د.شاخەوان زاهیر بەڕێوەبەری پەرەپێدان لە كۆمپانیای ئاوامیدیكا بۆ گوڵان: كارگەی ئاوامیدیكا 120 جۆر دەرمان بەرهەم دەهێنێت و لە كوردستان و عێراقیش بەكاردەهێنرێت

د.شاخەوان زاهیر  بەڕێوەبەری پەرەپێدان لە كۆمپانیای ئاوامیدیكا بۆ گوڵان:  كارگەی ئاوامیدیكا  120 جۆر دەرمان بەرهەم دەهێنێت و لە كوردستان و عێراقیش بەكاردەهێنرێت
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رابردوودا هەنگاوی باشی ناوە لە بواری دروستكردنی نەخۆشخانە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، بەڵام لە هەندێك بواردا كەلێن و كەموكورتی ماون، وەك بوارەكانی دابینكردنی پزیشكی پسپۆڕ و سیستەمی چاودێریی تەندروستی و بەرهەمهێنانی دەرمان و پێداویستییە پزیشیكییەكان لە ناوخۆی هەرێمدا، واتە لە بواری ژێرخانی دەرمانسازیدا كەلێنی گەورە هەیە، بە راددەیەك هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن كە كەمتر لە 5%ی بەكارهێنانی دەرمانی ناوخۆ لەلایەن كارگە و كۆمپانیا خۆماڵییەكانی دەرمانەوە دابین دەكرێت، ئەمەش رێژەیەكی زۆر نزمە، ئەگەر بەراورد بكرێت بە دوو وڵاتی وەكو ئوردون و ئێران، لە وڵاتی ئوردن لە 97%ی بەكارهێنانی دەرمان لەلایەن كارگەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە دابین دەكرێت و لە ئێرانیش ئەو رێژەیە زۆر بەرزترەو بەرەو 99% دەچێت. بەرهەمهێنانی دەرمان لە ناوخۆدا جگە لە سوودەكانی باشتر كۆنتڕۆڵكردن و لێپرسینەوە و ئاگاداربوون لە كوالێتییەكەی لە هەڵبژاردنی دەرمانیش هاوڵاتی دوچاری ئەو بێسەروبەرییە نابێت، ئەمە وێڕای ئەوەی لە رووی ئابووری و وەبەرهێنانیشەوە ئەو نەزیفە رادەوەستێندرێت كە ساڵانە بە هۆی هێنانی دەرمانەوە ملیۆنەها دۆلار دەچێتە دەرەوەی سنوورەكان. بۆ قسەكردن لەسەر بەرهەمهێنانی دەرمان، كۆمپانیای ئاوامیدیكا-مان هەڵبژارد و چەند پرسیارێكمان ئاراستەكردن و د.شاخەوان زاهیر بەڕێوەبەری پەرەپێدان لە كۆمپانیای ئاوامیدیكا بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* دروستكردنی كارگەی ئاوامیدیكا بۆ دەرمان، هەنگاوێكی گرنگ بوو، بۆ ئەوەی ژێرخانی دەرمانسازی لە كوردستان دابمەزرێت، ئایا ئەم كارگەیە چ جۆرە دەرمانێك دروست دەكات و ئاستی كوالێتی چۆنە؟
- هەرێمی كوردستان شوێنێكی زۆر لەبار و گونجاوە بۆ دروستكردنی كارگەی دەرمان، ئەمە وێڕای ئەوەی كەرتی دەرمان دەچێتە ناو چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەییەوە بەو پێیەی سێكتەری تەندروستی پێویستە لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆماندا بێت و سەربەخۆیی ئەم كەرتەش پێویستی بەكۆمەڵێك كارگەی تایبەت بەدروستكردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی هەیە، لەم روانگەیەوە 12 ساڵ لەمەوبەر بیرۆكەی دروستكردنی كارگەی ئاوا میدیكا بۆ دەرمان دەركەوت و هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ پێشخستنی ژێرخانی دەرمانسازی و بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی كەرتی تەندروستی، ئەوەی زۆر گرنگیشە كارگەی ئاوامیدیكا لە ناوخۆی كوردستان و لەژێر چاودێریی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستاندایە و لەنزیكەوە ئاگاداری كوالێتی و بەرهەمەكانی كارگەكەمانن، بەپێچەوانەی