جەمال مورتكە بۆ (گوڵان): هەولێر قەڵایەكە بۆ پارێزگاری كردن لە دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان

جەمال مورتكە بۆ (گوڵان): هەولێر قەڵایەكە بۆ پارێزگاری كردن لە دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان
وەك پێشمەرگەیەكی دێرین (جەمال مورتكە)لەم دیمانەیەیدا زەینی لای نیشتمانەو لە هەولێرەوە یادوەرییە دێرینەكانی پێشمەرگایەتی بەرجەستەدەكاتەوە و بەیادی رزگاربوونی ئەم شارەوە ڕۆحی خەباتگێڕی نوێدەكاتەوە ، ڕۆحی هەولێر بەخانەدانی و بەرخودانی هەشت هەزار ساڵەیەوە زەنگیانەی رەنگینی خەناوكەیەكە كە هەموو شارو شارۆچكە كوردییەكانی لە رەسەنایەتیدا بەخۆیەوە بەستۆتەوە، هەمیشە وەك ماڵەگەورە میتافۆری ئاشتی و دڵنەوایی گشت خەڵكی كوردستان بووەو هەر تاكێكی نەتەوەی كوردیش كە لێیقەوما بێت هەولێری بە ئارامترین مەئواو شوێنی پشوودان وحەوانەوەو تێفكرین لە داهاتووی خۆی و كوردان ناسیوە، لێرەدا گەڕانەوە بۆ زادگا گەڕانەوەیە بۆ سروشتی خاكیی و زێدی هاووڵاتیانێ كە عاقڵانە سۆزیان بۆ پرسی نیشتمانەكەیان دەجووڵێت، نیشتمانێك كە سێ بەشی چاوی ئومێدیان لە ئاوەدانی و جوانی و بەپایتەخت بوونی هەولێرە ، زۆر ڕووداوی مەزن لە مێژووی ئەم شارەدا قەوماون ، گرنگترینیان كە لە مێژووی هاوچەرخدا بایەخی زۆری بۆ داهاتووی گەلی كوردستان هەبێت رۆژی 11ی ئادارە كە تێكڕای خەڵكی هەولێر لە راپەڕینی 1991 بۆ مێژوو سەلماندیانەوە كە بۆ ئازادی و ڕزگاری نیشتمانەكەیان خاوەنی هەڵوێستن هەروەك چۆن بۆ داڵدەی لێقەوماوان و ئاوارەو تەنانەت بۆ ئەوانەی غەوارەی چەوساوەشن و لەسەر ماڵ و موڵكی خۆیان راونراون ، هەڵوێستان وەرگرتووەو نەیانهێشتوە لە شارەكەدا هەست بە غەریبی و نامۆیی بكەن كە ئەمەش سەرەكیترین بنەمای دروست بوونی جڤاك و شارە ، وا لێرەدا لە زاری كەسایەتییەكی دڵسۆز بەم شارەوە هەندێ یادو بەسەرهات بەسەردەكەینەوە ..
