دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم بۆ گوڵان: بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی و ئابووریی هەمەجۆر خاڵێكی بەهێزی كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە

دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم بۆ گوڵان: بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی و ئابووریی هەمەجۆر خاڵێكی بەهێزی كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە
پەرەپێدان بە كەرتی پیشەسازی و فرەچەشنكردنی ئابووریی هەرێم لە ئامانجە سەرەكییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدرێت لە رووی وەبەرهێنان و راكێشانی كۆمپانیا دەرەكییەكانەوە پەرە بە كەرتی پیشەسازی لەپاڵ كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاریدا بدرێت، ئەم ئامانج و رەهەندە ئابوورییەش پێویستی بە هەوڵ و كارو بەرنامەی جددی هەیە، بەتایبەتی كە لە حاڵی ئێستادا بارودۆخی كەرتی پیشەسازی و بەرهەمی كارگەكانی ناوخۆ لەو ئاستەدا نین كە بتوانرێت كێبڕكێی بەرهەمی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكە بكەن، هەر لەو پەیوەندییەدا گۆڤاری گوڵان لە دیدارێكیدا چەند پرسیارێكی ئاراستەی دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بارزگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم كرد.
* هەموو داتاو زانیارییەكان ئەوە روون دەكەنەوە كە بارودۆخی كەرتی پیشەسازی لە كوردستاندا لە ئاستێكی باشدا نییە؛ وەك سەرۆكی ژوورە بارزگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم، واقیعی كەرتی پیشەسازیی كوردستان چۆن دەبینیت؟
- لەگەڵ ئەوەی لە كابینەكانی پێشتری حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری تەواوی بازرگانان و پیشەسازی كاران كراوە و لەم رووەوە سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەكەین، بەڵام لە كارنامەی كابینەی نۆیەمیشدا بەڕێز مسرور بارزانی لە سێكتەری ئامانجە ئابووری و داراییەكاندا بە راشكاوانە پەنجەی لەسەر بەرنامە و ستراتیژیەتی كاركردنی حوكمڕانی داناوە، بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی و فرەچەشنكردنی ئابووری، خاڵێكی بەهێزی كارنامەی حكومەتە، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە و مادام حكومەتێكی بەهێزمان دەوێت، هەر دەبێت پاڵپشتیی بزنێس و بازرگان و پیشەسازیكاران و جووتیارانی ناوخۆ بكەین و بەدەم خواست و دواكارییەكانیانەوە بچین، لەمەشدا هەر وەكو چۆن لە كارنامەكەدا هاتووە، كار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و رۆتین و باشكردنی ژێرخانی ئابووری و چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی بانكی و دارایی و هاندانی راكێشانی وەبەرهێنان لە كەرتی پیشەسازی دەكەین، ئەمانە هەمووی خاڵی باش و ئیجابین بۆ چارەسەركردنی كەموكورتییەكان و بووژانەوەی ئابووری. سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەشتان بێگومان هیچ وڵات و هەرێمێك بێ كێشەو كەموكورتی و گرفتی ئابووری و دارایی نییە، هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لەم كەموكورتی و كێشانە، بەتایبەتی هەرێمێكی وەكو كوردستان كە دوچاری گەمارۆی ئابووری و بڕینی بەشە بودجە و داخستنی سنوورەكان و شەڕێكی سەختی وەكو شەڕی داعش و هاتنی ئەو هەموو ئاوارەو پەناهەندەیە بووبێت، حەتمەن دوچاری قەیران و راوەستانی زۆربەی پڕۆژەكان دەبێت، بەتایبەتی راوەستانی كارگەكان و كزبوونی پیشەو كاری دەستی و داخستنی كارگەكانی دارتاشی و ئاسن و مۆبیلات و خۆراكی و دروستكردنی كەلوپەلی لایلۆن و چەندین بواری دیكە، سوپاس بۆ خوا ئێستا وردە وردە قۆناغە سەختەكە بەڕێ دەكەین و پێ دەنێینە دانانی بەرنامە و جێبەجێكردنی پرۆژە و كارەكان و ئەمەش سەرەتایەكی دڵخۆشكەرە.
* باسی فرەچەشنكردنی ئابووریت كرد، ئایا پێت وانییە عێراق و كوردستانیش زیاد لە پێویست لە بواری ئابووری و داهاتیاندا پشتیان بە دەرامەتی نەوت و غازی سرووشتی بەستووە و كەرتی پیشەسازییان فەرامۆش كردووە؟
- كێشە گەورەكەی عێراق لەوەدایە ئابوورییەكی رەیعی هەیە كە بە رێژەیەكی لە سەرووی 93%ـەوە پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، ئێمەش لەچوارچێوەی وڵاتێكی مەركەزیدا بە هەمان شێوە بووین، زیاتر پشتمان بەداهاتی سامانێك بەستووە كە نرخەكەی جێگیر نییە و كەوتۆتە ژێر ركێفی سیاسەتی جیهانیی بازاڕەوە و تەنانەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا كۆمەڵگەیەكی لاوازو بێ بەرهەمی لێ دروست دەبێت، هەر بۆیە ئێمە لە یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان زۆر سەرقاڵی پەیوەندی و هێنانی وەبەرهێنەرانی بیانی و هاندانیانین بۆ بەگەڕخستنی سەرمایە و كاركردن لە كەرتە بەرهەمهێنەكان، بەتایبەتی لە كەرتی پیشەسازی و پیشەسازیی خۆراكی. دەرهێنانی نەوت دەستكەوتێكی گەورەو ستراتیژی بوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ئەوەندە ساڵ دەكرا لەبواری پیشەسازیی نەوت و دروستكردنی سووتەمەنی و پیشەسازیی پترۆكیمیاویشدا كاری جددیمان بكردایە، تەنانەت بەشێك لەداهاتی نەوت بۆ پاڵپشتی و دروستكردنی پیشەسازیی خۆراكی و كارخانەكان و بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری بەكار بهێنایە، هێشتا كاتەكە بەسەر نەچووە، مادام خاوەنی سەركردایەتییەكی لێهاتووی نیشتمانپەروەرین و ژینگەیەكی سەقامگیر و ئاراممان هەیە و هەموو بنەماكانی بەرهەمهێنان و بازاڕمان لەبەردەستدایە، دەكرێت بەرەو بەپیشەسازیكردنی كوردستان هەنگاو بنێین و هاوسەنگیی نێوان هەناردە و هاوردە دەستەبەر بكەین.