بەرهەمی كارگە بیانییەكان لەگەڵ هەر كەموكورتییەك دەتواندرێت ئاوامیدیكا راستەوخۆ رووبەرووی یاساو دادگای بكرێتەوە. راستە كەرتی دروستكردنی دەرمان بەهاوشێوەی بیزنسەكانی دیكەی بازرگانی و دروستكردنی عەقارات قازانجی خێرای نییە، بەڵام بەو پێیەی پرۆژەكە لە رووی كەڵكی ئابوورییەوە پرۆژەیەكی ستراتیژیی و بێ وێنەیە، بۆیە روویان لەم بوارە كردۆتەوە. لەكاتی ریفراندۆم كاتێك سنوورەكانمان لەسەر داخرا و تەنانەت رێگایان نەدا لە هەردوو سنووری ئێران و عێراقەوە دەرمان و پێداویستییەكانی پزیشكی بهێنرێتە كوردستانەوە، ئەو كات ستراتیژی و گەورەیی كەرتی بەرهەمهێنانی دەرمانمان بۆ دەركەوت، ئەمە ئەوەی نیشان داین كە لە داهاتوودا پێویستە كەرتی دروستكردنی دەرمان فراوان بكرێت و پەرەی پێ بدرێت، چونكە ناكرێت گەلی كوردستان تەنیا پشت ببەستێت بە هێنانی دەرمان و كەرەستە و پێداویستییە پزیشیكییەكان لەدەرەوەی وڵات، لەكاتێكدا وڵاتێكی وەكو ئوردن بە رێژەی 97% بۆ دابینكردنی دەرمان و كەرەستە پزیشكییەكانی پشت بە بەرهەمی خۆماڵی دەبەستێت و ئێران لە 99% ی دەرمانەكانی كە لە ناوخۆدا بەكاردەهێنرێن بەرهەمی ناوخۆیەتی، بەم شێوەیە زۆربەی وڵاتانی دنیا بەرێژەیەكی زۆر بەرز دەرمانی كارگەكانی ناوخۆ بەكار دەهێنێت.
سەبارەت بەتەوەری دووەمی پرسیارەكەشتان ئەمڕۆ لە ئاوامیدیكا زیاتر لە 120 جۆر دەرمان دروست دەكەین، هەر لە كەپسوول و حەب و شروب و پاودەری گیراوە و كلێم و جێڵ و هەرچی دەرمانەكانی دەرزی و قەترەی چاوو تەحامیل و چەندین بواری دیكە هەیە، خۆشبەختانە هەموو دەرمانەكانمان بەپێی ستانداردی ئەوروپییە و لە سەرچاوە جیهانییەكانەوە هێنراون، كە لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، ئەمە وێڕای ئەوەی پشتمان بەكەرەستەی سەرەتایی rao matrial باوەڕپێكراو و باش بەستووە و هەمووی بڕوانامەی جیهانیی لەگەڵ بووە، ئەوجا داخڵی هێڵەكانی بەرهەمهێنانی ئاوامیدیكا كراون، ئەمە وێڕای ئەوەی كە هەرچی ئەو كەرەستە سەرەتاییانەی دەرمان هەیە دوای ئەوەی لە كوالێتی كۆنتڕۆڵ و وەزارەتی تەندروستی لەخاڵە سنوورییەكانەوە رێگەمان پێدەدەن و لە ئاستێكی بەرزی كوالێتی دایە، ئەوجا لەناوخۆی كۆمپانیاكەشماندا پێش ئەوەی ئەو كەرەستەیە بچێتە بواری بەرهەمهێنانی دەرمانەوە، بەكۆمەڵێك پرۆسەی تاقیكردنەوە و پشكنیدا تێپەڕدەبن، ئەو كات كەرەستەكە دەچێتە خانەی كەرەستە سەرەتاییە رێگەپێدراوەكان بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان، تەنانەت لەكاتی دروستكردنی دەرمانیشدا تاقیكردنەوە بۆ بەرهەمەكانمان دەكرێت بۆ ئەوەی بزانین كەرەستەكە گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، تاقیگەكانی ئاوا میدیكا یەكێكە لە تاقیگە هەرە پێشكەوتووەكان و لە عێراقدا هاوشێوەی نییە، هیچ دەرمان و بەرهەمێكی ئاوامیدیكا نییە كە بە زنجیرەیەك لە تاقیكردنەوە و پشكنین و كاری چاودێریدا تێپەڕ نەبێت، هەر ئەمەشە وایكردووە كارگەی دەرمانی ئاوامیدیكا خاوەنی كۆمەڵێك بڕوانامەی بەرزی جیهانی بێت و دوو بڕوانامەی ISOی نێودەوڵەتیمان هەیە و بڕوانامەی (GMP) عێراقیمان هەیە و بەم نزیكانەش كار لەسەر بەدەستهێنانی دوو بڕوانامەی GMP)- ئوردونی و ئەوروپی) دەكەین، چونكە لە رووی كوالێتییەوە بەرهەمەكانی ئاوامیدیكا لەئاستێكی بەرزدان.