گوڵان: قسەیەك هەیە دەڵێن لەدوای شەڕی خواكوركەوە سەرۆك بارزانی پێشبینی گۆڕانكارییەكی گەورەی لە ناوچەكەدا كرد، ئایا ئێوە هەستتان دەكرد ڕاپەڕین ڕوودەدا و هەولێر ئازاد دەكرێت؟
جەمال مورتكە: دیارە پاش قۆناغی ئەنفالەكان لە ناوەڕاستی ساڵی 1988 بەتایبەتی پاش كۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ئێران و عیراق بارودۆخێك دروست بوو هێزەكانی پێشمەرگە و بنكەو بارەگاكانی شۆڕش لە سنوورەكان كشانەوە، لەبەرئەوەی پێش ئەو بارودۆخەش حكومەتی بەعس بەپێی ئەو بەرنامەی دایڕشتبوو كە لەشەڕی خواكورك یان پێش 8/8/1988 كۆتایی بە هەموو بنكەو بارەگاكانی سەركردایەتی شۆڕشی ڕزگاریخوازی كورد و كوردستان بەتایبەتی هی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە سێگۆشەی سنووری بوو بێنێت، بەڵام بەحوكمی خۆڕاگری پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی بەبەشداری و سەرپەرشتی كردنی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی، حكومەتی بەعس ئەو ماوە و پێوەرەی دیاری كردبوو نەیتوانی بەدەستی بێنێت، بەڵكو دوژمن قورسترین چەك و كیمیای بەكارهێناو دەتوانین بڵێین زیاتر لە نیوەی هێز و لەشكرەكەی هێنابوو بۆ كوردستان و بەرەی شەڕ، بەڵام هەر سەركەوتوو نەبوو، كەشەڕ كۆتایی پێهات جەنابی سەرۆك بارزانی لە وتارێكی مێژوویی بەرامبەر پێشمەرگەی كوردستان پێشبینی زۆر ڕوونی خستەڕوو، فەرمووی لە ئایندەیەكی نزیكدا حكومەتی عێراقی دوو ڕێگەی لەپێشە، یەكێكیان ئەوەیە كە دەبێ ئیعتراف بەواقیعی عێراق بكات و دان بە مافی ڕەوای گەلی كورد و كوردستان بێنێت، یان بەپێی ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێشی و ئەو لەشكرە زەبەلاحەی دروستی كردووە كەپێویستی بە ئیمكانیاتەكی زۆر گەورە و فراوان هەیە بەناچاری دەبێ هەندێ هەنگاو بنێت.
یەكێك لەو هەنگاوانە ئەوەبوو كە لەشكرەكەی پەلكێش بكات بۆ شوێنێك وەكو ئەوەی كوێتی داگیركرد لەم حاڵەتەشدا بارودۆخی ناوخۆی عێراق تێك دەچێت و كورد و كوردستان سوودمەند دەبن، لەپاشان سەرۆك بارزانی تەئكیدی كردەوە هەر پێویستە كورد سەبری هەبێت و خۆڕاگربێت و خۆمان ڕێك بخەینەوە، هەر لەسەر ئەو ئەساسەوە كۆنگرەی(10) ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1989 لە گوندی هێشماوە بەسترا، بۆئەوەی بەرنامەیەكی ڕێكوپێك و تۆكمە بۆ ئایندەی كوردو كوردستان دابڕێژرێت، لەو كۆنگرەیەدا لێكۆڵێنەوەیەكی تێروتەسەل ئەنجامدرا بۆ ئەوەی سەركردایەتییەكی بەتوانا و گەنج بێتە مەیدان بۆدرێژەدان بە خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان و پارتیزانی و چەندین بابەتی تری گرنگ گفتوگۆی لەسەركرا.
