جۆزێف ئۆلمەرت تایبەتمەندی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: دەكرێت ئەمریكا بەبێ شەڕیش ئامانجەكانی لە بەرامبەر ئێراندا بەدی بهێنێت
June 22, 2019
دیمانەی تایبەت
جۆزێف ئۆلمەرت پڕۆفیسۆری بواری سیاسەتی دەرەوەیە لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن، پێشتر پڕۆفیسۆری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە زانكۆكانی تەل ئەبیب، هیبرو، بار ئیلان لە ئیسرائیل، هەروەها وانەبێژ بووە لە زانكۆكانی كۆرنێڵ، كۆلێژی ویلایەتی نیویۆرك لە ئەمریكا، زانكۆی یۆرك لە كەنەدا. جگە لە كاری وانەبێژی پڕۆفیسۆر جۆزێف ئۆلمەرت چەند پۆستێكی باڵای هەبووە لە حكومەتی ئیسرائیلدا، وەك بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی حكومەتی ئیسحاق شامیر، راوێژكاری سیاسیی وەزیری بەرگری مۆشێ دایان، هەروەها بەشداری كردووە لە چەند ئەركێكی دیپلۆماسی لە جیهاندا، وەك بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاشتی لە مەدرید لە ساڵی 1991 و گفتوگۆكانی ئاشتی دواتری نێوان سووریا و ئیسرائیل. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك مێژوی هاوچەرخی سووریا و لوبنان، كەمینەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تیرۆریزم، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و سیاسەتی ئیسرائیل. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد كە بە شێوەیەكی سەرەكی پەیوەست بوون بە پەرەسەندنەكانی بارگرژیییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و ئەگەرەكانی شەڕ و گفتوگۆ لە نێوان ئەم دوو وڵاتە و چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.* پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەتایبەتی هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان هەردوولا تاوەكو ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ و دواتر لێدوانەكانی تایبەت بە ئەگەری ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بوونە مایەی سەرقاڵكردنی زۆربەی چاودێران و حكومەت و گەلانی ناوچەكە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بە راستی چی دەگوزەرێت و ئایا ئاراستەی پەرەسەندنەكان بە چ ئاقارێكدا دەڕۆن؟
- ئەوەی دەتوانین لێرەدا ئاماژەی پێبكەین ئەوەیە كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە نزیكەوە كار لەگەڵ هەردوو وڵاتی عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیلدا دەكات، ئەم دوو وڵاتەش ئێران بە كێشەی سەرەكیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن، واتە لە تێڕوانینی ئەواندا، ئێران سەرچاوەی سەرەكیی روودانی بارگرژییەكان و تیرۆریزم و لە ئارادانەبوونی سەقامگیریی و ئارامییە. هەر لەم روانگەیەشەوەیە كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە كە ئەوپەڕی گوشار كە مومكین بێت بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەگەرچی مەرج نییە مومارەسەكردنی ئەو فشارانە بە ئامانجی رووخاندنی حكومەتی ئەو وڵاتە بێت، بەڵكو ئامانجەكە ئەوەیە كە ناچاریان بكات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ لە كاتێكدا كە لە پێگەیەكی لاوازدا بێت. كەواتە ئەوەی روونە ئەوەیە كە بڕیارێكی پێشوەختە نییە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ، بەلای كەمەوە، هێشتا ئەم بڕیارە لە ئارادا نییە.
