جێفریڤاندێن بێرگ سەرۆكی بەشی زانستی سیاسی و بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی دروری بۆ گوڵان: بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران مەترسیدارن

جێفریڤاندێن بێرگ سەرۆكی بەشی زانستی سیاسی و بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی دروری بۆ گوڵان:  بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران مەترسیدارن
ئاشكرایە كە لە دوای بڕیاری ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا و دووبارە سەپاندنەوەی سزا ئابوورییەكان و چڕكردنەوەی هەڵمەتەكانی لە دژی ئەو وڵاتە، دۆخێكی پڕ لە بارگرژی دروست بووە كە زۆر كەس بە نیگەرانییەوە لەم پەرەسەندنانە دەڕوانن و باس لە ئەگەر و مەترسیی هەڵكشانی زیاتری ئەم ئاڵۆزییانەش دەكرێت، هەموو ئەمانە چەند پەرەسەندن و پێشهاتێكن كە جێگەی هەڵوێستە و تێڕامانن و پێویستیان بە شرۆڤەكاری زیاترە، بۆ لێكدانەوە و خوێندنەوەی ئەم بارودۆخە و تاوتوێكردنی ئەگەر و ئاراستەكانی، هەروەها بۆ تاوتوێكردنی رێگاچارەكانی خاوكردنەوەی ئەم گرژییانە و رەواندنەوەی ئەگەرەكانی زیاتر هەڵكشانی ئەم دۆخە گوڵان دیمانەیەكی ئەنجامدا لەگەڵ جێفری ڤاندێن بێرگ كە سەرۆكی بەشی زانستی سیاسی و بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی دروری، هەروەها وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی دەرەوە و سیاسەت لە رۆژهەڵانی ناوەڕاست. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.
* هەروەك ئاشكرایە لە ئێستادا و بەشێوەیەكی گشتی دۆخێكی نالەبار باڵی بە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشاوە، كێشە و قەیرانەكانی ئەم ناوچەیە سەخت و دژوارن، بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە پرسیاری لەبارەوە بكەین، بریتییە لە بارگرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- بە تێڕوانینی من ئەم گرژییانەی حاڵی حازر بوونیان هەیە لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێراندا، تا دواڕادە مەترسیدارن و لە هەمان كاتدا پاساویان نییە. لە راستیدا ئەم قەیرانە بەهۆی بڕیارێكی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە دروست بوو، كە ئەویش بریتی بوو لە پێشێلكردنی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا كە دواتر بە شێوەیەكی تاكلایەنە سزای بەسەر ئەو وڵاتەشدا سەپاندەوە. ئەوەی جێی داخە، كە رەنگە بتوانین بڵێین ئەمە پێشبینیكراویش بوو، كاردانەوە و پەرچەكرداری ئێران بووە لەوەی بە شێوەی هەنگاوبەهەنگاو رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر بكات و لەم رووەشەوە ئەو سنوورەی تێپەڕاند كە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا دیاری كراوە، و بگرە لە رووی سەربازییەوە هەنگاوی ئیستفزازیش بگرێتەبەر وەك دەست بەسەرداگرتنی كەشتییەكی بارهەڵگری بەریتانا.
* هەروەك ئێوە ئاماژەتان پێكرد، ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوە و دووبارە سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، كە ئەم ئیدارەیە ئێستا دەیەوێت بە هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار، ئێران بخاتە ناچاركردنەوە، كە پێی دەوترێت دیپلۆماسییەتی ناچاركردن، بەڵام ئەو رەخنەیەی لەم رێچكەیە دەگیرێت، ئەوەیە كە ئەمە زیاتر ناچاركردنە وەك لەوەی دیپلۆماسییەت بێت، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من هاوڕام لەگەڵ ئەو لێكدانەوەیەی كە پێی وایە سەرجەم هەڵمەتەكەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ- بە ناوی هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار- بریتییە لە ناچاركردن، بە بێ ئەوەی هیچ لایەن و توخمێكی جددیی دیپلۆماسی لەخۆبگرێت. ئێمە دەزانین ئیدارەی كۆشكی سپی چەند داواكارییەكی خستەبە بەردەم ئێران كە خودی ئەم ئیدارەیە دەزانێت ئێران قبووڵیان ناكات، لەم روانگەیەوە پێم وایە ئامانجە سەرەكییەكەی ئیدارەی ئەمریكا بریتییە لە ئیفلیجكردنی حكومەتی ئێرانی.

