رۆبەرت لۆرەنس تایبەتمەندی بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان: سیاسەتەكانی ترەمپ هەڕەشەن لەسەر سیستمی بارزگانیی جیهانی

رۆبەرت لۆرەنس  تایبەتمەندی بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان:  سیاسەتەكانی ترەمپ هەڕەشەن لەسەر سیستمی بارزگانیی جیهانی
رۆبەرت زاكاری لۆرەنس، پڕۆفیسۆری بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە لە سكووڵی جۆن كێنێدی بۆ حكومەت لە زانكۆی هارڤارد و بەڕێوەبەری گرووپی بازرگانییە لە هەمان سكووڵ، هەروەها توێژەری باڵایە لە
رۆبەرت زاكاری لۆرەنس، پڕۆفیسۆری بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە لە سكووڵی جۆن كێنێدی بۆ حكومەت لە زانكۆی هارڤارد و بەڕێوەبەری گرووپی بازرگانییە لە هەمان سكووڵ، هەروەها توێژەری باڵایە لە ئامۆژگای پیتەرسۆن بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی، پێشتریش لە بیرۆی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی ئابووری توێژەر بووە، لە ساڵی 1999بۆ2001 ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكارانی ئابووریی سەرۆك بیل كلینتۆن بووە، پتر لە 100 توێژینەوە و وتاری لەبارەی ئابووریی نێودەوڵەتییەوە نووسیوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد، كە پتر بە بەكارهێنانی فشارە ئابوورییەكانەوە پەیوەست بوون، بەتایبەتی سەپاندنی رسوومات لەلایەن ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە بەسەر كاڵاكانی وڵاتانی دیكەدا (بە ركابەر و دۆستەوە)، لەگەڵ كاریگەرییەكانی ئەم سیاسەتە لەسەر سیستمی بازرگانیی جیهانی و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.


* وەك ئاشكرایە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ هێنانەدیی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، بە شێوەیەكی بێ پێشینە سەپاندنی رسووماتی بەسەر كاڵاكانی وڵاتانی دیكە و یەكلاكردنەوە و چارەسەركردنی چەند كێشەیەكی كردۆتە چەكێك، كە مەرج نییە هەموویان بە بواری ئابووری و بازرگانییەوە پەیوەست بن، تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە ئێستادا ئێمە بە ساتەوەختێكی وەرچەرخاندا تێدەپەڕین، چونكە بۆ ماوەی 70 ساڵە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركەوتوو بووە لەوەی بە رەوتێكی لەسەرخۆ قەناعەت بە هاوبەشە بازرگانییەكانی بكات، كە پێویستە بە سیستمێكی بازرگانییەوە پابەند بن، كە لەسەر رێساكان بەڕێوەبچێت و بنیاتنرابێت، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا لە دەرئەنجامی سیاسەتە بازرگانییەكانی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەدی دەكەین، بریتییە لە لاوازكردنی ئەم سیستمە، سەردەمانێك ئەمریكا گەورەترین پشتیوانیی ئەم سیستمە بوو، ئێستا بۆتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئەم سیستمە. لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەمە پەرەسەندنێكی زۆر زۆر مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی پێشتر ئەمریكا بۆ ماوەی 70 ساڵ هەوڵێكی سەخت و دژواری دا، بۆ ئەوەی سیستمێكی بازرگانی دابڕێژێت كە پابەند بێت بە رێساكانەوە، هەروەها ئەمریكا هەوڵیدا پرسە سیاسییەكان لە پرسە ئابوورییەكان جیا بكرێنەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە سیستمی بازرگانییەوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش زۆرێك لە وڵاتە ئەندامەكانی رێكخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتی ناچار نەبوون بیسەلمێنن كە پابەندبوون بە رێسا و ستاندارەكانی پەیوەست بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە، یان ستانداردەكانی دیكەوە، بەڵكو ئەوەی پێویست بوو ئەنجامی بدەن، بریتی بوو لە جێبەجێكردن و پابەندبوون بە رێساكانی بازرگانییەوە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئەنجامی داوە، بریتییە لە بەكارهێنانی سەپاندنی رسوومات وەك چەك و ئامرازێك بۆ ناچاركردنی وڵاتانی دیكە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارانەی كە سەرۆك ترەمپ خوازیارە ئەو وڵاتانە ئەنجامی بدەن، بە دەربڕینێكی دیكە، سەرۆك ترەمپ ئەم دابەشكردن و جیاكردنەوەیەی پرسە سیاسییەكانی لە پرس و بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی سڕییەوە، لەبەر ئەوەشە كە من ئەمە بە پەرەسەندنێكی مەترسیدار دادەنێم، كە دەبێتەهۆی لاوازكردنی سەرجەم ئەو دەستكەوتانەی كە سەرۆكەكانی پێشوی ئەمریكا بەدەستیان هێناوە.


