مەسعود حەیدەر راوێژكاری سەرۆك بارزانی بۆ گوڵان: ئومێد زۆرە بەهۆی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنان لە نێوان هەردوولا دروست بێت
June 19, 2019
دیمانەی تایبەت
دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان قۆناخێكی سەخت و دژواری دارایی و ئەمنی تێپەڕاند، توانی وردە وردە بەرەو بووژانەوە و گەشەكردن هەنگاو بنێت، پەیوەندییەكانی هەرێمیش لەگەڵ بەغدا وەرچەرخانی بەخۆوە بینی و، ئاماژەكانی كرانەوەی ئاسۆی نوێ لە نێوان هەردوولادا بەدی دەكرێن، بەتایبەتی لە رووی هەنگاوهەڵگرتن بۆ هەماهەنگیی ئەمنی و ئابووری و پەرەپێدان لە بواری وەبەرهێنان و ئاوێتەبوونی ئابووریدا، ئەمانەو چەند پرسێكی دیكەی گرنگ و پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گوڤاری گوڵان لەگەڵ مسعود حەیدەر راوێژكاری سەرۆك بارزانی.* لەوەتەی د.فوئاد حوسێن پۆستی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی بۆ كاروباری ئابووری وەرگرتووە، هەست دەكرێت جۆرە تێگەیشتنێك بۆ چارەسەری كێشە ئابووری و داراییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دروست بووە، سیاسەتی ئابووریی وەزارتی دارایی عێراق چۆن دەخوێنیتەوە؟ ئایا ئەم وەزارەتە هەتا ئێستا لەو ئاستەیە كە وەرچەرخانێك لەم بوارە دروست بكات؟
- لە راستیدا وەزارەتی دارایی، وەزارەتێكی گرنگە، لەبەر ئەوەی چەند دامەزراوەیەك راستەوخۆ پەیوەستن بەم وەزارەتەوە وەكو دەستەی خاڵە سنوورییەكان كە لەم دواییانەدا جیاكرایەوە ئیشكالیاتێكی گەورەی دروستكرد، هەروەها دەستەی خانەنشینی و عەقاراتی دەوڵەت و باج. هەروەها دەكرێت پلانەكانی وەزارەتی دارایی ببنە مایەی زیادكردنی نانەوتییەكان، ئەمەش پێویستی بە پلانێكی گشتگیری ئابووری هەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیدا، ئەمەش كاتی دەوێت، بەتایبەتی كە ئێمە دەزانین لە دوای ساڵی 2003وە حكومەتی عێراق پلانێكی روونی نەبووە بۆ ئەم وەزارەتە لە رووی پەیكەربەندی و دیدگای ئابوورییەوە، یان ئەو پلانە كورت مەودا و درێژ مەودایانەی لە وەزارەتی پلاندانان دانراون، بیانخاتە بواری جێبەجێكردنەوە. هەرچۆنێك بێت، ئێستا وەزارەتی دارایی مووچە لە كاتی خۆیدا دەستەبەر دەكات و هەوڵدەدات دیدگا ئابوورییەكان جێبەجێ بكات و ئاستەنگانیش تێپەڕێنێت، بەڵام ئەمە تەنیا بەخودی جەنابی وەزیری دارایی عێراق ناكرێت، بەڵكو بە دیدگایەكی گشتگیری حكومەت دەكرێت، كە لەناو خودی وەزارەتەكەشدا بە بوونی كادیری لێهاتوو و پێشكەوتوو و بەتوانا دەكرێت كە پێویستە لەناو وەزارەتەكەدا هەبن.
