هۆشەنگ ئەمیر ئەحمەدی بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ڕاتگرز بۆ گوڵان: هیوادارم ئێران و ئەمەریكا گفتوگۆ بكەن و خۆیان لە پێكدادان بە دوور بگرن
May 25, 2019
دیمانەی تایبەت
هوشەنگ ئەمیر ئەحمەدی هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری پلاندانان و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی كە لە زانكۆی كۆرنێڵ بەدەستی هێناوە، ئێستا پرۆفیسۆرە لە زانكۆی ڕاتگرز (زانكۆی ویلایەتی نیوجێرسی)، هەروەها بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەمان زانكۆ. دامەزرێنەر و سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمەریكی- ئێرانییە كە بایەخ بە پەرەپێدانی دیالۆگ و تێگەیشتن دەدات لەنێوان هەردوو گەلی ئێرانی و ئەمەریكیدا. هەروەها دامەزرێنەری سەنتەری توێژینەوە و شرۆڤەكاری ئێرانی بووە و بۆ چەندین ساڵیش بەڕێوبەری ئەم سەنتەرە بووە. لە ساڵی 2005دا كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار بوو لە ئێران، بەڵام دواتر لەلایەن شورای نگهبانەوە ڕەتكرایەوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد كە پەیوەست بوون بە هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوانی ئەمەریكا و ئێران و ئەگەر و دەرئەنجامەكانی ئاڵۆزبوونی زیاتر ئەو بارگرژییانە.* چۆن لە پەرەسەندنی ڕووداو و بارگرژیییەكانی ئێستای نێوان هەردوو وڵاتی ئەمەریكا و ئێران دەڕوانیت؟
- ئەوەی دەتوانین بیڵێین ئەوەیە كە بە دڵنیاییەوە ئەم دوو ووڵاتە لەسەر ڕێڕەوی پێكدادانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وانییە ئەمە شتێكی حەتمی بێت، چونكە پێم وایە هەردوو تەواوی هەوڵەكانی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ خۆلادان لەو پێكدادانە. ئەوەی پەیوەندی بە ئەمەریكاوە هەبێت، ئەوا ڕاستە هەڵمەتی فشاری ئابووری و سەربازی دەستپێكردووە لە دژی ئێران، كە پێم وایە ئامانجەكە ئەوەیە گفتوگۆی بەدوادا بێت، كە من ئومێدەوەرام كۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆكردنی قبوڵ بكات، لەبەر ئەوەی هەڵگیرسانی شەڕ لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێكی ناوچەكە نییە، هەروەها لە بەرژەوەندی ئێران و ئەمەریكاش نییە. هەر بۆیە هیودارام هەردوولا بتوانن دەست بەو گفتوگۆیە بكەن و خۆیان لەو پێكدادانە بە دووربگرن. لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم وایە ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت بگەڕێتەوەسەر مێزی گفتوگۆ، ئەوا بۆی هەیە ئیدارەی ترەمپ شەڕ لە دژی ئێران بەرپا بكات. چونكە كەسانێك هەن لەنێو ئیدارەی ئەمەریكا كە خوازیاری ڕوودانی ئەم شەڕەن و هەموو هەوڵێكیش دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبگیرسێت. هەروەها دەكرێت شەڕ بە هۆی ڕوودانی ڕووداوێكەوە هەڵبگیرسێت، كە ئاشكرایە ئێستا هێزەكانی هەردوولا لە یەكترییەوە نزیكن. هەروەها ئەوەی جێی داخە چەندین هێز هەن لە ناوچەكەدا كە خوازیاری ڕوودانی ئەم شەڕەن كە بۆی هەیە ئەو ئەو ڕووداوە بخوڵقێنن – كە ڕەنگە سەربكێشێت بۆ شەڕ-، ئەمەش مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە. ئێوە وێنای ئەوە بكەن كە مووشەكێكی بسرەوێنرێتە كەشتییەكی جەنگی ئەمەریكی، كە ئەوەش بە مانای ڕوودانی شەڕ دێت. كەواتە ئەوەی ڕوودەدات مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە شەڕ شتێكی حەتمیە.