* ئەوەی تێبینی دەكرێت دەرمانەكانی كارگەی ئاوامیدیكا كەمتر لە دەرمانخانەكانی كوردستان دەبینیرێن، یان راشكاوانەتر بڵێم پزیشكەكانی كوردستان ئەو دەرمانانە بۆ نەخۆش نانووسن، ئایا دەرمانەكانی ئێوە لە دەرمانخانەكان نین، یان كوالێتیان باش نییە و خەڵك بە پیریانەوە ناچێت؟
- دەرمانەكانی ئاوامیدیكا لە ناوخۆی كوردستان و عێراقدا لەلایەن هەردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق و كوردستانەوە بەكار دەهێنرێن و باوەڕپێكراون، لەرووی كوالێتییەوە شانبەشانی دەرمانەكانی ئەو دەوڵەتانەیە كە زۆر پێشكەوتوون و لەژێر چاودێرییەكی توندان، بۆ نموونە: لە ناوچەكەماندا دەرمانی ئوردونی و ئیماراتی زۆر ناوبانگیان هەیە، بەرهەماكانی ئاوامیدیكایش شانبەشانی بەرهەمەكانی ئەو دوو وڵاتەن و ئەگەر باشتر نەبن هیچ كەمتر نین، دەرمانەكانی ئێمە زۆر لە بەرهەمەكانی ئێران و توركیا باشترە، شارەزایانی دەرمان بەتایبەتی كارمەند و كادیرەكانی كۆمپانیاكەمان تا دەرمانی ئاوامیدیكا هەبێت، هیچ دەرمانێكی دیكە بەكارناهێنن، هەر ئەمەشە وایكردووە دەرمانەكانی ئاوامیدیكا لەهەموو دەرمانخانەكانی كوردستان هەبێت و رەواجێكی باشی لەسەر هەیە، بگرە ماوەیەكە پزیشكەكانی كوردستان دەرمانەكانی ئاوامیدكا بۆ نەخۆش دەنووسن ماوەیەك لەمەوبەر بۆشایی و كەلێنێك لەنێوان ئاوامیدیكاو پزیشەكەكاندا هەبوو، ئێستا ئاوامیدیكا پردی پەیوەندیی باشی كردۆتەوە و لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای پزیشكان و دەرمانسازانی كوردستان و دەرمانخانەكانی كوردستان هەنگاوی گەورەمان ناوە، ئەمڕۆ ئاوامیدیكا متمانەیەكی بەرزی بە پزیشكەكانی كوردستان هەیە و ئەوانیش متمانەیەكی گەورەیان بەبەرهەمەكانی كارگەكەمان هەیە و بەرهەمەكانمان لە زاخۆوە تا بەسرە دابەش دەكرێت و ناوو ناوبانگی خۆمان هەیە، ئاوامیدیكا لە عێراقدا لە ریزبەندی ئەو كارگە و كۆمپانیانەن كە پێیان دەوترێت CLASSA، واتا ئاوامیدیكا لەهەرە كارگە باشەكانی عێراقە، ئەوەی دەمێنێتەوە بوونی كێبڕكێیە بۆ دابینكردنی دەرمان بۆ وەزارەتی تەندروستی عێراقك كە لەمەشدا سەركەوتوو بووین و لە ریزبەندی پێشەوەین و گرێبەستمان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی تەندروستدی كوردستان و عێراق هەیە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكانی تەندروستی هەولێر و سلێمانی و دهۆكیش خۆشبەختانە بۆ دابینكردنی دەرمان كۆنتراكتمان هەیەك بەتایبەتی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان، ئەوەی