مایكۆ مۆسۆ داهێنەری تێوری نۆرمە ئابوورییەكان بۆ گوڵان: تاكە رێگەی بەدیهێنانی حوكمڕانیی باش، گۆڕینی بەهاكانی كۆمەڵگەیە
June 29, 2019
دیمانەی تایبەت
پرسی حوكمڕانی پرسێكی هەستیار و ئاڵۆزە، بنیاتنانی حوكمڕانییەكی كارا و كاریگەر تەحەددییەكی قورس و دژوارە و رووبەڕووی هەر كۆمەڵگەیەك دەبێتەوە كە بیەوێت بە باشترین شێوە ئیدارەی سەرچاوەكانی بكات، بە دەربڕینێكی دیكە هەر كۆمەڵگەیەك كە خوازیاری ئەوە بێت وەرچەرخانی راستەقینە ئەنجام بدات و هەنگاوی كرداری و بەرچاو هەڵبگرێت بۆ رێكخستنی كاروبارەكانی، بە چەشنێك كە ئارامی و سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لێ بكەوێتەوە و سەروەت و سامانەكان بە شێوەیەك دابەش بكات كە هەر تاكەكەسێك هەست بكات كە مامەڵەیەكی دادپەروەرانەی لەگەڵدا كراوە، كە هەمو ئەمانە لە دەرئەنجامدا دەبنەهۆی بەهێزكردنی شەرعییەتی دامەزراوەكانی دەوڵەت، لە ئەنجامدا هەڕەشە و مەترسییەكانی ناكۆكی و شەڕ و دەست بەسەر سەرچاوە و داهاتەكانی دەوڵەتدا دەگرن. هەموو ئەمانە بە شێوەیەكی لێكدانەبڕاو پەیوەستن بە پرسی چۆنێتی هێنانەئاری حوكمڕانیی باش و رێگرتن لە دروستبوونی ئەو حاڵەتەی كە پێی دەوترێت (نەفرەتی سەرچاوەكان) كە زۆرجار هەندێ لە دەوڵەتانی دەوڵەمەند بەم سەرچاوانە بەدی دەكەین، كە بە شێوەیەكی بەرچاو شكستیان هێناوە لە سوودوەرگرتن لەم سەرچاوانە و بگرە ئەم سەرچاوانە بوونەتە مایەی ململانێیەكی توندی نێوان گرووپە جیاوازەكان و لە ئەنجامدا داهات و دەسەڵاتەكانیش خراپ بەكارهێنراون. ئەم پرسانە بوونە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ پرۆفیسۆڕ مایكڵ مۆسۆ لە زانكۆی سەنتراڵ فلۆریدا، كە وانەبێژی دیراساتی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، بەتایبەتی پەیوەندیی نێوان هەلومەرجە ئابوورییەكان، دامەزراوەكان و ناكۆكییەكان. پڕۆفیسۆر مۆسۆ داهێنەری تیۆری نۆرمە ئابوورییەكانە، كە ناوەڕۆكەكەی بریتییە لەوەی چۆن دەرفەتە یەكسان و درێژخایەنەكان لە بازاڕدا دەبنە مایەی هێنانەئارای ئاشتی لەنێوان نەتەوەكاندا. هەروەها توێژەر بووە لە پرۆگرامی دیراساتی نەتەوە یەكگرتونوەكان لە زانكۆی یاڵ، پرۆگرامی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەنتەری بەلفەر لە زانكۆی هارڤارد، ئەنستیتیوتی سالتزمان بۆ دیراساتی شەڕ و ئاشتی لە زانكۆی كۆڵۆمبیا، پێشترین بۆ ماوەی 15 ساڵ لە زانكۆی كۆچ لە ئەستەنبول-ی توركیا وانەبێژ بووە.* زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە بوونی سەرچاوە سروشتییەكان لە وڵاتێكدا لەبری ئەوەی بەكار بهێنرێت بۆ هێنانەئارای خۆشگوزەرانی و گەشەكردنی ئابووری و باشتركردنی ئاستی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، ئەوا بەهۆی ئیدارەدانی خراپەوە ئەم سەرچاوانە بەهەدەر دەدرێن و بگرە وڵاتەكەش دوچاری چەندین كێشە و گرفتی ئابووری دەبێتەوە، كە زۆرجار بەم دیاردەیە دەوترێت «نەفرەتی سەرچاوەكان»، تێڕوانینی ئێوە لە بارەی ئەم چەمكەوە لە رووی هۆكار و دەرئەنجامەكانیەوە چییە؟
