەگیردرێت، ئایا بەرنامەتان هەیە لەم رووەوە كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان بكەن؟
- لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ هەستاین بە پیادەكردنی شێوازی قیست بۆ ئەو غرامانەی لەسەر ئۆتۆمبێل و شوفێرانە، ئەمەش غرامەكان بەگشتی دەگرێتەوە، لێرەدا رایدەگەیەنین، هەر كەسێك غرامەی سەرپێچییەكانی هاتوچۆی لەسەرە دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات بۆ ئەوەی غرامەكانی بۆ دەكەین بە قستی مانگانە بۆ ماوەی یەك ساڵ و ئاسانكارییەكی دیكەشیان بۆ كراوە، ئەویش ئەوەیە كە قستی مانگانەكە دیاری نەكراوە، بەڵكو ئەو مانگە دەتوانێت تەنیا 50هەزار دینار بدات و مانگێكی دیكە دەتوانێت 100هەزار دینار بدات، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە غرامەكە لەماوەی یەك ساڵ كۆتایی پێ بێت، لەگەڵ پێدانی قستی یەكەم بۆ ماوەی یەك ساڵ ساڵنامەكەی بۆ تازە دەكەینەوە و دوای پێدانی هەموو غرامەكە ئەوە ساڵنامەكەی بۆ ماوەی چوار ساڵ تازە دەكەینەوە.
* دیاردەیەكی دیكە كە بواری ئیشەكەی ئێوە دەگرێتەوە، پێشێلكردنی یاساكانی هاتۆچۆیە، گەنجەكان دەنگی ئەگزۆزی سەیارەكانیان بەرز دەكەنەو و خەڵكی بێزار دەكەن، بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك و چاتكردن لەكاتی شوفێری، ئەمانە جیا لەوەی پێشێلكردنی یاساكانی هاتوچۆن لە هەمانكاتدا سەرچاوەی كارەساتیشن، ئایا بەرنامەتان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم دیاردەیە چییە؟
- بێگومان دەبینین هەندێك لە شوفێران بەتایبەتی گەنجەكان گزۆزی ئۆتۆمبێلەكانیان گۆڕیوە، تاوەكو دەنگێكی گەورە و ناشازی لێ بێت و هەندێكیش هەیە لەشەقامەكان بەخێرایەكی زۆرو پێچ و پەنا و زیكزاك دەسووڕێنەوە، ئەو حاڵەتانە لە راستیدا ناخۆشن و كارەساتێكی دەروونییە بۆ هاووڵاتیانی دەوروبەر و نزیكی ئەو شەقامەی كە ئەو حاڵەتەی تێدا روودەدەات، هاوكات بۆ شوفێرەكە خۆیشی كارەساتە، لەسەر ئەو حاڵەتانە ئێمە چەندین رێنمایی و ئامۆژگاری لە میدیاكان دەخەینەڕوو، پێش ماوەیەك لە كەناڵی تەلەفزیۆنی كوردستان 24 بەرنامەیەكمان كرد بۆ ئەو شوفێرەی كە گێچی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكەی لەسەر 300كم لە سەعاتێك بوو، كە لە ناو شار ئەو زێدەڕۆییەی ئەنجامدابوو و لەو كاتەدا ئۆتۆمبێلێكی دیكە هاتبووە پێشی نەیتوانی بوو بە سەر خێراییەكەیدا زال بێت، لە ئەنجامدا وەرگەڕابوو. بۆیە زۆرجار ئێمە دەڵێین پێویستە شوفێران پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆ بن، ئەوە بۆ قازانجی خۆی و ئەو ئۆتۆمبێلەیە كە بەرامبەری دێت، تاوەكو تووشی كارەسات نەبن. ئەو حاڵەت و دیاردانە هەر هەمووی بەپێی یاسا و رێنماییەكانی هاتوچۆ سەرپێچییە و ئۆتۆمبێلەكە دەستی بەسەردا دەگیردرێت و شوفێرەكەش تووشی غرامە و لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت و دەدرێتە دادگا، بۆیە لێرەدا لە رێگای گۆڤاری گوڵانەوە داواكارین لە گەنجان و ئەو كەسانەی ئەو حاڵەتانە ئەنجام دەدەن، وازبێنن، چونكە خۆیان و بەرامبەرەكانیشیان تووشی كارەسات و ماڵوێرانی دەكەن و غرامەش هەموو شتێك نییە، ئەگینا دەتوانین غرامەیان بكەین كە رێنمایی و یاساش رێگای داوە غرامە و لێپێچینەوەیان دەرهەق بكەین. هەروەها رۆژانە لە رێگای راگەیاندنی رادیۆی هاتوچۆ و راگەیاندنی خۆمان ئەو بەرنامە و رێنمایی و ئامۆژگارییانە پەخش دەكەین، هاوكات ئەو كامێرای چاودێری و مەفرەزانەی رۆژانە دامانناون، زیاتر بۆ ئەوەیە شوفێران تووشی رووداو و كارەسات و سزا نەبن.