من ئاگاداربم وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكانی تەندروستی زۆر رازین لە بەرهەمەكانمان و متمانەی تەواویان پێی هەیە و كوالێتیان لەهەموو تاقیگەكانیان سەركەوتوو بووە، بەردەوام تیمەكانی وەزارەتی تەندروستی سەردانمان دەكەن و لەنزیكەوە ئاگاداری بەهەمەكانی كارگەكانمانن، ئەمە لەكاتێكدا دەرمانی وڵاتانی بیانی وەكو هیند و چین و مالیزیا و بەنگلادیش و وڵاتانی ئەفریقایی ناتواندرێت متمانە بەبەرهەمەكانیان بكرێت، چونكە لەكاتی بوونی كەموكورتیدا ناتواندرێت ئەو كارگانە رووبەرووی لێپرسینەوە و دادگا بكرێنەوە، هەرێمی كوردستان دەزانێت چاودێرییەكی توندی بەرهەمی كارگەكانی دەرمان لە ناوخۆی كوردستان هەر لەداخڵبوونی كەرەستەكانی دەرمانە لە رێگەی كوالێتی كۆنتڕۆڵەوە تاوەكو كاری پشكنینی خولی بەرهەمی كارگەكەمان بكات، تاقیگە و هۆڵەكانی ئێمە ئەوەندە پێشكەوتوون كە زۆربەی جار كوالێتی كۆنتڕۆڵ دێنە تاقیگەكانمان بۆ پشكنینی دەرمانەكانی وڵاتانی بیانی و ئەنجامدانی راهێنان لەسەر ئەو پێشكەوتنانەی لە بواری دەرمان بەرهەمهاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیریی گشتی نەك تەنیا لە كەرتی دەرماندا، بەڵكو لەسەرجەم بەرهەمەكانی ناوخۆ نەگەیشتۆتە ئاستێكی وا بەرز كە چیتر ئەوەندە گرنگی بەبەرهەمی بیانی نەدەن، ئەمەش بۆ كولتوورێك دەگەڕێتەوە كە بەداخەوە ساڵانی پێشوو كارگەكانی ناوخۆ لەبوارەكانی دیكەی بەرهەمهێناندا لە ئاستی كوالێتی بەرهەمی بیانی نەبوون، هەربۆیە هێشتا ئەو كولتوور و رۆشنبیرییە ئابووری و تەندروستییە بوونی ماوە، كە خەڵكی بەرهەمی بیانی بە باشتر و كوالێتی بەرزتر دەزانێت، ئەگەر بێتو نرخەكەشی گرانتر بێت ئەوا ئەوەندەی تر وادەزانن ئەو دەرمانە باشترە، ئەمەرۆشنبیری و هۆشیارییەكی زۆر هەڵەیە، ئەركی حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و راگەیاندنەكانە ئەو بێمتمانەییەی لەنێوان بەرهەمی ناوخۆ و بەكاربەری ناوخۆ هەیە نەمێنێت، لەمەشدا راگەیاندن رۆڵێكی زۆر خراپی هەبوو لە خستنەوەی بێ متمانەیی لەنێوان دكتۆر و نەخۆش و دەرمانی بیانی و دەرمانی ناوخۆ، راگەیاندن وایكرد خەڵكی متمانەیان بەبەرهەمی ناوخۆ نەمێنێت، لە هەموو دنیادا تا بەرهەمی ناوخۆ راوەستابێت خەڵكی بەرهەمی بیانی بەكار ناهێنن، ئەمە وێڕای ئەوەی ئابووری وڵات و بژێویی ژیانی خەڵك و هەلی كاری هاونیشتمانییانە، ئەمە متمانەشی زیاترە بەو پێیەی لەكاتی هەر كەموكورتیەكدا