پڕۆفیسۆر ئیتان گیلبوا بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندیی نێودەوڵەتی لە زانكۆی بار-ئیان بۆ گوڵان: ئەمریكا خوازیارە ئەوروپاش سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت

پڕۆفیسۆر ئیتان گیلبوا بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندیی نێودەوڵەتی لە زانكۆی بار-ئیان بۆ گوڵان:  ئەمریكا خوازیارە ئەوروپاش سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت
ئیتان گیلبوا پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندیی نێودەوڵەتییە لە زانكۆی بار-ئیان لە ئیسڕائیل. خاوەنی چەندین كتێب و وتار و توێژینەوەیە لەبارەی دیپلۆماسییەتی گشتی، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها پرۆفیسۆر و توێژەر بووە لە چەندین زانكۆی ئەمریكی و ئەوروپی. لە هەمان كاتدا لە چەندین وڵات راوێژكاری چەندین وەزارەت و دامەزراوە بووە. بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندی بە گرژییە بارهەڵكشاوەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئێران و بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران رایگەیاند كە ئاستی پابەندبوونەكانی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە كەم دەكاتەوە، هەروەها بۆ شرۆڤەكردنی كاردانەوەی ئەوروپا لە ئاست ئەم كارەی ئێران و ئەگەری دووبارە سەپاندنەوەی سزاكانیان بەسەر ئێراندا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.
* چۆن لە دۆخی ناوچەكە دەڕوانیت، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە گرژیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێرانەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێران بە فەرمی ئاستی پابەندبوونی خۆی بە رێككەوتنە ناوكییەكەوە راگەیاندووە؟
- من پێم وایە ئامانجی ئەم هەنگاوە ئیستفزازییەی ئێران زیاتر ئەوروپایە، نەك خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، واتە ئەوەی ئێران خوازیارێتی ئەوروپا ئەنجامی بدات، بریتییە لە سنوورداركردنی ئەو سزایانەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەپاندوونی بەسەر ئەو وڵاتەدا، ئەوەتا ئێران رایدەگەیەنێت كە ئەوروپا لە ئاست پابەندبوونەكانی خۆیدا نەبووە و وەك پەرچەكردارێكیش، یان وەك دەرئەنجامی ئەم حاڵەتەش ئێران پابەند نابێت بە رێككەوتنە ناوكییەكەوە. كەواتە ئێستا ئێران پێشێلی ئەم رێككەوتنە دەكات لە ئاست ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی كە واژوویان لەسەر ئەو رێككەوتنە كردووە. ئێمە دەزانین ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا لەم رێككەوتنە كشایەوە و پەیوەندی بەم رێككەوتنەوە نەماوە. بەڵام لە هەمان كاتدا ئەمریكا رایگەیاندووە كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ئێران ببێتە هێزێكی ئەتۆمی، هەروەك بەم دواییە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند كە ئێران یاری بە ئاگر دەكات.
* ئەی پێت وایە ئێران چۆن بڕیارێكی لەم چەشنە دەدات و ئایا مەترسیی ئەوەی نییە كە كاردانەوە و پەرچەكرداری زیاتری رووبەڕوو ببێتەوە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە؟
- ئێران باوەڕی وایە كە سەرۆك ترەمپ پەنا ناباتەبەر بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی وڵاتەكەی، ئەم بۆچوونەش پشتڕاست بووەتەوە بە ددانپێدانانی خودی ترەمپ كاتێك رایگەیاند كە بەر لە چەند خولەكێك لە ئەنجامدانی هێرشێكی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ئێران، بڕیاری هێرشكردنەكەی هەڵوەشاندووەتەوە، كە بڕیار بوو وەك كاردانەوەیەك لە دژی ئێران لە بەرامبەر خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی سیخوڕیی ئەمریكا لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام بدرێت، كە چەند هەفتەیەك پێش ئێستا رووی دا. لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئێران پێی وایە دەتوانێت كاری ئیستفزازی بكات لە دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لە دژی ئەوروپا و دەتوانێت رێككەوتنامە ئەتۆمییەكە پێشێل بكات، بە بێ ئەوەی رووبەڕووی هیچ كاردانەوەیەك ببێتەوە، لەبەر نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا و لەبەر ئەوەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ نایەوێت پەنا بباتە بەر بەكارهێنانی هێز لە دژی ئێران.
