موخڵیس محەمەد بەڕێوەبەری لقەكانی كۆمپانیای حاجی سەلام بۆ كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بۆ گوڵان: زۆربوون و چڕیی دانیشتووان هۆكارێكی راستەوخۆیە بۆ زیادبوونی خواست و بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە
September 4, 2019
دیمانەی تایبەت
كەرتی خانووبەرەو زەوی لە هەرێمی كوردستاندا بە یەكێك لەو سێكتەرە گرنگانە دادەنرێت، كە پەیوەندیی بە ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی وڵاتەوە هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی پەیوەندیی بە بار و بژێویی ژیان و پێداویستیی هەموو تاكێكی ناو كۆمەڵگەوە هەیە، ئەم كەرتەش وەكو زۆربەی كەرتەكانی دیكە بێ گرفت و كێشە نەبووە و گۆڕانكاری و رووداوە سیاسی و ئابوورییەكان كاریگەریی نەرێنی و ئەرێنی بەسەر بەها و نرخەكانیەوە هەبووە، گوڵان بۆ قسەكردن لەسەر ئەو كەرتە گرنگە ئەم راپۆرتەی ئامادە كردووە.بەرزبوونەوەی نرخ و خواست لەسەر كەرتی خانووبەرە
سەقامگیریی ناوخۆی كوردستان و سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و باشبوونی بارودۆخی بژێویی ژیانی هاووڵاتیان، هەمووی كاریگەریی ئەرێنی و باشی لەسەر بووژانەوەی كەرتی خانووبەرە و بەرزبوونەوەی نرخەكان هەبووە، لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا نرخەكان بە راددەیەك بەرزبوونەتەوە، كە هاووڵاتیان دركیان بەو راستییە كردووە.
ژمارەیەك لە هاووڵاتیانمان لە بازاڕی خانووبەرەی هەولێر دواند. ئەوان باسی گرانیی نرخەكانیان دەكرد و هۆكارەكەشیان بۆ پێدانی مووچە و هەڵگرتنی پاشەكەوت و بوونی خواست لەسەر زەوی و خانووبەرە لەلایەن خەڵكانی باشوورو ناوەڕاستی عێراق دەگەڕاندەوە، نووسینگەكانی (عەقارات)یش پێیان وابوو جووڵەی بازاڕ لەسەر كەرتی خانووبەرە هەیە، هەر بۆیە نرخەكان روویان لە زیادبوون كردووە، لەم رووەوە موخڵیس محەمەد بەڕێوەبەری لقەكانی كۆمپانیای حاجی سەلام بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە گوتی: «كەرتی خانووبەرە و شوقەو زەویوزار لە هەرێمی كوردستاندا هاوشێوەی وڵاتانی وەكو توركیا و كەنداو بەتایبەتی ئیمارات گرنگییەكی لە رادەبەدەری هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی خەڵكانی بیانی و ئاوارە و پەناهەندە لەناوچەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتانی ئێران و سووریاوە، چونكە زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و چڕیی دانیشتووان لە شارێكدا هۆكارێكی راستەوخۆیە بۆ زیادبوونی خواست و بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە. «سەبارەت بە هەڵكشانی نرخەكانیش كۆمپانیای حاجی سەلام بەمجۆرە ئامارەكانی خستەڕوو، نرخی بازاڕی خانووبەرەو زەوی و باڵەخانەكان بە رێژەی نزیكەی 9% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها نرخی شوقەكان تا 13% بەرزبوونەتەوە.»