دەكرێت ئەو لایەنە رووبەرووی لێپرسینەوەی یاسایی و ماددی و قەزایی بكەیتەوە. ئەمە تەنیا بۆ خراپیی ئەو كلتوورە و غیابی هۆشیاریی نییە، بەڵكو كەموكورتیی سیستەمە كە وایكردووە هاووڵاتی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەكەیی و هاونیشتمانیانی خۆش نەوێت، ئێمە هەرگیز لە ئاوامیدیكا لەگەڵ ئەوە نین بەرهەمی ناوخۆ خراپ بێت و هاوڵاتی بەكاری بهێنێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە لەگەڵ ئەوەداین كوالێتی كۆنتڕۆڵ لە هەر بوارێكدا ئەگەر بەرهەمێكی خراپی بینی، لێپرسینەوەی توندی لەگەڵدا بكات، ئاوامیدیكا باوەڕی بەوە هەیە هاووڵاتیانی كوردستان مافی خۆیانە باشترین بەرهەم و بەرزترین كوالێتی كەرەستە و پێداویستییەكانی خۆیان بەكاربهێنن، هەر واشمان كردووە، باشترین كەرەستە و كارگە و شارەزایان لە بەرهەمهێنانی دەرماندا بەشدارن، لە بەرامبەریشدا ئومێدمان زۆرە هاووڵاتی و بەكارهێنەری ناوخۆ پاڵپشتمان بێت و متمانەی بە بەرهەمەكانی كارگەكەمان هەبێت. بێمتمانەیی هاووڵاتیان بە بەرهەمی ناوخۆ لەلای ئێمە دروست نەبووە، بەڵكو كەڵەكەبووی چەند ساڵەیە كە بەهۆیەوە زیانێكی گەورە بەو كارگانەش دەكەوێت كە لە ئاستێكی بەرزی كوالێتیدا بەرهەمیان هەیە. پێویستە لە قۆناغی داهاتوودا بەهەمووان لەگەڵ بەرهەمی ناوخۆ كار لەسەر هۆشیاریی ناوخۆ و گەڕانەوەی متمانەی خەڵكی بكەین.
نامتمانەیی خەڵكی بە بەرهەمی ناوخۆ جگە لەوەی بەهۆی كولتووری ساڵانی پێشوو و خراپی بەرهەمی ناوخۆوە دروست بووە، هاوكات بەهۆی ئەو كەلێنەشەوە دروست بووە كە لەنێوان بیزنس و سەرمایەدار و خەڵكی هەیە، ئایا كارگەكەی ئێوە لە رووی كۆمەڵایەتی و خێرخوازییەوە چ كاروچالاكییەكی هەیە، تاوەكو ئەو كەلێنەی نێوان وەبەرهێن و خەڵكی كەم ببێتەوە؟
- ئێمە لایەنی كۆمەڵایەتی و خێرخوازیمان فەرامۆش نەكردووە، لەگەڵ كۆمەڵێك رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و خێرخوازیدا پەیوەندی و هەماهەنگیی زۆر باشمان هەیە، لەوانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پزیشكانی بێ سنوور و خاچی سوور و چەندین رێكخراوی دیكەی ناوخۆ، زۆربەی جار ئێمە دەرمانیان پێ دەفرۆشین بەنرخێكی زۆر گونجاو، بەنزیك لە نرخی تێچوون لە ئاوامیدیكا نرخی تایبەتمان هەیە بۆ رێكخراوە خێرخوازییەكان، ئەمە وێڕای ئەوەی زۆربەی جار لە نەخۆشخانەكان دەرمانمان داونەتێ بە بێ وەرگرتنی پارە بەراستەوخۆ، یان دەرمانمان داوەتە رێكخراوەكانی خێرخوازی بۆ ئۆردوگاكان.
