جەیمس هۆڵیفیڵد پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی بۆ گوڵان: روون نییە چۆن سیاسەتەكانی ئەمریكا خزمەت بە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن
August 29, 2019
دیمانەی تایبەت
جەیمس هۆڵیفیڵد بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری زانستی سیاسی لە زانكۆی دیوك بەدەست هێناوە. لە ئێستادا پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ساوزەرن میسۆدیست و لە هەمان زانكۆ بەڕێوەبەری سەنتەری (جۆن گوودوین تاوەر)ـە بۆ دیراساتی سیاسی و، ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەیە. هەروەها توێژەر بووە لە سەنتەری هارڤارد بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، هاوكات وەك راوێژكاری چەندین دامەزراوەی حكومەتی ئەمریكا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی جیهانی و چەندین رێكخراوی دیكە كاری كردووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵ تاوتوێكرد، كە پتر بە ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە پەیوەست بوون، بەتایبەتی لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتتریش لە ئاست وڵاتی ئێران، لەگەڵ ئەگەرەكانی هەڵكشانی زیاتری ناكۆكی و بارگرژییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەرەو پێكدادان و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و هەڵگیرسان و بەرپابوونی شەڕ.* هەروەك ئاشكرایە كە لەوەتەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا كشاوەتەوە، پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەرەو بارگرژیی زیاتر چوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا سەرلەنوێ كۆمەڵێك سزای سەختی ئابووریی بەسەر وڵاتی ئێراندا سەپاندەوە، ئێوە چۆن لە بارودۆخەكە دەڕوانن و پێتان وایە هەلومەرجەكە بە چ ئاراستە و ئاقارێكدا دەڕوات؟
- ئەوە راستە كە لەوەتەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو بە ئاراستەیەكی خراپدا رۆیشتوون، هەر لەم رووەوە ئێمە دەتوانین بڵێین كە بڕیاری واشنتۆن بۆ رەتكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا هەنگاوێكی تا بڵێی جێی داخ بوو، رووداوە سەربازییەكانی ئەم دواییە لە ناوچەی كەنداودا بە شێوەیەكی بەرچاو و دراماتیكی بوونەهۆی هەڵكشانی بارگرژییەكان، هەروەها سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە بەسەر ئێراندا بوونەتە هۆی ئەوەی هێندەی دیكە هێنانەدیی دەرئەنجامێكی ئاشتییانە و دیپلۆماتی كارێكی سەخت بێت.
* ئێمە دەزانین كە ئێران وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە و سەپاندنەوەی سزا ئابوورییەكان، رایگەیاند كە هەنگاو بە هەنگاو پابەندبوونەكانی بەم رێككەوتنەوە كەم دەكاتەوە، پێتان وایە ئەم هەنگاوەی ئێران چ دەرئەنجامێكی لێ دەكەوێتەوە، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە بۆ سەرهەڵدانی ناكۆكی و پێكدادانی سەربازی سەربكێشێت؟
- بە دڵنیاییەوە ئەگەری روودانی ناكۆكیی سەربازی لە ئێستادا زیاتر بووە، هەرچۆنێك بێت، زۆرجار سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رەفتاری خۆزاڵكردن و ئیستفزازی دەگرێتەبەر بۆ زیادكردنی فشار لەسەر ركابەرەكانی بۆ ئەوەی ناچاریان بكات، بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەمە دەقاودەق ئەو ستراتیژیەتە بوو كە سەرۆك ترەمپ لە ئاست كۆریای باكوور گرتیەبەر، كە وا دەردەكەوێت تا راددەیەك ئەم ستراتیژیەتەش سەركەوتنی بەدەست هێنابێت، ئەوەی پەیوەندیی هەبێت بە ئێرانەوە، ئەوا وا پێدەچوو كە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا باشترین رێككەوتنێك بێت كە لەو كاتەدا ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشبینی بەدیهێنانی بكەن، بەڵام پاشەكشەكردن لەو رێككەوتنە و ئومێدخواستن بەوەی تاران ناچار دەبێت خۆی رادەست بكات و «رێككەوتنێكی باشتر» قبووڵ بكات، كارێكی ناواقیعبینانە بوو. لەم روانگەیەوە پێم وایە ئەنجامدانی رێككەوتنێكی باشتر بێ ئەندازە ئەگەرێكی دوورە.
* بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە كە لایەنێكی بەرچاوی ئەو ستراتیژیەتەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پیادەی دەكات، بریتییە لە بەكارهێنانی فشار و سزا ئابوورییەكان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، بە تایبەتی لە ئاست ئێراندا، كە هەندێ كەس بە دیپلۆماسیەتی ناچاركردن ناوی دەبەن، بەڵام هەندێ كەس رەخنەی ئەوە دەگرن كە ئەم رێگاچارەیە زیاتر ناچاركردن لەخۆ دەگرێت و كەمتر لایەنی دیپلۆماسی تێدا رەچاو دەكرێت، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- ئەوەی دەكرێت لەم بارەیەوە بوترێت ئەوەیە كە ئەگەرچی پێدەچێت ئەم ستراتیژیەتە سەركەوتوو بووبێت لە ئاست كۆریای باكووردا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە ئاشكرایە كە زۆرێك لە وڵاتان لە ئاست ناچاركردن و هەڕەشەكردندا كاردانەوەیەكی باشیان نییە، ئەوەتا ئەم كاردانەوەیەمان نەبینی لەلایەن چینەوە، هەروەها رووسیا و ئێرانیش ئەم كاردانەوەیان نەبوو، ئەوەی پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت، ئەوا ئەو رێگاچارەیەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست ئەم ناوچەیەدا گرتوویەتەبەر، پتر ناچاركردنە وەك لەوەی دیپلۆماسی بێت، تەنانەت دەتوانم بڵێم كە لە باشترین حاڵەتدا ئەمە سیاسەتێكی ناكارا و كرچ و كاڵە و لە باشترین حاڵەتیشدا دژ و پێچەوانەی دیپلۆماسییەتە.