* باشە ئێوە چۆن لەم پەرەسەندنە دەڕوانن و پێتان وایە ئەم دۆخە ناوچەكە بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەبات؟
- من پێم وایە ئەمە بارودۆخێكی مەترسیدارە هەم بۆ ئێران و هەم بۆ خودی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە لەمەودوا هەر حیساباتێكی هەڵە، یان با بڵێین هەر كردەوەیەكی سەربازیی ئێران لە ناوچەی كەنداودا كاردانەوە و تۆڵەكردنەوەی بەدوادا دێت لەلایەت سوپای ئەمریكاوە، چونكە چیتر سەرۆك ترەمپ ناتوانێت بێ هەڵوێست، یان بێدەنگ بێت لە ئاست هەر هێرشێكی دیكەی راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆی ئێران لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەڵوێستی ئەوروپا ئەوا ئەوروپا لە ئێستادا زۆر نیگەرانە لە ئاست ئێراندا و رەنگە هەنگاو هەڵبگرێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، لەبەر ئەوەی ئەوروپا گوزارشتی لە بەرهەڵستی خۆی كردووە بۆ ئەم هەنگاوەی ئێران و رایگەیاندووە كە ئێران واژووی لەسەر رێككەوتنەكە كردووە و دەبێت پێوەی پابەند بێت، ئەگەرچی ئەمریكاش لەو رێككەوتنە كشاوەتەوە. كەواتە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پێشێلكردنی ئەم رێككەوتنە و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد بكات، بە چەشنێك كە نزیك بێتەوە لە ئامادەكردنی كەرەستەكانی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، ئەوا ئەوروپاش كاردانەوەی دەبێت و سزای خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت. ئەگەر ئەمەش رووبدات، ئەوا ئەم سزایانە و سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكا دەبنەهۆی زیانگەیاندنێكی راستەقینە بە ئابووریی ئێران. كەواتە هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئێمە پێ دەنێینە قۆناغێكی هەستیارەوە كە خودی ئێران رایگەیاندووە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە پێشێل دەكات و رەنگە ئەمەش ئەوروپا ناچار بكات كە رابگەیەنێت لەبەر ئەوەی چیتر ئێران پابەند نابێت بەم رێككەوتنەوە، ئەوا ئێمەش ناچار نین، پێوەی پابەند بین. كەوابێت ئێران گەمەیەكی مەترسیدار دەكات و رەنگە هەنگاوەكانی ئێران بارگرانییەكی زیاتری ئابووری لەسەر شانی هاووڵاتییانی ئێران دروست بكات.
* لەسەر بنەمای ئەوەی ئاماژەتان پێكرد، ئایا دەتوانین بڵێین رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بە فیعلی كۆتایی هاتووە؟
- بەڵێ من باوەڕم وایە، لەبەر ئەوەی خودی ئێران رایگەیاندووە كە رێككەوتنی ئەتۆمی پێشێل دەكات، پێدەچێت ئەم رێككەوتنە كۆتایی هاتبێت، دەرئەنجامەكەش ئەوە دەبێت كە ئێران دەستی واڵا دەبێت نەك تەنیا بەردەوام بێت لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵكو پەرە بدات بە پێكهاتە و بەشەكانی دیكەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی و ئەو كاتەش رێگەنادات پشكنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی بكرێت لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان، یان ئاژانسی جیهانیی وزەی ئەتۆمی. كەوابێت رەنگە ئێران پەرە بە توانا ئەتۆمییەكانی دیكە بدات لە پێناو دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی لە كۆتاییدا.
