رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: سەردانی ئەم دواییەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵ دەستكەوتی زۆر باشی بۆ خەڵكی كوردستان هەبوو
September 22, 2019
دیمانەی تایبەت
وەزارەتی ناوخۆ بەشێكی سەرەكی و گرنگە لە دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەر وڵاتێكدا و لە هەرێمی كوردستانیشدا، وەزارەتی ناخۆ كارنامەیەكی درەوشاوەی هەیە و هاووڵاتییان دڵنیایی و ئاسوودەیی خۆیان بە چاوكراوەیی و شەونخوونی كارمەندانی بەوەجی ئەو وەزارەتەوە گرێ دەدەن. گوڵان بە پێویستی زانی ئەم دیمانەیە لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ساز بكات و، بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی كاری وەزارەتی ناوخۆ و رەهەندە گشتییەكانی ئەو وەزارەتە و پرسی سەقامیگری و ئاسایش و پرسەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و پەیوەندییە دیپلۆماسی و سەربازییەكانی هەرێم و بەغدا و چەندین پرسی دیكەی هەنووكەیی تەوەری سەرەكیی ئەم دیدارە پێكدەهێنن.* دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و راگەیاندنی بەرنامەكەی، هەموو وەزارەتەكان راسپێردران كە بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی كاری وەزارەتەكەیان ئامادە بكەن، ئایا رەهەندە گشتییەكانی بەرنامەی وەزارەتی ناوخۆ چین؟
- بێگومان ئامادەكردنی بەرنامەی چوارساڵی داهاتوو بۆ وەزارەتەكان بەگشتی، وردكردنەوە و تەرجەمەكردنی رەهەندە سەرەكییەكانی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەلایەن هەر وەزارەتێكەوە بەپێی تایبەتمەندیی بوارەكەی. دیارە بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاووڵاتی و تاكی كوردستانی كردۆتە تەوەری سەرەكیی بەرنامەی كابینەی نۆیەم، بۆیە وەزارەتەكانیش هەر بەرنامە و پلانێك ئامادە بكەن، دەبێت لە چوارچێوەی ئەو تەوەرە سەرەكییەدا رەنگدانەوەی هەبێت، كە ئەویش خزمەتكردنی تەواوی هاووڵاتیانی كوردستانە، لە دەستپێكدا بەڕێز مسرور بارزانی پێی گوتین: من خزمەتكاری ئێوەم و دەمەوێت ئێوەش خزمەتكاری خەڵك بن، ئەمە مانای ئەوەیە فەلسەفەی كاركردنمان ئەوەیە كە دەبێت ئەم كابینەیە خزمەتی خەڵك بكات و خزمەتكاری هاووڵاتی بێت. ئەوجا بۆ ئەوەی بتوانین ئەو دیدگایە جێبەجێ بكەین كە سەرۆكی حكومەت تەبەنیی كردووە، ئەوا دەبێت بزانین داخوازیی خەڵك لە حكومەت چییە و دەیەوێت حكومەت چی بۆ بكات، بۆ ئەوەش دەبێت بچینە ناو خەڵك، هەر یەكێك لە ئێمەش كەم تا زۆر ئاگادارین خەڵك چی دەوێت، چونكە هەموومان بەشێكین لەو خەڵكە و هەر لەناو ئەوانەوە هاتووین و لە دەردەسەری و گرفتەكانی خەڵك دەزانین، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە هەریەك لە وەزارەتەكان وەك حكومەت ئەو دیدگایە جێبەجێ بكەین كە فەلسەفەی ئەم كابینەیەی لەسەر بونیاد نراوە، كە ئەویش خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كوردستانە و راییكردنی خێرای مامەڵەی هاووڵاتیانە بەبێ دواكەوتن، لەمەش گرنگتر وەڵامدانەوەی هاووڵاتیانە بە رێزەوە، دیارە لەمەدا مەبەست ئەوە نییە دەتوانرێت هەموو داواكارییەكی هاووڵاتی جێبەجێ بكرێت، بەڵكو مەرجە هاووڵاتی هەموو وەڵامێك بە رێزەوە وەربگرێتەوە.
