وەلید جونبڵات بۆ گوڵان: كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی مەلامستەفا بارزانی بڕیاردانی چارەنووس مافێكی رەوای گەلی كوردە

وەلید جونبڵات بۆ گوڵان: كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی مەلامستەفا بارزانی بڕیاردانی چارەنووس مافێكی رەوای گەلی كوردە
وەلید جونبڵات یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی پێكهاتەی دورزی لە لوبنان و سەرۆكی حزبی تەقەدومی ئیشتراكی لوبنانیە، ئەو حزبەی كە شەهید كەمال جونبڵاتی باوكی دامەزرێنەری بووە و دوای ئەوەی لە ساڵی 1977 كەمال جونبڵات تیرۆركرا، وەلید بۆتە سەرۆكی حزب و تا ئێستا سەرۆكی حزبی تەقەدومی ئیشراكی لوبنانیە، بنەماڵەی جونبڵات بە بنەچە كوردن و لەكوردستانەوە كۆچیان كردووە بۆ لوبنان، هەروەها ئەم بنەماڵەیە رۆڵێكی دیاریان لە پرۆسەی سیاسی لوبناندا هەبووەو ئێستاش وەلید جونبڵاتی كوڕی كەمال جومبڵات هەمان رۆڵی لە پرۆسەی سیاسیی لوبناندا هەیە و یەكێكە لەسەركردە دیارەكانی لوبنان، بنەماڵەی جونبڵات پێوەندییەكی دێرین و پتەویان لەگەڵ بارزانی نەمر و شۆڕشی كوردستان هەبووە و شەهید كەمال جونبڵات بەخۆی سەردانی بارزانی نەمری كردووە لە چیاكانی كوردستان و بارزانی نەمری وەك سەركردەیەكی مێژووی گەلێكی ئاشتیخواز پێناسەكردووە و هەروەها سەبارەت بەكەسێتی بارزانی نەمریش شەهید كەمال جونبڵات وەك كەسایەتیەكی بەهێز و سەركردەیەكی هاوچەرخ پێناسەی كردووە، ئێستاش لەم دیمانە تایبەتەی گوڵاندا بەڕێز وەلید جونبڵاتی كوڕیشی هەمان راستی دووپادەكاتەوە، لە هەمانكاتدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئێستاش پێوەندییەكی بەهێز لەنێوان خۆی و بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە و لەسەرەتای ساڵی داهاتووش لەسەر داوەتی بەڕێز مسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڕێز وەلید جونبڵات یەكێكە لەو كەسایەتیانەی كە گوڵان حەزیدەكرد دیمانەی تایبەتی لەگەڵدا سازبكات بۆ ئەوەی لەنزیكەوە خوێنەرانی بەم كەسایەتیە ئاشنا بكات، ئەوەبوو رۆژی 14/12/2010 بەڕێزی لە بەیروت كاتی بۆ دیاری كردین و پەیامنێرانی گوڵانیش چوونە بەیروت، ئەمەش دەقی دیمانە تایبەتەكەی وەلید جونبڵاتە لەگەڵ گۆڤاری گوڵاندا.
گوڵان: ئێوە وەك سەرۆكی پێكهاتەی دورزی لە لوبنان ناسراون، حەزدەكەین لەوەوە دەست پێبكەین ئایا ئێوە چۆن هاتنە لوبنان؟
وەلید جونبڵات: بنەماڵەی جونبڵاتی لە (كلێیس)ـەوە و لە قۆناغێكی دیاریكراودا حوكمی (حەلەب) یان كردووە، كاتێك دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگدا بوو دژی دەوڵەتی فارس لە سەدەی حەڤدەهەم، دواتر هەماهەنگییان كرد لەگەڵ شازادەیەكی دورزی لە لوبنان بە ناوی فەخرەدین، باپیرە گەورەمان ناوی شازادە عەلی باشا جونبڵات بوو، حوكمی نەكرد، بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەتی فارس و عوسمانیەكان ئاشتەواییان كرد، عوسمانیەكان سوپایان نارد بۆ ناوچەی (جبل لبنان) و ئەو یاخیبوونەوەی لەوێ هەبوو سەركوت كرا، عەلی باشا جونبڵات گەورەی بنەماڵەیەكی كوردی رەسەن و بەناوبانگی (كلێیس)ـە، هاوكات لە ناوچەی ئەنازۆڵ چەندین شۆڕش روویاندا، هەر ئەو كات زوڵمێكی زۆر لە كورد دەكرا، بۆیە راپەڕین دژی سەڵتەنەتی عوسمانی سەریهەڵدا، دواتر روویان لە ویلایەتی حەلەب كرد كە ویلایەتێكی گەورە بوو. بەڵام سەبارەت بە دورزەكانی لوبنان، كاتێك لە سەدەكانی دوازدە یان سێزدە دەوڵەتی فاتمی لە میسر حوكمڕانی دەكرد، بانگەوازی فاتمیەتیان كرد لە لوبنان و فەلەستین و بەشێك لە سووریا، بەم شێوەیە فاتمیەت ئەو كاتە لەو ناوچانە بڵاو بۆوە.