* ئێمە دەزانین لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە و دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا، ئابووریی ئەم وڵاتە دووچاری كێشەیەكی زۆر هاتووە، پێت وایە ئەم سزا و فشارانە ئێران ناچار بە سازشكردن دەكەن؟
- ڕاستیەكە ئەوەیە كە سەركردەكانی ئێران پێیان وایە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا هاوكار نییە بۆ ئەوان، چونكە باوەڕیان وایە ئەمەریكا پابەند نابێت بە بەڵێنەكانییەوە، لە هەمان كاتدا ئێمە دەزانین ئەم سزایانە كاریگەری قورسیان لەسەر ئێران دروست كردووە بە تایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە، كە ئێمە دەزانین هەژارەكان زیاتر هەژار دەبن و ڕێژەی بێكاری و هەڵئاوسانیش بەرزە و دۆخەكە لە پشێویدایە، هەر لەبەر ئەمەش پێم وایە لە قۆناغێكی دیاریكراودا كۆماری ئیسلامی ڕازی دەبێت بە ئەنجامدانی گفتوگۆ. بەڵام ئومێدی من ئەوەیە كە زۆر درەنگوەخت نەبێت بۆ ئەو گفتوگۆیە، واتە تاوەكو زووتر ئەو گفتوگۆی ئەنجام بدرێت باشترە، چونكە ئەگەر زۆر درەنگوەخت بوو ئەوا ڕەنگە ئەو كاتە ئەنجامەكەی كارەساتبارتر بێت لە ئەنجامی ئەو سزا ئابوورییانە لە ئێستادا سەپێنراون. چونكە ڕەنگە دەسەڵاتی ئێران بتوانێت بۆ ساڵێك تا دوو ساڵی دیكە بەرگەی ئەو سزایانە بگرێت، بەڵام پێم وانییە دوو مانگ بەرگەی شەڕ بگرێت. چونكە ئێران ناتوانێت شەڕی ئەمەریكا بكات، واتە ئێران شەڕ لەگەڵ كێ دەكات، لەگەڵ مەزنترین هێزی جیهان، ئەمە سەرباری سعودیە و وڵاتانی دیكە، هەروەها ئێمە دەزانین ئەمەریكا هێزی سەربازی و هێزی ئابووریی هەیە، ئێرانیش لە ڕووی ئابوورییەوە ئیفلیجكراوە و لە ڕووی سەربازیشەوە قابیلی بەراوردكردن نییە بە ئەمەریكا.
* ئێوە باسی خراپیی دۆخی ئابوورییتان كرد و خۆشتان یەكێك بوو لە پاڵێوراوەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار لە ئێران لە ساڵی 2005دا، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی دۆخەكە بەم حاڵەی ئێستا گەیشت ئایا پێویست بوو چی بكرایە و دەتوانرا چی بكرێت بۆ ڕێگریلێكردنی؟
- سەرەتا پێم وایە گەورەترین هەڵەی ئێران ئەوەبوو كە پرسی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی لە كێشەكانی دیكەی لەگەڵ ئەمەریكا جیا كردەوە. واتە ئەمە گەورەترین هەڵەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە بوو. چونكە دەبوو هەموو شتێك لەسەر مێزی گفتوگۆ باس بكرایە و چارەسەرێكی گشتگیر گەڵاڵە بكرایە بۆ كێشەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە. لەبەر ئەوەی پێم وایە سەركردەكانی ئێران ساویلكە بوون و ژیر نەبوون لە كاتی گفتوگۆكردن لەبارەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە و ڕێگایەكیان گرتەبەر كە سەری نەكێشا بۆ دەرئەنجامێكی گشتگیر و هەمەلایەن. كەواتە دەبوو گفتوگۆیەكی گشتگیر لەگەڵ ئەمەریكا بكرایە و سەرجەم كێشەكان بە یەكجاری چارەسەر بكرانایە. ئێستاش باوەڕم وایە كە دەبێت ئێران بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی هەمەلایەنە و لە پێناو چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان، وەك كێشەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكە و كێشەی مووشەكەكان و كێشە ناوچەییەكان.
