د.ئەیاد عەلاوی بۆ گوڵان: ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان سەركردایەتی خەباتێك دەكات بۆ چەسپاندن و قوڵكردنەوەی بنەماكانی دیموكراتییەت لە ناوچەكەدا

د.ئەیاد عەلاوی بۆ گوڵان: ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان سەركردایەتی خەباتێك دەكات بۆ چەسپاندن و قوڵكردنەوەی بنەماكانی دیموكراتییەت لە ناوچەكەدا
د.ئەیاد هاشم عەلاوی لەگەڵ ئەوەی تەمەنی سەروو 65 ساڵی تێپەڕاندووە، یەكێكە لە سیاسەتمەدارە كارا و دیارەكانی عێراق و لەگەڵ ئەوەی وەك مەزهەب شیعەیە، بەڵام سەرۆكی لیستی ئەلعراقیەیە كە تەعبیر لە لیستی عەرەبی سوننەی عێراق دەكات، د.عەللاوی لەساڵی 1970كۆلێژی پزیشكی زانكۆی بەغدا تەواوكردووە و دواتریش خوێندنی باڵای لەساڵی 1980 لەندەن تەواوكردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەر لەكۆتایی پەنجاكانی سەدەی رابردووەوە تێكەڵاوی سیاسەت بووە و ئەندامی حزبی بەعس بووە، پیشەی پزیشكی نەبۆتە پیشەی سەرەكی ئەو و لەساڵی 1971ـەوە دوای ئەوەی لەگەڵ سەركردەكانی حزبی بەعس كێشەی بۆ دروست دەبێت، عێراق بەجێدەهێڵێت و روودەكاتە لوبنان، لەساڵی 1972 لوبنانیش بەجێدەهێڵێت و روودەكاتە لەندەن بۆ خوێندن و لەساڵی 1975 بەتەواوی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە حزبی بەعس رادەگەیەنێت و رێكخستنێكی نهێنی لەگەڵ چەند عێراقیەكدا دروست دەكات، ئەم رێكخستنە هەر بە نهێنی دەمێنێتەوە، لە ساڵی 1987 هەوڵی تیرۆركردنی دەدەرێت، بەڵام پاش ئەوەی ساڵێك لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە چاكدەبێتەوە، لەساڵی 1990 رێكخستنە نهێنیەكەی ئاشكرا دەكات و ناوی لێدەنرێت (حەرەكەی ویفاقی وەتەنی)و د.ئەیاد بە ئەمینداری گشتی حەرەكەی ویفاق هەڵدەبژێردرێت و لە ساڵی 1993 دووبارە هەڵدەبژێرێتەوەو دەبێتە بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، دوای ئازادكردنی عێراق لە ساڵی 2003، دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی حكوم و لە ئۆكتۆبەری 2003 بۆ ماوەی مانگێك سەرۆكی ئەنجومەنی حوكم بووە و دوای پێكهێنانی حكومەتی كاتیش لە 24ی حوزەیرانی 2004 هەتا 5 نیسانی 2005 سەرۆك وەزیرانی حكومەتی كاتی عێراق بووە، دواتریش لە پەرلەمانی عێراقدا سەرۆكایەتی لیستی ئەلعراقیەی كردووە كە پێكهاتبوو لە حەرەكەی ویفاق و حزبی شیوعی عێراق و چەند كەسایەتییەكی سیاسی سەربەخۆ، لە هەڵبژاردنەكانی 2010 لیستی ئەلعراقیە فراوان بوو چەندین لایەنی دیكەش خۆی تیابینیەوە و توانی لە هەڵبژاردنەكانی 7ی مارتدا 91 كورسی بەدەست بهێنێت و ئێستا پاڵێوراوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی سیاسەتە باڵاكانی وڵات، گوڵان ماوەیەكە لە هەوڵی ئەوەدابوو كە دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ بەڕێز عەللاوی سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەكانی عێراق و چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو سازبكات، لەگەڵ ئەوەی چەند جارێكیش كاتیان بۆ دیاریكردین بۆ ئەوەی بچین لە بەغدا ئەم دیمانە تایبەتە ئەنجامبدەین، بەڵام گەرمی بارودۆخی سیاسیی عێراق و سەرقاڵی د.عەللاوی بە پرۆسە سیاسییەكە و ئەو سەردانانەی بۆ دەرەوە دەیكرد، بوونە هۆی ئەوەی ئەم دیمانەیە دوابكەوێت، بەڵام دوایین جار ئەو كاتە بۆ گوڵان رێكخراو توانرا ئەم دیمانە تایبەتە سازبدەین، ئەمەش دەقی دیمانە تایبەتەكەی د.ئەیاد عەلاوی-یە لەگەڵ گۆڤاری گوڵان.
گوڵان: بەڕێزتان چۆن دەڕواننە كۆنگرەی سێزدەمی پارتی دیموكراتی كوردستان؟
ئەیاد عەلاوی: پێموایە كۆنگرەیەكی زۆر گرنگ دەبێت، چونكە دەمێكە كۆنگرەی لەو شێوە و بەو قەبارەیە و لە بارودۆخێكی لەوشێوەیە ئەنجام نەدراوە، بەحیكمەتی سەرۆك مسعود بارزانی و سەركردایەتی پارتی كۆنگرەیەكی بەرهەمدار دەبێت، هەروەها بەهۆی ئەو ئامادەكارییە زۆرەی بۆی كراوە، پەنا بەخوا سەركەوتوو دەبێت و ئێمەش هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین.

