مێلڤین نێسلی مباو پڕۆفیسۆری یاسای كارگێڕی لە زانكۆی نۆرس وێست لە كۆماری ئەفریقیای باشوور بۆ گوڵان: بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتی بۆتسوانا وەربگیرێت

مێلڤین نێسلی مباو پڕۆفیسۆری یاسای كارگێڕی لە زانكۆی نۆرس وێست لە كۆماری ئەفریقیای باشوور بۆ گوڵان:  بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتی بۆتسوانا وەربگیرێت
مێلڤین نێسلی مباو پڕۆفیسۆرە لە بەشی یاسای زانكۆی نۆرس وێست لە كۆماری ئەفریقیای باشوور، وانەبێژی چەند یاسایەكی گرنگە وەك یاسای دەستووری و یاسای كارگێڕی و یاسای نێودەوڵەتی، پێشتریش لە زانكۆی بۆتسوانا و زانكۆی زامبیا وانەبێژ بووە. بە شێوەیەكی گشتی لە توێژینەوەكانیدا گرنگی و بایەخ دەدات بە پرسەكانی پەیوەست بە دەستوور و حوكمڕانیی باشەوە، هەروەها چەندین توێژینەوەی هەیە لە بواری ئەوەی پێی دەوترێت «حوكمڕانیی كۆمپانیاكان»، كە ئەم پرسەی دواییان بووە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ پڕۆفیسۆر مێلڤین نێسلی مباو.
* زۆرجار باس لە چەمكی حوكمڕانیی كۆمپانیاكان دەكرێت كە مەبەست لێی ئەو سیستمەیە كە تێیدا كۆمپانیاكان ئاراستە و كۆنتڕۆڵ دەكرێن و دەستەی بەڕێوەبەرانیش بەرپرس دەبن لە حوكمڕانیكردنی كۆمپانیاكانیان، كە ئەگەر ئەمەش بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت، ئەوا رەنگدانەوە و دەرئەنجامی درێژخایەنی باشی دەبێت لەسەر كاری كۆمپانیاكان و لە كۆتاییدا بە قازانجی گەشەكردنی ئابوورییش دەشكێتەوە، ئێوە لەم بارەیەوە توێژینەوەتان كردووە، ئایا چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟
- لە راستیدا من توێژینەوەم كردووە لە بارەی ئەوەی پێی دەوترێت «حوكمڕانیی كۆمپانیاكان» لە وڵاتانی ئەفریقیای باشوور و نامیبیا و دەتوانم بڵێم هەڵسەنگاندنی من بۆ ئەم جۆرە حوكمڕانییە لەو دوو وڵاتەدا ئەوەیە كە خاڵی هاوبەش و لێكچوون لە نێوانیاندا هەیە و دەتوانم بڵێم رێساكان داڕێژدراون بۆ ئیدارەدان و چاودێریكردنی كاری كۆمپانیاكان و لەم رووەوە ئاستێكی باشی بەرەوپێشچوون هەیە.
* ئێوە ئاماژە بەوە دەكەن كە چوارچێوەیەكی یاسای باش و پێشكەوتوو هەیە بۆ ئیدارەدانی كاری كۆمپانیاكان لە وڵاتانی ئەفریقیای باشوور و نامیبیا، ئایا ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی دەرئەنجامی باش و خوازراویان لێ بكەوێتەوە؟ ئایا لەسەر ئەرزی واقیع رەنگدانەوە و بەرجەستەبوونی ئەم بەرەوپێشچوونە دەبینین؟
- ئەوەی لەم بارەیەوە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە لە وڵاتی ئەفریقیای باشووردا پرەنسیپەكانی حوكمڕانیی كۆمپانیاكان بە باشی گەڵاڵەكراون و تەنانەت ئەم رێسا و پرەنسیپانەش بوونەتە سەرمەشقی دادگاكان و لە نێو بڕیارەكانیاندا كە پەیوەستە بە كەیسی كۆمپانیاكانەوە رەنگدانەوەیان هەبووە و لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە بڕیارەكان دەركراون.
* باشە ئەگەر لە رووی تیۆر و پراكتیكییەوە دۆخەكە بە ئاراستە و ئاقارێكی باشدا بڕوات، ئایا پێت وایە تا چ راددەیەك ئەم رێكخستنەوە و چاودێریكردنەی كاروباری كۆمپانیاكان كاریگەریی ئەرێنی و باشی لەسەر گەشەكردن و بەرەوپێشچوونی ئابووریی ئەم وڵاتانە هەبووە؟
- من دووبارە ئاماژە بە كەیس و بە رەوشی وڵاتی باشووری ئەفریقیا دەكەم و پێم وایە لە رووی ئابوورییەوە هەنگاوی باشی هەڵگرتووە و قۆناغی باشی بڕیوە، ئەگەرچی بە شێوەیەكی گشتی وەك وڵاتێكی تازەگەشەكردوو ئاماژەی پێ دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئابوورییەكی گەشەكردووی پێشكەوتووی هەیە و یەكێكە لە وڵاتانی گرووپی 20. بەڵام ئەگەر ئێمە لە رەوشی وڵاتی نامیبیاش بڕوانین، ئەوا بە هەمان شێوە دەكرێت بوترێت ئابوورییەكی گەشەكردوو لەو وڵاتەدا بەدی دەكرێت.