* بەڵام ئەمە بۆچوونێكە كە زۆر كەس لە ئەمەریكا گوزارشتیان لێكردووە، كە پێیان وابووە كێشە یان كەم و كوڕی ئەم ڕێككەوتنە ئەوەبوو كە تەنها پەیوەست بووە بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەوە، ئایا تا چەند ئەگەری گەیشتن بە ڕێككەوتنێك ئاوا گشتگیر لە ئارادایە كە ئاماژەی پێدەكەیت؟
- من باوەڕم وایە ئێران ترەمپی بە جیددی وەرنەگرت و ئەنجامدانی گفتوگۆی لەگەڵ ترەمپدا ڕەتكردەوە، لە كاتێكدا من پێم وابوو ئەمە دەرفەتێك بوو بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران كە سوودی لەم دەرفەتە وەرنەگرت. كە باوەڕم وایە ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە، كە دەبوو ئێران پێشنیارەكەی ترەمپی قبوڵ بكردایە بۆ دووبارە گفتوگۆكردنەوە. بە تێڕوانینی من ترەمپ باشی پێكاوە كە دەڵێت با دووبارە گفتوگۆ بكەینەوە، بەڵام گفتوگۆیەكی گشتگیر لە پێناو چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان. چونكە هیچ سەرۆكێكی پێشووتری ئەمەریكا پێشنیاری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران نەكردووە. واتە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردودا- لە دوای ڕوودانی شۆڕشەوە- ترەمپ یەكەم سەرۆكی ئەمەریكایە پێشنیارێكی لەم جۆرە دەكات- گفتوگۆی هەمەلایەن و ئاساییكردنەوەی پەیوەندی-، لەبەر ئەوە پێم وایە سەركردەكانی كۆماری ئیسلامی ساویلكە بوون كە ئەمەیان قبوڵ نەكرد. واتە كەسانێكی وەك وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆك حەسەن ڕوحانی متمانەیان بە جۆن كێری و وڵاتە ئەوروپیەكان كرد، كە ئەوانیش درۆیان لەگەڵدا كردن و ڕێگریان لێكرد لەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپدا ئەنجام بدات. كەواتە ئەگەر شەڕ ڕووبدات ئەوا بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی مۆگرینی و جۆن كێرییە، چونكە ئەوان هۆكار بوون بۆ ئەوەی ئێران گفتوگۆ نەكات لەگەڵ بەڕێز ترەمپدا. بەو پێیە ئەوانیش بەرپرسیارن لە ڕوودانی هەر شەڕێك لە نێوان ئێران و ئەمەریكا.
* كەواتە ئەگەر ئێران هیچ نەرمییەك نەنوێنێت، ئایا دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە ئابووری ئێران زیاتر و زیاتر دووچاری كێشە ببێتەوە؟
- ئەمە ڕاستە، هەروەها دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگرین كە ئەوەی ڕوویداوە ئەوەبوو كە بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئێراندا ئەوەیە كە سەرۆك ترەمپ تەنها دوو بژارەی لەبەردەم كۆماری ئیسلامیدا داناوە یان شەڕ یان ئاشتی، چونكە تاوەكو ئێستا ڕێگاچارەیەكی دیكە هەبوو كە پێی دەڵێم نە شەڕ نە ئاشتی، بەڵام بەڕێز ترەمپ ئەم بژارەیەی نەهێشت و ئێستا تەنها دوو ڕێگاچارە هەیە یان شەڕ یان ئاشتی، كەواتە ئێران هیچ چارەیەكی دیكەی نییە یان ئەوەتا ڕێگاچارەی ئاشتی هەڵبژێرێت، یاخود ڕێگای شەڕ بگرێتەبەر، بەڵام شەڕیش دوو جۆری هەیە، شەڕی ئابووری و شەڕی سەربازی و بە تێڕوانینی من شەڕی سەربازی بەسە بۆ ڕوخاندنی ئێران. بەڵام ئەمجارەیان ئەمەریكا شەڕێكی ئابووریی سەختتری گرتۆتەبەر دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێی هێنانی هێزی سەربازییەوە، كەواتە ئەمە سیاسەتێكی دووڕەهەندییە كە پێكهاتووە لە سزای ئابووری و فشاری سەربازی لە پەیوەندییدا بە بژارەی شەڕەوە، هەروەها گفتوگۆكردن لە پەیوەندیدا بە ڕێگاچارەی ئاشتییانەوە. ئەگەر من لە جێی ئێران بوومایە ئەوا ڕاستەوخۆ ڕێگاچارەی ئاشتیانەم هەڵدەبژارد و بگرە دوو ساڵ پێش ئێستا – كاتێك سەرۆك ترەمپ دەسەڵاتی گرتەدەست- ئەم بڕیارەم دەدا. بەڵام بە داخەوە پارتی دیموكراتەكان لە ئەمەریكا و ئەوروپا ئێرانیان بە هەڵەدا برد و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، جەواد زەریف، لەوە تێنگەیشتن كە ئەو كەسانەی بە ئێرانیان دەوت گفتوگۆی مەكە دۆستی ئێران نەبوون، بەڵكو تەنها دوژمنی ترەمپ بوون، واتە بەڕێز جۆن كێری و موگرینی دۆستی ئێران نەبوون، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەبوو كە ئەوان تەنها دژی ترەمپ بوون، ئەمە كێشەكە بوو.