* بەڵام هەر لەم رۆژانەی دواییدا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوەكرد كە شەڕ لەگەڵ ئێراندا ئەگەرێكی كراوەیە، بەڵام لە چەند لێدوانێكی دیكەیدا باس لەوە دەكات كە ئامانجەكە ئەوەیە كە ئێران نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و ئیدارەی ئەمریكاش ئامادەیە بە بێ مەرجی پێشوەختە گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا بكات، ئایا خوێندنەوەی ئێوە چییە بۆ ئەم ئاماژە دژ بە یەكانە، ئایا دەتوانین بە دڵنیاییەوە باس لە رەوینەوەی تارمایی شەڕ بكەین؟
- لە راستیدا ئەگەری شەڕی ئەمریكا و ئێران لە ئارادا ماوە، بەڵام هێشتا ئێمە نەگەیشتووینەتە دۆخێك كە شەڕ بەرپا بێت. كەواتە ئەوەی پەیوەندی هەبێت بەم ساتەوەختەوە، ئەوا ئەمریكا قەناعەتی هەیە بەو فشارانەی كە مومارەسەیان دەكات و سەپاندوونی، بە شێوەیەكی سەرەكی گوشارە ئابوورییەكان، كە لەم رووەوە چاوەڕوانی پەرچەكردار و كاردانەوەی ئێرانییەكانیش دەكات. لەبەر ئەوەی دەبێت ئێرانییەكان زۆر بە وریاییەوە رەفتار بكەن، ئەوەی پەیوەندی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشەوە هەبێت، ئەوا ئەمریكا كارێكی ژیرانەی كردووە كە بژارەی سەربازی بە كراوەیی هێشتۆتەوە.
* ئێوە ئاماژەتان بەوەكرد كە ئەمریكا هەرچی فشار و گوشارێك كە لەدەستی بێت لە بەرامبەر ئێراندا مومارەسەی دەكات، كە هەندێ لە چاودێران ئەم هەڵمەتی فشار و سزایانەی ئێران بە دیپلۆماسییەتی ناچاركردن ناودەبەن، بەڵام هەندێ لە رەخنەگرانیش پێیان وایە ئەوەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ پیادەی دەكات، زیاتر ناچاركردنە نەك دیپلۆماسییەت، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەوەی بەدی دەكرێت بریتییە لە شێوازێكی نوێی دیپلۆماسیەت، دیپلۆماسیەتی خۆزاڵكردن، كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هەوڵی پیادەكردن و مومارەسەكردنی دەدات- ئەگەرچی بە بێ سەركەوتنیش نەبووە- لە میانەی مامەڵەكردنی لەگەڵ زۆرێك لە پرس و وڵاتاندا، نەك تەنیا لە بەرامبەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. كەواتە كاتێك سەرۆك ترەمپ باس لەوە دەكات كە دەبێت دووبارە شكۆ و مەزنێتی بۆ ئەمریكا بگەڕێندرێتەوە، ئەوا دەقاودەق مەبەستی ئەوەیە كە وڵاتی ئێمە هێزی ژمارە یەكە لە جیهاندا، لەم روانگەیەشەوە دەبێت كاروبارەكان بە خواستی ئەو بێت.
* باشە ئێوە پێتان وایە لە ئێستادا ئامانجی سەرەكیی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بریتییە لە ناچاركردنی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، كە ئێمە دەزانین فشارە ئابوورییە سەپێندراوەكان لەلایەن ئەمریكاوە بەسەر ئێراندا كێشەی گەورە و دژواری دارایی و ئابووری لەو وڵاتەدا دروست كردووە، كەواتە تا چ راددەیەك ئەگەری ئەوە هەیە كە ئێران ئامادە بێت سازشی گەورە بكات و دووبارە ئامادە بێت بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ؟
- ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت ئەوەیە كە ئێران سەرقاڵی گەڵاڵەكردنی بژارەكانی خۆیەتی، ئەگەرچی ئەوان ئەم بژارانە بۆ رای گشتی ئاشكرا ناكەن. بۆ نموونە، بە راددەیەكی گەورە هاوكارییە داراییەكانیان بۆ حزبوڵا كەم كردۆتەوە، كە گرووپێكی تیرۆریستییە كە بە ئاشكرا هەڵمەتی كۆكردنەوەی هاوكاری دارایی لە لوبنان ئەنجام دەدات. پێم وایە ئەم هەنگاوە، بڕیار و هەنگاوی دیكەی بە دوادا دێت، ئەمەش پێش ئەوەی بڕیاری كەمكردنەوەی هاوكاری پەیوەست بە خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی لە نێو خودی ئێراندا بدرێت. ئێرانییەكانیش ئەو راستییە دەزانن، كە ئەگەر ئەم كارە بكەن، ئەوا ناڕەزایەتییەكی جەماوەری بەربڵاو روودەدات لە وڵاتەكەدا.