هەروەها لەسەر ئەساسی لق و لیژنەناوچە و ڕێكخستنەكانی پارتی شێوە ڕێكخستنێكی نوێ و زانستیانە دامەزرا بۆ پیادەكردنی بەرنامەی پارتیزانی، لەوانە بە نموونە لقی دوو شەش لیژنە ناوچەی هەبوو كرا بە سێ لیژنەناوچە، لیژنەی ناوچەی شەقڵاوە كە من بەرپرسی بووم لەگەڵ لیژنەی ناوچەی ڕانیە لێكدرا، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەبوو بۆ ئەوەی بەیەكەوە بتوانین كاربكەین و درێژە بەخەبات و پارتیزانی بدەین، هەیكەلەكانی لق و ناوچە و ڕێكخستنەكان هەر هەموو لەسەر ئاستی كوردستان بەم شێوەیە ڕێكخرا، بۆیە دەتوانین بڵێین بەرنامەی ڕاپەڕین بەر لەساڵێك لە ڕاپەڕین دیراسەت كرابوو، بەڵام نەدەتوانرا بڵێین ئەمڕۆ یان بەیانی یان فڵانە ڕۆژ ڕاپەڕین دەبێت، لەبەرئەوەی دیراسەت و پێشبینی ئەوە كرابوو كەبارودۆخی عێراق گۆڕانی بەسەر دێت یان بۆ بەردەوامی خەباتی ئێمە وەكو كورد دەبێ خەباتێكی سەختی پارتیزانانەی خۆڕاگرانە بكەین، بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە سەختەی بەسەر كورد فەرزكراوە بیشكێنین، چونكە ئەو كات دوژمن پڕوپاگەندەی ئەوەی دەكرد كە شۆڕش و پێشمەرگە نەماوە و تا دنیاش ماوە دروست نابێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە بەحەكیمانەی سەركردایەتی و پێشمەرگەی پارتی و بەرەی كوردستانیش، بەڵكو مەیدان و واقیع شایەدە كە پارتی ڕۆڵی سەرەكی و كاریگەری لەبەرخۆدان و شۆڕشكردن دژی دوژمن دیت، لەو كاتەدا لەلایەن سەركردایەتی پارتی بە هەستاری و لێپرسراویەتی ڕێنمایی و زانیاری بەهێزی پێشمەرگە دەدرا، بۆیە هەموو كات و سات لە ئامادەباشیدا بووین بۆ هەر بارودۆخێك بێتە پێشەوە یان بۆ هەر گۆڕانكاری و ڕووداوێك، سەرئەنجام ئەوەبوو لە(4-5) مانگی ئادار ڕاپەرین لە كوردستان دا دەستی پێكرد.
گوڵان:(11)ی ئادار بۆ هەولێر ڕۆژی سەركەوتنی ڕاپەڕینە، بەڵام هاوكات ڕۆژی ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی 11 ئادار و سەركەوتنی شۆڕشی ئەیلوولە، ئایا لای بەڕێز جەمال مورتكە ئەو ڕۆژە چییە؟
جەمال مورتكە ڕۆژی(9)ی ئادار لە شەقڵاوە بووین و(10)ی ئادار لە مەسیف بووین، بەرە بەیانی 11/3/1991 لە مەسیف هاتینە خوارەوە لە كاتژمێر حەوت و نیوی بەیانی لە بەستۆرە و دەوروبەری بووین، لەو كاتەدا هەندێ جموجووڵی دوژمن هەبوو، بەڵام زۆر بێ هێزبوو. هاوكات دوژمن بەتانك و تۆپ و هێزێكی تایبەتی زۆر بە هاوكاری كۆپتەر لە بازگەی شاویس هێڵێكی بەرگری دانابوو، لەو كاتانەدا جار جار تۆپی دوژمن بۆمان دەهات و كۆپتەرەكان لەسەر سنوورەكە دەسووڕانەوە من لە ژیانمدا زۆر كەم (موتەئەسیر) دەبم، بەڵام لەو كاتەدا لەخۆشیان كە دەمزانی گۆڕانكارییەكی جۆری و گەورە بەسەر كورد و هەولێردا دێت، فرمێسك لەچاوەكانم ڕانەدەوەستا، هەڤاڵانم وایان دەزانی من بۆ هەندێ كار و شتیتر دڵگران و خەمبارم، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو خۆشیەی ئەو ڕۆژە لەلای من سەرگوزشتە و بیرەوەرییەك و داستانێكی گەورە و زۆر پیرۆزە.
