لیوا بەختیار بابان بەڕێوەبەری گشتيی پۆلیسی ھەرێم و ڕاوێژکاری سەربازی لە وەزارەتی ناوخۆ: بەپێی داتاو زانیاريیەكان رێژەی تاوان لە كوردستاندا كەمترە لە عێراق و تەواوی ناوچەكە
May 22, 2019
دیمانەی تایبەت
هەوڵ و ڕێككارەكانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دابینكردنی ئاسایش و ئارامی لە ڕێی بەرەنگاربوونەوە و گرتنەبەری ڕێككاری پێویست لە دژی تاوان و كردارە تاوانكارییەكان و چەند هەنگاوێكی دیكەی وەزارەت وەك پرسی ڕێكخستنی هەڵگرتی چەك لەلایەن هاوڵاتییانەوە، چەند تەوەرێكی دیدارێك بوون لەگەڵ لیوا بەختیار بابان بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم و ڕاوێژكاری سەربازی لە وەزارەتی ناوخۆ.* بایەخدان بە پرسی ئاسایشی هاووڵاتیان و رێگرتن لە ئەنجامدانی تاوان، ئەركی سەرەكی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشە، ئایا بەرنامەتان بۆ دابینكردنی ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر بۆ هاووڵاتیان چۆنە؟
- پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەت دەمەوێت لە رێگەی گۆڤارەكەتانەوە ئەوە روون بكەمەوە؛ كە بەپێی هەموو داتاو زانیارییەكان كە رۆژانە زانیاریمان لەسەری هەیە و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەو دنیا هەرێمی كوردستان كەمترین رێژەو ژمارەی تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت، تەنانەت بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت لەرووی تاوانەوە هەرێمی كوردستان بەراورد بكرێت بە عێراق، هەر خۆی لەخۆیدا حكومەتی عێراق زۆر سەرسامە بە تواناو لێهاتوویی پۆلیس و ئاسایشی كوردستان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، كە بەو توانا دارایی و تەكنیكییە كەمەی بەردەست پۆلیسی هەرێم توانراوە كۆنترۆڵی بارودۆخەكەو روودانی تاوانەكان بكەن.
سەبارەت بە تەوەری پرسیارەكەشت كە تایبەتە بەئەنجامدانی تاوان ئەوا لای هەمووان روون و ئاشكرایە تاوان هەر لە مێژووی مرۆڤایەتییەوە كە قابیلی هابيلى برای كوشت تا ئەو كاتەی بەشەرییەت دەمێنێت هەر تاوانی كوشتن دەمێنێت، ئەوەتا لە ئەمەریكاو هەموو دنیادا رۆژانە تاوان روودەدات و لەناو قوتابخانەو زانكۆكانی ئەو وڵاتە و شوێنە گشتییەكانی رووداوی تەقەكردن لە قوتابی و خەڵك هەیە و خۆ ئەگەر باسی وڵاتانی دیكەو ناوچەكە بكەین ئەوە رێژەی تاوان و كوشتنی تێدا زۆر زیاترە لەو رێژەیەی لە هەرێمی كوردستان هەیە. لای خۆمان ئەگەر تەقە لە كەسێك بكرێت یاخود تاوانێكی كوشتن رووبدات یا كەسێك بریندار بێت هەموو لایەك روودەكەنە دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس، لەكاتێكدا بەپێی هەموو داتاو زانیارییەكان رۆڵی ئەم دەزگایانەو ئاسایش و پۆلیسەكانمان بەراورد بە وڵاتانی دیكەی دنیا زۆر باشە، بوونی ئەم حاڵەتانەی كوشتن و تاوان لە هەموو دنیادا هەیە ئەوەتا لەو وڵاتانەی كە باسی ئەوە دەكرێت گوایە دەزگاكانی پۆلیسیان زۆر پێشكەوتووە هەر تاوان و كوشتن روودەدەن، بۆ نموونە با باسی دوو وڵاتی پێشكەوتووی دنیا بكەین لەرووی پۆلیسەوە ئەویش فەرەنساو ئەڵمانیایە لەوێ رۆژانە رووداو و تاوانی نەخوازراو روودەدەن. كەمیی رێژەی تاوان و كوشتن لەوڵاتی ئێمە بەراورد بە وڵاتانی دیكە بۆ ئەو پلان