- بە تێڕوانینی من ئەو كاتە دەكرێت باس لە بوونی نەفرەتی سەرچاوەكان بكەین، كە بازاڕەكان بە دەست لاوازییەوە بناڵێنن و لە دەرئەنجامی ئەم لاوازییەشدا، خەڵكی ناچار بن پشت بە گرووپەكان ببەستن بۆ ئەوەی پارێزگارییان بۆ دابین بكەن و داهاتیان بۆ دەستەبەر بكەن. لەم رووەوە دەكرێت ئاماژە بە چەند چەشنێك لەم گرووپانە بكەین، وەك خێزانە گەورەكان، تیرە و هۆزەكان، پارتە سیاسییەكان، دەستە و تاقمە تاوانكارییەكان و.. هتد. واتە لێرەدا ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم ئەوەیە كاتێك بازاڕەكان لاواز دەبن، ئەوا خەڵكی ناچار دەبن لە شێوەی گرووپدا پەنا بۆ شەڕكردن ببەن، ئەویش لە پێناوی دەستڕاگەیشتن و بەدەستهێنانی سەرچاوە و داهاتەكانی دەوڵەت. هەرچۆنێك بێت، ئەمە پەیوەندییەكی راستەوخۆ نییە و دەكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ئەم پەیوەندییە روون بكەینەوە:
1. ئەگەر بڕ و قەبارەی سەرچاوە سروشتییەكان زۆر نەبن، ئەوا بە ئاست و ئەندازەیەكی كەمتر شەڕ لەسەر ئەم سەرچاوانە دەكرێت. ئەم دەوڵەتانەش دەتوانن ببنە خاوەنی ئەزموونی دیموكراسی و دەكرێت بەهرەمەند بن لە باری ئارامی و سەقامگیرییەوە.
2. بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە سەرچاوە سروشتییەكان زۆر بن (وەك هەناردەكردنی نەوت)، ئەوا ئەمە دۆخێك دەخوڵقێنێت كە شەڕێكی زیاتر بكرێت لەسەر ئەم سەرچاوانە. هەرچۆنێك بێت، ئەگەر گرووپێك لە شەڕەدا سەركەوتوو بێت و بتوانێت كۆنتڕۆڵی دەوڵەت بكات، ئەوا ئەو كاتە سەرچاوە و سامانێكی زۆریان لەبەردەستدا دەبێت، بۆ ئەوەی دابەشی بكەن بە سەر زۆرێك لە گرووپەكاندا و بەم شێوەیە دەتوانن كارێك بكەن كە ئەگەری هەڵگیرسان و بەرپابوونی شەڕی ناوخۆ كەم بكەنەوە. بەڵام خەسڵەت و تایبەتمەندیی ئەم دەوڵەتانەش ئەوەیە كە دەوڵەتێكی سەركوتكار و ئایدیۆلۆژین. لێرەدا دەتوانین وەك نموونەیەك ئاماژە بە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە بكەین.
3. بەڵام ئەگەر بێت و سەرچاوە سروشتییەكان لە وڵاتدا لە ئاستێكی مام ناوەنددا بێت، و لە هەمان كاتدا بازاڕیش لاواز بێت، ئەوا دەكرێت بڵێین ئەگەرەكانی روودان و بەرپابوونی شەڕی ناوخۆیی لە ئاستێكی بەرزدایە، چونكە لەم هەلومەرجەدا زۆربەی زۆری گرووپەكان ناڕازی دەبن لەو سەرچاوە و سامانەی بەدەستی دەهێنن.
