ئارام باڵەتەیی پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: حكومەتی كوردستان دەخوازێت بە شێوەیەكی ریشەیی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات

ئارام باڵەتەیی  پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  حكومەتی كوردستان دەخوازێت بە شێوەیەكی ریشەیی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات
ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق بە گەشبینییەوە دەڕواننە هەوڵەكانیان بۆ دابینكردنی پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش هاریكاری و هاوكاری لە نێوان فراكسیۆنە كورستانییەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی خۆی هەیە، لە ئێستادا پەرلەمانتارانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە یەك تیم داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن. بۆ قسەكردن لە سەر دواهەوڵەكانی پەرلەمانتاران لەسەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، گۆڤاری گوڵان ئەم دیدارەی لەگەڵ ئارام باڵەتەیی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا، لێرەدا دەقی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە جددی كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش هەر لە دوای سوێندخواردنی كابینەكە، شاندێكی باڵا چوونە بەغدا و لەو كاتەوە تا ئێستا هاتووچۆ و كۆبوونەوەكان بەردەوامن و بەرەوپێشەوەچوون و تێگەیشتنی زۆر باش لە لایەن هەردوولاوە هەیە، تا چەند هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئێوەی نوێنەرانی كورد لە بەغدا گرنگە، بەتایبەتی بۆ جێگیركردنی پشكی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا؟
- بەڵێ، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جددی كار بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لە بەغدا دەكات، نەك تەنیا كێشەی بودجە، بەڵكو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی وەكو ماددەی 140 و نەوت و موستەحەقاتی پێشمەرگە و هەموو شایستە داراییەكانی دیكەی هەرێم، خۆشبەختانە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە و هەموو دۆسێكانی نێوان هەرێم و بەغدا كاری لەسەر دەكات، لەمەشدا تەنیا بەدوای چارەسەرێكی كاتیدا ناگەڕێت، بەڵكو بەدوای چارەسەرێكی بنەڕەتیدا دەگەڕێت، تا هەموو ساڵێك ئەو كێشەو گرفتانە دووبارە سەرهەڵنەدەنەوە. بەشێوەیەكی گشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ بەغدا، لەسەر چارەسەری ستراتیژی و بنەڕەتی گفتوگۆ دەكات، ئەم نیازپاكییەش هەر لە دەستبەكاربوونی رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتە ئاراوە كە سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە كۆبووەوە، ئەم سەردانەی پەیامێكی گرنگی لەخۆ گرتبوو، كە هەرێم بە جددی دەیەوێت كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و عێراق چارەسەر بكات و ئامادەیی دانوستاندن و گفتوگۆشی هەیە، بەرهەمی ئەم نیازپاكییەش ئەو گفتوگۆ و دانوستاندنانەیە كە ئێستا لە بەغداو هەولێر بەڕێوەدەچن، ئەمەش بەو مانایە نایەت كە ئیتر بەربەست و ئاستەنگ نەماوە، هەندێك هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكیی عێراق هەیە كە بەربەست لە بەردەم گەیشتن بە رێككەوتن و چارەسەرەكان دادەنێت، بەڵام ئێمەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەناو پەرلەمانی عێراق، كار دەكەین بۆ گەیاندنی دیدوبۆچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەلایەنی بەرامبەر، چونكە چارەسەری هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و گەیشتن بە رێككەوتنێكی بنەڕەتی و ستراتیژی لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عێراقدایە، چونكە ئەگەر پەیوەندیی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق باش بێت، كاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەموو بارودۆخی عێراق دەبێت.