* ئاماژەتان بەوە كرد كە سیاسەتەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بوونەتەهۆی لەباربردن و پێچەوانە كردنەوەی دەستكەوتەكانی سەرۆكەكانی پێشوی ئەمریكا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە سیستمی بازرگانیی جیهانییەوە، ئایا بە چ شێوەیەك ئەم سیاسەتانەی سەرۆك ترەمپ بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر سیستمی جیهانی؟
- دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە ئەمریكا لە زنجیرەیەك لە گفتوگۆی پەیوەست بە بواری بازرگانییەوە سەركردایەتی جیهانی كرد، كە لە دەرئەنجامدا چەند رێككەوتنێكیان لێكەوتەوە، هەم رێككەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەكانی وەك مەكسیك و كەنەدا، كە بەپێی ئەم رێككەوتنانە ئەم وڵاتانە رازی بوون پابەند بن بە چەند رێسایەكی دیاریكراوەوە، پرسی بنەڕەتی لەم رێسایانەدا ئەوە بوو كە نابێت وڵاتان ئاستێكی دیاریكراوی رسوومات تێپەڕێنن، بەڵام ئەوەی لە ماوەی رابردوودا روویداوە، بریتی بووە لەوەی كە ئیدارەی ترەمپ ئەم سیستمەی لاواز كرد و ئەو رێسایانەی شكاند، بۆ نموونە، بنەڕەتیترین بنەماكانی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی ئەوەیە كە وڵاتە ئەندامەكانی ئاستێكی دیاریكراوی رسوومات تێنەپەڕێنن و مامەڵەیەكی یەكسان لەگەڵ سەرجەم ئەندامەكانی بكرێت. كاتێك دەیبینین ئەمریكا بە شێوەیەكی تاكلایەنە بەو ئاستەی ئێستا رسوومات بەسەر كاڵاكانی وڵاتی چیندا دەسەپێنێت، ئەوا ئێمە هەردوو ئەم بنەمایە پێشێل دەكەین. دواتر من پێم وایە سیستمی بازرگانی بۆتەهۆی ئەوەی كە لە واقیعدا بە ملیۆنان كەس كە لە وڵاتە هەژارەكاندا دەژیان، بتوانن خۆیان لەو هەژارییە رزگار بكەن. هەروەها ئەم سیستمە پاڵنەری سەرەكی بووە بۆ بەدەستهێنانی ئاستێكی باڵاتری ژیان و گوزەران، بەتایبەتی لە وڵاتە هەژارەكاندا، لەبەر ئەوە پێم وایە كە نابێت ئەم راستییە نادیدە بگرین.
