توزۆن باهچەلی تایبەتمەندی كاروباری توركیا بۆ گوڵان: پەیوەندییەكان توركیا و هەرێمی كوردستان بەرەوپێشتر دەچێت ئەگەر لە ناوخۆی توركیا كار لەسەر چارەسەركردنی پرسی كورد بكرێت

توزۆن باهچەلی تایبەتمەندی كاروباری توركیا بۆ گوڵان:  پەیوەندییەكان توركیا و هەرێمی كوردستان بەرەوپێشتر دەچێت ئەگەر لە ناوخۆی توركیا كار لەسەر چارەسەركردنی پرسی كورد بكرێت
نكۆڵی لەوە ناكرێت كە توركیا وڵاتێكی گەورە و خاوەن كاریگەریی گەورەیە لە ناوچەكەدا، كە هەوڵیداوە نەك كاروبارەكانی لە ناوخۆدا رێكبخاتەوە، بەڵكو ویستوویەتی رۆڵێكی گەورە و كاراتر ببینێت لە رووداو و پێشهات و پەرەسەندنەكانی وڵاتانی ناوچەكەدا، هەروەها لە ماوەی رابردوودا كاری كرد لەسەر گرتنەبەری پرەنسیپ و سیاسەتێكی دیاریكراو لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكانیدا كە ناوزەدی كردبوو بە سیاسەتی سفر كێشە لەگەڵ دراوسێكاندا، ئەم پرسانە و بابەتی پەیوەندیی توركیا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و بەتایبەتی ئەگەری بە ئەندامبوونی توركیا لە نێو ئەم یەكێتییە، هەروەها ئەو تەنگژەو قەیرانەی لە پەیوەندییەكانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا دروست بووە، بەتایبەتی لە دوای بڕیاری توركیا بۆ كڕینی سیستمی مووشەكی بەرگری لە رووسیا و كاردانەوە و رێكارە تۆڵەكارییەكانی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەر ئەم بڕیارەی توركیادا، هەموو ئەمانە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ توزۆن باهچەلی كە خاوەن بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كە لە سكووڵی لەندەن بۆ ئابووری بەدەستی هێناوە. توزۆن باهچەلی لە ئێستادا پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە كۆلێژی شاهانە لە شاری لەندەن كە دەكەوێتە هەرێمی ئۆنتاریۆ لە كەنەدا و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ناوچەی بەلقان. لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا چەندین توێژینەوەی لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی توركیا و ناكۆكیی پەیوەندیدار بە قوبرسەوە ئەنجام داوە.
* ئاشكرایە كە توركیا دەوڵەتێكی گەورە و خاوەن سەنگ و قورساییە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێوە وەك كەسێكی شارەزا و تایبەتمەندی كاروباری توركیا چۆن لە سەركەوتن و شكستەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە دەڕوانن؟ ئایا پێت وایە چارەنووسی پرەنسیپ و سیاسەتی سفر كێشە لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكاندا چی بەسەر هاتووە؟
- لە ساڵانی سەرەتای گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵاتی حكومەتەوە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە، توركیا چەندین سەركەوتنی دیاری و بەرچاوی تۆمار كرد لە بواری پەیوەندییە دەرەكییەكاندا، هەم لە ناوچەكە و هەروەها لە ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش. لە دەرئەنجامدا و لە رووی واقیعییەوە پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ سەرجەم دەوڵەتە دراوسێكاندا بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینی، تەنیا چەند حاڵەتێكی كەم نەبێت، وەك پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەرمینیا و كۆماری قوبرسی یۆنانی. خۆ ئەگەر ئەم پرسە گرێ بدرێتەوە بە پرەنسیپی سفر كێشە لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكاندا، ئەوا