پڕۆفیسۆر ستیفن بلانك بۆ گوڵان: رووسیا هەوڵی لاوازكردن و لەرزۆككردنی سیستمی نێودەوڵەتی دەدات

پڕۆفیسۆر ستیفن بلانك بۆ گوڵان:  رووسیا هەوڵی لاوازكردن و لەرزۆككردنی سیستمی نێودەوڵەتی دەدات
ستیفن بلانك توێژەری باڵا بووە لە ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتۆن دی سی لە نێوان ساڵانی 1989 بۆ 2013، لە ئێستادا پڕۆفیسۆری دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی رووسی و كاروباری ئاسایشی نەتەوەییە لە ئەنستیتیوتی دیراساتی ئەمنی سەر بە كۆلێژی جەنگیی سوپای ئەمریكا، پێشتریش پڕۆفیسۆری مێژووی رووسیا بووە لە زانكۆی تێكساس و سان ئەنتۆنیۆ. ستیفن بلانك خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری مێژووی رووسیا كە لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەستی هێناوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد كە پتر پەیوەست بوون بە پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتی رووسیاوە، لەو رووەوە كە لە ئێستادا خەسڵەت و سروشتی ئەم پەیوەندییانە چین و ئایندە و پاشەڕۆژی چۆن دەبێت.
* وەك كەسێكی شارەزای كاروباری رووسیا لە ئێستادا چۆن لە پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا -وەك دوو هێزی گەورەی جیهانی- دەڕوانیت؟
- بە دڵنیاییەوە دەكرێت پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە پەیوەندییەكی پڕ لە كێشە و دوژمنكاری وەسف بكەین، واتە لە ئێستادا هەردوو حكومەتەكە وەك دوژمن وەسفی یەكتر دەكەن و هیچ گومان هەڵناگرێت كە رووسیا پێی وایە لە شەڕێكی سیاسیدایە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، هەرچەندە من دڵنیا نیم كە ئەمە بۆچوون و تێڕوانینی تێكڕای ئیدارەی ئەمریكاش بێت لە ئاست رووسیادا، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێ كرد ئەمە تێڕوانینی مۆسكۆیە بێ هیچ پێچ و پەنایەك.
* ئەی باشە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم ململانێ و پەیوەندییە دوژمنكارییانەی نێوان ئەم دوو هێزە گەورەیە لەسەر ئاستی جیهان و لەسەر كاروبارە نێودەوڵەتییەكان چی دەبێت؟
- نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئەم جۆرە پەیوەندییەی نێوانیان كاریگەری دەبێت لەسەر جیهان، ئەوەتا دەبینین رووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە نزیكەی تێكڕای كاروبارە نێودەوڵەتییەكاندا بۆچوونی پێچەوانە و دژبەیەكیان هەیە. لەلایەكی دیكەوە دەبینین رووسیا زیاتر و زیاتر هەوڵی لاوازكردن و لەرزۆككردنی سیستمی نێودەوڵەتی دەدات، ئەویش لە پێناو ناچاركردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ رووسیادا بكات كە دەیەوێت.
* كەواتە دەكرێت ئێمە ئۆباڵی بەرپرسیارێتیی ئەم پەیوەندییە خراپانە بخەینە ئەستۆی رووسیا؟
- ئێمە دەتوانین بڵێین كە هەردوولا هەڵەیان كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە كێشە سەرەكییەكە بریتییە لە سروشتی سیستمە سیاسییەكەی رووسیا كە وەك دوژمن لە هەموو لایەك دەڕوانێت و بەردەوام راوێژكارەكانی سەرۆك ڤلادمیر پوتینیش پێی رادەگەیەنن كە ئەمریكا هێزێكی دوژمنكارە. كەواتە بەڵێ، من پێم وایە بەشێكی سەرەكیی ئۆباڵەكە دەكەوێتە ئەستۆی رووسیا.