* یەكێك لە گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم كەرتی پیشەسازی، یاسا كۆنەكانە كە بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێت ئایا وەكو ژووری بازرگانی و پیشەسازی لەم بوارەدا چیتان كردووە؟
- پێویستە یاسا و رێنماییەكانی ئابووری و لایەنی پەیوەندیدار بە پیشەسازی و دامەزراندنی كارگەكان رێك بخرێنەوە، یاسای وەبەرهێنان 13 ساڵ پێش ئێستا دەرچوو، دەیان یاسای دیكە هەیە لە وەزارەتەكان بۆ سەردەمی سۆشیالیستی دەگەڕێتەوە، واتە لەساڵانی حەفتاو هەشتاكانی رابردوو دەرچووە، ئەمانە هەمووی ئەركی پەرلەمانە هەمواری بكەنەوە، یان یاسای نوێی بۆ دەربكەن.
* بەڵام تاچەند كەرتی تایبەتی كوردستان لە ئاست گۆڕانكاری و قۆناغە نوێیەكەدایە تاوەكو سوود لە یاساكان و رێنمایی و پاڵپشتییەكان وەربگرن؟
- وەنەبێت كەرتی تایبەتیش پێویستی بە رێكخستن و چاودێری نەبێت؛ ئەركی ئێمەیە بەرگری و پاڵپشتیی بازرگان و پیشەسازیكاران بكەین، لەهەمان كاتدا كاروبارەكانیشیان رێك بخەین. كەرتی تایبەت هەر لە دوای ساڵی 1991 بەگشتی و لە 2003 شەوە بەتایبەتی، رۆڵ و پێگەیەكی گرنگی لە سەرجەم سێكتەرەكان هەبووە و بە دەیان هەزار گەنجی ئەم وڵاتە لەو كەرتەدا هەلی كاریان دەست كەوتووە، بەڵام دۆخەكە و واقیعەكە وای خوڵقاند، زیاتر كەرتی تایبەت روو لە كەرتی عەقارات و بازرگانی بكەن و دەستبەرداری پیشەو كارگەو پیشەسازی ببن، لە قەیرانی داراییشدا لە ساڵانی 2014 تاكو 2017 بە سەدان كارگەو كارخانەی مامناوەندو بچووك داخران، كەرتی تایبەتیش پێویستی بە سیستەمی بانكیی پێشكەوتوو و دەستی كاری كارامە و ژێرخانی بەهێز و خزمەتگوزاریی هەیە، ئەمە ئەركی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە دابینی بكەن.
* پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هێور بووەتەوە و بەرەو پێشەوە دەچێت. ئایا تاچەند باشبوونی ئەم پەیوەندییانە كاریگەری لەسەر پێشكەوتنی كەرتی پیشەسازی هەیە؟
- پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كاریگەری لەسەر زیادبوونی پەیوەندیی نێوان بازرگانان و پیشەسازیكارانی هەردوو لا هەبووە، ئەوەتا پەیوەندیی كۆمپانیاكانمان لەگەڵ كۆمپانیاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و بەشەكانی دیكە وایكردووە بچینە قۆناغی تەواوكاریی ئابوورییەوە كە بۆ هەردوولا گرنگە، بووژانەوەی كەرتی پیشەسازییش پێویستی بە هاوكاری و پاڵپشتیی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق هەیە، چونكە زمانی ئابووری و پەیوەندیی باش خزمەتی گەلان و حكومەتەكانیش دەكا. لەم ماوەیەدا هەموومان بینیمان كە چۆن پاڵپشتیكردنی بەرهەمی چیمەنتۆ و ئاسن بە سوودی گەورە كۆمپانیاكانی هەرێم تەواو بوو، ئومێدەوارم ئەم پرسە لە بوارەكانی پیشەسازیی خۆراك و پاڵاوتگەو كارگە و كارخانەكانی دیكەشدا بێت. لەلایەكی دیكەوە هەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند نییە كە جووڵەی باشی تێكەوتووە و رۆڵی هەر دوو بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگ بوو بەو كرانەوە ئابوورییەی لەم دواییەدا روویدا، ئەوەتا رۆژانە شاندی بازرگانی و پیشەسازیكاران و بزنێس و وەبەرهێنەران روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و دیدارو كۆنفرانسیان هەیە و پێشانگای جۆراوجۆر دەكرێتەوە. كاتێك لە نزیكەوە لەگەڵ ئەو شاندانەدا دادەنیشین، بە سەرسوڕمانەوە دەڕواننە دۆخی سەقامگیری و ئارامی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و پێیان وایە ئەگەر ئەو سەقامگیرییە بپارێزین، ئەوا دەرفەتێكی زێڕین هەیە بۆ چارەسەركردنی كەموكورتییەكان.
Top