* كەواتە چۆن لە ئایندەی ئەم سیستمە بازرگانییە جیهانییە دەڕوانیت، بەتایبەتی ئاماژە بەوە دەكەن كە سیاسەت و بڕیارەكانی سەرۆك ترەمپ، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە شكاندنی رێساكانی رێكخراوی بازرگانی و سەپاندنی رسووماتەكانەوە، بوونەتە هۆی لاوازكردنی ئەم سیستمە؟

- بەڵێ، پێم وایە ئەوەی پەیوەست بێت بە ئەمریكاوە، ئەوا سەرچاوەی سەرەكی گەشەكردن لە جیهاندا ئەوە بوو، ئەمریكا توانی دۆخێك بخوڵقێنێت كە تێیدا وڵاتە هەژارەكان وەك (هیندستان و چین و زۆرێك لە وڵاتە تازەگەشەكردووەكانی دیكە) بتوانن پشت بە بازاڕی كراوە ببەستن، بۆ ئەوەی بتوانن گەشەكردنێكی ئابووری بەدەست بهێنن كە پتر پشت بە هەناردەكردن ببەستێت، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەلومەرجێك دروست بێت، كە چیتر هیچ كاڵایەك بە تەنیا لە تاكە وڵاتێك بەرهەم نەیەت و دروست نەكرێت، بەڵكو لە چەند وڵاتێكی جیاوازدا دروست بكرێت، هەمو ئەمانەش بەهۆی ئەوەوە بوو كە كۆمپانیاكان لە نێو ئەم هەلومەرجی بازاڕەدا لە پێگەی خۆیان دڵنیا بوون، بەڵام لە ئێستادا كۆمپانیاكان نیگەرانن لەوەی زنجیرەی دروستكردنی كاڵایەك لە چەند وڵاتێكی جیاوازدا بشكێندرێت، ئیدی بەهۆی ئەو رسووماتەوە بێت كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە سەپێندراوە، یان ئەو رسووماتانەی دیكە كە وڵاتانی دیكە وەك رێكارێكی تۆڵەسەندنەوە لە بەرامبەر ئەمریكا دەیسەپێنن. كەواتە ئەوەی بەدی دەكەین بریتییە لە ئەگەری لەبەریەكهەڵوەشانی سیستمی بازرگانیی جیهانی.
* ئەگەر ئەمە دەرئەنجام و ئاكامە خراپ و سلبییەكانی ئەم شێوازی سیاسەتكردنە بێت، مەبەستمان لە بەكارهێنانی پرسی سەپاندنی رسووماتەكانە بۆ ناچاركردنیان بە گۆڕینی سیاسەتەكانیان، ئایا هۆكار و پاڵنەری سەرەكیی پیادەكردنیان چین؟
- من دەزانم كەسانێكی زۆر هەن كە پێیان وایە ئەمە سیاسەتێكی زۆر زیانبەخشە، بەڵام بەڕێز ترەمپ هەمیشە خواست و ویستی بەكارهێنانی رسووماتی هەبووە، ئەو كەسێكە كە سیاسەتێكی پارێزگاریكردن پیادە دەكات، واتە باوەڕی وایە دەبێت ئەولەوییەت بدرێت بە بەرهەمهێنەرە ئەمریكییەكان لەسەر حیسابی بەرهەمهێنەرە بیانییەكان، كە بە تێڕوانینی ئەو ئەم كارە لە بەرژەوەندیی ئەمریكادایە. لە هەمان كاتدا سەرۆك ترەمپ خوازیاری ئەوەیە كە سەپاندنی رسوومات وەك چەكێك بەكار بهێنێت، چونكە لە دیدی ئەودا ئەمە هەمیشە دەبێتەهۆی دەستەبەركردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، خۆ ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی هەشتاكان و ئەو نووسینانە بخوێنینەوە كە ئەو نوسیوونی، دەبینین ئاماژە بەوە دەكات كە دەبێت رسوومات بەسەر كاڵاكانی وڵاتی یاباندا بسەپێندرێت، لەبەر ئەوە من پێم وایە زۆرێك لە راوێژكارەكانی هەڵەن. بە تێڕوانینی من سەپاندنی رسوومات زیان بە بەرهەمهێنەرە ئەمریكییەكان دەگەیەنێت كە پشت بە كاڵای هاوردەكراو دەبەستن، بەڵام سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پێی وایە بەم شێوەیە دەتوانێت هەلی كار بگەڕێنێتەوە بۆ نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەڵام ئەگەر پرسی خۆپارێزی گرێبدەینەوە بە ئەگەری خۆگۆشەگیركردنی ئابوورییەوە، ئەوا یەكەم، پێم وایە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەر وڵاتێك بە ئاڕاستەیەكدا كار بكات كە پێویستی بە وڵاتانی دیكە نەبێت، ئەوا ئەمە دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە، چونكە ئەمە دەبێتەهۆی زیانگەیان بە زۆرێك لەو كرێكار و كارگانەی كە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی كاڵایەكن لە چەند وڵاتێكدا و لە مەودا دووریشدا و تەنانەت ئەگەر كاڵاكە بێتەوە بۆ نێو خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوا ئەو تەكنەلۆژیایەی كە بەكار دەهێنرێن بۆ بەرهەمهێنانی ئەم كاڵایانەی كە پێشتر لە دەرەوە بەرهەم دەهێنران،ئەوا تەكنەلۆژیایەكی بەرزە و لە دەرئەنجامدا كاڵاكانیش زۆر پێشكەوتووتر دەبن و پێویستیان بە كارامەییەكی زیاتر دەبێت لەو كاراییەی كە لەسەرەتاوە بەكارمان دەهێنان. كەواتە ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەركەوتووش بێت، ئەم دووبارە بە پیشەسازیكردنەوەیە هاوكار و یارمەتیدەری ئەو كرێكارانە نابێت كە كەوتونەتە دۆخێكی خراپەوە.


