دەیڤید فیلیپس پسپۆر و تایبەتمەند لەسەر كورد و عێراق و توركیا بۆ گوڵان: دەبێت پێشوازی لە دۆستایەتی توركیا بكەن، لەبەر ئەوەی توركیا دانی بەوەدا ناوە كە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێمی كوردستان ل

دەیڤید فیلیپس پسپۆر و تایبەتمەند لەسەر كورد و عێراق و توركیا بۆ گوڵان: دەبێت پێشوازی لە دۆستایەتی توركیا بكەن، لەبەر ئەوەی توركیا دانی بەوەدا ناوە كە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێمی كوردستان ل
دەیڤید ئێڵ فلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامەكانە لەسەر دوورخستنەوەی تەنگژە و بونیادی ئاشتی لە زانكۆی ئەمریكا لەواشنتۆن و تۆژەرە لە سەنتەری دیراساتی مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆلۆمبیا، دەیڤید فلیپش وەك راوێژكاری سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان كاریكردووە و هەروەها راوێژكاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بووە بۆ كاروباری دەرەوە و لەبواری كاری ئەكادیمیشدا چەندین پۆستی جیاوازی وەرگرتووە، لەوانە تۆژەر بووە لە سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هارڤارد و ئێستاش جێگری بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پێوەندییەكانی دەرەوە و سەنتەری رێگرتن لە تەنگژەكانەو ماوەیەكیش لە ئەكادیمیای دیپلۆماتی ڤێننا پرفیسۆر بووە، هەروەها بەڕێوەبەری سەنتەری ئەوروپا بۆ زەمینەی هاوبەش و بەڕێوەبەری ئامۆژگای توێژینەوە نێودەوڵەتییەكان بووە بۆ ئاشتی لە ئۆسلۆ، پرۆفیسۆر فلیپس یەكێكە لەو ئەكادیمی و دیپلۆماتانەی ئەمریكا كە ساڵانێكی دوورودرێژە كار لەسەر دۆزی كورد بەگشتی و پێوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراقی فیدرالی دەكات و خاوەنی دیراسەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانە كە لەساڵی 2002 لە كۆنفرانسی (كورد كلیلی سەقامگیری عێراقە) پێشكەشی كرد، هەروەها یەكێك بووە لەو ئەكادیمیانەی بەشداری لەكۆنگرەی ماددەی 140 كردووە لە ئەمریكا و بەم دواییەش بە هاوكاری لەگەڵ ئامۆژگای ترانس ئەتلەنتیك سەرپەرشتی پڕۆژەی دیراسەتی ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیای دەكرد، بۆ قسەكردن لەسەر مەزندەكانی عێراق بۆ ساڵی 2011 گوڵان دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ پرۆفیسۆر دەیڤید فلیپس ئەنجامداوە كە ئەمە دەقەكەیەتی.
گوڵان: ساڵی 2010 بۆ عێراقییەكان ساڵی هەڵبژاردنەكان بوو، هەروەها ساڵی قەیرانی سیاسی بوو. هەربۆیەش دەتوانین بڵێین ساڵی گرفتەكانیش بوو بۆ عێراق، بەڵام لەكۆتایی ساڵەكەدا خۆشبەختانە خەریكە حكومەتی نوێ پێكدەهێنرێت. تاچەند باوەڕت بە حكومەتی نوێ هەیە كە بتوانێت گۆڕانكاری ئەنجامبدات لەبارودۆخی عێراقدا لەساڵی داهاتوودا؟
دەیڤید فیلیپس: ئەوە شتێكی باشە كە حكومەتێكی یەكگرتوو و بەشداری هەمووان لە عێراقدا هەیە. بەڵام پێویستە ئەم حكومەتە بە كردار و لەسەر ئەرزی واقیع خۆی بسەلمێنێت، لەبەرئەوەی ئێستا عێراق خاوەن چەندین كێشە و گرفتی گەورەیە و هەر بەم كێشەو گرفتە گەورانەشەوە پێدەنێتە ساڵی داهاتوو، هەر بۆیە لەسەر پێكهاتەكانی عێراق پێویستە كە هەموویان پێكەوە كاربكەن لەپێناوی ئاڕاستەكردنی كێشەكان بۆ چارەسەركردن و لەپێناوی سەركەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و سەركەوتنی حكومەتەكە لە داهاتوودا، بێگومان ئەم پرۆسەیەش پێویستیی بە سازشكردن و قوربانیدان هەیە. بەڵام لە بواری نەرمی نواندن و چارەسەركردنی كێشەكان بەرێگەی كۆمپرۆمایز عێراقییەكان ئەزموونێكی باشیان نییە، هەربۆیە ئەگەر ئێستا بەنیازبن پرۆسەكە بەرەو پێشەوە بەرن، ئەوا دەبێت هەر لە ئێستاوە دەست بەنەرمی نواندن و پرانسیپی كۆمپرۆمایز بكەن.
