عیمران ئەل باداوی بەڕێوەبەری پرۆگرامی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هوستۆن بۆ گوڵان: ترەمپ دەیەوێت ببێتە خاوەنی سەرجەم شانازییەكان و خۆی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێراندا واژوو بكات
August 8, 2019
دیمانەی تایبەت
عیمران ئەل باداوی پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری پرۆگرامی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی هوستۆن لە ئەمریكا، هەروەها دامەزرێنەری پرۆگرامی دیراساتی عەرەبییە لە هەمان زانكۆ. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پتر پەیوەست بوون بە رەوشی ناوچەكە و جیهان بەگشتی و و بارگرژییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران بەتایبەتی و شرۆڤەكردنی ئاقار و ئاراستەی ئەم ناكۆكییانە و ئەو ئەگەر و پێشهاتانەی دەكرێت لەم رووەوە پێشبینی بكرێت.* بە شێوەیەكی گشتی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ئێوە چییە بۆ بارگرژی و ناكۆكییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران و ئایا بارودۆخەكە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات؟
- بە تێڕوانینی من ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە واشنتۆن بە دوای شەڕەوەیە. هەروەها دەتوانم لەم رووەوە ئەوەش زیاد بكەم و بڵێم كە دامەزراوەی پیشەسازیی سەربازیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە نێویاندا پیشەسازیی سەربازیی هەردوو بواری ئاسمانی و بەرگری بە تەواوەتی پشت دەبەستن بە بوونی ناكۆكیی سەربازیی بەردەوام، ئەویش بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە قازانجكردن بدەن. لەوەش زیاتر سەرۆك دۆناڵد ترەمپ توانیویەتی زۆرێك لە رای گشتیی ئەمریكا لەخۆی نزیك بكاتەوە و بەلای خۆیدا رابكێشێت، بەهۆی ئەو گوتارە پۆپۆلیستییەی- یان وەك هەندێ دەڵێن گوتارە رەگەزپەرستییەی- كە تەبەنی كردووە، ئێمە دەزانین ئەمریكاش نزیك دەبێتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی. دواتر دەركەوتووە كە شەڕ رێگایەكە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی و تەنانەت بۆ دەستەبەركردنی سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكاندا. لە ئێستادا ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هەوڵ و كۆششێكی زۆری خستۆتەگەڕ بۆ ناسەقامگیركردنی ڤەنزویلا و بۆ شڵەژاندنی ناكۆكیی ئیسڕائیل و فەلەستینییەكان و بۆ گوشارخستنەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئێران. بە هەمان شێوە گوشار و فشاری ئابووری بێ پێشینەی گرتۆتەبەر لە ئاست چین و مەكسیك و وڵاتانی دیكە. كەواتە دەبێت ئێمە لەم سیاق و چوارچێوەیەدا لە هەڵكشانی ئەم دواییە بارگرژییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران تێبگەین.
* باشە دەگوترێت ئەم رێچكەیەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ گرتوویەتیەبەر تەنیا فشاركردن و ناچاركردنە بە بێ ئەوەی هاوشان بێت بە رێگاچارەیەكی دیپلۆماسی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكە، واتە لەم رووەوە رەخنەی ئەوە لەم ئیدارەیە دەگیرێت كە ئامانجێكی روونی نییە بۆ ئەوەی لە رێی ئەم فشارانەوە بەدەستیان بهێنێت، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- لە راستیدا بەڵگەیەكی بەهێز نییە بۆ ئەوەی بسەلمێندرێت كە ئەم شێوازە توندەی كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەیگرێتەبەر رێگاچارەیەكی كارایە، دەكرێت حاڵەتی كۆریای باكوور لەم رووەوە یەكلاكەرەوە بێت، ئەوە بوو كۆبوونەوەیەكی لوتكە ئەنجام درا لە ساڵی 2018دا بۆ كەمكردنەوە و سنوورداركردنی پرۆگرامی ئەتۆمیی كۆریای باكوور. كە دواتر ئاماژەی ئیجابی هەبوون، تاوەكو ئەم دواییەش كاتێك كۆبوونەوەی لوتكەی نێوانیان هەڵوەشێندرایەوە، بەهۆی ئەوەی دووبارە كۆریای باكوور دەستی كردەوە بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی چەك. كەواتە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانەی ئاماژەم پێكردن، ئەوا من ناتوانم شێوازی كاركردنی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە رێگاچارەیەكی دیپلۆماسی وەسف بكەم. دۆناڵد ترەمپ كەسێكی بزنسمانە، ئەو توانایەكی رۆشنبیری، یان رەوانبێژی كەسێكی دیپلۆماتكاری نییە. كەواتە وەسفكردنێكی وردتر دەبێت ئەگەر بێت و ئێمە هەڵسوكەوتەكانی ترەمپ بەرامبەر نەتەوەكانی دیكە، لە نێویاندا ئێران، وەك خۆزاڵكردن وەسف بكەین. هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە هەمیشە ئیدارەكەی بە ئاراستەی سەپاندنی رسومات، یان ناكۆكیی سەربازیدا كار دەكات.