* زۆر جار لە میدیاكانی كوردستان باس لەوە دەكرێت كە كێشەیەكی گەورەی دارایی و ئابووری لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی هەیە، بەڵام ئەوەی لە واقیعیشدا هەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە یاسای بودجەی 2019 و جێبەجێی كردووە، ئایا هیچ كێشەیەكی ئابووری و دارایی بەو ئاستە لە نێوان بەغداو هەولێر هەیە كە گەیشتبێتە بنبەست و چارەسەر نەكرێت، هەتا خەڵكی كوردستان تووشی دڵەڕاوكێ بكات؟
- كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەرهەمووی كێشەی كەڵەكەبووی ساڵانی رابردوون كە لە دوای ساڵی 2005 و نووسینەوەی دەستووری عێراق دروست بوون و زیاتر پەیوەستن بە نەبوونی یاسای نەوت و غاز لە عێراقدا، ئەمە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان پەرەی بەم سێكتەرە داوە و بەپێی ماددەی 115ی دەستوور ئەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەفزەڵییەتی دەبێت لەسەر یاسا فیدڕاڵییەكان. هەموومان باش دەزانین لە هەرێمی كوردستان یاسای سامانە سروشتییەكان هەبووە. لەكۆتادا دوای ئەو هەموو ململانێ سیاسییانەی نێوان هەرێم و عێراق، قۆناغێكی نوێ هاتۆتەئاراوە، ئەویش ئەوەیە لەدوای ساڵی 2019 و پەسەندكردنی بودجەی گشتی عێراق و جێگیركردنی ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەوەی كە نابێت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێك بێت لە ململانێ سیاسییەكان تەنانەت وەكو بەرپرسیارێتی دەستوورییش بەپێی ماددەكانی (15 و 30 و 31)ی دەستووری عێراق هاتووە بەوەی بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدڕاڵییە بەوەی مووچەی فەرمانبەران لە هەموو دەوڵەت خەرج بكرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش فەرمانبەرن لە دەوڵەتی فیدڕاڵی، بەو پێیەی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دامەزراوەی دەستوورین. رەنگە لێرەو لەوێ لەلایەن هەندێك پەرلەمانتاری كورد و فراكسیۆنەوە لەسەر ئاستی كەسێتی یان پێكهاتەكانی دیكە بۆ ئامانج و ئەجیندای سیاسی ئەم بابەتە بورووژێنن، بەڵام بەپێی زانیاریی من لە یاسای بودجەی 2019 دا بە هیچ شێوەیەك كاریگەریی دروست ناكات لەسەر هاتنی ئەو بڕە پارەیەی كە وەكو مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دێت. تەنانەت پێویستە لە دانوستانەكانی داهاتووی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی ئەم بابەتە نەبەسترێتەوە بە هیچ مەلەف و بابەتێكی دیكەوە. چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا لە دوای دەستبەكاربوونی كابینە وەزارییەكەی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز كاك مسرور بارزانی دۆسێی ئابووری لەنێوان هەرێم و حكومەتی عێراقدا بە یەكێك لە دۆسێ گرنگەكان دابنرێت كە لەدانوستانەكاندا قسەی جددی لەسەر بكرێت، لەوێشدا نابێت بە هیچ شێوەیەك دۆسێی فەرمانبەرانی هەرێم ببەسترێتەوە بە هیچ بابەتێكی دیكەوە، چونكە ئەوە بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدڕاڵییە ئەو بڕە پارەیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات، تاوەكو بەپێی ئەو داهاتەی كە هەرێم هەیەتی، تەكمیلەی مووچەكە بكات و لەكاتی خۆیدا مووچەكە دابەش بكرێت.
