شیكا ڤیاس دورگاپێرساد پڕۆفیسۆری كارگێڕیی گشتی لە زانكۆی جوهانسبێرگ بۆ گوڵان: یەكێك لە دەرئەنجامەكانی گەندەڵی لەناوچوونی متمانەیە لەنێوان خەڵك و نوێنەرەكانیاندا

شیكا ڤیاس دورگاپێرساد پڕۆفیسۆری كارگێڕیی گشتی لە زانكۆی جوهانسبێرگ بۆ گوڵان:  یەكێك لە دەرئەنجامەكانی گەندەڵی لەناوچوونی متمانەیە لەنێوان خەڵك و نوێنەرەكانیاندا
شیكا ڤیاس دورگاپێرساد پڕۆفیسۆرە لە بەشی حوكمڕانی و كارگێڕیی گشتی لە زانكۆی جوهانسبێرگ لە ئەفریقیای باشوور، لە توێژینەوەكانیدا بە شێوەیەكی سەرەكی بایەخ بە پرسەكانی پەیوەست بە حوكمڕانی و سیاسەتی گشتی و كارگێڕیی گشتی دەدات، چەندین توێژینەوەی پەیوەست بەم بوارانەی لە كۆنفرانسە جیهانییەكاندا خستۆتەڕوو. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرس و بابەتێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە تەحەددییەكانی بەردەم دامەزراندنی حوكمڕانیی باش و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەتایبەتی لە گۆشەنیگای ئەزمونی وڵاتی ئەفریقیای باشوور، لەگەڵ هەندێ پرسی دیكەی پەیوەندیدار وەك پرسی نەفرەتی سەرچاوەكان و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* ئەگەر باس لە ئەزموونی بنیادنانی حوكمڕانیی باش بكەین لە وڵاتی ئەفریقیای باشوور، ئایا گەورەترین و دژوارترین ئاستەنگەكانی بەردەم هەوڵەكانی ئەم پرۆسەیە لەو وڵاتەدا چین؟
- بە تێڕوانینی من گەورەترین و سەرەكیترین كێشە كە رووبەڕووی ئەم وڵاتە بۆتەوە، بریتییە لە نەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ سنوورداركردنی گەندەڵی لەم وڵاتەدا، كە دوای ئەوەی دەزگاكانی راگەیاندن پەردەیان لەسەر كەیسەكانیان هەڵماڵی، دەركەوت ژمارەیەكی زۆری سیاسەتمەدار لەم وڵاتەدا هەن و لە كاری گەندەڵی و ئیدارەدانی خراپ تێوەگلاون، كەواتە پێموایە چاوچنۆكییەكی زۆر لەم رووەوە هەیە، وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئیرادەی سیاسی بۆ داڕشتنی رێساكانی پەیوەست بە راگرتن و سنوورداركردنی دەسەڵاتەكان بوونی نییە، لە هەمان كاتدا پرۆسەی چاودێریكردن و هەڵسەنگاندنیش بوونی نییە. ئێمە دەزانین یەكێك لە خەسڵەتەكانی حوكمڕانیی باش بریتییە لە توانای دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی گەندەڵی و چۆنێتی كەمكردنەوەی ئاستی ئەو گەندەڵییە.


* باشە كە ئەمە دیارترین بەربەست و كۆسپی بەردەم هێنانەئاری حوكمڕانیی باش بێت، بۆچی تا ئێستا نەتوانراوە هەوڵ و كۆششی جددی بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم ئاستەنگەدا بدرێت؟
- لە راستیدا ئێمە دەتوانین لە دوو رووەوە لەم پرسە بڕوانین: یەكەم، لەسەر ئاستی كەسەكان، هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد چاوچنۆكی هەیە و لە هەمان كاتدا بەهای كەسی بوون نییە، كە رێگربێت لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات كاتێك جڵەوی بەرپرسیارێتی دەگرنەئەستۆ. ئاستی دووەم بریتییە لە ئاستە پڕۆفیشناڵەكە، مەبەستم پابەندنەبوونە بە رێسا و یاساكانەوە، واتە چەند رێسا و رێنماییەك بۆ چۆنێتیی هەڵسوكەوتكردن و راییكردنی كاروبارەكان هەن، بەڵام پابەندبوون بەو رێنماییانەوە نییە، لە هەمان كاتدا پڕۆسەی چاودێری و هەڵسەنگاندنیش ناكرێت، بە چەشنێك كە ناتواندرێت دەستنیشانی هۆكارە راستەقینەكانی حاڵەتەكە بكرێت.
