هۆشەنگ شیهابی تایبەتمەندی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: هیوادارم ئێران و ئەمەریكا گفتوگۆ بكەن و خۆیان لە پێكدادان بە دوور بگرن

هۆشەنگ شیهابی  تایبەتمەندی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: هیوادارم ئێران و ئەمەریكا گفتوگۆ بكەن و خۆیان لە پێكدادان بە دوور بگرن
هۆشەنگ شیهابی پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و مێژووە لە زانكۆی بۆستۆن، پێشتریش لە چەند زانكۆیەكی گرنگ وانەبێژ بووە، وەك زانكۆی هارڤارد، زانكۆی كالیفۆڕنیا( لۆس ئەنجەلوس)، سانت ئەندروز، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەت و مێژووی كەلتووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و یاسای نێودەوڵەتی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكرد كە پەیوەست بوون بە پەرەسەندنەكان و هەڵكشانی باگرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانەوە.دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا فۆرمێكی دامەزراوەیی وەرگرتووە
* تا دێ فشار و سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران توندتر و چڕتر دەبنەوە، بارگرژییەكانیش بەرەو هەڵكشان دەچن، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم پەرەسەندنانە چیین و ئایا پێتان وایە ئەم دو وڵاتە لەسەر ڕێڕەوی پێكدادانن؟
- بە بۆچوونی من زۆر ڕێی تێدەچێت ئەم ئەگەرە ڕووبدات، واتە ئەگەرچی ناكرێت پێشبینی هیچ شتێك بكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە لەم ساتەوەختەدا ئەمە ئەگەرێكە و زۆر ڕێی تێدەچێت.
* ئێوە دەڵێن ئەم ئەگەرە لە ئارادایە، بەڵام ئایا ئەمە تەنها شێوەی چەند پێكدادانێكی سنوردار وەردەگرێت، یاخود بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ شەڕێكی گەورە و سەرتاسەری؟
- بە تێڕوانینی من ڕەنگە ئێران دەست بە هێرش بۆ سەر وڵاتی ئیمارات بكات، كە ئێستا ئێمە نموونەی ئەم ڕووداوانەمان بەدیكرد، وەك هێرشكردنەسەر چەند ئامانجێكی پەیوەست بە باركردنی نەوت و كردەوەی دیكەی هاوشێوە.
* باشە ئەگەر شەڕ و پێكدادان ڕوونەدات و ئەم فشار و سزایانەش بەردەوام بن – كە ئاشكرایە كاریگەرییەكی زۆری كردۆتە سەر ئابووريی ئێران- ئایا پێت وانییە ئابوری ئەو وڵاتە بەرەو داڕوخانی زیاتر ببات؟
- من پێم وایە ئەوەی لەئێستادا دەگوزەرێت و ڕوودەدات داڕووخانی ئابووريی ئەو وڵاتەیە، چونكە ئەوەتا حكومەتی ئێران بیر لە دروستكردنی كۆبوونی خۆراك دەكاتەوە، هەروەها هەڵئاوسانێكی گەورە هەیە لەم وڵاتەدا و دراویش بەهای خۆی لەدەستداوە، كەواتە شەڕە ئابووریییەكە لە ئێستادا دەستیپێكردووە.
* باشە بە تێڕوانینی ئێوە ئامانجی بنەڕەتی و سەرەكی ئەم هەڵمەتەی ئەمەریكا – بە سەپاندنی سزا و فشاری ئابووری- لە بەرامبەر ئێران چییە؟
- لە ڕاستیدا دەبێت ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی خودی ئیدارەی ئەمەریكا بكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا من پێم وایە ئامانجی پشت ئەم هەڵمەتە بریتیيە لە دروستكردن و خوڵقاندنی ئەوپەڕی ناسەقامگیری لەنێو ئێراندا. بە ئومێدی ئەوەی كە خەڵكی ئەو وڵات لە حكومەتەكەیان وەڕس بن و لە دژی بوەستنەوە.