* ئەی پێت وانییە ئێران ڕێگاچارەی دیكەی لەبەردەمدا بێت وەك پەنابردنەبەر بەرفراوانكردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی بۆ ئەوەی بتوانێت بیكاتەوە بە كارتێكی گووشار؟
- كێشەكە ئەوەیە لە ئێستادا ئێران لە پێگەیەكی زۆر لاوازدایە لە ڕووی ئابوورییەوە و ناتوانێت بەرگەی شەڕ بگرێت و ئەمەریكاش ئەم ڕاستیە دەزانێت. هەروەها باوەڕم بەوە نییە ئەمەریكا ڕێگا بە ئێران بدات بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی. دواتر من باوەڕم بەوە نییە ئێران دەست بەم پرۆگرامە بكاتەوە، بەڵكو ئەمە هەر تەنها هەڕەشەیەكە و ئەمەریكاش ئەمە دەزانێ. لەم ڕوانگەیەوە پێم وانییە ئێران پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی بەرفراوان بكات و بەم هۆیەوە پێگەی خۆی باشتر بكات و دووبارە بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ، چونكە وەك ئاماژەم پێكرد ڕێگە بە ئێران نادرێت ئەم كارە بكات. چونكە پێم وایە كۆكردنەوەی هێزی سەربازی لەلایەن ئەمەریكاوە لە ناوچەكە بۆ ئەوەیە ئامادەكاری بكات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بە هەموو جۆرە بۆمبێك و بۆ تێكشكاندنی بونیادی فەرماندەیی و كۆنترۆڵی ئێران.
* ئەی كەواتە تا چ ڕاددەیەك ئەگەری مانەوەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لە ئارادایە بە تایبەتی كە هێشتا ئەوروپا و چین و ڕوسیا پێوەی پابەندن؟
- لە بنەڕەتدا ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە كۆتایی هاتووە من باوە بەوە ناكەم كە هێشتا كەسانێك هەن ناتوانن لەوە تێبگەن كە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە كۆتایی هاتووه، بگرە دوو ساڵە كۆتایی هاتووە، كاتێك ئەمەریكا لەم ڕێككەوتنە كشایەوە. واتە نە نەتەوە یەكگرتوەكان و نە ئەوروپا و نە چین و ڕوسیا لەم ڕێككەوتنە نەماوون.
* ئەی پێت وانییە وەك كاردانەوەیەك ئێران پەنا بباتەبەر چالاكردن و جوڵاندنی گروپە وەكیلەكانی لە ناوچەكەدا؟
- من پێم وایە دەبێت لە كۆتاییدا ئێران جیهانی عەرەبی جێبهێڵێت، واتە چیتر ناتوانێت دەستڕۆیشتوویی هەبێت لەو وڵاتانەدا، ئەوەتا ئێستا سوپای پاسداران خراوەتە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت كە ئەمەریكا لە شەڕدایە لەگەڵیدا، بە چەشنی ئەوەی ئەمەریكا لە شەڕدایە لە دژی ئەل قاعیدە و داعش. لەبەر ئەوە من نازانم ئێران چۆن لە سوریا و عێراق دەمێنێتەوە.
* كەواتە پێشبینی تۆ بۆ دۆخەكە چییە؟
- پێشبینی من ئەوەیە كە دوای ماوەیەك لە بەرهەڵستیكردن، كۆماری ئیسلامی دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و زۆرێك لە داخوازییەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ جێبەجێ دەكات، كە بە تێڕوانینی من ئەگەر بهاتایە و دوو بەر لە ئێستا گفتوگۆیان بكردایە ئەوا دەستكەوتێكی زیاتر لە سەرۆك ترەمپەوە دەست دەهێنا، بەڵام ئێستا هیچیان لە سەرۆك ترەمپ دەستناكەوێت و ناچارن دەست لە هەموو شتێك هەڵبگرن و من باوەڕم وایە دەست لە هەموو شتێك هەڵدەگرن. چونكە ئێمە دەزانین لە ئێراندا دەكرێت هەموو شتێك بكرێتە قوربانی مانەوەی دەسەڵاتەكە. لەبەر ئەوە پێم وایە لە كۆتاییدا ئەوان ڕازی دەبن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و بە ئەمەریكا ڕادەیەگەنن كە تەنها زەمانەتی مانەوەی دەسەڵاتەكەمان بۆ بكە ئەوا دەتوانیت هەموو شتێك بەدەست بهێنیت و ئێوە دەبینن ئەمە ڕووبدات.