هەر سەبارەت بە نرخەكان دووكاندارەكانی خانووبەرە بەمشێوەیە باسی نرخەكانیان بۆ كردین. بۆ نموونە: ئەگەر لە قەیرانەكەدا لە ناوچەو گوندێكی پێشكەوتووی هەولێر وەكو دریم سیتی نرخی یەكەیەكی نیشتەجێبوون لە 20 دەفتەر دۆلاردا بووبێت، ئێستا نرخەكەی لە 30 دەفتەر زیاتر بووە، گەڕەك و گوندە پێشكەوتووەكان لە خانوویەكی 200 مەتریدا 2 دەفتەر دۆلار نرخی هاتۆتە سەر، تەنانەت ئەو زەویوزارانەی كە هێشتا نیشتەجێبوونیان بۆ نەچووە بە رێژەی لە 30- 40% نرخەكانی بەرزبوونەتەوە، ئەم نرخانەش بەرز نییە بەو رادەیەی خەڵكی بە شوقە و خانووبەرە بەراوردی بكات. بۆ نموونە: لەم قەیرانە داراییەی توركیادا شوقە هەیە لە ئەستەنبوڵ بە یەك ملیۆن دۆلارە، شوقەش هەیە بە 15 هەزار دۆلارە، لەكاتێكدا بەرزترین نرخ لای ئێمە كە بە زۆنی ئاڵتوونی ناوی دەبەین، فڕۆكەخانە و گەڕەكەكانی وەزیران و ئەمپایەر و گوندەكانی ئینگلیزی و ئیتاڵی یەك و دوو و دریم سیتی دەگرێتەوە، ناكرێت ئەم شوێنە خۆش و باشانە بە گەڕەكە هەرزانەكانی ئەستەنبوڵ بەراورد بكرێت، ئەمە وەكو ئەوە وایە شوێنی زۆر هەرزانی ئەستەنبوڵ و ئەوروپا بەراورد بكەی بە شوقەیەكی دوبەی كە بە یەك ملیۆن دۆلارە، یان شوقەی 200 مەتری لە ئەستەنبوڵ هەیە بە یەك ملیۆن و دووسەد هەزار دۆلارە، ئەم بەراوردە وەكو ئەوە وایە بەراوردی بە پارچە زەوییەكی 200 مەتری لە گەڕەكی سەیداوەی هەولێر بكەی كە بە 70 هەزار دۆلارە، بەڵام هەمان رووبەر لە دریم سیتی بە 350 هەزار دۆلارە، زۆرجار بەرزیی نرخی خانووبەرەو شوقە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خەڵكانی بیانی و دەوڵەمەندی تێدا نیشتەجێن، كە ئەوەی دەوڵەمەندە زیاتر روو لە زۆنی زێڕینی هەولێر دەكات.
متمانە بە كەرتی خانووبەرە بەراورد بە بوارەكانی دیكە
یەكێك لەو هۆكارانەی كە هاووڵاتیان باسی دەكەن و هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە و زەویوزار، بێمتمانەیی خەڵكە بە بانكەكان و نەبوون و كزیی بازاڕە لە بوارەكانی بازرگانیدا، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵك ئەو پارە پاشەكەوتكراوەی هەیانە، راستەوخۆ لە كەرتی خانووبەرەدا بەكاری بهێنن، تەنانەت ئەم حاڵەتە وایكردووە كۆمپانیاو بیزنسمانی گەورە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و وەبەرهێنان لە كەرتی عەقاراتدا بكەن، هەندێك سەرچاوەش باس لەوە دەكەن كە جاری وا هەبووە، كۆمپانیاو كەسایەتییەكی عەرەب هاتووە، یەك تاوەری كڕیوە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری لقەكانی كۆمپانیای حاجی سەلام رایگەیاند: «بووژانەوەی كەرتی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستاندا وای لێ كردین لە مانگی 9ی ئەمساڵدا كۆنفرانسێك لەسەر رێژە و جووڵەی بازاڕ و كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بەڕێوەببەین، چونكە بەپێی داتاو زانیارییە سەرەتاییەكانمان كە سەرقاڵی كۆكردنەوە و ئامادەكرنین بۆ كۆنفرانسەكە، لە ئەمساڵدا نرخی خانووبەرەو زەویوزار بە رێژەی لە 15-20% بەرز بووەتەوە، راستە ئەم رێژەیە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە جیاوازە، بۆ نموونە: لەناو شاری هەولێر لە هەندێك گەڕەكی میللی نرخەكە بە رێژەی تەنیا لە 5% و هەندێك گەڕەك بۆ سەرووی 15%ـە و بگرە دەگاتە سەرووی 20%یش، ئەمەش بەپێی ئاستی بژێویی دانیشتووانەكەی و خزمەتگوزارییەكانە».