گوڵان: ئێمە دەزانین پێوەندیەكی پتەو لەنێوان شەهید كەمال جونبڵاتی باوكت و بارزانی نەمر هەبوو، ئایا چۆن ئەو پێوەندییە لەنێوان هەردوولا دروست بووە؟
وەلید جونبڵات: كەمال جونبڵات ئەو زوڵم و نەهامەتیەی لەسەر دەستی حزبی بەعسی دەسەڵاتداری ئەوكاتی عێراق بەسەر كورد هات رەتكردەوە و پێموایە لەسەردەمی ئەحمەد حەسەن بەكر بوو، داوای كرد سەردانی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی بكات، سەرەتا ئەم داوایەی رەتكرایەوە، بەڵام كەمال جونبڵات هەڕەشەی ئەوەی لە حكومەتی عێراق كرد ئەگەر رێگەی پێ نەدەن، ئەوا (بەپێ) دەچێت بۆ سەردانی بارزانی، بۆیە هۆكارێكی گواستنەوەیان بۆ دابین كرد، وابزانم كۆپتەرێك بوو چوو سەردانی بارزانی كرد.
كەمال جونبڵات شانازی بە رەگوریشەی كوردبوونی خۆیەوە دەكرد و لە هەمان كاتدا سیاسەتی بێمانای تەعریبی رەتكردەوە كە دەرهەق بە كورد پیادە دەكرا، چونكە نەژادی كورد، تایبەتمەندی و كولتوور و زمانی تایبەتی خۆی هەیە و تەعریب كردن و دەردەسەرییەكانی سیاسەتی تەعریبی بە زۆر قبوڵ ناكات.

گوڵان: ئایا ئێستا وەلید جونبڵاتی كوڕ، چۆن سەیری خەباتی بارزانی نەمر دەكات، وەك سەركردەیەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
وەلید جونبڵات: مستەفا بارزانی سەركردەیەكی گەورە بوو، خاوەن مێژوویەكی بەرچاوە، تەنانەت توانی لەگەڵ سوپای سۆڤیەتی پێشوو (سوپای سور) بجەنگێت، پاوانخوازی و دەسەڵاتی تاكڕەوانەی بەعسی رەتكردەوە، مستەفا بارزانی كەسایەتییەكی مێژووییە بەشێواز و رێگەی تایبەتی خۆی خەباتی كردووە، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین كە ئەوكات مستەفا بارزانی و شۆڕشی كورد بوون بە قوربانی رێككەوتنی نەتەوەكان، ئەویش رێككەوتننامەی جەزائیر بوو لەنێوان شای ئێران و دەسەڵاتی بەغدا، بۆیە من ئامۆژگاری گەلی كورد دەكەم لە عێراق كە پێویستە هەمیشە وریا و ورد بێت لە حیساباتی خۆی، هەرچەندە پێموایە سەركردایەتی سیاسی ئێستای كورد و ئەوەی شوێنی مستەفا بارزانی گرتۆتەوە(سەرۆك مسعود بارزانی)یە، سەرۆكێكی هوشیار و وردە لە حیساباتی خۆیدا و رۆڵێكی گرنگ و كاریگەری هەیە لە دامەزراندنەوەی عێراقی نوێ و بۆ رێكخستنەوە و بونیادنانی عێراقێكی فیدرالی.

