وەزیری تەندروستی بۆ (گــــوڵان): لێژنەمان بۆ ڕێگرتن لە دەرمانی تەزویرو ماوە بەسەرچوو پێكهێناوە

وەزیری تەندروستی بۆ (گــــوڵان): لێژنەمان بۆ ڕێگرتن لە دەرمانی تەزویرو ماوە بەسەرچوو پێكهێناوە
تەندروستی ئەو بوارەیە كە پێوەندی ڕاستەوخۆی بەهەمووانەوە هەیە، بەڕادەیەك ئێستاكە باشكردنی كەرتی تەندروستی بۆتە پێوەرێك بۆ حوكمڕانی باش و سەركەوتنی بەرنامە چاكسازییەكان. لەم ڕوانگەیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەیامەكەیدا تەئكیدی لەسەر كۆنترۆڵكردنی خۆراك و دەرمانی بەسەرچوو كردەوە. لەهەرێمی كوردستان گەر بمانەوێت بڕگەو خاڵەكانی ئەو پەیامە جێبەجێ بن بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەكەرتی تەندروستییەوە هەیە پێویستە سیستەمی تەندروستی بگۆڕدرێت و كەموكوڕییەكانی نەخۆشخانەو گرانی نرخەكان و دەرمانی ئێكسپایەرو بەسەرچوو چارەسەر بكرێت، ناكرێت لەم هەرێمەدا بیمەی تەندروستیمان نەبێت و نرخەكان بەرادەیەك بێت بەهاوشێوەی ئەو وڵاتانەی كە داهاتی تاكەكەسییان 10 ئەوەندەی ئێمەیە. لەلایەكی ترەوە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پێداویستییەكانی تەندروستی زیاتر دەبێت، ئاخۆ وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەمبوارە خۆی ئامادەكردووە. بۆ تاوتوێكردنی ئەم لایەنانەو چەند تەوەرەیەكی تری پێوەندیدار بەبواری تەندروستی و نەخۆش و چارەسەرییەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی دكتۆر تاهیر هەورامی وەزیری تەندروستی كرد.


لەبواری تەندروستی كار لەسەر پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم دەكەین
* ئێوە وەكو وەزیری تەندروستی چۆن تەماشای پەیامەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەن؟
- پەیامەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی لەئەنجوومەنی وەزیرانیش تاوتوێ كراوە، لە پاشان ئێمە لەوەزارەتی تەندروستی لەگەڵ لیژنەی راوێژكاری كۆبووینەوەو خاڵ بەخاڵی پەیامەكەمان خستەبەر گفتوگۆ، هەموو بڕگەكانی پەیامەكە بە هی خۆمانی دەزانین و ئەركە لەسەر هەموولایەكمان كاری لەسەر بكەین، بەڵام سێ لە خاڵەكان پێوەندی راستەوخۆی بەوەزارەتی تەندروستییەوە هەیە ئەویش خاڵەكانی(خۆراك و داودەرمان و كوالێتی و نەخۆشخانەكانە).