* ئێوە باس لەوە دەكەن كە ئامانجی راستەقینەی ئیدارەی ئەمریكا بریتییە لە پەكخستنی حكومەتی ئێرانی كە ئاشكرایە سزا ئابوورییە سەپێندراوەكانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە كێشە و دژوارییەكی دارایی گەورەی لە نێو ئێراندا دروست كردووە، ئایا پێت وایە ئەم سزا سەختانە ئێران ناچار بە ئەنجامدانی سازشی قورس بكەن، بەتایبەتی كە ئابووریی ئەو وڵاتە لەژێر بارگرانییەكی گەورەدایە؟
- ئەوە ئەگەرێكی دوورە كە حكومەتی ئێران سازش بكات لە بەرامبەر داواكارییەكانی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا، بە چاوپۆشین لە سەختی و دژوارییە ئابوورییەكان. بەداخەوە، سیاسەتەكانی ئیدارەی ئەمریكا بوونەتە هۆی بەهێزكردنی هەڵوێستی كەسە سەختگیرەكانی نێو ئێران كە هەر لە بنەڕەتدا دژایەتی و بەرهەڵستیی خۆیان بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە راگەیاند و لەبری ئەوە پشتیوانی لە رێچكەی بەرەنگاربوونەوە دەكەن لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا. لەلایەكی دیكەوە ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ستراتیژیەتی ئێران لەوەدا چڕ دەبێتەوە كە هەوڵی دروستكردنی درزێك دەدات لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپادا و هەوڵ دەدات بە دەر لە ئەمریكا پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیكە دروست بكات لە پێناو بەدەستهێنانی دەستكەوتی ئابووریدا. ئێمە دەبێت چاوەڕوان بكەین و ببینین ئایا ئەم پەرەسەندنانە بە چ ئاراستەیەكدا دەچن، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە پێدەچێت كار و كردەوە ئیستفزازییەكانی ئێران لە ناوچەی كەنداودا و لە دژی بەرژەوەندییەكانی بەریتانیا دەرئەنجامی پێچەوانەی لێبكەوێتەوە. وا دەردەكەوێت كە ئامانجی پشت ئەم كردەوەیەی ئێران ئەوە بێت كە قەیرانەكە بەرەو هەڵشكانی زیاتر ببات و یەكێتیی ئەوروپا ناچار بكات، كارێك ئەنجام بدات، بەڵام وا دیارە كە ئەم كارەی ئێران هاوسۆزی زیاتر بۆ هەڵوێستی ئەمریكا زیاتر بكات، بەو پێیە پێدەچێت ئێران كەوتێبتە تەڵەكەی ئەمریكاوە.

* باشە ئێمە دەزانین كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رێچكەیەكی دیاریكراو لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا دەگرێتەبەر بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی كە هاوشێوەی كاری بازرگانی و بزنسە، بەڵام ئەوەی لەم رووەوە جێی سەرنجە و بگرە جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە شێوازی مامەڵەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە كە دەیەوێت رێككەوتنێكی گشتگیر و هەمەلایەن لەگەڵ ئێراندا بكات كە لایەنەكانی دیكەی بەدەر لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەش بگرێتەوە، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئێوە هیچ دژیەكییەك لەمەدا بەدی ناكەن؟
- هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ جددیی نییە لە گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێراندا. لەبری ئەوە، هەوڵی ئەوە دەدات خۆی وا بخاتەڕوو كە كراوەیە بە رووی ئەگەر و دەرفەتە دیپلۆماتییەكاندا، لە كاتێكدا واقیعەكە ئەوەیە كە ئەوان دەزانن ئەو مەرج و داواكارییانەی دەیخەنەڕوو، قابیلی قبووڵكردن نیین لەلایەن حكومەتی ئێرانییەوە.
* باشە لە نێوەندی ئەم هەموو گرژی و ئاڵوزی و بێ متمانەییەدا دەكرێت و پێویستە چی بكرێت بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكان و هێوركردنەوەی دۆخەكە، یان ئەوەتا پەرەسەندنەكە بە چەشنێكن كە چیتر ئەم ئەگەرە لە ئارادا نەماوە و هەردوو وڵات بە شێوەیەكی حەتمی لە سەر رێڕەوی پێكدانن، بەتایبەتی كە ئێران رایگەیاندووە لە پرۆسەیەكی هەنگاو بە هەنگاودا پابەندبوونەكانی خۆی بە رێككەوتنەكە كەم دەكاتەوە؟
- لەم ساتەوەختەدا باشترین ئومێدێك كە بتوانین هەمان بێت ئەوەیە كە مەیلی شەخسی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ خۆبەدوورگرتن لە هەر پابەندبوونێكی سەربازی زاڵ بێت بەسەر گوتاری توندی كەسانی دەوروبەری، وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، جۆن بۆڵتۆن. لە هەمان كاتدا ئێرانیش پەنا نەباتەبەر گرتنەبەری هەنگاوێك كە دەكرێت لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكرێتە بیانوو و پاساوێك بۆ گرتنەبەری كردەوەیەكی سەربازی. دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكان و فڕاندنی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان، بە شێوەیەك كە پێشێلكاری لەخۆبگرێت، بۆ نێو ئاوە نێودەوڵەتییەكان و كردەوەكانی دیكەی ئێران هەموویان بیانوو دەدەنە دەست ئەمریكا بۆ پاڵپشتیكردن لە هەڵگیرساندنی ناكۆكی، كە هەموو ئەم كردەوانەش دەرئەنجامی نەخوازراویان لێدەكەوێتەوە لە پەیوەندی بە پشتیوانیی ئەوروپاوە بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە.

* مەسەلەیەكی دیكە كە جێی سەرنجە لە شێوازی كاركردنی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەكارهێنانی پاداشت و دەستكەوتی ئابوورییە بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی كێشە و ناكۆكییەكان لەم ناوچەیەدا، هەروەك ئەوەی لە دەستپێشخەریی ئابووری ئەم دواییەی ئیدارەی ئەمریكادا، لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت: «سەفقەی سەدە»، خرایەڕوو بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، تێڕوانینی ئێوە چییە لەم رووەوە و ئایا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەبێت؟
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە ئەوەی پێی دەوترێت سەفقەی سەدە، هیچ دەرئەنجام و كاریگەرییەكی لێناكەوێتەوە لەسەر خاوكردنەوە و هێوركردنەوەی بارگرژییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێراندا. بەڵكو ئەم دەستپێشخەرییە كاریگەری و دەرئەنجامێكی تەواو پێچەوانەی لێ دەكەوێتەوە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی كە ئامانجی سەرەكیی پلانەكە بریتییە لە نەهێشتنی كێشەی فەلەستین وەك ئاستەنگێك لەبەردەم هاوكاریی زیاتری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی (بە سەركردایەتیی عەرەبستانی سعودیە) بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران.
Top