گوڵان: تۆ پێتوایە حكومەتی نوێ بتوانێت لە دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری سەركەتوو بێت؟
دەیڤید فیلیپس: بەڕای من لە ساڵی داهاتووشدا لە عێراق توندوتیژی بەردەوام دەبێت بە هاوشێوەی ئەمساڵ (2010). بەڵام ئەم توندوتیژییە بەو ئاستە نابێت كە ببێتە هۆكاری ئەوەی عێراق لێكبترازێت و ببێتە مایەی بەرپابوونی شەڕی ناوخۆیی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننە. بەڵام لەسەر ئاستی مەودای دوور، پێموایە لە داهاتوو ئاستی توندوتیژی لە عێراقدا كەمتر دەبێت. لەگەڵ ئەوەی دژی هەموو جۆرەكانی توندوتیژیم، لەبەرئەوەی زیان بە هەموو عێراقییەكان دەگەیەنێت.
گوڵان: لەساڵی 2010دا جۆرە شكستێك لە سیاسەتی «ئۆباما» دەركەوت، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێس كە تیایدا كۆمارییەكان بوون بە زۆرینە. بەڕای تۆ، ئایا تاچەند بارودۆخە ئاڵۆزەكەی عێراق، لەگەڵ شكستی جەنگی ئەفغانستان، كاریگەریی لەسەر سیاسەتی «ئۆباما» هەبووە؟
دەیڤید فیلیپس: هاووڵاتییە ئەمریكییەكان نە بایەخ بە عێراق دەدەن و نە بە ئەفغانستانیش، بەڵكو ئەوان زیاتر بایەخ بە كێشەكانی ئابووری نیشتمانی دەدەن. هەربۆیە تەنیا لە قەیران و كارەساتە گەورەكاندا بارودۆخی عێراق و ئەفغانستان دەبن بە كێشە لەرای گشتی ئەمریكادا، هەربۆیە لەبەرژەوەندیی ئیدارەی ئۆبامادایە كە سەقامگیری لەو دوو وڵاتانەدا بپارێزێت. ئەم كارەش پێویستیی بە دەستێوەردانی زیاتر هەیە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە.
گوڵان: ئایا پێتوانیە كە شەڕی عێراق و ئەفغانستان كاریگەرییان هەبووە لەسەر ئابووریی نیشتمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا؟
دەیڤید فیلیپس: بێگومان لێرەدا كاریگەری دوو جۆرە، ئەگەر مەبەست ئەوەبێت بوونی شەڕی عێراق و ئەمریكا هۆكارێكی سلبی لەسەر ئابووری ئەمریكا دروست كردووە، پێموایە نەخێر كاریگەری دروست نەكردووە، بەڵام ئەگەر پرسیارەكە لەوەدابێت خەرجی سەربازانی ئەمریكا لەو دوو وڵاتە كاریگەری سلبی هەبووە، دەڵێم بەڵی، هەر بۆیە تەنیا كاریگەری شەڕی ئەفغانستان و عێراق لەسەر ئابووریی نیشتمانی ئەمریكا ئەوەیە كە باجەكان بۆ هەندێ مەبەست و كێشەی ناوخۆیی ئەمریكا كۆدەكرێتەوە، بەڵام لە شەڕی ئەفغانستان و عێراق خەرجدەكرێن، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرچاوەی دیكەیشی هەیە بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی جەنگی عێراق و ئەفغانستان. هەربۆیە ئەگەر هات و عێراق و ئەفغانستان سەقامگیر بوون و پێشكەوتنیان بەخۆیانەوە بینی، ئەوكات ئیدارەی ئۆباما سەركەوتن بەدەست دێنێت و هاوكات هاووڵاتیانی ئەمریكاش خۆشحاڵ دەبن.