* باشە تا چ ڕاددەیەك ئەگەری ئەوە هەیە ئەم دەرئەنجامە ڕووبدات؟
- بە تێڕوانینی من ئەمە زۆر ڕێی تێناچێت، چونكە خەڵكی پتر نیشتمانپەروەرتر دەبن كاتێك وڵاتەكەیان ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار دەبێتەوە و پشتیوانی حكومەت دەكەن.
* لەوە باوەڕەدانیت ئێران لەژێر باری ئەم فشارانەدا بە تەواوەتی هەڵسوكەوتی خۆی لە ناوچەكەدا بگۆڕێت؟
- من پێم وانییە ئێران هەڵسوكەوتەكانی خۆی لە ناوچەكەدا بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئێران پێگەی خۆی لە ناوچەكەدا بە باشی جێگیر كردووە.
* كەواتە ئەم فشارانەی ئەمەریكا نابنەهۆی ئەوەی دەسترۆیشتویی و كاریگەريی ئێران لە ناوچەكەدا سنوردار بن و كەم ببنەوە؟
- بەڵێ من پێم وایە، چونكە ئێمە دەزانین كە دەستڕۆیشتوویی ئێران لە وڵاتانی وەك لوبنان و سوریا و عێراقدا چوارچێوە و فۆرمێكی دامەزراوەیی وەرگرتووە، بە چەشنێك زۆر زەحمەتە بتوانرێت پاشەكشە بەو دەسترۆیشتوییە بكرێت.
* باشە پێت وانییە وەك كاردانەوە و پەرچەكردارێك ئێران دووبارە پەنا بباتەوە بەر دەستپێكردنەوە و بەرفراوانكردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی بۆ ئەوەی بیكاتە كارتی فشار بەدەستییەوە؟
- ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەوا بۆ من جێی سەرسوڕمان نابێت، چونكە ئێمە بیستمان سەرۆك حەسەن ڕوحانی ڕایگەیاند كە دەیانەوێت دەست لە پابەندبوونیان لە هەندێ لە بەشەكانی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە هەڵگرن، هەروەها بێگومان كەسانێك هەن لەنێو ئێراندا كە دەیانەوێت دووبارە دەست بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكە بكرێتەوە، كەواتە بە دڵنیاییەوە ئەمە ئەگەرێكە.
* ئەی ئەگەری ئەوە نییە كە دووبارە ئێران ئامادە بێت بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بۆ واژۆكردنی ڕێككەوتنێكی نوێ كە جگە لە پرسی پرۆگرامە ئەتۆمییەكە مەسەلەكانی دیكەش لە خۆبگرێت؟
- من مەزەندەی ئەمە ناكەم، بەڵام ئەگەر فشارێكی زۆر و توندیان لەسەر بكرێت ئەگەری ئەوە هەیە حاڵەتێكی هاوشێوەی كۆریای باكوور دووبارە بێتەوە، بەڵام ئەگەر بە ڕاشكاوی بدوێم ئەوا من نازانم ئەمە ڕوودەدات یان نا.
* دەوترێت یەكێك لە بژارەكانی دیكەی ئێران چالاككردنی گروپە وەكیلەكانێتی لە وڵاتانی ناوچەكە بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بەرەو هەڵكشانی زیاتر بەرێت ئەگەر هاتوو فشارەكانی سەر وڵاتەكەی بەردەوام بێت؟
- بەڵێ ئەمە ڕاستە و ئێستا ئێمە ڕوودانی ئەمە دەبینین.
* ئەی ئاكامەكانی ئەم حاڵەتە چی دەبێت؟
- ئاكامەكەی ئەوە دەبێت كە ئەمەریكا تۆڵە دەكاتەوە و ئەو كاتە شەڕێكی گەورە دروست دەبێت.
* ئەی پێت وایە ئەگەر لە دەرئەنجامی ئەم سیاسەت و سزایانەی ئەمەریكا لە دژی ئێران ناوچەكە بەرەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیری چوو ئەوا ئەمە كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر خودی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی داهاتوی ئەمەریكا؟
- ئەمە بۆی هەیە ڕووبدات، هەرچەندە ئەمە ڕوداوێكی دوورە، واتە ئەگەر هەڵبژاردنەكە لە دوو تا سێ مانگی داهاتوودا بكرایە ئەوا دەمووت كاریگەری دەبوو. بەڵام هەڵبژاردنەكان ڕووداوێكی دوورن.