گوڵان: ئایا بەڕێز وەلید جونبڵات ئەو هەلەی بۆ هەڵكەوت چاوی بە مستەفا بارزانی بكەوێت؟
وەلید جونبڵات: نەخێر، مستەفا بارزانیم نەبینیوە، بەڵام هەمیشە پێوەندییەكی هاوڕێیەتیم لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی هەبووە و ئەم پێوەندییەش بەردەوام بووە، چەندین جار چاوم بە بەڕێز مسعود بارزانی كەوتووە، جارێكیان لە دیمەشق و جارێك سەردانی موختارەی كرد، هەروەها بەر لە چەند هەفتەیەك بەڕێز مسرور بارزانی (كوڕی بەڕێزیان) سەردانی كردم و پێی وتم: ئێمە چاوەڕێت دەكەین لە كوردستان، پەنا بەخوا ساڵی داهاتوو لە نزیكترین دەرفەتدا سەردانی كوردستان دەكەم. یان مانگی یەكی ساڵی داهاتوو یان لە مانگی دوو.

گوڵان: بەر لە چەند رۆژێك پارتی دیموكراتی كوردستان سێزدەهەمین كۆنگرەی خۆی بەست، مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتاری خۆیدا رایگەیاند كە پارتی تەبەننی بیرۆكەی مافی چارەی خۆنووسین دەكات بۆ گەلی كورد، بۆچوونی بەڕێزتان لەسەر ئەم مسەلەیە چییە؟
وەلید جونبڵات: كاتێك كە دەگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی مەلا مستەفا بارزانی (كە بەداخەوە ئەوە بۆ مستەفا بارزانی نەهاتەدی)، دەبینین بڕیاردانی چارەنووس مافێكی شەرعی و رەوای گەلی كوردە، بەڵام ئامۆژگاری من ئەوەیە كە پێویستە ئەمكارە بە گفتوگۆ كردن لەگەڵ توركیا و كۆماری ئیسلامی ئێران و سووریا بێتە دی، كوردی عێراق داوای مافی چارەی خۆنووسین دەكەن لەچوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵی، ئەمەش خاڵێكی ئیجابییە كە پێوەندی و گفتوگۆ هەبێت لەگەڵ هەموو حزب و لایەنە عێراقیەكاندا.

گوڵان: تێڕوانینت چییە بۆ سەرۆكایەتی مسعود بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان؟
وەلید جونبڵات: لە دوورەوە گوێبیستی هەواڵی زۆر ئیجابی دەبم سەبارەت بە ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری و وەبەرهێنان، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە لوبنانییەكان لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان و كار دەكەن، ئەمانەش هەواڵی زۆر دڵخۆشكەرن. زۆرجار تیرۆریستان كاری تێكدەرانە لە كەركوك ئەنجام دەدەن، هەروەها بیستوومە كە لە گوندێكی كوردستان كە ئەوانیش ناوی جونبڵاتیان هەیە و سەر بە تائیفەی ئێزدین و زیانی زۆر گەورەی پێگەیاندن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هەموو ناوچەكانی كوردستان سەقامگیرن، ئەمەش خاڵێكی ئیجابییە.

گوڵان: پێتوایە تەجروبەیەكی سەركەوتوو و گەشە كردووە؟
وەلید جونبڵات: ئەم تەجرەبەیەی هەرێمی كوردستان سەقامگیری و دڵنەوایی بەكوردی عێراق بەخشیوە، بەڵام وەك پێشتر ئاماژەم پێدا لەبەر ئەوەی گەلی كورد دابەشكراوە لەنێوان عێراق و ئێران و سووریا و توركیادا و كەمێكیشیان لە لوبنان، گرنگترین شت ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان پێوەندی دۆستایەتی و دراوسێیەتی باشی لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا هەبێت.