* هەروەك ئاشكرایە كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رێچكەیەك دەگرێتەبەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەی، كە رێچكەیەكە لەسەر بناغەی قازانج و زیان بنیات نراوە، واتە ئەم ئیدارەیە هەوڵی هێنانەدی گۆڕانكاری لە نێو وڵاتێكدا نادات هێندەی ئەوەی مەبەستێتی لە بوارێكی دیاریكراودا رێككەوتنی لەگەڵدا بكات، بەڵام لە پەیوەندی بە ئێرانەوە دەبینین ئەم ئیدارەیە پتر جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە گۆڕانكارییەكی سەرتاسەری و گشتگیر لە سیاسەت و كردارەكانی ئێراندا بهێنێتەئاراوە، ئایا ئەمە دژیەكی نییە لە سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكا لە ئاست ئێراندا؟
- لە راستیدا ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لە زۆر مەسەلەدا سیاسەتێكی دژبەیەكی هەیە. ئیدی ئەمە شێوازی كاركردنی ئەوە، بەڵام لە پەیوەندی بە پرسی ئێرانەوە، ئەوا سەرۆك ترەمپ دەیەوێت ئێران ناچار بكات بەوەی گۆڕانكارییەكی گەورە لە تەواوی سیاسەت و ستراتیژیەتەكەیدا بهێنێتەئاراوە، كە پێم وایە دەبێت لەم رووەوە سیاسەتێكی جێگیر بگرێتەبەر و ئارامگر بێت، بەڵام دەبێت چاوەڕوان بكەین و ببینین ئایا ئەمە روودەدات یان نا. لەم هاوكێشەیەدا ئێران لایەنە لاوازەكەیە، بەڵام ئێمە دەزانین كە سەرۆك ترەمپ خوازیاری هێنانەدی دەرئەنجامی خێرایە، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی كە رەنگە بكەوێتە هەڵەوە. هەرچۆنێك بێت، هێشتا ئەوە روون نییە، كە ئایا سوپا و دەزگای هەواڵگری ئەمریكا بە تەواوەتی پشتیوانیی سەرۆك ترەمپ دەكەن لە پەیوەندی بە ئێرانەوە.
* باشە لە نێو ئەم بارگرژی و هەڵكشانی ئاڵۆزییانەدا، دەكرێت و دەتوانرێت چی بكرێت لەلایەن هەردوو وڵاتەوە بۆ خاوكردنەوەی بارگرژییەكان و هێوركردنەوەی دۆخەكە و بگرە بۆ گەیشتن بە سازش و لێكتێگەیشتن و رێككەوتن، یان ئەگەرێكی لەم چەشنە لە ئارادایە، یان مەسەلەكە ئەوەیە كە رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریكا و ئێران رووداوێكی حەتمییە؟
- من پێم وانییە ئەوەی دەبێت رووبدات بریتی بێت لە هەوڵدان و كاركردن بۆ خاوكردنەوەی بارگرژییەكان، چونكە ئەگەر هێوركردنەوەی گرژییەكان بە مانای سازشكردن بێت لەگەڵ دەسەڵاتی خراپی تاراندا، كەواتە ئەمە بژارەیەكی خراپە. واتە من پێم وایە پێویستە ئێران ناچار بكرێت كە مامەڵە لەگەڵ كاروبارە ناوخۆییە گەورە و گرانەكانی وڵاتەكەیدا بكات، لەبری ئەوەی ناچار بكرێن مامەڵە لەگەڵ كێشەكانی پەیوەست بە یەمەن و عێراق و سوریا و لوبنان و غەززە و ئیسرائیلەوە بكات. بە تێڕوانینی من دەكرێت ئەم ئامانجە بە بێ شەڕیش، بەدی بهێنرێت.