گوڵان: پێتوایە ئەم كۆنگرەیەش هاوشێوەی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی ئاكامی گەورەی بەدوادا دێت؟
ئەیاد عەلاوی: بێگومان لەرووی چۆنایەتییەوە كۆنگرەیەكی بێوێنە دەبێت، وەك دەسپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەت و ئەوەی لە كۆبوونەوەكان روویدا و لە كۆتاییدا بووە هۆی بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، پێشبینی دەكەم كارێكی گرنگ بێت بۆ سەقامگیری عێراق و چڕكردنەوە و پەرەپێدان و زیادكردنی ئەو دەستكەوتانەی لە هەرێمی كوردستان هاتوونەتە دی.

گوڵان: دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
ئەیاد عەلاوی: هەمیشە دەستپێشخەرییەكانی سەرۆك بارزانی بێوێنە بوون، ئێمە پێوەندییەكی مێژووی و كاروانێكی دوورودرێژ و برایەتی و هاوپەیمانی پێكەوەمان دەبەستێتەوە، هەروەها پێوەندیم لەگەڵ سەرۆك بارزانی پێوەندییەكی دوو لایەنەیە، لایەنێكی سیاسی و لایەنێكی دیكەی شەخسییە، لە لایەنی سیاسییەوە ئێمە هاوپەیمانین و پێشتر و ئێستا و لە دواڕۆژیشدا هەر هاوپەیمان دەبین، لە لایەنی شەخسیشەوە بەڕاستی بە برایەكی خۆمی دەزانم، پێوەندیمان راستەقینە و زۆریش ئیجابییە و یەكێكە لە كەسە نزیكەكانم. خەباتێكی هاوبەشمان كرد و ئێستاش بەردەوامین لەو خەباتە بۆ چەسپاندنی ئەوەی لەسەری رێككەوتوین، ئەویش دامەزراندنی عێراقێكە لەسەر پرەنسیپی شەراكەتی راستەقینەی نیشتمانی و بناغەی بونیادنانی دیموكراتییەتێكی هاوچەرخ.

گوڵان: حەزدەكەین بزانین بەڕێز د.ئەیاد عەلاوی پێوەندی لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان چۆنە؟
ئەیاد عەلاوی: بەڕاستی نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەك بوونی خۆی سەلماند، كە زۆر زۆر لەوە زیاتر بوو كە پێشبینیم دەكرد لە بەڕێوەبردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتون، بینیم ئەم پیاوە وردبینە لە زۆر بواردا بەتایبەتی لە بواری ئابووری و سیاسیدا، هەروەها تێبینیم كردووە كە خاوەن بڕیار و دیدێكی تایبەتە، هەر بڕیارێك ئەگەر بە دیدێكی دووربینەوە نەدرێت، بڕیارێكی سەركەوتوو نابێت، نێچیرڤان بارزانی سەرەڕای ئەوەی سەركردەیەكی لاوە، بەڵام ئەم دوو خەسڵەتەی تێدا بەدی دەكرێت، بۆیە پیاوێكی جیاوازە لە كاركردن و هیوای سەركەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازم، هەروەها هیوای پێشكەوتن بۆ گشت سەركردە كوردەكان دەخوازم، چونكە ئەو قوربانیدانەی بەخشیویانە لە ساڵانی رابردوو و ئەو دەستكەوتانەی لەم چەند ساڵانە بەدەستهاتوون، شایەنی ئەوەن كە كورد سوود لە ئەزموونەكەی وەربگرێت و سیستەمێكی وا بێتە ئاراوە كە هەموو كوردەكان لە سایەیدا هەست بە ئارامی بكەن و ئەوە دەستكەوتانەی لە كوردستان بەدەستهاتوون و هیوادارم رەنگدانەوەی لەسەر تەواوی عێراق هەبێت.