* پێش ئەوەی بێمە سەر رەهەندەكانی كاری وەزارەتی ناوخۆ، دەمەوێت ئەو پرسیارە بكەم، دوای متمانە وەرگرتنی لەلایەن پەرلەمانەوە، یەكەم كاری ئەم كابینەیە رێكخستنی شاندێكی باڵا بوو بە سەرۆكایەتی مسرور بارزانی بۆ بەغدا، كە ئێوەش ئەندامی ئەو شاندە بوون، بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتی (كۆمار و پەرلەمان و حكومەت)ی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق، ئایا بۆ پەلەتان لەو سەردانە كردو ئامانجی سەرۆكی حكومەت لەو سەردانە چی بوو؟
- بێگومان چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكان و بوونی پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی بەغدا، فاكتەرێكی گرنگە بۆ سەركەوتن و جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە لەم روانگەیەوە پێش ئەوەی ئەم كابینەیە هیچ هەنگاوێك هەڵبگرێت، شاندێكی باڵای حكومەت بە سەرۆكایەتی بەڕێز مسرور بارزانی چووینە بەغدا، لەم سەردانەدا بەڕێز مسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت پەیامێكی بۆ بەغدا هەبوو، پەیامەكەش ئەوە بوو كە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان بۆچوون و سیاسەتمان بەو جۆرەیە كە هەموو كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی و حكومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا چارەسەر بكەین. راشكاوانە دەكرێت بڵێین، ئەم سەردانە بۆ پیشاندانی نییەت و رژدبوونی ئێمە بوو لەسەر ئەوەی كە دەمانەوێت كێشەكان چارەسەر بكەین.
* لەم سەردانەدا كۆبوونەوەتان لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتی (كۆمار و پەرلەمان و حكومەت)ی فیدڕاڵی عێراق كرد، ئایا ئەو سەردانە بووە دەروازەیەك بۆ بەردەوامیی گفتوگۆكان و سەردانی هەردوولا بۆ لای یەكتری؟
- كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ، كۆمەڵێك كێشەن، بۆیە لە یەكەم سەردانمان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەمان لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتی (كۆمار و پەرلەمان و حكومەت)ی فیدڕاڵی عێراق، لێكتێگەیشتنێكی باش هاتەئاراوە و هەتا ئێستاش ئاڵوگۆڕ و هاتۆچۆی شاندی هەردوولا بۆ لای یەكتر بەردەوامە، بەم ئاراستەیەش هەنگاوی باشمان لەسەر هەموو كێشە جیاوازەكان بڕیوە و گفتوگۆمان لەسەر پرسە جیاوازەكان كردووە، وەك چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، هەروەها چارەسەركردنی ئەو كێشە سەربازی و ئەمنییانەی كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە هۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست بوون، لەسەر ئەم پرسانە گفتوگۆی باش كراوە، بەڵام هەتا ئێستا وەك شتی بەڵگەدار جێبەجێ نەكراوە، ئەمەش پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسیی بەغداوە هەیە، ئەگەرنا ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەباشیی خۆمان پیشان داوە كە هەموو ئەو هەنگاوانەی لەسەری رێككەوتووین جێبەجێیان بكەین، بەتایبەتیش ئەو هەنگاوانەی پەیوەندییان بە ئاساییكردنەوەی ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستوورەوە هەیە، كە بریتییە لە كشانەوەی تەواوی هێزەكان بە هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزە سەربازییەكانی دیكەشەوە. لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە پێویستیان بەوەیە كە ژووری هاوبەش و میكانیزمی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان دروست بكرێت، بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی دێكە سوود لەو بۆشاییە وەربگرن كە ئێستا لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەكان دروست بووە، بەداخەوە ئێستا بۆشاییەكی گەورە لەنێوانیاندا هەیە و لە هەندێك شوێن دەگاتە نزیكەی 30 كیلۆمەتر، لەم بۆشاییەشدا گرووپە تیرۆریستییەكان بە ئازادی هاتوچۆ دەكەن و، لە زۆر شوێن ئازاری خەڵك و هێزەكانی عێراقیش دەدەن و كێشەش بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دروست دەكەن، بۆ ئەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەباشی هەیە كە لە ئیمڕۆوە لەگەڵ هێزە عێراقییەكان دەست بەكاری هاوبەش بكەین و باشتریشە ئەگەر هاوپەیمانانیش بەشێك بن لەو كارە هاوبەشە، ئێمە دەبێت واقیعبین بین، شەڕی دژی تیرۆریستان یان دژی داعش شەڕێكی دریژخایەنەو بۆ كۆتاییهێنان بەو شەرەش پێویستمان بە هاوكاریی هەموو لایەك هەیە، لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر چەندین ئاست بەردەوامە، پەیوەندییەكی زۆر باش لە نێوان بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و بەڕێز د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە، پەیوەندیی زۆر باش لە نێوان وەزارەتەكانی هەرێم و بەغدا بوونی هەیە، هەروەها لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەسەر چەندین ئاست وەك ئاستی هەردوو وەزیر، ئۆرگانەكانی هەردوو وەزارەت پەیوەندییەكی بەردەوام و لێكتێگەیشتنێكی زۆر باش هەیە، بەتایبەتی دوای سەردانی ئەم دواییەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵ كە سەردانێكی زۆر سەركەوتوو بوو، دەستكەوتی زۆر باشیشی بۆ خەڵكی كوردستان هەبوو، كە دوای جێبەجێكردنیان بە وردی باسی ئەو دەستكەوتانە دەكەین، بە بۆچوونی ئێمە وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵ مەبەستێتی باشترین پەیوەندی و هاوكاری لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵی و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو كێشانەی پەیوەندییان بە هەردوو وەزارەتەكەوە هەیە چارەسەر بكەین.