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ئۆتۆمبێلی حكومەت دوای دەوام بەكارنەیت، بەڵام وەك لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان وێنەكانیان بڵاو دەكرێتەوە، ئەم دیاردەیە بەردەوامە، ئایا دەتوانن ئەم دیاردەیە كۆنتڕۆڵ بكەن؟ ئەگەر دەتوانن رێوشوێنی پێویستتان بۆ ئەم پرسە چۆن گرتۆتەبەر؟ ئایا فەرمانبەر لە چ پۆستێكدا ئاساییە ئۆتۆمبێلی حكومەت دوای دەوام بەكاربهێنت؟
- ئەو بڕیارە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەرچووە كە دواوادەی 1/10/2019بووەو ئێستا لە بواری جێبەجێكردندایە، تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە كە بۆ مەبەستی خزمەتگوزارین، وەك ئۆتۆمبێلی ئەمبولانس و ئاگركوژێنەوەو سەلەی كارەبا و ئۆتۆمبێلی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ كە ڤەڕاڕەیان هەیە، ئەگینا هەموو ئۆتۆمبێلەكانی دیكە دەگرێتەوە، بەڵام لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەسەرەوە ناگرێتەوە و ئەوان دەتوانن ئۆتۆمبێلی حكوومی بەكار بهێنن. ئەوانی دیكە پابەندن بە بڕیارەكە و دەبێت باج و ئاڕم و لەزگەی لێ بدەن، لە رێكەوتی 1/10/ 2019شەوە رۆژانە ئۆتۆمبێلی دامودەزگاكانی حكومەت بۆ لێدانی لەزگەو ئاڕم سەردانمان دەكەن، تەنیا چەند فەرمانگەیەك ماوە بۆ ئەو كارە سەردانمان بكەن و لە پاشان هەر ئۆتۆمبێلێكی حكومەت لە پاش دەوامی فەرمی بەدەر لە رێنماییەكە بێتە دەرەوە رووبەڕووی یاسا و لێپێچینەوە دەبنەوە و ئەو بڕیارەش زیاتر لەبەر ئەوە بوو لە دوای دەوام هەندێك لە ئۆتۆمبێلی حكومەت ژمارە و تابلۆكانیان دەگۆڕی، بۆیە لە وەزارەتی ناوخۆ بیركرایەوە كە باج و ئاڕمێك لە ئۆتۆمبێلەكان بدرێت، ئەگەر دەستكاری ژمارەو تابلۆی ئۆتۆمبیلەكەش بكرێت، ئەوە ناتوانرێت دەستكاری ئاڕم و باجەكە بكرێت، هەر ئۆتۆمبێلێكیش بەو رێنماییانە پابەند نەبێت و بێتە دەرەوە لە دوای دەوام تووشی لێپرسینە و سزای یاسایی دەكرێتەوە.
* لەم ماوەیە گوێبیستی ئەوە بووین كە چەند بنكەیەكی تازە بۆ كردنەوەی پاسپۆرت و كارتی نیشتمانی لە چەند ناوچەیەكی هەولێر دەكرێتەوە، ئەمەش كارئاسانیی گەورە بۆ هاووڵاتیان دەكات، دیارە پێشتر ماوەی نزیكەی دوومانگی پێ دەچوو، ئایا ئێستا ئەم ماوەیە تا چەند كەم بۆتەوە؟
- دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم و كۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیری ناوخۆی هەرێم و وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵ، وەزیری ناوخۆی هەرێم داوای لە وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵ كرد كە بەپێی پێویستیی هاووڵاتیان، پاسپۆرتی بەتاڵ بۆ هەرێم بنێرن، كە پێشتر بەپێی پێویست پاسپۆرتی بەتاڵ بۆ هەرێم نەدەهات، دیارە وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵی رەزامەندی نیشان دا و ژمارەیەكی زۆری پاسەپۆرتی بەتاڵیان بۆ هەرێمی كوردستان نارد، بەمەش ئەو فشارەی لەسەرمان بوو، نەما، لەلایەكی دیكەوە بۆ كەمكردنەوەی گوشاری هاووڵاتیان لەسەر فەرمانگەكانی پاسەپۆرتی شارەكان بڕیار