* باشە ئەی چۆن لە كاریگەرییەكانی سزا و فشارە ئابوورییەكان دەڕوانیت بە شێوەیەكی گشتی و ئایا پێت وایە شێوازێكی كاران بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئەمریكا بەتایبەتی كە ئەم شێوازە زۆر بە چڕی لەگەڵ ئێراندا بەكار دەهێندرێت؟
- ئاشكرایە كە ئێران لە دۆخێكی دژواردایە، ئەوەتا بۆ زیاتر لە دەیەیەكە خەڵكی ئەم وڵاتە لە ژێر بارگرانییەكی گەورەی ئابووریدا دەژین، ئەمەش وەك دەرئەنجامێكی راستەوخۆی سزا ئابوورییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا. من پێم وایە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا كە لە سەروەختی ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما واژوو كرا، یەكەم تروسكەی ئومێد بوو بۆ هاووڵاتیانی ئێران، كە بەلای كەمەوە كۆمپانیا ئەورووپیەكان لە نێو ئێراندا دەستیان بە كاركردن كردەوە. بەڵام سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2017-2018دا پاشەكشەی لەم رێككەوتنە كرد، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی كە ئێران لە ساڵی 2019دا دەست بكاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئەندازەیەكی زیاتر لەو رێژەیەی كە لە رێككەوتنەكەدا رێی پێدراوە. لە ئێستاشدا دەبینین كە كەسە سەختگیرەكانی نێو ئێران هێرش دەكەنە سەر میانڕەوەكان لەسەر ئەنجامدانی ئەم رێككەوتنە لەگەڵ ئەمریكادا، كە ئەوان پێیان وایە ئەمریكا جێی متمانەپێكردن نییە. بە داخەوە ئەوان راستن لەم بۆچوونەیاندا. هەرچۆنێك بێت، من پێم وایە دەبێت چاوەڕوان بین و ببینین ئایا بەڕێز جەواز زەریفی-وەزیری دەرەوەی ئێران- وەك دیپلۆماتكارێك و ئەندازیاری رێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەتوانێت لە رۆژانی داهاتوودا چی بەدەست بهێنێت. واتە مەسەلەكە ئەوەیە ئایا جارێكی دیكە دەتوانرێت رێگاچارەیەكی دیپلۆماتی بدۆزرێتەوە، یان روودانی ناكۆكییەكی سەربازی بۆتە شتێكی حەتمی؟
* لایەنێكی دیكەی جێی سەرنجی سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ئێراندا پێداگریی ئەمریكایە لەسەر ئەوەی دەبێت ئێران رەفتار و سیاسەكاتی خۆی بە یەكجاری بگۆڕێت، ئایا ئەمە دژیەكی نییە لەگەڵ سیاسەت و تێڕوانینەكانی سەرۆك ترەمپدا كە خۆی وەك كەسێكی بزنسمان دەخاتەڕوو؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لەبەر دوو هۆكار لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە: 1) بوونی باڵی راستڕەو و بگرە كریستیانەكانی نێو پارتی كۆماری كە خوازیاری هەڵگیرساندنی شەڕن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا، 2) سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت میراتی سەرۆك ئۆباما بسڕێتەوە. لەم رووەوە هەندێ كەس پێیان وایە سەرۆك ترەمپ لە بنەڕەتدا دژی ئەم رێككەوتنە نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیدارەی سەرۆك ئۆباما واژووی كردبوو، ئەوا دژایەتی خۆی بۆ راگەیاند. كەواتە ترەمپ دەیەوێت ببێتە خاوەنی هەموو دەستكەوت و شانازییەكان، ئەمەش بە مانای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی سەروەختی ئیدارەی ئۆباما و داڕشتنی رێككەوتنێكی نوێ دێت لەگەڵ ئێراندا. واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێش لەگەڵ ئێراندا رێی تێدەچێت و ئەگەری روودانی هەیە و مەحاڵ نییە، بەڵام ئەمە زۆر دژ و پێچەوانەی بۆچوونی شەڕخوازانی نێو پارتی كۆمارییەكانە. هەرچۆنێك بێت پێشبینیكردن زۆر زەحمەتە لەم رووەوە.