و بەرنامە تۆكمەیە دەگەڕێتەوە كە نەك هەر لەكاتی كەوتنەوەی تاوانەكە بەڵكو لە پێش تاوانەكەشدا توانیومانە لەم ناوچە نائارامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئارامی و ئاسایشی و هێمنی كوردستان بپارێزین، خۆشبەختانە بەرنامەكەمان بەباشی جێبەجێ كردووە ، رەنگە هەموو بەرنامەكانی ئێمە لەبەر لایەنی ئەمنی ئاشكرانەبن و لەبەرچاوی ئێوە نەبن، بەڵكو هەر لەم ساتەدا كە من و تۆ گفتوگۆ دەكەین هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش رۆژ و شەو لە ئامادەباشیدان بۆ بەرێكرتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان و تا درەنگانێكی شەو لە ئەركتان، قەڵەباڵغی بازاڕو شارو هاتوچۆكردنی خەڵك لەم مانگە پیرۆزەدا لەخۆڕا نەهاتۆتە دی، بەڵكو شەونخونی و هەوڵ و كۆششی بەردەوامی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسە ئەم دۆخە هێمن و ئارام و ئاسایشەی لێ بەرهەمهاتووە. ئەمەش بەو واتایە نایەت كە لێرەو لەوێ هیچ تاوانێك نییە چونكە هەموو ئەو بەرنامەو پلانانەی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس بۆ رێگەگرتن لەتاوان دایدەڕێژن لەبەرامبەردا تاوانباران بەرنامەو كاری دیكەی خۆیان بۆ تاوانكردن دادەڕێژن، بۆی هەیە هەندێكجار بەسەر بەرنامەو پلانەكانی ئێمەشدا باز بدەن بەڵام هەر دەسگیریان دەكەین و بەسزای خۆیان دەكەن.
* وەكو ئاماژەت پێكرد لێرەو لەوێ هەر تاوان ئەنجام دەدرێت بەتایبەتی ئەو تاوانانەی مۆركێكی كۆمەڵایەتیان هەیە، ئایا رێگەگرتن لەتاوانە كۆمەڵایەتییەكان ئەوەندە زەحمەتە كە نەتوانرێت بنبڕ بكرێت؟
- وەكو پێم وتی تاوان بنبڕناكرێت بەڵام رێگەی لێدەگیرێت تاوەكو رێژەكەی كەم بێتەوە، هەرچەندە بەراورد بەوڵاتانی دیكەی ناوچەكە رێژەكەی زۆر كەمترە. ئەوەش مایەی نیگەرانییە كە لەسەر تەلەفون و وێنەیەك و قسەیەكی ناشرین خەڵكی كوژراوە یاخود بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی دیكەوە كێشە لێرەو لەوێ روودەدەن، بەڵام دڵنیاتان دەكەینەوە كە هیچ تاوانێك نییە زوو یا درەنگ ئاشكرا نەكرابێت، ئێمە حەز ناكەین هیچ تاوانێك رووبدات، بەڵام كە روویدا زۆر بەئاسانی و بە زیرەكی و لێهاتوویی و ئازایەتی دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس تاوانباران دەدۆزینەوەو دەستگیریان دەكەین و بەپێی یاسا و بڕیاری دادوەر دەدرێنە دادگاو بەسزای خۆیان دەكەن.
* یەكێك لە مەترسیدارترین تاوانەكانی دنیا ئەو تاوانانەیە كە پێی دەوترێت تاوانی رێكخراوەیی ئایا تاوانی رێكخراوەیی لە هەرێمی كوردستان هەیە؟
- زۆرجار میدیاكان بەهەڵە باسی تاوانی رێكخراوەیی دەكەن، لەوڵاتی ئێمە تاوانی رێكخراوەیی نییە و پێشتریش نەبووە، ئەوەی سێ چوار گەنج لێرەو لەوێ تاوانێك ئەنجام دەدەن ئەمە پێی ناوترێت تاوانی رێكخراوەیی یاخود مافیایی، تاوانی رێكخراوەیی پەیوەندی بەمافیاوە هەیە و هەندێكجار رەهەندی سیاسیشی هەیە كە وڵاتێك كێشە بۆ وڵاتێكی دیكە دروست دەكات یاخود تاوانێك ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بەشێوەی پلان و بەرنامە داڕێژراو كارێكی تاوانكاریی و ئاژاوە لەو وڵاتەدا بنێتەوە، لەم حاڵەتەشدا دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس چاوكراوەن و بەئاگان و لە ئامادەباشیدان.