* هەر لەم چوارچێوەیەدا سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هەمووان لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەم پرسە ببردرێتە دەرەوەی دانوستانەكان، ئایا بۆ ئەم پرسە هیچ كێشەیەك هەیە؟
- بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە بودجەی 2020ی عێراقەوە هەیە، تا ساڵی 2019 كۆتایی دێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەنێردرێت و هیچ كێشەیەكی تێدا نییە، بەڵام لە بودجەی 2020 دەبێت دانوستاندن و رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ حكومەتی عێراق بكرێت، بەتایبەتی لەسەر بابەتی نەوت و چەند و چۆن كوردستان ئەو بڕە نەوتەی لەسەری رێك دەكەون، تەسلیمی بەغدای بكات و هاوكات چەندیش تەسلیم ناكرێت، ئەم بابەتە تا ئێستا دانوستاندنمان لەسەر نەكردووە، چونكە تا ئێستا رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجە لە حكومەت بۆ پەرلەمان نەهاتووە، تاوەكو ئێمە دانوستاندنی لەسەر بكەین، ئەوەی هەیە گفتوگۆكردنی كۆمەڵێك دیدوبۆچوونی جیاوازە لە لای حكومەت گەڵاڵە بووە و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی حكومەتی عێراقی كردووە، هەموو ئەم دیدوبۆچوونانەش لەسەر بنەمای واقیعی و زانستین، تاوەكو هەردوو لا بگەنە دەرئەنجامێكی باش، ئەوەی لەلای ئێمە وەكو نوێنەرانی خەڵكی كوردستان جێگیرە، ئەوەیە كە بە هیچ شێوەیەك پاشەكشە لە ماف و موستەحەقاتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و شایستە داراییەكانی هەرێم ناكەین و هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زامن بكەین.
* سەردانی وەزیری دارایی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، لە بری ئەو سەردانە بوو كە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێت بۆ بەغدا، ئامانج لەو سەردانە بۆ ئەوە بوو كە پێش ئەوەی بودجەی عێراق رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق بكرێت، دیدوبۆچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بخرێتە ناو پرۆژەی بودجەی عێراق، ئەم لێكتێگەیشتنەی نێوان هەردوو حكومەت تاچەند كاری لێژنەكانی پەرلەمانی ئاسان دەكات؟
- سەردانی بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراق بۆ هەولێر و دواتر سەردانی وەزیری دارایی عێراق بۆ كوردستان، هەمووی بۆ زیاتر لێكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هاوكات ئەوان دەخوازن دیدوبۆچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی 2020ی عێراق بزانن، هەروەها بیروبۆچوونەكانی نێوان هەردوو حكومەت ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێت و دانوستاندنی لەسەر دەكرێت، دانوستاندنێكی قووڵ و بەئامانج بۆ ئەوەی بودجەی 2020ی عێراق كەموكورتی و ناكۆكی تێدا نەبێت، من هاتنی وەزیری دارایی عێراق و هەموو شاندو لێژنەكانی نێوان هەردوو لا بە ئیجابی دەزانم، چونكە لە نزیكەوە گوێبیستی راوبۆچوونەكانی یەكتر دەبن و ئەوەش لێكتێگەیشتنی زیاتر دروست دەكات. لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆ و دانوستانەكان زیاتر دەبن و لێژنەكانی پەرلەمان دادەنرێن و هاتوچۆی لێژنە پەرلەمانییەكان زیاتر دەبێت، تەنانەت لێژنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش دێنە بەغدا و بەپێچەوانەشەوە، ئەمانەش هەمووی لە پێناو زیاتر لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و عێراقە، بەمەش لە چارەسەرەكان نزیك دەبینەوە.
* مەسەلەی رادەستكردنی داهاتی نەوتی هەرێم بە بڕی 250 هەزار بەرمیل لە رۆژیكدا، ئایا ئەمە چۆنە ؟
- هەرێمی كوردستان كێشەی لەوەدا نییە كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت، یان داهاتەكەی تەسلیمی بەغدا بكات، بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا هەندێك ئیلتیزاماتی كۆمپانیاكانی لەسەرە، كە دەبێت بەغدا پابەندی ئەو ئیلتزامات و قەرزانە بێت، خۆ مەعقووڵ نییە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغدا بكات و پارەی قەرزی كۆمپانیاكانیش بدات، لەو كاتەدا بۆ خەڵكی كوردستان هیچ بڕە پارەیەك نامێنێتەوە بۆ ئەوەی بەشی كاروباری ساڵێك بكات و مووچەی فەرمانبەرانیش بدات، ئەوەی من ئاگاداری بم تا ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندن لەسەر ئەو خاڵە بەردەوامە، كە ئایا كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت، یان زیاتر تەسلیمی بەغدا بكات، لە بەرامبەردا بەغدا تاچەند پابەندی پێدانەوەی قەرزەكانی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە لەمەدا دەبێت حكومەتی عێراق بێتە پێشەوە و چیتر بارگرانی و بارودۆخی قورسی هەرێمی كوردستان درێژە نەكێشێت، بەتایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزی زۆری كۆمپانیاكانی نەوت و ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لەسەر شانە، ئەم قەرزانەش بە حوكمی ئەوەی هەرێمی كوردستان بودجەی تەواوی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 و 2017ی بەدەست نەگەیشت، ئەمەش حكومەت و خەڵكی كوردستانی تووشی قەیرانێكی سەخت كرد، هەر بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی عێراق بكات، دەبێت عێراقیش پابەندی و ئیلتزاماتی خۆی بەرامبەر قەرزەكانی هەرێمی كوردستان هەبێت.