* ئەی ئەگەر نییەتێكی جددی و راستەقینە هەبێت بۆ خاوكردنەوەی ئەم گرژییانە و بۆ گرتنەبەری رێگاچارەیەكی ئاشتییانە بۆ دوورخستنەوەی تارمایی شەڕ و كۆتاییهێنان بە ناكۆكی نێوان ئێران و ئەمریكا ئەوا پێویستە یان دەتوانرێت چی بكرێت لەم رووەوە؟
- ئێمە دەزانین كە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا جۆن بۆڵتۆن و وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە مایك پۆمپیۆ بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناوبانگییان بۆ دروست بووە. كەواتە هیچ شتێك ساردیان ناكاتەوە لە هەوڵدان بۆ پەنابردن بۆ گرتنەبەری شەڕ لەگەڵ ئێراندا، لەم رووەوە كێشە راستەقینەكە بوونی ئەم كەسایەتییانە و شەڕخوازە راستڕەوەكانی نێو پارتی كۆماریین. ئێران هەرگیز دامەزراوە سەربازییەكانی رادەستی ئەمریكا ناكات (هەروەك ئەوەی لیبیا لە سەردەم سەرۆك قەزافیدا كردی)، بەڵام ئەگەر دۆخە ئابوورییەكەی بەم شێوەیە درێژە بكێشێت، ئەوا رەنگە سەقامگیری حكومەتەكەی بكەوێتە بارێكی لەرزۆكەوە. ئەمەش ئامانجی سەرۆك دۆناڵد ترەمپە، چونكە ئەمە دەبێتەهۆی بەدەستهێنانی سەركەوتن لە دژی ئێران. ئومێدی من ئەوەیە هاووڵاتیانی ئەمریكا لە رێی دەنگدانەوە دۆناڵد ترەمپ و چەند كۆنگرێسمانێكی پارتی كۆمارییەكان لە دەسەڵات دووربخەنەوە پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت.
* ئێوە لە یەكێك لە وەڵامەكانتاندا باسی كێشەی فەلەستین و ئیسڕائیلتان كرد، كە ئێمە دەزانین ئەمریكا بەم دواییە پێشنیاری سەفقەی سەدەی رایگەیاند بۆ چارەسەركردنی ئەم ناكۆكییەكە، لێكدانەوە و خوێندنەوەی ئێوە چییە بۆ ئەم پرۆژەیەی ئیدارەی ترەمپ و ئایا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ناكۆكیی نێوان ئەمریكا وئێران دەبێت؟
- لە راستیدا تاوەكو ئێستا وردەكارییەكانی ئەم سەفقەی سەدەیە ئاشكرا نەكراوە و نەخراوەتەڕوو. واتە تەنیا قسە و باسە و هیچی تر، هەروك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، بە لانی كەمەوە دوو هۆكار و پاڵنەری سیاسی هەن بۆ ناكۆكیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران، یەكەمیان شەڕخوازی پارتی كۆمارییەكانە و دووەمیشیان لوتبەرزیی سەرۆك دۆناڵد ترەمپە. كەواتە ئەگەر رێككەوتنێك ببێتەهۆی كەمكردنەوەی مەیلی شەڕخوازی پارتی كۆمارییەكان و خۆپەرستی ترەمپ، ئەوا رەنگە تا راددەیەك سەركەوتن بەدەست بهێنێت. بەڵام من لەم رووەوە گەشبین نیم.