درا فەرمانگەی پاسەپۆرتی سۆران كە دەڤەری مێرگەسوور و سۆران و چۆمان دەگرێتەوە، هەروەها فەرمانگەی پاسەپۆرتی زاخۆ و ئاكرێ و كۆیە و چەندین شوێنی دیكە بكرێتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی فشار لەسەر فەرمانگەی پاسەپۆرتی شارەكانی هەرێم نەمێنێت، هەر بۆیە ئێستا لەماوەی 7 تا 10 رۆژ هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان پاسەپۆرتی خۆی وەردەگرێتەوە. هاوكات هەستاوین بە كردنەوەی چەندین فەرمانگەی كارتی نیشتمانی لە سەرتاسەری شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لە شوێنی جیاجیادا، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان زیاتر سوودمەندبن لە دەرهێنانی كارتی نیشتمانی كە ئێستا حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ گرنگییەكی زۆر بەو كارتە دەدات و لەم چەند رۆژەی داهاتوو هەر چوار فەرمانگەی كارتی نیشتمانیی بارزان و مێرگەسوور و بەحركە و مەخموور بە فەرمی دەكرێنەوە، لەمبارەوە لەگەڵ بەغداش قسەمان كردووە و بە هەمان شێوە لە سنووری پارێزگای دهۆكیش چوار فەرمانگەی كارتی نیشتمانی دەكرێتەوە و لە كردنەوەی فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك كێشەی نەبوونی ئینتەرنێت و نەبوونی كارەبای بەردەواممان هەیە، چونكە كارتی نیشتمانی بە سیستەمی حكومەتی ئەلیكتڕۆنی پیادە دەكرێت، بۆ ئەمەش دەبێت تۆری ئینتەرنێت و كارەبای بەردەوام لە فەرمانگەكان هەبێت بۆ چارەسەری ئەو مەبەستەش داواكاری و راپۆرتمان بە جەنابی وەزیری ناوخۆ داوە و لە نزیكەوە جەنابی وەزیر لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئینتەرنێت قسەی كردووە و لەو نزیكانەدا ئەو كێشەو گرفتانە چارەسەر دەبن، ئەمەش بەتایبەتی لە پارێزگای هەولێر هیچ قەزاو ناحیەك پێویستی بەوە نییە بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتمانی سەردانی شوێنێكی دیكە بكات و دەرهێنانی كارتی نیشتمانی ماوەی كۆتایی بۆ دیاری كراوە، هەر بۆیە ئێمە بە هەموو تواناوە لە هەوڵی ئەوەداین زۆرترین خەڵكی هەرێمی كوردستان ببنە خاوەنی كارتی نیشتمانی.
* دیارە فەرمانگەی پاسەپۆرت ڤیزە دەداتە ئەو خەڵكانەی دێنە كوردستان، ئایا ئەو ڤیزەیەی دەیدەن بەو خەڵكە تەنیا بۆ هەرێمی كوردستانە، یان بۆ سەرانسەری عێراقیشە؟
- لەناو وەزارەتی ناوخۆ فەرمانگەیەك كراوەتەوە كە تایبەتە بەپێدانی ڤیزا، لەو سەردانەی وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ لای وەزیری ناوخۆی هەرێم ئێمە داواكارییەكمان لەمبارەوە پێشكەش كرد، لە پاشان رەزامەندی لەسەر درا و دەسەڵاتی تەواو و رەها درا بە وەزیری ناوخۆی هەرێم كە ڤیزا بداتە هەر كەسێك كە سەردانی هەر شارێكی عێراق بكات و ئەو ڤیزاو مامەڵەیە بە فەرمانگەی نشینگەی (ئیقامە) هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت.هەروەها هەر كەسێك ڤیزای بوێت، دەتوانێت بە ئۆن لاین داوا بكات و ئەو ڤیزایە بۆ ئەوانەشە كە لە شارەكانی عێراق دەیانەوێت داخیلی هەرێم بن، بەڵام ئەمە شاری كەركووك ناگرێتەوە، چونكە كەركووك لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستانە و بۆ ڤیزای هەرێمی كوردستان هەندێك رێنمایی دەردەچێت كە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ چوونە بەغدا و ڤیزاكەش بە بێ رسوماتە.