* بە تێڕوانینی ئێوە پەیوەندیی نێوان حوكمڕانیی كۆمپانیاكان و چەمكی حوكمڕانیی باش چییە و ئایا لەو باوەڕەدان كە رێكخستنەوە و چاودێریی كاری كۆمپانیاكان- ئەوەی پێی دەوترێت حوكمڕانی كۆمپانیاكان- بەشێكی دانەبڕاو و پێكهێنەرێكی سەرەكیی پرسی حوكمڕانیی باشە؟
- لە راستیدا ئەمە كێشەكەیە، چونكە راستە گرنگە یاسا و رێسای باشت هەبێت، بەڵام دواتر سەنگی مەحەك و دەرئەنجامی كۆتایی گرێ دراوە بەوەی تا چ راددەیەك ئەو یاسا و رێسایانە لە واقیعدا پیادە دەكرێن و جێبەجێ دەكرێن. كەواتە بەس نییە بوترێت كە یاساكان داڕێژراون و تەواو، چونكە دەكرێت یاسای زۆر باش و پێشكەوتووت هەبێت، بەڵام گرنگییان چی دەبێت ئەگەر نەتوانرێت جێبەجێ بكرێن.
* كەواتە لێرەدا مەسەلەكە پەیوەستە بە هێنانەئارای سەروەریی یاساوە- هەبوونی یاساكان و توانای جێبەجێكردنیان- لەگەڵ دەستەبەركردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی راست و دروست و بێلایەنانە ئەو یاسایانە بەسەر كەیسەكاندا جێبەجێ بكات؟
- ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییەوە لە وڵاتی ئەفریقیای باشوور، ئەوا سەربەخۆیی ئەم دەسەڵاتە بەدیهێنراوە و دەستەبەر كراوە، بەڵام ئەو كێشەی كە لە ئارادایە و سەرنجی دەدرێت، ئەوەیە كە هەندێ لە كۆمپانیاكان پابەندی ئەو یاسا و رێسایانە نابن كە داڕێژدراون بۆ رێكخستنەوە و چاودێریكردنی كاروباری كۆمپانیاكان. كەواتە چەند كۆمپانیایەك هەن كە پرەنسیپ و رێسا پەیوەندیدارەكان پیادە ناكەن. بەڵام كاتێك كەیسەكان دەچنە بەردەم دادگاكان، ئەوا دادوەرەكان لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپ و رێسایانە ئاماژە بە پێشێلكاری و سەرپێچیییەكانی كۆمپانیاكان دەدەن.
* پرسیارێكی دیكەی پەیوەندیدار بە رێكخستنەوەی كاروباری كۆمپانیاكانەوە بریتییە لە پرسی پەیوەست بە رێكارەكانی تۆماركردنی كۆمپانیاكانەوە، بۆ نموونە لە وڵاتێكی وەك رواندا كۆمپانیایەك بە ماوەی تەنها پێنج كاتژمێر دەتوانێت رێكارەكانی تۆماركردن تەواو بكات، ئایا هەمان حاڵەتیش لە وڵاتی ئەفریقیای باشووردا بەدی دەكرێت؟
- لە وڵاتی ئەفریقیای باشووردا و لە كاتێكدا كەسێك كە داواكاری پێشكەش دەكات بۆ تۆماركردنی كۆمپانیایەك ئەوا لە پاشخانی كەسەكە دەكۆڵدرێتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی لە رووی یاساییەوە هیچ كێشە و ئاستەنگی نییە كە رێگری لە تۆماركردنی كۆمپانیایەك بكات. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین رێكارەكانی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە ئەفریقیای باشوور ئاسانن.
* ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی هەڵسەنگاندنێكی بابەتییانە بكەیت بۆ رەوشی وڵاتی ئەفریقیای باشوور لە رووی حوكمڕانیی باش و لە رووی رێكار و رێساكانی پەیوەندیدار بە كۆمپانیاكانەوە، ئایا پێت وایە هەوڵەكان بە ئاراستەی راست و دروست سەركەوتوو دەبن و درێژە دەكێشن و لە مەودای دووردا دەرئەنجامی باشیان لێ دەكەوێتەوە؟
- من لەم رووەوە گەشبینم، چونكە دەبینم كە پێداچوونەوە و نوێكردنەوەیەكی بەردەوام دەكرێت بۆ ئەم پرەنسیپ و رێسایانە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی كە بەردەوام كار دەكرێت لەسەر باشتركردن و بەرەوپێشبردنی ئەو پرەنسیپانە. بەڵام پرسی ئەوەی ئایا كۆمپانیاكان پیادەی دەكەن و جێبەجێیان دەكەن، پرسێكی تەواو جیاوازە.
