ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بەچارەسەری بنەڕەتیی سەرجەم كێشەكان ئیرادەی درێژەپێدانی گفتوگۆكانیان هەیە
September 10, 2019
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە كە چیتر ناكرێت چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵی دوا بخرێت یان خەمساری تێدا بكرێت بەواتایەكی دیكە یەكلانەكردنەوەی ئەم كێشانە پێویستیان بەهەڵگرتنی هەنگاوی جیددی هەیە، لە ئێستاشدا وا دەردەكەوێت كە نیەتی باش و ئیرادەی دلسۆزانە هەبێت لە هەردوو لا بۆ بەگەڕخستنی هەوڵەكان بەم ئاراستەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسەو هەندێك ووردەكاری گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەنجام دا .
• دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئیرادەیەكی جیددیی بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان دروست بووە، بەتایبەتی كە ئێستا لێژنەیەكی باڵا بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە، وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان تاچەند ئاگاداری دانوستان و گفتوگۆكانی ئەم لێژنەیەن؟
- لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەوڵێكی جیددی هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم گرفت و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوەبوو رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردوو لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق سەرۆك وەزیران و سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە ، ئەمە وەرچەرخان و قۆناغێكی زۆر باش بوو نیشانەی نیەت پاكی و ئیرادەیەكی سیاسی هەرێمی كوردستانە بەرامبەر چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و متمانەیەكی گەورەی بەخشی بە دیالۆك و دانوستانەكان ، بەتایبەتی كە ئێمە لەسەروبەندی گفتوگۆكانین لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2020 ، ئەمە وێڕای دۆسێ گرنگەكانی دیكەی نێوان هەرێم و عێراق كە خۆی لە دۆسێی ناوچە جێناكۆكەكان و ناوچە سنوورییەكان و هەموو ئەو دۆسێیانەی دیكەی تایبەت بە بواری ئابووریو ئیستحقاقاتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، هاتنی شاندێكی باڵای حكومەتی فیدراڵیش بۆ هەرێمی كوردستان كە پێش جەژنی قوربان گەیشتنە هەرێم و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا كۆبوونەوە، ئەوەی جێگای دڵخۆشی و ئومێدیشە لێژنەی باڵای چارەسەركردنی كێشەانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق هەر یەك لە دكتۆر فوئاد حوسێنیشی تێدایە لە پاڵ هەریەك لە بەڕێزان دكتۆر سامر غەسبان و فالح فەیازو محمد هاشمی، ئەم لێژنە باڵایەش كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا و ئێستا گەیشتونەتە قۆناغی لێژنەی تەكنیكی، واتا جگە لە لێژنەی باڵای هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لێژنەی تەكنیكی و هونەریش هاتۆتە دانان و هەر دۆسێ یەك بەجیا كاری لەسەر دەكرێت و ئێستا گەیشتوونەتە قۆناغێكی باش و پێشكەوتوو ئەرێنی ، كارەكان ماوەتەوە بۆ دوا سەردانی لێژنەیەكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و بەردەوامی دان بەدانوستان و گفتوگۆكان تاوەكو چارەسەری بنەڕەتی و یەكجارەكی هەموو كێشەكان بكرێت.