* هەر سەبارەت بەتاوان و تاوانكاریی لەزۆربەی كاتدا پیاوانی پۆلیس و ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ گلەیی و رەخنەیان لە یاساو جۆری سزاكانی دادگاكان و تەنانەت دەركردنی لێبووردنی گشتی هەیە، ئایا ئێوە تاچەند رازین لەو یاسایانەی كە لەم بوارەدا سزای تاوانكارانی پێ دەدرێت؟
- یاسای سزای عێراقی وەكو یەك لە سەرانسەریی عێراقدا بەهەرێمی كوردستانیشەوە جێبەجێ دەكرێت، ئەو یاسایەی لە بەسرا كاری پێ دەكرێت هەمان ئەو یاسایەی ئێرەیە، بەڵام جاری وا هەیە لە بەغدا لێبووردنی گشتی دەردەچێت، هەروەها لە دوای 2003 ەوە لە عێراق 8 لێبووردنی گشتی بۆ زیندانیان دەرچووەو ئێستاش لێبووردنێكی دیكە بەڕێوەیە، لەكوردستان جار بەجار لێبووردنی گشتی دەرچووە بەڵام حكومەت دەتوانێت تەنیا لەسەر مافی گشتی لێبووردن دەربكات و ناتوانێت لەسەر مافی بنەماڵەیەك یاخود كوژراوێك تاوانبار ئازاد بكات. لەلایەكی ترەوە سزاكانیش لە رووی یاساییەوە سەرو ژێری هەیە بۆ نموونە تاوان هەیە سزاكەی لە 3 ساڵ بۆ 10 ساڵە، پێشتر دادگاو دادوەرەكان كەمەكەیان دادەنا و هەندێك لەمانە لە كەسوكاری تاوانبارەكەیان عەفو دەكرد دواتر ئازاد دەكرا، تەنانەت تاوانبار هەبووە بە غەرامە سزا دراوە، بەڵام ئێستا دادگاو دادوەرەكان لە كوردستاندا سزا قورسەكە دەسەپێنن. مەسەلەیەكی دیكەش هەیە ئەوەیە كە ڕەنگە لە هەندێ جاردا و لەكاتی تاوانێكدا لایەنی دەرەكی لەپشت بێت بۆ دروستكردنی پشێوی و ناسەقامگیری لە كوردستاندا، بەڵام لایەنی دادوەرو دادگا رێگەی نەداوەو قورسترین سزای دەركردووە، ئەمەش هەمووی لە پێناوی كەمكردنەوەی تاوان و ئاسوودەیی و هێمنی خەڵكی ، ئەوەتا خەڵكی لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر كە روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن لە پێناو ئارامی و ئاسایشی كوردستانە ، بوونی ئەو هەموو دەستی كاری عێراقی و بیانییە تەنیا بۆ سەقامگیری و هێمنی و ئاسایشی كوردستان دەگەڕێتەوە ، دڵنیاشم لەدوای دانانی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هێمنی و ئارامی زیاتر روو لە هەرێمی كوردستان دەكات.
* دانانی كامێرای چاودێری لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان، زۆر جاران فاكتەرێكی یاریدەدەری گرنگ بووە تاوەكو هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش تاوانباران بدۆزنەوە، ئایا تاچەند زیادبوونی ژمارەی كامێرای چاودێری لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەكان دەبێتە كارئاسانی بۆ رێگرتن لە ئەنجامدانی تاوان؟
- كامێرای چاودێری بووەتە پێداویستیەكی گرنك و سەرەكی، تەنانەت بووەتە ئەرك لەسەر هەموو شوێن و بازاڕو دوكاندارو مۆڵ و شوێنێكی پیشەسازی، هیچ دامودەزگایەكی حكومیش نەماوە كامێرای چاودێری تێدا دانەنرێت، رۆژ لەدوای رۆژیش كامێرای پێشكەوتووترو بەدیقەت و كوالێتی بەرزو هەستیارتر دێت، بۆ مۆڵەت تازەكردنەوەی هەموو شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكانیش مەرجی دانانی كامێرای چاودێریمان داناوە، ئەمەش بۆ خاوەن شوێنەكەو ئێمەش ئاسانكاریی و هاوكارییەكی باشە و چەندین تاوان دۆزراونەتەوە بەهۆی كامێرای چاودێرییەوە بووە.