* دەوترێت تەوەر و چەقی سیاسەتی دەرەوەی رووسیا پەیوەستە بە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی ئەم وڵاتە، یان بەدەستهێنانی پێگە و مەكانەتێكی بەرچاو لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەمە راستە، چونكە رووسیا دەیەوێت لەلایەن جیهانی دەرەوە، واتە وڵاتە دەرەكییەكانەوە وەك هێزێكی نێودەوڵەتیی نوێ لێی بڕواندرێت، بەڵام من پێم وایە ئەولەوییەت و ئامانجی لەپێشتریان بریتییە لە پاراستنی دەسەڵاتی ڤلادمیر پوتین و سیستمی حوكمڕانی لەو وڵاتەدا.
* ئاشكرایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەندین سزای ئابووری بەسەر رووسیادا سەپاندووە، ئێوە چۆن شرۆڤەكاری دەكەن بۆ كاریگەریی ئەم سزایانە لەسەر ناچاركردنی رووسیا بۆ گۆڕینی هەڵوێست و هەڵسوكەوتەكانی؟
- لە راستیدا ئەمە ئامانجی راگەیاندراوی ویلایەتە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا بووە لەو سزایانەی كە سەپاندنیان بەسەر رووسیادا، من دڵنیا نیم لەوەی ئەم سزایانە توانیبێتیان هەڵسوكەوتی رووسیا بگۆڕن، بەڵام سەركەوتوو بوون لە سنووركرداردن و كەمكردنەوەی بژارەكانی، واتە ئەم سزایانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی رووسیا كەمتر دوژمنكار بێت. هەر چۆنێك بێت پێم وایە پێویستە كاری زیاتر ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی رووسیا تێبگات كە رەفتارەكانی قابیلی قبووڵكردن نین.
* كەواتە دەكرێت بڵێین ئەم سزایانە نەیانتوانیوە دەرئەنجامی خوازراویان لێ بكەوێتەوە؟
- بەڵێ، ئەمە راستە، چونكە هەڵەیە پێت وابێت سزاكان بە تەنیا سەردەكێشن بۆ گۆڕینی رەفتاری ئەو وڵاتە، بەڵام كاریگەرییەكەی ئەوە بوو كە بارگرانییەكی زۆری لەسەر ئابووریی رووسیا دروست كردووە، هەروەها بە شێوەیەكی بەرچاو بۆتە هۆی سنوورداركردنی بژارەكانی رووسیا لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە و لە رووی سەربازییشەوە. كەواتە بە دڵنیاییەوە ئەم سزایانە ئێش و ئازاریان بۆ رووسیا دروست كردووە.
* پرسێكی دیكە كە ناكرێت نادیدە بگیرێت و ئاماژەی پێ نەكرێت، پەیوەستە بە پرسی كڕینی سیستمی مووشەكی بەرگریی رووسییەوە لەلایەن توركیاوە، ئایا پێت وایە تا چەند ئەم بڕیارەی توركیا دەبێتەهۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا و ئایا ئەمریكا دەتوانێت چی بكات بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییە بارگرژەكانی لەگەڵ توركیادا؟
- ئەوەی پەیوەندی بە بەشی یەكەمی پرسیارەكەتانەوە هەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەم بڕیارە كاریگەریی خراپ و بەرچاوی هەبووە لەسەر پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا، هەروەها لەسەر پەیوەندییەكانی توركیا بە یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆوە، چونكە هێشتا توركیا ئەندامی ناتۆیە. ئەوەی پەیوەست بێت بە بەشی دووەمی پرسیارەكەتانەوە ئەوا بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا بەرەوپێشەوە بچێت، دەبێت هەردوولا هەنگاو هەڵبگرن و بگەنە تێگەیشتنێك لەبارەی سووریاوە، بە هەمان شێوە دەبێت كار لەسەر پرسی قوبرس بكرێت كە ئەو كارەی توركیا ئەنجامیداوە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی قوبرسە و مایەی ئیحراجكردنی یەكێتی ئەوروپایە. دواتر ئێمە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئابووریی توركیا بەرەو كارەسات دەچێت و ئەردۆغانیش دەیەوێت ئەم كێشە و قەیرانانە لەبیر خەڵكەكەی بباتەوە لە رێی دروستكردنی پەیوەندییەكی دوژمنكارانەی لەگەڵ ئەمریكا، كەواتە دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و توركیا هەردووكیان هەنگاو هەڵبگرن بۆ دەرچوون لەم گێژاوە.