• دەتوانیت باسی رۆڵی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا بەتایبەتی لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەیت لە چارەسەركردنی ئەو كێشانەو گەڕانەوەی ماف و ئیستحقاقاتە داراییەكانی هەرێمی كوردستان؟
- فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو حزب یەكەمین دەنگ و ژمارەیە لە پەرلەمانتاران و وەكو كوردیش فراكسیۆنێكی گەورەیە لە پەرلەمانی عێراق ، بەڵام ئێمە جگە لە پارێزگاریكردن لە ماف و ئیستحقاقی خەڵكی كوردستان كە لەهەموو وێستگەو بابەتە پەیوەندارەكان بەمافی خەڵكی كوردستان و هەرێمەكە رۆڵ و پێگەی خۆمان هەبووە ، هاوكات بەرگریی و پارێزگاریی لە مافەكانی هەموو خەڵكی پارێزگاكانی عێراق و گەلانی عێراقیش دەكەین ، چونكە ئێمە لەسەر رێبازی بارزانی فێری كوردایەتی و بەرگریكردن بووین لەسەر هەموو خەڵكی مەزڵوم و لێقەوماو ، ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرگری لەخەڵكی كوردستان و عێراقیش دەكەین و بەمەش توانیومانە لەناو لێژنەكانی نەوت و گازو ئەمن و بەرگریی و سەرجەم لێژنەكانی دیكە زمانێكی لێكتێگەیشت بدۆزینەوە و پەیامی پارتی دیموكراتی كوردستان و خەڵكی كوردستان بگەیەنینە لایەنەكانی دیكە و هەماهەنگی و هاوكارییەكی باش دروست بكەین لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، ئەمەش بەو پێیەی سروشتی لێژنەكان تاكە كەسی نییە بەڵكو كاری لێژنە و گروپە و لە یەكلاكردنەوەی دۆسێ و مەلەفەكاندا هەموو فراكسیۆنەكان هەر لێژنەیەك هەبێت ئەوە فراكسیۆنەكان تێیدا بەشدارن ، من وەكو ئاماژەم پێدا هەوڵ دەدەین ئەو مافە دەستووری و شەرعییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بگەیەنینە ئەو لێژنە پەرلەمانیانە.
* بەڵام هەندێك لەپەرلەمانتارانی عێراق و كوردیش كاتێك قسە تێدە سەر ناردنە دەرەوەی نەوتی كوردستان و وەرگرتنی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێم یكوردستان دۆخەكە بە لاڕێدا دەبەن و جۆرێك لەموزایەدە دژی هەرێمی كوردستان دەكەن ، ئایا ئەو مافانەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا هەیەتی چی یەو بۆچی ئەو جۆرە موزایەداتانە دەكرێت؟
- لەناو پەرلەمانی عێراقدا ئەو جۆرە پەرلەمانانە بوونیان هەیە كە هەندێكیان خۆیان بە ئپۆزسیۆن دادەنێن و هەندێكی دیكەیان خۆیان وا نیشان دەدەن كە لەكاتی باسكردنی هەرێمی كوردستان و ئیستحقاقاتە داراییەكانی راوبۆچوونی شەقامی عێراقی دژی هەرێم بوروژێنن، لەمەشدا زۆربەی جار بەهەڵەو بەئەنقەست مەسەلەی بودجەو نەوت بە لاڕێدا دەیەن و راستیەكان ناڵێن ، وەكو ئەوەی باسی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن بەخراپە، بەڵام ئێمە وەكو نوێنەرانی گەلی كورد هەرگیز لەسەر ئەوە پەروەردە كراوین دووربكەوێنەوە لەموزایەدەو شەقام و خەڵكی بە لارێدا نەبەین و لەسەر مافە دەستووری و یاساییەكان بەدەنگ پێین ، نەك تەنیا لەسەر خەڵكی كوردستان بەڵكو ئێمە بڕوامان وایە هەموو هاوڵاتیەكی عێراق ئەو مافەی هەیە ژیانێكی شایستە و موچەی هەبێت . ئێمە بەردەوام لە كەناڵەكانی راگەیاندن و لەناو لێژنە پەرلەمانیەكان و لەناو هۆڵی پەرلەمان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیشدا بەردەوام قسەو بۆچوونی خۆمان هەیە و توانیومانە بیگەیەنینە شەقامی عێراقی و لایەن سیاسییەكان، بەڵام لەبەرامبەریشدا لەناو پەرلەمانتاران و سیاسەتمەداران كەسانی بەرژەوەندی خوازو هەل پەرست هەیە كە راستیەكان ناڵێت و بەدوای قازانج و بەرژەوەندی خۆیی و مەرامی نەیارانی كوردەوەیە ، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی بابەتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە مەسەلەی نەوت و موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و مەلەفی بودجە وەكو موزایەدەو پروپاگەندەیەكی ئیعلامی بەكار دەهێنن، بەڵام خۆی لەخۆیدا مەسەلەكە بە پێچەوانەوەیە تا ئێستا حكومەتی فیدراڵی قەرزاری ئێمەیە.