* بڕیارێكتان دەركردووە بەوەی نابێت فەرمانبەرانی حكومەت كاری تاكسی بكەن، ئایا لۆژیكی پشت ئەم بڕیارە چییە؟ ئایا ئەمە هەنگاوێكە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ هاووڵاتیان؟ تاچەند ئەم هەنگاوە بۆ سەقامگیریی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی گرنگە؟
- پیشەی تاكسی لەكۆنەوە كەسانێك كردوویانە هیچ موچەیەكیان نەبووە، كەسانێك تەنانەت باوك و باپیریشیان هەر ئەو پیشەی تاكسییەی ژیانی خێزانەكانیان دابین كردووە، ناكرێت كەسانێك فەرمانبەری حكومەت بن بۆ نموونە كارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بن و ماوەیەكیشە مووچەكانیان باش بووە كەچی لەدوای دەوام كاری تاكسی بكەن، ئێمە نامانەوێت خەڵكی رێگر بێت لەو كەسانەی هەلی كار و بژێوی ژیانیان لەسەر تاكسییە، هەربۆیە بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ لە پێناو بەرژەوەندی گشتییە.
* وێڕای چالاكی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس لە دۆزینەوەی تاوانباران و راپێچكردنیان بۆ بەردەمی دادگا، بەڵام ریژەی ئەنجامدانی تاوان تارادەیەك بەرزە و رۆژانە دەیان كاری دزی و كوشتنی خەڵك روودەدات، ئایا فاكتەرەكانی ئەنجامدانی تاوان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا چین وا بەزەحمەت بنبڕ دەكرێن؟
- وەكو لە سەرەتای چاوپێكەوتنەكەمدا ئاماژەم پێكرد تا بەشەرییەت هەبێت تاوان و تاوانكاریش هەر دەمێنێت، بەڵام كۆمەڵێك فاكتەری جۆراوجۆر كاریگەریان لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان هەیە لەوانە:( ناسەقامگیری و خراپی باری ئابووری و هۆكاری كۆمەڵایەتی و بوونی چەكێكی زۆر..) ، ئەمانە هەمووی راستەوخۆو ناراستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر كەسەكان هەیە، ئەو گۆڕانكارییە خێراییەی لە تەكنەلۆژیاو هۆكارەكانی گەیاندن و راگەیاندن هەیە دۆخێكی وای دروست كردووە گەنجانێك دەیانەوێت وەكو كەسانێك بژین كە تەمەنیان لەنێوان 40 -50 ساڵدایەو دەیانەوێت هێندەی ئەوان پارەو ئوتۆمبێل و خانوو موڵكیان هەبێت، راستە ئەمە حەزو ئاواتێكی ئاساییە بەڵام بەهۆی ئەو فاكتەرانەی كەباسم كرد تەنانەت لەوڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیاشدا نەتوانراوە ئەم ئاواتە جێبەجێ بكرێت، بۆیە كەسانێك كە لە ئاستێكی باشی پەروەردەدا نین دەیانەوێت لەرێگەی تاوان و كاری نایاسایی و ناشەرعییەوە بگەنە ئەم ئامانجە، سەبارەت بەكێشە كۆمەڵایەتیەكانیش ئەگەر ئێمە بمانەوێت بگەینە ئاستی وڵاتێكی وەكو سویسراو سوید ئەوە دەبێت ئێمە كۆمەڵگاكەشمان بگەیەنینە ئەو ئاستەی ئەوان، وابزانم هەموو هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بەو ئاراستەیە دەڕوات كە كۆمەڵگای كوردستان بەرەو باشی و پێشكەوتن و ئاشتی زیاتر بڕوات.
سەبارەت بەدیاردەی چەك و هەڵمەتی دەستبەسەراگرتنی چەك و نەهێشتنی چەكداری بەردەوامین لە هەڵمەتەكانمان و لەم رووەوە یاسایەك دەرچووە كە 3 مانگی رۆیشتووەو 3 مانگی ماوە لەم ماوەیەشدا هەرچی چەك هەیە لەلای خەڵكە سەرەتا تۆماریان دەكەین و فۆرم و ئیجرائاتی تایبەت هەیە هەمووی جێبەجێ دەكەین. بەڵام بۆ مەسەلەی چەك هەڵگرتن و بنبڕكردنی چەك دەبێت خەڵك داوای موستەحیلات لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان نەكات چونكە دەبێت رەچاوی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكەش بكرێت.