* باس لەوە دەكرێت ئێوە دەرمانەكانتان بە دەرەوەی كوردستان دەفرۆشن، ئایا هۆكاری ئەوە چییە دەرمانەكان بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكارناهێنن؟
- وەكو ئاماژەم پێدا دەرمانەكانی ئاوامیدیكا لە ئاستێكی بەرزدایە، بۆیە سنوورەكانی تێپەڕاندووە و بۆ دەرەوەی كوردستان دەرمانمان ناردووە، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچە و وڵاتانەی شەڕیان تێدابووە، ئەمەش لە رێگەی رێكخراوە خێرخوازییەكانەوە.

* كێشەی سەرەكیی تەندروستی كوردستان، هەمەجۆریی سەرچاوەكانی هاوردەكردنی دەرمانە، تەنانەت كاتێك نەخۆش دەچێتە دەرمانخانەیەك، دەكەوێتە بەردەم چەند هەڵبژاردەیەك بۆ ئەوەی كام دەرمانی دەوێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا بوونی ئەم هەموو سەرچاوە جیاوازانە بۆیەك دەرمان تاچەند كاریگەری خراپی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان بەجێ دەهێڵێت؟
- لە هەموو دنیا كەرتی دەرمان جگە لەوەی كەرتێكی هەستیارە، هاوكات پەیوەستە بەئاسایشی نەتەوەییەوە، راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و مردنی خەڵكەوە هەیە، ئەگەر شەقامێك بەهەڵە و كەموكورتی دروست بێت رەنگە بتواندرێت چاك بكرێتەوە، یان چاوپۆشی لێبكرێت، بەڵام خراپیی دەرمان و كەموكورتی لەم بوارەدا مردن و كارەساتی لێ دەكەوێتەوە، رێكخستنی كەرتی دەرمانیش پێویستی بەیاسای زۆر تایبەت هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی پێویستی بە پاڵپشتی و هاوكاریی گەورە هەیە، هەربۆیە پێویستە ئەم بوارە و یاساكانی تایبەت بە دەرمان رێكبخرێتەوە و مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵ بكرێت. بوونی ئەم هەموو دەرمان و جۆرانە بەڕاستی كێشەیەكی گەورەیە و پێویستی بەرێكخستنەوە هەیە، چونكە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو هەموو سەرچاوانەی دەرمان كارێكی ئاسان نییە، ئەمە وێڕای ئەوەی لەدەرمانخانەكاندا بۆ هاووڵاتی كێشەیە و سەری لێ دەرناكات، زۆرجاریش هۆكارەكە دەرمانێك دەبێت كە راستەوخۆ ئەو ماركە و كارگەیەی كە دەرمانەكەی دەهێنێتە كوردستان نامێنێت و ماركە و بەرهەمی كۆمپانیایەكی دیكە دەهێندرێت، منیش لەگەڵ ئەوەدام لە رووی نرخ و شارەزاییەوە ناكرێت ئەو هەموو جۆری دەرمانە و لەرێگەی ئەو هەموو سەرچاوەیەوە بهێندرێتە كوردستانەوە، ئازادی بازرگانی واتای ئەوە نییە بازاڕێكی بێسەروبەر و هەركەس بە ئارەزووی خۆی دەرمان و كەرستە پزیشكییەكان بهێنێتە كوردستان، ئەوەتا گەورەترین زیان بەر نەخۆش و خەڵكی كەوتووە لەهێنانی ئەو هەموو كەرەستە پزیشكییە كوالێت لاوازانەوە، رێگا كراوەتەوە بۆ قاچاخچی و خەڵكی ناشارەزا، من ناڵێم لێرە هیچ رێوشوێنێك نییە بەڵام لاوازیی تێدایە، چونكە ناكرێت ئەو هەموو سەرچاوەیەی هێنانی دەرمانت هەبێت و بتوانیت كۆنتڕۆڵی بكەیت، لە ئەڵمانیا ئەگەر دەرمان تێپەڕێندرێتە ناو وڵاتەكەوە، دەبێت بەكۆمەڵێك فیلتەردا تێپەڕ بێت، لێرەش پێویستە