گوڵان: ئەمڕۆ(مەبەست رۆژی هەینییە)، كۆبوونەوەتان هەبوو لەگەڵ بەڕێز مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراق، ئایا چی نوێتان تێبینی كرد دەربارەی بارودۆخی سیاسی لە عێراق؟
ئەیاد عەلاوی: بەشێوەیەكی گشتی و ورد باسمان لە بارودۆخی عێراق كرد، كۆبوونەوەم لەگەڵ فەخامەتی سەرۆك كۆمار كۆبوونەوەیەكی ئیجابی بوو بارودۆخی عێراق و ناوچەكەمان تاوتوێ كرد و پەنا بەخوا ئەم كۆبوونەوانە بەردەوام دەبن.

گوڵان: پێشبینی چی دەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، ئایا هیوایەك هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی شەراكەتی نیشتمانی؟
ئەیاد عەلاوی: هیوا و ئاواتمان پێكهێنانی حكومەتێكی شەراكەتی نیشتمانییە، پێموایە بەدیهێنانی شەراكەتی نیشتمانی كارێكی قورسە و ئاسان نییە و پێویستی بە قوربانیدان و پابەندبوون هەیە، هەروەها پێویستی بە تێگەیشتنە لە لۆژیكی شەراكەت، كە بریتییە لە لۆژیكی كاركردنی تیم و هەر یەكێك لە ئەندامانی تیمەكە رۆڵێكی هەیە ئەنجامی دەدات، ئەگەر شەراكەتێكمان بەو پرەنسیپە و بەو تێگەیشتنە هەبێت، ئەوا بێگومان ئەنجام بەدەست دەهێنین و حكومەتیش پێكدەهێنرێت، شەراكەت لە پێكهێنانی حكومەت پێوەندی بە ژمارەی وەزارەتەكانەوە نییە، بەڵكو شەراكەتێكە بە پلەی یەكەم پێوەندی بە بڕیاری سیاسییەوە هەیە، چۆن بڕیاری سیاسی دەردێت، چۆن پێكدەهێنرێت و چۆن ئەو هێزانەی بەشدارن لە حكومەتی شەراكەت بەشدارن لە دەركردنی بڕیاری سیاسی ستراتیژی، نەك بڕیارێكی تایبەت بە دانان یان فەسڵكردنی بەڕێوەبەرێكی گشتی، بەشدار دەبن، هیوادارین ئەمە بێتە دی و پەنا بەخوا بە هەموو شێوەیەك هەوڵی بۆ دەدەین. بەڵام ئەگەر ئەم ئامانجە نەهاتەدی كە هیوادارین بێتەدی، ئەوا ئاراستەی عێراق رۆشن نابێت.