* باشە ئەگەر ئەمە دۆخەكە بێت، چۆن دەكرێت ئەو وڵاتانەی خاوەن سەرچاوەی سروشتین خۆیان لەم نەفرەتە لابدەن؟ بە شێوەیەكی دیكە ئایا چۆن دەكرێت ئەم وڵاتانە بە باشترین شێوە سوود لەم سەرچاوانە وەربگرن، بۆ ئەوەی بتوانن گەشەكردنێكی ئابووریی درێژخایەن و سەقامگیر دەستەبەر بكەن؟
- ئەوەی پەیوەندی بە چۆنێتی دابەشكردنی سەرچاوە سروشتییەكانەوە هەبێت، ئەوا بە تێڕوانینی من دەبێت ئەم سەرچاوە سروشتییانە بێلایەنانە و بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەسەر تاكە كەسەكاندا دابەش بكرێت. ئەگەر بەم شێوەیە كار بكرێت، ئەوا گرنگی و بایەخی گرووپەكان كەم دەبنەوە و كاڵ دەبنەوە، ئەو كاتەش هەموو كەس هەست دەكات كە مامەڵەیەكی دادپەروەرانەی لەگەڵدا كراوە، بۆ نموونە: لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ئەزموونی ویلایەتی ئالاسكا- لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا- بكەین، كە ئەم ویلایەتە بە شێوەی ساڵانە لە داهاتی نەوت بڕە پارەیەكی دیاری كراو بۆ هەر كەسێكی پێگەیشتووی ئالاسكا دەنێرێت، كەوابێت كە هیچ گرووپێك لەم پرسەدا لە ئارادا نەبێت و پارە و داهاتیش لە سووڕی سروشتیی خۆیاندا بێت، ئەو كاتە گەشەی راستەقینەی ئابووری دەستەبەر دەبێت، چونكە لەم دۆخەدا تاكەكان پارەكانیان لە دوكان و بازاڕە محەلییەكاندا خەرج دەكەن، هەروەها دەسەڵات و حكومەتە محەلییە هەڵبژێردراوەكانیش دەتوانن باج بەسەر خەڵكەكەدا بسەپێنن و داهاتی ئەم باجەش بەكار بهێنن بۆ دروستكردن و بنیاتنانی رێگاوبانەكان، قوتابخانە و نەخۆشخانەكان.
* ئەوەی لە واقیعدا بەدی دەكرێت و بەرچاوە، ئەوەیە كە زۆربەی زۆری ئەو وڵاتانەی خاوەن سەرچاوەی سروشتین بەدەست حوكمڕانیی خراپەوە دەناڵێنن، كە لە ئەنجامدانی سەرچاوە سروشتییەكان و ئەو داهاتەی بەهۆی ئەم سەرچاوانە بەدەست دەهێنرێن بە هەدەر دەدرێن، كەواتە ئایا دەتوانین بڵێین بوونی ئەم سەرچاوانە خۆیان لە خۆیاندا هۆكارێكی ئاسانكارن بۆ دروستبوونی حوكمڕانیی ناكارا و ناكاریگەر؟
- بە دید و تێڕوانینی من بوونی سەرچاوە سروشتییەكان بە تەنیا سەرناكێشێت بۆ دروستبوون و هاتنەئارای حوكمڕانییەكی ناكارا و ناكاریگەر. هەروەها من باوەڕم وایە ئەگەر لە كۆمەڵگەدا نۆرمی بەهێزی پەیوەست بە بازاڕەوە هەبێت، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر زۆربەی هاووڵاتیان و ئەندامانی كۆمەڵگە لە رێی كاركردنەوە ژیان و گوزەرانی خۆیان دەستەبەر بكەن، یان ئەم كارە لە رێی ئەنجامدانی گرێبەستەوە لەگەڵ كەسانی دەرەوەی كۆمەڵگەكەدا بكەن، ئەوا دەكرێت بڵێین ئەو حاڵەتە لە ئارادا نییە كە پێی دەوترێت نەفرەتی سەرچاوەكان. لێرەدا ئێمە دەتوانین ئاماژە بە هەردوو وڵاتی كەنەدا و نەرویج بكەین، كە هەردوو ئەم وڵاتە نۆرمێكی بەهێزی بازاڕ و سەرچاوە و سامانێكی گەورە و زۆری سروشتییان هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا حاڵەتێك نییە لەم دوو وڵاتەدا بە ناوی نەفرەتی سەرچاوەكان.