ئەو فیلتەرانە دابنرێت، بەداخەوە لە كوردستان دەرمانی كوالێتی خراپ زۆر داخڵی دەبێت، پێم سەیرە لێرە دەرمانی بەنگلادیشی و فەلەستینی دەفرۆشرێت، راستە كارگەكانی ناوخۆ لە حاڵەتی ئێستادا توانای نییە هەموو جۆرە دەرمان و بڕێك دروست بكات، بۆیە ئێمە داواناكەین رێگری بكرێت لە هێنانی دەرمان، بەڵام با سنوورێكی بۆ دابنێین، وڵاتێكی وەكو ئێران لە 99% ی پێداویستیەكانی ناوخۆی دەرمان دابین دەكات، بەداخەوە لەكوردستاندا لە 5%ی دەرمانەكانی كە بەكاردەهێنرێن لە ناوخۆدا بەرهەم هاتوون، ئەمە گرفتێكی گەورەیە نەك تەنیا لەكەرتی تەندروستی بەڵكو لەبواری ئابووری و بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمدا، ساڵانە پارەیەكی زۆر كە بەملیۆنەها دۆلار مەزەندە دەكرێت بەهۆی هێنانی دەرمانەوە دەچێتە دەرەوەی وڵات و تەنانەت بەشێكی لەم پارانە بەهەدەردەچێت چونكە لە هێنانی دەرمانێكی كوالێتی خراپدا خەرج دەكرێت، لەكاتێكدا ئەگەر كارگەكان لەناوخۆدا بێت تەنیا پارەی كەرەستە سەرەتاییەكان خەرج دەكرێت و ئەوی دی لە ناوخۆی وڵاتدا دەكرێت وەبەرهێنان و كەرتی دروستكردنی دەرمانی پێ فراوان بكرێیت، بەو ئومێدەی لەكوردستاندا كارگە دروست بكەین بتوانێت كەرەستە سەرەتاییەكانیش بەرهەم بهێنێت.

* پاڵپشتی و هاوكاریی حكومەت بۆ سەركەوتنی پرۆژەی كارگەی ئاوامیدیكا تاچەند گرنگە، ئایا پێشنیار و بۆچوونتان بۆ بەهێزكردنی بەرهەمهێنانی دەرمانی ناوخۆ چییە؟
ئاوامیدیكا سوپاسی هەموو ئەو كەسایەتییانە دەكات كە هاوكاریی سەركەوتنی ئەم پرۆژە ستراتیژییە بوون، بەتایبەتی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەشێوەیەیەكی گشتی هاوكاری هەموو ئەو وەبەرهێنانەیان كردووە كە كاریان بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی وڵات و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ كردووە، هەروەها زۆر سوپاسی وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و وەزارەتی تەندروستی عێراق دەكەین، كە ئاسانكاریی باشیان پێشكەش كردووین، ئێمەش لەبەرامبەردا بەنرخی زۆر داشكێنراو دەرمانمان بۆ دابین كردوون. لە رێگەی گۆڤارەكەشتانەوە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە ئێمە لەكەرتی تایبەت و وەبەرهێنان پێویستیمان بەوە هەیە هەندێك یاسا و تەشریعاتی تایبەت بە پەرەپێدانی كەرتی تایبەت هەیە پێویستیان بە گۆڕانكارییە، بەشێوەیەك كە لەگەڵ سەردەمەكە و قۆناغەكەدا بگونجێت و هاندەربێت بۆ ئەوەی تێچوونمان كەم بكاتەوە و بتوانین لەگەڵ كارگە بیانیەكان و بەرهەمە زۆر پێشكەوتووەكانی دنیا كێبڕكێ بكەین، ئەگەرچی یاسا بۆ هاندان و پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت هەیە، بەڵام بەپێی پێویست نین، یاساكان جیاوازییان نەكردووە لەنێوان بیزنسێك كە لە بواری عەقارات و بازرگانی كار دەكات، لەگەڵ بیزنسێكدا كە لەبوارێكی قورس و هەستیاری وا كار دەكات كە ماوەیەكی زەمەنی دەوێت تاوەكو داهاتەكەی دەست بكەوێتەوە.
Top