گوڵان: لەلایەن چەند ئەندامێكی لیستی ئەلعێراقییەوە زۆر باس لە ژمارە و چۆنایەتی وەزارەتەكان دەكرێت، دەمانەوێ لە زاری جەنابتانەوە راستی و دروستی ئەم جۆرە لێدوانانە بزانین؟
ئەیاد عەلاوی: بەشێوەیەكی گشتی ئەو قسەو باسانە لەلای لیستەكانی دیكە هەیە، سەرەتا باسیان لە پۆستە سەروەرییەكان دەكرد، دوای ئەوە باس لەوە كرا چەند كورسی وەزارەتێكی پێدەدرێت، دواتر باس لە ریشەكێشكردن و ئەو بابەتانەی پێوەندی بە ریشەكێشكردنەوە هەبوو كران، ئینجا باسی ئەوەیان دەكرد پۆستە سەروەرییەكان چۆن دابەش دەكرێن و كێ دەبن و كێ نابن، بەڵام ئێمە لە لیستی ئەلعراقیە لەسەر یەك ئاست قسەمان كرد و ئەوەی لای ئێمە گرنگ بوو سێ مەسەلەی سەرەكی بوو، مەسەلەی ئیدارە و وەزارەتەكان زۆر گرنگ نین، نابێتە گرفت. ئەو سێ مەسەلە سەرەكیەش بریتین لە سێ تەوەرە كەبریتین لە: تەوەری یەكەم بریتییە لە چەسپاندنی چەمكی شەراكەت لەوانەش پرەنسیپی شەراكەتی دەركردنی بڕیاری سیاسی، لە تەوەری دووەم وتمان دەستووری عێراقی زۆر هەڵكشان و داكشان و خاڵی دژ یەكی تێدایە و یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی ئەوەیە كە دەستوور دەسەڵاتەكان دەداتە دەستی یەك كەس، ئەویش سەرۆك وەزیرانە، بەبێ رەچاوكردنی ئەوەی كێ دەدات، تووشی ئاستەنگ دەبێتەوە، چونكە ئەم كوتلانە پێویستە لەنێوخۆیاندا بۆ دابەشكردنی وەزارەتەكان بەپێی پرەنسیپەكانی شەراكەتی راستەقینە بگەنە رێككەوتنێك. بەڕاستی ئەم بارودۆخە عێراقیان خستە نێو هەندێك باسەوە كە قبووڵ ناكرێن و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی وەك بەریتانیا و ئەمریكا مایەی گاڵتەجاڕین، ئەو مەسەلانەش وەك مەسەلەی دانانی خاڵ بۆ وەزارەتەكان كە زۆر لەكاری قوتابیانی سەرەتایی دەچێت، یان ئەمە دەبێت و ئەمەیان نابێت، یان دەڵێن سەرۆك كۆمار و سەرۆك پەرلەمان ئەوەند خاڵەی پێویستە، لە كاری سیاسیدا ئەمە ناكرێ، بەڵام لەبەر زەرورەت لەوانەیە هەندێك لەمانە بكەین، هەرچەندە رەنگە دوو رۆژی پێویست بێت تا بزانین خاڵەكان چۆن دابەش بكەین بەتایبەتی ئەگەر یەكێك لە بیركاری زیرەك نەبێت زۆر زەحمەتە، پێموایە ئەمانە هۆكاری سەرەكین لە دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت.

گوڵان: دوای ئەو رێككەوتنەی لەنێوان سەرۆك بارزانی ونوری مالیكی و بەڕێزت ئیمزا كرا، رەخنەیەكی زۆر لە جەنابتان گیرا بەوەی بۆچی د.ئەیاد عەلاوی لە هۆڵی پەرلەمان چووە دەرەوە دوای ئەوەی لەسەر ئەمە رێككەوتن؟
ئەیاد عەلاوی: ئەو كاغەزەی ئیمزای لەسەر كرابوو، چەند رێككەوتنێكی لەخۆ گرتبوو، دەبوو هەموو رێككەوتنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران رابگەیەنرایە، پێش ئەوەی سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەمە رووی نەدا، بۆیە داوای چارەكە سەعاتێك كاتم كرد تا بەبیر برایانم بێنمەوە و كاغەزەكەش كە ئیمزامان لەسەری كردبوو لە گیرفانم هەڵنەگرتبوو، بەڵام لەو كاتەدا گوێم لە سەرۆك وەزیران بوو وتی: ئەمە پێویست ناكات زوو ئێمە لەسەر ئەم مەسەلەیە رێك نەكەوتووین، لەم حاڵەتەدا بینیم ئێمە بەر لە چەند سەعاتێك لەسەر شتێك رێككەوتووین و ئێستا لێی پاشگەز بینەوە، وتم ئەمە ماقووڵ نییە، بۆیە وەك مافێكی دیموكراتی و بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆمان، بڕیارمدا دانیشتنەكە جێبهێڵم، ئەمەش یەكەمجارە لە ئێمە روودەدات، هەرچەندە پێشتر سەدرییەكان و چەندانی دیكەش دانیشتنیان جێهێشتووە، بۆچی تەنیا رەخنە لە ئێمە دەگیرێ.