دەتوانین بڵێین هەندێ لە گەورەترین بەرەوپێشچوونەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی توركیاوە بریتی بوو لە باشتربوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی بەشار ئەل ئەسەد لە سووریا و لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا. بەرەوپێشچوونەكانی پەیوەندییەكانی توركیاش لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هاوكات بوو لەگەڵ دووبارە هەوڵدان لە ناوخۆی توركیادا لە پێناو گەیشتن بە رێگاچارە و چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی كورد لەو وڵاتەدا. سەرۆك وەزیرانی توركیاش (كە دواتر بووە سەرۆك كۆمار) رەجەب تەییب ئەردۆغان رەوتی پەیوەندییەكانی توركیای لەگەڵ وڵاتی سووریادا گۆڕی لە پەیوەندی دۆستانەوە بۆ پشتیوانیكردن لە رووخاندنی دەسەڵاتەكەی لە دوای ئەوەی لە چوارچێوەی بەهاری عەرەبیدا تەحەددی بۆ دەسەڵاتەكەی بەشار ئەل ئەسەد دروست بوو. كە دواتر دەركەوت ئەمەش هەڵەیەك بوو كە بە گرانی لەسەر توركیا راوەستا، لەبەر ئەوەی توركیا ناچار بوو سەرچاوەیەكی زۆر و بەرچاو تەرخان بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرئەنجام و ئاكامەكانی دۆخی سووریا، بەتایبەتی كە گرووپە بەرهەڵستكارەكانی سووریا نەیانتوانی دەسەڵاتی ئەسەد بڕووخێنن. هەروەها حكومەتەكەی ئەردۆغان هەستی كرد رووبەڕووی مەترسییەكی تایبەت بۆتەوە بەهۆی سەرهەڵدان و دروستبوونی قەوارەیەكی كوردی سەربەخۆ لە وڵاتی سووریادا و لەسەر سنوورەكانی توركیا، لەم رووەوە هەوڵیدا سەركەوتنەكانی كورد لەو وڵاتەدا لەبار بەرێت. ئەم سیاسەتە بەدبەختانەی توركیا لە ئاست سووریادا دەرهاویشتە و دەرئەنجامی سلبی و خراپی لێكەوتەوە لەسەر پەیوەندییە دەرەكییەكانی توركیا. ئەوە بوو هەردوو وڵاتی رووسیا و ئێران- وەك دراوسێیەكی توركیا- سەرچاوەیەكی زۆریان تەرخان كرد بۆ پشتیوانیكردن و پاراستنی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەل ئەسەد. ئەمەش پەرەسەندنێكی پێشوازی لێ نەكراو بوو بۆ توركیا و لە دەرئەنجامدا بووە هۆی بارگرژكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاران و مۆسكۆدا. هەروەها توركیا ناچار بوو كە مامەڵە لەگەڵ قەیران و تەنگژەیەكی گەورە- ئەگەرچی كورتخایەنیش بوو- بكات لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ رووسیادا، ئەویش كاتێك هێزی ئاسمانیی توركیا فڕۆكەیەكی جەنگیی رووسیای خستەخوارەوە كە بۆ ماوەیەكی كورت چووبۆوە سنووری ئاسمانی توركیاوە. تەنانەت پەیوەندییەكانی ئەنقەرە لەگەڵ واشنتۆن زیانی گەورەتری پێگەیشت، كاتێك ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی باراك ئۆباما بڕیاری دا كە كار لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەلدا بكات – كە گرووپێكی كوردییە-، ئەویش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی شەڕی دژ بە داعش كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركردایەتی دەكرد. ئەوە بوو یەكینەكانی پاراستنی گەل لەلایەن توركیا و لایەنەكانی دیكەوە بە لقێك لە پارتی كرێكارانی كوردستان –پەكەكە- هەژمار دەكران، ئەو گرووپە چەكدارەی كە بۆ چەندین ساڵە خەباتێكی توندوتیژی بەرپاكردووە دژ بە دەوڵەتی توركیا. كەواتە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا سیاسەتی «سفر كێشەی توركیا لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكاندا» كۆتایی هاتووە.