• ئەگەر كەمێك لەسەر ئەم بابەتە راوەستین زۆربەی جار باس لەوە دەكرێت كە حكومەتی ناوەندی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستانی پێشێلكردووە بەتایبەتی لەبواری جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا ئەمە چۆنە؟
- بەڵێ حكومەتی ناوەندی قەرزاری هەرێم و خەڵكی كوردستانە؛ لەمانگی یەكی ئەمساڵەوە جگە لە كەمتر لە نیوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە نەگەیشتۆتە هەرێم ئەمە وێڕای ئەوەی بەهۆی بەرزكردنەوەی سەقفی خەرجیەكانی سیادیی ئەو نیوە بودجەیەش راستەقینە نییە و زۆر لە مافی هەرێمی كوردستان كەمترەش باشە بە یاسای بودجە بەروونی و ئاشكرایی دەڵێت ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ نەكرد ئەوە (حكومەتی ناوەندی پابەندە ده بيت به دانى بودجەكەی هەرێم وه بنێرێت وه تە نها مبلغى زيان ده بڕێت) ، لەكاتێكدا هێشتا یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەرنەچووەو هەر نەهاتۆتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، ئەم مەسەلەیەی نەوت و گاز لەرووی دەستووری و یاساییەوە یەكلانەبۆتەوە، لەكاتێكدا دەبووایە لە ساڵی 2007 ەوە بۆ رێكخستنی سیاسەتی نەوت و گازی سروشتی ئەم یاسایە دەرچووایەو ئەركی رێكخستنی هەناردەو فرۆشتنی نەوت و گازی لەنێوان هەرێم و عێراق رێكبخستایە . تۆ سەیر بكە لە بڕگەی ج ی یاسای بودجەدا هاتووە ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوتی رادەست نەكرد تەنیا بەشێكی ئەو بودجەیە دەبڕێت كەچی ئەوان پابەندی ئەو بڕگەیە نابن و تەنانەت تا ئێستا موچەی هێزەكانی پێشمەرگەیان نەناردووە ، لەكاتێكدا حكومەتی ناوەندی بەو بڕە ەمەی پارەیەی دەینێرێتە هەرێمی كوردستان ئێمە لەكوردستان پارەی دیكەی دەخەینە سەر تاوەكو موچەی موچەخۆران دابین بكەین و ئەركێكی قورس گەوتۆتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە ئێستا حكومەتی فیدراڵی مانگانە تەنیا 452 ملیار دینار دەدا بە ئێمە كە پارەی نیوەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نییە.
لەلایەكی دیكەوە ئەوان باسی تێچوونی دەرهێنانی نەوت و گرێبەستەكانی كۆمپانیا نەوتیەكان ناكەن و حكومەتی فیدراڵی هیچی لەم پارەیە نەداوە بە ئێمە، ئەمە وێڕای قەرەبووی خێزانی شەهیدان بە پێی ماددەی 132 ی دەستوور جێبەجێ نەكراوە ئەو شەهیدانەی لەدەرئەنجامی سیاسەتەكانی حكومەتی دیكتاتۆری سەدام دەرهەق بەگەلی كوردستان ئەنجامی داوە . ئەمە جگە لە ئیستحقاقاتی هێزەكانی پێشمەرگە كە بەپێی بوجە و بەپێی دەستوور ئەم هێزانە بەشێكن لەمەنزومەی بەرگری عێراق و دەبێت وەكو سوپای عێراق ماف و موچە و ئیستحقاقاتەكانی دیكەی جەك و جبەخانەو خولی مەشق و هەموو پێداویستیەكانی دیكەیان بۆ دابین بكرێت. ئەمە پێشێلكاریی دەستووری و یاساییە . لەلایەكی دیكەوە چۆن دەبێت پشكی هەرێمی كوردستان كەم بكرێتەوە تاوەكو