* ئێمە دەزانین لەماوەی ساڵانی رابردوو كێشەیەكی گەورە لەنێوان هەرێم و بەغدا لە بواری نەوت هەبووە، بەڵام رێككەوتنی بەشداریكردن لە حكومەتی فیدڕاڵی و سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، نەخشەڕێگەیەكی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە دروست كردووە و لەنێوان لیژنە هاوبەشەكانی هەرێمی و بەغداش كار لەسەر ئەم نەخشەڕێگەیە دەكرێت، پرسیاری تایبەتیی ئێمە ئەوەیە، ئایا نەخشەڕێگەی راست بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا چۆنە و تاچەند حكومەتی فیدڕاڵی پابەندە لەسەر ئەوەی بەو نەخشەڕێگەیە چارەسەری كێشەكان بكات؟
- پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی بەڕێز د.عادل عەبدولمەهدی و سەردانە مێژووییەكەی جەنابی كاك مسعود بارزانی بۆ بەغدا بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای شكاند و رێككەوتن لەسەر ئەوە كرا كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەدەربێت لە هەر جیاوازییەك لەسەر دۆسێی نەوتی، خۆشبەختانەش لەماوەكانی رابردوودا توانرا بە سەرۆكایەتی دكتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق رێككەوتن لەسەر دەروازە سنوورییەكانیش بكرێت و هەموو ئەو خاڵ و بازگە گومرگییانەی كە لەنێوان شارەكانی هەرێم و عێراقدا دانرابوون، هەڵگیران. لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات، بەو پێیەی جەنابی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خاوەنی زیاتر لە 15 ساڵ ئەزموونە لە سەرۆكایەتیی حكومەت و شارەزاییەكی تەواوی لە هەموو دۆسێكان هەیە، ئەوا پشتیوانییەكی گەورەی كابینە وەزارییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمە وێڕای كارامەیی و توانایی رێزدار سەرۆكی حكومەت. لێرەدا گرنگ ئەوەیە بەغدا ئیرادەیەكی سیاسیی راست و دروستی هەبێت بۆ رێزگرتن لە دەستوور و چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان، چونكە لە پێنج ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی شەڕی داعشی دەكردو زیاتر لە ملیۆن و نیوێك ئاوارە لە ناوچەكانی عێراقەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو، لەو شەڕەشدا كورد قوربانییەكی زۆری دا، كەچی بەغدا تاكلایەنانە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕی، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی فەرمانبەران بە شێوەی پاشەكەوت بدات، تاوەكو بەرپرسیارێتی سەرشانی بۆ ئیدارەدانی هەرێمەكە جێبەجێ بكات. بەشێوەیەكی گشتی دۆسێ ئابوورییەكان لە گرنگترین ئەو دۆسێیانەن كە لە چاوەڕوانی چارەسەركردندان لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لەوانەش دۆسێی نەوت، بودجە، خەرجیی سیادی، پرۆژە ستراتیژییەكان و دۆسێی سندوقی سیادی و پارەی نەختیی عێراق لە بانكی ناوەندی كە لە ماوەكانی رابردوودا حكومەتی عێراق 40-50 ملیار دۆلاری لێ بەكارهێناوە، بێ ئەوەی مافی هەرێمی كوردستانی لێ بدات و سوودی بۆ هەرێم نەبووە، هەروەها دۆسێی ئەو قەرزانەی كە عێراق وەریگرتووەو تا ئێستا هەرێمی كوردستان لێی سوودمەند نەبووە كە بە 120 ملیار دۆلار دادەنرێت و چەندین بابەتی دیكە كە هەر هەموویان پێویستە لە پاكێجێكدا لەگەڵ عێراقدا دانوستانی لەسەر بكرێت بەپێی دەستوور و لەچوارچێوەی دەستووردا رێككەوتنی لەسەر بكرێت. لەلایەكی دیكەوە ئیستحقاقاتی كۆمپانیاكانی نەوت و بەڵێندەرایەتی كە لەكوردستان كاریان كردووەو ئیشكالیاتیان بۆ دروست بووە، بەشێوەیەكی گشتی دۆسێی ئابووری و كێشە دارایی و نەوتییەكان كۆمەڵە كێشەیەكی ئاڵۆزو فراوانن، ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت بۆ رێزگرتن لە دەستوور، دەكرێت لە 2020دا چارەسەر بكرێت.