* باشە كە بوونی سەرچاوە سروشتییەكان بە شێوەیەكی حەتمی سەرنەكێشن بۆ حوكمڕانیی خراپ و ناكارا و ئەگەر ئەزموونی سەركەوتوو هەبێت، ئەو رێگاچارە و میكانیزمانە چین كە دەكرێت بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی ئەم سەرچاوانە بگۆڕدرێن بۆ ئامرازێك كە بە هۆیەوە حوكمڕانییەكی باش و كارا دابمەزرێنرێت و دەستەبەر بكرێت، ئایا باشترین ستراتیژییەت و سیاسەت لەم رووەوە چییە؟
- هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئەوەی پەیوەندی بە چۆنێتی دابەشكردنی سەرچاوە سروشتییەكانەوە هەبێت، ئەوا دەبێت ئەم سەرچاوە سروشتییانە بێلایەنانە و بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەسەر تاكەكەسەكاندا دابەش بكرێن، كە دەبێت بە شێوەی مانگانە، یان ساڵانە بڕە پارەیەكی دیاریكراو لە داهاتی ئەو سەرچاوانە بەسەر تاكەكاندا دابەش بكرێت. دەبێت ئەم كارە بكرێت بە بێ چاوپۆشین لەوەی ئەو كەسە و ئەو هاووڵاتییە ئەندامی چ گرووپێكە و لە چ ناوچەیەكدا نیشتەجێیە، خۆ ئەگەر ئەم كارە بكرێت، ئەوا زۆربەی خەڵكەكە هەست دەكەن بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە.
* با پرسیارەكە بە پێچەوانەوە بكەین، وا پێدچێت زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە رووی ئابوورییەوە ئەدایەكی باش و بەرچاو و بگرە سەرسوڕهێنەریان هەبێت، ئەو وڵاتانەن كە بە شێوەیەكی بەرچاو خاوەنی سەرچاوەی سروشتی نین، لێكدانەوە و شرۆڤەكاریی ئێوە بۆ ئەم حاڵەتە چییەو هۆكارەكە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا رەوایە بڵێین نەبوونی سەرچاوەی سروشتی حوكمڕانیی باشی لێ دەكەوێتەوە؟
- بە بۆچوونی من بوونی ئەم حاڵەتە – واتە بوونی حوكمڕانیی باش لە حاڵەتێكدا كە سەرچاوەی سروشتی زۆریش لە ئارادا نەبێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەو كۆمەڵگەیەدا بەها و نۆرمی بەهێزی بازاڕ هەیە، كە ئێمە دەزانین بۆ هێنانەئارای گەشەكردنی ئابووری ئەم نۆرم و بەهایانە گرنگییەكی بنەڕەتییان هەیە. دواتر ئەو وڵاتانە خاوەن سەرچاوەی سروشتین، بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە كە ئەم سەرچاوانە بەشێكی بچوكی ئابووریی ئەم وڵاتانە پێكدەهێنن، چونكە ئێمە دەزانین ئەو وڵاتانە خاوەنی چەندین بەرهەمی دیكەن. لەو وڵات و كۆمەڵگەیانەدا گرووپەكان ململانێ ناكەن لەسەر كۆنتڕۆڵكردن و دەستەبەرداگرتنی سەرچاوە و سامانی دەوڵەت، بەڵكو لەبری ئەوە، خەڵكی پتر پێداگیری