سەرژمێری گشتی عێراق لەژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەنجام نەدرێت دەبووایە بەپێی رێكەوتنی ساڵی 2012 دەسكاری پشكی هەرێمی كوردستان نەكرایە ، ئەوان نەك تەنیا بەوە رانەوەستاون بەڵكو هاتوون خەرجیە سەروەرییەكانیشیان بۆ 43% بەرزكردۆتەوە و ئەو خەرجیانەی بەغدا خۆی سەرپەرشتی دەكات و بۆ خۆیەتی و لە پشكی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە چونكە لە تێكڕای بودجەكە دەبڕدرێت، باشە بەغدا چاوی داخستووە لەقەرەبووكردنەوەی خێزانی شەهیدان و كیمیاباران و ئەنفال و وێرانكردنی 4500 گوند كە تا ئێستا یەك فلس لە لایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بۆ ئێمە نەهاتووە ، بەشێوەیەكی گشتی حكومەتی ناوەندی تەنیا لەو ساڵانەی عەبادی بودجەی كوردستانی بڕی بە بڕی 24 ملیار دۆلار قەرزاری ئێمەیە، ئیتر نەیارانی كورد و موزایەدچیەكان باسی نەوتی چی دەكەن و ڕای گشتی دەشێوێنن.بودجەی 2020ی عێراق كە ئامادەكراوەو بۆ پەرلەمانی بەرز دەكرێتەوە رەخنەو گلەییەكی زۆری لەسەر هەیە، تەنانەت باس لەوە دەكەن كە ئەم بودجەیە بودجەیەكی رەیعی یە و كورتهێنانێكی زۆری تێدایە و تەنانەت بەرزكردنەوەی خەرجی سەروەرییەكەشی لەسەر حسابی پشكی هەرێمی كوردستانە، بەڕێزت وەكو سەرۆكی فراكسۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر كەموكورتیەكانی بودجە راو سەرنجەكانت چی یە؟
- هەموو بودجەكانی عێراق كەموكورتی تێدا بووە، بەتایبەتی كە ئێمە باسی بودجەی گشتی عێراق دەكەین باس لە بودجەیەك دەكەین كە پشتی بەستووە بە نەوتی خاوو واتا بودجەیەكی رەیعی یە و پشتی بەستووە بەیەك سەرچاوەی ناجێگیری داهات ، ئەمە وێڕای ئەوەی بودجەكە بودجەیەكی بەكارخستنە زیاتر لەوەی بودجەیەكی وەبەرهێنان بێت، گرفتێكی دیكەی بودجە كەزیانی گەورەی بە ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستانیش گەیاندووە ئەوەیە خەرجیەكانی سەروەریی زۆر زۆرە بەڕادەیەك لە 43%ی بودجەی عێراق بۆ خەرجی سیادی رۆشتووە، كێشەكە لەوەدایە ئەم بودجە سەروەرییە لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانیش دەبڕدرێت، واتا تاوەكو ئەو بڕگەو ماددانەی تایبەتن بە خەرجی یە سەروەرییەكان زیاتر بێت ئەوەندە زیاتر پشكی هەرێمی كوردستان كەم دەبێتەوەن ئەمەش فێڵێكی ترە دەرهەق بەهەرێم یكوردستان كراوە چونكە هیچ كاتێك بەهۆی ئەو بەرزی و زۆری ئەو ماددەو بڕگانەی تایبەتن بەخەرجی سەروەرییەوە لەو كاتانەی پشكی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی گشتی عێراق تەرخانكراوەو بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە ئەوە بودجەیەكی راستەقینە نەبووە ، بۆ نموونە پێویستە مانگانە 920 ملیار دینار بگاتە هەرێمی كوردستان كەچی تەنیا نزیكەی 450 ملیار دینار گەیشتووە ، واتا نیوەی ئەو بودجەیەی بۆ هەرێمی كوردستان حساب كراوە نەگەیشتۆتە هەرێم.