* بەڵام هەندێ كەس بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ سیاسەتەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا هاوڕان، ئاماژە بەوە دەكەن ئەمە شێوازێكی سەركەوتووە كە لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە پەیڕەو دەكرێت، چونكە ئەوەتا وڵاتێكی وەك مەكسیك ناچار بوو كە بڕیاری گرتنەبەری رێكاری پەیوەست بە سنوورداركردنی كۆچبەران بۆ ئەمریكا بدات، ئەویش دوای ئەوەی ئەمریكا هەڕەشەی زیادكردنی رسووماتی لەسەر كاڵاكانی ئەو وڵاتە كرد، لەم روەوە تێڕوانینی ئێوە چییە؟
- لە ئێستادا مشتومڕێك هەیە، كە ئایا وڵاتی مەكسیك دەیتوانی زیاتر لەو كارە بكات كە ئێستا بە نیازە ئەنجامی بدات، هەرچۆنێك بێت، بە دید و تێڕوانینی من زیانە جددییەكە ئەوەیە كە ئەم كار و رێكار و سیاسەتانە دەبنەهۆی لاوازكردنی پێشنیار و بیرۆكەكانی ئەمریكا بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن و رێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی وەك مەكسیك و كەنەدا بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا بگەنە رێككەوتنی بازرگانی، كە ئەمەش مومكین نابێت ئەگەر بێتو سەرۆكی ئەمریكا هەست بكات لە پەیوەندی بە سەپاندنی رسووماتەوە هیچ كۆت و بەندێكی لەسەر نییە كە دژ و پێچەوانە بێت لەگەڵ رێككەوتنەكانەدا، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەمریكا دەیەوێت خۆی بسەپێنێت و خۆی زاڵ بكات، ئەمە هاوشێوەی ئەو حاڵەتەیە كە كاتێك كە منداڵ بووین و لە قوتابخانە بووین، هەندێ قوتابی هەبوون دەیانویست خۆیان بەسەر قوتابییەكاندا زاڵ بكەن، بە بۆچوونی من ئەگەر ئەمریكا لەسەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت ئەوا لە مەودای دووردا زیان بە كاریگەری و دەستڕۆیشتووویی خۆی دەگەیەنێت، بۆ نموونە: ئێمە رسووماتمان بەسەر چیندا سەپاندووە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئێمە رسوومات بەسەر ئۆتۆمۆبیلەكانی ئەوروپاشدا دەسەپێنین، لە كاتێكدا ئێمە بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتی چیندا بگەینە رێككەوتن پێویستمان بە هاوكاریی وڵاتانی ئەوروپا دەبێت. خاڵێكی دیكە هەیە كە لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم كە ئەویش پرسی مسداقییەتە، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر بێت و لە سەردەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ رێككەوتنێك لەگەڵ چیندا بكەین، ئەوا ناكرێت متمانە بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكرێت، چونكە هیچ زەمانەتێك نییە كە ئەمریكا بەم رێككەوتنەوە پابەند بێت. یەكێك لە حاڵەتە سەیرەكان ئەوەیە، هەروەك ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردودا لەگەڵ مەكسیكدا بینیمان، كە ئێمە رێككەوتنێكی نوێمان كرد لەبارەی رێككەوتنی نافتاوە، واتە رێككەوتن كرا بۆ هەڵگرتنی بەربەستە بازرگانییەكان لە نێوان هەردوو وڵاتەكەدا، بەڵام لە هەمان كاتدا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هەستی كرد هیچ رێگرییەكی نییە بۆ ئەوەی رسوومات بەكار بهێنێت بۆ چارەسەركردنی نیگەرانییەكانی پەیوەست بە كۆچبەرانی مەكسیكەوە، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێشێلكردنی ئەو رێككەوتنەیە، كەواتە ئایا لە واژوكردنی رێككەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریكادا چ دەستكەوتێك بەدەست دێت؟ كە ئەمەش پرسیارێكە و پێویستە سەرجەم وڵاتان لە خۆیانی بكەن. ئەگەر ئەمریكا پابەند نەبێت بە رێككەوتنەكانەوە، ئەوا سوودی ئەنجامدان و واژووكردنی رێككەوتنەكان چی دەبن؟ كەوابێت ئەم سەرۆكە ناوبانگی ئەمریكای وەك هاوبەشێكی متمانەپێكراو لەدەست داوە، و چیتر وڵاتان باوەڕیان بەو قسانە نییە كە ئەمریكا دەیانكات.