دەبێ ئەوەش بزانین لەمێژووی كورد دا(11)ی ئادار ڕۆژێكی جیاوازە كە دوو گۆڕانكاری و ڕووداوی زۆر گرنگ تێیدا بۆ كورد هاتۆتەدی، یەكێكیان ئەوەبوو لە ساڵی(1970) حكومەتی عێراقی لەسەردەستی بارزانی نەمر و هێزی پێشمەرگە و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دانی بە مافی گەلی كورد هێنا لەمێژوودا بۆیەكەمجار لەڕووی یاسایی دوژمن باوەڕی بەمافی نەتەوەیی كورد هێنا، دووەم بەدووبارە بوونەوەی ڕۆژی(11)ی ئادار ساڵی 1991 كەشاری هەولێر ئازاد بوو، چونكە هەولێر لەڕووی مێژوویی و سیاسییەوە جێگەی تایبەتی خۆی هەیە و شارێكی خۆڕاگر و پیرۆزە، بۆیە مانای ئازادبوونی هەولێر مانای ڕزگاربوونی كوردستان و پشت شكانی دوژمنە و بەڕزگاربوون و ئازادی هەولێری پایتەختی كوردستان، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕەشە یەك لە دوایەكەكانی كوردستان سەركەوت، لەبەر ئەوەش بوو حكومەتی بەعسی دوژمن گەورەترین هێزی لە هەولێر دانابوو ئەو گرنگیەی بە هەولێری دابوو بە كەركوكی دڵی كوردستانی نەدابوو، لەلایەكی تر دەبێ ئەوە بزانین كە هەولێر و خەڵكی هەولێر باكگراوندێكی زۆر بەهێزیان لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورددا هەیە، هەولێر هەر لەسەردەمانی هۆلاكۆ و جەنگیزخان تا دێتە سەرەتای سەدەی(20)م، تەماشا بكەیت لە هەموو كاتێك ئازاد و بوێرو خۆڕاگربووە و ڕۆڵی سیاسی خۆی وەرگرتووە و نەگۆڕە لەسەر بڕیاری خۆی و هیچ هێز و نیزامێك ناتوانێ بەرامبەری ڕابووەستێت، هەر بۆیە دەڵێین(هەولێری هۆلاكۆ بەزێن) و دەتوانم بڵێم لەسەدەی(20) هەولێر حزبی بەعسی دیكتاتۆری بەزاند، زۆرجار نموونەیەك هەیە باس دەكرێت دەڵێن(ئەگەر هەولێرت برد واتە كوردستانت برد) هەر بۆیە كە هەولێر ئازادبوو من دڵنیابووم كە(100%) كەركوكیش ئازاد دەكەین.
هەروەها دەبێ ئەوە بۆ مێژوو باس بكەین، ڕاستە هێزی پێشمەرگە ڕۆڵێكی سەرەكی لە ئازادكردنی هەولێری خۆڕاگری شاری قەڵا و منارە هەبوو، بەڵام كە شەوی دە لەسەر یانزە ئێمە لە مەسیف بووین لە كاتژمێر حەوتی شەو تا بەرەبەیان سێ بەشی هەولێر لەلایەن جەماوەر و خەڵكییەوە هەولێر ئازادكرا، چونكە كە ئێمە كاتژمێر(9)ی بەیانی گەیشتینە پێش پەروەردەی گشتی هەولێر تەقە تەنیا لە سێ تا چوار جێگە مابوو، دەنا هەر هەموو هەولێر لەلایەن كچ و كوڕ، پیر و گەنج و خەڵكە چاونەترس و ئازا و خۆڕاگرەكانی هەولێرەوە ئازاد كرابوو.
گوڵان: ئێوە وەكو بەشێك لەهێزەكانی بەرەی كوردستانی بەشداربوون لەئازادكردنی هەولێر، ئایا هەموو پێكەوە وەك بەرەی كوردستانی چۆن سەیری ئازادكردنی هەولێرتان كرد، ئایا ئازادكردنی هەولێر چ مانایەكی هەبوو؟
جەمال مورتكە: وەكو بەرەی كوردستانی ئەوكات هەست و ڕوحیەتی نەتەوەیی و تەبایی هێزەكانی بەرەی كوردستانی گەیشتبووە ئەو ئاستەی پێشمەرگەی لایەنەكان جیانەدەكرانەوە، كە هێزەكان پێشڕەوییان دەكرد بەیەكەوە بەرەو پێش دەچوون بەبێ جیاوازی.
لەلای ئێمە ئازادبوونی هەولێر واتە ئازادبوونی كوردستان، تا شاری هەولێر ئازاد نەكرا خودی جەنابی سەرۆك تەنانەت یەك لێدوانیشی نەدا، دوای ئازادكردنی هەولێر هەموو كۆتو بەندەكان شكان و ورەی دوژمنیش ڕووخا، دەتوانم بڵێم دوای ئازادكردنی هەولێر هەڵوێستی وڵاتە زلهێزەكانیش بەرامبەر بە كورد گۆڕا، بۆیە ئازادكردنی هەولێر، سەركەوتنی كورد بوو.