ئارەزووی خەڵك لەسەر كڕینی شوقە زیادی كردووە
پێش زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی شارە گەورەكان و لە سەرەتای دروستكردنی شوقەكاندا، خواست لەسەر شوقە كەم بوو، بەڵام دوای گۆڕینی كولتووری خەڵكی و دەركەوتنی شوقە پێشكەوتووەكان، كە لە رووی خزمەتگوزاریی و ئارامی و پاراستنەوە لە ئاستێكی زۆر بەرزدان، حاڵەتەكە پێچەوانە بووەوە. لەمبارەیەوە موخڵیس محەمەد لە كۆمپانیای حاجی سەلام گوتی: «ماوەی سێ ساڵە خواست لەسەر كڕین و بازاڕی بەكرێدانی شوقە زۆر زیادی كردووە، چونكە شوقەكان خۆشگوزەرانییان تێدایە و 24 كاتژمێر كارەبا و ئاو و فێنككەرەوە و گەرمكەرەوەیان تێدایە و لە رووی ئەمنییەوە بەشێكی هەرە زۆری ئەپارتمانەكان بەسیستەمێكی زۆر پێشكەوتووی پاسەوان و كامێرای چاودێری و بەدواداچوونی ئەمنی پارێزراون، ئەوەی پاڵنەریشە بۆ جووڵەی بازاڕی شوقەكان گونجاویی نرخەكانە، چونكە بە شێوەیەكی گشتی ئەو موڵكانەی نرخەكانیان لەنێوان 60 هەزار دۆلار بۆ 80 هەزار دۆلاردایە، خێراتر كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت، ئەمەش زۆر لە شوقەكان دەگرێتەوە، لەلایەكی دیكەوە دوای بەرزكردنەوەی رسومات و باجی كڕین و فرۆشتن زۆربەی ئەم شوقانە تێیدا نییە، چونكە تاپۆ نین و لەلایەن پرۆژەكەوە بە میكانیزمێك ئەنجام دەدرێن، كە رەنگە تەنیا 500 دۆلارت وەكو مافی گرێبەست بڕوات.
باج و رسوماتەكان زیان بە بازاڕی خانووبەرە دەگەیەنێت
كاتێك لە كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە باج تەنیا 1% بوو، ئێستا بۆتە 3% واتا ئەگەر پێشتر كڕین و فرۆشتن بكرایە بۆ موڵكێك 1000 دۆلارت دەڕۆشت، ئێستا هەمان كڕین و فرۆشتن 3000 دۆلارت دەچێت، خۆ ئەگەر سێ هەزار دۆلارت لەبەناوكردن بدایە، ئێستا دەبێت نۆ هەزار دۆلار بدەیت، هەربۆیە ئەم رسومات و باجانە زیانی بەجموجووڵی كەرتی خانووبەرە گەیاندووە، واتا ئەگەر كەسێك خانوویەك بە 50 هەزار دۆلار بكڕێت، لە بەناوكردنی موڵكەكەدا دەبێت پێنج هەزار دۆلار خەرج بكات، لە كاتێكدا رەنگە قازانجەكەشی لەو پێنج هەزار دۆلارەوە نزیك بێت، واتا هیچ قازانجی نەكرد و تەنیا كاری بۆ باج و رسوماتی حكومەت كرد، هەربۆیە خەڵكی زیاتر كڕین و فرۆشتن لە شوقە و یەكەكانی نیشتەجێبوونی گوندەكان دەكەن، نەك بە خانووەكانی تاپۆوە، ئەمەش زیانێكی گەورەیە بە هاووڵاتیان و حكومەت، چونكە لە دەرئەنجامدا كڕین و فرۆشتن لەسەر خانووە تاپۆكان كەم دەبێتەوە و حكومەتیش لەكۆی نزمبوونەوەی ئەم جووڵەیە زیانمەند دەبێت.»