بۆ بواری داودەرمان لە وەزارەت ژووری عەمەلییان داناوە بۆ بەدواداچوونی دەرمانی تەزویر و بەسەرچوو و بەجددی دەستمان بەكاركردن كردووە و تا ئێستا چەند كەسێك داوودەرمانی تەزویر و بەسەرچووی لە دەست گیراوە و ڕەوانەی دادگاكراون، هەروەها ئەو ڕێوشوێن و خاڵانەی كە پێویستە بۆ ئەوەی رێگا لە داودەرمانی خراپ و تەزویر و بەسەرچوو بگرین، ماوەیەكە بەجددی كاری لەسەر دەكەین، ئەم رێوشوێن و خاڵانەشمان كە ئامادەكردووە بەنووسراوێكی فەرمی بەرزی دەكەینەوە بۆ نووسینگەی جەنابی سەرۆكی هەرێم، هەروەها لە بواری خواردنەوە چەند هەنگاو و ڕێوشوێنێكمان گرتۆتە بەر لەمانە لە خاڵە سنوورییەكان كۆنترۆڵی جۆری دانراوە و پشكنینێكی ورد ئەنجام دەدرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین لەم لایەنەوە تا ئاستێكی باش بەسەرگرفتەكان زاڵبووین، هاوكات بۆ بەدواداچوونی خواردنی بەسەرچوو و تەزویر لە هەموو شارو شارۆچكەكان تیمی تایبەت هەیە كە بەردەوام دەگەڕێن و لەهەر بازاڕ و دوكانێك خواردنی بەسەرچوو و تەزویر ببیننەوە ئەوە دەستی بەسەردا دەگرن و لەگەڵ خاوەنی دوكان و شوێنەكەش لێپێچینەوەی یاسایی پیادە دەكرێت، بەڵام ئەوەی لەبواری هاتنی خواردن و دەرمان دەمێنێتەوە خاڵە سنوورییەكانی نێوان عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانە، چونكە لەم سنوورەش بەشێكی زۆر خواردن و داو دەرمان دێتە هەرێم بۆ ئەو سنوورەش لەبازگەكان دەمانەوێت كەس و كارمەندی شارەزا دابنێین و بەدواداچوون و پشكنین ورد لەبارەی خواردن و دەرمان ئەنجام بدەن و بەم كارەش دەتوانین رێگا لەخواردن و دەرمانی خراپ و بەسەرچوو و تەزویر بگرین، هەروەها بۆ ئەوەی باشتر داوودەرمان كۆنترۆڵ بكەین و رێگا نەدەین چیتر داودەرمانی خراپ و بەسەرچوو بێتە هەرێمی كوردستان داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە هەستێت بەداخستنی ئەو دوكان و شوێنانەی كە بەنایاسایی داوودەرمان دەفرۆشن، چونكە فرۆشتنی داودەرمان تەنیا كاری پزیشكی دەرمانسازە و دەبێ ئەو كەسە كۆلێژی دەرمانسازی تەواو كردبێ و سێ ساڵیش بەسەر دەرچوونەكەی رۆیشت بێت، ئەگینا نەپزیشك نەكارمەندی تەندروستی ناتوانێت دەرمان بفرۆشێت، هەروەها پزیشكی دەرمانسازیش تەنیا بەپێی راچێتەی پزیشك دەتوانێ دەرمان بدات بە نەخۆش، بۆیە هەر كەسێك لە دەرەوەی ئەو ڕێنماییانە دەرمان بفرۆشێت ئەوە نایاساییە، هەروەها بەردەوام پشكنین بۆ هەموو دەرمانخانەكان ئەنجام دەدەین لەهەرحاڵەتێك دەرمانی تەزویر و بەسەرچوو دۆزرایەوە ئەوە بەپێی یاسا لێپێچینەوە لەگەڵ دەرمانسازەكە ئەنجام دەدەین، بۆ پتر كۆنترۆڵ كردنی داودەرمانی تەزویرو بەسەرچوو لەهەفتەی رابردوودا لەگەڵ دوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی دەرەوەی عێراق گرێبەستمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو داوودەرمانەی دێتە ناو هەرێمی كوردستان سەمپڵی لێوەربگرین و بینێرینە ئەو دوو كۆمپانیایەو ئەوانیش سەمپڵەكان تاقیكردنەوە و پشكنینی بۆ ئەنجام دەدەن، ئەگەر هەر دەرمانێك بەسەرچوو یان تەزویر یان خراپ بێت ئەوە بەپێی یاسا لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەنی درەمانخانەو كۆمپانیاكە دەكرێت و كۆمپانیاو خاوەن كۆمپانیاكەش دەخرێنە لیستی رەشەوە.
