دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم: ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان دۆخەكە بۆ كاری وەبەرهێنان لە هەموو كات لەبارترە
July 9, 2019
دیمانەی تایبەت
هاتنی شاندێكی باڵای ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و بە یاوەریی دەیان وەبەرهێن و بیزنسكارو گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە، ئاماژە و پەیامێكی گرنگ بوو، بەوەی ئەمریكا و جیهان بە گرنگییەوە دەڕواننە هەرێمی كوردستان. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرێكی پەیوەندیداری دیكەی تایبەت بە ئاسۆی كرانەوەی كوردستان بە رووی دەرەوە، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم كرد، ئەویش بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* هەموو نیشانە و ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن، كە هەرێمی كوردستان پێشڤەچوون و گەشەسەندنی گەورە بەخۆوە دەبینێت، وەكو سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان، چۆن دەڕوانیتە ئەو نیشانە و قۆناغە نوێیەی كە كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكانی بازرگانی و ئابووریدا پێیدا تێپەڕ دەبێت؟
- شكاندنی ئابڵوقەی ئابووری و دەستپێكردنی جموجووڵی بازرگانی و بووژانەوەی ئابووری كارێكی ئاسان نەبوو، دەستكەوتێكی گەورەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی پێشووی حكومەت بوو، كە بەپاڵپشتی جەنابی مسعود بارزانی توانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق ئاسایی بكاتەوە، ئەمەش سەرەتایەك بوو بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیا و وڵاتانی دیكە، لەمەش گرنگتر سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ بوو، هەر لە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و هاتنی بەلێشاوی ئاوارە و پەناهەندە، تاوەكو دابەزینی بەهای نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانیەكاندا، بەڵام خۆشبەختانە توانرا سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لەم هەرێمەدا بپارێزرێت و هەرێم لە عێراق و ناوچەكەدا وەكو شوێنێكی سەقامگیر و ئارام بمێنێتەوە، بەمەش بازاڕەكانی كوردستان بووژانەوە، چونكە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بنەمای سەرەكیی هەموو جموجووڵێكی بازاڕ و بازرگانی و پێشڤەچوونێكە، هەرچۆنێك بێت وردە وردە تەحەدداكانمان تێپەڕاند و بازاڕەكانی كوردستان جموجووڵی تێكەوتۆتەوە و رەوشی بارزگانی بەرەو باشی دەچێت و ژمارەی هاتنی كۆمپانیا بیانییەكانیش رووی لە زیادبوون كردووە، داهاتەكانی كوردستان زیادیان كردووە و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە دێت و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش نزیك بووەتەوە، كە ئەوەندەی دیكە ئاسۆكانی گەشەسەندن و سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی پتەوتر دەكات، چونكە حكومەتێكی بەهێز ئابوورییەكی بەهێز دابین دەكات، هەموو ئەم گۆڕانكاری و سەقامگیرییانەش هۆكارن بۆ باشبوونی رەوشی ئابووری و گەیشتن بە قۆناغی سەقامگیریی ئابووری، بەتایبەتی ئەگەر بێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی پەرلەمانی كوردستان دەستكاریی كۆمەڵێك یاسا و رێنمایی بكات، كە رێگرن لەبەردەم پێشكەوتنی كارو پرۆژەی كۆمپانیاكان و بەگەڕخستنی وەبەرهێنان لە هەر سێ كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاریدا، هەروەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی گەشتیاریدا بە روونی دەستی خستەسەر گرفت و كێشەكانی ئەم كەرتە.