. ئێستا لە هەرێمی كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ ماتۆڕسكیل زیاد دەكات و كێشەوگرفتیان بۆ هاتوچۆ زۆر دروست كردووە، ئایا هیچ بەرنامەو پلانێك هەیە بۆ سنوورداركردنی ماتۆڕسكیل و چیتان كردووە بۆ پابەندبوونیان بە سەلامەتی و رێنماییەكانی هاتوچۆ؟
- پاش ئەوەی هەندێ رێكخراوی ناحكوومی وەكو هاوكاری ماتۆڕسكیلیان دا بە هەندێ كەس بەتایبەتی بە ئاوارە و پەناهەندەی كەمپەكان، ئەوە ماتۆڕسكیل لە ناو كۆمەڵگەی ئێمە پەرەی سەندو بوو بە كولتوورێك، ئەوە لە رووی یاسای هاتوچۆ و رێنماییەكاندا ماتۆڕسكیلیش هەر وەكو ئۆتۆمبێل هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت و لەلای ئێمە هەبوونی ماتۆڕسكیل هیچ كێشە نییە، بەڵام كە سەیری داتاو زانیارییەكانمان دەكرد، بۆمان دەركەوت رۆژ لە دوای رۆژ رووداوەكانی ماتۆڕسكیل لەزیادبوونە، هەر بۆیە هەڵمەتێكمان دەست پێكرد (3 تا 4) هەزار ماتۆڕسكیلمان دەستبەسەردا گرت كە مەرجی مەتانەیان نەبوو و لە دەرەوەی رێنماییەكان بوون و ئەو ژمارەی ماتۆڕسكیلانەمان بە ئاشكرا لەبەر چاوی كامێرا و راگەیاندنەكاندا بە عادیلە پان كردەوە و لەناومان بردن، بەڵام نەمانتوانی هاتنی ئەو جۆرە ماتۆڕسكیلانە بنبڕ بكەین، هەروەها دەبێت ئەو راستییەش بڵێن كە هەبوونی ماتۆڕسكیل كۆتایی ناهێت، چونكە هۆكارێكی گواستنەوەیە بۆ كرێكار و كەمدەرامەتان كە لە كاركردنیاندا بەكاری دەهێنن و ناتوانن ئۆتۆمبیل بكڕن، لەلایەكی دیكەوە هۆكارەكانی گواستنەی وەك ترام و میترۆ و شەمەندەفەر و پاسی هاوچەرخ لە كوردستاندا نییە، بۆیە خەڵكێكی زۆر روویان لە ماتۆڕسكیل كردووە، بەڵام لەم كۆبوونەوەی دوای وەزارەتی ناوخۆ مەرجی هەبوون و لێخوڕین بۆ ماتۆڕسكیل دانرا كە دەبێت هاووڵاتی ئەو ماتۆڕسكیلانە بكڕێت كە مەتانە و مەنەفێستیان هەیە و مەرج و رێنماییەكانی هاتوچۆ جێبەجێ بكەن و لە كاتی لێخوڕیندا شوفێرەكە دەبێت خووزە و دەستەوانە و لاستكی سەر ئەژنۆكانی لەبەر بكات، تاوەكو لەكاتی هەر رووداو و وەرگەڕانێك سەلامەت بێت، لەبەر ئەوەی لە رووداوەكانی ماتۆڕسكیل حاڵەتی مردنی هەبووە، بۆیە لە وەزارەتی ناوخۆ بە ئامادەبوونی هەموو بەڕێوەبەری هاتوچۆی شارەكان و بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ لێژنەیەك دانرا و توێژینەوەیەك ئەنجام درا بە ئاگاداریی جەنابی وەزیری ناوخۆی هەرێم و رێنمایی دەرچوو بۆ تۆماركردنی ماتۆڕسكیل و پێدانی تابلۆ و دەرهێنانی مۆڵەتی لێخوڕین لەو بەشەی بۆ ئەو مەبەستە لەناو بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی شارەكان كراوەتەوە.
* بە حوكمی ئەوەی هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە، دەبینین رۆژ لە دوای رۆژ لە گەورەبوون و گەشەكردندایە، هاوكات لە رووی قەرەباڵغیی ئۆتۆمبێلیشەوە یەكجار زیادی كردوە، ئایا بەرنامەو پلان هەیە بۆ كەمكردنەوەی هاتنی ئۆتۆمبیل و چی پێویستە لەمبارەوە بكرێت؟
- لەم دواییانەدا لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەو مەبەستە چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا، بەتایبەتی لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بەرئاو كەوتوون، یان پێیان دەگوترێت (غەرق بوو) بڕیار درا لە 1/7/2019وە هاتنە ناوەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغە بكرێت، هەروەها لە ساڵی نوێدا رێنمایی نوێمان هەیە بۆ هاتنی ئۆتۆمبێل بۆ كوردستان لەو رێنماییانە هەر ئۆتۆمبێلێك داخیلی كوردستان بێت، نابێت ئێڕباگی (پەڕەشوت) تەقیبێت و دەبێت لە پشكنینی (pvi) دەربچێت، ئێنجا دەتواندرێت ئەو ئۆتۆمبیلە تۆمار بكرێت، هەر لەبەر زۆری و قەرەباڵغیی شەقامەكان، بڕیارو رێنمایی هەیە كە هەر هاووڵاتیەك بیەوێت ئۆتۆمبێلەكەی بكوژێنیتەوە، دەتوانێت مامەڵەی بۆ بكات و سوود لە تابلۆ و ژمارەكەشی وەردەگرێت بۆ ئۆتۆمبێلێكی دیكە.