گوڵان: دەمەوێ بە راشكاوانە پرسیارێكت ئاراستە بكەم، من قسەی هاووڵاتیت بۆ دەگوازمەوە، دەڵێن لە سەرەتادا ئەیاد عەلاوی مكوڕ بوو لەسەر ئەوەی راسپێردرێ بە پێكهێنانی حكومەت، بەڵام دوای چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نوری ئەلمالیكی وەك خۆی نەما، ئایا رازیكرا بەوەی واز لەو پۆستە بهێنێت؟ یان ئایا لەپێناو بەرژەوەندی وڵات بوو؟ یان هۆكاری تر هەبوو، حەز دەكەین بۆمانی روون بكەیتەوە؟
ئەیاد عەلاوی: بە دوو مانگ یان زیاتر پێش دانیشتنە سێ قۆڵییەكەی نێوان من و بارزانی و مالیكی، ئێمە وەك لیستی ئەلعراقیە كۆڕێكمان ساز كرد، لەو كۆڕەدا رامگەیاند، كە ئێمە وەك ئەلعراقیە سەر دادەنوێنین بۆ گەلی عێراق، هەروەها ئەنجومەنی باڵای سیاسەتە ستراتیژیەكانیش دیسان هەر پێشنیاری ئێمە بوو، ئەمە لەو كاتەی لیستی ئەلعراقیە داوای سەرۆكایەتی وەزیرانی دەكرد، هەروەها هەر ئێمە وەك ئەلعراقیە باسی مەسەلەی شەراكەت و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و نەخشەی رێگامان كرد، من كە پاڵێوراو بووم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران وتم ناكرێ من خاوەنی هەموو دەسەڵاتەكان بم، بۆیە رێككەوتین لەسەر ئەم خاڵانە و ئەنجومەنی نیشتمانی و نیزامی ناوخۆی سەرۆكایەتی حكومەت، ئەمەش واتە نابێ من سەرۆك وەزیران بم و هەموو دەسەڵاتێكم هەبێت، نەك وەك نوری ئەلمالیكی كە هەموو دەسەڵاتێكی بەخۆی داوە و ئەنجومەنی راوێژكاریش هەیە، هەربۆیە شاندی ئێمە لە گفتوگۆكاندا مەسەلەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی چەسپاند و بە هیچ شێوەیەك باس لە ئەنجومەنی راوێژكاری بۆ من نەكراوە و ئەمانە تەنیا قسەی راگەیاندنە، تەنانەت ناوەكەشی كرا بە ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ سیاسەتە باڵاكان كە ئەركیان دانانی سیاسەتی باڵای وڵاتە.
بەشێوەكی گشتی كشانەوەی من لە پۆستی سەرۆك وەزیران پێوەندی بەو كۆبوونەوە نییە كە لەگەڵ بەڕێزان بارزانی و ئەلمالیكی گرێدرا، بەڵكو لە كۆبوونەوەكە باس لە سێ بابەتی دیكە كرا كە لە پەرلەمان رابگەیەنرێت، لەلایەكی دیكەوە من لەو خەڵكانەم كە پڕۆژە بەلای منەوە گرنگە نەك پلە و پۆست، ئەگەر وابوایە منیش دەچوومە نێو لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی كە هەر لەو كاتەی كاندید بووم بۆ سەرۆك وەزیران ئەم پێشنیارەیان پێشكەش بە من كرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ناسنامەی مەزهەبی من شیعییە، بەڵام حەزم لە موحاسەسەی تائیفی نەبوو، بۆیە نەچوومە نێو هاوپەیمانی نیشتمانییەوە، بۆ ئێمە گرنگ نییە ئەمە شیعەیە یان سوننەیە یان كوردە، ئێمە هیوامان وایە شەراكەتێكی راستەقینە بێتە ئاراوە و هەموو عێراقییەك ببێتە شەریكێكی راستەقینە لەم وڵاتە و مافی دیاریكراوی هەبێت لە بڕیارداندا نەك كەسێك بۆی دیاری بكات و لە هەمان كاتیشدا بە حساب شەریكێكی یەكسان بێت.
Top