ئەسكەندەر حەیدەر ئامەدی ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: هەرێمی كوردستان بۆتە چەترێك بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان و دەبێت بە هەمومان ئەم هەرێمە بپارێزین
August 28, 2019
دیمانەی تایبەت
سەرۆك مسعود بارزانی لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ دەڤەری باڵەكایەتی راشكاوانە جارێكی دیكە ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی خۆی دووپات كردەوە كە نابێت جارێكی دیكە خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت. ئەم پەیامە مانای ئەوەیە كە چیتر نابێت لایەنێك كە لەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان حیسابە، هەوڵبدات زیان لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بدات و لە پێناوی بەرژەوەندیی حزبیی خۆیدا سوپای بێگانە پەلكێشی ناو خاكی كوردستان بكات و رێگر بێت لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی كوردستان و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانیان. بێگومان ئەو ناوچە سنووریانەی هەرێم كە بە هۆی پەكەكە دوچاری بۆمباران و كاولكاری بوونەتەوە، بەشێكی زۆری خەڵكەكەی ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن. بۆ قسەكردن لەسەر بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی گەلی كوردستان و هەوڵەكان بۆ كۆتاییهاتن بەم جۆرە تێڕوانیانە كە لە بەرژەوەندیی گشتیدا نین، ئەم دیدارەمان لەگەڵ ئەسكەندەر حەیدەر ئامەدی ئەندامی پێشوووی پەكەكە ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* پەكەكە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە داوای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانی بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان دەكرد، بەڵام ئێستا خۆی دژایەتیی بیری نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دەكات، ئایا هەر لەسەرەتاوە شتێك لای پەكەكە هەبووە بەناوی بیری نەتەوەیی و دەوڵەتی كوردستانەوە؟
- بیرو ستراتیژیەتی پەكەكە لە سەرەتای دروستبوونی بۆ رزگاری هەر چوار پارچەی كوردستان بوو، بەڵام دواتر لەناو حزبەكەدا گۆڕانكاری دروست بوو، بە جۆرێك كە چەپی توندڕەو خۆی سەپاند، دوای ئەوەشی عەبدوڵا ئۆجەلان دەستگیر كرا، ئیدی پەكەكە بە تەواوەتی لە هزری نەتەوەیی دوور كەوتەوەو دروشمەكەی لە سەربەخۆیی كوردستانەوە گۆڕدرا بۆ دیموكراتی بۆ توركیا، ئەمەش مانای ئەوەیە دروشمە بنەڕەتییەكە كۆتایی هات، دیارە ئێمە لەناو پەكەكە خۆمان بە هەڵگری بیری نەتەوەیی دەزانی و هەرلە سەرەتای دەستپێكردنیشمان بە خەبات بیری نەتەوەییمان هەبووە، هەزاران گەنجی كوردیش لەپێناوی سەربەخۆیی كوردستان خەباتیان كردووە و شەهید بوون، بۆیە ئێمە ئەوەمان پێ قبووڵ نەكرا كە پەكەكە لە هێڵی نەتەوەیی دوور بكەوێتەوە، بۆیە لێی جیابووینەوە. لەلایەكی دیكەوە پەكەكە گرووپێكی دیكەی تێدایە بە ناوی گرووپی ئەنقەرە كە ئەوانە وەكو قەرەویس و فوئاد و چەندی دیكە كە كاریگەری و فشاری زۆریان لەسەر سیاسەتی پەكەكە هەیە و بە چەندین هۆكاری تر و كاریگەریی ئەو گرووپە پەكەكە لە بیری نەتەوەیی دووركەوتەوە.