• لەناو پەرلەماندا گفتوگۆو دانوستانێكی زۆر لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەتایبەتی پارێزگای كەركوك دەكرێت، راو پێشنیاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەم بابەتە چۆنە؟
- دوای چەندین كۆبوونەوەو دانوستاندن و گفتوگۆكردن لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ، لەرووی ماددەوە كەموكورتی هەیە و هەندێك لەو ماددانەی گرنگن نەهاتۆتە باسكردن ، سەرەتا ئەوەی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان باسی لەوە كرا باش بوو بەڵام ئەوەی لە رۆژی دەنگدان دەنگی لەسەر درا یاسایەكی زۆر خراپ بوو، لە رۆژی دەنگدان هەندێك بڕگەو وەكو ماددەكانی 16 و 35 دەسكاری كرا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پارێزگای كەركوكەوە هەیە كە هەمووان دەزانن بارودۆخی ئەو پارێزگایە نایاسایی و نادەستووری و نائارامە و بەپێی ماددەی 140ی دەستووری پارێزگاكە لەدۆخی ئاسایكردنەوەدایە و لەرووی ئەمنی و ئیدارییەوە ئاسایی نەكراوەتەوە ، ئەم راوبۆچوونەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێزتر بوو دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وبەوەی ماددەی 140 بەردەوامەو ماددەیەكی بەسەرچوو نییە ، باشە ئەگەر ئەم ماددەیە بەردەوامەو بەركارە كەواتە دەبێت دۆخی پارێزگاكە و تەواویی ناوچەكانی دیكەی 140 وەكو شنگال و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە ئاسایی بكرێتەوە ئەو كات هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت هەر لەبەر ئەم مەسەلەیە ئێمە دەنگمان لەسەر ئەم ماددەیە نەدا ، كەچی ئێستا لەماددەی 16 كە پەسەند كراو ئێمە دەنگمان لەسەر نەدا چونكە دەسكاریی كراوە ئەو ماددەیە رێگرە بۆ ئاوارەكان تاوەكو دەنگی خۆیان بدەن ن بۆ نموونە خەڵكی شنگال هەر هەمووی ئاوارەن لەشارەكانی هەرێمی كوردستان و لەناو كەمپەكاندا ژیان بەسەر دەبەن و ناتوانن دەنگ بدەم تا نەگەڕێنەوە شنگال هەمووشمان بارودۆخی ئابووری و ئەمنی و ئارامی و سەقامگیری ئەو ناوچانە دەزانین بەتایبەتی لەكاتی پرۆسەی دەنگداندا چۆن زامنی سەلامەتیان دەكرێت لەكاتێكدا ئەوان ماڵ و حاڵیان وێران كراوەو ناوچەكانیان ناسەقامگیرە لەرووی ئەمنی و سەربازییەوە ، هەربۆیە بڕگەی 16 پێشێلكاریی دەستووریی و مافی مرۆڤە، لەماددەی 20 لەناو دەستووری عێراق هاتووە هەموو هاوڵاتیەكی عێراقی بە نێرو مێ مافی دەنگدان و خۆهەڵبژاردن و بەشداریكردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە ، ئێ باشە خەڵكانێك ماڵیان وێران كراوەو دەربەدەر كراوە چۆن دەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان باشە خەڵكی كوردی جەربەدەری كەركوك و دوزخورماتوو شنگال كە مەترسی لەسەر ژیانیان بێت كێ زامنی ژیانیان دەكات لەكاتێكدا تا ئێستا كەس دانی بە ماڵ و موڵكی داگیركراویان نەداوە، ئەوان خۆ ماڵ و خێزان و كەسوكاری خۆیان نەدۆزیوەتەوە بچنە ئەو شوێنەی كە لێوەی دەركراون ئەمە چی یە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن ، هەربۆیە بڕگەی 16 پێشێلكاریی دەستوورییە و وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لەدادگای فیدراڵی شكاتمان كردووەو لەگەڵ یونامی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی هەوڵ دەدەین ئەم بڕگەیە هەموار بكرێتەوە ، هەروەها ماددەی 35 كە تایبەتە بەهەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك دەسكاریی تێدا كراوە و ناكرێت دۆخی كەركوك ئاسایی نەكرێتەوە و پرۆسەی تەعریب بەردەوام بێت كەچی بەمشێوەیە هەڵبژاردن بكرێت، تۆ بزانە لە كەركوكدا بڕگەیەكیان زیاد كردووە بەوەی پێویستە ناسنامەی باری شارستانی و پسولەی بەشە خۆراك یەك بێت ئەم بڕگەیەش تەنیا بۆ پارێزگای كەركوكە ئەمە نارەوایە و دەیانەوێت كورد لە پارێزگای كەركوك دەنگ نەهێنێت هەربۆیە بەشێوەیەكی گشتی لەسەر یاساكە دەنگمان نەدا بەتایبەتی لەسەر ئەو دوو بڕگەیە.