گوڵان: بەشێوەیەكی گشتی رەوشی كورد ئێستا لەناوچەكە چۆن دەبینی، ئایا هەست دەكەن بەرەو پێشەوە چوون روویدابێت؟
وەلید جونبڵات: بە گوێرەی زانیارییەكانی خۆم لە سووریا شتێك نەبووە بەناوی كێشەی كورد و بنەماڵە سووریە گەورەكان لە شام و ناوچەكانی دیكە بە رەچەڵەك كوردن، بەڵام ئاوێتە بوون لەگەڵ هەموو بزووتنەوە سەربەخۆخواز و بزووتنەوە نیشتمانییەكان و رووبەڕووی ئینتیدابی فەرەنسی بوونەوە، بۆیە كێشەی كوردی بوونی نەبوو. لە عێراقدا كێشەی كوردی هەبووە بەتایبەتی كاتێك بەعس هەوڵیدا بەزۆر ناوچە كوردنشینەكان تەعریب بكات، لە توركیاش بارودۆخەكە ئاشكرایە كە چۆنە، بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان كە ئێستا حاكمە لە توركیا، هەندێك هەنگاوی بە سوودی ناوە بۆ ئیعتیرافكردن بە مافی كوردەكان لەچوارچێوەی یەكێتی خاكی توركیادا.

گوڵان: وەك دەزانن ژمارەیەكی زۆری كورد نیشتەجێی لوبنانە، ئایا ئێستا بارودۆخی كوردەكانی لوبنان لەرووی سیاسیی و مافی هاووڵاتیبوونەوە بەكوێ گەیشتووە؟
وەلید جونبڵات: بەم دواییە جالیەی كوردی لەلوبنان مافی هاووڵاتیبوونی لوبنانی وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا مەسەلەی نوێنەرایەتی پەرلەمان یەكلایی نەبۆتەوە، بۆیە هیچ كورسیەكیان لە پەرلەمانی لوبنان وەرنەگرتووە، زۆربەی جالیەی كوردی لە بەیروتن، بۆیە داوا لە شێخ سەعد حەریری دەكەین كوردانی لوبنانی مافی خۆیان وەربگرن و نوێنەرایەتیان لەپەرلەماندا هەبێت،، چونكە زۆر لە كەمایەتییەكانی دیكە لە لوبنان مافی خۆیان وەرگرتووە و نوێنەریان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا هەیە.

گوڵان: ئێمە لە كوردستان سەرسامین بە ئەزموونی خوالێخۆشبوو رەفیق حەریری بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی لوبنان، ئایا شێواز و تایبەتمەندییەكانی رەفیق حەریری لە بونیادنانەوەی لوبنان چی بوون؟
وەلید جونبڵات: رەفیق حەریری، دوای جەنگێكی كاولكاری، لوبنانی هەستاندەوە سەر پێی خۆی و پڕۆژە گەورەكەی خۆی كە پڕۆژەی ناوەندی بەیروتە دەستی پێكرد، لەهەمان كاتدا وەرشەیەكی گەورەی لە بواری ئاوەدانكردنەوە و رێگاوبان و قوتابخانە و كارەبا لەسەرتاسەری لوبنان خستە گەڕ، بەڵام دواتر هەندێك بارودۆخی سیاسی رێگر بوون لەوەی كە نەتوانێت لەم كاروانەی دووبارە بونیادنانەوەی لوبنان بەردەوام بێت.

گوڵان: رەفیق حەریری بۆ ئێوە چی دەگەیەنێت؟
وەلید جونبڵات: هاوڕێیەكی زۆر خۆشەویست و گەورە بوو، یەكێك بوو لەو سەركردە دەگمەنانەی عەرەب، كە كاری خێرخوازی ئەنجام دەدا، زیاتر لە سی هەزار لاوی لوبنانی ناردە زانكۆكانی ئەمریكا و فەرەنسا و وڵاتانی تر، واتە دەرفەتی زانستی بۆ رەخساندن ئینجا دەرفەتی كاركردنیش.