* پەكەكە هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئێستا، تا چەند دژایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی كردووە؟
- ئایدیۆلۆژیەتی چەپ لە پەیڕەو و پرۆگرامی پەكەكەدا لە هەموو شتێكی دیكە و هزری نەتەوەیی گرنگترە، بۆیە پەكەكە هیچ هەنگاوێك هەڵناگرێت ئەگەر خزمەتی ئایدیۆلۆژیەتی چەپ نەكات. هەر بۆیە دوای ئەوەی ئۆجەلان دەستگیر كرا، ئیدی بە ئاشكرا بانگەشەیان بۆ دیموكراتی بۆ هەموو توركیا دەست پێكرد و رایانگەیاند كە ئەوان نایەنەوێت خاكی توركیا پارچە پارچە بێت، ئەمەشیان وەك بیانوویەك بۆ دووركەوتنەوە لە بیری نەتەوەیی بەكارهێنا. ئەوجا ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە سەر هاودژیی پەكەكە لەگەڵ ئاراستەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، ئەوا دەردەكەوێت كە پەكەكە بە شێوەیەكی سەربەخۆ هەنگاو هەڵدەگرێت و لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسیی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان یەك ناگرێتەوە، هەر بۆیەشە هەر بیروبۆچونێك لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیەتەكەی ئەو بێت، لەلای پەكەكە رەت دەكرێتەوە و قبووڵ ناكرێت. هەر بۆ نموونە هەندێ حزب وەكو ئاڵای ئازادی و كۆك و چەندین حزبی دیكە لە كوردستانی باكوور هەبوون، بەڵام پەكەكە هیچیانی قبووڵ نەبووە و هەر كەس و لایەنێك دژیان بووە، كوشتوویانە و شەڕیان لەگەڵ كردووە.
* لەكاتێكدا زەمینەیەك هاتبووە پێشەوە بۆ ئاشتی و كوردانی توركیا لە هەڵبژاردندا زیاتر لە 80 كورسیی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، بەڵام پەكەكە شەڕی بردە ناو توركیا و لە دەوروبەری ئامەد شەڕی خەندەقی دەست پێكرد، بەمەش گورزێكی كوشندەی لە مافەكانی كوردی توركیا وەشاند، ئایا ئەگەر پەكەكە مەبەستی ئەوەیە مافی كوردی توركیا بەدەست بهێنێت، بۆچی وڵاتەكە وێران دەكات؟
- بە تێڕوانینی من شەڕی خەندەق هەڵەیەكی زۆر خراپ بوو لەلایەن پەكەكەوە ئەنجامدرا، بەڵام لە بەرامبەریشدا حكومەتی توركیا بە سیاسەتە هەڵەكانی زەمینەی بۆ ئەو شەڕە دروست كرد، هەروەك ئەو باردۆخەی ئێستای باكووری كوردستان كە حكومەتی توركیا بە داخستنی سێ شارەوانی دروستی كردووە، لە بنەڕەتیشدا شەڕی خەندەقیش بە هەمان شێوە بوو، كە سەرەنجام بووە هۆكاری ئەوەی كە خەڵك ماڵی كاول بێت و لەسەر زێد و ماڵی خۆی دەربەدەر بێت، بەڵام لایەنی خراپی شەڕی خەندەق ئەوە بوو كە خەڵكی باكووری نیگەران و نائومێدكرد، لە ئەنجامی ئەم شەڕە، ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە خەڵك كوژران و نزیكەی یەك ملێۆن و نیو كوردی ئەو ناوچانە ئاوارەو دەربەدەربوون لە نووسیبنەو جزیرە و ئەدەنە و چەندین شوێنی دیكە بۆ مرسین و باشووری كوردستان و چەندین شوێنی دی كۆچیان كرد و ئێستاكەش ئەو ئاوارنە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچە و گوند و شوێنەكانیان لەبەر خاپوربوون و سووتانی خانووەكانیان و لەدەستدانی سەدان كەسوكاریان. هەر بۆیە ئەگەر ئێستاكەش سەیر بكەین، دەبینین حكومەتی توركیا بڕیاری داوە سەرۆكی شارەوانی سێ شار لە كورد وەربگرێتەوە، لەم كارەشدا دەبینین دەنگێكی كەم لە كوردان لەدژی ئەو بڕیارە دەردەكەوێت.