* هەر سەبارەت بە هاتنی كۆمپانیا بیانییەكان و واژۆكردنی پڕۆتۆكۆڵ و یاداشتەكانی لێكتێگەیشتنی ئابووری لەنێوان ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم و وڵاتانی بیانی، كە دواجار واژۆكردنی پڕۆتۆكۆڵی لێكتێگەیشتنی نێوان ژووری بازرگانی ئەمریكای لێكەوتەوە، ئایا ئەم پڕۆتۆكۆڵە بۆ ئایندەی ئابووریی هەرێمی كوردستان چ ئاماژەیەك دەگەیەنێت؟
- ئەمریكا یەكێكە لەو وڵاتانەی بەردەوام هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كردووە، ئەو زلهێزە ئابووری و سیاسییەی جیهان مەبەستێتی ئەم هاوكارییە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و تەنیا لە هاوكاری لۆجستیی و سیاسیدا نەوەستێت، بەڵكو مەبەستیێتی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پتەوتر بكات و گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتەش لە رێگەی كوردستانەوە پێگەی خۆیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەموو عێراق بەهێز بكەن، لە روویەكی دیكەوە پاڵپشتیی ئابووریی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان واتا پاڵپشتیكردنی گەورەترین ئابووریی جیهان و سەقامگیری و ئارامی بە سەرمایە و بیزنسكاران و وەبەرهێنانی كوردستان دەدات، دروستكردنی گەورەترین كونسوڵخانە لە هەولێر سەلمێنەری ئەم راستییەن كە ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناواڕەستدا هەرێمی كوردستان بە ستراتیژیەتی خۆی دادەنێت، لەم روانگەیەوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵمان لەگەڵ ژوورە بازرگانییەكانی ئەمریكا دروست كردووە، ئەو ژوورەی كە 100 ژووری لە سەرانسەری ولایەتەكانی ئەمریكادا لەخۆگرتووە و سێ ملیۆن ئەندامیان هەیە، هەڵبەتە جگە لە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی بازرگان و بیزنسكارانی ئەمریكا كە لەهەرێمدا بەدوای هەلی كارو پرۆژەدا دەگەڕێن، هاوكات ژمارەیەك كۆمپانیای بواری نەوت و بەڵێندەرایەتی و بازرگانیی ئەمریكاش لەم هەرێمە هەن، هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە سەرۆكایەتی (ستیڤ لوتەس) جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە یاوەریی باڵیۆزی ئەو وڵاتە و ئەو ژمارە زۆرەی كۆمپانیاو گەورە بازرگان و بیزنسكار ئاماژەیەكی گرنگە بۆ سەقامگیریی رەوشی سیاسی و ئەمنیی هەرێمی كوردستان و باشبوونی دۆخی دارایی كوردستان، ئەوان بە گرنگییەوە دەڕواننە رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەربۆیە ئێمەش سوپاسی جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانمان كرد، بۆ ئەو پێشوازی و ئامادەبوونەی بەڕێزیان كە لە رێوڕەسمی واژۆكردنی پڕۆتۆكۆڵی لێكتێگەیشتن و بەهێزبوونی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی نێوان كوردستان و ئەمریكا نواندی، دوای ئەم سەردانەی شاندی باڵای ژوورە بازرگانیەكانی ئەمریكا چەندین دیدارو چاوپێكەوتنی گرنگیان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێم و پارێزگارەكانی كوردستان ئەنجامدا، ئەوەشیان نەشاردەوە كە ئەوان خوازیارن لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ تەواوی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق روو لە ئاوەدانكردنەوە و بەدەستهێنانی هەلی كار بكەن، ئەمەش ئومێدێكی زۆر بەكەرتی تایبەت و بووژانەوەی كاری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستاندا دەدات، بەتایبەتی ئەگەر بێت و بەم نزیكانە یاداشتنامەكە بكەوێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە و ببێتە هۆی بەهێزبوونی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بەدەستهێنانی سەدان هەلی كار بۆ گەنجەكانمان.
* عێراق بە قۆناغێكی نوێدا تێپەڕ دەبێت و هەموو ئەگەرەكان بەرەو ئەوە دەچن كە هەڵمەتێكی فراوانی ئاوەدانكردنەوە لەم وڵاتەدا رووبدات، ئایا ئێوە وەكو نوێنەری بازرگان و پیشەسازیكارانی كوردستان لەم رووەوە راوبۆچوون و پێشنیارەكانتان چین، تاوەكو پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق بچێتە چوارچێوەی ستراتیژی و ململانێ سیاسییەكان كاریگەریی نەرێنیان لەسەر ئەم پەیوەندییانە نەبێت؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە، ئێمە بەردەوام لە رێگەی ژوورە بازرگانییەكانی عێراقەوە بەلایەنی حكومەتی عێراقیمان وتووە، كە گەمارۆ و سزادانی ئابووری تەنیا زیان بە خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان ناگەیەنێت، بەڵكو زیانی بۆ تەواوی عێراق و ئابوورییەكەی دەبێت، تەنانەت پەیوەندیی ئابووریی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و بەشەكانی دیكەی عێراق تەواوكاریی ئابوورییە و بۆ هەردوو لا گرنگن، بۆیە بەردەوام داوامان لە حكومەتی عێراق كردووە، هاوكاریی كەرتی تایبەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بن، كە سوودی بۆ هەردوولایەنی عێراقی و كوردستانی هەیە، پێویستە لەمپەرەكانی بەردەم پێشكەوتنی كەرتی تایبەت هەڵبگیرێت، بەتایبەتی لەمپەرەكانی بەردەم ئاڵووێری بازرگانی و رۆتین، كە كاریگەریی خۆی لە سەر لاوازیی چالاكیی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو لا هەیە، لە بەرنامەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی-یشدا هاتووە كە پەیوەندییەكانی ناوەند لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاسایی بكاتەوە و لە خزمەتی هەموو گەلانی عێراقدا بێت.