كەموكورتی لە پرۆژەكانی گوندەكانی نیشتەجێبووندا
سەرەتای وەبەرهێنان لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی كەم دەرامەت گرنگ بوو، بەڵام بەپێی كات و تەواونەكردنی هەموو پرۆژەكە، هەر لە قوتابخانەو بنكەی تەندروستی و مۆڵ و باخچەوە بارودۆخەكە لە زۆر لەو شوێنانە بەرەو خراپی رۆیشت، تەنانەت زۆربەی ئەو پرۆژانە بە رێكوپێكی جێبەجێ نەكراون و مەوادی خراپی تێدا بەكار هاتووە، هەربۆیە ئێستا ئەوانەی لەناویاندان، ناچارن نۆژەنی بكەنەوە، یان ئەوەتا بیڕووخێنن و لە سەرەتاوە بە مۆدێلێكی باشتر دروستی بكەنەوە، خۆی یاسایەك هەیە لەوەبەرهێنان كە دەڵێت دوای 10 ساڵ خاوەنی خانووەكە دەتوانێت بەدەستكارییەكی كەمەوە دیوی دەرەوە و ناوەوەی بگۆڕێت، تەنانەت دەتوانێت هەموو ساڵێك دیوی دەرەوەی خانووەكە بگۆڕێت، یان دروستكردنی نهۆی دووەمی پرۆژەكە كە لەوڵاتی ئێمەدا زۆر پێویستە، زۆر لە پرۆژەكان تەواو نەبوون و ماوەیەكی زۆرە كاركردن تێیاندا وەستاوە، خەڵك هەیە لە 2010 موڵكێكی كڕیوە 250 تا 400 هەزار دۆلاری پێداوە، كەچی هێشتا تەواو نەبووە، سەرەڕای ئەمەش داوای پارەی دیكەی لێ دەكەن، لەلایەكی دیكەوە زۆر لەو خانووانە ئەگەر تەواویش بكرێن، تەنیا 150 هەزار دۆلار دەكات، واتا تەنانەت لەو پارەی كە تائێستا داوێتی زیانمەند دەبێت.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جووڵانی رەوشی بازاڕی خانووبەرە
بەڕێوەبەری لقەكانی خانووبەرەی حاجی سەلام، سەبارەت بە كاریگەریی پێكهێنانی كابینەی نۆیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: «دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان جموجووڵی بازاڕی خانووبەرە زۆر زیادی كردووە و ئەگەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداش بەتایبەتی لە بودجەی 2020 بگەنە ئەنجام، ئەوا بازاڕەكە زۆر خۆشتر دەبێت و جووڵەیەكی بەرچاوی دیكە بەخۆیەوە دەبینێت، چونكە هەواڵ و رووداوەكان كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر نرخی خانووبەرە هەیە، زۆرجار قسەی یەك سەركردەی سیاسی، زیانی بە جووڵەی بازاڕی خانووبەرە گەیاندووە، هاوكات دەنگۆی تاپۆكردنی خانووەكانی وەبەرهێنان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زەوییەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش كاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەكەی».
پرۆژەیەكی كەرتی تایبەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی بە زەوییەكانی نیشتەجێبوون
زەوی هەیە كە سێ چوار جار كڕین و فرۆشتنی پێوە كراوە و حكومەتیش هەموو جارێك پارەی باج و خزمەتگوزارییەكانت لێ وەردەگرێت، بەبێ ئەوەی خزمەتگوزاریی بۆ چووبێت، پارەی قیر و شەقام و ئاوەڕۆ و ئاو و كارەبا وەردەگرن، ئەمە لەهیچ وڵاتێكدا نەبووە، هەربۆیە كۆمپانیای حاجی سەلام لەمبارەیەوە بەرنامەیەكیان بۆ زەوییەكانی 8ی حەسارۆك ئامادە كردووە و بڕیارە بۆ حكومەتی بەرز بكەنەوە، ئەو زەوییانەی 8ی حەسارۆك كەوتوونەتە ناو شارەوە و رووبەرێكی زۆر گەورەیان هەیە، گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی پارەیەكی زۆری دەوێت، لەو كەرتەدا چەندین پارچە زەویی بەتاڵ بوونیان هەیە، یان زەویی بارزگانی هەیە، دەكرێت حكومەت بیداتە بەڵێندەرێك كە ئەركی گەیاندنی ئەو خزمەتگوزارییانە لەئەستۆ دەگرێت، بەمەش هەم خەڵكی و هەم حكومەتی هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن و خەڵكێكی زۆر دەتوانن بە پارەیەكی كەم پرۆژەكانی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان دەست پێ بكەنەوە. لەلایەكی دیكەوە ئێمە وەكو كۆمپانیاو كەسانی شارەزا لە خانووبەرە، گلەییەكی زۆرمان لەسەر ئەو سەقەتییەی شارەوانی هەیە، كە زەوییەكانی پێ دابەش دەكات، گەڕەكی تەسك و كۆڵانی درێژ و ماڵ لەناو ماڵدا و بێ شوێنیی پارك و پاخچە و راوەستانی ئۆتۆمبێل، بۆیە سەرەتا دەبێت شارەوانی ئەوە بزانێت كە پێویستە رێگە نەدات لە كەرتێكدا خانوو دروست بكرێت، ئەگەر شەقامەكانی نەگاتە 15 مەتری و بەشێوەیەكی ئەندازەیی مۆدێرن زەوی دابەش بكات، بۆ ئەمەش با سەیرێكی گوندەكانی وەبەرهێنان بكات، بزانە لەوێ چۆن خانووەكان نەخشەیان بۆ دانراوە.»