* شێوازێكی دیكەی سیاسەتی پەكەكە رەچاونەكردنی دابونەریتی كوردانەیە، واتە هەندێك رەفتار دەكەن كە لەگەڵ دابونەریتی كوردان یەك ناگرێتەوە، ئایا ئەمەیان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، پەكەكە لە سیاسەتكردن ئاراستەیەكی تایبەتی خۆی هەیە و هەر شتێك لەگەڵ ئاراستەی ئەودا یەك نەگرێتەوە، ئەو رەتی دەكاتەوە، بۆیە لەم چوار چێوەیەدا لە دابونەرێتی كوردانەش دوور كەوتۆتەوە، دیارە ئەمەش دیسان نیگەرانیی زۆری دروست كردووە، چونكە ئێمەش دژی ئەوە بووین كە پەكەكە لە دابونەرتیتی كوردەواری دوور بكەوێتەوە، بێگومان دابونەریتی كوردەواری لە هەمووكوردستان هاوبەشە، بۆیە ئەگەر تەماشا بكەین، دەبینین كولتووری هەولێر و دیاربەكر هەمان كولتوورە كە هەردوولا حەز دەكەن لە ژیان و خۆشگوزەرانی، ئەگەرچی پەكەكە بەپێچەوانەوە بۆ ئەو كولتوورو ژیانەی میللەت كاری نەكردووە.
* دیارە پەكەكە بەئاشكرا دژایەتیی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمەشی بەوە پیشان دەدات كە دژایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، ئایا پەكەكە بۆچی دژایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات؟
- لەبارەی دژایەتیی پەكەكە بەرامبەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان ئێمە لەمێژە گوتوومانە و رەخنەمان لە پەكەكە گرتووە، بەتایبەتی كە پەكەكە لە راگەیاندنەكانیدا زمانێكی زۆر خراپ دەرهەق بە پارتی بەكار دەهێنێت، ئەم كارو رەفتارەشی زۆر ناڕەواو نەشیاو ناهەقی و ناڕاستە، چونكە هیچ كەس و لایەنێك ناتونێت ئاخاڤتنێكی خراپ و نەشیاو دەرهەق بە جەنابی مسعود بارزانی بكات، یان دەرهەق بە كارو قسەكانی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی بكات، لەبەر ئەوەی قسەی خراپ و نەشیاو و ناهەقی بەرامبەر ئەو سەركردانە كارێكی دوژمنكارانەیە، چونكە هەموو دنیا گوێی لێ بوو كە جەنابی مسعود بارزانی فەرمووی نابێت قەت شەڕی كورد و كورد دروست بێت، ئەمەش گوتەیەكی زۆر بەنرخ و هەق و راستە، بەڵام پەكەكە چونكە لەناوخۆی بەش بەشە و هەر بەشێك قسەو تێڕوانینی خۆیان هەیە، بۆیە بەشێكیان دژایەتی خۆیان رادەگەیەنن، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە كە واقیعی سیاسیی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بخوێندرێتەوەو مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئێستا باشووری كوردستان خاوەن دەسەڵات و حكومەتە و سیاسەت و پەیوەندی و دیپلۆماسیەتی خۆی هەیە و ناكرێت پەیوەندی و دیپلۆماسیی خۆی نەكات و بیپچڕێنێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە و ناكرێت حكومەتی كوردستان لە چوارچێوەیەك دابنێشێت و بڵێت لەگەڵ ئەو دراوسێیە پەیوەندی ناكەم و نامەوێت لەگەڵ ئەو وڵاتە پەیوەندی و دۆستایەتیم هەبێت و شەڕ دەكەم، بۆیە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، دەوڵەتدارییە، بەڵام پەكەكە لەناو چادرێك دانیشتووە و لەسەر بنەمای دۆستی دوژمنەكەم دوژمنمە، سیاسەت دەكات، ئەمە كارێكی هەڵەیە و بۆشی ناچێتەسەر، لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە عەقڵییەتێكی دەوڵەتداری هەڵسوكەوت و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەكات و ناكرێت دژایەتیی هەموو ئەمانە بكرێت.