* بەو سیفەتەی ئەندامی شاندی باڵای هەرێم بوویت بۆ بەغدا و بەشداری كۆبوونەوەكان بوویت لە نێوان شاندی هەردوولا لە بەغدا و هەولێریش، ئایا دەتوانی ئەو گەشبینییە بە خەڵكی كوردستان بدەیت كە دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا هاتۆتە ئاراوە؟
- دەتوانم بە ئێوە و خوێنەرانی گۆڤارەكەشتان بڵێم، ئێمە ئیرادەیەكی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەمان ئیرادەش لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بوونی هەیە، لەمەش زیاتر ئێستا ستافێكی باش لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بوونی هەیە، ئەمەش دەرفەتێكی مێژووییە بۆ عێراق كە ئیرادەیەكی هاوبەش لەلایەن هەردوولا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە، بۆیە گەشبینین بەو ئیرادەیە و مەزندە دەكەم دەستكەوتی باشیشی هەبێت.
* ئەی سەبارەت بەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی دەنێرێت، چ گەرەنتییەكتان وەرگرتووە؟
- هەردوولامان كۆكین لەسەر ئەوەی كە نابێت دەست بەرین بۆ قووت و مووچەی خەڵكی كوردستان و نابێت ئەمە بهێنرێتە ناو گفتوگۆكان، لەبەر ئەوەی مووچە مافێكی دەستووریی خەڵكە و حكومەتی عێراق لە هەرێم و پارێزگاكانی عێراق كارمەندی هەیە و بەپێی دەستوور دەبێت مووچەیان دابین بكەن. فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیانە كە ئەو مافە دەستوورییەیان بۆ دەستەبەر بكرێت، بۆیە ئێمە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە ناكەین، بەڵكو گفتۆگۆ دەكەین بۆ ئەوەی كێشەكانی دیكە چارەسەر بكەین.
* بەڵام هاتنی سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لە هەمانكاتدا وەزیری دارایی عێراقیشە، بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتیی حكومەت و پەرلەمان، هەندێك وا باسی دەكەن، لەسەر ئەم پرسەش كێشەیەك هەبێت؟
- سەردانی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و هەر سێ سەرۆكایەتیی (هەرێم و حكومەت و پەرلەمان) سەردانێكی ئاسایی بوو، ئامانج لێی گۆڕینەوەی بیروڕا بوو بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بۆ ئەوە بوو كە وەك سەرۆك كۆمار رۆڵی خۆی لەو پرسەدا ببینێت. بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەم سەردانەی سەرۆك كۆمار، وا رێككەوت كە جێگری سەرۆك وەزیران كە وەزیری داراییشە لەگەڵ سەرۆك كۆمار پێكەوە بێنە هەرێم، سەبارەت بە سەردانەكەی وەزیری دارایی، پێشتر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بڕیار بوو شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی لەسەر پرسی بودجەی ساڵی 2020 (نەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم) گفتوگۆ بكەن، لەبەر ئەوەی ئێستا حكومەتی فیدڕاڵی خەریكی ئامادەكردنی پرۆژەی بودجەی ساڵی داهاتوون، ئەوجا بۆ ئەوەی پێش ئەوەی پرۆژە یاسای بودجە بنێرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق، شاندی هەرێم بۆچوونەكانی هەرێم بە حكومەتی فیدڕاڵ بگەیەنێت، بەڵام ئەوە بوو وەزیری دارایی لەگەڵ سەرۆك كۆمار هاتە هەرێم و ئەو كۆبوونەوەی بڕیار بوو لە بەغدا بكرێت، لە هەولێر ئەنجام درا، بۆیە ئەمە شتێكی كتوپڕ نەبووە، بەڵكو پێشتر ئامادەكاری بۆ كرابوو، لەسەر ئەم پرسەش دیدوبۆچوونی زۆر باش ئاڵوگۆڕكرا .
* بەڵام وەك بینیمان محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش دوای ئەوان سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، ئایا ئامانج لە سەردانەكەی چی بوو؟
- سەردانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش بۆ هەرێم سەردانێكی ئاساییە، بەڕێزیان بانگهێشت كراون بۆ ئەوەی بەشداری بكات لە خولی دەرچوونی زانكۆی ئەمریكا لە كوردستان، رێوڕەسمەكەش لە شاری دهۆك بەڕێوەچوو.
* لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو رێوشوێنانەی كە كابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە بۆ رێكخستنەوەی دەوامی فەرمانبەران گرتوویەتەبەر، ئایا مەبەست لە گرتنەبەری ئەم رێوشوێنانە چی بوو؟
- لەسەر ئەم پرسە رەنگە زۆر قسەی لەسەر دروست بووبێت، بەڵام وەرگرتنی ئەم رێوشوێنە لەلایەن حكومەتەوە بۆ دروستكردنی پابەندبوونێك بوو بۆ هەموو كارمەندان بە دەوامەوە، سەرەتا وەزیرەكان و ئینجا كارمەندەكانی دیكە دەبێت بە دەوامی فەرمی (كاتژمێر 8ی بەیانی تا 3ی پاش نیوەڕۆ) پابەند بن، رەنگە هەندێك گازندەیان لەسەر ئەم پرسە هەبێت، بەڵام پرسی دەوامی فەرمانبەران لەبەر چەندین هۆكاری جیاواز وای لێ هاتبوو كە پابەندبوون بە دەوام سست ببوو، بۆیە وەرگرتنی ئەم رێوشوێنە بە كتوپڕی لەوانەیە فشارێكی بۆ كارمەندان دروست كردبێت، بەڵام لە بەرامبەردا كاردانەوەی ئەرێنی لەسەر راییكردنی كاروباری هاووڵاتیان هەبووە، ئەو بڕیارەش لە ئاستێكی زۆر بەرزدا بووە، سەبارەت بە تەواوی دامودەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆش، دوای پابەندبوون و جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، ئەوەمان پێگەیشتۆتەوە كە هاووڵاتیان تا راددەیەكی زۆر باش رازی بوون لەو كارمەندانەی خزمەتگوزارییان پێشكەش كردوون.
* ئەولەوییەتێكی دیكەی كابینەی نۆیەم، گێڕانەوەی متمانەیە لەنێوان حكومەت و هاووڵاتیان، سەبارەت بە وەزارەتی ناخۆ كە بەشێكی سەرەكی و گرنگە لە دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری كوردستان، لەوانەیە متمانەیەكی باش لەنێوان ئەم وەزارەتە و هاووڵاتیان هەبێت، ئایا بەرنامەتان بۆ زیاتر پتەوكردنی متمانە لەگەڵ هاووڵاتیان چییە؟
- وەزارەتی ناوخۆ لە چەند بوارێكی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشكەش دەكات، دیارە لایەنی دابینكردنی ئاسایش یەك لەوانەیە و ئاسایشیش پێكهاتووە لە كۆمەڵێك دەزگای هاوبەش كە بریتین لە (دەزگای هەواڵگری، پێشمەرگە، پۆلیس لە هەموو بوارە جیاوازەكاندا، ئاسایش) هەموو ئەم دەزگایانە پێكەوە رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە دابینكردنی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەكی، ئەو متمانەیەش كە لە نێوان هاووڵاتیان و حكومەتدا هەیە، لەسەر بنەمای ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەیە كە لە هەرێمی كوردستان دابین كراوە، خۆشبەختانەش هەرێمی كوردستان بەرارود لەگەڵ دەوروبەر و زۆر شوێنی دیكەشدا، هەرێمێكی هێمن و ئارام بووە، هەم بۆ هاووڵاتی و هەمیش بۆ خەڵكانی دیكە كە هاتوونەتە كوردستان و كاری بزنس و وەبەرهێنانیان كردووە.
* ئەی سەبارەت بە لایەنی كارگێڕی كە بەشێكی گرنگی كارەكانی وەزارەتی ناوخۆیە، چیتان كردووە بۆ ئەوەی متمانەی هاووڵاتیان پتر بكەن؟
- وەزارەتی ناوخۆ هەوڵدەدات كە زیاتر لە جاران، خزمەتگوزارییەكان رێكوپێكتر و لەكاتی گونجاودا بگەیەنێتە هاووڵاتیان، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان هەست بكەن كە وەزارەتی ناوخۆ لە خەمی دواكاریی خەڵكدایە، هەر بۆ نموونە ئێمە لە دەستپێكی كارەكانماندا هەوڵماندا كەمێك گوشارەكان لەسەر هاووڵاتیان كەم بكەینەوە، بۆ ئەمەش چەند هەنگاوێكمان هەڵگرت:
1. دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی وەزارەت لە پارێزگاكانەوە بۆ قەزا و ناحیەكان، ئەمەش لە پێناوی ئەوە بوو هاووڵاتیان ناچار نەبن لەو شوێنانەوە بێن بۆ شارە گەورەكان بە مەبەستی بەڕێكردنی مامەڵەكانیان.
2. كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران، كۆیە، ئاكری و زاخۆ.