گوڵان: یادەوەرییە خۆشەكانت لە ڕۆژی ئازادكردنی هەولێر چی بوون؟
جەمال مورتكە: ئەوەی ئەو ڕۆژە دیتم و سەرنجی ڕاكێشام، ئەگەر كورد ئاوا بڕوا و بەوشێوەیە بیر بكاتەوە و هەماهەنگ و تەبابێت، هیچ هێزێك نییە بتوانێت لە بەرامبەری بوەستێت، من پێشتر وتوومە و ئێستاش دەیڵێم، كورد لەڕابردوودا زۆر زوڵمی لێكراوە و ماڵوێرانی و كارەساتی جیاجیای بینیوە، بەڵام ئەگەر مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر بێت كورد یەك دەگرێت، ئافرەتان لە پیاو و گەنجەكان بەهێزتر بوون لەهێرش بردنە سەر مۆڵگەكانی دوژمن و بەچاوی خۆم دەمدیت نان و ئاو و پێداویستی بریندار و نەخۆشیان دەهێنا، ئەوكاتەی فڕۆكەكانی دوژمن بۆردومانی هەولێریان دەكرد، خەڵك لە ماڵی خۆی دەهاتنە نەخۆشخانە و خوێنیان دەبەخشی، پزیشكە سەربەرزەكانمان ماڵی خۆیان جێهێشتبوو و هاتبوونە نەخۆشخانەكان بۆ چارەسەركردنی نەخۆشەكان، دەتوانم بڵێم ڕۆژی تەبایی و چاونەترسی بوو بەرامبەر بەدوژمن، بۆیە من هیچ كاتێك ڕەشبین نەبووم و خۆشی ئازادكردنی هەولێر هەرگیز لە یادم دەرناچێت و هەمیشە لە ڕۆژی 11ی ئادار ئەو ئومێدە لای من گەورەتر دەبێ.
گوڵان: دوای ئازادكردنی هەولێر ئەركی قورستان بوو بەخۆئامادەكردن بۆ ڕزگاركردنی كەركوك، لەو ماوەیەدا چۆن خۆتان ئامادەكرد بۆ ئازادكردنی كەركوك؟
جەمال مورتكە: بەپێی ئەو پلانەی دانرا كەمێك ئازادكردنەكەی قورس بوو، چونكە حكومەتی بەعس هێزێكی یەكجار بەهێز و زۆری لە كەركوك كۆكردبووە و ڕۆژی(15)ی مانگ چووینە ئاڵتون كۆپری و ڕۆژی (16 و 17)ی مانگ لە قەلعەكانی ئەو سنوورە ماینەوە، زۆر هەوڵماندا، بەڵام ئەوكات نەتوانرا بەرنامەكەی ڕزگاركردنی كەركوك جێبەجێ بكەین. جەنابی سەرۆك بارزانی ئێوارەی(14)ی مانگ هاتە ئاڵتون كۆپری و لەگەڵ برادەرانی بەرەی كوردستان دانیشت بۆ ئەوەی دیراسەی بەرنامەی ئازادكردنی كەركوك بكەن.