گوڵان: لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی عێراقدا، هەرێمی كوردستان تاكە بەشی ئارامە لە وڵاتەكە. هەروەها بەهۆی دەستپێشخەرییەكەی بەڕێز «بارزانی» بوو كە لایەنەكانی عێراق توانییان بگەنە جۆرە رێككەوتنێك. بەواتایەكی تر، كورد رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە پرۆسەی سیاسی عێراق. بەڕای تۆ، ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاچەند ئەم رۆڵە گرنگەی كورد لەبەرچاو دەگرێت؟
دەیڤید فیلیپس: پشتگیریكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ كوردەكان شتێكی پێویستە. پێویستە بەرژەوەندیی كوردەكان بكرێت بە ئەولەویاتی كارەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، بەڵام بەداخەوە لەوانەیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم قۆناغە نوێیەدا پشتگیرییەكەی لەجاران كەمتر بێتەوە. لەبەرئەوەی ئەمڕۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چووەتە نێو قۆناغێكی نوێ لە عێراقدا، بۆیە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان رۆڵە مێژووییەكەی هەرێمی كوردستان لەپرۆسەی سیاسیی عێراقدا لەیاد بمێنێت و هەروەها هاندان و هەوڵی هەبێت بۆ بەرەوپێشەوەبردنی هەندێك لەو كێشانەی كە راستەوخۆ پێوەندی بەكوردەوە هەیە، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی چارەسەركردنی كێشەی شاری كەركوك و دیاریكردنی سنوورەكان و كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان.
گوڵان: ساڵی 2010 ساڵی ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بوو. كە توركیا بە فەرمی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز مسعود بارزانی داوەتكرد، هەروەها وەزیری دەرەوەی توركیا «ئەحمەد داود ئۆغڵو» چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد. بەڕای تۆ ئایا پێوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان تاچەند كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی عێراق هەبووە؟
دەیڤید فیلیپس: ئەوە شتێكی زۆر پۆزەتیڤانەیە كە پێوەندییەكی ئاسایی لەنێوان توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە ئارادا هەبێت. پێموایە كردنەوەی كونسوڵخانەی توركی لە هەولێر هەنگاوێكی گەورەبوو بەرەو پێشەوە. هەربۆیە ئەمە دەبێتە مایەی دەستپێكردن بە كارەكانی وەبەرهێنان لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستانی عێراقدا. هەروەها كۆنفرانسەكەی هەفتەی رابردوو لەهەولێر لەسەر خوێندنی باڵا كە تیایدا وەزیری پەروەردەی توركی ئامادەبوو، هێمایەكی بەهێزە لەسەر هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوان هەولێر و ئەنكەرا لە بوارە جیاوازەكاندا، كە یەكێك لەو بوارانەش بواری پەروەردەیە. بەرای من گرنگە بەڕێز بارزانی پێشوازی لەم هەنگاوانە بكات، سەبارەت بە پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیادا. لەهەمان كاتیشدا حكومەتی توركیا شایستەی ئەو پێشوازیكردنەیە، لەبەر ئەوەی دانی بەو راستییەدا ناوە كە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستانی عێراق لە بەرژەوەندیی توركیادایە. لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە حكومەتی توركیا چەند هەنگاوێكی دەستپێشخەرانەی ناوە لەبارەی ئاڕاستەكردنی پرسی ناسنامە لەناو توركیادا، هەروەها كەشوهەوایەكی گونجاوی رەخساند لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتەكەی. ئەم هەنگاوانەش بارودۆخەكەی بەرەو پێشەوە ئاڕاستە كرد. هەروەها توركیا پێوەندیی باشی لەگەڵ عێراق هەیە و تا ئاستێكی باش هاوكاری و هەماهەنگیی لەگەڵ عێراقییەكان دەكات. ئەمەش پێشكەوتنێكی گەورەیە لەلایەن توركیاوە، هەروەها پێوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوكات لەگەڵ عێراق وەك یەك وڵات باشتر كردووە. ئەم هەنگاوانەش سوودی هاوبەشی لەسەر ئاستی ئابووریی بۆ هەردوو لایەن دەبێت بەشێوەیەك كە كاری بازرگانی دێتەكایەوە و لەئاكامیشدا هەردوو لایەن سوودمەند دەبن. لێرەشدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم كە بوونی گازی سرووشتی لە هەرێمی كوردستاندا، بایەخێكی زۆری بۆ توركیا هەیە، بەتایبەتی پاش تەواوبوونی هێڵە بۆڕییەكانی «نابوكو»، كە پێویستە پێوەندییەكانی نێوان توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جاران بەهێزتر بێت و بەرەو پێشەوەچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، لەبارەی پەرەپێدانی كارەكانی هەڵكەنین و دەركردن و گواستنەوەی سەرچاوەكانی وزە لە كوردستانەوە بەرێگەی توركیا بۆ جیهان.