گوڵان: زۆر باس لەوە دەكرێت كە دادگای حەریری زۆر شتی نوێ ئاشكرا دەكات كە مشتومڕێكی زۆر دەنێتەوە، چی دەڵێی بۆ ئەم مەسەلەیە؟
وەلید جونبڵات: پێشتریش رامانگەیاندووە كە ئێمە دادپەروەریمان دەوێ، بەڵام ئەگەر ئەم دادپەروەریە ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەكە و لوبنان، ئەوا ئەو جۆرە دادپەروەرییەمان ناوێت، ئێستا دادگاكە بە سیاسەت كراوە، ئەمریكا و لەوانەیە ئیسرائیلیش بیانەوێت دادگا ئیستغلال بكەن بۆ تێكدانی سەقامگیری لە لوبنان، هەربۆیە ئەگەر ئەنجامی حوكمی دادگا خوێنڕێژی لێبكەوێتەوە، ئەوا بێگومان گیانی حەریری ئاسوودە نابێت.

گوڵان: حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانێت سوود لە ئەزموونی حەریری و لوبنان وەربگرێت؟
وەلید جونبڵات: ئەمە كارێكە پەیوەستە بە بەپرسانی هەرێمەكەتانەوە كە بێن و لوبنان ببینن، بۆ نموونە سەرۆك بارزانی خۆی بێت یان كەسانێك بنێرێت بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بەچاوی خۆیان ببینن بەتایبەتی تەجروبەی ناوەندی بەیروت، لەهەمان كاتدا دەتوانن سوود لە كۆمپانیا عەرەبییە گەورەكان وەربگرن لەوانەش كۆمپانیای حەریری و چەندین كۆمپانیای دیكە، هەروەها كوردستان دەوڵەمەندە و دەتوانن سوود لە تواناكانی خۆتانیش وەربگرن.

گوڵان: ئایا بەڕێزتان چۆن سەیری باری سیاسی عێراق دەكەن و بارودۆخی سیاسی عێراق چۆن دەبینن؟
وەلید جونبڵات:ئەوەی راستی بێت لە دوورەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەم هیوای سەقامگیری و ئاسایش بۆ عێراق دەخوازم، بەداخەوە تائیفیەت و مەزهەبیەت تا راددەیەكی زۆر لە عێراق چەسپیووە، ئێوە دەتوانن سوود لە ئەزموونە خراپەكانی لوبنان وەربگرن، چونكە تەجروبەكانمان خراپن و گرنگترین شت دیالۆگە، عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە توانا فكری و سیاسی و نەوتی و داراییەكانی، جێگەی داخە كە ئەم توانایانە لە ناكۆكییە ناوخۆییەكاندا بەكاربهێنرێن. هەربۆیە هیوادارم ئەو شەڕەش ریشەكێش بكرێت كە بە شەڕی تیرۆریستی (ئەلقاعیدە) ناسراوە لە عێراقدا، بەڕاستی مایەی پرسیارە ئەو قاعیدەیە كە لە عێراق و ئەفغانستان و یەمەندا كاری تێكدەرانە ئەنجام دەدات و دەڵێت ئێمە شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكەین، بۆچی تا ئێستا نەمانبینیوە تەنانەت یەك كردەوەش دژی سوپای ئیسرائیلی ئەنجام بدات؟ بەڵام لەعێراق بەتایبەتی منداڵ و ئافرەت و بەساڵاچوان لە مزگەوت و كەنیسە و شوێنە گشتیەكان دەكوژن، ئەمە كارێكی ئینسانی نییە و مایە شەرمەزاری و ئیدانە كردنە.

گوڵان: هیچ هەنگاوێك هەیە لە حكومەتی لوبنانی بۆ پەرەپێدانی پێوەندی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا؟
وەلید جونبڵات: لە رابردوودا نەوتی كەركوك دەهاتە ناوچەی تەرابلوس لە باكووری لوبنان بۆ پاڵاوتنی لە پاڵاوگەیەك كە ئێستا لەكار كەوتووە، بۆیە باكووری تەرابلوس سوودێكی زۆری لە بازرگانی دەبینی لەگەڵ عێراقدا بەتایبەتی لەگەڵ موسڵ، لەبەر ئەوەی ئەو نەوتە بە رێگای سووریادا دەهات و سووریاش سوودی لێ دەبینی.