* خاڵێكی دیكەی بەرچاو لە سیاسەتی دەرەوەی سەرۆك ترەمپ بریتییە لە خولیای ئەم ئیدارەیە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی دووقۆڵی و كشانەوە لە رێككەوتنە چەند لایەنەكان، بە تێڕوانینی ئێوە هۆكارەكان بۆ چ شتێك دەگەڕێنەوە ؟
- من پێم وایە هۆكارەكە ئەوەیە كە كاربەدەستانی كۆشكی سپی پێیان وایە كە دەستكەوتێكی زیاتر بەدەست دەهێنن، چونكە لە رێككەوتنە دوو قۆڵییەكان ئەمریكا دەستڕۆیشتوووییەكی زیاتری هەیە، بەڵام بۆچوونی من ئەوەیە كە كارێكی باش نییە كە رێككەوتنی جیاواز هەبێت لەگەڵ وڵاتە جیاوازەكاندا، چونكە ئەمە بە مانای ئەوە دێت كە تۆ ناتوانیت هەرزانترین كاڵا بكڕیت، خاڵی دووەم ئەوەیە كاتێك تۆ رێككەوتنێكی چەند قۆڵی ئەنجام دەدەیت، ئەوا هەموو لایەنەكان سوودمەند دەبن، بۆ نموونە ئەگەر رێككەوتنێكی سێ لایەنە بكرێت، ئەوا من سوود و قازانجێك بەلایەنی سێیەم دەگەیەنم، لایەنی سێیەمیش قازانج بە تۆ دەگەیەنێت و تۆش سوود و قازانج بە من دەگەیەنیت. كەواتە ئەگەری ئەوە هەیە كە رێككەوتنە چەند لایەنەكان كە زۆرترین وڵات تێیدا بەشدار بن، دەرئەنجامی باشتریان لێبكەوێتەوە. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە سەرۆك باراك ئۆباما هەوڵی دەدا رێككەوتنی چەند لایەنی ئەنجام بدات وەك رێككەوتنی “Trans-Pacific Partnership” كە 11 وڵاتی دیكەی لەخۆدەگرت و ئەمەش هەوڵێك بوو بۆ دروستكردنی فشاری زیاتر لەسەر وڵاتی چین، لەبەر ئەوەی چین هەستی دەكرد كە دوورخراوەتەوە لەم رێككەوتنە و بەم شێوەیە ئەمریكا كاریگەری و دەستڕۆیشتووییەكی زیاتری بەدەست هێنا لە كاتی گفتوگۆكاندا، واتە ئەگەر بهاتایە بە شێوەیەكی تاكلایەنانە گفتوگۆی لەگەڵ چیندا بكردایە، ئەمریكا ئەم كاریگەری و دەستڕۆیشتووییەی نەدەبوو. كەواتە كاربەدەستانی كۆشكی سپی هەڵەن، تەنانەت ئەگەر پێیان وابێت ئەم رێچكەیەی ئەوان هێز و دەستڕۆیشتوویی ئەمریكا زیاتر دەكات. چونكە ئێمە بینیمان كە نەیانتوانی لە كۆتاییدا گفتوگۆ لەگەڵ مەكسیك بكەن و نەیانتوانی بە شێوەیەكی تاكلایەنانە گفتوگۆ لەگەڵ كەنەدا بكەن، بەڵام ئەوەی توانییان ئەنجامی بدەن دووبارە گفتوگۆ كردن بوو لەسەر رێككەتنی بازرگانیی ئازاد. واتە ئەوەی لێرەدا من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە كە ستراتیژیەتی سەرۆك باراك ئۆباما لە رێككەوتنی Trans-Pacific Partnership لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا تەنیا بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەبوو، بەڵكو زیادكردنی دەستڕۆیشتوویی ئەمریكا بوو بۆ فشار خستنە سەر چین، بۆ ئەوەی ناچاری بكات رەفتارەكانی بگۆڕێت بۆ ئەوەی لایەنەكانی دیكەش بتوانن بە یەكسانی دەستیان بە بازاڕەكانی ئەو وڵاتە بگات. بەڵام سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پێی