دەرمانی بەسەرچوو لەكوێوە دەهێنرێتە كوردستان؟
* لە بارەی كوالێتیەوە ئایا ئێوە تاقیگەی باش و هاوچەرختان بۆ ئەمە هەیە، لەمبارەیەوە كێشەتان چییە؟
- لەمبارەوە لە سنوورەكانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ تاقیگەی باشمان هەیە و بۆ سنووری حاجی ئۆمەرانیش لەبەر بارودۆخی ناوچەكە تاقیگەیەكی باش لە قەزای سۆران دانراوە لەسەر ئاستێكی بەرز كارەكان پیادە دەكات، لەلایەكی تر ئێمە تیمی باش و لێهاتوومان هەیە كە تا ئێستا لە ماوەی ئەمساڵدا توانیویانە بە هەزارەها تەن دەرمان و خواردن بگەڕێنینەوە بۆ ئەو دیوی سنوور یان بسووتێنرێت، هەروەها دەبێ ئەوەش بزانین كە ئێمە بەچوار رێگاو سنوور دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان دێت.
یەكەمیان: لە رێگای حكومەتی ناوەندی عێراقی فیدڕاڵ بەدەستمان دەگات كە(17%) ی عێراقە ئەو دەرمانە كوالیتی تەواو و بەرزە.
دووەم: سەرچاوەی هاتنی دەرمان ئەوەیە كە ئێمە دەرمان لە كۆمپانیای باوەڕپێكراوی خۆمان دەكڕین، ئەمەش جۆری باشە.
سێیەم: رێگاو سەرچاوەی تر ئەوەیە كە ئەو دەرمانەی لەبازگەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی دێتە ژوورەوە دەبێ لەبازگەكان رێگا بەو دەرمانانە نەدرێت بێتە ژوورەوە، بەڵام لەبەر نەبوونی شارەزا دەرمانەكە دێت و ئەو سەرچاوەیەش دەرمانی زۆر خراپ دەخاتە بازاڕەوە.
چوارەم: سەرچاوە دەرمانی قاچاغ كە بە كۆڵ و وڵاغ دێـتە ژوورەوە ئەم جۆرە دەرمانەش خراپە، چونكە بە كۆنترۆڵی جۆریدا نەڕۆیشتووە.
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە بۆ دەبێ ڕێوشوێنی توندو گونجاو بۆ هاتنە ژوورەوەی دەرمان بگرینەبەرو بۆچی داوا دەكەین كە وەزارەتی ناوخۆ دوكانە نایاساییەكانی دەرمان فرۆشی دابخات، ئەمەش لەبەر سێ هۆیە كە زەرەرێكی زۆر گەورە بەئاسایشی نەتەوەیی دەگەیەنێت، یەكەم دەرمانی بێهۆشكەرەكە نابێت بەبێ راچێتەی پزیشكی پسپۆر بەنەخۆش بدرێت، بەڵام ئەگەر دوكانی لاكۆڵان بێت ئەوە بۆ قازانجی خۆی بە هەموو كەسێكی دەفرۆشێت.
دووەم شت كە زۆر ترسناكە داودەرمانی ئەنتی بایۆتیكە كە زۆر بەكارهێنانی هۆكارێكە كە میكرۆب بەرگری لەبەرانبەر دروست دەكات و نامرێت، بۆ نموونە لەكاتێكدا نەخۆشییەك تووشی مرۆڤ دەبێ چارەسەری نییە بۆی هەیە لە ساڵی یەكەم(150) كەس تووشی ئەو نەخۆشیە ببێت و ساڵی دووەم دەبێتە( 500) تووشبوو و لەساڵی دواتر دەگاتە (2000) كەس و چارەسەریشی نەدۆزراوەتەوە لە ئەنجامدا دەبێتە كارەساتێكی مرۆیی بۆیە پێویستە كەس لە خۆیەوە یان لە ڕێگای دوكانی نایاسایی دەرمانی ئەنتی بایەتیك وەرنەگرێت.