گوڵان: وەك سیاسەتمەدارێكی بە ئەزموون و بەرپرس لە لوبنان، دەستپێشخەریەكەی سەرۆك بارزای بۆ كۆكردنەوەی عێراقییەكان بە یەكەوە و پێكهێنانی حكومەتی عێراقی چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
وەلید جونبڵات: پێموایە دەستپێشخەریەكەی بارزانی رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە پێكهێنانی حكومەت، ئەمەش هەنگاوێكی ئیجابییە و هیوادارم بەردەوام بن و بەم نزیكانە حكومەتی نوێی عێراقی پێك بهێنرێت.

گوڵان: پێكهێنانی حكومەتی عێراقی بۆ ماوەی هەشت مانگ دواكەوت، چۆن دەڕواننە حكومەتی عێراق ئایا خاویەكەی لە سیاسەتمەداران بووە یان هۆكاری دیكە هەبووە؟
وەلید جونبڵات: خۆت دەزانی بارودۆخی عێراق ئاڵۆزە و هێواش هێواش لەژێر داگیركاری دەردەچێت، لەهەمان كاتدا هێواش هێواش كارەكانی دەكەونەوە ژێر دەستی خۆی، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە، هەندێك وڵات هەیە هیچ جەنگ و ئاژاوەیشی تێدا نییە كەچی حكومەتیان نییە، بۆ نموونە بەلژیكا.

گوڵان: پێوەندی وەلید جونبڵات لەگەڵ سیاسەتمەدارانی عێراقی چۆنە و لە چ ئاستێكدایە؟
وەلید جونبڵات: دوو جار سەردانی عێراقم كردووە، یەكیان لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردوو بوو، جاری دووەمیش لە ساڵی 1977 بوو و دواتریش نەمتوانی سەردانی عێراق بكەمەوە، چونكە پێوەندی نێوان عێراق و سووریا بە فیتی سەدام حوسێن تێكچوو لە رێگەی ناردنی چەك و تیرۆریستان بۆ سووریا، بەڵام باوكم پێوەندیی هاوڕێیەتی لەگەڵ چادرچی هەبوو لە ساڵانی پەنجاكان كە هەردووكیان ئەوكات سیاسەتمەدار بوون لەقۆناغێكی دیاریكراو، ئەویش قۆناغی كرانەوە بوو. بە هەمان شێوە پێوەندی هەبوو لەگەڵ مەحمود حەبیب.

گوڵان: ئێستا پێوەندییە سیاسییەكانتان لەگەڵ سووریا لە چ ئاستێكدایە؟
وەلید جونبڵات: پێوەندیمان لەگەڵ سووریا لە قۆناغێكی دیاریكراودا 2005 و2006 ئاڵۆز بوو، ئەمەش پێچەوانەی ئاراستەكانی حزبی ئیشتیراكی و تائیفەی دورزی بوو، بەڵام دواتر بە دەستپێشخەرییەكی سەرۆك بەشار ئەلئەسەد و بە هاوكاری بەڕێز حەسەن نەسروڵڵا، پێوەندییەكان ئاسایی بوونەوە و دوای چەندین ساڵ دابڕان سەردانی سووریام كردەوە لە 31/3/2010 و پێوەندییەكان ئاسایی بوونەوە، چونكە لوبنان كەمەری سووریایە و هەمیشە ئەمریكا و ئیسرائیل هەوڵیانداوە لوبنان لەو كەمەرە دابماڵن، بۆیە چەند رووداو و شەڕێكی خوێناوی روویاندا لە ساڵانی 1952و 1962 كاتێك چەند سەركردەیەكی لوبنان هاوپەیمانیەتێكیان لەگەڵ ئیسرائیل دروستكرد ئێمە شەڕی ئەم هاوپەیمانیەتەمان كرد، لەم رۆژگارەی ئێستادا پێوەندیمان زۆر باشە لەگەڵ سووریا.