* ئایا جگە لە بیزنسكار و وەبەرهێنەرانی وڵاتی ئەمریكا، شاندە بازرگانی و ئابوورییەكانی وڵاتانی دیكەی ئەوروپایی و ئەفریقیایی و عەرەبی، روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە؟
- هاتنی شاندە بازرگانی و وەبەرهێنە بیانییەكان لەسەرانسەری دنیاوە دەستی پێكردووە، لەم رووەوە وەك یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان چەندین پڕۆتۆكۆڵ و رێكەوتنی لێكتێگەیشتنمان واژۆ كردووە، بۆ نموونە لەگەڵ ژووری بازرگانیی میلانۆ، لە رووی هاتنی شاندە بیانییەكان و ئەنجامدانی دیدارەكانیشەوە لەنێوان بازرگان و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و بازرگان و كۆمپانیاكانی وڵاتانی فەرەنسا و توركیاو ئیمارات و ئیسپانیا و سعودییە و لوبنان و ئەڵمانیاو هیندستان و چەندین وڵاتی دیكە هەنگاوی باش نراوە، هەروەها چەند پڕۆتۆكۆڵێكیشمان لەگەڵ یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكانی وڵاتی چیكدا واژۆ كردووە، ئەمە وێڕای بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی ئابووریی عێراق لە لەندەن، بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندییە بازرگانیەكانمان لەگەڵ وڵاتی بیانی بەهێز كردووەو لە چەندین كۆنفرانسی بازرگانی و ئاوەدانكردنەوە لە دەرەوەی وڵات بەشدار بووین، لەوانە لە یۆنان لە كۆڕبەندی كاری وەبەرهێنانی عێراقی ئەوروپی بەشدار بووین، لە پاریس لە كۆنفرانسی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و كۆڕبەندی ئابووریی جەزائیر بەشدار بووین، لە هانۆڤەری وڵاتی ئەڵمانیاش كۆنفرانسی وەبەرهێنان لەنێوان ئەڵمانیا و عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، زۆربوونی ژمارەی پێشانگا بازرگانی و پسپۆڕییەكانیش بەڵگەن بۆ بەهێزبوونی ئەو پەیوەندییانەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە كۆمپانیاو وەبەرهێنە بەناوبانگەكانی جیهان، ئەمەش بۆ كەرتی تایبەت و بووژانەوەی بازاڕەكانی ناوخۆ جێی ئومێد و دڵخۆشییە.
