دكتۆر محەمەد شاكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: دوای پەسەندكردنی یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی، ئیدی بڕیارەكان بە كەمینە و زۆرینە تێناپەڕن

دكتۆر محەمەد شاكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  دوای پەسەندكردنی یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی، ئیدی بڕیارەكان بە كەمینە و زۆرینە تێناپەڕن
ئاشكرایە كە لە دوای نووسینەوەی دەستووری عێراقەوە، ئومێدی ئەوە لە ئارادا بوو كە ئەم وڵاتە بە واقیعی و بە پشتبەستن بە بڕگە و ماددەكانی ئەم دەستوورە، گۆڕانكاری لە سیستمی حوكمڕانی و لە شێوەی دەوڵەتدا دروست ببێت، واتە عێراق بە فیعلی ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی، بەڵام دواتر دەركەوت كە هەوڵەكان وەك پێویست بەم ئاقار و ئاراستەدا نەچوون. واتە راستە عێراق بە ناو دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە، بەڵام لەم رووەوە كەموكووڕی هەیە و هێشتا پایەكانی ئەم جۆرە سیستمە تەواو نەكراون، بۆ نموونە هێشتا ئەنجومەنی فیدڕاڵی دانەمەزراوە، كە لە دەستووردا ئاماژەی پێ كراوە. پرسی پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنە كە لە ئێستادا هەوڵی تێپەڕاندنی یاساكەی دەدرێت، بووە تەوەری گفتوگۆی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ دكتور محەمەد شاكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.
گەشبینین بە تێپەڕاندنی
یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی


* وەك پەرلەمانتارێك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆژە یاسایەكتان تایبەت بە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی ئامادەكردووە، ئایا دوای تێپەڕبوونی 14 ساڵ بەسەر پەسەندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بۆچی تا ئێستا ئەم ئەنجومەنە دانەمەزراوە؟
- لە راستیدا ئەنجومەنی فیدڕاڵی، باڵی دووەمی دەسەڵاتی یاسادانانە لەپاڵ ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەكو لە ماددەی 48 ی دەستووردا باسی دەكات، كە دەسەڵاتی یاسادانان لە هەریەك لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدڕاڵی پێك دێت، واتا ئەنجومەنی دووەم بەشی دووەمی دەسەڵاتی یاسادانانە، كە بە داخەوە تا ئێستا دروست نەبووە، كە بە پێی دەستوور دەبووایە بەلای كەمەوە دوای خولی یەكەمی پەرلەمانی عێراقدا ئەم ئەنجومەنە دروست بكرایە. ئێستا چواردە ساڵ بەسەر پەسەندكردنی دەستووردا تێپەڕ بووە و فیدڕاڵییەت لەدەستووردا جێگیركراوە، كەچی هەر ئەم ئەنجومەنە دانەمەزراوە، ئەمەش بۆ ئەو عەقڵییەتە دەگەڕێتەوە كە نایانەوێت عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵی بێت، بەڵكو هەر بە مەركەزییەت بمێنێتەوە، ئەوان دەیانەوێت عێراقێكی مەركەزی هەبێت و ئیحتیوای هەرێمی كوردستان بكات، ئەگەرچی لەساڵی 1991 ـەوە تا ساڵی 2003 لەرووی ئەمری واقیعەوە، وەكو دیفاكتۆ هەرێمی كوردستان بوونی هەبووە. بەڵام لەدوای ئەوەی گفتوگۆ بۆ نووسینەوەی دەستووری عێراق كرا، مەرجی هەرێمی كوردستان ئەوە بوو كە عێراق ببێتە وڵاتێكی فیدڕاڵی و هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە، ئەو كات بە تێڕوانینی من بەهۆی بوونی هەرێمی كوردستان وەكو ئەمرێكی واقیع ئەم مەرجەی هەرێمیان قبووڵ بوو و جێگیریشیان كرد، تەنانەت لەدەستووردا باسی رێكارەكانی دروستبوونی هەرێمەكان كراوە، هەرچەندە هەموو هەوڵەكانی بە هەرێمبوونی ئەنبار و سەڵاحەدین و بەسرا، بەبێ بوونی پاساوی یاسایی هەمووی رەتكراوەتەوە. بەشێوەیەكی گشتی عەقڵییەتی مەركەزی بەسەر حكومەتی عێراقدا زاڵە، راستە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێك كراوە، بەڵام فیدڕاڵییەت تا ئێستا لەعێراقدا تەنیا ناوە و وەكو ناوەڕۆك جێگیر نەكراوە، یەكێكیش لە بنەماكانی فیدڕاڵییەت ئەنجومەنی فیدڕاڵییە.
* دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بۆ چەسپاندنی عێراق وەكو دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان تاچەند گرنگە؟
- دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی جگە لەوەی جێبەجێكردنی ماددەیەكی دەستوورییە، هاوكات لەگەڵ بوونی ئەم ئەنجومەنەش بڕیارەكان بەكەمینەو زۆرینە نادرێت، چونكە هەر بڕیار و یاسایەك كە لە پەرلەمانی عێراق دەردەكرێت، پەسەند نابێت، تا لەئەنجومەنی فیدڕاڵی پەسەند نەبێت، ئەگەر تێبینی و ناڕەزایەتی لەسەر ئەو بڕیار و یاسایە هەبێت، دەكرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرلەمان و گۆڕانكاریی پێویستی تێدا بكرێت، ئەگەر هەر ئەوگۆڕانكاری و تێبینییانە وەكو خۆی جێبەجێ نەكرا، ئەو كات پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو یاساو بڕیارانە بدەن، تا پەسەند بكرێت، ئالێرەدا كەمینەو زۆرینە نامێنێت، بەتایبەتی لەسەر ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بەهەرێم و پارێزگاكانەوە هەیە، بەدەستهێنانی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان رێژەیەكی زۆرە و نیمچە كۆدەنگییەكی دەوێت لە نێو پەرلەماندا، بەمشێوەیە هەر بڕیار و یاسایەك لەئەنجومەنی نوێنەران دەربچێت پەسەند ناكرێت تاوەكو بەو ئەنجوومەنەدا تێپەڕ نەبێت كە ژووری دووەمە، ئەمەش وادەكات دووبارە لەم ئەنجومەنە فیدڕاڵیە بڕیارو یاساكان دیراسەت بكرێت و ئەگەر نوێنەری پارێزگایەك ناڕەزایەتی لەسەر هەبوو- كە بەپێی پرۆژە یاساكەی ئێمە چوار ئەنداممان بۆ داناوە- ئەگەر ئەوانە ناڕەزایەتیان هەبوو هۆكارەكەیان دەستنیشان كرد، ئەوە دووبارە یاساكە، یان بڕیارەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. لەم روانگەیەوە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی لە عێراقدا یەكێكە لەخاڵەكانی بەرنامە و بانگەشەی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، دوای ئەوەی وەكو ئەندام پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرام، بیرۆكەی دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی لە هزرمدا هەبوو، دوای شەش مانگ من و پەرلەمانتار رێبوار هادی كارمان لەسەر ئەم پرۆژەیە كردوو ئێستا پرۆژەكە پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە، لە نووسینەوەی ئەو پرۆژە یاسایەشدا پشت بە دەستووری عێراق و ئەزموونە پێشكەوتووەكانی وڵاتانی دنیا بەستراوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە سیستەمی دوو ئەنجومەنیان هەیە، وەكو ئەمەریكا، هەروەها لە بەریتانیا و بەلجیكا و عومانیش هەیە، بۆیە پێمان وایە ئەم پرۆژە یاسایەی ئەنجومەنی فیدڕاڵی لەبەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و سەرجەم پارێزگاكاندایە. مەسەلەیەكی دیكە ئەوەیە كە بێگومان رەچاوی بارودۆخی عێراقیش لە پرۆژە یاساكە كراوە، بەتایبەتی ئەو حوكمڕانییەی كە ئێستا عێراق بەڕێوەدەبات حوكمێكی تەوافوقییە، ئەم رەچاوكردنەی بارودۆخی عێراق بۆ ئەوەیە پرۆژە یاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێندرێت و پەسەند بكرێت، لەسایەی ئەم ئەنجومەنە فیدڕاڵییەوە كە پەسەند كرا، هەرێمی كوردستان كە لە زۆربەی پارێزگا و ناوچەكانی دیكەی عێراق لەرووی ئەمنییەت و خزمەتگوزاریی ئاو و كارەبا و شەقام و رێگاوبانەوە باشتر و پێشكەوتووترە، بەڵام خواستی ئێمە لەمە زیاترە، بۆ ئەوەی هەرێمەكە زیاتر پێش بكەوێت، چونكە حكومەتی فیدڕاڵی تەواوی مافەكانی گەلی كوردستانی نەداوە، زۆر مافی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكان هەیە كە بەغدا نەیداوە، یان بڕیار و یاساكانی لەبەرژەوەندیی ئەواندا دەرنەكردووە، كە دەكرێت لەدوای دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی چیتر بڕیار و یاساكان بەزۆرینە و كەمینە دەرنەكرێت و مافی گەلی كوردستان و پێكهاتەكانی دیكە و پارێزگاكان نەخورێت.