* ئەی پێت وایە ئەگەری ئەوروپاش سزای خۆی بەسەر ئێراندا بسەپنێت، ئەوا ئەو وڵاتە ناچار دەبێت بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بگەڕێتەوە؟
- من پێم وایە تاوەكو سزاكان لەسەر ئێران سەختتر بن، ئەوا ئێران پتر ناچار دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ پرۆسەی گفتوگۆ و بۆ واژوكردنی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی. دواتر ئێمە دەزانین كە سەرۆك ترەمپ چەند جارێك رایگەیاندووە كە ئەو خوازیاری ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەگەڵ ئێراندا لە پێناو گەیشتن بە رێككەوتنێكی دیكەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا كە رێككەوتنێكی كارا بێت و رێگە لە ئێران بگرێت، تاوەكو نەتوانێت چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەوەی دەبێت لەم رووەوە لەبەرچاوی بگرین، ئەوەیە كە ئێران كۆریای باكوور نییە، ئێمە دەزانین ئەمریكا لە ئاست كۆریای باكووردا رێگاچارەی ئاشتەوایی گرتەبەر و سەرۆك ترەمپ لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتەدا كۆبۆوە و هەوڵیدا بگاتە رێككەوتنێكی هەمەلایەن و گشتگیر لەگەڵیدا، بەڵام لە ئاست ئێران ئەمریكا رێگاچارەیەكی زۆر جیاوازی گرتۆتەبەر، بۆ نموونە ئەو ئۆفەرەی نەخستۆتە بەردەم وڵاتی ئێران كە بۆ كۆریای باكووری پێشنیاری كردووە، بەڵكو لە ئاست ئێران لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوە و سزای زۆر سەختی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند. دواتر ئێمە دەزانین كە هێشتا ئێران چەكی ئەتۆمی نییە، بە پێچەوانەی كۆریای باكوورەوە كە خاوەنی ئەم چەكەیە. هەرچۆنێك بێت ئێستا ئەمریكا ئومێدی ئەوە دەكات كە بە پێشێلكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەلایەن ئێرانەوە، رێگا خۆش بێت بۆ ئەوەی ئەوروپاش سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت و لە ئەنجامدا دەسەڵاتدارانی ئێران ناچار بن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. كێشەكە ئەوەیە لە ئێستادا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێی ناوەتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش پێیان وایە كە رەنگە سەرۆك ترەمپ هەڵبژاردنەكان بدۆڕێنێت و كاندیدی پارتی دیموكراتەكان سەركەوتن بەدەست دەهێنن و ئەم پارتەش رایگەیاندووە كە دووبارە بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا دەگەڕێتەوە، لەم روانگەیەشەوە حیساباتی ئەوە دەكەن كە ئێران بتوانێت بەرگەی ئەم فشار و سزا ئابوورییانە بگرێت تاوەكو تشرینی دووەمی ساڵی 2020.
* هەر لە پەیوەندی بە بەكارهێنانی پرسی ئابووری بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەی دەبینین سەرۆك ترەمپ پڕۆگرامی پەرەپێدانی ئابووری پێشنیار دەكات- ئەوەی پێی دەڵێن سەفقەی سەدە- بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان فەلەستین و ئیسڕائیل، ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟
- سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پێی وایە لە رێی خستنەڕووی پرۆگرامێكی گەورەی گەشەپێدانی ئابوورییەوە بۆ فەلەستینییەكان دەتوانێت زەمینە خۆش بكات بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا، واتە ئەو باوەڕی وایە كە دەبێت وەك هەنگاوی یەكەم كار لەسەر مەسەلە ئابوورییەكە بكرێت و دواتر هەنگاو بنرێت بۆ كێشە سیاسییەكان، بەڵام ئێمە دەزانین هەمیشە دەرفەتی لەدەستچوو هەبووە لە پەیوەندی بەم ناكۆكییەكەوە. هەروەها بە تێڕوانینی من ناكرێت هەردوو رەهەندە سیاسی و ئابوورییەكە لێك جیا بكرێنەوە لەم ناكۆكییەكەدا و لەم روانگەیەوە پێم وایە رەنگە كاركردن لەسەر پرسی پەرەپێدانی ئابووری وەك هەنگاوی سەرەتا و هەنگاوهەڵگرتن بۆ رێككەوتنی سیاسی وەك قۆناغی دووەم سەركەوتوو نەبێت.
Top