3. هەنگاوێكی دیكەی حكومەت، دروستكردنی حكومەتی ئەلیكتڕۆنی و راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیانە بە رێگەی تۆڕەكانی ئەنتەرنێت، ئەم هەنگاوە لە وەزارەتی ناوخۆ بەشێكی جێبەجێ كراوە، ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەین، ئەگەر لە داهاتوویەكی نزیكیش نەبێت، لە داهاتوویەكی مامناوەند، زۆربەی مامەڵەكان بە رێگەی ئەلیكترۆنی رایی بكەین، ئەمەش ئاسانكارییەكی گەورەیە بۆ هاووڵاتیان و كۆنتاكتێتكی گەورەش لە نێوان هاووڵاتیان و هەموو ئاستەكانی حكومەت دروست دەكات. هەروەها ئەولەوییەتێكی دیكەمان ئەوەیە كە شكۆی دامەزراوەكانی حكومەتیش پارێزراو بێت، ئەمەش واتە چۆن هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە شكۆی هاووڵاتیان پارێزراو بێت، دەبێت شكۆی دامەزراوەكانیش پارێزراو بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەرەنجام ئەو دامەزراوانە نوێنەرایەتی شكۆی هاووڵاتی دەكەن، بۆیە شتێكی دوولایەنەیە، چۆن ریزگرتن لە شكۆی هاووڵاتیان لەسەر دامەزراوەكان و كارمەندانی حكومەت ئەركە، ئەوا حكومەتیش چاوەڕێی ئەوە دەكات لەلایەن هاووڵاتیانەوە پشتگیری بكرێت و شكۆی دامەزراوەكان پارێزراو بێت.
* ئەی سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان و پۆلیس، دیارە زۆر گرنگە كە پەیوەندییەكی ئەرێنیی بەرز لە نێوان هاووڵاتی و پۆلیسدا هەبێت، ئایا لەم رووەوە هیچ بەرنامەیەكتان هەیە؟
- ئامانجمان ئەوەیە و كار بۆ ئەوە دەكەین، رووە گەش و جوانەكەی پۆلیس لەسەر شەقامەكان پیشانی هاووڵاتیان بدەین، راشكاوانەتر نابێت كاری پۆلیس تەنیا لە وەرگرتنی رێوشوێنی ئەمنی لە بەرامبەر هاووڵاتی بچووك بكرێتەوە، بەڵكو پێویستە مامەڵە و پەیوەندی نێوان پۆلیس و هاووڵاتی بگاتە ئەو ئاستەی كە لەنێوان هەردوولا ریزگرتنێكی هاوبەش لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یاسا دروست بێت. ئێمە باس لە حكومەتێكی بەهێز دەكەین، بێگومان لەم حاڵەتەدا دەبێت دامەزراوەكانی حكومەتیش بەهێز بن، ئەو هێزەش لە چەسپاندنی سەروەریی یاساوە سەرچاوە دەگرێت، ئێمە قەناعەتی تەواومان بەو بۆچوونە هەیە، ئەگەر یاسا بە یەكسانی و وەك خۆی بە سەر هەموو هاووڵاتیاندا بەبێ جیاوازی جێبەجێ كرا، ئەوا پشتگیری و دڵسۆزیی هاووڵاتیان بۆ حكومەت زیاتر دەبێت، ئەمەش واتە هاووڵاتی دەگاتە ئەو ئاستەی كە دامەزراوەكان و كارمەندەكانی بە موڵكی خۆی بزانێت و خۆیشی بە بەشێك لە دامەزراوەكان بزانێت.
* لەم ماوەیەی كە وەك وەزیر دەست بەكاربوویت، یەكێك لە بڕیارەكانت هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی چەك هەڵگرتنی هاووڵاتیان بووە، ئەوەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا قسە و باسی زۆری لەسەر كرا، ئەو بڕیارە چۆن بووە و ئایا هەموو مۆڵەتەكانی چەك هەڵگرتنی هەڵوەشاندووەتەوە؟
- ئەم پرسە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەو جۆرە باس كراوە كە هەموو مۆڵەتەكانی چەك هەڵگرتنمان هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام لە راستیدا ئێمە بڕیارمان نەداوە موڵەتی چەك هەڵگرتن هەڵبوەشێتەوە، بەڵكو لە ئێستادا یاسایەكمان هەیە بۆ هەڵگرتنی چەك، ئێمە داوامان كردووە پێداچوونەوە بە بڕگەكانی ئەو یاسایەدا بكرێت، هەروەها پێداچوونەوە بەوەشدا بكرێت بەوەی كێ مافی ئەوەی هەیە مۆڵەتی چەك هەڵگرتنی پێ بدرێت؟ چ جۆرە چەكێك مۆڵەتی پێ دەدرێت؟ ئەو كەسە بە چ هۆكارێك داوای ئەو مۆڵەتە دەكات؟ ئەمەش لەبەر ئەوەیە وەك وڵاتانی پێشكەوتوو ئەو پرسە رێكبخەین كە ئەو كەسەی مۆڵەتی پێ دەدرێت چۆن و لە كوێ و بە چ شێوازێك چەك هەڵدەگرێت. ئێستا لە كوردستان و لە دەرەوەی مۆڵەتی چەك هەڵگرتن، لە هەندێك شوێن لەوانەیە چەكی قورس هەبێت، لە زۆر شوێن چەكی پێشمەرگە و چەكی ئۆرگانە سەربازییەكان دەهێنرێنە هەندێك شوێن كە پێویست ناكات، بۆیە ئێمە داوامان كردووە پێداچوونەوە بە یاسای مۆڵەتی چەك هەڵگرتن بكرێت، بۆ ئەوەی هەوڵێك بدەین دیاردەی چەك هەڵگرتن كەم بكەینەوە، هەروەها رێكی بخەینەوە، ئەوجا مۆڵەت بدەینەوە.