* كێشەی سەرەكی پرسی پشكی كوردستان هێندەی لەسەر بودجەی سیادی و حاكیمەیە، هێندە لەسەر پرسەكانی دیكە نییە، ئایا چۆن دەبێت لەم بودجەیە كە رێژەی 40%ی بودجەی عێراق پێكدەهێنێت، هەرێمی كوردستان پشكی خۆی وەرنەگرێت؟
- ئێمە وەكو نوێنەرانی خەڵكی كوردستان تێبینیی زۆرمان لەسەر ئەم بابەتە هەیە، نابێت حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بڕە پارەیەكی زۆر لە خەرجییەكانی بودجەی سیادی لە هەرێمی كوردستان ببڕێت، لەكاتێكدا هیچ خەرجی و بابەتێك لەو بودجە سیادییە بۆ كوردستان نەیەت، چارەسەری ئەم كێشەیە بە دوو رێگا دەبێت، یان هەرێمی كوردستان پشكی بودجەی خۆی پێش بڕینی بودجەی سیادی وەربگرێت، یانیش دەبێت ماف و شایستە دارایی و هەموو ئەو خەرجی و پێداویستییانەی لە بودجەی سیادی خەرج دەكرێت، بۆ كوردستانیش بنێردرێت و پشكی كوردستان لە هەموو بڕگە و بابەتێكی بودجەی سیادی جێگای بكرێتەوە. سەبارەت بە قەرزی نێودەوڵەتییش حكومەتی عێراق لە ساڵی 2010 تاكو 2017 زیاتر لە 62 ملیار دۆلاری وەكو قەرز وەرگرتووە و هیچی بە كوردستان نەداوە، كەچی ئێستا لە داڕشتنەوەی بودجەدا پێدانەوەی هەموو ئەو قەرزانە لەسەر هەرێمی كوردستانیش دادەنرێت، هەر بۆیە یا دەبێت بەشێك لەو قەرزانە بدرێتە هەرێمی كوردستان، یان دەبێت لە پشكی هەرێمی كوردستان ئێمە هیچ رێژەیەك لە پێدانەوەی ئەو قەرزانە نەدەین، من ئەم بابەتە بە نادادپەروەرییەكی گەورە دەزانم و پێویستە شاندەكانی دانوستاندن گرنگییەكی زۆری پێ بدەن و لە گفتوگۆكانیاندا چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە.
* رۆڵی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و وەزیری دارایی و جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە دانوستانەكان و بەرگریكردن لە مووچە و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە چییە؟
- فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەگشتی و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین بەرگری لە هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین، لە هەموو دانوستان و گفتوگۆكاندا كە لەگەڵ فراكسیۆنە جیاجیاكان و لایەنە سیاسییەكاندا ئەنجاممان داوە، داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی خەڵكی كوردستان بووین، بەتایبەت لە مەسەلەی مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستاندا، ئێمە لە مافەكانی خۆمان زیاتر داوای هیچ ناكەین و هیچ كاتێكیش ئامادە نین سازش لەسەر مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین، لەم پێناوەشدا بەهەموو توانای خۆمان كار دەكەین، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێك كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت، لەلایەكی دیكەشەوە رۆڵی بەڕێز وەزیری دارایی لە ناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زۆر گرنگ بوو، بەڵام ناشبێت ئەوە لەبیر بكەین كە بەڕێز وەزیری دارایی وەزیرێكی فیدڕاڵییە و لە حكومەتی فیدراڵی كار دەكات، ئێمەی فراكسیۆنەكانیش نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكەین و بە جددی بەرگری لەو بابەتە دەكەین.
Top