ڕۆژی(17)ی مانگ گەڕاینەوە، ئەو كاتە جەنابی سەرۆك بارزانی بروسكەیەكی كرد بۆ هەموو لەشكری شۆڕشگێڕی كوردستان و هەموو حزبەكان ئاماژەی بەوە كرد كە دەبێ بەهەر نرخێك بێت كەركوكی دڵی كوردستان لەژێر چەنگی دوژمنان دەربێنن، لە پاشان لە ڕۆژی(18) مانگ ئێمە وەكو لقی دوو وەكو هەولێر و بەرەی كوردستانی بە گشتی چووینەوە بۆ ئاڵتون كۆپری لەسەر قەلعەكانی دارەمان دابەش بووین ڕۆژی(19) مانگ بەرنامە دانرا بۆ بەرەو ئازادكردنی كەركوك بەهێز و توانای چەك، چونكە دوژمن زۆر بەهێز خۆی قایم كردبوو زۆر هەوڵدرا و ژمارەیەكی زۆر شەهید و برینداریش درا، بەڵام بەهۆی ئەو هێزە زۆرەی دوژمن كە لە كێشی مایكرۆی كەركوك لەسەر لوتكەی شاخەكان هەبوو، نەتوانرا بەرنامەكە جێبەجێ بكرێت، بەڵام خۆم لەگەڵ هێزێك تەماشامان كرد دەبێ لەسەر پشتی ڕێگای ئاڵتون كۆپری كە بەسەر ئەو لوتكە شاخانە كە دەڕوانێتە لای كەندێناوە و ناوچەی پەركانە هێڕش بكەین و ئەوكات دكتۆر سەعیدی خوالێخۆش بێت وەكو سوپای بارزان لەوێ بوو هەروەها كاك (عومەر عوسمان)ش لەوێ بوو شەوی(19لەسەر20) دەستمان بەهێڕشكردن كرد ڕەبایە بە ڕەبایە كە(35) ڕەبایەمان بەتوانای هێز و چەك گرت و شەهید و برینداریشمان هەبوو، كاتژمێر(10:30)ی بەیانی گەیشتینە مایكرۆ، جگە لەتۆق و بازنەی دوژمن لە مایكرۆ دوو بازنەی تری بەهێزی دوژمن هەبوو، یەكێكیان لە بازگەی كەركوك و ئەوەی تر لە پێش گەڕەكی ڕەحیماوە لەسەر پردەكان بوو، لە یادمە سێجار لەم ڕۆژەدا هەوڵماندا نەتوانرا هێزكەی دوژمن ئەوەی مایكرۆ بشكێت زیاتر لەبەر ئەوەبوو كاتەكە ڕۆژ بوو و تۆپ و تانكی زۆری لێ بوو، لەپاشان لە هێڕشێكی خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە لە كاتژمێر(11:30) هێزی دوژمن لە مایكرۆ شكا، لەو كاتەدا سەیرم كرد بەهەزارەها ئۆتۆمبێلی خەڵكی هەولێر و چۆمان و حاجی ئۆمەران و سۆران و.. زۆر شوێنی دیكە كۆببوونەوە، لەو كاتەشدا سوپای بارزان شۆڕ بوونەوە بۆ ناو شریكەی نەوت، كە ئەڵقەی یەكەمی دوژمن شكا بەلێشاو پێشمەرگەو جەماوەرەكەی ڕاوەستابوون بەئۆتۆمبێل هێڕشیان كرد وێنەی ئەو كاتەم لەبەرچاوە وەكو فیلمی(رسالە و عومەر موختار) دەهاتە بەرچاوم كە جەماوەر و هێزی پێشمەرگە بە تەنیشت دەبابەكان دەڕۆیشتن و هەندێ كات پێش دەبابەكانیش دەكەوتنەوە، چونكە هێزی دوژمن لەو كاتەدا شكابوو خۆی بۆ نەگیرایەوە و ڕۆژێك پێشتر(19 لەسەر 20)ی مانگ هێزێكی پارتی بەسەرپەرشتی نەسرەدین مستەفا خوالێیخۆش بێت ولەگەڵ هێزێكی یەكێتی ڕەوانەی ناوشاری كەركوك كرابوون، لەئەنجامدا شەڕ لەناو ڕەحیماوە دەستی پێكرد بەهاوكاری جەماوەری ڕەحیماوە لەپاش نیوەڕۆیەكەی بەشی زۆری گەڕەكی ڕەحیماوە ئازادكرا، كاتژمێر(5:30) ئێوارەی هەمانڕۆژ هێزەكانی پێشمەرگە و جەماوەرەكە یەكتریان گرتەوەو بەشی زۆری كەركوك ئازادكرا، ئازادكردنی كەركوك زۆر شتی بۆ ئێمە بەدەست هێنا، لەوانە ئەو دوژمنكاریەی لە هەموو لایەنێكەوە بەرامبەر شارەكە و خەڵكەكە كرابوو هەر هەموو سڕایەوە و خەڵكەكە دڵشاد بۆوە و كوردستانیەتی كەركوك پتر گەشەی كردوو چەسپا و هاتنەدی، ماددەی(58)و لەپاشان مادەی(140)ی دەستوور هەر لە ئەنجامی ئەو بەرهەمی ئازادبوونی كەركوكەوەیە و بۆ هەموو دنیا سەلمێنرا كە كەركوك شارێكی كورد و كوردستانییە.