وایە لە رێی رێككەوتنی دوو قۆڵییەوە دەتوانێت دەستڕۆیشتوویی ئەمریكا زیاتر بكات، ئەویش لەبەر ئەوەی لە رێككەوتنی دووقۆڵیدا ئەمریكا لە هەر وڵاتێكی دیكە هاوبەشێكی بازرگانیی گەورەترە. بەڵام رێككەوتنی دووقۆڵی كەمتر كارایە و مەودایەكی كەمتری هەیە بۆ دەستەبەركردنی دەستكەوت و بەرژەوەندییەكان. كەواتە لایەنی باشی رێككەوتنە چەند قۆڵییەكان ئەوەیە كە ئەگەر هەلومەرجەكە بۆ هەموو هاوبەشە بازرگانییەكان وەك یەك بێت، ئەوا دەتوانین كاڵاكە لەو لایەنە بكڕین كە بە هەرزانترین نرخ دەیفرۆشێت، ئەمەش رێگایەكی كارایە بۆ ئەنجامدانی كاری بازرگانی. لەلایەكی دیكەوە، ئەگەر تۆ رێسایەكی جیاوازت هەبوو لە پەیوەندی بە هاوبەشە بازرگانییە جیاوازەكانەوە، ئەوا خۆت لە دۆخێكدا دەبینیتەوە كە ناچار دەبێت كاڵا لەو هاوبەشە بكڕیت كە كاڵاكانی كواڵیتییەكی باشیان نییە. لەبەر ئەوە بە تێڕوانینی من رێككەوتنە دوو قۆڵییەكان دەبنەهۆی ئەوەی سیستمەكە پتر ئاڵۆز بێت و پتر دابەشبوون و لێكجیابوونەوە باڵی بەسەردا بكێشێت، لەوە زیاتر بە شێوەیەكی گشتی ئاسانترە كە رەزامەندی كۆنگرێس بەدەست بهێنیت بۆ رێككەوتنە چەند قۆڵییەكان. واتە كاتێك تۆ گفتوگۆی پەیوەست بە رێككەوتنی دوو قۆڵیت دەبێت، ئەوا خەڵكی پتر تەركیز لەسەر خەسڵەتەكانی وڵاتەكەی دیكە دەكەنەوە، لەبەر ئەوەی تەنیا ئەم وڵاتە لە پرۆسەكەدا لەبەرامبەرتدا هەیە، بەڵام كاتێك تۆ مامەڵە لەگەڵ رێكخراوی بازرگانیی جیهانیدا دەكەیت، كە لە كۆمەڵێك وڵات پێكهاتووە، لەم حاڵەتەدا لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا خەڵكی كەمتر تەركیز لەسەر پرسە غەیرە بازرگانییەكان دەكەنەوە، كەواتە ئەگەر لە تۆماری كۆنگرێس بڕوانیت، ئەوا ئەو راستیە دەبینیت كە ئاسانتر بووە رێككەوتنە چەند قۆڵییەكان تێپەڕێنرێت، چونكە ئەم رێككەوتنانە پتر پەیوەستن بە بواری بازرگانییەوە نەك بە خەسڵەتەكانی دیكەی وڵاتێكی دیاریكراوەوە. كەواتە جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە لە كاربەدەستانی ئەمریكا بكەین، ئایا ئەوان چییان كردووە و چ دەرئەنجامێكیان بەدەست هێناوە لە رێككەوتنە دوو قۆڵییەكان؟ چونكە ئەگەر ئێمە بە وردی لە رێككەوتنە نوێیەكان بڕوانین، ئەوا ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ كۆریای باشووردا واژوویان كردووە، زۆر هاوشێوەی رێككەوتنی پێشووە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، هەروەها ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ مەكسیك و كەنەدا واژوویان كردووە بە راددەیەكی گەورە دووبارەكردنەوەی هەمان رێككەوتنەكانی پێشووە لەگەڵ ئەم دوو وڵاتەدا. كەواتە كارەكانی ئەوان دەبنەهۆی لاوازكردنی سیستمی بازرگانیی جیهانی و ئێستاش دەبینین لە دژی بەرهەمەكانی ئەمریكا لە چەند وڵاتی ئاسیادا جیاكاری دەكرێت.