سێیەم هۆكاری هەندێ دەرمان هەیە وا لە مرۆڤ دەكات لەسەری ڕابێت و ژیانی بەبێ ئەو دەرمانە بۆ نەچێتە سەر، ئەوەش وا دەكات كە مرۆڤ زەرەری ماددی و مەعنەوی و كۆمەڵایەتی و .. تاد، بكات لەئەنجامدا وڵات و نەتەوە زەرەر دەكەن، واتە كاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت.


وەزارەتی تەندروستی خەریكی گۆڕینی سیستەمی تەندروستین
* بۆچی هەوڵنادەن لەم كابینەیەی حكومەت دەستپێشخەری بكەن، بۆ ئەوەی سیستەمی تەندروستی بگۆڕن و سیستەمی چاودێری و بیمەی تەندروستی دابنێن؟
- ئێستاكە خەریكی گۆڕینی سیستەمی تەندروستین، خەریكی دانانی سیستەمی خێزانین، لە دهۆكە و هەولێر و سلێمانی چەند ناوەندێكی تەندروستی خێزانی هەیە و كار و پلانمان لەمەودوا ئەوەیە كە لەشارەكانی كوردستان ناوەندی تەندروستی خێزانیی زیادو بەرفراوان بكەین، هەروەها لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا بەهاوكاری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی خەریكی ئەوەین كە بیمەی تەندروستی دابنێین، بۆیە لەگەڵ عێراق خەریكین بەیەكەوە، چونكە ئێمە ناتوانین ئەو سیستەمە بەتەنیا پیادە بكەین، ئێستا ئێمە هەندێ داوودەرمان هەیە بە پارەیەكی یەكجار زۆرو گران بۆ هەندێ نەخۆشی دەكڕین هەر بۆ نموونە هەر دەرزیەكی شێرپەنجە بە(3) هەزار دۆلار دەكڕین كە نەخۆشی تووشبوو بە نەخۆشییەكە(20) دەرزی پێویستە ئەمەش پارەیەكی زۆرە لەكاتێك نەخۆشی هەر شارێكی عێراق سەردانی ئەو نەخۆشخانانە بكات و پێویستی بەو داوودەرمان و دەرزیانە هەبێت ئەوە بەبێ جیاوازی لەگەڵ هاووڵاتیانی هەرێم دەبێت بۆیان دابین بكرێت، بۆیە ئێمە بەبێ عێراق ناتوانین سیستەمی بیمەی تەندروستی لە كوردستان دابنێین،هەروەها ئێمە لە هەر ڕووداو كارەساتێك هاتبێتە پێش و ڕووی دابێت كێشەیی بودجەمان نەبووە و نابێت..


پێویستە سەلامەتی نەخۆش زامن بكرێت
* بۆچی هەوڵنادرێت پێوەندی نێوان نەخۆش و پزیشك بەرەو ئاڕاستەیەكی باش بڕوات؟
- لەم رۆژانەدا هەر بۆ ئەو مەبەستەو بۆ دروستكردنی پێوەندی باش و ڕاست لەنێوان نەخۆش و پزیشك كۆنفرانسێكمان سازكرد كە چوار رۆژی خایەند هەر لەم كۆنفرانسەدا باسی سەلامەتی نەخۆشیش كراوە، مەبەست لەسەلامەتی نەخۆش ئەوەیە كاتێك نەخۆش دێتە لای پزیشك لەپاشان بەهۆی داوودەرمان و هەڵەی پزیشك و كارمەندی تەندروستی تووشی ئازار و ئێشی زیاتر نەبێت، هەروەها وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ گیئمسی بەریتانی گرێبەستێكی مۆركردووە كە یاسایەكمان لەسەر شێوەی بەریتانیا بۆ دابنێت تا هەڵسوكەوتی خراپ لە نێوان پزیشك و كارمەند و نەخۆش نەهێڵێت و لێپێچینەوە بكات لەگەڵ ئەو كەسانەی كە مامەڵەی خراپ لەگەڵ نەخۆش دەكەن تا بۆ دواجار باشتر خزمەتی نەخۆش بكرێت.