* بەڵام پێت وانییە پرۆژە یاسایەكی لەمجۆرە كە دەستكەوتێكی گەورەیە لەم واقیعە تاڵەی عێراقدا كە هەر بەعەقڵییەتی مەركەزی كار دەكرێت، تێپەڕاندنی لە پەرلەمان زەحمەتبێت؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە، بەو پێیەی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی پێویستیمان بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارانە، كە ئەمە رێژەیەكی زۆر بەرزە كە لەكۆی 329 پەرلەمانتار و دەگاتە 220 پەرلەمانتار، لەگەڵ ئەمەشدا ئومێد و باوەڕێكی باشمان بەوە هەیە پرۆژە یاساكە تێپەڕێندرێت، خۆم قسەم لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان كردووە، كورد هەر هەمووی لەگەڵیدایە و تەنانەت سوننەكانیش لەگەڵ ئەم پرۆژە یاسایەی دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵیدان، لەسەرەتادا زۆرینەی شیعە لەگەڵیدا نەبوون، بەڵام ئێستا شیعەكانیش تا راددەیەكی زۆر لەگەڵیدان و قسەمان لەگەڵ كردوون، بەتایبەتی لەگەڵ فراكسیۆنی سائیرون كە پاڵپشتیی پرۆژە یاساكە دەكەن، كە 54 ئەندام پەرلەمانیان هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا بۆ ئەوەی ئەم پرۆژە یاسایە لە پەرلەمان تێپەڕێندرێت، ئەوا پێویستی بەتەوافوقی سیاسی هەیە، بەتایبەتی كە پرۆژە یاساكە سادە نییە و گرنگە و پێویستی بە لۆبیكردن هەیە، هەربۆیە دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ لایەن و فراكسیۆنەكان بكرێت، من بەنافەرمی قسەم لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی سائیرون و چەند فراكسیۆنێكی دیكەی بچووك كردووە، هەربۆیە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكە ئومێدێكی زۆرهەیە، خۆ ئەگەر لەپاش خوێندنەوەی دووەم گۆڕانكارییش تێدا ئەنجام بدرێت، ئەوا گرنگ ئەوەیە ئەم ئەنجومەنە دابمەزرێت، چونكە ژووری دووەمی یاسادانانە و مافی ڤیتۆی دەبێت.

* بەڵام ئێستا لەلایەن پەرلەمانتارەكانەوە جۆرێك لە موزایەدە دەكرێت و رای گشتیی شەقام دژی هەرێمی كوردستان دەووروژێنرێت، ئایا ئەمە كاریگەریی لەسەر دەرئەنجامی ئەو گفتوگۆ و دانوستانانە نابێت؟
- ئەوەی لەناو پەرلەمانی عێراق و لەلایەن هەندێك پەرلەمانتارەوە دەوترێت، خۆی لەخۆیدا جۆرێكە لەموزایەدە، پەرلەمانتارەكانی عەرەب دەنگیان لەسەر یاسای بودجە داوە، كە ئەگەر نەوتەكە تەسلیمیان كرا، ئەوا حكومەتی عێراق پێویستە مووچە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات و بودجەكەی هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی بنێردرێت، بەپێچەوانەوە تەنیا مووچە دەنێردرێت. واقیع و ماددە یاساییەكە زۆر روونە، راستە ئەوان ئەم مەسەلەیە دەروژێنن و هەرایەك دروست دەكەن، بەڵام ئەمانە موزایەدەیە لەبەرچاوی كامێراكانەوە، ئەگەرنا خۆیان باش واقیعەكە دەزانن. تەنانەت ئەگەر (د. فوئاد حوسێن)ی وەزیری دارایش موسائەلە بكات هیچ كێشەیەكی نییە، چونكە بەڕێزیان دەقاودەق یاسای بودجەی جێبەجێ كردووە، كە لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دراوە، تەنانەت دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كاتێك پرسیاریان لێكرد، بەروونی وەڵامی دانەوە و رایگەیاند: «ئەوەی ئێستا روودەدات جێبەجێكردنی یاسای بودجەیە و هیچ پێشێلكردنێكی تێدا نییە». بەداخەوە هەندێك پەرلەمانتاری كورد بۆ موزایەدە چوون شكاتیان لە حكومەتی هەرێم كوردستان كرد، بەوەی نەوت رادەستی حكومەتی فیدڕاڵ ناكات، لە كاتێكدا ئەوان خۆیان دەنگیان لەسەر یاسای بودجە داوە، بەداخیشەوە بۆ ئەو پەرلەمانتارانە زۆر ناشیرینە كە ئەم كارە بكەن، چونكە ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین كە حكومەتی فیدڕاڵی بڕیار بدات لەم بارەیەوە، ئەوا دەرئەنجامەكەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبێت، خۆ رەنگە ئەوان بڵێن هۆكارەكە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم نەوت رادەست ناكات، بەڵام لە دەرئەنجامدا ئەم كارەی ئەوان دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانە.
Top