* ئێمە دەزانین سەرەڕای فشارە ئابوورییەكان ئەمەریكا سوپای پاسدارانی ئێرانیشی خستە لیستی تیرۆرەوە، واتە ئەمە ستراتیژیەتێكی فرەلایەنی گرتۆتەبەر لە دژی ئێران، ئایا پێت وایە ئەم ستراتیژیەتە دەتوانێت ئامانجەكانی بەدی بهێنێت؟
- بە تێڕوانینی من ئامانجەكانی بەدی ناهێنێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەوەی لە دەرئەنجامدا ڕوودەدات ئەوەیە كە ئێران لاواز دەبێت بەڵام دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لە ئارادا دەمێنێت و بەردەوام دەبێت بەڵام حوكمڕانی وڵاتێكی لاواز دەكات، بە چەشنی ئەوەی لەگەڵ عێراقی سەردەمی سەددام حوسێندا ڕوویدا.
* كەواتە سەرەڕای ئەوەی ئەم فشارانەی سەر ئێران بێ پێشینەن، دەسەڵاتی ئەو وڵاتەكە دەتوانێت درێژە بە حوكمڕانی خۆی بدات؟
- ئەمە بۆچونی منە، بە دڵنیاییەوە پێم وایە وا دەبێت.
* باشە چارەنوسی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە چی دەبێت لە نێو جەرگەی ئەم پەرەسەندنانەدا؟
- من پێم وایە ئەو ڕێككەوتنە وەك بابەتێكی پەیوەندیدار نامێنێتەوە، واتە ڕاستە لە ڕووی فەرمییەوە دەمێنێت، بەڵام وەك مەسەلەیەكی پەیوەندیدار بوونی نامێنێت.
* ئەی باوەڕت وانییە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بتوانن ڕۆڵێكی گەورە ببینن لەم ڕووەوە؟
- نەخێر باوەڕم وانییە، هەرچەندە ئێران ئومێدی لەسەر ڕۆڵی ئەوروپا هەڵچنیبوو، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا بە بایەخدارتر دەزانن وەك لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێراندا.
* ئەی ڕوسیا و چین دەتوانن چی بكەن لەم ڕووەوە؟
- ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتی چینەوە هەبێت ئەوا هەڵوێستێكی كەمتر دوژمنكارانەی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەویش ڕایگەیاندووە كە كڕینی نەوتی ئێرانی ڕادەگرن، هەروەها ئەمە بەندە بە چۆنییەتی پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و چینەوە، واتە ئەگەر هاتوو پەیوەندییەكانی چین و ئەمەریكا بوونی پەیوەندییەكی دوژمنكارانە ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە چین دووبارە ڕوبكاتەوە ئێران، بەڵام لە ئێستادا ئەمە ئەولەویەت نییە بۆ ئەوان.
* ئەی پێشبینی ئەوە دەكەن عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریكا؟
- من مەزەندەی ئەمە ناكەم، چونكە پێم وایە حكومەتی عێراق زۆر وریایە لە پاراستنی بێلایەنی خۆی لەم ڕووەوە.
* ئێوە باسی ئەگەری ڕووبەڕوبوونەوەتان كرد لەنێوان ئەمەریكا و ئێران، ئەی چی دەڵێن دەربارەی ئەگەری ئاشتبوونەوەی ئەم دوو وڵاتە و كۆتایی هێنان بە دوژمنكاریی نێوانیان؟
- من باوەڕم بەوە نییە ئەمە ڕووبدات.
* لەبەرچی ئەگەری ئەوە لە ئارادانییە كە ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن، ئایا لەبەر هەڵوێستی حكومەتی ئێرانە یان لەبەر سیاسەتەكانی ئیدارەی ئەمەریكایە؟
لەبەر هەردوو هۆكارەكە، واتە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و حكومەتی كۆماری ئیسلامی زۆر دژی یەكترن، لەبەر ئەوە من هیچ دەرفەتێك نابینم بۆ ڕوودانی ئاشتەوایی لە نێوانیاندا.
Top