* باشە ئەمریكا باس لەوە دەكات كە سزاكان لە دژی ئێران كاریگەر بوون و بوونەتە هۆی دروستكردنی دژواریی دارایی بۆ ئەو وڵاتە، پێت وایە كاریگەریی ئەم كێشە و دژوارییە داراییانە لەسەر ئێران چی دەبێت؟ ئایا لە كۆتاییدا دەبنەهۆی ئەوەی ئێران ناچار بێت، سازشی گەورە و ئازاربەخش بكات؟
- ئێمە دەزانین كە سزاكانی پێشتر بە راددەیەكی گەورە كاریگەریی خراپیان لەسەر ئابووریی ئێران جێهێشت و سزا سەپێندراوەكانی ئەم دواییەش هێندەی دیكە دۆخەكەیان سەخت كردووە، بەڵام كاتێك مەسەلەكە بە بەرژەوەندییە بنەڕەتییە نەتەوەییەكان و بە شكۆ و شانازی نەتەوەییەوە پەیوەست بێت، ئەوا حكومەت و كۆمەڵگەكان بەرگەی ئازار و نەهامەتییەكی زۆر دەگرن پێش ئەوەی ئاڵای سپی بەرز بكەنەوە. دەكرێت تاران بە ئەندازەیەكی كەم لە بارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەوە سازش بكات، بەڵام ئەگەری ئەوە نییە سازشێكی گەورە لەسەر بڕگەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بكات، كەواتە دەكرێت بوترێت ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە كە ئێران خۆی رادەستی داخوازییەكانی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بكات، تەنانەت ئەگەر تاران سەرلەنوێ سازش بكات، ئەوا هەرگیز گفتوگۆكارە ئێرانییەكان ناتوانن دڵنیا بن لەوەی جارێكی دیكە واشنتۆن سەقفی داواكارییەكانی بەرز ناكاتەوە.
* هەر لە پەیوەندی بە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپەوە لە ئاست ئێراندا، باس لەوە دەكرێت كە ئەم سیاسەتە دژیەكی لەخۆدەگرێت، لەبەر ئەوەی خودی سەرۆك ترەمپ پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی ئەنجامدانی رێككەوتن لەگەڵ وڵاتاندا بە هیچ مەرجێكی دیكەی وەك: پرسی مافەكانی مرۆڤ و سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتەكە گرێ نەدرێتەوە، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئەم ئیدارەیە جەخت لەسەر رێككەوتنێكی گشتگیر و هەمەلایەن لەگەڵ ئێران دەكاتەوە، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بریتییە لە كۆمەڵێك دژیەكی و ناسازی كە لە ئاست ئێران و چەندین پرس و كێشەی دیكەدا هیچ خەسڵەتێكی واقیعبینانەی لەخۆ نەگرتووە، لە راستیدا زۆرێك لە رەفتارەكانی واشنتۆن رەفتاری ناكامڵن.
* بەڵام ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست وڵاتاندا تەنیا فشار و سزای ئابووری پیادە ناكات، بەڵكو لە هەمان كاتدا بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان هەوڵ دەدات پاڵنەر و هۆكاری ئابووریش بگرێتەبەر، وەك ئەوەی بەم دواییە لە ئاست كێشەی فەلەستین و ئیسڕائیل دا كرا، كە بە سەفقەی سەدە وەسفكرا، ئایا لێكدانەوە و شرۆڤەكاری ئێوە لەم رووەوە چییە ؟
- پاڵنەری ئابووری خۆی لە خۆیدا گرنگە، بەڵام سەرۆك ترەمپ و سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا لە گرنگی و كاریگەرییەكانی پاڵنەرە ئابوورییەكاندا زیادەڕەوییان كردووە، ئێمە دەزانین ئێران نیگەرانیی ئەمنیی گەورەی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە هەوڵی عەرەبستانی سعودیە و هاوپەیمانەكانی بۆ بەدەستهێنانی هەژمون و باڵادەستی بەسەر ناوچەكەدا. رەنگە بارودۆخەكە ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی كشانەوەی هێزەكانی وڵاتی ئیمارات لەو هاوپەیمانێتییەی كە سعودیە رێبەرایەتی دەكات و شەڕی لە یەمەندا هەڵگیرساندووە و مەیلی وڵاتی قەتەر بۆ هەبوونی پەیوەندی باشتر لەگەڵ ئێراندا. هەرچۆنێك بێت، نیگەرانییەكانی ئێران پتر پەیوەستە بە كێشە سەربازی و ئەمنییەكانەوە نەك بە پرسە ئابوورییەكانەوە. رەنگە هەڵگرتنی سزاكان و دووبارە پێشوازیكردنەوەی ئێران بۆ ئابووریی جیهان بە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەنگاوێك بێت، كە سەركردە ئێرانییەكان پێشوازی لێ بكەن، بەڵام ئەمە ئەو كاتە روودەدات كە واشنتۆن داوای ئەوە نەكات، كە تاران هەژمونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عەرەبستانی سعودیە و دەوڵەتی ئیسڕائیل قبووڵ بكات.