* پەكەكە تا ئێستا گوندێكی باكووری كوردستانی ئازاد نەكردووە، هاوكات باشووری كوردستان خاوەنی دەسەڵات و حكومەتی خۆیەتی و بۆتە جێگای ئومێدی هەر چوار پارچەی كوردستان، كەچی پەكەكە كێشەی بۆ دروست دەكات، ئایا پەكەكە بۆچی دژی باشووری كوردستانە؟
- جێگەی شانازییە بۆ هەموو كوردان كە ئێستا هەرێمی باشووری كوردستان قەوارەیەكی پارێزراو و هێمنە و خاوەنی دەسەڵاتی خۆیەتی و ئەمەش وایكردووە كە كوردی هەر چوار پارچە بتوانێت لەم بەشە ئازادە وەك وڵاتی خۆی تێدا بژی، هەرێمی كوردستان خاوەنی ئاڵاو دەسەڵات و حكومەتی خۆیەتی كە دەتوانیت بەپێی ئەو یاسا و رێنماییانەی بۆ هاووڵاتی، یان بۆ پەنابەرو ئاوارەكان هەیە، بە باشی ژیان لە باشووری كوردستان بەڕێوەببەیت، بەڵام ئەوەی پەكەكە دەیكات، راگەیاندنی دژایەتی بەرامبەر ئازادی و دیموكراتییەتی باشووری كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە دوژمنایەتییەكی پڕ مەزنە بەرامبەر میللەت و تەواوی خەڵكی كوردستان.
* ئایا ئەوەی پەكەكە دەیكات بەتایبەتی لەدژی حكومەتی كوردستان بەوەكالەتە و كێ لەپشتیانەوەیە؟
- بێگومان پەكەكە بەوەكالەت بۆ وڵاتان و بەتایبەتی بۆ حكومەتی عێراقی كار دەكات، هەر وەكو ئەو پەند و گوتەیە وایە كە دەڵێت (دوژمنی دوژمنم دۆستی منە)، ئەوە پەكەكەش لەلایەن دوژمنانی كورد بەو جۆرە دەجووڵێتەوە چ لەلایەن ئێران دەرهەق بە رۆژهەڵاتی كوردستان و لە رۆژئاوا بە هەمان شێوە و بۆ عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان دەجووڵێتەوە، هەموو ئەوانەی كە پەكەكە دەیكات لەدژی هەرێمی كوردستان، زیاتر حەسادەت و چاوهەڵنەهاتنە بەرامبەر ئەو ئەزموونە سەركەوتووەی كە هەیە كە خاوەنی حكومەت و پەرلەمان و دەسەڵات و هێز و سەروەریی خۆیەتی و هەموو كەسێك لە باشووری كوردستان ماف و هەقی خۆی هەیە لە بەرامبەر سەروەریی یاسا و ئازادیدا.
* ئایا بوونی پەكەكە لە قەندیل رەوایە و شوێنی كارو چالاكیی ئەوانە، یان مەبەستی دژایەتی و كاولكاری و وێرانبوونی ئەو دەڤەرانەی باشووری كوردستانە؟
- بەڵێ، گۆڕەپانی خەباتی راستەقینەی پەكەكە بە هیچ شێوەیەك قەندیل نییە، لە سەرەتای دروستبوونی پەكەكە لە ساڵی 1982، لە باكوور خەباتی دەكرد، بەڵام بە هۆی سیاسەتە هەڵەكانی نەیتوانی لە باكوور بمێنێتەوە و هاتە باشوور، كە هاتە باشووریش گرنگ بوو كە هەوڵبدات زیان بەم هەرێمە و هاووڵاتیانی ئەو گوند و شوێنانە نەگەیەنێت كە لێیەتی، بەڵام ئەمەی نەكرد، بۆیە ئێستا لە سایەی بوونی پەكەكە ئەو ناوچانە بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ و بۆردومانی فڕوكە و چەكی جۆراوجۆر و سەرتاپای دەڤەرەكە وێران بووە و هەموو گوندەكان چۆڵ بوون و ژیانی تێدا نەماوە، سەرەڕای كوشتن و برینداربوونی چەندین خەڵكی سڤیلی ئەو دەڤەرە و هۆكارێكیشە بۆ هاتنی