* ئێوە ئاماژەتان بە پەرەسەندنەكانی سیاسەتی دەرەوەی توركیا كرد، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە دەوڵەتە دراوسێكان و سیاسەتی سفر كێشەوە، ئەی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەتان چییە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا؟ ئایا رەوایە بڵێین: توركیا بە یەكجارەكی دەستی هەڵگرتووە لە ئەگەری ئەندامبوون لە یەكێتی ئەوروپادا، یان دەتوانین بڵێین ئەمە ئەگەرێكی دوورە بەلای كەمەو لە ئایندەیەكی نزیكدا؟
- لە ساڵانی سەرەتای یەكەم ئیدارەی پارتی داد و گەشەپێداندا (2002-2007) پەیوەندییەكانی تێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا پێشكەوتن و بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینی، ئەویش كاتێك ئەنقەرە چەندین هەنگاوی دیموكراتییانەی هەڵگرت لە پێناو بەرەوپێشبردنی هەوڵەكان بە ئاراستە و ئاقاری ئەندامبوون لە یەكێتی ئەوروپادا. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندییەكان ئاڵۆزی و بارگرژییان تێكەوت، كاتێك توركیا دەستی لە چاكسازییە سیاسییەكان هەڵگرت و ئەوە بوو كە هەندێ لە سەركردە سیاسییە سەرەكییەكانی یەكێتی ئەوروپا لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئاماژەیان بەوە كرد كە پاڵپشتی ئەندامبوونی تەواوی توركیا ناكەن. كەواتە ئەگەر لەسەر بنەمای كردار و هەنگاوەكانی سەرۆك رەجەب تەییب ئەردۆغان و گوتارەكەی كە دژ بە یەكێتی ئەوروپایە، حوكم بدەین، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەردۆغان دەستی لە ئامانجی بوون بە ئەندامبوون لە یەكێتی ئەوروپا هەڵگرتووە. هەروەها هیچ ئەگەرێك نییە كە توركیا ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لە ئایندەیەكی نزیكدا. لە راستیدا زۆرێك لە چاودێرە شارەزاكان پێیان وایە توركیا هەرگیز نابێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا.
* ئەوەی پەیوەست بێت بە پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و توركیاوە، ئەوا دووبارە ئەم دوو دەوڵەتە دوچاری ناكۆكی و بارگرژی بوونەتەوە، دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا بڕیارێكی بێ پێشینەی دەركرد بۆ دوورخستنەوەی توركیا لە پرۆگرامی دروستكردنی فرۆكەی جەنگیی f35 وەك رێكارێكی تۆڵەسەندنەوە لەبەرامبەر بڕیاری توركیا بۆ كڕینی سیتمی مووشەكی بەرگری رووسی s400 سەرەڕای بەرهەڵستییەكانی ئەمریكا لەو بارەیەوە راتان چییە؟
- بۆ ماوەیەكی زۆرە پەیوەندییەكانی توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرەو داكشان چووە. بڕیاری ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ هەڵپەساردنی توركیا لە پرۆگرامی دروستكردنی فڕۆكەی جەنگیی f35 وەك تۆڵەكردنەوەیەكە بۆ بڕیاری ئەنقەرە بە كڕینی سیستمی مووشەكی بەرگریی رووسی و بەرجەستەكاری پاشەكشەیەكی گەورەیە لە پەیوەندییەكانی توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. خۆ ئەگەر ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ هەنگاوی گەورەتری تۆڵەكردنەوە لە دژی توركیا بگرێتەبەر، هەروەك ئەوەی لە یاسای كۆنگرێسدا هاتووە، ئەوا پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا بە چەشنێك زیانی پێ دەگات كە قابیلی چارەسەركردن نەبێت.
* ئەی چۆن لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان دەڕوانیت، كە ئاشكرایە ماوەیەكی زۆرە پەیوەندییەكی تایبەت و بەرەوپێشچوو هەیە لە نێوانیاندا؟ ئایا پێشبینی دەكەن ئەم پەیوەندییانە پتر بەرەوپێش بچن؟
پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا بە راددەیەكی گەورە بەرەوپێش دەچێت، ئەگەر بێت و حكومەتی داهاتووی توركیا هەنگاوی گەورە هەڵبگرێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی كورد لە نێو خۆی وڵاتەكەیدا.
Top