گوڵان: حاڵی حازر چەندین كێشەی هەڵپەسێردراو لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا بوونی هەیە، وەك كێشەی كەركوك و ناوچە ناكۆكی لەسەركراوەكان. بەڕای تۆ ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاچەند پشتگیریی عێراقییەكان دەكات بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە؟
دەیڤید فیلیپس: بێگومان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی خۆی پێشكەش دەكات. بەڵام ئەمڕۆ كاتی ئەوە هاتووە كە عێراقییەكان یەك بگرن و پێكەوە كاربكەن و هەماهەنگییان هەبێت لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی وڵاتەكەیان. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەتا هەتایە، دەستێوەردان لە كێشەكانی عێراقدا ناكەن، پێویستە لەسەر عێراقییەكان پشت بەخۆیان ببەستن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان. ئەگەر هات و عێراقییەكان توانییان ئەم كارە بكەن، ئەوكات دەتوانن پاڵپشتییەكی بەردەوام وەدەست بێنن لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
گوڵان: تۆ پێتوایە عێراقییەكان سەركەوتوو بن لەم مەبەستە؟
دەیڤید فیلیپس: گەشبینم كە بتوانن
گوڵان: بەڵام كوردەكان ئامادەنین دەست لە كەركوك هەڵگرن و هەروەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێداوە كە كەركوك هێڵی سوورە بۆ كوردەكان و حكومەتی بەغداش هەتا ئێستا ئەو ئامادەباشییەی نەبووە ماددەی 140 جێبەجێ بكات. ئایا پێتوایە كە پێویستە لایەنێكی سێیەم لەم كێشەیەدا بوونی هەبێت؟
دەیڤید فیلیپس: پێویستە لەنێو لایەنەكانی عێراقدا وتووێژ و گفتوگۆ ئەنجامبدرێت لەبارەی كێشەی كەركوك و جێبەجێكردنی ماددەی 140. دەستووری عێراقی بە روونی ئاماژەیداوە لەبارەی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە. سەروەری یاسا بەندە لەسەر هەموو عێراقییەكان كە پاپەندی بن، هەروەها پێویستە هەموو لایەنەكان ئەنجامەكان پەسەندبكەن.
گوڵان: ئایا پێتوایە كە هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی سەركەوتووە بۆ دیموكراسییەت و پێكەوەژیان؟
دەیڤید فیلیپس: هەر لەساڵی 1991ـەوە هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. هەموو چاكەكەش بۆ كارئەكتەرە سیاسییەكان دەگەڕێتەوە. هەرێمی كوردستان نموونەیەكە بۆ پێكەوەژیانێكی ئاشتییانە، كە پێویستە هەموو عێراق بە گشتی لەسەر رێچكەكەی بڕوات. هەروەها كوردستانی عێراق نموونەیەكە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی حكومڕانییەكی عەلمانی و دیموكراسی.
گوڵان: حەزدەكەین وتەیەكت هەبێت بۆ خوێنەرانی گوڵان:
دەیڤید فیلیپس: پەیامەكەم بۆ خوێنەرانتان پەیامێكی تایبەتە:
هیوای ئاشتی و ئاسوودەییتان بۆ دەخوازم بۆ ساڵی نوێ، هەروەها هیوادارم هاووڵاتیان و حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتگیریی بەردەوامی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كوردەكانی عێراق هەبێت. دەیان ساڵە دۆستایەتیمان هەبووە، تەنانەت ئەگەر هەر شتێكیش رووبدات لە عێراقیشدا ئەو دۆستایەتییەمان هەمیشە بەردەوام دەبێت.
Top