* كەواتە دەتوانین بڵێین رووسیا براوەی هەر پەیوەندی و دۆخێكی ئاڵۆزی نێوان ئەمریكا و توركیا دەبێت؟
- گومانی تێدا نییە كە رووسیا سوودمەند دەبێت لە ئاڵۆزبوون و دروستبوونی گرژی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیادا.
* هەندێ جار سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە كە ئەمریكا خوازیارە باشترین پەیوەندیی لەگەڵ رووسیادا هەبێت، بەڵام رووسیا ئاماژە بەوە دەكات كە كردەوەكانی ئەمریكا پێچەوانەی وتە و لێدوانەكانیەتی، بۆ نموونە ئاماژە بەوە دەكەن كە لە هەمان كاتدا ئەمریكا ژمارەیەك سەرباز لە پۆڵەندا جێگیر دەكات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی رووسیا، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- لە راستیدا من لێدوان و گوتارەكان بەو جددییەتە وەرناگرم و پێم وایە هۆكاری بڕیاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ رەوانەكردنی هێز بۆ وڵاتی پۆڵەندا و شوێنەكانی دیكەی ئەوروپا دەقاودەق بەهۆی سیاسەتە دوژمنكارییەكانی رووسیاوە بووە و لە دەرئەنجامیشدا دەتوانین بڵێین هەر ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە پەیوەندییەكان بەم ئەندازەیە خراپ بن.
* باشە پێت وانییە ناكرێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكاری و رۆڵی وڵاتی رووسیا نادیدە بگرێت بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی زۆرێك لە كێشەكانی جیهان، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە دۆخی سووریاوە؟
- ئاشكرایە كە زۆرێك لە كێشەكان بە ئاسانی چارەسەر دەكران ئەگەر رووسیا بە گیانی هاوكاریكردنەوە مامەڵەی بكردایە، بەڵام هەروەك سەرۆك رێگان دەیوت سەمای تانگۆ پێویستی بە دوو كەسە و رووسیاش نایەوێت ئەو سەمایە بكات.
* كەواتە دەتوانرێت چی بكرێت و پێویستە چی بكرێت بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی بنیاتنەرانە لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتی رووسیا بۆ ئەوەی بتوانن دۆخێكی گونجاو دروست ببێت بۆ ئەوەی هاوكاریی یەكتر بكەن لە كێشە ئەمنی و ئابوورییەكان لەسەر ئاستی جیهان، ئایا هاتنەدی ئەم حاڵەتە كارێكی كردەنییە؟
- پێم وایە وەڵامەكە پتر دەكەوێتە ئەستۆی مۆسكۆ هێندەی ئەوەی رووبەڕووی واشنتۆن ببێتەوە، مەبەستم ئەوەیە تاوەكو ئەو كاتەی مۆسكۆ پێداگری بكات لەسەر داگیركردنی وڵاتانی دیكە و هەمیشە بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی وڵاتی خۆی بە گرنگتر بزانێت و هیچ بەهایەك بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی وڵاتانی دیكە دانەنێت، ئەوا ناتوانین دەرئەنجامێكی زۆر بەدەست بهێنین.
* پێتان وایە ئایندەی پەیوەندییەكانی رووسیا و ئەمریكا چی دەبێت لە رووی باشترین و خراپترین سیناریۆوە؟
بە دڵنیاییەوە خراپترین سیناریۆ هەڵگیرسان و بەرپابوونی شەڕە لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا، باشترین سیناریۆش ئەوەیە هەردوولا لە رێی گفتوگۆوە بگەنە چارەسەرێك لە رێی ئۆكڕانیا كە سەرجەم سەروەریی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و ببێتەهۆی كەمبوونەوەی پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن و رێگایەك بدۆزرێتەوە كە رووسیا و ئەمریكا پێكەوە كاربكەن بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییە هەرێمایەتی و جیهانییەكان.
Top