* هاوكات لەگەڵ دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و راسپاردنی مسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، باس لەوە دەكرێت كە دەرگایەكی فراوان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان (بەتایبەتی كێشە دارایی و ئابوورییەكان) لەنێوان هەولێر و بەغدا دەكرێتەوە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا ئەو بنەمایانە چین كە بەو ئاستە گەشبینی دروست دەكەن كە كێشە ئابووری و داراییەكان لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێن؟
- لەدوای 2014 هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی زۆر سەختدا تێپەڕی، بەهۆی پەرتەوازەیی و پشێوی نێوماڵی كورد كە كێشەو ئاستەنگی زۆری تێدا بوو، دەتوانم بڵێم لەدوای 2014وە كورد بە قۆناغێكی سەختی مێژووییدا تێپەڕی. خۆشبەختانە كورد بووەتە خاوەنی سیمبولێك كە جەنابی مسعود بارزانی-یە كە لەسەر ئاستی نێوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی پێگە و هێزی خۆی هەیە، لەناوچەكەو جیهاندا سەرۆك مسعود بارزانی وەكو رەمز و سیمبول مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و توانراوە وەكو چەترێك بۆ كۆكردنەوەی ناوماڵی كورد و یەكخستنی نیشتمان و سەقامگیریی سیاسی سەیر بكرێت، ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییەی ئێستا لەئارادایەو پەرلەمانتارو نوێنەرانی حزبەكان توانییان جۆرە رێككەوتنێك بكەن و دەرئەنجامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستنیشان كراو سەرۆكی حكومەتی داهاتووی كوردستانی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، ئەمانە هەمووی نیشانەی ئیجابی و گەشبینییە، بۆ سەقامگیریی سیاسی و رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد و یەكڕیزی، كە بۆ دانوستان و پێگەی كورد لە عێراق و ناوچەكەدا گرنگە، هەر ئەمەشە وایكردووە وڵاتانی جیهان بە گرنگییەوە بڕواننە دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و لەتەنیشت ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی بەهێزو بازووی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و دامودەزگاكانی ناوخۆ بەرقەرار بووە، بە هەموو ئەمانە توانراوە سەقامگیریی ئاسایش دابین بكرێت، گرنگ ئەوەیە هەموو ئەم دەستكەوتانە بخرێتە خزمەتی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان، بەمەش هەردوو فاكتەری سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لەتەنیشت سەقامگیریی ئەمنی ئومێدبەخشن بەوەی هەرێمی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، ئەوەی گرنگە دڵسۆزانی كورد بەتایبەتی نوێنەرانی كورد لەبەغدا ئەو پێگەیەی هەیانە كە نوێنەرایەتی گەلی كوردستان دەكەن لە بەغدا و دامەزراوە فیدڕاڵییەكانی عێراق، بیخەنە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانەوە، نەوەك بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بخەنە خزمەتی ئەجندا شەخسی و سیاسییەكانی خۆیان.
* ئاشكرایە بێجگە لە پەیوەندیی ئابووری و دارایی فەرمیی نێوان هەردوو حكومەتی (هەولێر و بەغدا) پەیوەندیەكی فراوانی بزنس و وەبەرهێنانیش لە نێوان كەرتی تایبەتی (هەرێمی كوردستان و عێراق)یش هەیە، ئەم هەماهەنگی و پەیوەندییەی نێوان بزنسمان و وەبەرهێنانی هەردوولا، گوڕوتینێكی دیكە بە گەشەسەندنی ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان دەبەخشێت، ئایا تاچەند وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی ناوەند، دوو فاكتەری گرنگن بۆ ئەم گەشەسەندنە ئابوورییە گرنگە؟
- ئەگەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سەقامگیر و باش بێت، ئەوا رەنگدانەوەی لەسەر كاری بزنس و وەبەرهێنان و بووژانەوەی كەرتی تایبەت دەبێت، ئێستا زۆر لە كۆمپانیاكانمان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق كاردەكەن و بوونەتە خاڵی هاوبەش و مایەی دروستبوونی پەیوەندییەكی باش، لە حاڵەتی بوونی سەقامگیریی ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆمپانیاكانی هەردوو لا دەتوانن رووبكەنە ناوچەكانی یەكترو وەبەرهێنان بكەن و ببنە فاكتەرێك بۆ گەشەسەندنی ئابووری. راستە پەیوەندیی ئابووری و سوودوەرگرتن لەتواناو ئەدای كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی عێراق كاتی پێویستە، بەڵام ئەم پرۆسەیە دەستی پێ كردووە و هەنگاوی باشی ناوە، من خۆم ئومێدم زۆرە كە بەهۆی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق هەلێكی باشی وەبەرهێنان و بیزنس لەنێوان هەرێم و عێراق لە بەرژەوەندیی هەردوولا دەكرێتەوە، هەماهەنگی و مامەڵەكردن و پەیوەندی لەنێوان كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان لەناوچەكانی عێراق بۆ ئێمە باشترە، چونكە هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی كار دەكات و سنوور و ژمارەی هاووڵاتیان و بازاڕەكانی عێراق فراوانتر و گەورەترن بەراورد بەم چوار پارێزگایەی هەرێمی كوردستان، لەمەشدا فاكتەری هاوبەشمان هەیە كە بریتییە لە لێكتێگەیشتنی هاوبەش بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە هەرێم و عێراق.