* ئایا پێتان وایە گەورەترین دژواری و تەحەددی لەم رووەوە چی بووە، بەتایبەتی كە ئێوە ئاماژە بەوە دەكەن كە بەردەوام ئەو رێسا و پرەسنیپانە بەرەوپێش دەبردرێن؟
- هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، مەسەلەكە ئەوەیە تا چەند ئەم پرەنسیپانە جێبەجێ دەكرێت و كۆمپانیایان پێیانەوە پابەند دەبن، كەواتە ئەگەر وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بدەمەوە، ئەوا دەڵێم دەبێت هاوسەنگییەك رابگیرێت لەم رووەوە، بە دەربڕینێكی دیكە دەبێت كار بكرێت لەسەر ئەوەی ئەو رێسا و پرەنسیپە باشانە رەنگدانەوەیان هەبێت لە بڕیارەكانی پەیوەست بە بزنێسەوە، ئەمەش كار و ئەركێكی ئاسان نییە، كە تۆ بتوانی هاوسەنگی رابگریت لە نێوان داڕشتنی باشترین رێسا و دەستەبەركردنی ئەوەی ئەو رێسایانە رەنگدانەوەیان دەبێت لە بڕیاری كۆمپانیاكاندا. مەسەلەیەكی دیكەی ئەوەیە كە دەبێت بڕیارەكانی پەیوەست بە بزنێسەوە كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دەردەچن، رەچاوی كۆدی كاركردن بكەن، واتە رەنگە هەندێ جار كۆمپانیاكان بڕیارێك دەربكەن كە بە تێڕوانینی خۆیان لە بەرژەوەندیی بزنێسەكەیان بێت، بەڵام بۆی هەیە كۆدی كاركردنیان لەبەرچاو نەگرتبێت.
* لە نێو هەموو ئەم پرسانەدا ناكرێت پرسی گەندەڵی نادیدە بگرین و باسی نەكەین، پرسیاری ئێمەش لەم بارەیەوە ئەوەیە تا چ راددەیەك هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە وڵاتی ئەفریقیای باشووردا توانیویەتی ئەم كێشەیە بە راددەیەكی بەرچاو سنووردار بكات؟
- بە داخەوە هێشتا هەوڵەكان ئەو ئاكام و دەرئەنجامەیان لێ نەكەوتۆتەوە، چونكە راستە ئێمە دەزگایەكی تایبەت و تایبەتمەندمان هەیە كە ئەرك و بەرپرسیارێتییەكەی بریتییە لە هەوڵدان بۆ سنوورداركردن و نەهێشتنی گەندەڵی و تەنانەت لەم رووەوە دەستی داوەتە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون، بەڵام تا ئێستا هیچ یەكێك لەم هەوڵانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی كە كەسایەتییەكی سیاسی لەم وڵاتەدا بهێنێتە بەردەم دادگا و دادگایی بكرێت، كە لە گەندەڵییەوە تێوەگلابێت.
* كەواتە ئێوە لەم رووەوە ئومێدێكی زۆرتان بە كارەكانی ئەم دەزگایە نییە بۆ كەمكردنەوە و سنوورداركردنی گەندەڵی؟
- من پێم وایە ئەگەر بێت و دادگاییكردن و لێپرسینەوەی هەندێ كەسایەتیی بزنێسكار و هەندێ كەسایەتیی سیاسی ببینین، ئەوا ئەمە دەبێتە ئاماژەیەكی ئەرێنی و دەبێتە سەلمێنەری ئەوەی كە حكومەت ئامادەیە بۆ شەڕكردن لە دژی گەندەڵی.
* ئەی پێت وانییە وڵاتی ئەفریقیای باشوور بتوانێت سوود لە ئەزموونی هەندێ وڵاتی دیكەی ئەفریقا، وەك - رواندا و بۆتسوانا- وەربگرێت لە بواری بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی گەندەڵیدا؟
- لە راستیدا ئەمە هەمیشە ئەگەرێكە لە ئارادایە، بەڵام پێم وا نییە لە ئێستادا توێژینەوەیەكی زۆر كرابێت بۆ بەراوردكردنی رەوشی ئەفریقیای باشوور بە وڵاتانی وەك رواندا و بۆتسوانا، لەبەر ئەوە منیش پێم وایە دەبێت لەم رووەوە بەراوردكاری و شیكاری بكرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت پەند و وانە لەم ئەزموونە سەركەوتووانە وەربگیرێت.
Top