* ئێوە پێشتریش ئاماژەتان بە شكاندنی رێساكانی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی كرد لەلایەن ئەمریكاوە، بەڵام ئێمە دەبینین كە ئەمریكا رەخنەیەكی زۆری هەیە لەم رێكخراوە و داوا دەكات چاكسازی تێدا بكرێت، ئایا چۆن لە رۆڵ و ئایندەی ئەم رێكخراوە دەڕوانن؟
- لە ئێستادا چەند نیگەرانییەكی رەوا هەن لەبارەی دەستەی تێهەڵچوونەوەی رێكخراوی بازرگانی جیهانی و سیستم و میكانیزمی یەكلاكردنەوەی كێشە و ناكۆكییەكان لە چوارچێوەی ئەم رێكخراوەدا، بەڵام پێم وایە رێكخراوی بازرگانیی جیهانی دامەزراوەیەكە كە خزمەتی بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا كردووە و بە راددەیەكی گەورەش براوەی زۆرێك لەو كەیسانە بووە كە لە نێو ئەم رێكخراوەدا بڕیاریان لەسەر داوە، لە هەمان كاتدا ئەوەمان بەدی كرد كە وڵاتانی دیكە بە راددەیەكی گەورە پابەند بوون بەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندی ئەمریكا دەرچوون. كەواتە من باوەڕم وایە كە هەڕەشە دروستكردن لەسەر رێكخراوی بازرگانیی جیهانی دەبێتە هۆی لاوازكردنی دەستكەوتێك كە ئەمریكا هەوڵ و كۆششی سەختی بۆ بنیاتنانی كردووە.
* كەواتە لە ئێستادا دروستە بڵێین كە سەرۆك ترەمپ تەواوی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی گۆڕیوە بۆ سیاسەتێكی بزنسئاسا، بە واتایەكی دیكە وەك پرۆژەیەكی بازرگانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی هەڵدەسووڕێنێت؟
- بەڵێ، من باوەڕم وایە كە خودی سەرۆك ترەمپ هێزی لۆژیكی گۆڕیوە بۆ لۆژیكی هێز، ئەو پێی وایە دەبێت ئەمریكا ئەو هێزە بەكار بهێنێت كە هەیەتی بۆ ناچاركردنی وڵاتانی دیكە، كە ئەگەر بێت و ئەم فشاركردنە نەبێت، ئەوا ئەو وڵاتانەش ئەم كارانە ئەنجام نادەن. بەڵام بۆچونی من ئەوەیە ئەمریكا بەم كار و سیاسەتانە وڵاتانی دیكە دەخاتە باری دژایەتی و دوژمنایەتییەوە، دواتر دەبێت ئێمە ئەوە بڵێین كە زۆرجار و بە تایبەتی لە بواری بازرگانیدا كە هەردوولا دەتوانن براوە بن، واتە كاری بازرگانی گەمەی سەت و سفر نییە، بەڵام سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەم شێوەیە لە كاری بازرگانی دەڕوانێت، واتە سەرۆك ترامپ پێی وایە بازرگانیی نێودەوڵەتی گەمەی سەت و سفرە و ئەو هاوسەنگیی بازرگانی بە ململانێ و ركابەری دەزانێت، واتە ئەگەر هاتوو لەم هاوسەنگییە بازرگانییەدا ئەمریكا كورتهێنانی هەبوو، ئەوا ئەمریكا لایەنی دۆڕاوە، بەڵام ترەمپ لە رووی ئابوورییەوە كەسێكی نەخوێندەوارە، چونكە ئێمە دەتوانین هێندەی هەناردەكردن قازانج لە هاوردەكردن بكەین.
Top