ماوەی كاركردنی عیادە شەعبییەكان زیاد دەكرێت بەنرخێكی زۆركەم بەهەموو پشكنینەكانەوە
* ئایا بەنیازن پێداچوونەوەیەك بەنرخی عیادەی پزیشكەكان بكەن، چونكە هاووڵاتیان گلەیی لە بەرزی نرخەكان دەكەن؟
- حكومەت، وەزارەتی تەندروستی لە 90% خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی بە خۆڕایی پێشكەشی بەهاووڵاتیان دەكات، هاوكات دەبێ بتوانین كێبڕكێ لەگەڵ كەرتی تایبەت بكەین، هەر بۆیە لەم ماوەیەدا نووسراوێكمان بۆ سەندیكای پزیشكان كردووە كە دانیشتن لەگەڵ نەخۆشخانە ئەهلییەكان بكەن بۆ دانانی نرخێكی تایبەت بەنەخۆشخانە ئەهلییەكان و نرخەكەش بەشێوەیەك بێت كە بە بەراورد بەنەخۆشخانە حكومییەكان بگونجێت و لە هەمان كاتتدا پرۆژەیەكمان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ زیادكردنی ژمارەی ئەو عیادە شەعبیانەی كە لە گەڕەكەكان خزمەت بە هاووڵاتیان دەكەن، لەمبارەوەش لەلایەن حكومەتەوە رەزامەندی لەسەر ئەم داواكارییە دراوەو ماوەی كاركردنی عیادە شەعبییەكان زیاد دەكرێت تا كاتژمێر(6-7)ی ئێوارە و بەنرخێكی زۆركەم بەهەموو پشكنینەكانەوە، بۆی هەیە نەخۆش تەنیا(10) هەزار دینار خەرج بكات، لەلایەكی تر ئەو عیادانە پزیشكی تایبەتمەند و پسپۆڕی جۆراوجۆری لێیە، هەروەها نرخی نەخۆشخانەكانی دڵی هەولێر و دهۆك دادەبەزێنین بۆ ئاستی نرخی نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی یان دەیكەین بەخۆڕایی بۆ هاووڵاتیان كەحكومەت پارەی چارەسەری نەخۆش بدات بەنەخۆشخانەكان، بەڵام لەبارەی نرخی عیادەی پزیشكەوە خۆی نرخی عیادەی پزیشكەكە كەمە، گەرچی لەئەنجامی تاقیگە و سۆنار و پشكنینی ترو داوودەرمان نرخەكە بەرز دەبێتەوە، هەروەها بەدواداچوون دەكەین بۆ ئەوەی بزانین پزیشك لەگەڵ پشكنین هەر خۆی سۆنار بەكار دەهێنێت، ئەگەر سۆناریش هەر خۆی بیكات ئەوە نابێت پارەی سۆنارەكە بەجیا وەربگرێت، بەڵكو دەبێت بۆ هەقی خۆی و سۆنارەكە تەنیا نرخی عیادەكە وەربگرێت.


نەخۆشخانە(400) قەرەوێڵەییەكەی سلێمانی لەماوەی دوو ساڵی تر تەواو دەبێت
* ئایا چەند پرۆژەی بواری تەندروستی هەیە بەهۆی دواكەوتنی بودجە یان هەر هۆكارێكی تر دواكەوتووە و كەی تەواو دەبن؟
- زۆربەی لەو پرۆژانەی كە بە هەر هۆكارێك راوەستابێت كێشەكانیان چارەسەركراوە یەكێك لەم پرۆژانە نەخۆشخانەی(400) قەرەوێڵەییەكەی سلێمانییە، ئێستا دراوەتە كۆمپانیایەكی تر لەدەست پێكردنی كاركردن لەسەر پرۆژەكەوە.