گوڵان: بەڕێزتان چۆن دەڕواننە ئەو بەڵگەنامانەی لە ماڵپەڕی ویكیلیكس بڵاوكرایەوە و مشتومڕێكی زۆری هەبوو لەسەرتاسەری جیهان؟
وەلید جونبڵات: بەداخەوە دەركەوت كە هەندێك لە سەركردە عەرەبەكان ترسی زیاتریان لە ئێرانە نەك لە ئیسرائیل و كێشەی فەلەستین كە سەرەكیترین كێشەیە بۆ عەرەب بووەتە كێشەیەكی لاوەكی.

گوڵان: دەوڵەتانی عەرەبی پێوەندییەكی ساردیان لەگەڵ عێراقدا هەیە، ئایا بەڕێزتان ئەمە بۆ بارودۆخی سیاسی نوێی عێراق دەگەڕێننەوە یان هۆكاری دیكەی لە پشتەوەیە؟
وەلید جونبڵات: كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و عەرەبەكان بە گشتی سەركەوتوو نەبوون لە نزیكبوونەوەیان لەگەڵ عێراقدا، سووریا هەوڵیدا و بەردەوامیشە، چونكە یەكێتی و ئاسایشی عێراق پێوەندییەكی راستەوخۆیان بە ئەمن و ئاسایشی سووریاوە هەیە، بەڵام ئەوانی تر سەركەوتوو نەبوون و كۆمكاری عەرەبی زۆر گرنگی پێنەدا وەكو پێویست.

گوڵان: بۆچی لوبنان هەوڵی نەدا لە عێراق نزیك ببێتەوە؟
وەلید جونبڵات: لوبنان وڵاتێكی بچووكە و خۆیشمان گیروگرفتی زۆرمان هەیە و هێواش هێواش كەرتی تایبەت دەگۆڕدرێت بۆ كەرتی گشتی و حكومەت كارەكان دەخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە.

گوڵان: ئێستا پێوەندیتان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی چۆنە؟
وەلید جونبڵات: زۆر باشە، چونكە ئێمە هەمیشە لە لوبنان مەترسی هێرشی بەردەوامی ئیسرائیلمان لەسەر بوو، تەنانەت گەیشتنە بەیروتیش، بەڵام بەرگری نیشتمانی لوبنانی و بەرگری ئیسلامی فەلەستینی، توانییان بەرپەرچی ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بداتەوە، ئێمە پێویستیمان بە چەكی حزب هەیە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆمان بكەین.

گوڵان: ئایا هیچ پێوەندییەكتان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە؟
وەلید جونبڵات: ئێمە هەموو جۆرە پێوەندییەك رەت دەكەینەوە لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل، بۆیە لە جەنگی جبل لوبناندا، ئەو رێككەوتننامە و پڕۆژەی حزبی كەتائیب پێشكەشی كرد، رەتمانكردەوە و هەرەسمان پێهێنا و بە چەك بەرگریمان كرد.

گوڵان: ئەی لەگەڵ سعودیە؟
وەلید جونبڵات: پێوەندیمان لەگەڵ سعودیە زۆر باشە، شا عەبدوڵڵا و سەرۆك بەشار ئەسەد لە هەوڵێكی بەردەوامدان بۆ ئەوەی لوبنان لە فیتنەیەك دووربخەنەوە، ئەگەر بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی دەربچێت سەبارەت بە تیرۆركردنی رەفیق حەریری و لەم بارەیەوە پێوەندییەكان بەردەوامن لەنێوان شا عەبدوڵڵا و سەرۆك بەشار ئەسەد و سەعد حریری و بەڕێز حەسەن نەسروڵڵادا.

گوڵان: ئایا هیچ ئاڵۆزییەك لە پێوەندی نێوان میسر و لوبناندا هەیە؟
وەلید جونبڵات: شتی لەو جۆرەم نەبیستووە، هەروەها ژمارەیەكی زۆری لوبنانییەكان لە سعودیە و كەنداو كار دەكەن و زۆر لە خێر و بێری وڵاتانی كەنداو بۆ میسر و وڵاتانی دیكەی عەرەبییە.

Top