گوڵان: پێمانخۆشە لە كۆتاییدا جەنابتان ئەگەر پەیامێكتان هەبێت یان قسەیەكت ماوە ئاماژەی پێی بكەیت؟
جەمال مورتكە: هەولێر بەپێی مێژووی كۆنی خۆی شاری دایكە، شاری نەتەوەیە و شاری سەرەورییەكانە كە لەمێژووی كورد هاتۆتە دی، كورد بەگشتی و خەڵكی هەولێر بەتایبەتی بە ئەمەك بووینە بەرامبەر هەموو ئەو كەسانەی كە بۆ كورد و كوردستان ماندوبووینە، بەوەفا و ئەمەك بووینە بۆ هەموو ئەو كەسانەی كەڕوویان لەشاری هەولێر كردووە، هەولێر بە حوكمی تەجروبەی خۆی تاڵی و سوێری و دەربەدەری و ناخۆشی زۆری دیتووە، لە هەمان كاتدا هەولێر لە پێگەیەكی سیاسی زۆر بەهێز و نەگۆڕدایە.
هەولێر بەرامبەر بارزانی و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی بە ئەمەكن و نەگۆڕن و سەروەرییەكانی شارەكەو خەڵكەكە دەگێڕنەوە بۆ دڵسۆزی شۆڕش و كوردایەتی بارزانی، ئەگەر سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان بكەین كە لەهەندێ شوێن ئاژاوە هەیە، بەڵام هەولێر دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی هەندێ كەس و لایەن ڕەچاوی ئاییندەی وڵات و گەلەكەی خۆی دەكات و هەڵوێستی جوامێرانەی خۆی هەیە و دووپاتی كردەوە كە پارێزگاری لەدەستكەوتە نەتەوایەتی و نیشتمانیەكەی دەكات، خەڵكی هەولێر لە دروشمی بریقەدار و لابەلا دوورن و زۆر بەهێمنانە دەجووڵێنەوە بە قسەی ئەولاو و ئەملاو و گێرەشێوێنەكان باوەڕناكەن، هەموو كەس و لایەكیان خۆش دەوێت بەتایبەتی ئەوانەی لە بەرژەوەندی گەل و نیشتمان كاردەكەن، بۆیە پێویستە لەلایەن حكومەت و سەركردایەتی سیاسی زۆر زیاتر بۆ هەولێر بكەن و پتر گەشەی پێ بدەن و هەولێر بەئاسانی و سادەیی یەكێك دەست نیشان ناكات، بەڵكو بەكار و كردەوە دەزانێ كێ خزمەتی دەكات و هەركەسێك و چینوتوێژ و لایەنێك بە درێژایی مێژوو لێی قەومابێت پەنای هێنابێتە بەر هەولێر، ئەوە هەستی بە غەریبی نەكردووە و خزمەت كراوە.
هەولێر قورسایی و ناوەندێكی بەهێزی بیروباوەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانە و دڵسۆزە بۆ ڕێبازی بارزانی نەمر و لەم لایەنەشەوە هەست و بیروباوەڕیان جێگر و نەگۆڕە، لە هەولێر زۆر لایەن و بیروباوەڕ جێگەی دەبێتەوە، بەڵام خەڵكەكە بیروباوەڕێكی پتەوی خۆی هەیەو ناگۆڕێت و دڵسۆزە. بە قسەو جووڵەی ئەو كەسانە هەڵناچن كەئێستا دوور لە داب و كەلتووری نەتەوایەتی و نیشتمانی كار دەكەن، هەولێر بەعسی بەزێنە، هەولێر شاری لێبوردەیی و پێكەوە ژیان و دادپەروەری و ئاشتییە، میللەتێكی خۆڕاگر و مەنگە.
Top