* ئایا ئێوە لە ماوەی ئەو(3-4) مانگەی كەلە پەیامەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی دانراوە بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری دەتوانن ئەو خاڵ و كارانەی پێوەندی بەئێوەیە چارەسەری بكەن و بودجە و خەرجی زیاترتان پێویست نییە؟
* بۆ چارەسەركردنی زۆربەی كارو خاڵەكانی پێوەندیدار بە وەزارەتی تەندروستی بودجەی زیاتری پێویست نییە، چونكە دانانی كەسی شارەزا و كابینەیەك لە بازگەكانی نێوان هەرێم و عێراق پارەیەكی زۆری ناوێت، هەروەها پشكنینی داوو دەرمان لە تاقیگەكاندا لەسەر حیسابی كۆمپانیای دەرمانەكەیە نەك ئێمە، هاوكات ئەو ماوەیەی دانراوە بۆ چارەسەركردن و رێگاگرتن لە خواردن و دەرمانی خراپ و بەسەرچوو و تەزویر زۆرە، بەڵكو دەتوانین لە رێگای وەزارەتی ناوخۆوە تەنیا بە(10) رۆژ عیادەی لاكۆڵانەكان دابخەین و بەداخستنی ئەو عیادە نایاساییانە زۆربەی كێشەكانمان چارەسەر دەكرێت و دانانی كابینە و كەسی شارەزا لەبازەگاكاندا ئەمەش لەماوەیەكی زۆر كەمدا دادەتوانرێت جێبەجێ بكرێت.
* ئایا لەناو وەزارەت یان هەر فەرمانگەیەكی وەزارەتی تەندروستی بێت كەسی گەندەڵ هەبووە؛ لەپاش دەركەتنی ئەو كەسە چیتان كردوە؟
- لە دەستبەكاربوونم لە كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا(6) كۆمپانیا خراوەتە لیستی رەشەوە، (4) كومپانیاش دراوەتە دادگا و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ كراوە و غەرامەی چەند كۆمپانیایەكمان كردوە، (12) فەرمانبەرمان لەسەر بڕوانامەی ساختە دەركردوە، (65) فەرمانبەرمان سزای ئیداریی داوە، هەروەها هەر ئێستاكە دوو، سێ كۆمپانیای تر هەیە بەهۆكاری گەندەڵیكردنەوە وا خەریكین بیانخەینە لیستی ڕەشەوە.
بەهۆی ئەو پشێوییەوە رۆژ هەبووە (160) تا (200) بریندار گوزاراوەتەوە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی
* ئایا ئەو بارودۆخ و پشێویەی لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو لەسلێمانی ڕوویدا چەند كاریگەری و باری قورس بوو لەسەر بواری تەندروستی و نەخۆشخانەكان؟
- بێگومان ئەوە ئەركێكی زۆر قورس بوو، چونكە رۆژ هەبووە (160) تا 200) بریندار گوزاراوەتەوە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، بەڵام ئێمە سیستەمێكی فریاگوزاری تایبەتمان لەكوردستان داناوە و ئێستا كە لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت و لە ماوەی سێ مانگی تر لەهەولێر و دهۆكیش ئەو سیستەمی فریاگوزارییە پیادە دەكرێت، ئەو سیستەمەش بەمجۆرەیە ژمارەی (122) بە تەلەفۆن لێ بدە لە ماوەی تەنیا(7) خولەك ئۆتۆمبیلی فریاكەوتن و كارمەندێكی شارەزای فریاگوزاری كە شوفێرەكەشی خولی فریاگوزاری سەرەتایی دیتوە دەگاتە لات و ئەو كارەش رێكخراوی یونۆپس لەسەر حیسابی قەرزی بانكی نێودەوڵەتی بۆمان ئەنجامی دەدات، ئەدای ئەو سیستەمەشمان لە سلێمانی بۆ دەركەوت كە زۆر سەركەوتووە، لەئاكامی ئەو پشێوییەی لە پارێزگای سلێمانی كەوتەوە ژمارەیەكی زۆر لە برینداری لێكەوتەوەو تەنانەت هەندێ لە كارمەندانمان تووشی برینداربوون بوون و ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنیش زیانیان لێدرا.