• ئایا نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەم پێشێلكارییانە یەك دەنگ بوون؟
- لەرۆژی دەنگدان هەوڵماندا فراكسیۆنی دیكەی كوردستانی لەگەڵ ئێمەدا بن ، بەڵم بەو ئاراستەیە لەگەڵ ئێمەدا نەبوون ئێمە هەوڵی خۆمان دا ئەوانیش لەگەڵ ئێمە پێنە دەرەوە و دەنگ لەسەر ماددەی 16 و 35 و بگرە هەموو یاساكە نەدەن، بەڵام لەرۆژی دەنگدان هەڤاڵانی فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵمان بوون بەتایبەتی نوێنەرانی یەكێتی لە پارێزگای كەركوك هاتنە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان ، ئێستا هەوڵێكی جیددی دەدەین تاوەكو خەڵكی مەرج نییە لەبازنەكانی هەڵبژاردن دەنگ بدات بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی كە خەڵكەكەی ئاوارە بووەو مۆركێكی عەسكەرتاریەت بەسەریدا زاڵە.
• كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق زۆرن و ئەو دژایەتییەش بەردەوامە ئایا تاچەند ئێمە پێویستیمان بەمەرجەعیەتی بارزانی یە بۆ ئەوەی گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بەئاراستەیەكی راست و دروست بڕوات؟
- سەرۆك بارزانی تەنیا مەرجەعیەتی كورد نییە بەڵكو مەرجەعیەتە بۆ هەموو عێراق و رۆڵ و پێگەی لە چارەسەركردنی كێشەكان و هێوركردنەوەی ململانێ و گرفتەكان دیارو لەبەرچاوە، هەموومان بینیمان پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەسەردانێكی بەڕێزی بۆ لای سەركردەكانی عەرەبی شیعەو سوننە چی وەرچەرخانێكی دروست كردوو بەستەڵەك و گرژی پەیوەندییەكانی نەهێشت و راستەوخۆ دوای ئەو سەردانە بەغدا موچەی بۆ موچەخۆرانی هەرێم نارد و تارادەیەكی باشیش گفتوگۆو پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا رەنگدانەوەی هەڵوێست و قورسایی سەرۆك بارزانی یە ، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كەسایەتیەكی گەلێك مەزنە لەناوخۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە جیهاندا چونكە لەئاستێكی زۆر بەرزی نیشتمانپەروەریی و نەتەوەیی و دڵسۆزیی دایە و هەموو هێزو سەركردەكانی عێراق و ناوچەكە حسابی ووردی بۆ دەكەن و بڕوایان بەبەڵێن و قسەكانی هەیە و متمانەی تەواوی پێدەكەن، بگرە كەسایەتی مسعود بارزانی لەناو شەقامی عێراقیشدا جێگای رێزو تەقدیرە ، بۆچوونەكانی بەڕێزیان لەرووی واقیعی یەوە كلیلی چارەسەری كێشەكانە ، ئەو كاتەی بۆ یەكەمینجار دوای 16ی ئۆكتۆبەر هاتە بەغدا بەڕێز عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی ( الزعیم ) ، هەربۆیە بەتەئكید قسەو رۆڵی ئەم كاریزمایەو مەرجەع و سەرۆك و پێشمەرگەیەی كوردستان رۆڵی خۆی دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق ، هەموو جارێكیش پەیامی ئەو سەرۆكە گەورەیە بۆ ئێمە ئەوەیە ئێمە لەبەغدا كە تەنیا نوێنەری گەلی كورد نەبین بەڵكو نوێنەری هەموو خەڵكی بەش خوراو مەزڵومی عێراق بین لە بەسراوە تاوەكو زاخۆ.