لەشكری توركیا بۆ ئەو سنوورانەی باشووری كوردستان. پەكەكە هەموو كات دەستپێشخەری لە شەڕ دەكات، بەپێچەوانەوە ئەگەر بڵێت وەرە لەم شوێن و جێگایە بۆ خۆت دابنیشە دوور لەشەڕ، ئەوە گوێ لەكەس ناگرێت و تەنیا بە قسەی خۆی دەكات و دانوستاندن و گفتوگۆ لەلای پەكەكە بەهیچ جۆرێك نییە. باشووری كوردستان بە شۆڕش و ماندووبوون و زەحمەتی زۆر هاتۆتەدی، ئاشكرایە مەلا مستەفا بارزانی بۆ رزگاریی هەر چوار پارچەی كوردستان شۆڕشی كردووە و پارتی دیموكراتی لە هەموو پارچەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی دامەزراندووە و لە شۆڕشەكانی هەموو پارچەكاندا بەشدار بووە، هەروەكو چۆن لە ساڵی 1946 كە دەرفەتی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە رۆژهەڵات دروست بوو، مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەكانی چوون بەرگرییان لەو كۆمارە كرد، ئەم هەڵوێستەی مەلا مستەفا بارزانی وانەیەكی بەسوودە بۆ هەموومان و پێویستە دەسەڵاتی ئێستای باشووری كوردستان بە هەموومانەوە بیپارێزین. راشكاوانەتر دەبێت بە هێز و توانای هەر چوار پارچەكە دەسەڵات و ئازادیی هەرێمی كوردستان بپارێزین، بەڕێز مسعود بارزانی بۆ هەموو دنیای سەلماندووە كە كارو پەیوەندی و دیپلۆماسییەتیان تەنیا بۆ بەرژەوەندیی گەلی كورد و كوردستانە.
* باس لەوە دەكرێت، ئێستا خەریكە پەیەدە خۆی لە پەكەكە جیادەكاتەوە، ئایا سەركردایەتیی پەیەدە دەتوانن ئەم بڕیارە بدەن؟
- پەیەدە هەرچەندە سەركردایەتیی خۆی هەیە، بەڵام سەر بە پەكەكە و دروستكراوی پەكەكەیە لە بنەڕەتدا و ئێستاش لە رۆژئاوی كوردستانن و ئاڵای پەكەكە لە سەر بارەگاكانی پەیەدە هەیە و هەر ئاڕمی پەكەكە لەسەر یەخەی چەكدارانیان هەیە، ئەمانەش هەر هەمووی بەڵگەی ئەوەن كە پەیەدە هەر پەكەكەیە، بەڵام ئیستا ئەمریكا لە هەولی ئەوەدایە كە پەیەدە لە پەكەكە دووربخاتەوە، بەڵام نازانم ئەوە دروست دەبێت، یان ناكرێت.
* ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی خەڵك و میللەتی كورد لە باكووری كوردستان بتوانن ژیانێكی باشتر بگوزەرێنن، چونكە چەندین ساڵە بە شەڕ هیچ نەهاتووتەدی؟
- لە باكووری كوردستان خەڵك لە شەڕ بێزار بووە و دەخوازن ئاشتییەكی باش و سەرتاسەری بێتەدی لەنێوان كورد و حكومەتی توركیادا، ئەمەش مانای ئەوەیە كورد دەیەوێت دوور بێت لە شەڕ و بە هێمنی و ئاشتی بژین، بەڵام حكومەتی توركیا بە هەنگاوی باش نایەتە پێش و هەندێك جار چەند هەنگاوێك هەڵدەگرێت كە توركیا بەرەو باشی بچێت و شەڕ نەمێتت، بەڵام دوای چەند رۆژێك چەند هەنگاوێكی تر هەڵدەگرێت و دووبارە كێشە و ئاڵۆزی لە باكوور دروست دەكاتەوە، بۆیە گرنگە حكومەتی توركیاش هەنگاوی باش بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی ئاشتیەكی وا بێتەئاراوە كە خەڵك پێی رازی بێت.