دەكەن لەسەر بەدیهێنانی و پیادەكردنی سەروەریی یاسا، چونكە لەو كۆمەڵگەیانەدا نۆرم و بەهایەكی بەهێزی تاكەكەسیی پەیوەست بە بازاڕەوە هەیە. لەم روانگەیەشەوە دەكرێت بڵێین رێگاچارەی بەردەم كۆمەڵگە هەژارەكان كە خاوەنی سەرچاوەی سروشتین، لە پێناو پەرەپێدانی نۆرم و بەها تاكەكەسییەكانی پەیوەست بە بازاڕ ئەوەیە كە كار بكەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی بێلایەنانە ئەو سامان و داهاتەی بەهۆی بوونی سەرچاوە سروشتییەكانەوە بەدەستی دەهێنن، بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی بكەن.
* ئەگەر لە گۆشەنیگایەكی دیكەوە لە مەسەلەكە بڕوانین، ئایا مەسەلەكە بریتی نییە لە نەفرەتی حوكمڕانیی خراپ، لەبری ئەوەی پرسەكە پەیوەست بێت بە نەفرەتی سەرچاوەكانەوە، مەبەستمان ئەوەیە، ئایا ئەوە حوكمڕانیی خراپ نییە كە دەبێتەهۆی ئەوەی دەرفەتەكان لەدەست بدرێن و سەرچاوەكان بەفیڕۆ بدرێن؟
- من پێم وانییە ریشەی كێشەكە، یان هۆكارە بنەڕەتییەكە بریتی بێت لە حوكمڕانیی خراپ، بەڵكو كێشە بنەڕەتییەكە بریتییە لە لاوازی نۆرم و بەهاكانی پەیوەست بە بازاڕەوە، كە ئەمەش لە دەرئەنجامدا سەردەكێشێت بۆ دروستبوونی حوكمڕانیی خراپ، مەبەستم ئەوەیە هەر كاتێك بەهاكانی پەیوەست بە بازاڕ لاواز بن، ئەوا خەڵكی پەنا دەبەنەبەر بەها و نۆرمە دەستەجەمعییەكانی پەیوەست بە گرووپەكان، كاتێكیش نۆرمی دەستجەمعی پەیوەست بە گرووپەكان بەهێز بێت، ئەوا هێنانەئارای حوكمڕانییەكی باش لە مەحاڵ نزیك دەبێتەوە، چونكە لەم حاڵەتەدا خەڵكی پشتیوانی گرووپەكانیان دەكەن، گرووپەكانیش پێداگری دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی پشك و بەشی خۆیان لە سەرچاوە و سامانەكانی دەوڵەت. واتە لەم هەلومەرجەدا، هەر كەسێك كە لە نێو حكومەتدایە ناچارە دڵسۆز بێت بۆ گرووپەكەی خۆی و پابەندە بە هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنیەوە، واتە ئەمەیان بەلاوە گرنگترە لە پابەندبوون بە سەروەریی یاساوە، یان با بڵێین جێبەجێكردنی یاسا بە شێوەیەكی بێلایەنانە. لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین تاكە رێگەی بەدیهێنانی حوكمڕانیی باش بریتییە لە گۆڕینی بەهاكانی كۆمەڵگە، هەروەها باشترین رێگاچارەش بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەنجامە لە حاڵەتی بوونی سامان و سەرچاوە سروشتییەكاندا بریتییە لە دابەشكردنی بێلایەنانەی ئەو سەروەت و سامانە بەسەر هاووڵاتیاندا.