* ئەی سەبارەت بەو شوێنانەی كە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی چەكی تێدا دەكرێت، مەرجەكان بۆ ئەو شوێنانە چین؟
- ئەم پرسەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە دەبێت چەك لە كوێ بوونی هەبێت؟ چۆن هەڵبگیرێت؟ كێ مامەڵە بە چەكەوە بكات؟ ئایا پێویستە شوێنێك هەبێت بۆ كڕین و فرۆشتنی چەك ؟ ئەگەر وەڵامەكە بەڵێ بێت، ئایا چ جۆرە چەكێك لەو شوێنە مامەڵەی پێوە بكرێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بەشێكی زۆری دیاردەی چەكداری چارەسەر دەكات، هەر بۆ نموونە ئەگەر ئەو شوێنەی مامەڵەی چەند جۆرە چەكێكی سووكی تێدا بكرێت وەك دەمانچە، یان تفەنگێكی كلاشینكۆف، ئەویش لە چوارچێوەی یاسا و كۆمەڵێك مەرجدا بۆ ئەو كەسانەی پێویستیان پێیەتی، ئەوجا لەبەر هەر هۆكارێك بێت، بەڵام ئێستا لە هەندێك شوێنی كوردستان مامەڵە بە چەكی قورسی وەك دۆشكە، بی كەی سی، قەناس و هاوەن و...هتد) دەكرێت ئەمە حاڵەتێكی ترسناكە، جیا لەمەش ئەگەر چەكی سووكیش كۆنتڕۆڵ نەكرێت، لەوانەیە رووداوی نەخوازراوی لێ بكەوێتەوە، هەروەك چەندین جار گوێبیست بووین كە گەنجێگ لەسەر مۆبایلێك، یان لادانێكی هاتوچۆ كوژراوە، بۆیە هەموو هەوڵمان بۆ ئەوە دەبێت ئەم لایەنە رێكبخەینەوە و ئەركی سەرەكیی ئێمە دابینكردنی ئاسایش و ئارامییە بۆ ئەوەی شكۆی هاووڵاتی پارێزراو بێت.
* باسی شكۆی دامەزراوەكانی دەوڵەتت كرد، بەڵام لەو ماوەیە گوێبیستی ئەوە بووین هەندێك لە خەڵك پەیدا بوون تەحەددای شكۆی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكەن و زیادەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی و تایبەت دەكەن، بەرامبەر بەو خەڵكانە چ رێوشوێنێكتان وەرگرتووە؟
- ئەم دیاردەیەش، وەك تێكڕای دیاردە ناشرینەكانی ناو ئەم كۆمەڵگەیە، بەرەنجامی كەڵەكەبوونی كۆمەڵێك كێشەیە، هەر لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ەوە تا ئێستا، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیە لیژنەیەكی هەمەلایەن لە هەولێر و شارەكانی دیكەی هەرێم دروست كراون و فەرمانیان پێ دراوە كە هەوڵبدەن هەموو ئەو خەڵكانەی كە لە یاسا لادەرن و رێز لە یاسا ناگرن و زیدەڕۆیی لەسەر مافی خەڵك و موڵكی گشتی دەكەن، رێوشوێنی توندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر و دەستگیر بكرێن، لەم چوارچێوەیەدا لە هەولێر خەڵكێكی زۆری دەستڕۆیشتوو دەستگیر كراون كە رەنگە پێشتر زیدەڕۆیی زۆریان لە زۆر بواردا كردبێت، بەڵام نەیانتوانیوە بەرامبەر مەفرەزەكانی ئەو لیژنە هاوبەشە رابوەستن و رێوشوێنی یاسایی توند لە دژیان وەرگیراوە و دەدرێنە دادگا. من دەستخۆشی لە هەموو ئەو دامودەزگایانە دەكەم كە نوێنەریان لەو لیژنە هاوبەشە هەیە، ئەم رێوشوێن وەرگرتنە بە فەرمانی بەڕێزان سەرۆك بارزانی و ئاگاداریی سەرۆك وەزیرانە و نابێت رێگە بە هیچ كەسێك بدرێت لە سەرووی یاساوە بێت .