* لە سەرەتای قسەكانتدا باسی ئاساییبوونەوە و پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانت كرد لەگەڵ هەردوو وڵاتی دراوسێ (توركیا و ئێران)، كە پەیوەندییەكی لەمێژینە لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەو دوو وڵاتەدا هەیە، ئایا پەیوەندییەكانی ئابووری لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە لە چ ئاستێكدایە؟
- ئێمە لەگەڵ كۆمەڵەی پیشەسازیكاران و پیاوانی كاری توركی – عێراقی پەیوەندیی باشمان هەیە و پەنێڵێكمان لەژێر ناونیشانی (دەرفەتی بازرگانی و وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی كوردستان) سازكردووە، لەم دواییەشدا لەسەر ئاستی لوتكە و بە بەشداریی دەیان كۆمپانیای توركیا، كۆنگرەیەكی فراوان لەهەولێر ئەنجامدرا. سەبارەت بە وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران پەیوەندییەكی لەمێژینەیە لەهەموو ئاست و بوارێكدا، تا ئەمڕۆش بازاڕەكانی كوردستان لەبەردەم بەرهەمەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كراوەن، ئەم پەیوەندییە وێڕای گرفت و كێشە سیاسییەكان و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەڵام ئێمە ویستوومانە خۆمان لە گرفتە سیاسییەكان بەدوور بگرین، هەربۆیە قەبارەی بارزگانیی نێوان ئێمەو كۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتۆتە سەرووی شەش ملیار دۆلار لە ساڵێكدا، بەدەیان كۆمپانیای ئێرانی و كارگەی ئەو وڵاتەش لە كوردستان كار دەكەن و سەرمایەی خۆیان بەگەڕ دەخەن، ئەمەش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابووری هەردوو لا هەیە، لەژێر چاودێریی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی هەرێمی كوردستان یەكێتی ژوورە بارزگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان گەورەترین كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لەهەولێر كرایەوە، ئەو كات وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و كانزانی ئێران و وەزیری پیشەسازی حكومەتی عێراق نوێنەرانی سەرجەم پارێزگاكانی تاران و ئەسفەهان و ورمێ و كرماشان و سنە و ئازەربایجانی رۆژئاوا و هەمەدان و ژمارەیەكی یەكجار زۆری گەورە وەبەرهێن و كۆمپانیای ئەو وڵاتە ئامادەبوون، تەنانەت بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە كۆنفرانسێكی دیكەدا سەردانی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كرد، ئەمانە هەمووی نیشانەیەكە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
* سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چەندین كۆنفرانس و بۆنەدا جەختی لەسەر گرنگی و رۆڵی كەرتی تایبەت لەهەرێمی كوردستان كردۆتەوە، ئایا تا چ راددەیەك كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان لە ئاست گۆڕانكاری و قۆناغە نوێیەكەدایە؟
- سەرۆكی هەرێمی كوردستان جێ پەنجەی لەسەر دەربازبوون لە قۆناغی قەیران دیارە و بەڕێزیان لە چەندین بۆنەدا بەتایبەتی لە كردنەوەی پێشانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتیاری لە وتارەكەیدا زۆر بە روونی باسی لە رۆڵی كەرتی تایبەتی لە پەرەپێدانی ئابووری كوردستان كرد، بگرە هەموو گیروگرفتەكانی كەرتی گەشتیاریی دەستنیشان كرد و رێنمایی پێویستیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەت كرد، هەروەها كەرتی گەشتیاری وەكو كۆڵەگەیەكی پەرەپێدانی ئابووری سەیر كردو بەڵێنی فەراهەمكردنی كارئاسانی بۆ ئەم كەرتە دا، لەلایەكی دیكەوە لە كۆنفرانسی پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی كە لەمانگی 10ی ساڵی 2018 لەهەولێر بەڕێوەچوو، بە وردی باسی كێشەو گرفتەكانی كەرتی پیشەسازیی كرا. هەروەها بە داتاو ژمارە لە پانێڵەكانی ژوورەكەماندا دەرمانخست، بۆ نموونە لە پارێزگای هەولێر 3840 پرۆژەی بارزگانی و پیشەسازی هەن و نزیكەی هەشت ملیار دۆلار سەرمایەیانە و 25 هەزار دەرفەتی كاری دەستەبەر كردووە. لەدوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی نوێدا تێپەڕ دەبین، هەربۆیە پێویستە جگە لەنەوت پەرە بە سێكتەرەكانی دیكەش بدرێت، داهاتی خەڵك بەرز بكرێتەوە و هەلی كاری زۆر دابین بكرێت، كەرتی تایبەتمان روو لەبازاڕە نوێیەكان بكات و بازاڕەكانی عێراقیش فەرامۆش نەكات، چونكە بازاڕێكی گرنگە بۆ كۆمپانیاو ساخكردنەوەی بەرهەمی كارگەكانی كوردستان، پێویستە ئێمە خۆمان بۆ قۆناغی نوێ ئامادە بكەین و لەئاست بەرهەمی بیانی و كوالێتی بەرز و متمانەی بازاڕەكانی عێراقدا بین، پەرلەمان و حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش لە قاڵبی دابڕان و چەقبەستوویی بێنە دەرەوە و روو لەكاری هاوبەش و لێكتێگەیشتن بكەن، چونكە ئەمڕۆ بۆ كاری وەبەرهێنان و بیزنس لە هەرێمی كوردستان دۆخەكە لەهەموو كات لەبارترە، بەتایبەتی كە ناوخۆی هەرێمی كوردستان سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی تێدایە.