ڕێژەی پزیشكمان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی كوردستان نییە
* ئێمە وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان زۆربەی قەزا و ناحیەكانی كوردستانمان بۆ بەدواداچوونی كارە خزمەتگوزارییەكان بەسەر كردۆتەوەو لەهەموو شوێنەكان گرفت و كێشەی پزیشكی پسپۆڕ و ئافرەتانیان هەیە، بۆچی ناتوانرێ ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت؟
- یەكێك لە كێشەكانی ئێمە ئەوەیە كە ڕێژەی پزیشكمان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی كوردستان نییە، بەڵكو كەمە، بۆیە ناتوانین پزیشك بۆ ئەو شوێنانە بنێرین، چونكە پزیشك ئامێر نییە تاوەكو بیكڕین و بۆیان دابین بكەین، هەروەها بەگشتی لە كوردستان كێشەی نەبوون یان كەمی پزیشكی تەخدیرمان هەیە، بۆیە لەمبارەوە پێشنیارمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە(65) پزیشكی تەخدیرمان لە دەرەوەی وڵات بۆمان بێنن بەتایبەتی هەوڵبدەین لە وڵاتی هیندستان پزیشكەكان بێنین، حكومەت رەزامەندی لەسەرداوە و بودجەشی بۆ تەرخان كردووە، لەزانكۆكانی خۆمان قووتابیان زۆر كەم دەچن بۆ پسپۆڕایەتی تەخدیر و ئافرەتان خۆی كێشەكە لێرەدایە، هەروەها ئەگەر بەراوردی هەرێمی كوردستان ئێستاكە لەگەڵ ساڵی 1991 بكەین بەمجۆرەیە لە ساڵی(1991) كەمتر لە(900) پزیشك و نزیكەی(20) نەخۆشخانە و (128) بنكەی تەندروستی لەهەرێمی كوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا كە(880) بنكەی تەندروستی و زیاتر لە(60) نەخۆشخانە و لە نێوان (7 بۆ8) هەزار پزیشك و (20) هەزار كارمەندی تەندروستی لەهەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام كە بێینەسەر ستانداردی جیهانی و كە باسی ناوچە و قەزاكان دەكەین دەبێ پزیشكی خێزانی لێ بێت، ئێمە ئەو سنوورەی لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمە پێنج ملیۆن و سێ سەد هەزار كەسە، هەر(10) هەزار كەس یەك پزیشكی خێزانی دەوێت، واتە دەبێت (530) پزیشكی خێزانیمان هەبێت، گەرچی كەمتر لە (50) پزیشكی خێزانیمان هەیە، ئەگەر بۆ هەر(50) هەزار كەس یەك پزیشكی دەروونیت پێویست بێت ئەوە ژمارەكە دەكاتە پتر لە(300) پزیشك گەرچی ئێمە نزیكە(20) پزیشكی دەروونیمان هەیە، بەڵام ئەگەر بەراورد بەكاری پزیشكی بكەین ئێستا كارو نەشتەرگەری و چارەسەر و پشكنینەكان زۆر زیاتر و باشترە بەڕادەیەكی وایە نەشتەرگەری جۆراوجۆر لە نەخۆشخانەی زۆربەی قەزایەكانیش ئەنجام دەدرێت و كاتی خۆی تەنیا چەند جۆرە نەشتەرگەرییەكی دیاریكراو دەكرا، بەڵام ئێستاكە گەورەترین نەشتەرگەری دڵ و چاندنی گورچیلەو جۆری تر ئەنجام دەدرێت، گەرچی هەر پێویستە پتر كار بۆ بەرەو پێشەوەبردنی بواری تەندروستی بهاوین و چاكسازی و گۆڕانكاری جۆریی و چۆنایەتی بەردەوام ئەنجام بدەین.
Top