* ئایا تاچەند جێبەجێكردنی پلانی وەزارەتی ناوخۆ پێویستی بە گۆڕانكاری لە هەیكەلی ئیداریی وەزارەتەكە هەیە؟ ئایا دەكرێت بڵێین گۆڕینی پارێزگاری هەولێر دەستپێكی ئەو گۆڕانكارییانە بووە؟
- هەموو ئۆرگانێك، یان دامەزراوەیەك ماوە ماوە پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە، پێویستی بەوەیە كە هەیكەلەكەی بگونجێندرێت لەگەڵ داواكاری و پێداویستییەكانی سەردەم و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە وەزارەت، یان ئەو دامەزراوەیە پێشكەشی دەكات، لەسەر ئەم پرسە من لەگەڵ ئۆرگانەكانی وەزارەت كۆ بوومەتەوە و باسم كردووە كە ئێمە گۆڕانكاری دەكەین، بەڵام گۆڕانكاری بە مانای سزادان و لێپرسینەوە نا، بەڵكو گۆڕانكاری دەكەین لەبەر ئەوەی لە رووی كارگێڕییەوە پێویستمان بە گۆڕانكاری هەیە، بۆیە گۆڕانكارییەكان بەردەوام دەبن، لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر، پارێزگایەكی نوێ دەست بە كار بووە، ئەمەش خۆی هەنگاوێكیترە بۆ ئەوەی لە خوار پارێزگارەوە، لە قەزاو ناحیەكان و ئیدارەی پۆلیس و لەسەر ئاستی پاریزگاكان گۆڕانكارییەكان دەست پێ بكەین، بۆیە لە داهاتوویەكی نزیكیشدا دەست بە گۆڕانكارییەكان دەكەین هەر لە هەولێرەوە تا شوێنەكانی دیكەش.
* پرسێكی دیكەی هەستیار كە بەشێكە لە وەزارەتی ناوخۆ، پرسی هاتوچۆیە، ئایا سەبارەت بە رێكخستنەوەی ئەم بوارە پلانتان چییە؟
- بە راستی سێكتەری هاتوچۆ یەكێكە لەو سیكتەرانەی كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵك هەیە، بەداخەوە ئێمە رۆژانە قوربانیی رووداوەكانی هاتوچۆمان هەیە، لەوانەیە بە دروستی ژمارەی قوربانییەكانم لا نەبێت، بەڵام ژمارەی ئەو قوربانییانەی كە بە ماوەی ساڵێك بە هۆی هاتوچۆەوە دەیدەین، جێگای داخ و نیگەرانی هەموو لایەكمانە، هۆكاری سەرەكی بۆ ئەمە لە سێ خاڵدا چڕ دەكەمەوە:
1. خراپیی بەشێك لە رێگاوبانەكانی كوردستان.
2. خودی شوفێرەكان و پابەندنەبوونیان بە یاساكانی هاتۆچۆ.
3. پۆلیسی هاتوچۆ كە زیاتر پشتیان بە كامێرای چاودێریی خێرایی بەستووە.
زۆر گرنگە ئێمە كار لەسەر ئەم سێ هۆكارە بكەین، ئێمە لە بەرنامەماندایە كە وابكەین پۆلیسی هاتۆچۆ زیاتر لەسەر شەقام و رێگە دەرەكییەكان بوونی هەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە رەنگە هەندێك جار بە تەنیا پشتبەستن بە كامێراكانی چاودێری بەس نەبێت، بۆیە ئەگەر پۆلیسی هاتوچۆ لە شەقام و رێگەكانی دەرەوە بوونیان هەبێت، ئەوا ئەگەر شۆفێرێك زیادەڕۆیی لەسەر یاساكانی هاتوچۆ كرد، پۆلیس بتوانێت رێوشوێنێكی بەرامبەر بگرێتەبەر، نەك تەنیا بە تەمای كامێرای چاودێری بین و دواتر لە گەڵ رووداوەكە و ئاكامی رووداوەكە مامەڵە بكەین. ئێمە هەوڵدەدەین چەندی بتوانین رێگە لە روودانی رووداوەكانی هاتوچۆ بگرین.