* وەك لە وەڵامەكانتانەوە ئاشكرایە، ئێوە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بە بەشێكی دانەبڕاو لە هەوڵەكانی هێنانەئارای حوكمڕانیی باش لە قەڵەم دەدەن، ئایا ئەمە راستە؟
- بەڵێ، ئەمە ئاشكرایە كە دەبێت گەندەڵی لە كۆمەڵگەدا نەهێڵدرێت، واتە لەبری ئەوەی بیر لە بەرژەوەندیی تایبەتی بكرێتەوە، پێویستە بیر لە بەرژەوەندیی كۆمەڵگە و بەرژەوەندیی گشتی بكرێتەوە، واتە پێویستە بیر لە چۆنیەتی خزمەتكردنی خەڵك بكرێتەوە، نەك بیركردنەوە لە چۆنیەتیی بەكارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی و سوودی تایبەتی.
* باس لەوە دەكرێت كە یەكێك لە دەرهاویشتە مەترسیدارەكانی بوونی گەندەڵی بریتییە لە لەناوبردنی متمانە لەنێوان هاووڵاتییان و دەسەڵاتدا، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە و تا چ راددەیەك ئەمە مەترسییەكی جددییە؟
- گومانی تێدا نییە كە بوونی گەندەڵی دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكی متمانەیان بەو نوێنەرانەیان نەمێنێت، كە بە ئامانجی ئەوەی حكومەت پێكبهێنن، دەنگیان پێداون، بەڵام متمانە ئەو كاتە لە ناو دەچێت، كە ئەو كەسانەی لە پێناو دەستەبەركردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی متمانەی ئەوەیان پێكراوە، بۆ ئەوەی ئەرك و بەرپرسیارێتیی دەسەڵات بگرنەئەستۆ، لە گەندەڵییەوە تێوەدەگلێن و دەسەڵاتەكانیان خراپ بەكاردەهێنن.
* كەواتە دەكرێت بگوترێت كە دەستەبەركردن و هێنانەئارای سەروەریی یاسا یەكێكە لە پێكهاتە و پایە بنەڕەتییەكانی حوكمڕانیی باش، ئایا تا چ راددەیەك وڵاتی ئەفریقیای باشوور توانیویەتی لەم رووەوە هەنگاوی جددی هەڵبگرێت؟
- لە راستیدا رێسا و رێنماییەكان لە ئارادان، بەڵام كێشەكە لە پابەندبووندایە بەو رێنماییانەوە، واتە لە بنەڕەتدا كێشەكە ئەوەیە كە ئەو كەسانەی جڵەوی دەسەڵات دەگرنەدەست، ئەوا ئیدی دەستیان واڵایە لەوەی هەر كارێك ئەنجام بدەن كە دەیانەوێت. بەڵام لە ئێستادا هەندێ هەنگاو بەدی دەكرێت، بۆ نموونە ئەگەر بەدواداچوون بۆ هەواڵەكان و راگەیاندنی ئەم وڵاتە بكەن، ئەوا لە ئێستادا تەنانەت سەرۆكی پێشوی ئەم وڵاتە رووبەڕووی تۆمەت بۆتەوە، واتە دەكرێت بڵێین كە لە ئێستادا وردە وردە كار لەسەر ئەوە دەكرێت كە لەلایەن بەرپرسانی نوێی حكومەتەوە لە ئەفریقیای باشوور رێسا و رێنماییەكانی پەیوەست بە كەمكردنەوەی ئاستی گەندەڵی دابڕێژدرێن، كە دەبێت چاوەڕوان بین و بزانین چۆن دەكرێت رێكار لە دژی ئەو كەسانە بگیرێتەبەر، كە دەسەڵات خراپ بەكار دەهێنن.
* باشە بە رای ئێوە پێویستە هەنگاوی بەپەلە و جددی لەم رووەوە چی بێت بۆ باشتر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، واتە بە بۆچوونی ئێوە پێویستە ئەولەوییەتی یەكەم لەم رووەوە چی بێت؟
- لە راستیدا ئەمە پێویستی بە هەوڵ و كۆششێكی دەستەجەمعی هەیە، مەبەستم ئەوەیە دەبێت خەڵكی ناڕەزایەتی دەرببڕن و دەست بكەن بە شەڕكردن لە پێناو مافەكانی خۆیاندا، چونكە لە بنەڕەتدا ئەوە پارە و داهاتی خەڵكە كە بەرپرسەكان خراپ بەكاری دەهێنن. دواتر دەبێت لەسەر ئاستی دامەزراوەكان كار لەسەر گرتنەبەری رێكارەكان بكرێت، مەبەستم ئەوەیە كە دەبێت شەفافییەت و بەرپرسیارێتی هەبێت.