* پرسێكی دیكە كە ئەویشان ئەركێكی گرنگی دیكەی وەزارەتی ناوخۆیە، پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانە، ئایا لەم بوارەدا بەرنامەتان چییە؟
- پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، یەكێكە لە پرسە سەرەكییەكانی وەزارەتی ئێمە و هەروەها یەكێك لە ئەولەوییەتەكانی ئەم كابینەیەش وەك كابینەكانی رابردوو پرسی جێندەر و گرنگیدانە بە مافی ئافرەت و پاراستنی رۆڵی ئافرەتە لەناو كۆمەڵگەی كوردستان، ئەمەش لە بەشداریی كارای ئافرەت لە كابنیەی نۆیەم رەنگی داوەتەوە كە سێ لە وەزیرەكان خانمن و هەروەها سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش خانمە، كە ئەمەش حاڵەتێكە لەسەر ئاستی عێراق و تا راددەیەك ناوچەكەش وەك دیاردەیەكی پێشكەوتن سەیر دەكرێت، تەنانەت خاتوو جینین هینیس نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە عێراق، ئاماژەی بە خاڵێكی گەشی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردبوو كە بایەخێكی گرنگ بە ئافرەت و بابەتی جێندەری داوە، باسی ئەوەی كردبوو كە لە كوردستان جیا لەوەی سێ وەزیری ئافرەت هەن، لە هەمانكاتدا سەرۆكی پەرلەمانیش ئافرەتە. ئەمەش ئاماژەیەكی روونە كە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئێمەش وەك وەزارەتی ناوخۆ گرنگی بەو بابەتە دەدەین و لە ئەولەوییەتی كارەكانمان دەبێت.
* پرسێكی دیكە كە مەترسی لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان دروست كردووە، بارزگانی بە ماددەی هۆشبەر و بڵاوبوونەوەیەتی لە كوردستان، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی بەتایبەتی لەسەر توێژێكی گەنجان بووە، ئایا تاچەند پلانتان بۆ رێگرتن لەم پەتا ترسناكە هەیە؟
- بابەتی ماددە هۆشبەرەكان بۆ هەر كۆمەڵگەیەك هەڕەشەیەكی جددی و ترسناكە، ئەم پەتایە رووبەڕووی كوردستانیش دەبێتەوە، چونكە هەرێمی كوردستان بە حوكمی پێگە جوگرافییەكەی و نزیكی لە سەرچاوەكانی چاندن و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر، بۆئەوەی هەرێمەكەمان نەبێتە رێڕەوێك بۆ بازرگانیكردن و لە هەندێك حاڵەتدا بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەر، بۆیە لە وەزارەتی ناوخۆ بڕیارمان داوە ئەو بۆشاییە یاساییانە پڕبكەینەوە، وەك ئەولەوییەتی كاری ئەم كابینەیەش، لیژنەیەكمان پێكهێناوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ بابەتی تەندروستیی هاووڵاتیان بەگشتی و بنبڕكردنی ماددە هۆشبەرەكان بە شێوەیەكی تایبەتی. ئێستا لە عێراقدا یاسایەكی باش بۆ بنبڕكردنی ماددەی هۆشبەر دەرچووە، ئێمەش لەبەر رۆشنایی ئەو یاسایە خەریكین جارێكی دیكە یاسای بنبڕكردنی ماددەی هۆشبەر هەموار بكەینەوە، ئێستا ئەو لیژنە هاوبەشە ئەم پرسەیان تەواو كردووە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردووە، بۆ ئەوەی بینێرن بۆ پەرلەمان و پەسەند بكرێت، دیارە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییانە بۆ ئەوەیە كە زۆر بە توندی لەگەڵ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر مامەڵە بكرێت و تاوانباران بدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەربگرن، لە هەمانكاتدا گرنگی زیاتر بەو كەسانە بدرێت كە تووشی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەركان بوون، ئەمانە دەبێت وەك نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، نەك وەك تاوانبار و بە رێگەی چاكسازی تەندروستی و هزری پێویستە كاریان لەسەر بكرێت و دووبارە ئامادەیان بكەینەوە بۆ كۆمەڵگە.
* وەك دوا پرسیار باس لەوە دەكرێت كۆمەڵێك كاری دیكەتان ئەنجام داوە و ناتانەوێت بە میدیاكانی رابگەینن، ئایا دەكرێت وەڵامی ئەم پرسیارەشمان بدەیتەوە؟
- پرسكە بەو جۆرە نییە كە بمانەوێت لە ئێوەی بشارینەوە، بەڵكو لە سەرەتای دەست بەكاربوونمانەوە بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێی گوتین: ئێمە هاتووین كار بكەین و كەم قسە بكەین، لەسەر ئەم بنەمایەش ئێمە زۆر كار دەكەین و كەمی بۆ میدیاكان باس دەكەین، هەر بۆیە لەم ماوەیەش ئەگەر رێوشوێنی كارگێڕیمان وەرگرتبێت و چەندین چالاكیشمان ئەنجام دابێت، هەموویمان بە ئەركی خۆمان زانیوە و نەمانداوە بە میدیاكان، ویسووتمانە خەڵك ئەنجامەكەی ببینێت.