* لە یەكێك لە توێژینەوەكانتاندا ئاماژە بە چەمكێكی نوێ دەكەن، كە پێی دەگوترێت حوكمڕانییەك كە بە راددەی پێویست باش بێت، ئایا مەبەستتان لەم چەمكە چییە و چ جیاوازییەكی لەگەڵ چەمكی حوكمڕانیی باشدا هەیە؟
- لە راستیدا حوكمڕانیی باش بە مانای بوونی رێسا و یاساكانە، لە كاتێكدا ئەوەی پێی دەوترێت حكومڕانییەك كە بە راددەی پێویست باش بێت، بریتییە لە جێبەجێكردنی ئەو رێسا و یاسایانەی بە شێوەیەكی كارا و كاریگەرن.
* ئایا هیچ وڵاتێك، یان ئەزموونێكی سەركەوتوو هەیە، كە بكرێت لە پەیوەندی بە جێبەجێكردنی ئەم چەمكە نوێیەوە ئاماژەی پێ بكرێت؟
- ئەوەی نكۆڵی لێ ناكرێت، ئەوەیە كە هەر وڵاتێك كەموكووڕیی تایبەت بە خۆی هەیە. واتە وڵاتەكان لە پەیوەندی بە هێنانەئاری حوكمڕانیی باش، یان ئەوەی پێی دەوترێت حوكمڕانییەك كە بە راددەی پێویست باش بێت، لە ئاست و پلەی جیاوازدان، هەرچۆنێك بێت، گەندەڵی لە هەموو شوێنێك بوونی هەیە و من هیچ وڵاتێك نابینم كە بە تەواوەتی خاڵی بێت لە گەندەڵی.
* هەر سەبارەت بە كیشوەری ئەفریقیا، توێژەران زۆر ئاماژە بە وڵاتی بۆتسۆانا دەكەن، بەو پێیەی خاوەنی ئەزموونێكی سەركەوتووە لە هەڵگرتنی هەنگاوی جددی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هێنانەئارای حوكمڕانیی باش، ئایا فاكتەرەكانی ئەم سەركەوتنە لەو وڵاتەدا بۆچی دەگەڕێنەوە؟
- ئەوە راستە كە وڵاتی ئەفریقیای باشوور بە بەراورد بە وڵاتانی دیكەی ئەفریقیا كەمترین رێژەی گەندەڵیی تێدایە، من پێم وایە ئەوەی لەو وڵاتەدا پەیڕەو دەكرێت، بریتییە لە حوكمڕانییەك كە بە راددەی پێویست باش بێت، واتە ئەوان لەم رووەوە رێسای تایبەتیان هەیە و چاودێریی كارایی ئەو رێسایانەش دەكەن، هەروەها رێنمایییان بۆ هۆشیاركردنەوەی فەرمانبەری دەوڵەت هەیە.
* دیاردەیەكی دیكە كە لە هەندێ وڵاتی دەوڵەمەند بە سەرچاوە سرووشتییەكاندا بەدی دەكرێت، بریتییە لەو دیاردەیەی پێی دەوترێت نەفرەتی سەرچاوەكان، ئایا ئەو هۆكارانە چین كە ئەم دەوڵەتانە دوچاری ئەم دۆخە نالەبارە دەكەنەوە؟
- ئەمە مەسەلەیەكە بە سەركردایەتیی وڵاتەكەوە پەیوەستە، بۆ نموونە، ئێوە بڕواننە وڵاتی زیمبابۆی، كە وڵاتێكی لە رووی سامانە سرووشتییەكانەوە دەوڵەمەندە، بەڵام نەیتوانیوە لە رووی ئابوورییەوە سوود لەو سەرچاوانە وەربگرێت، هۆكارەكەش سەركردایەتیی وڵاتەكەیە، هەروەها ئەمە پەیوەستە بە پرسی داڕشتنی سیاسەت و جێیەجێكردنی سیاسەتەوە لە وڵاتەكەدا.
* بەڵام پێدەچێت زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە رووی سامانی سرووشتییەوە دەوڵەمەندن، دوچاری حوكمڕانیی خراپ بووبێتنەوە و ئەو داهاتەیان بە هەدەر داوە كە لەم سەرچاوانەوە بەدەستی دەهێنن، كەواتە ئایا دەكرێت بڵێین بوونی ئەم سەرچاوانە بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ وڵاتەكان؟
- مەرج نییە ئەمە دەقاودەق وابێت. چونكە خۆی لە خۆیدا بوونی ئەم سەرچاوانە كارێكی باشە، بەڵام ئەگەر نەتوانیت بە باشی بەكاریان بهێنیت، ئەوا دەبێتە تەحەددا لێت، كەواتە پێم وایە ئەم پرسە پێویستی بە پەروەردە و هۆشیاری و تێگەیشتن هەیە، واتە پێویستە تەركیز لەسەر سەرچاوە ناوخۆییەكان بكرێت و بە شێوەیەك بەكار بهێندرێت كە لە رووی ئابوورییەوە بە سوودی وڵاتەكە بشكێتەوە.
Top